“لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا”
دوای ئەوەی هەموو لایەنەکان لە گرنگی ماشێنێکی وەک ڕاگەیاندن لە کۆکردنەوەی جەماوەر و پاڵپشتیکردنی حکومەتەکان لە کاتی شەڕدا تێگەیشتن، حکومەتەکان بەتایبەتی لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانیدا (1939 – 1945)، دەستیان کرد بە ڕاکێشانی سەرمایەداران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی پێشکەشکردنی/پێدانی ئیمتیازاتی تایبەت پێیان. ئەمە بە ڕوونی لەو پۆستەرانەدا دەردەکەوێت کە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاپی دەکردن و لە هەموو وڵاتدا بڵاوی دەکردنەوە، کە تێیدا مەترسیی هێرشەکانی ئەڵمانیا و ژاپۆنی بۆ سەر کۆمپانیاکان و سەرمایەداران نیشان دەدا؛ ئەمەش وەک شێوازێکی سەرەتایی بۆ سیاسەتی “تۆقاندن و هاندان”(تەرهیب و تەرغیب) دادەنرێت. لەو ماوەیەدا هۆڵیوود گەشەکرنێکی جۆریی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەخۆوە بینی، بەجۆرێک کە پاشکۆی وەزارەتی بەرگری بوو و بە فەرمانی ڕاستەوخۆ کاری دەکرد. لەو کاتەدا بۆ حکومەت دەرکەوت کە ئامڕازەکانی ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی بەهێزیان لە هاندانی گەلان بەرەو دۆزێکی دیاریکراو یان ڕەفتارێکی تایبەت هەیە. هەروەها لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا پیشەسازیی سینەما زیادبوونێکی بەرچاوی لە ژمارەی بینەراندا بەخۆوە بینی، تاوەکو ئەو قۆناغەی نێوان ساڵانی (1939 بۆ 1946) کە بە “سەردەمی زێڕینی هۆڵیوود” ناوزەد کرا، بەتایبەت ساڵی (1946) کە بەرزترین ڕێژەی بینەری هەبوو. لەو قۆناغەدا فیلمی وا دەرکەوت کە کاریگەرییان لەسەر چەندین نەوە هەبوو لەوانە فیلمی ڕۆیشتن لەگەڵ بادا (Gone with the Wind) ساڵی (1939)، (The Wizard of Oz) ساڵی (1939)، (Mr. Smith Goes to Washington) ساڵی (1939) و چەندین فیلمی دیکە کە کۆمەڵگای ئەمریکی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی زۆر پێیان سەرسام بوون.
شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن لەو سەردەمەدا چاوەڕێی/پێشبینی ئەم گەشە لەناکاو و کتوپڕەی ژمارەی بینەرانی فیلمیان نەدەکرد، تەنانەت هەندێکیان دەیانگوت پیشەسازیی سینەما تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵدەکشێت و دواتر پاشەکشە دەکات و لەناودەچێت. لێ بایەخدانی حکومەت لەو کاتەدا بە کاریگەرییە نزیکەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری، وای لێکرد سەرمایەداران بۆ خستنەگەڕی سەرمایەی زیاتر لەم پیشەسازییەدا هان بدات، ئەویش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ترس لە دوژمنی ئەڵمانی و ژاپۆنی لە دڵیاندا. حکومەت ئەمەی لە ڕێگەی (پۆستەرەکان هۆشیارکردنەوە)وە ئەنجام دەدا کە لە کەناڵە ڕاستەوخۆکانی ڕاگەیاندنی خۆیەوە بڵاوی دەکردنەوە. تێیدا بە ڕوونی هاندان و تۆقاندنی دەوڵەت بۆ کەرتی بارزگانی بەگشتی و بۆ سەرمایەداران بەتایبەتی دەردەکەوێت، کە دەستەواژەی وەک ” دوژمن هەڕەشە لە ئاسایش و سەربەخۆیی بازاڕە ئازادەکان و سەندیکا کرێکارییەکان دەکات، بەشداریی لەپێناو سەرکەوتن لە جەنگدا ئاسایش و سەربەخۆیی ئەو بازاڕانە دەستەبەر دەکات کە دەوڵەمەندیی بەردەوام بۆ سەرمایەداران بەدی دەهێنێت” لەخۆ گرتبوو. هەروەها لایەنگیریی دەوڵەت بۆ سەرمایەداران بە ڕوونی دەرکەوت، بەتایبەت ئەوانەی کە لە کەرتی سینەمادا کاریان دەکرد، ئەمەش لە کێشەی کۆمپانیای پاراماونت (Paramount Pictures) لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی (1938) بە ڕوونی دیار بوو. لەو کاتەدا حکومەت کۆمپانیای پاراماونتی بە قۆرخکاریی پیشەسازیی سینەما تۆمەتبار کرد؛ چونکە خاوەنی چەندین ستۆدیۆ بوو کە کێبڕکێ لەگەڵیدا مەحاڵ بوو. خەریک بوو کێشەکە بە بڕیارێک دژی کۆمپانیاکە کۆتایی بێت، بەڵام دادگاییکردنەکە لە کاتی جەنگدا (بە دیاریکراوی لە ساڵی 1940) بە مەرسوومێکی ڕاستەوخۆی حکومەت ڕاگیرا، بۆ ئەوەی کۆمپانیا بتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە حکومەتی ئەمریکا لەو قۆناغەدا بۆی دیاری کردبوو. ئاریشەکە جارێکی تر لە ساڵی (1942) نوێ بووەوە و تا ساڵی (1948) بڕیاری تێدا نەدرا، کە دواجار بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاراماونت بۆ چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنان و نمایشکردن درا. ئەم بڕیارەش بە کردەنیی تا ناوەڕاستی ساڵی (1950) جێبەجێ نەکرا، ئەم دواخستنەش لە بەرابەر ئەوەدا بوو کە پاراماونت ڕێنماییەکانی حکومەت لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانیدا جێبەجێ بکات.
