“هەژانێكی گەورە لە ئابووریی جیهانی”
ئەنجامەكانی دوو مانگی جهنگ لە ئێران، زۆر زوو سنوورەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی تێپەڕاندووە و خۆی لە كارخانەكان، فرۆكەخانەكان، بازاڕی وزە و بودجەی وڵاتان لە چەند كیشوەر پیشان داوە. ئەم جهنگە، كارخانەكانی ڕیستن و چنین لە هیند و بەنگلادشی تووشی داخستن كردووە، فرۆكەكان لە ئەیرلەندا، پۆلۆنیا و ئەڵمانیا زەوین گیر كردووە و ڤێتنام، كۆریای باشوور و تایلەندی ناچار بە پشك بەندی وزە كردووە. بەمەیشەوە، لەنێو ئەم پەریشانییە بەرفراوانەدا، واقعیەتێكی سیاسی و ئابووری زیاتر لە هەمووی سەرنج ڕادەكێشێت: وڵاتێك كە تا ڕادەیەكی زۆر لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم قەیرانە لە ئەماندا بووە، هەمان وڵاتە كە جهنگی دەست پێكردووە، ئەویش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە.
“قەیرانی وزە و سێبەری قەیران بەسەر ئاسیا و ئەوروپا”
لە كاتێكدا كە نیشانەكانی هۆشداردەری قەیران لە ئابوورییەكانی ئاسیا و ئەوروپا ئاشكراتر بووە، دیسان ئەمریكا لە بارودۆخێكی تاڕادەیەك خۆڕاگر دایە. گەشەكردنی ئابووری ئەم وڵاتە بە جێگیریی ماوەتەوە و ڕێژەی بێكاریش لە ئاستێكی خوارەوە پارێزراوە. هەر ئەم تەحەمولكردنە بووەتە هۆی ئەوەی ڕویال بانكی كەنەدا هەفتەی ڕابردوو ڕایبگهێنێت؛ “هێشتاش مەرجبەندی لەدژی ئابووری ئەمریكا دژوارە” پانتایی خەسارەكان تەنانەت گەیشتۆتە وڵاتانی دەوڵەمەندی كەنداویش. ئێمارەتی یەكگرتووی عەرەبی، یەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان كە كۆی دارایی سندوقەكانی سامانی دەسەڵاتداریەتی ئەو لە دوو تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، دوای زیان گەیاندن بە مەیدانە گازییەكان بە هۆی هێرشی موشەكی و ڕاگرتنی كەشتیوانی لە گهرووی هورموز، داوای یارمەتی دارایی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كردووە. تەنها لە ماوەی هەشت هەفتە، ئاسۆی ئابووریی جیهانی بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕاوە.
بەڵام قورستترین گوشار لەسەر شانی وڵاتانی هەژار و خەساروەرگر دەبێت، وڵاتانێك كە بەكارهێنەرانیان توانایی دانی تێچوونی سەرتری وزەیان نییە و حكومەتەكانیان سەرچاوەی پێویستیان بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم بەرزبوونەوەی تێچوونانە لەبەر دەستدا نییە. هاوكات، قورستربوونی بارودۆخی دابینكردنی داراییش كێشەی ئەم وڵاتانە قووڵتر دەكات. بە زۆربوونی بێ متمانەیی جیهانی، تێچوونی قەرز بەرز دەبێتەوە و دەوڵەتانێك كە بۆ هاوردەكردنی وزە، دابین كردنی كالا بنەماییەكان یان دانی قەرزی بیانی پێویستیان بە سەرچاوە داراییەكان هەیە، ڕووبەڕووی گوشارێكی دوو بەرامبەر دەبنەوە. بەرزبوونەوەی زۆری نرخی سووتەمەنی و پەین، تەنها شوكێكی كاتی لە بازاڕی وزەدا نییە، بەڵكوو نیشانەیەك لە شەپۆلێكی دواتری قەیرانە كە ڕەنگە لە مانگەكانی داهاتوو خۆی لە نرخی مادەی خۆراكیدا پیشان دەدات. لەم بوارەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هەفتەی ڕابردوو هوشداری دا كە لە ئەفریفا ” نائەمەنی خۆراكی بە توندی لە حاڵی بەرفراوانی دایە” هاوكات پرۆگرامی پەرەسەندنی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ڕایگەیاندووە، لە ناوچەی ئاسیا و ئۆسترالیا، ملیۆنان كەس بە هۆی ئەم دەرگیرییەوە لە سنووری هەژاری دان. “ڕاغۆرام ڕاجان”، ئابووریزانی زانكۆی شیكاگۆ و سەرۆكی پێشووی بانكی ناوەندی هیند دەڵێت ئێستا زۆربەی وڵاتانی ئاسیایی تووشی كەمی سووتەمەنی بوون، كەموكۆڕییەك كە ڕەنگە بە بەردەوامی جهنگ، توندتر ببێت. ئەو كە پێشتر لە پۆستی باڵای سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش چالاكی هەبوو، هۆشداری داوە: ” ئەم كەموكۆڕیانە هەر ڕۆژ زیاتر و زیاتر خۆیان پیشان دەدەن.” بە وتەی ڕاجان، لە زۆربەی وڵاتان، دەرئەنجامە ڕاستەقینەكانی قەیرانی نوێ لە حاڵی ئاشكرابوون دایە و هێشتا هەموو ڕەهەندەكانی خۆی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و پیشەسازییدا پیشان نەداوە.
