گۆڕانی کەشوهەوا چیتر تەنیا پرسێکی ژینگەیی نییە کە کورت بکرێتەوە بە بابەتی وەکو توانەوەی سەهۆڵ یان بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ببەسترێتەوە. ئەو دیاردە سروشتیە گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی بایۆپۆلیتیکی گشتگیر کە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە، تەندروستی، ئاسایش، خۆراک، نیشتەجێبوون و تەنانەت مافی مانەوەش بۆ پەنابەران و ئاوارەکان هەیە. جیهانی ئەمڕۆ تەنیا ڕووبەڕووی “گۆڕانکاری کەشوهەوا” نابێتەوە، بەڵکو لە بەردەم هاوکێشەی دووبارە داڕشتنەوەی تەواوەتی بارودۆخی ژیانی مرۆڤ دایە لەسەر زەوییە. لە ڕوانگەی بایۆپۆلیتیکییەوە، چەمکێک کە پەیوەندی بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ژیان، تەندروستی، جەستە و ئایندەی دانیشتووانەوە هەیە، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ دەتوانێت بە پارێزراویی بژی، کێ ناچارە کۆچ بکات و کێ دووچاری هەژاری و نەخۆشی و کارەسات دەبێتەوە. ئیتر حکومەتەکان تەنیا کاریان بەڕێوەبردنی کاگڕێڕێ نەریتی و ئاراستەکردنی سیاسەتەکان نیە تا بە دۆخی ئاساییش و ئابووری و سیاسەت دەگات، بەڵکو ناچارن (ئەگەر سەر لە دۆخەکە دەربکەن) خۆیان تاک لایەنە بە پێی تواناکانیان پرسی ئاو و خۆراک و وزە و پەتا و کۆچ و تەنانەت پلەکانی گەرما بەڕێوەببەن. ئەمە لە دۆخێکدایە کە پێکەوە کارکردن و کۆدەنگی لەسەردەمی دیاردەی دوورەپەرێزیی و گۆشەگیری سیاسی بەهۆی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ زیاتر زەق بۆتەوە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە پێشیان راپۆەرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکەن ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەنێو ئەو وڵاتانەدان لە لایەنی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەراورد بەهەر سووچێکی ئەم جیهانە، لە ناوچەکە پلەکانی گەرما خێراتر لە تێکڕای پلەی گەرمی ناوەندیی جیهانی بەرزبوونەتەوە. نزیکەی ٦٦ ملیۆن کەس لە ناوچەکەدا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنییان نییە، و بە شلۆقترین ناوچە دادەنرێت لە ئاستی جیهانیدا. نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکاتەوە کە زیاتر لە دوو ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان بە لایەنی کەم وەرزێک یان دووان دووچاری کەمیی ئاو دەبن. بەتایبەتیش ئێراق لە ریزی پێشەوە دێت. ئێراق لەلایەن ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک یەکێک لەو وڵاتانە پۆلێنکراوە کە لەرزۆکترینیانە لە لایەنی هەم بەرگەگری و هەمیش بوونە هۆکاری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێراق دووەم وەرزی وشکەساڵی لە ماوەی چل ساڵدا بەخۆیەوە دەبینێت، لە کاتێکدا ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی 35% بۆ 40% کەمیکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئەم دوو ڕووبارە سەرچاوەی نزیکەی 98%ی ئاوی سەرزەوی وڵاتەکەن. پلەکانی گەرما لە بەسرە دەگەنە 54 پلەی سیلیزی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییە مەترسیدارەکانی کەشوهەوای ئێراق.
