“كاردانەوەكانی حكومەتی ئێراق بەرامبەر ئاشتەوایی “پارتی و یەكێتیی” و پرۆژەی ناوچەی ئازاد كراوەكان”
ا. هۆكاری سەرەكی كاردانەوەكان.
ئەو بەرەوپێشچوونانەی لەگەڵ هاتنی ساڵی (1985) لەنێو پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان هاتە ئاراو شەڕ و ململانێكانی بۆ ئاشتی گۆڕی، كۆماری ئیسلامی ئێرانی هێنایە سەر هێڵ و هەنگاوەكانی خێراتر كرد. گەیشتە ئەوەی، ئاشتییە لابەلاكان بۆ ئاشتییەكی زەمینە فراوان و دریژخایەن بگۆڕێت. لەو هەوڵەشدا سوودی یەكەم بۆ خۆی دەگەڕایەوە، چونكە لەبری ئەوەی لایەن لایەن، یان (دوو) لایەن و (سێ) لایەن و بەجیا لەگەڵیان دابنیشێت و گوێیان لێ بگرێت و بەدەم داواو پێداویستییەكانیانەوە بچێت، بە یەكگرتووی كۆی دەكردنەوەو لەگەڵیان دادەنیشت و گوێیان لێ دەگرت. دواتر هەموویانی بەیەكەوە دەكرد بەگژ دەوڵەتی ئێراقدا. هەربۆیە لەگەڵ یەكەم نزیكبوونەوەو ئاشتەوایی لایەنە كوردییەكانی باشووری كوردستان، تا بە كۆبوونەوەكەی (پارتی و یەكێتی) دەگات لە (17ی تشرینی دووەمی1986) لە “تاران”ی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یەك ساتیش نە لێیان دووركەوتەوەو نە لە خاڵە ناكۆكییەكانیشیان ماندوو بوو. تەنانەت لە یەكەمین كۆبوونەوە، تا دوایەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو لایەنە كوردییانە، نوێنەری ئەو هێزەی سوپای پاسداران، كە لەساڵی (1981) بەناوی “قەرارگای ڕەمەزان” دامەزرابوو، لە هەموو كۆبوونەوەكاندا بەشدار بوو. هەروەها هیچ كارو هەنگاو بەدواداچوونێك، بێئەوان بە ئەنجام نەدەگەیشت. هەربۆیە لە یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان، تا بە كۆبوونەوە گشتییەكەی “پارتی و یەكێتی” دەگات، هیچ هێز و لایەنێك هێندەی ئێرانییەكان پشوو درێژ نەبوو. هەربۆیە دواجار كۆتایی بە قۆناغێكی تری شەڕی ناوخۆیی باشووری كوردستان هێناو ئامادەكاری بۆ قۆناغێكی تری شەڕێكی دەوڵەتی ئێراق كرد.
لێرەوە بە پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاشتەوایی كۆی لایەنەكانی باشووری كوردستان هاتە ئاراو لایەنە ناكۆكەكانی هەردوو بەرەی “جود و جەودەق” لەیەك نزیك بوونەوە. ئەو ڕووداوەش چەندە بۆ لایەنە كوردییەكانی باشووری كوردستان گرنگ بوو، بەوەی لەبری شەڕی یەكتر، خۆیان بۆ شەڕی حكومەتی ئێراق ئامادە بكەن، بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانیش گرنگ بوو، بەوەی بە سوود وەرگرتن لە یەكگرتوویی هێزی ئەو لایەنە سیاسییانە بەتایبەت “پارتی و یەكێتی”، باشتر ڕووبەڕووی سوپای ئێراق لەسەر زەوی ببێتەوە.
