“پوختەی مێژووی ڕۆژنامەگەری لەم ناوچەیە”
بە هۆکاری داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانی کاری چاپخانە و بڵاوکردنەوە سنورداربووە، بەشێوەیەکی گشتی دیاردەی نەخوێندەواری باڵی کێشاوە بەسەر دانیشتوانی دەوڵەتەکەداو ئەو نەهامەتیەش خەڵکی کوردستانی گرتۆتەوە. هەرچەندە ڕۆشنبیرانی کورد بایەخیانداوە بەکاری بڵاوکردنەوە و نووسین، ئەوەی زانراوە بۆ یەکەمجار ڕۆژنامە لە دەرەوەی خاکی کوردستان لە “قاهیرە” بڵاوکراوەتەوە، یەکەمین ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ڕۆژی”٢٢/٤/١٨٩٨” بووە. ئەو ڕۆژە کراوە بە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی. جەنگی وڵاتان و ناوخۆی کوردستان هۆکارێک بووە بۆ وێرانی و دواکەوتوویی و گرانی و هەژاری و نەخوێندەواری خەڵکی کوردستان، بەڵام لەسەرهەڵدانی یەکەم جەنگی جیهانی و هاتنی بەریتانییەکان بۆ ناوچەکە، دیاردەیەکی تازەی شارستانی سەریهەڵداوە و بەریتانییەکان شێوازێکی تازەیان بەکارهێناوە لە مامەڵەکردنی خەڵکی ئەو ناوچانەی ئازادیان کردووە یاخود دەتوانین بڵێین داگیریان کردووە، بە شێوازێکی تر و بەناوێکی تر، وەک ڕزگاربوون لەدەوڵەتی عوسمانی و ماندێتی”ئینتیداب” لەسایەی دەوڵەتی بەریتانیای مەزن.
یەکێک لەو هەنگاوانەی کە بەریتانییەکان جیادەکاتەوە لە داگیرکاری پێشوو، لەسەرەتادا بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی ئەو ناوچانەی دەستیان بەسەرداگرتووە، ئەفسەرانی سیاسی یان حاکمی سیاسی زمانی ئەو خەڵکەیان بەکارهێناوە یاخود بەشێوەیەکی گشتی کاتێک چونەتە هەرناوچەیەک کەسی وەرگێڕیان لەگەڵ بووە، خەڵکی ناوچەکەیان ناچارنەکردوە زمانی ئینگلیزی بزانێت، ئاخاوتنی خەڵکی بەزمانی خۆێ لەبەردەم هێزێکی تازەی پێشکەوتووی بەهێزتر لە عوسمانیەکان، هەڵبەتە رێگەدان بەوەی خەڵک زمانی خۆی بەکاربهێنێت جۆرێک بووە لە ئازادی. ئەو ڕەفتارەیان پێچەوانەی سەردەمی عوسمانیەکان بووە، کاتێک هەرکەسێک گەشتووە بە والی و پاشا و کاربەدەستانی دەوڵەت پێویست بووە بە تورکی قسەی بکردایە. عوسمانیەکان خەڵکیان ناچارکردووە زمانی تورکی بەکاربهێنن، هەر بۆیە ڕۆژنامەکانیش بە زمانی تورکی یان عەرەبی بوون. یەکێک لەوکارانەی بەریتانییەناکان کردوویانە لە پاڵ بەکارهێنانی زمانی ناوچەیی وەکو کەناڵێکی راگەیاندن بەکاریان هێناوە بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجی خۆیان و، ڕاکێشانی خەڵکی بۆ سیاسەتی بەریتانیای مەزن، لە ڕێگەی بلاوکردنەوەی ڕۆژنامەوە بووە.
