“The Aviator“
هاوارد هیوز لە دوو دەیەی کۆتایی ژیانیدا خۆی لە جیهان دابڕاند. سەرەتا لە شوقەیەکی گرانبەها لە لاس ڤێگاس دەژیا، دواتر ڕووی لە خانوویەکی بچووک کرد لە پشت هۆتێل بێڤەرلی هیڵز. ئەو دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بوو، بە پارە زۆرەکەی ژوورێکی بۆ خۆی کڕی کە هەرگیز بەجێی نەهێشت. بە جۆرێک ژیانی ئەو گەشتێک بوو بۆ ئەو ژوورە تەنیایە. بەڵام ڕێگای دووری گرتەبەر:- وەک گەنجێکی دەوڵەمەندی خەڵکی تەکساس، میراتگری سامانی باوکی، فیلمی دروستکرد، هێڵی ئاسمانی کڕی، گەنجێکی مێباز بوو هاوڕێیەتی کچە جوانە بەناوبانگەکانی هۆلیوودی دەکرد. ئەگەر لە یەکێک لەو ڕووداوانەی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدابا کە ڕزگاری بوو، وەک کوڕێکی زێڕین لەبیر نەدەکرا. فیلمی “ئەڤیەیتۆر”ی مارتن سکۆرسێزی بە شێوەیەکی زیرەک سەرنجی لەسەر ساڵانی شکۆمەندیە، هەرچەندە دەتوانین ببینین سێبەرەکان نامێنن و هیوزیش هەروا. هەندێک لە دڵتەزێنترین ساتەکانی فیلمەکە هیوز نیشان دەدەن کە شەڕ لەگەڵ نەفسی خۆیدا دەکات؛ دەزانێت چی ئاساییە و هەندێکجار وا هەست دەکات نزیکە بەدەستی بهێنێت.
فیلمی ئەڤیەیتۆر پەرۆشی مارتن سکۆرسێزی نیشان دەدات بۆ دۆزینەوە و وروژاندن لە سەردەمێکی ڕابردوودا، ئەو جوانییە دروست بکاتەوە کە لە گەنجیدا بیستوویەتی. ئاسانە بیهێنیتە بەرچاوت کە مارتن بیەوێت وەک هاوارد هیوز بێت. لە ڕاستیدا ژیانیان کەمێک لە یەک دەچێت:- ئاوات و بەهرەیەکی بێباکانە لە تەمەنی گەنجیدا، سەرکەوتنی سەرەتایی گەورە، پەیوەندییە سۆزداییە کێشەدارەکان و قۆناغێکی تاریک، هەرچەندە ژیانی هیوز تاریکتر بوو، لە کاتێکدا سکۆرسێزی لە لوتکەی سەرکەوتندا دەرکەوت. فیلمەکە ئەو کارە سەختە بەدەست دەهێنێت کە دوو چیرۆکە یەکتربڕەکان پەیڕەو دەکات، یەکێکیان هەموو شتێک بۆ هیوز بە باشی دەڕوات و ئەوی دیکەیان هەموو شتێک بە هەڵەدا دەڕوات. سکۆرسێزی لە چەندین فیلمدا نەخشەی هاوشێوەی لە ژیانی مرۆڤەکاندا نیشان دەدات، لەوانە گودفێلس، ڕاجینگ بول، پاشای کۆمیدی، گازینۆ، ئەم فیلمانە زۆرجار بەدواداچوون بۆ تەوەری تێکۆشان، وەسوەسە، دەرئەنجامی کردارەکانی مرۆڤ دەکەن. لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە گواستنەوەکانی لە نێوان ئەم حاڵەتە سۆزداریانەدا قەناعەت پێکەرە؛ وێناکردنی شێتی بانگەوازێکی ناسراوە بۆ زیادەڕەوی، بەڵام هیوز نیشان دەدات کە لەناو نهێنییەکاندا خۆی قەتیس بووە، تەنانەت گیری خواردووە، توانای ئەوەی هەیە نمایشێک بۆ خەڵک بکات، تەنانەت لە ساتە تایبەتەکانی خۆیدا بێ هیوایە.