لەو قۆناغەدا کۆمەڵێک کەسایەتی لە هیچەوە لە گۆڕەپانی هونەری و ئەدەبیی ئەمریکادا دەرکەوتن، لێ کاریگەرییەکی بنەڕەتییان لەسەر پیشەسازیی سینەما دانا. زۆربەیان لەو ” جووە ئەشکەنازی “(Ashkenazi Jews)یانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بوون کە لە دەست جەنگی جیهانی ڕایانکردبوو؛ لە کاتێکدا بێ ئومێدی باڵی بەسەردا کێشابوون و لێوانلێو بوون لە تووڕەیی، دوای ئەوەی نازییەکان سەروەت و سامانیان تاڵان کردن، سەرچاوە داراییەکانیان وشک کردن و ژمارەیەکی زۆریشیان لێ قڕ کردن. زۆرێک لەم ئەشکەنازانە کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا و لە چەند گەڕەکێکدا نیشتەجێ بوون، هەوڵیان دا تێکەڵی کۆمەڵگا ببن و دڵسۆزی خۆیانی بۆ بسەلمێنن، هاوکات هۆشیارییەکی گشتی دروست بکەن کە بەرەنگاری ڕەخنەکان ببنەوە و دۆزی خۆیانی پێ بناسێنن و هاوسۆزی بۆ ڕابکێشن. ئەوان لە چەندین پیشەسازیدا کاریان دەکرد و تێیدا لێهاتوو بوون، کە گرنگترینیان پیشەسازی سینەما بوو. لە نێو ئەمانەدا دەرهێنەر ویلیام وایلەر (1902 – 1981) هەبوو، کە توانی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (بەتایبەت هێزی ئاسمانی) بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی هونەری قایل بکات لەژێر ناوی (First Motion Picture Unit)، کە پتر لە (400) فیلمی “دۆکیۆمێنتاری، هاندان و فیلمی مەشقی بەرهەمهێنا” چونکە لەو سەردەمەدا ئەمریکا پێویستی بە دروستکردنی (160) هەزار فڕۆکە و ناونووسکردنی (2) ملیۆن گەنج هەبوو لە هێزی ئاسمانی، ئەمەش وەک کارێکی مەحاڵ دەهاتە بەرچاو. تا ئەو کاتەی ژەنڕاڵ “هاپ ئارنۆڵد – فەرماندەی هێزی ئاسمانی” داوای هاوکاری لە کۆمپانیای وارنەر بڕەزەرز (Warner Bros) کرد بۆ پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هونەری، و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیاکە “جاکۆب وارنەر” بە پلەی کۆلۆنێڵ لە سوپای ئەمریکا دامەزرا. هەروەها هاپ ئارنۆڵد داوای هاوکاری لە بەرهەمهێنەر “هاڵ واڵیس” کرد، بەڵام وی پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە چونکە خەریکی بەرهەمهێنانی فیلمی کازابلانکا (Casablanca) بوو ساڵی (1942)، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمە پڕوپاگەندەییەکان بۆ جەنگ لەو قۆناغەدا. هەروەها نووسەر “ئۆین کرامپ” کە وەک فەرماندەی یەکە دامەزرا، و ئەستێرەی هۆڵیوود “جەیمیس ستیوارت” کە پلەی عەمیدی لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا وەرگرت. سەرەنجام لە ساڵی (1942) فیلمی (Winning Your Wings) بەرهەمهێنرا، کە گەنجانی بۆ خۆبەخشی لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا هاندەدا. فیلمەکە چەندین خەڵاتی بردەوە و بەربژێری ئۆسکار بوو. دواتر کۆمپانیای (First Motion Picture Unit) چەندین فیلمی تری بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ کۆمپانیاکانی هۆڵیوود بەرهەمهێنا.