لە هاتنی بەریتانییەکانەوە دەستپێکی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڕۆژنامەبووە لە ناوچەکە؛ لە ساڵی ١٩١٤ کاتێک بەریتانییەکان گەشتونەتە “بەسرە” چاپخانەیان داناوە و ڕۆژنامەی “الاوقات البصریە” بە زمانی “عەرەبی، تورکی، فارسی، ئینگلیزی” بڵاوکردۆتەوە، تاکو پەیامەکەیان باش بگات خەڵکی. لە ساڵی١٩١٧ بەسەرپەرشتی”مس بێل” ڕۆژنامەی”العرب” بڵاوکراوەتەوە. لە ساڵی ١٩١٨ گۆڤاری”دارالسلام” بڵاوکراوەتەوە، لە کەرکوک ساڵی١٩١٨ ڕۆژنامەی “تجدد” و “نجمەکرکوک” یان بڵاوکردۆتەوە بە زمانی عەرەبی و تورکی. لەو سالانەدا ”بغداد تایمز، البصرە تایمز، موسڵ” بلاوکراوەتەوە، لە ساڵی١٩٢٠ ڕۆژنامەی “العراق” بڵاوکراوەتەوە. کاتێک بەریتانییەکان دەگەنە بەغداد ڕۆژنامە بە زمانی عەرەبی و کوردی بلاودەکەنەوە لەلایەن مێجهرسۆن و بە هاوکاری”شوکری فەزلی” “تێگەشتنی ڕاستی” بڵاودەکەنەوە لە بەغداد. ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕۆژی”١/١/١٩١٨” یەکەم ژمارەی بڵاوکراوەتەوە بە زمانی کوردی بەئامانجی ناساندنی بەریتانییەکان و راکێشان و کۆکردنەوەی کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیان. ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە ئەو ڕۆژنامانەی لەسەردەستی بەریتانییەکان بەزمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە. وەکو بەرهەمی ئەدەبی و مێژووی و ئەرشیفێکی گەورە و دەسپێکی کاری رۆژنامەگەری بۆ ڕۆشنبیرانی کورد ماوەتەوە. بەریتانییەکان چاپخانەکەی بەسرەیان هێناوەتە سلێمانی و یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستانی بندەستی ئێراق بەناونیشانی”سلمانی پیشکوتن” یان بڵاوکردۆتەوە. بەهۆکاری گەڕانەوەی “شێخ مەحموود” لە هندستانەوە و پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی و بایەخدان بەکاری ڕۆژنامەگەری لەلایەن خودی مەلیک مەحموودی یەکەم، بە هەمان چاپخانە بە هەوڵوماندوبوونی کەسانی دڵسۆز لەژێر چەتری حکومداری کوردستان ڕۆژنامەی”بانگی کوردستان” لەڕۆژی”٢/٨/١٩٢٢” بڵاوکراوەتەوە لە سلێمانی. ئەو ڕۆژنامەیە مۆرکی کوردانەو بە تەواوەتی لەلایەن کوردەوە خاوەندارێتی کراوە. لەوکاتەوە پیشەو کاری ڕۆژنامەگەری بەردەوام بووە لەم شارەدا تاکو ئێستا.
“پۆلێنی ڕۆژنامەی پێشکەوتن لەسەربنەمای زانستی”
لەسەر بنەمای زانستی کتێبخانە و زانیارییەکان سەرچاوەکانی کتێبخانە دابەش دەکرێن بەسەر چەندین جۆردا ،لەوانە جۆرێکی گرنگ لە پێکهاتەی کتێبخانە و زانیارییەکان سەرچاوەی جۆری خولاو یان زنجیرە “الدوریات” کە”ڕۆژنامە، گۆڤار” دەگرێتەوە. چەمکی خولاو لە بەریتانیا بەکاردەهێنرێ و چەمکی زنجیرە لە وڵاتە یەکگرتووەکان بەکاردەهێنرێت. کەمەبەست لە زنجیرە و خولاو مانایی بێ کۆتایی و بەردەوامی دەبەخشێت لە بلاوکردنەوەدا. ئەم سەرچاوانە سیفاتی ئەوەی هەیە بەشێوەیەکی گشتی بەشێوەی زنجیرەی بەدوا یەکدا بەیەک ناونیشان واتە لەژێر ناونیشانێکدا دەردەچێت و بڵاودەکرێنەوە، لە کاتێکی دیاریکراودا. بۆ هەردانهیەکی ژمارەی تایبەت وەردەگرێت، لەهەر ژمارەیەکیدا وتار و بابەتی جیاواز بە پێنوسی جیاواز بڵاودەکرێتەوە. ئەوەی ناو دەبرێت بە ڕۆژنامە”Newspapers “ لە ڕووی زانستی کتێبخانە و زانیارییەوە ئەو بڵاوکراوەیەیە ڕۆژانە یان هەفتانە بڵاودەکرێتەوە. گۆڤارەکان “Journals” وەکو سەرچاوەی زانیاری بەشێوەی گشتی یان تایبەتی دەردەچێت. بڵاوکردنەوەی خولاوەکان بەپێی ماوەی دەرچوونیان دەکرێن بەمجۆرانەوە ”ڕۆژانە، هەفتانە، نیومانگی، مانگانە، دوو مانگ جارێک، وەرزی، نیو ساڵی”. ئەوەی ئاشکرا ئەبێت بۆمان کە پێشکەوتن لەسەربنەمایەکی پیشەیی دامەزراوە لەو ڕۆژگارەدا. ئەوەی هەبووە لێرەوە وشەی”غەزەتەی” تورکی بۆ ڕۆژنامە بەرەونەمان چووە.
