“ئەرکە قورسەکانی سەرۆک وەزیران”
ئایندەی سیاسی و ئابووری ئێراق لە قۆناغی داهاتوودا، تەنها بەند نییە بە سەقامگیریی ئاسایش یان تەوافقی سیاسیی نێوان هێزەکان، بەڵکو بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە توانا و ئیرادە و لێهاتوویی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو (تهمهنی تهنها 40 ساڵه) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییە قووڵانەی کە ساڵانێکە بەرۆکی وڵاتی گرتووە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەگەر “عەلی زەیدی” وەک سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەستبەکار بێت، لەبەردەمیدا ڕێگایەکی ئاسان نییە، دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک ئاڵەنگاریی “مینڕێژکراو” مامەڵە بکات، کە هەر یەکێکیان بە تەنها دەتوانێت پلانی ئابووری حکومەتەکەی بشکێنێت؛ ئەم سەرکەوتنە تا ڕادەیەک ئەستەمە، سەرەڕای پاڵپشتیی زۆربەی لایەنەکانی ئێراق بە گشتی و چوارچیوهی ههماههنگی شیعەکان بە تایبەتی.
“گرنگترین ئاڵەنگارییە ئابووری و داراییەکانی بەردەم کابینەکەی عەلی زەیدی”
یهكهم:- ئاڵەنگاریی پشتبەستن بە یەک سەرچاوەی داهات (نەوت).
گەورەترین و مەترسیدارترین ئاڵەنگاریی دارایی ئێراق، پشتبەستنی ڕەهای داهاتی وڵاتە بە نەوتی خاو کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 90%ـی کۆی داهاتی حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێنێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئابووری ئێراق بوونی نییە بەبێ نەوت، ئەوەش خۆی مەترسییەکی گەورەی :-ئابوورییە بۆ وڵاتێک کە بیەوێت گەشە بە ئابوورییەکەی بدات. هەر دابەزینێکی لەناکاو یان درێژخایەنی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا چ بەهۆی زیادبوونی بەرهەم لەلایەن ئۆپێک یان وڵاتانی دیکەوە، یان بەهۆی ڕووخانی داواکاریی جیهانی، حکومەت بهخێرایی و قورس تووشی کورتهێنانی گەورە دەکات لە دابینکردنی مووچە، پڕکردنەوەی کۆی بودجە و پارهداركردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی، چونکە هاوڵاتیی ئێراقی بەپێی ئەمڕۆ لە ناوخۆدا هیچ ئەلتەرناتیڤێکی ئابووری نییە کە پشتی پێ ببەستێت، جگه له مووچه.
پێویستە ستراتیژییەکی درێژخایەنی هەمەجۆرکردنی داهات جێبەجێ بکرێت:-
کشتوکاڵ:- ئێراق زەوییەکی بەپیت و بهرههمداری هەیە بە تایبەت لە ناوچەکانی دیجلە و فورات، بەڵام بودجەی پەرەپێدانی کشتوکاڵ لە بودجەی ساڵانەدا ئەندازەیەکی بچووکی پێکدەهێنێت. پشتیوانی لە کەرتی تایبەتی کشتوکاڵ و گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای ئاودێری دەتوانێت هەم ئاسایشی خۆراکی نیشتمانی دابین بکات و هەم داهاتی هەناردەکردن زیاد بکات.
پیشەسازی:-کاراکردنەوەی شارە پیشەسازییەکان و فرەجۆرکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، بەتایبەتی لە بوارەکانی ماددەی خاو و خۆراک و وزەی نوێ.
گەشتوگوزار:- ئێراق شوێنەواری مێژوویی زۆری هەیە، وەبەرهێنانی کاریگەر لەم بوارەدا دەتوانێت هەزاران هەلی کاری تازە بڕەخسێنێت، بهتایبهت مهزرگاكانی مهزههبی شیعه و پاشماوهی شوێنهوهاری شارستانیهتی بابل و سامهڕا و شوێنهكانی تر.