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە زەقی لە ژیانی ڕۆژانەی ئێراقییەکاندا هەستی پێدەکرێت. پلەکانی گەرما لە هاوین ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن، کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات سەربارە، ئەمە وێرای دیاردەی بە بیابانبوون لە زیاتر لە 55٪ زەوییە کشتوکاڵییەکانی، دابەزینی ئاستی کشتوکاڵی چندراو، ئەم تێكڕا زریان و خۆڵبارینیشیان زیاتر کردووە و لە وەرزی گەرمادا لە دیاردە رەت بووە. ئەمانە تێکڕا ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵی ژینگەیی کە دەکرێت لە دەیەکانی داهاتوودا کۆمەڵگای ئێراق بە خراپترین شێوە لە قاڵب بداتەوە. ڕاپۆرتەکانی ئاژانسە مرۆییەکان و کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەدەن کە یەدەگی ئاوی ئێراق لە ماوەی هەشتا ساڵدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، دوای ساڵانێک لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی بارانبارین، بۆ کەمتر لە 5 ملیار مەتر سێجا. یەکێکی دیکە لە دەرئەنجامە رژدەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەرزبوونەوەی کۆچی ژینگەییە. لەگەڵ وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و داڕمانی بژێوی ژیان، خەڵک جگە لە کۆچکردن بۆ شارەکان هیچ بژاردەیەکی تریان بۆ نەماوەتەوە. ئەمە لە ئێستاوە لە بەشێک لە ئێراق و ناوچەکە ڕوودەدات. لە کۆتایی ساڵی 2021 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، ئاوارەبوونی نزیکەی 20 هەزار کەسی لە ناوخۆی ئێراق تۆمار کرد بەهۆی کەمی ئاو و زیادبوونی جۆرە میوی وەها کە ئاوی زۆریان پێویست بێت تا دەگاتە تێکچوونی چۆنایەتی ئاو. هاوکات توێژینەوەیەکی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج ئاشکرایکردووە لە هەر پانزە خێزانێک لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی وشکەساڵی لە ئێراق، یەکێکیان ناچار بووە ئەندامێک بۆ کۆچکردن بۆ گەڕان بەدوای کاردا بنێرێتە شوێنێکی دیکە یاخود دەرەوە. لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا، بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت تا ساڵی 2050 تا 216 ملیۆن کەس ناچار بکات بۆ کۆچی ناوخۆیی ئەگەر ئاستی دەردانی گازی ژەهراوی بە بەرزی بمێنێتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکان تەنیاباکووری ئەفریقا لە دەیەکانی داهاتوودا نزیکەی 20 ملیۆن پەنابەری ناوخۆیی کەشوهەوا رووی تێدەکەن.
لەم چوارچێوەیەدا شارەکان دەبنە پانتایی بایۆپۆلیتیکی لەرزۆک، کە دەستڕاگەیشتن بە ئاو، کارەبا، فێنککردنەوە و چاودێری تەندروستی چۆنایەتی ژیان و مانەوە لە ژێر هەڕەشەی مان ونەمان دەبن. دەوڵەمەندەکان لە ڕێگەی سیستەمی فێنککەرەوە و ژێرخانی هاوچەرخ دەتوانن خۆیان لەگەڵ گەرمادا بگونجێنن، لە کاتێکدا هەژاران و کرێکاران و جووتیاران لە زۆرترین ئاستەنگدا دەمێننەوە. بەم شێوەیە گۆڕانی کەشوهەوا نایەکسانی چینایەتی و کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی بێ وێنە زیاتر دەکات. ئەو دیاردەیەش دەرگە بە رووی جۆرێک لە کۆیلایەتی و کرێکاریی هەرزان دەکاتەوە. ئەمە ویرای بێ بەهاکردنی خودی ژیان لە دۆخێک تەنیا لە فلمە زانستییە خەیاڵییە نەرێنییەکانی کۆتایی جیهان بچن. دواتر کاریگەرییەکانی گۆڕای کەشوهەوا لە گەرما و ئاوەوە پەرەدەسەنن بۆ تەندروستی گشتی و نەخۆشییە گوێزراوەکان. بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی ژینگەیی هۆکار و لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی مێروو و ئاو و ئەگەری تووشبوون بە پەتا نوێیەکانیش زیاد دەکات لە جیهانێکدا کە لە ئێستاوە بەدەست پەتای وەکو کۆڤید هانتا گیرۆدە بووە. پەتای کۆڤید١٩ دەریخست کە چۆن قەیرانە بایۆلۆژییەکان دەتوانن ئابووری و سیاسەت و سنوورەکان و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دووبارە دابڕێژنەوە.
بۆیە ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەبێ هەوڵ و کۆشش و پلانڕێژییەوە بەردەوام بێت، جیهان ڕووبەڕووی شەپۆلی گەورەی کۆچ و کەمیی ئاو و کەم خۆراکی پیویست و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مەترسیدار و زیادبوونی هەژاری و ناسەقامگیری دەبێتەوە تا ساڵی 2050 هیچ شتێک وەکو خۆی نامێنێتەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکانی کەشوهەوا پێشبینی ئەوە دەکەن لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما وشکەساڵی و لافاو و تەرزە بارینی مەزن و خۆڵبارین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەبن. دەبێت سەریش لەوە دەر بکەین، کە گۆڕانی کەشوهەوا نەک هەرەشەیە لەسەر ژینگە بە تەنیا، بەڵکو هەڕەشەیەکی رژدیشە لەسەر بناغەکانی شارستانیەتی مرۆڤی هاوچەرخ. ئابوریەکان لاواز دەکات، ئاسایشی خۆراک کپ دەکات، ئەگەری ململانێ لەسەر سەرچاوەکان زیاد دەکات و مەترسی لەسەر سەقامگیری گەلان و کۆمەڵگاکان دروست دەکات. بۆیە چارەسەرکردنی چیتر کاردانەوەیەکی نەریتی سیاسی یان بابەتێک نییە کە دوابخرێت، بەڵکو پێویستییەکی رژدی گرێدراوە بە هەبوونمانەوە.