“ڕۆژنامەگەری کوردی”پێشکهوتن سلێمانی”
ئەم ڕۆژنامەیە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بۆ چاپکردنەوەی بە هەوڵی بەڕێزان ”عەلی ناجی کاکە حەمەئەمین عەتار” و کاک ”سیروان بەکر سامی” بووە. وەکو ئەوەی بەڕێز کاک سیروان بۆی باسکردووم لە ساڵانی هەشتاکان هەوڵیان داوە چاپی بکەنەوە بەڕەزامەندی بنەماڵەی عادیلە یا موڵکی لە بەغداد، ڕژێمی ئێراق ڕێگری لێکردوون و هەوڵی دەستبەسەراگرتنی دراوە و ئەمانیش بێ دەنگی و دوورە پەرێزیان هەڵبژاردووە، تاکو رۆژنامەکە بپارێزن، کاتێک کاک سیروان لە وەزارەتی رۆشنبیری دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، داواکارییەکەی لە وەزیری ڕۆشنبیری ڕەوانشاد “فەلەکەدین کاکەیی” دەکات، ڕاستەوخۆ فەرمانی چاپکردنی دەکات لەسەر ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ یادی سەد ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی. “١٨٩٨-١٩٩٨”. کاک سیروان بەڕێوەبەری گشتی چاپ وبلاوکردنەوە و پاشان جێگری بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتیەکان بووە تاکو ساڵی٢٠١٦ ولە ساڵی”٢٠٠٠-٢٠٠٢” سەرنووسەری گۆڤاری کاروان بووە ئێستا خانەنشینە. بەو کار و خەمخۆرییەیان ڕۆژنامەکەیان لە فەوتان ڕزگارکردووە و زیندویان کردۆتەوە و گەیاندویانەتە کتێبخانەکانی کوردستان و بەردەستی خوێنەران، بەشێوازێکی جوان و بەستایلی خۆی بەئامێری”ئۆفسێت” چاپکراوە و لەفەوتان پاراستویانە و بەو کارەش ئەرشیفی ڕۆژنامەوانی کوردستانیان دەوڵەمەندکردووە.
بەرهەمی هەردوو ساڵەکە کۆکراوەتەوە لە “٥٥٠” لاپەڕەدا پێکەوە بە چاپ گەیەنراوەتەوە، لە ڕووی ناوەڕۆکەوە کۆی گشتی پێشکەوتن کە “١١٨” دانەیە و پێکهاتووە لە “١٢٢٥” بابەت و سەرەبابەت. ڕەوانشاد بەڕێز دکتۆر”مارف خەزنەدار” پێشەکیەکی قەشەنگ و جوانی بۆ نوسیووە بە خامە بڕشتوو بە پێزەکەی و گیانی کردۆتەوە بە بەری پێشکەوتندا. پێشکەوتن یەکەمین ڕۆژنامەی سلێمانییەو لە ساڵی”١٩٢٠-١٩٢٢” بڵاوکراوەتەوە و بەو شێوەیەش دەبێتە یەکەمین ڕۆژنامەی مێژووی و ئەرشیفی لە سنووری هەرێمی کوردستانی ئێستادا. ئەوەی هەیە ئەم ڕۆژنامەیە زۆرینەی نووسەری کورد و خەڵکی کورد کە بەجۆرێک لە جۆرەکان گونجاوبوون لەگەڵ بەریتانییەکان. کاریان لەبەرهەمێنان و بڵاوکردنەوەی کردووە لەگەڵ حاکمی سیاسی بەریتانی.