دووهم:- کێشەی نەختینە (سیولە) و پشتیوانیی نێودەوڵەتی (فاکتەری ترەمپ).
ئێراق لە ماوەی ڕابردووی نزیکەی سێ ساڵدا بەدەست کەمی نەختینەی دینار و سنووردارکردنی گواستنەوەی دۆلارەوە دەیناڵاند. بانکی فیدراڵیی ئەمریکا (فیدراڵ ڕیزێرڤ) کۆنتڕۆڵی مەزادی دراو دەکات و هەر کاتێک گومانی سپیکردنەوەی پارە یان گواستنەوەی دۆلار بۆ لایەنە ناخوازراوەکان هەبێت، بانکەکانی ئێراق سزا دەدات. ئەمەش بووە هۆی ترسی گەورە لە بازاڕی دراودا و جیاوازیی نێوان بەهای فەرمی و بەهای بازاڕی ڕەش.
فاکتەری ئەمریکا:- پەیوەندیی تەلەفۆنیی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ “عەلی زەیدی” و دەربڕینی پشتیوانی، دەتوانێت گڵۆپی سەوز بێت بۆ ئاسانکاریی زیاتری بانکی فیدراڵی بۆ ئێراق و کەمکردنەوەی سنووردارکردنی گواستنەوەی دۆلار، شایانی باسه لهدوای پهیوهندییه تهلهفونییهكهی تڕهمپ و زهیدی، بارێكی گهورهی دۆلار لهئهمریكاوه گهشته بهغدا.
ئەرکی زەیدی:- بەکارهێنانی ئەم هۆکارە سیاسییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەختینەی ناوخۆیی و گەیاندنی دۆلار بە بازاڕ بەبێ ئەوەی وڵات تووشی سزا یان لیستی ڕەشی OFAC بێتەوە.
سێ یهم:- هاوسەنگی لە نێوان تاران و واشنتۆن:- ململانێ لە “کێڵگەی مین”دا.
“عەلی زەیدی” لە کاتێکدا ئەرکی سەرۆکایەتی حکومەت دەگرێتە ئەستۆ کە هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕێککەوتنی تاران و واشنتۆن نابینرێت، ئەمەش ئێراق دەخاتە ناو جەرگەی ململانێیەکی سارد کە هەر ساتێک ئەگەری گۆڕانی بۆ پێکدادان هەیە.
واقیعی ئاڵەنگارییەکە:-
پرسی وزە و هەژموونی ئێران:- ئێراق وەک “بارمتەی وزە”ی ئێران ماوەتەوە. بەبێ غازی تاران، سیستەمی کارەبای ئێراق تووشی ئیفلیجی دەبێت (بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا). ئەمە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو کارتێکی فشاری سیاسیی بەهێزە کە تاران دەتوانێت لە کاتی هەر گرژییەکدا دژی حکومەتەکەی زەیدی بەکاری بهێنێت.
هێزە چەکدارەکان (بەرەی مقاوەمە):- گەورەترین مەترسی بۆ سەر حکومەتی زەیدی ئەوەیە کە هێشتا بەشێکی زۆری هێزە چەکدارە نافەرمییەکان و گروپەکانی “بەرەی مقاوەمە” لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دامەزراوەیی دەوڵەتدان. ئەمریکای سەردەمی ترەمپ ئەم هێزانە وەک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەبینێت. هەر چالاکییەکی ئەم گروپانە دژی بنکە یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی سزادانی ئابووری ئێراق و ڕەنگە تێکچوونی سیستەمی “مەزادی دراو” کە شادەماری ئابووری وڵاتە.
ئەرکە ستراتیژییەکانی زەیدی:-
1. دیپلۆماسیی “بێ لایەنی ئەرێنی:- زەیدی دەبێت واشنتۆن ڕازی بکات کە ئێراق پێویستی بە کات و پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران هەیە بۆ ڕێگری لە داڕمانی ناوخۆیی. لە هەمان کاتدا دەبێت تاران دڵنیا بکاتەوە کە خاکی ئێراق نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆیان، بەڵام بە مەرجی هاوکاری لە کەرتی وزەدا.