هاوارد هیوز وەک گەنجێکی جوان و خاوەن پارەیەکی زۆر دەگاتە لۆس ئەنجلۆس، کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو بواری فیلمەوە، دەرهێنان بۆ فیلمێکی سەرکێشی فڕۆکەوانێکی جەنگی جیهانی یەکەم دەکات بە ناوی Hell’s Angels، کە ئەوکات گرانترین فیلم بوو کە تا ئێستا بەرهەمهێنرا بێت. هاوپیشەکانی گاڵتەیان پێدەکرد، بەڵام فیلمەکەی تەواو کرد و داهاتی دەستکەوت، زۆربەی فیلمەکانی دیکەشی بە هەمان شێوە. لەگەڵ گۆڕینی سەرنجی لە فیلمەوە بۆ فڕۆکەکان لە ناو فیلمەکانی، دەستی کرد بە دیزاینکردن و دروستکردنی فڕۆکە و لە کۆتاییدا هێڵی ئاسمانی خۆی کڕی. ئەگەر بیویستایە ژنانی لەبەردەستیدا بوو، بەڵام ئەو سوودی لەوە وەرنەگرت، ئەو بەدوای بژاردەی ئاساندا نەدەگەڕا. بەدەستهێنانی دڵی جین هارلۆ ئاسان نەبوو، ئاڤا گاردنەر دیاری زێڕی وەرنەدەگرت دەیگوت “من بۆ فرۆشتن نیم!”، لە کاتی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کاترین هێپبورن، هەردووکیان کۆنترۆڵی یەکسانیان لە پەیوەندییەکەیاندا هەبوو. هێپبورن چێژی لە سەرکێشییەکانی هیوز وەرگرت، دڵخۆش بوو، کاتێک هیوز ڕێگەی پێدا فڕۆکەوانی فڕۆکەکەی بکات، هێپبورن بە پەرۆش بۆ هیوز، ئەو گرنگی پێدەدا، سەرنجی دا کە تادێت کردەوەکانی سەیر و سەمەرە دەبوو. بەڵام هەموو شتێک گۆڕا کاتێک سپێنسەر تریسی ناسی و ئەوەش کۆتایی پەیوەندییەکەی لەگەڵ هیوز بوو. هیوز جین ڕوسیلی دۆزیەوە و سوخمەیەکی هەوایی بۆ دروستکرد بۆ ئەوەی لە فیلمی The Outlaw زیاتر سەرنجڕاکێش دەربکەوێت. ئەو دەیویست لەسەر شاشە جوانتر دەربکەوێت. بە تێپەڕبوونی کات هیوز زۆرێک لە ئەکتەرە کچە گەنجەکانی لە ئامادەباشیدا هێشتەوە، ئامادەبوون لەگەڵیدا کاربکەن ئەگەر پێویست بوو، بەڵام بە دەگمەن پەیوەندی پێوەکردن.
هیچ لێکچونێک ڕووخساری لە نێوان دیکاپریۆ و هیوزدا نییە (ڕەنگە سام شێپەردی گەنج بۆ ئەو ڕۆڵە نزیکتر بێت)، بەڵام بە ڕۆحی بێباکی هیوز بەرجەستە دەکات. جۆن سی.ڕایلی ڕۆڵی نوح دیتریچی بەدبەخت دەگێڕێت، دەستی ڕاست و خزمەتکارەکەی، بە شێوەیەکی ڕۆتینی فەرمانی پێکراوە هەموو شتێک بە ڕەهن بکات بۆ یەکێک لە ئیلهامە لەناکاوەکانی هیوز؛ پێدەچێت هیوز دوای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیهان مایەپووچ بووبێت. سکۆرسێزی هەستێکی دڵنیا بۆ هۆلیوودی ئەو سەردەمە نیشان دەدات، وەک لە دیمەنێکدا کە هاوارد کە تازە گەیشتۆتە شارەکە، لە کۆکۆنات گڕۆڤ (ناوچەیەکە لە شاری مایامی) لە موگول ئێڵ بی مایر نزیک دەبێتەوە و داوای دوو کامێرا دەکات بۆ دیمەنێکی گەورەی فیلمی Hell’s Angels. پێشتر بیست و چوار کامێرای هەبوو، بەڵام ئەوە بەس نەبوو. مایر وەک پزیشکێکی دەروونی منداڵان سەیری هیوز دەکات وەک جیم کاری لاو- پڕە لە وزە و ڕەفتاری پێشبینینەکراو. سکۆرسێزی بەردەوام وردەکاری ورد زیاد دەکات: هەر جارێک مایر دەردەکەوێت، هەمیشە لەلایەن هەمان خزمەتکارەوە دەورە دراوە. ژنانی ناو فیلمەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر باش هەڵبژێردراون. کەیت بلانچێت ئەرکی ڕۆڵیگێڕانی کاترین هێپبورن بەرجەستە دەکرد، کە زۆرجار وەک کەسایەتییەکی گەورەتر لە ژیان سەیر دەکرا. ڕۆڵیگێڕانەکەی مەترسیدار بوو چونکە بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە زیادەڕەوی یان کۆنەپەرستانە.