“لە پۆڵای هیند هەتا ئۆتۆمبیل سازی ژاپۆن، پیشەسازیی جیهان لە ژێر گوشاری وزەدا”
پاشەكەوتی وزە لەچەند وڵات بەرەو كۆتاییە و هەندێ باریش ڕاوەستاون. ڕاجان بۆ شیكردنەوەی ئەم بارودۆخە كەڵكی لە وێنەیەكی هوشداردەرانە وەرگرتووە و گوتوویەتی؛ ” ئاوەكە خەریكە دێتە كوڵ، بۆقەكە لەنێو ئاو دایە و پلەی گەرمی بەردەوام بەرز دەبێتەوە و ئێستا هێدی هێدی دەبینین كە پیشەسازییەكان یەك لە دوای یەك دادەخرێن” هەر لە ئێستاوە نیشانەكانی ئەم گوشارە لە بەشی پیشەسازی بەدەركەوتووە. كارخەكانی پۆلاسازی لە هیند و ئۆتۆمبیل سازانی ژاپۆن بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و نیگەرانی لە دابەزینی خواست، بەرهەمهێنانی خۆیان كەم كردۆتەوە. لە چینیش كارخانەكانی بەرهەمهێنانی كەلوپەلی یاری كە پێشتر لەژێر گوشاری ڕسوماتی ئەمریكادا بوون، هەنووكە ڕووبەڕووی شەپۆلێكی نوێ لە ناڕەزایەتی كرێكاران بوونەتەوە. هەزاران كرێكار كە نیگەرانی لە دەست دانی كاریانن، تووڕەیی خۆیان پیشان داوە. بەیانییەكی هەفتەی ڕابردوو، لە شاری فیروزئاوا لە باكووری هیند، بازاڕی كار كەشێكی قورس و بێ گەشەی هەبوو. كرێكاران بەبێ ئامانج لە گۆڕەپانەكەدا پیاسەیان دەكرد، چاوەڕوانی خاوەنكارێك بوون كە ڕەنگە بۆ چەند كاتژمێر كاری ڕۆژانە پێویستی بەوان هەبێت. “محەمەد وەسیم”، گەچكار، لەنێو ئەم كرێكارانەدا ڕاوەستابوو و لەگەڵ خاوەنكارێك چەقەچەقی بوو كە بۆ كارێكی بینا تەنها 500 ڕوپیەی پێشنیار دەكرد، ژمارەیەك كە زۆر نزمتر لە هەقدەستی باوی ئەوە. لەهەمان بازاڕدا، “ئاسەف محەمەد” كرێكاری 25 ساڵە كە خشت و چیمەنتۆ باری لۆری دەكات، پێنج مایل لە خانووی هەتا بازاڕ بە پێ هاتبوو. ئەو ئامادە بوو هەمان هەقدەستی 500 ڕوپیەیی پەسەند بكات بەڵام تەنانەت ئەم بڕەش ئیدی وەڵامدەری تێچوونی ڕۆژانەی نەبوو.