2. میکانیزمی “پارەدان بە کاڵا” یان دراوی جێگرەوە:- بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا، زەیدی پێویستی بە دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ هەیە بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکان (وەک گۆڕینەوەی نەوت بە غاز یان بەکارهێنانی دراوی ناوخۆیی) بەڵام ئەمە پێویستی بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی خەزێنەی ئەمریکا (US Treasury) هەیە بۆ ئەوەی بانکەکانی ئێراق نەکەونە لیستی ڕەشەوە.
3. کۆنتڕۆڵکردنی “بڕیاری جەنگ و ئاشتی:- یەکێک لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانی زەیدی ئەوەیە کە بتوانێت ڕێگری بکات لەوەی ئێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران. ئەمە پێویستی بە دیپلۆماسییەکی نهێنی و قووڵ هەیە لەگەڵ سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە بۆ ئەوەی بێلایەنیی دەوڵەت بپارێزرێت و بیانوو نەدرێتە دەست ئیدارەی ترەمپ بۆ گەمارۆی ئابووری.
4. پڕۆژەی “سەربەخۆیی وزە” وەک جەنگی مان و نەمان:- زەیدی دەبێت پڕۆژەکانی غازی کێڵگە نەوتییەکان خێرا بکات (وەک پڕۆژەی غازی بەسرە). تەنها سەربەخۆیی لە کەرتی وزەدا دەتوانێت ئێراق لە ژێر هەژموونی سیاسیی دەرەکی ڕزگار بکات.
“عەلی زەیدی”، دەبێت وەک “ڕۆیشتن لەسەر پەت” مامەڵە بکات؛ هەر لادانێک بەرەو واشنتۆن کارەبا و ئاسایشی ناوخۆ دەخاتە مەترسییەوە و، هەر لادانێک بەرەو تاران، سیستەمی بانکی و دۆلاری ئێراق ڕووبەڕووی سزای توندی ئەمریکا دەکاتەوە. سەرکەوتنی ئەو لەوەدایە کە ئێراق بکاتە “ناوچەیەکی ئارام بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکان“ نەک گۆڕەپانی ململانێ.
چوارهم:- ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان (قۆناغی دوای سەردانەکان).
سەردانە مەیدانییەکانی ئەم دواییەی “عەلی زەیدی” بۆ هەولێر و سلێمانی، نیشانەی ئەوەن کە ناوبراو دەیەوێت “گرێ کوێرەی” دارایی نێوان ناوەند و هەرێم بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی. بەڵام ئەم ئەرکە لە نێوان چاوەڕوانییەکانی بەغدا و واقیعی سیاسیی نوێی هەرێمدا، ڕووبەڕووی چەند ئاڵەنگارییەکی قووڵ دەبێتەوە:-
کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕوانگەیەکی نوێوە:-
نەوت و تێچووی دەرهێنان:- گەورەترین بەربەست لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، کێشەی “تێچووی دەرهێنان”ـە (Cost of Production). بەغدا دەیەوێت بەپێی تێچووی کێڵگەکانی باشوور (کە نزیکەی 6 دۆلارە) پارە بدات، لەکاتێکدا لە هەرێم بەهۆی سروشتی خاک و گرێبەستەکانەوە ئەم تێچووە دەگاتە سەروو 24 دۆلار. زەیدی پێویستی بە بڕیارێکی بوێرانە هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە یان گەیشتن بە ناوەندێکی هاوبەش.
بەبانکیکردنی مووچە (تەوتین):- کێشەی “هەژماری من” و “تەوتین” لە بانکە فیدراڵییەکان، هێشتا وەک خاڵێکی ناکۆکی ماوەتەوە. زەیدی دەبێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە کە هەم بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات و هەم تایبەتمەندیی سیستەمی بانکیی هەرێم لەبەرچاو بگرێت.