“ویلیام وایلەر؛ دەرهێنەرە ناڕوونەکە”
وایلەر لە ساڵی (1902) لە خێزانێکی جووی هەژار لە باوکێکی سویسری و دایکێکی ئەڵمانی لەدایکبوو. دایکی هەر لە منداڵییەوە حەزی شانۆ و سینەمای لا دروست کرد. دایکی خزمێکی هەبوو لە جووە دەوڵەمەندەکانی “لاوبهایم” بە ناوی “کارڵ لیملی” کە یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی پیشەسازی سینەما و دامەزرێنەری ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ (Universal Studios). کارڵ لیملی لە ساڵی (1884) کۆچی کردبوو بۆ ئەمریکا و ساڵانە گەشتێکی بۆ ئەوروپا دەکرد بۆ ڕاکێشانی گەنجە بەهرەمەندەکان تا لە ئەمریکا کاریان پێ بکات. لە ساڵی (1921) ویلیام وایلەری بینی و بڕیاری دا لەگەڵ خۆی بیبات بۆ نیویۆڕک بۆ کارکردن لە ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ. وایلەر لە گەیشتەکەیدا ئاشنای (پۆڵ کۆنەر) بوو، کە جووێکی چیکی بوو و وەک سەرۆکی لقی ئەوروپای کۆمپانیای یونیڤێرساڵ کاری دەکرد، دواتر بوو بە بەرهەمهێنەر و یەکێک لە گەورەترین بریکارەکانی هونەرمەندان لە هۆڵیوود، و هاوڕێیەتییەکی بەهێز لە نێوان ئەو و ویلەردا دروست بوو. دوای چەند ساڵێک کارکردن لە نیویۆڕک، وایلەر بڕیاریدا بچێتە هۆڵیوود بۆ کارکردن لە بواری دەرهێنانی سینەمایی. بەڵام میژووی هونەریی وایلەر جۆرێک لە ناڕوونی و تەمومژی پێوە دیارە؛ دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە پێداگرییەکی زیادەڕۆیانەی لە دروستکردنی ئەستێرەی سینەماییدا – ئەستێرەسازیی – هەبووە، بە جۆرێک کە وایلەر (32) کورتە فیلمی لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ بە یارمەتیی هاوڕێکەی “پۆڵ کۆنەر” دەرهێنا، ئەوەش پێش ئەوەی یەکەمین فیلمی درێژی خۆی لە ساڵی (1929) بە ناوی پاڵەوانانی دۆزەخ (Hell’s Heroes) دەربهێنێت کە “کارڵ لیملی” بۆی بەرهەم هێنابوو.
فیلمەکە باس لە سێ دز دەکات کە هەوڵ دەدەن بانکێک لە شارۆچکەیەک بە ناوی “ئورشەلیمی نوێ” ببڕن، لێ ژمێریاری بانکەکە دەکوژن و بەرەو بیابان هەڵدێن. لە کاتی گەشتەکەیاندا لە بیابان، تووشی ژنێک دەبن کە خەریکە منداڵی دەبێت، یارمەتی دەدەن تاوەکو منداڵەکەی ببێت، بەڵام کە ژنەکە هەست دەکات کاتی مردنی نزیک بووەتەوە، دزەکان دەکاتە باوکی ڕۆحیی منداڵەکە و داوایان لێ دەکات بیگەیەننە دەستی باوکی، کە دواتر دەردەکەوێت هەر ئەو ژمێریارەیە کە خۆیان کوشتوویانە. پاشان دایکی منداڵەکە دەمرێت، دزەکان بەرپرسیارێتی پاراستن و گەیاندنی منداڵەکە بۆ کڵێسەی ئورشەلیمی نوێ دەگرنە ئەستۆ، بەڵام لە ڕێگادا بڕێکی زۆر لە ئاوەکەیان لەدەست دەدەن. یەکەمیان خۆی دەکوژێت، بۆ ئەوەی ئەوانی تر بتوانن ئاوە کەمەکەی ماوەتەوە بیپارێزن، دووەمیان بە هەمان هۆکار جێیان دەهێڵێت و دەڕوات، بەمەش سێیەمیان بەرپرسیارێتی گەیاندنی منداڵەکە بۆ کڵێسەکە دەگرێتە ئەستۆ. بەڵام لە ڕێگادا بەهۆی تینوێتییەوە کە خەریکە دەمرێت و هیچ شتێکی لەبەردەمدا نییە جگە لە بیرێکی ئاوی ژەهراوی، بۆیە بڕیار دەدات لێ بخواتەوە و ئاو هەڵبگرێت تا بتوانێت