لەسەر ئاستی جیهانی، حکومەتەکان پێویستیان بە خێراکردنی هەوڵەکانە بەرەو رووی بەکارهێنانی زیاتری وزەی نوێبووەوە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی وەکو خەڵوزی بەردینی. لەتەک ئەوەش چارەسەری بایۆپۆلیتیکانە خۆی لە وەبەرهێنان لە ژێرخانی سروشتی دەبینێتەوە تا دەگات بە کشتوکاڵکردن و پێشەسازییەک کە هاوڕێی ژینگە بن. دەبێت شیوازەکانی بەڕێوەبردن و کارگێڕێی لە نەریتە کۆنەکە دەربچن و بە پشتبەستن بە هزرە هاوجەرەخەکان و تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد سەرچاوە سروشتیەکان لە ئاو و وزە بەکار ببرێن. لەتەک ئەوە زۆر گرنگە پەرە بە سیستەمێکی وردی تەندروستی بدرێت و پلانرێژیەکی ورد ئەنجام بدرێت بۆ پێشگرتن بە کۆچی پەیوەست بە کەشوهەوا لە ئێستاوە، نەبادا لە داهاتوویەکی نزیک وەک قەیرانێکی لەناکاو مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. پەیوەست بە ئێراق و هەرێمی کوردستانیش دەتوانن هەنگاوی گرنگ بنێین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داهاتوو، لەوانە هاوچەرخکردنی سیستەمی ئاودێری، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، وەبەرهێنانی زیاتر لە وزەی خۆر و با، زیادکردنی پانتایی سەوزایی، باشترکردنی پلانرێژیی شارەکان، سنووردارکردنی فراوانخوازیی شارەوانییەکان لەسەر حسابی زەوی و زاری کشتوکاڵی و باخ و ئاژەڵداریی، ئەمە وێڕای هەمەچەشنکردنی ئابووریی بێجگە لە نەوت. جگە لەوەش، بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لە ڕێگەی پەروەردە و راگەیاندن و سەکۆ ئایینییەکان و مزگەوتەکان وەکو هەڵمەتێکی نیشتمانی هەە گرنگ کە گرنگییەکەی لە هیچ پرسێکی سیاسی و ئابووری کەمتر نییە.
مەترسیدارترین لایەنی گۆڕانی کەشوهەوا ئەوەیە، بۆ نەشارەزا و نائاگایان، لە شێوەی یەک کارەساتێکی کتوپڕدا دەست ثیناکات و درکی پی ناکەن، بەڵکو وەک جۆرە هەڵوەرینێکی وردە وردەی بارودۆخەکانی ژیان و سەقامگیری دێتە ئاراوە. بۆ نمونە بەهۆی زۆربوونی خۆڵبارین و گەورەتربوونی تۆپەڵی تەزرەی باریو، تا دەگاتە تێنی تیشیکی خۆر و پیسبوونی هەوای ناوەندی شارەکان. واتا ڕەنگە جیهان بە یەکجار نەڕوخێت، بەڵام دەکرێت بچێتە قۆناغێکی دوور و درێژی کەڵەکەبوونی قەیرانەکانەوە: گەرمای زیاتر، هەژاری زیاتر، کۆچی زیاتر و ململانێی زیاتر لەسەر سەرچاوەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بۆیە پرسیاری ڕاستەقینە چیتر ئەوە نییە: “ئایا کەشوهەوا دەگۆڕێت؟” بەڵکوئەوەیە: چۆن کەشوهەوا شێوەی کۆمەڵگاکان و گەلان و خودی ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێت و تا چەندیش حوکمەتەکان لە ئاماددەییەکەی بایۆپۆلیتیکانەی ژیانی و ژیارییدان تا سەرەدەری لەگەڵ ئەو کێشەیەدا بکەن کە بە مانەوەی مرۆڤ و هەسەرەکەشمانەوە بەندە!







































































