لەم چەرخەی میدیادا، ئێستا دەتوانی بە کلیککردنێک سەرانسەری هەواڵەکانی جیهان و ناوخۆ ببانیت؛ میدیاش هێزێکە کە بیرکردنەوە، هەستکردن و هەڵوێستی تاک و کۆمەڵگە ئاراستە دەکات. بۆیە پەروەردەی میدیایی بووەتە یەکێک لە گرنگترین پێویستییەکانی ئەم سەردەمە. بە واتایەکی سادە، پەروەردەی میدیایی ئەو توانایەیە کە مرۆڤ فێر دەکات چۆن ڕاستی لە درۆ جیا بکاتەوە، چۆن سەرچاوەکان هەڵبسەنگێنێت و چۆن بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ نامە و پەیامی میدیایی بکات. لە سەردەمی میدیای نوێدا، خوێندەواریی ڕاستەقینە پێویستی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە، تاکو مرۆڤ بتوانێت بڕیارەکانی خۆی بە هۆشیاری وەربگرێت.
لە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردستانیشدا، گرنگیی ئەم بابەتە زیاتر دەردەکەوێت؛ چونکە لەگەڵ فراوانبوونی میدیای نوێ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی بێسەرەوبەر، زانیاریی ناڕاست و پەیامی ئاراستەکراو زۆرتر بوونەتە هۆی شێواندنی ڕای گشتی. ئەم دۆخە وای کردووە هەندێک جار خەڵک بەبێ دڵنیابوون لە ڕاستیی زانیارییەک، لەگەڵیدا هاودید بن یان بڵاوی بکەنەوە. کاتێک بە وردی تەماشای کۆمێنت و کاردانەوەکان دەکەین، یان سەرنجێک لە شێوازی وەستاندن و پێشکەشکردنی هەندێک هەواڵ دەدەین، ئاشکرا دەبێت کە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لە ئاستێکی باڵای پەروەردەی میدیایی نزیک نەبووەتەوە. ئەمە مەترسییە؛ چونکە کۆمەڵگەیەک کە ناتوانێت زانیاری هەڵبسەنگێنێت، ئاسانتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی درۆ، هەڵخەڵەتاندن و دابەشبوون.
لەو بارەیەوە، بیرمەندی گەورەی پەروەردە، پاولو فرێرە وتوویەتی: “خوێندنەوەی جیهان پێش خوێندنەوەی وشە دێت، و خوێندنەوەی وشەش بەردەوام پێویستی بە خوێندنەوەی جیهان هەیە.” واتە مرۆڤ نابێت تەنها وشە و دێڕ بخوێنێتەوە؛ پێویستە پشتەوەی وشەکان، مەبەست، بارودۆخ و ئامانجی پەیامەکانیش بخوێنێتەوە. ئەمە بە تەواوی لەگەڵ پەروەردەی میدیایی یەکدەگرێتەوە؛ چونکە مەبەستی پەروەردەی میدیایی ئەوەیە تاک فێر بکات تەنها سەیری ناوەڕۆک نەکات، بە چاوی هۆشیاری سەیری ئەو دەوروبەر و مەرجانەش بکات کە لێیاندا هەواڵ یان پەیامێک دروست دەبێت.
هەروەها، بیرمەندی ناسراوی میدیا، مارشال مەکڵۆهان وتوویەتی: “The medium is the message”، واتە “خودی میدیاکە پەیامەکەیە.” مەبەستی ئەوەیە کە کاریگەریی سەرەکی تەنیا لە ناوەڕۆکی پەیامدا نییە، بەڵکوو لە شێواز و ئامرازدایە کە پەیامەکەی پێ گەیاندراوە. کاتێک هەواڵێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، زۆرجار خێرایی، هەست و کاردانەوەی هاووڵاتی، زیاتر لە خودی ڕاستیی هەواڵەکە کاریگەر دەبن. لەبەر ئەوە، لە سەردەمی ئێستادا نابێت تەنیا بپرسین “ئەم هەواڵە چی دەڵێت؟”؛ دەبێت بپرسین “لە چ میدیایەکەوە هاتووە؟ بۆچی بەو شێوەیە پێشکەش کراوە؟ و چ جۆرە کاریگەرییەکی لەسەر بینەر یان خوێنەر دروست دەکات؟”
لە هەمان چوارچێوەدا، نیل پۆستمان ئاگادارمان دەکاتەوە کە پرۆپاگەندە ئەو جۆرە زمانەیە کە مرۆڤ بانگهێشتی وەڵامدانەوەی هەستیار، خێرا و دووقۆڵی دەکات. واتە ئەو پەیامانەی کە وا لێت دەکەن بێ بیرکردنەوە و بە شێوەی “یان ئەم یاخود ئەو” بڕیار بدەیت، زۆرجار لە دژی هۆشیاری و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کار دەکەن. ئەم تێبینییە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر گرنگە؛ چونکە زۆرێک لە بابەتە میدیاییەکان بە شێوەیەک دادەنرێن کە مرۆڤ بخەنە ناو تووڕەیی، ترس یان دژایەتی، نەک ناو لێکدانەوە و تێگەیشتن.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە پەروەردەی میدیایی بکرێتە بەشێکی بنەڕەتی لە پەروەردەی گشتی. قوتابخانەکان لە هەرێمدا دەبێت بە شێوەیەکی کرداری، لەگەڵ مامۆستایان، مامۆستایانی ئاینی، ڕۆشنبیران و هەموو ئەو کەسانەی لە دروستکردنی ڕای گشتیدا کاریگەرییان هەیە، لینکێک دروست بکەن بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی وشیار. ئەم پەروەردەیە تەنیا وانەی تیۆری ناگرێتەوە؛ بەڵکوو دەبێتە هۆی فێربوونی هەڵسەنگاندنی سەرچاوە، دڵنیابوون لە ڕاستیی وێنە و ڤیدیۆ، ناسینەوەی هەواڵی ساختە، و فێربوونی ئەخلاقی گفتوگۆ و کۆمێنتکردن. هەتا منداڵ و گەنج فێر ببن کە هەر شتێک لە میدیا بینرا یان بیسترا، بەڵگەی ڕاستی نییە، ئەوا دەتوانین کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووتر، ئارامتر و هۆشیارتر بنیات بنێین.
پەروەردەی میدیایی تەنیا بابەتێکی فێربوونی تەکنیکی نییە، بەڵکوو زیاتر پاراستنی هۆش، پاراستنی ڕاستی و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر ئێمە ویستمان کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پێشکەوتوومان هەبێت، پێویستە لە بنەڕەتەوە گرنگی بە پەروەردەی میدیایی بدەین؛ چونکە کۆمەڵگەی هۆشیار ئەوەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی فریو بدرێت، و تاکی هۆشیاریش ئەوەیە کە پێش بڕیاردان، پێش بڵاوکردنەوە و پێش هەڵوێستوەرگرتن، پرسیار دەکات، هەڵدەسەنگێنێت و دواتر بڕیار دەدات.







































