لاپەڕەی ناونیشانی ڕۆژنامەکە بەشێوەی بەردەوام پێکهاتووە لەم زانییاریانە:- لەسەرو ناونیشانەکەی کە”پێشکوتن” کە لە بەشی سەروەی نوسراوە”سلێمانی”. نووسراوی سلێمانی بە خۆشنوسییەکی جیاواز و باگراواندێکی جیاواز کە ڕەنگی ڕەش بەکارهاتووە، وا دەرئەکەوێ ئەو نووسینە وەکو باکگراوند و کاری هونەری جیاوازی ڕەنگ بەکارهاتبێت لەو ڕۆژگارەدا. وەک نوسراوە ماوەی دەرچوونی “حفتە جارێک دردەچێت” “ڕۆژ پێنجشەمیە”. بۆ نرخی ڕۆژنامەکە نوسراوە “یەکی بە انە یکە – کریار”، “بو حموشوینێک بە سێ مانگ یەک، بە شش مانگ دوو بە ساڵێک چوار روپیە دەدا، اعلان یا ایشیکی خۆیی لە پڕە دوواییدا دەنوسرێت بۆ دوو دێر ٣ انە دەسینرێت”. لە نرخی ڕۆژنامەکەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت توانای ناردنە دەرەوی شاریان هەبوو وەکو دەوترێت گەیاندنیان هەبووە بۆ شوێنی تر، لە نرخدا نووسراوە. ئاماژەکراوە بەوەی حموشتێک بۆ پێشکەوتن دەنوسرێ”.
یەکەمین ژمارەی لە ڕۆژی”٢٩/اپرل١٩٢٠” بەرامبەر”١١ شەعبان ١٣٣٨” بڵاوکراوەتەوە ڕۆژژمێری و کۆچی و میلادی لەسەرە. بە پێوەری”٣٣*٢١” لە ژمارەی یەکەمەوە تاکو ژمارە”٩٦” ڕۆژی”٢٣/٢/١٩٢٢” چوار لاپەڕە بووە. لە ژمارە”٩٧” ی ڕۆژی”٢/٥/١٩٢٢” ژمارەی لاپەڕەکانی زیادیکردووە و بۆتە شەش لاپەڕە، ئەوەش نیشانەی بوونی بابەت و توانای هونەری ڕۆژنامەکە پیشاندەدات. یەکەم ساڵی پێشکەوتن تاکو ژمارە”٥٢” بووە و لە ژمارە “٥٣” دووەم ساڵی ڕۆژنامەکە بووە لە “٢٨/ اپریل/ ١٩٢١” کۆتا ژمارەی “١١٨” بووە لە”٢٧ جولای ١٩٢٢”. لە ژمارە “٢٦” ئاماژەکراوە بەوەی لە گۆشەی” بۆ کڕیارەکان- ئەوانەی بۆ شەش مانگ پارەی پیشکەوتنیان داوە لە ژمارە”٢٥”-وە پارەیان تەواوبووە، هەرکەس دەیەوێت بە ڕێکی پێشکەوتنی بۆ بچێت بۆ چەنی تر حهزدەکات بە پارەدان ناوی خۆی تازە بکاتەوە، ئەوانیش هێشتا پارەیان نەداوە یان ههر بۆ سێ مانگ داویانە چیان لەسەر ماوە بینێرن تکا دەکهم مەهێڵن پاش بخرێت – مستەفا” ئەوەش نیشانەیەکە بۆ خواستی خوێنەران لەسەر پێشکەوتن، کاتێک دەبینرێت پێشەکی پارەیان داوە.