ئاڵەنگاریی “بۆشایی سیاسی” لە هەرێم:- یەکێک لە ئاستەنگی کاتی، بەڵام کاریگەرەکان ئەوەیە کە زەیدی لە کاتێکدا سەردانی هەرێمی کرد کە هێشتا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکنەهاتووە. ئەمە وای کردووە کە:-
- زەیدی نەتوانێت “ڕێککەوتننامەی کۆتایی” واژۆ بکات، چونکە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لە قۆناغی دانوستاندان.
- مەترسی ئەوە هەیە هەر ڕێککەوتنێک ئێستا بکرێت، لەلایەن پێکهاتەی داهاتووی حکومەتی هەرێمەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
“ئەرکی ستراتیژیی زەیدی”
1. یاسای نەوت و غازی فیدراڵی:- کلیلی چارەسەری بنەڕەتی لای زەیدی، تێپەڕاندنی ئەم یاسایەیە لە پەرلەمان. بەبێ ئەم یاسایە، هەر ڕێککەوتنێک تەنها “چارەسەرێکی کاتی دەبێت نەک چارەسەری بنەڕەتی.
2. جیاکردنەوەی شایستە داراییەکان لە ململانێی سیاسی:- پێویستە زەیدی کار بکات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک “خەرجییە سەروەرییەکان” یان بە شێوەیەکی جێگیر لە بودجەدا جێگیر بکرێت، تاوەکو چیدی نەبێتە کارتێکی فشار لە کاتی کێشە سیاسییەکاندا.
3. دڵنیایی بەخشین بە کۆمپانیا بیانییەکان:- بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، زەیدی دەبێت متمانە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت بگەڕێنێتەوە کە شایستە داراییەکانیان لەلایەن بەغداوە گەرەنتی دەکرێت.
سەردانەکەی زەیدی نیشانەی “نەرمیی سیاسییە”، بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەو لەوەدا دەبێت کە بتوانێت دوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پەیوەندییەکان لە مۆدێلی “ناردنی پارە بەرامبەر تەسلیمکردنی نەوت” بگۆڕێت بۆ مۆدێلی “هاوبەشیی ستراتیژی لە داهات و خەرجیدا“.
پێنجهم:- ئاڵەنگاریی هەڵاوسانی میلاکی گشتی و “بودجەی کارپێکردن”
بودجەی ئێراق لە ڕووی زانستییەوە بە بودجەیەکی “کارپێکردن “پۆلێن دەکرێت، کە تێیدا پشکی شێر بۆ مووچە و خەرجییە بەکاربەرییەکان دەچێت، ئەمەش وای کردووە بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان بگاتە نزمترین ئاستی خۆی.
ڕەهەندەکانی ئەم ئاڵەنگارییە:-
تەقینەوەی میلاکی فەرمانبەران:- لە دوای 2003هوه، دەوڵەت وەک تاکە دابینکەری هەلی کار ماوەتەوە، ئەمەش میلاکی گشتیی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە (60 بۆ 70 تریلیۆن دینار) تەنها بۆ مووچە هەیە. ئەمە بارگرانییەکی تەمەڵی لەسەر ئابووری نیشتمانی دروست کردووە.
مەترسیی نادیاریی داهات:- بەستنەوەی مووچەی ملیۆنان فەرمانبەر بە نرخی نەوتەوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئێراقی خستووەتە ژێر ڕەحمەتی بازاڕە جیهانییەکانەوە. هەر دابەزینێکی نرخ، دەوڵەت دەخاتە بەردەم قەیرانی نەختینە و ناتوانێت پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ بکات.
“ئەرک و ستراتیژییەکانی زەیدی”
1. دیجیتاڵکردنی دارایی (سیستەمی بایۆمەتری):-یەکەم هەنگاوی کردەیی پێویستە جێگیرکردنی سیستەمی “ژمارەی وەزیفیی یەکگرتوو” بێت. ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ بڕینی دەستی “بندیوارەکان“ و “دووموچە و سێموچە”ی نایاسایی، کە ساڵانە ملیاران دۆلار لە داهاتی گشتی بەفیڕۆ دەدەن.