گوشاری جهنگ تەنها بە كرێكارانی هەقدەستی ڕۆژانەی نێو هیند سنووردار نەبووە. ملیۆنان كرێكاری هیندی كە زۆربەیان لە ئێمارەتی یەكگرتووی عەرەبی و عەرەبستانی سعودی ژیان و كار دەكەن و هەر ساڵ بە ملیاران دۆلار حەواڵەی وڵاتی خۆیان دەكرد، هەنووكە لە دەرەوەی وڵات بەبێ كار سەرگەردان بوون. لەهەمان كاتدا، كەمی كالاكان كە زۆربەی كات لە گەرۆی هورمزەوە دەیانگوازتەوە، زەنجیرەی دابین كاری جیهانی لە بەشە چاوەڕوان نەكراوەكانیش تووشی تێكچوون كردووە. هلیۆم، ئەلۆمینیۆم و نەفتا چەند نموونە لەم كالایانەن، مادەیەك كە نەبوون یان گەرانییان كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی ژمارەیەكی بەرفراوان لە بەرهەمەكان دادەنێت. بەمانەوە، ئابووری ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بەتەواوی لەم شۆكە پارێزراو نەبووە. لەسەرەتای جهنگەوە، نرخی بەنزین لە ئەمریكا زیاتر لە دۆلارێك بۆ هەر گاڵۆن بەرز بووەتەوە، بەرزبوونەوەیەك كە بە پراكتیك وەكو باجێكی شاراوە لەسەر بەكارهێنەرانی ئەمریكی كار دەكات. ئەم گوشارە بەتایبەت لە سەر خێزانە كەم داهاتەكان قورستترە، لەبەر ئەوەی پشكی زۆرتر داهاتیان بۆ سوتەمەنی، هاتووچۆ و تێچوونە زەرورییەكانی ڕۆژانە دەبێت. لە وال ستریتیش دەرئەنجامەكانی جهنگیش بە خێرایی لە پێش بینییە ئابوورییەكاندا بیندراوە. بانكەكانیش لە سەرەتای دەرگیرییەوە، مەزەندەی خۆیان لە گەشەكردنی ئابووری ئەمریكا دابەزاندووە و پێش بینی هەڵاوسانیان زۆرتر كردووە. هاوكات هیوا بە داەبەزینی زۆرتری رێژەی فایز، لانیكەم هەتا پێش لە پاییز، كەم ڕەنگ و كاڵ بووەتەوە.
“قەیرانی هەڵاوسان لە بۆسە دایە بۆ ئابووری جیهان”
لە ناوچەكانی دیكەی جیهان، وێنەكە زۆر لێڵترە. هەنووكە زۆربەی وڵاتان بە پێكهاتەیەكی مەترسیدار لە گەشەكردنی هێواش و هەڵاوسانی بەرز ڕووبەڕوون، بارودۆخێك كە زەنگی مەترسی قەیرانی هەڵاوسانی لێداوە. لە بارودۆخێكی وەهادا، ئابووری نەك بە ڕادەی پێویست گەشە دەكات و نە نرخەكان كۆنتروڵ دەكرێن، بۆیە حكومەتەكان هاوكات لەگەڵ كەم كردنەوەی چالاكییە ئابوورییەكان، ڕووبەڕووی گوشاری بژیو و زۆربوونی ناڕەزایەتییە كۆمەڵایەتییەكان دەبنەوە. لە ئاستی جیهانی، كەمی كاڵا گرنگەكان و نرخی بەرزی سیكلی نیگەرانی بەخشی لە دابەزینی چالاكییە ئابورییەكان دروست كردووە. كاتێك نرخی سووتەمەنی بەرز دەبێتەوە، خواست بۆ بەكارهێنانی وزەش دادەبەزێت. بەڵام ئەم دابەزینەی خواست تەنها بە مانای بەكارهێنانی كەمتر نییە، بەڵكوو كەوتنی بەرهەمهێنان، دابەزینی كاركردن و سنوورداربوونی خەرج كردنی خێزانەكان و كۆمپانیاكانی لێدەكەوێتەوە.
دەتوانین نموونەی ئاشكرای ئەمە لە پیشەسازی هەواییدا ببینیەوە. كۆمپانیای فرۆكەوانی لۆفت هانزای ئەڵمانیا 20 هەزار فڕینی پلان بۆ دانراوی بۆ هاوینی ئەمساڵ هەڵوەشاندەوە. بە دوو بەرامبەر بوونی نرخی سووتەمەنی فرۆكە، هەر 20 كۆمپانیای گەورەی فرۆكەوانی جیهان لانیكەم بەشێك لە فڕینەكانی خۆیان كەم كردۆتەوە. ئەم كەم كردنەوەی فڕینەكان تەنها كێشەی كۆمپانیاكانی فرۆكەوانی نییە، بەڵكوو زەربەیەكی ڕاستەوخۆ لە گەشتیاری، گەشت كردن بۆ كار و زەنجیرەیەكی بەرفراوان لە پیشەكانی بەستراوە بە گواستنەوەی مرۆڤەكانە. كاتێك فڕین كەم دەبێتەوە، سەفەری گەشتیاری و كاری كەم دەبێتەوە، كاتێك گەشتەكان كەم دەبێتەوە، خەرج لە هۆتیلەكان، ڕیستۆرانتەكان، فرۆشگاكان و خزمەتگوازیش لۆكاڵیش دادەڕمێت.
بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، گرنگترین ئێمتیاز لەم قەیرانە، پێگەی تایبەتی ئەو لە بازاڕی وزەیە. بەپێچەوانەی زۆربەی ئابوورییە هاوشانەكانی خۆی، ئەمریكا زیاتر لە ڕێژەی بەكارهێنانی ناوخۆی نەوت و غاز بەرهەم دێنێت. بە دەربڕینێكی دیكە، ئەمریكاش دەكەویتە ژێر كاریگەریی گۆڕانكاریی بازاڕیی جیهانی وزەوە، بەڵام وەكو ئابوورییگەلێك كە بەستراوە بە وزەن، ڕاستەوخۆ و خێرا زەربەی بەر ناكەوێت. ئابووری ئەمریكا خاوەنی ئێمتیازێكی گرنگی دیكەیشە؛ پێكهاتەی ئەو تا ڕادەیەك لەسەر خزمەتگوازی بوونیاد نراوە و بەستراوەیەكی تا ڕادەیەك كەمتری بە پیشەسازی بەرهەمهێنان وزەبەر هەیە، هەمان ئەو پیشەسازیانەی كە لە زۆربەی وڵاتان، زۆرترین خەسار لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازیان بەر دەكەوێت. جیا لەمەش، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە سەرەتای جهنگ، لە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دیكە، خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزتر بوو. گەشەكردنی جێگیر، بازاڕی كاری خۆڕاگر و بەكارهێنانی ناوخۆیی بەهێز، جۆرێك زەربەگیریی لە بەرامبەر دابەزینی خێرای گەشەكردندا دروستكردووە. “جیسون بۆردۆف”، بەڕێوەبەری بوونیادنەری ناوەندی سیاسەتی جیهانی وزە لە زانكۆی كۆلۆمبیا، ئەم جیاوازیەی بە ڕوونی باسكردووە و گووتوویەتی: ” ئێمە هەمان ئەو ئازارە هەست ناكەین كە باقی جیهان هەستی دەكەن.” بەپێی وتەی ئەو لە شۆكێك بەم گەورەییە، كەموكۆڕییە فیزیاییەكان سەرەتا لە ئاسیا خۆی پیشان دەدات و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام ئەمریكا دوایین شوێنە كە هەست بە كاریگەرییەكان دەكات”.
“بن هەریس”، ئابووریزانی دامەزراوەی بروكینگێس و ئابووریزانی باڵای پێشووی وەزارەتی خەزنەداری لە كابینەی بایدن، لە ئاست بەردەوامی ئەم شوكە هشداری داوە. ئەو گووتوویەتی: “ئێمە نازانین ئەم شوكە هەتا كەی بەردەوام دەبێت و وا بیر دەكەمەوە ئەگەر بەردەوام بێت، ڕەنگە شەش مانگی دیكە گفتوگۆیەكی بەتەواوی جیاوازمان ببێت”. تەنانەت ئەگەر جهنگ سبەینێ كۆتایی بێت، زۆربەی بەڕێوەبەرانی بواری وزە و چاودێرانی سیاسی دوودڵ كە هاتووچۆ لە گهرووی هورمز، یەكێك لە گرنگترین ڕێڕەوەكانی پاپۆڕوانی بۆ نەوت و غاز، هیچ كات ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش لە جهنگ. ئەم جهنگە پیشانی داوە كە تێپەڕبوونی ئازادانە لەم ڕێڕەوە تا چەندە دەتوانێت ناسك بێت و چلۆن قەیرانێكی سەربازی دەتوانێت ڕەوتی وزەی جیهان لە ماوەیەكی كورت پوچەل بكاتەوە.
ئادام پۆزن، سەرۆكی دامەزراوەی ئابووریی نێودەوڵەتی پێترسۆن، هۆشداری داوە: “ئێمە لەبەرامبەر شوكەكانی وزە خۆراگرترین، بەڵام وا بیر ناكەمەوە ئەم بارودۆخە دەوام بێنێت”. هاوكات زۆربەی وڵاتان بەتایبەت هاوپەیمانانی نەریتی ئەمریكا ـ پێش لەم جهنگەش لە حاڵی چاوخشاندنەوە لە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ واشنتۆن بوون. سیاسەتی بازرگانی سزادارانەی ترامپ، ڕەفتارە پێش بینی نەكراوەكانی ئەو تەنانەت داواكاری پڕ لە هاتوهاواری ئەو بۆ داگیركردنی گرینلەند، دوودڵی نوێی لەبارەی توانایی پشت بەستن بە ڕابەریی ئەمریكا هێناوەتە ئاراوە. بەپێی وتەی پۆزن، بڕیاری ترامپ بۆ دەست پێكردنی جهنگ لەگەڵ ئێران هەنووكە پێگەی سەرتری ئەمریكای لاواز كردووە. پۆزن لە بوارەوە هۆشداری داوە: “لە وێنەی ساتێكدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان كەمتر بە شێوەی ڕاستەوخۆ تووشی كیشە بووە، بەڵام نابێت لە ڕادەبەدەر پشت بەم بارودۆخە ببەستین”.
سەرچاوە:
نووسینی؛ پاتریشیا كۆهێن، پەیامنێری ئابووریی جیهان لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز
وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا ڕەسووڵی







































