ناوەڕۆکی پێشکەوتن:- بەشێوەیەکی گشتی لەچەند ستوونێک نووسین دابەش بووە بەسەر لاپەڕەکاندا و پێکهاتووە لە چەندین بابەتی جیاوازی وەکو “وتاری کورت و درێژ، وتارەکان هەمەچەشن و فرە بابەتن لەکایەی جیاوزدان وەکو سیاسی، میژوویی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆشنبیری و کولتووری و ئایینی و پەروەردەیی و کشتوکاڵی و ڕێنمایی”. نمونەی وتارێکی مێژووی کە گەشتەکەی “مستهر ڕیچ”ی ساڵی ١٨٢٠ بەناونیشانی “سەد ساڵ لەمەوپێش” بەدرێژی نوسراوە لە ژمارەکانی”١٩،٢٠،٢١،٢٢،٢٣،٢٤،٢٨،٣٠” نوسرەوو لەکۆتیدا وەکو نووسەر نوسراوە -پیشکەوتن. لەنووسینی میجر سۆن ئەچێت. وتارێکی درێژ لەچەند ژمارەیەکدا نوسراوە ناونیشانی” رەوشتی کوردان” ستوونی “هەواڵی ناوخۆ و دەرەوە، شیعری تازەو کۆن” بەرچاودەکەوێت، گۆشەی”اعلان، بۆ زانین، بۆ پێشکەوتن، هاتن، بڕیاری داگا، ئیش وکارو چالاکی شارەوانی، گومرگ، کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی شارەوانی…” پێک ئەهێنێت. لە ژمارە”٤٦”ی رۆژی”١٠ مارچ ١٩٢١” ئاماژە بە ڕۆشتنەوەی مێجهرسۆن دەکات بۆ ماوەی شەش مانگ و مێجهر گۆڵد سمیس کراوەتە حاکمی لیوای سلێمانی پێشتر لە خانهقین و حلە بووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ڕۆشتنەوەی “مێجهرسۆن” پێشکەوتن بەردەوام بووە، بەڵام وتارە مێژووییەکان و وتار لەسەر پۆڵشەوی کەمبۆتەوە. زیاتر بەرەو ئێراقی بوون نووسین بەرچاودەکەوێت. هەرچەندە نوسراوە لە لاپەڕەی ناونیشاندا “حموشتێک بۆ پێشکەوتن دەنوسرێ”؟ ئایا وابووە؟ بەداخەوە کەوا نەبووە یەک نووسینی ناڕەزایەتی و دژی دەسەڵاتی بەریتانییەکان و حکومەتی مەلیک تیادا نیە؟ ئەوەی زانراوە لە سلێمانی ئەو کاتە ناڕەزایەتی هەبووە! نووسین وتاری سیاسی لەبەرژەوەندی سیاسەتی بەریتانیا و دژایەتی بیری بهڵشهفیك ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ئەو بیروڕایە و ناشرینکردنی پێوە دیارە. واتە کاری دژایەتی سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆیی ئەوانەی کردووە کە لەگەڵ بەریتانییەکان نەبوون. لە کۆی نووسینەکان بە کرمانجی خوارووە نوسراوە و کاریگەری شێوە ئاخاوتنی شاری سلێمانی لەسەردیارە.
نووسەرەکانی پێشکەوتن:- سەرپەرشتی نووسین لەلایەن “مێجهرسۆن” بووە و خودی ئەم کەسە حاکمی سیاسی شارەکەبووە و کوردی زانێکی باش بووە و تاکو ئەو ئاستەی شارەزا بووە و ئەلف و بێی کوردی نوسیووە، مێجهرسۆن هانی نووسەرەکانی داوە تاکو ئەوەی بە کوردی بەتی بنووسن، بۆ ئەو مەبەستەش پێشبڕکێ و خەڵاتی بۆ داناون وەکوئەوەی لە ژمارە”٢٧” ئاماژەی بۆ کردووە. زۆرجار لە گۆشەی”بۆ زانین” ڕۆژنامەکە پرسی لەسەر بابەتی ئایینی و دیاردەی کۆمەڵایەتی وروژاندووە و پرسیاری دروستکردووە. وەکو ئەوەی پرسیاری ئاراستەی قازی شارکردووە لەژمارە “٢٥” – “یاری لەسەر چا حەرامەیا حەڵاڵە” لە نووسینەکەی ئاماژەی بە ئایەتی قورئان کردووە” ئەبێت مەبەستی ئەوەبووبێت ئێوە کە موسڵمانن چۆن ئەوە دەکەن؟ یان ئەرکی قازی چییە؟ گەرنا ئەیتوانی ڕاستەوخۆ دیداری قازی بکات و بابەتەکەی لەگەڵدا باس بکات. کار گەشتۆتە ئەوەی ناوی “سلێمانیە” ی گۆریووە بۆ “سلێمانی” بەفەرمی لە ژمارە”١٢” دا، سەرەڕای لەگۆشەی “بۆ زانین” یاساو ڕێنمای دەرکردووە داوای پابەندبونی خەڵکی کردوە و سزای سەرپێچی دیارکردووە و سزای سەرپێچیکاریداوە.