2. چاكسازی لە “گرێبەستی کار“:- پێویستە حکومەت لە مۆدێلی “دامەزراندنی هەمیشەیی و بێبەرهەم”ەوە بەرەو مۆدێلی “گرێبەستی بەرهەمهێنەر” هەنگاو بنێت، بەجۆرێک کە مووچە بەستراوە بێت بە ئاستی ئەدا و پێویستیی ڕاستەقینەی فەرمانگەکان.
3. کاراکردنی کەرتی تایبەت (ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە):- چاکسازی لە مووچەدا بێ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت ئەستەمە. زەیدی دەبێت کار لەسەر یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت بکات، تاوەکو گەنجان چیدی تەنها چاویان لە کەرتی حکومی نەبێت و متمانە بۆ بازاڕی کار بگەڕێتەوە.
4. بوونیادنانی “سندوقی نەوەکان:- پێویستە بەشێک لەو زیادەی داهاتەی لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا بەدەست دێت، پاشەکەوت بکرێت بۆ کاتی قەیرانەکان، نەک هەمووی ببرێت بۆ مووچە و خەرجیی زیادە.
شهشهم:- شۆڕشی بانکی و شەڕی سپیکردنەوەی پارە:- تاقیکردنەوەی پسپۆڕییەکەی زەیدی.
“عەلی زەیدی”، وەک کەسایەتییەک کە پێشینەی کارکردنی لە کەرتی بانکی و داراییدا هەیە، باشتر لە هەر کەسێکی تر دەزانێت کە سیستەمی بانکیی ئێستای ئێراق یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی گەشەی ئابووری. بۆ ئەو، ئەم دۆسیەیە تەنها ئەرکێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو “جەنگی شەرعییەتە“ بۆ گەڕاندنەوەی ئێراق بۆ ناو سیستەمی دارایی جیهانی.
ئاڵەنگارییەکانی بەردەم زەیدی لەم کەرتەدا:-
سیستەمی “حەواڵەی سێبەر” و مەزادی دراو:- ساڵانێکە مەزادی دراو وەک دەرچەیەک بۆ “هەڵاتنی سەرمایە” و سپیکردنەوەی پارە بەکارهێنراوە. زەیدی دەبێت ڕووبەڕووی ئەو بانکە ئەهلییانە ببێتەوە کە تەنها بۆ وەرگرتنی دۆلار دروستبوون و هیچ خزمەتگوزارییەکی بانکیی ڕاستەقینە پێشکەش ناکەن.
مەترسیی بلۆککردنی نێودەوڵەتی:- بانکی فیدراڵیی ئەمریکا چاودێرییەکی توندی خستووەتە سەر بانکەکانی ئێراق. هەر کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، مەترسیی بڕینی دۆلار و خستنە ناو لیستی ڕەشی زیاتری بانکەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
“زەیدی دهبێت چی بكات؟”
1. گواستنەوە بۆ “بانکی دیجیتاڵی” و شەفافیەتی ڕەها:- زەیدی دەبێت کار بکات بۆ کۆتاییهێنان بە “ئابووری کاش” (Cash Economy) و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی پارە و کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
2. جێگیرکردنی سیستەمی ڕێگری لهسپیكردنهوه و پاراستنی یاسایی:- ئەرکی زەیدییە کە هەموو بانکەکان پابەند بکات بە یاساکانی ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر، ئەمە تەنها بە ڕێنمایی نابێت، بەڵکو پێویستی بە دامەزراندنی “ئاژانسی چاودێریی دارایی سەربەخۆ“ هەیە کە توانای لێپرسینەوەی لە بانکە گەورەکان هەبێت.
3. بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتی بە بانک:- گەورەترین کێشەی ئێراق ئەوەیە کە زۆربەی پارەی نەختینە لە ماڵەکاندایە نەک لە بانکەکان. زەیدی بەهۆی شارەزاییەکەیەوە دەبێت سیستەمی “گەرەنتی سپاردەکان” کارا بکات تا هاووڵاتی دڵنیابێت کە پارەکەی لە بانکدا پارێزراوە.