لەنێو ئەو دۆخەو ئەوەی لەناو خاكی وڵاتی ئێران هاتە ئارا، حكومەتی ئێراقیش بێ پلان و بێ كاردانەوە نەبوو. واتە چەندە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سوودی خۆی لە خەمی نزیك كردنەوەو یەكخستنی لایەنە سیاسییەكانی كوردی باشوور بوو، تا بۆ خزمەتی وڵاتەكەی لەو جەنگەدا بەكاری بهێنێت، ئەوەندەش حكومەتی ئێراق، پلان و كاردانەوەی هەبوو، تا رێگری لەو هەوڵەی حكومەتی ئێران بكات. هۆكارەكەش ڕوون بوو، بەوەی هەر پلان و هەنگاوێكی لەو جۆرە، بە زیان و پیلان بۆ خۆی و ئاسایشی وڵاتەكەی ئەزانی. واتە چەندە ڕووداوەی ئاشتەوایی بۆ لایەنە سیاسییە كوردییەكانی باشوور و شۆڕشەكەیان و كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگ بوو، (دوو) هێندە زیانی بۆ دەوڵەتی ئێراق هەبوو. هەربۆیە بێ كاردانەوە نەبوو. دیارە باش دەیزانی، كە كۆماری ئیسلامی ئێران یەك مامەڵەی لەگەڵ كۆی هەموو ئەوان دەكات. ئەمەو كۆی هێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی دژبەری، ڕووبەڕووی خۆی دەكاتەوە. هەروەها كۆی ئەو هێزانە، تواناو هێزی پێشمەرگەی خۆیان لەبری شەڕی یەكتر دەخەنە خزمەتی شەڕ لەگەڵ سوپای ئێراق و هێزە چەكدارەكانی سەر بەو دەوڵەتە. لە هەردوو بارەكەشدا گەیشتبوویە ئەوەی، كە دەسكەوتەكانی ئەو یەكگرتووییە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی باشووری كوردستان زیاتر و باشترە. هەروەها ئاشتەوایی (پارتی و یەكێتیی) وەك (دوو) هێزی كاریگەری نێو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و چەكداری، هێزێكی نوێ بە شۆڕشە چەكدارییەكەیان و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەگەیەنێت. هەربۆیە پێویست بوو، فریا بكەوێت و بێدەنگ دانەنیشت و پلانی بۆ لێدانی ئەو پێشهاتە نوێیانە هەبێت، بۆیە دەستی دایە زنجیرەیەك كاردانەوەی تووند، كە هەریەكەیان، پلانێكی لایەنی بەرامبەری ڕاگرت.
لەنێو ئەو دۆخەدا نابێت ئەوەش لەیاد بكەین، كە دەوڵەتێكی وەك ئێراق لەگەڵ ئەوەی ئەزموونێكی باشی لەسەر دۆزی كورد و لێدانی راپەرین و شۆڕشەكانی و پاشەكشە لە بەڵێن و كات كوشتن هەبوو، ئەزموونی باشیشی لە شكست پێهێنانی رێكەوتنەكان هەبوو، ئاسایی بۆ ئەو دۆخەی هاتبووە پێش، پلان و پیلان و كاردانەوەی هەبوو. ڕاستە باس لەوە كراوە، كە حكومەتی ئێراق بۆ ئەوە نەچووە، دوای پاشەكشەی لەو رێكەوتنەی لەگەڵ یەكێتیی، ئەو لایەنە ڕوو لە كۆماری ئیسلامی ئێران بكات و دواتر لەگەڵ لایەنەكانی بەرەی جود و لە سەروویانەوە “پارتی دیموكرتی كوردستان” ئاشتییان بكاتەوە، بەڵام بەو بەڵگەنامانەی هەردوو دەزگای ئەمن و موخابەراتی حكومەتی ئێراق، كە دوای ڕاپەرینەكەی (ئازاری1991) دەستمان كەوت، بۆمان دەركەوت، كە حكومەتی ئێراق بۆ ئەوە چوو بوو، كە پاشەكشە لەو رێكەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتیی، دواجار ئەو هێزە بەرەو كۆماری ئیسلامی ئێران دەروات، بەڵام لەگەڵ لایەنەكانی بەرەی جود و لە سەروویانەوە لەگەڵ پارتی ئاشتییان ناكاتەوە، چونكە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتە لەگەڵ پەرتەوازەیی و ناكۆكی ئەوان بوو، نەوەك نزیكبوونەوەو یەكگرتنیان، بۆیە ئەو بۆچوونەش پێچەوانە گەڕاو ئەوە ڕووینەدا، كە ڕوویدا. ئەوەش وایكرد كاردانەوەكانی خێراو تووندبن. خێرا وەك ئەوەی ڕاستەوخۆ لە سەرەتایی ساڵی (1987) دەستی بكات بە جێبەجێكردنی پلانەكانی و كاردانەوە تووندەكانی بەرامبەر پارت و ڕەوتە كوردییەكانی باشووری كوردستان و تەنانەت دەوڵەتی ئێران. تووندیش بەو واتایەی ئەوانەی ئەنجامیدان، پێشتر ئەنجام نەدابوون و لە بۆچوون و پیشبینی كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكانیش نەبوو.







































