هەروەها معاونی حاکمی سیاسی”کپتان دگلس” و”مستر الن” و معاونی حاکمی سیاسی و رەئیسی مالیە”کاپتان رایت” نووسینیان بەرچاودەکەوێت لە گۆشەکانی “بۆ زانین، اعلان” نووسەرە کوردەکان هەندێکیان بە ئاشکرا ناویان نووسراوە لەگەڵ بابەتاکانیان وەکو “سەعید سدقی- سەعید کابان، ڕەشید زەکی- زەکی کابان، جەمال عیرفان، تۆفیق فایق، عبداللە سەبری، مستەفا قەرەداغی، ئەحمەد موختار، ئەحمەد حەمدی-ساحبقڕان، زەکی سائیب، هادی، مەلا ئەحمەدی قەرەداخی، محمدجەمیل، معروف علی ئەسغر- جیاوک، محمد ناجی، م. نوری”. هەندێک نووسین هەیە کەناوی نووسەرەکەی بە ئاشکرا لەسەرنیە و هێما و نازناوە وەکو “م.م، ع.م، ع،ع، ع.ه ،س.ق، ج.ع، س.ز، ح.ف، م.ج، ق.ب، ق.ع.ج، م.ع،ن” زۆربەی شاعیرانی وەکو” م.نوری- شیخ نوری شێخ ساڵح، زێوەر، بێخود، عەلی کەمال باپیر، حەمدی- ئەحمەد حەمدی ساحیبقڕان، محمد فایق- فایق زێوەر، عەونی، ئەسیری، ئەحمەد رەنگە ئەحمەد موختاربێت،م. فهوزی”. بەرهەمی بڵاوکراوەیان هەبووە. هەندێک نووسین هەیە ئاماژە بە شوێنەکەی کراوە وەکو ئەوەی لە ڕانیەوە. ئەوەی دەرئەکەوێ ڕەنگە بەو چاپخانەیە جگە لە پێشکەوتن “دیوانی مەحوی” چاپکرابێت و لە چەند ژمارەیەکیدا ئاماژە بە نرخ و شوێنی فرۆشتنی دیوانەکە دەکات. لەم ڕۆژنامەیەوە ئیش و کار و چالاکی شارەوانی سلێمانی لەو ساڵانەدا ئاشکرا ئەبێت، بڕیاری دادگا و کێشە یاساییەکانی ئەو سەردەمەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە بەشێک لەو دیاردانە ئێستا بە ئاشکرا نابینرێت وەکو لە ژمارە”١٩” ئاماژەی بۆ کراوە، دەڵێت: هەوڵبدەین شیربایی و گەورە بە بچوک و ژن بەژن نەمینێت، کەچی “ژن گۆڕینەوە و باقی وەرگرتنەوە” ئەوەش هەیە. لە نووسینی عەلی کەمال لە چەمچەمال. بڵاوکردنەوەی یاسا و ڕێنمایی و ناوی سەرپێچی کار، وەکو سزدانی کەسی سەرخۆش لە شوێنە گشتی و شەقامەکاندا.