4. بەستنەوەی بانکە ناوخۆییەکان بە بانکە “کۆمەڵەکان“(Correspondent Banks):- یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی زەیدی، گێڕانەوەی پەیوەندیی نێوان بانکە ئێراقییەکان و بانکە گەورەکانی جیهانە (وەک JP Morgan و Citibank)، تاوەکو بازرگانە ڕاستەقینەکان بتوانن بەبێ ئاستەنگ و بە شێوەیەکی یاسایی کاڵاکانیان هاوردە بکەن.
5. سەربەخۆیی ڕاستەقینەی بانکی ناوەندی:- وەک کەسێکی دارایی، زەیدی دەبێت ڕێگری بکات لە دەستوەردانی سیاسی لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی. سەربەخۆیی ئەم دامەزراوەیە کلیلی سەقامگیریی بەهای دینار و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانە.
سەرکەوتنی “عەلی زەیدی” لەم کەرتەدا، ئێراق لە وڵاتێکی “گوماناوی” لە ڕووی داراییەوە دەگۆڕێت بۆ وڵاتێکی “وەبەرهێنەر”. چاکسازیی بانکی تەنها ئامرازێکی ئابووری نییە، بەڵکو “چەکی هەرە بەهێزی زەیدییە“ بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی گەندەڵکاران و ئەو گروپانەی کە لە دەرەوەی یاسا کار دەکەن.
حهوتهم:- گەندەڵی دارایی و ئیداری.
گەندەڵی وەک شێرپەنجە لە جەستەی دەوڵەتدایە. ئێراق لە پلەکانی خوارەوەی شەفافیەتی جیهانییە.
پێویستی بەهێزکردنی دامەزراوە چاودێرییەکان وەک “دیوانی چاودێریی دارایی”و “دەستەی دەستپاکی” و سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەری لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.
ههشتهم:- وەبەرهێنانی بیانی و ژینگەی کار.
بەبێ وەبەرهێنانی بیانی، ئێراق ناتوانێت ئابووری خۆی هەمەجۆر بکات. ئاستی بەرزی گەندەڵی و نادیاریی یاسایی ڕێگرن.
هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و پاراستنی سەرمایەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، و کردنی ئێراق بە بەشێک لە پڕۆژە ئابوورییە گەورەکانی ناوچەکە.
نۆیهم:- ئاڵەنگاریی قەرزی گشتی (ناوخۆیی و دەرەکی) و خولگەی قەرزداری.
ئێراق لەبەردەم کێشەیەکی پهیكهربهندی قووڵدایە؛ ساڵانە بەشێکی بەرچاوی داهاتەکان، لەبری ئەوەی بۆ ئاوەدانکردنەوە تەرخان بکرێن، دەچن بۆ دانەوەی سوود (فوائد) و قیستی قەرزە کۆنەکان. ئەمە وای کردووە ئێراق لە ناو “خولگەی قەرزداری”دا بمێنێتەوە.
“قەبارە و داتاکانی قەرز بەپێی خەمڵاندنە داراییەکان”
- قەرزی ناوخۆیی:- گەورەترین بارگرانییە و بڕەکەی نزیکەی 70تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت. ئەم قەرزە زیاتر لە بانکی ناوەندی و بانکە حکومییەکان (ڕافیدەین و ڕەشید) وەک “حەواڵەی خەزێنە” وەرگیراوە. مەترسیی ئەم قەرزە لەوەدایە کە نەختینەی بانکەکان کەمدەکاتەوە و ڕێگرە لەبەردەم پێدانی قەرز بە کەرتی تایبەت.
- قەرزی دەرەکی:- بڕەکەی بە نزیکەی 20 بۆ 23 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەم قەرزانە بۆ وڵاتانی یانەی پاریس، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان (وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و قەرزی بازرگانیی تر دەچن.
- خەرجیی ساڵانە:- ئێراق ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 8 بۆ 10 تریلیۆن دینار هەیە، تەنها بۆ دانەوەی قیست و سوودی قەرزەکان لە ناو بودجەدا، ئەمەش گوشارێکی گەورە دەخاتە سەر بودجەی وەبەرهێنان.