بلانچێت لە نمایشە نایابەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرە؛ ڕەوشت بەرز و کوڕانە، دڵخۆشە بە دەربڕینی ئەوەی مەبەستیەتی بێڵێت، بە زیرەکی هیوز هەڵدەسەنگێنێت و خێرا نیگەرانی خۆی لەبارەی جیاوازییەکانی هیوزەوە دەردەبڕێت. کەیت بێکنسڵ ڕۆڵی ئاڤا گاردنەر دەگێڕێت، بەهێز و خۆ پارێزە؛ گوین ستیفانی بە ڕۆڵی جین هارلۆیە، کە ناوبانگەکەی کوڕە دەوڵەمەندە نەناسراوەکەی تەکساسی شاردبۆوە؛ کێلی گارنەر وەک فایت دۆمێرگ دەردەکەوێت، “جەین ڕوسیلی داهاتوو” لە کاتێکدا هیوز سەرنجی لەسەر ئەو خانمە ئەکتەرانە بوو کە تایبەتمەندی جەستەیی دیاریان هەبوو. جین ڕوسیل وەک کارەکتەرێک لە فیلمەکەدا دەرناکەوێت، بەڵام سنگی بۆ ساتێکی کەم دەردەکەوێت، لە دیمەنێکی کۆمیدیدا لە بەردەم ئۆفیسی برین کە سیستەمی سانسۆری هۆلیوودی بەڕێوەدەبرد. هیوز پرۆفیسۆری کەشناسی گوێڕیەڵەکەی (یان هۆڵم) دەهێنێتە ناو کۆبوونەوەی دەستەی سانسۆری هۆلیودەوە و وەک شارەزایەک لە شیکاری سیستەمەکان دەیناسێنێت، بە ئامڕازی پێوانە و بیرکاری دەیسەلمێنێت کە ڕوسیل بەهێندەی پێج کچە ئەکتەری دیکە کە سانسۆرکراون سنگی دیار نییە. سپێشڵ ئیفێکت دەتوانن فیلمێک بە لاڕێدا بەرن یان بەرەوباش بوونی بەرن. سکۆرسێزی دەزانێت چۆن بەکاریان بهێنێت. زنجیرەیەکی هەستیار هەیە کاتێک هیوز بە کەوتنەخوارەوە لە بێڤەرلی هیڵز دەنیشێتەوە، نوکی باڵەکانی فڕۆکەکەی بە دیوارەکانی ژووری میواندا دەبڕێت کە لە ناوەوە دەبینرێت. دیمەنێکی دراماتیک هەیە کاتێک هیوز بە شێوەیەکی فریاگوزاری لە بێڤەرلی هیڵز تەیارەکەی دەنیشێنێتەوە، سەری باڵەکانی فڕۆکەکەی دەچێتە ناو ماڵەکەوە وەک لە فیلمەکەدا لە بەشێ ناوەوەی خانووەکە پیشاندەدرێت. فڕۆکەی سپروس گۆس کە گەورەترین فڕۆکە بوو لەو کاتەدا دروستکرابێت، زۆرجار باسی لێدەکرێت و ئیلهامبەخشە بۆ سیناتۆرێک. ئۆین برۆستەر (ئالان ئاڵدا) لە لێپێچینەوەکانی کۆنگرێسدا هیوز تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەم کارەی کردووە بۆ ئەوەی قازانج لە جەنگدا بکات. هیوز لە ئێستادا کە باری دەروونی تێکچووە، شکستی بە برۆستەر هێنا لەو شوێنەی کە باڵادەست بوو تێیدا، سوێند خواد کە فڕۆکەکە هەڵبفڕێنت – لە زنجیرەیەکی دیمەنی CGI قەناعەتپێکەر و تا ڕادەیەک درەوشاوەی ئەم کارەی کرد.
لە کۆتایی تاریکی دەوری هیوز دەدات. دەمی تەتەڵە دەکات و بەردەوام ووشەکان دووبارە دەکاتەوە. دەچێتە تەواڵێتی پیاوان، پاشان ئەوەندە فۆبیای بە میکرۆب دەبێت، دەست لە دەسکی دەرگاکە نادات بۆ ئەوەی بڕواتە دەرەوە؛ بەو هەموو دەسەڵات و سەروەت و سامانەوە ناچارە خۆی لە تەنیشت دەرگاکە بشارێتەوە تا کەسێکی تر دێتە ژوورەوە، پاشان بە دزییەوە بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی دەست لە هیچ شتێک نەدات. یاریدەدەرەکانی، بە تایبەت دیتریچی هەوڵی پاراستنی دەدەن، بەڵام لە کۆتاییدا لە پەنهانیدا ون دەبێت. چەند پیاوێکی دڵتەنگە، چەند شکۆمەندییەکی کورت، چ فیلمێکی سەرنجڕاکێشە، ١٦٦ خولەک و بە خێرایی تێدەپەڕێت. لێرەدا لەیەک چوونێک لە نێوان سکۆرسێزی و بابەتەکەیدا هەیە، ڕەنگە لەبەر ئەوەی گەشتی ژیانی دەرهێنەر خۆی ڕێگەی پێدەدات بە تێڕوانین و هاوسۆزیەوە تەماشات هاوارد هیوز بکات- تا رادەیەک بە سەرسامیەوە. ئەمە یەکێکە لە باشترین فیلمەکانی ساڵ.
سەرچاوە: کتێبی Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009) _ لاپەڕە ٢٤٣ بۆ ٢٤٦
وهرگێڕانی؛ هۆگر جهزا