لەو رۆژنامەیەوە ئەوەی ئاشکرا دەبێت بوونی دیاردەی چەتەیی و ڕاو ڕووت کراوە بە ڕۆژی ڕووناک، لەو جۆرە ڕوووداوانە بە ئاشکرا ناوی کەسەکان براون و سزایان بۆ دیاریکراوە، هەرکەس هەواڵی لەو تاوانبارانە داوە یان ڕادەستی کردوون خەڵات کراون. نووسینی بابەتی کۆمەڵایەتی و خێزان و گرنگی دان بە خوێندن و قوتابخانە و چەندین وتار لەسەر جیاوازی خوێندن لە قوتابخانە و حوجرەکاندا و هاندانی خەڵکی تا منداڵ بنێرنە قوتابخانە و، خەڵاتکردنی قوتابیە سەرکەوتووەکان لەلایەن حاکمی سیاسی و بردنی قوتابیان بۆ سەیران، ڕوونکردنەوە لەسەر پرۆگرامی خوێندن، نووسین لەسەر گرنگی کاری چاپخانە، باسی چەندین ئامێری ئەو سەردەمەکراوە کە بەشێکی لە کوردستان پێشتر بوونی نەبووە وەکو چاپخانە و پاسکیل و کۆلارە- فڕۆکە و کەشتی، سەعات، ئوتومبێل، کامێرا، هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر، سینەما، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناوخۆیی و جیهانی کە زۆری هەواڵەکان بۆ ئەو سەردەمە نامۆ بووە و کەناڵی تر نەبووە قسەی لەسەر بکات بۆ خەڵکی ئاشکرابکات. بڵاوکردنەوەی بابەتی ئابووری و فەلسەفی و پەند، کە زیاتر جەمال عیرفان نوسیویەتی. لە نمونەی گۆشەی “بۆ زانین” کە تیایدا بڵاوکراوەتەوە:-
- نمونەلە ژمارە ٤٧/ بۆ زانین همو” مەجیدی کوڕی عەلی هموندی ٢٧ ساڵەیەو دەستە پیاوە و سمێڵی پڕو دریژە، ریشی تۆپە و موی سورە، پیاوی کوشتوە و هەلاتووە هچکس هوالی ئەو مجیدە بدات کە بو کوی جووە یا بیگرێت وبیگەیەنێتە حکومەت سندی ٣٠٠ روپیەی ئەدرێتی. ٢٦ فیبروری ١٩٢١ حاکمی سیاسی میجرسون.
- کردنەوەی مهکتهبی نمونەیی سهعادهت لەگەڕەکی دەرگەزێن
- دەست بەکاربوونی چەندین کەس لەدامەزراوەکان.
هەوڵەکان بۆ رێکخستنی هاتووچۆی ناوشار سزدانی ئەوانەی سەرپێچایان کردووە. لە ژمارە”٢٩” جگە لە عسکر هەرکس لە کۆلان و رێگای ناوشار تاو غاربدات جەزا دەدرێت ههول جار ٥ روپیە، دووهم جار ١٥ روپیە، سێم جار ٣٠ روپیە یان ٧ ڕۆژ حپس. حاکمی سیاسی میجر سون.
- سەردان وگەڕانەوەی حاکمی سیاسی ولسن.
- هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بلدیە و ئەنجومەنی شارەوانی لە ژ”٣٧”. بڵاوکردنەوەی ئیش وکارو چالاکی بلدیە ودانانی نرخی گومرگ لەسەر کەلوپەل وخواردەمەنی.
- هاندانی پەرەپێدانی کشتوکاڵ بەتایبەتی چاندنی تووتن و پەموو.
- هاتووچۆ بە ئوتومبێل.
- بیتاقە ،یانسیب.
- کاتەکانی ئیشکردنی سینەما و فرۆشتنی بلیت بۆ خزمەتی گشتی.
- تیاترۆ چەند جار باسی تیاترۆ کراوە بەناوی “لعبت ئەرمن” وەسفی تیاترۆخانە و کارکتەرەکانی دەکات.
دەبینین لە گۆشەی “اعلان” فرۆشتنی خانوو، تووتن، گەچ، قوماش. بڵاوکردنەوەی ناوی کوێخای ناحییەکان، ژمارەی نفوسی ناحییەکان ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ئامارە زۆر جوانە وەکو ئاماری دانیشتوانی قەرەداخ:- “١١٧٩ پیاو،١١٨٤ ژن،٤٥٠ کچ، ٥٧٠ کوڕ، ٣٣٨٣ هەمووی، ٩٤٢ خانوو،٤٥ گوند”. ئەوەی دەبینرێت ڕۆژنامەی ”پێشکەوتن” ئەرشیفێکی گرنگی شاری سلێمانیەو زۆرینەی بابەتەکانی پەیوەستە بە مێژووی شارەکە و ڕوداوە مێژوویەکانی ئێراق و جیهان.







































