“پێویستییەکان و پلانی زەیدی”
1. داڕشتنی “ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەرز”:- پێویستە پلانێکی 5 بۆ 10 ساڵە هەبێت کە ئامانجی سەرەکیی “سفرکردنەوەی قەرزە دەرەکییەکان” بێت لەو ساڵانەی نرخی نەوت تێیاندا بەرزە، نەک خەرجکردنی زیادەی داهات بۆ بوارە بەکاربەرییەکان.
2. سنووردارکردنی قەرزی نوێ:- زەیدی دەبێت پابەندبێت بەوەی تەنها بۆ پڕۆژەی “وەبەرهێنانی ستراتیژی” (وەک بەندەرەکان و وزە) قەرز بکات، نەک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە. هەر قەرزێک کە بەرهەمی نەبێت، تەنها زیادکردنی بارگرانییە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
3. گۆڕینی قەرزی ناوخۆیی بۆ “سەنەدات“:- کارکردن بۆ گۆڕینی قەرزە حکومییەکان بۆ سەنەدی درێژخایەن کە هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران تێیدا بەشداربن، تاوەکو گوشار لەسەر یەدەگی بانکی ناوەندی کەمببێتەوە.
4. شەفافیەت لە دانوستانەکاندا:- چالاککردنی دیپلۆماسیی ئابووری بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی قەرزە دەرەکییەکان یان گۆڕینی بەشێکیان بۆ “وەبەرهێنانی سەوز” یان پڕۆژەی ژینگەیی بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی قەرزدەر.
سەرکەوتنی “عەلی زەیدی” لە پۆستی سەرۆک وەزیران تەنها بە بەڵێنی سیاسی نابێت، بەڵکو بە بوێریی ڕاستەقینە لە بڕیارە :-ئابوورییە قورسەکاندا دەبێت. ئێراق پێویستی بە پڕۆژهی نوێ هەیە بۆ ڕزگاربوون لە پاشکۆیی نەوت.
سێ کلیلی سەرکەوتن بریتین لە:-
- هاوسەنگی نێوان واشنتۆن و تاران.
- پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان (تایبەت لەژێر ئیدارەی ترەمپ).
- ڕێککەوتنی کۆنکرێتی و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
سوود لهم سهرچاوانه وهرگیراوه:-
- https:-//www.bbc.com/arabic/articles/ce8p067r7k2o
- https:-//www.sotaliraq.com/2026/04/30/%D8%AA%D8%AD%D8%AF%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%B5%D8%B9%D8%A8%D8%A9-%D8%A3%D9%85%D8%A7%D9%85-%D8%AA%D9%83%D9%84%D9%8A%D9%81-%D8%B9%D9%84%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B2%D9%8A%D8%AF%D9%8A-%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7/
- https:-//alssaa.com/post/show/51630-%D9%82%D8%B7%D8%A7%D8%B1-%D8%AA%D8%B4%D9%83%D9%8A%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%83%D9%88%D9%85%D8%A9-%D9%8A%D9%86%D8%B7%D9%84%D9%82-%D8%A8%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%85%D8%A8-%D9%85%D8%A7-%D8%A3%D8%A8%D8%B1%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B4%D8%A7%D9%83%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D9%8A-%D8%AA%D9%88%D8%A7%D8%AC%D9%87-%D8%A7%D9%84%D8%B2%D9%8A%D8%AF%D9%8A
- https:-//www.youtube.com/shorts/3IzIXoG0qMg
- https:-//www.facebook.com/reel/1491121202662296
- https:-//almarkazia.com/ar/%D8%B9%D9%84%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B2%D9%8A%D8%AF%D9%8A-%D9%84%D8%B1%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%83%D9%88%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D8%AE%D8%AA%D8%A8%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%A7%D8%AE%D9%84-1
ئامادەکردن:- سەرکۆ یونس







































