لە کۆتاییدا مندڵەکە بگەیەنێت، دواتر گیان لەدەست دەدات. ئەم فیلمە وای کرد هەمووان هاوسۆزی بۆ ئەو سێ دزە نیشان بدەن، سەرەڕای ئەوەی یاساشکێن بوون، جگە لەوەی هەر خۆیان بوون باوکی ئەو منداڵەیان کوشت کە تەوەری فیلمەکە بوو. دەکرێت ئەمە بە دەستپێک و سەرەتای ئەو ئاڕاستەیەی فیلمەکانی هۆڵیوود دابنێین کە هاندەری هاوسۆزییە بۆ کارەکتەرە بەدکارەکان/خراپکارەکان، ڕەنگە ئەمەش بەکارهێنانێکی زیرەکانەی وایلەر بووبێت بۆ تواناکانی لەپێناو پشتگیریکردنی دۆزی زایۆنیزم. دوای ئەم فیلمە، وایلەر چەندین فیلمی تری دەرهێنا و بە وردەکارییەکی زۆر و لە ڕادەبەدەر لە کارەکانیدا بەناوبانگ بوو، ئەمەش وای لێکرد (13) جار کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بێت بۆ باشترین دەرهێنەر و توانی (4) جار بیباتەوە، کە یەکەمینیان لە ساڵی (1943) بو بۆ فیلمی خاتوو مینیڤەر (Mrs. Miniver).
کاتێک “وایلەر” پەیوەندی بە سوپای ئەمریکاوە کرد، لە ماوەی خزمەتەکەیدا چەندین فیلمی پشتیوانیی دەرهێنا، کە بیروباوەڕی سوپا لە مێشکی گەلی ئەمریکادا دەچەسپێنن، لەوانە فیلمی (Memphis Belle؛ A Story of a Flying Fortress) ساڵی (1944)، (Thunderbolt) ساڵی (1947)، (The Best Years of Our Lives) ساڵی (1946)، کە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دەریهێنا و کۆمپانیای ساموێل گوڵدوین (Samuel Goldwyn Co) بەرهەمی هێنابوو. چیرۆکی فیلمەکە باس لە کێشەکانی تێکەڵبوونەوەی سەربازە دێرینەکان دەکات بە کۆمەڵگادا دوای ساڵانی جەنگ، کە بەهۆیەوە لە ساڵی (1947)دا دووەم خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین دەرهێنەر بەدەست هێنا، ئەمە جگە لەو خەڵاتانەی تری کە لە ماوەی کاروانی هونەریدا بەدەستی هێناون.
پەنجاکان؛ نمایشی ترومان (Truman Show) – جەنگی سارد و سەرەتای سەردەمی دژە پاڵەوان (Anti-Hero) – پەرەسەندنی ململانێکان و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ماشێنی ڕاگەیاندن لە ماوەی جەنگی سارددا، دوای هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان “وینستن چەرچڵ” و “فرانکلین ڕۆزڤێڵت” لە لایەک و “جۆرێف ستالین” لە لایەکی ترەوە، لەمیانی گفتوگۆکانی تاران (1943) و یاڵتا (1945) سەبارەت بە چارەنووسی پۆڵەندا، ڕۆزڤێڵت لەناکاو کۆچی دوایی کرد. دوای ئەو هاری ترومان (Harry S. Truman) گەیشتە کورسیی دەسەڵاتی ئەمریکا؛ ئەو کەسەی کە تەنها (82) ڕۆژ لە پۆستی جێگری سەرۆکدا مابووەوە، هەروەها لە قوتابخانەیەکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر نەیخوێند بوو و بڕوانامەی زانکۆی بەدەست نەهێنابوو. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ گەشەسەندنی (قوتابخانەی شیکاگۆ) لە ئابووریدا، کە لە بنەڕەتدا پشتی بە سەرمایەداریی گشتگیر، سیاسەتی دەستوەرنەدان و بازاڕی ئازادی کراوەی بێ سنوور و بەربەستی دەوڵەت یان ڕەچاوکردنی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دەبەست هەروەها ئەوان سیاسەتی “هەڵبژاردنی گەلی”یان گرتەبەر؛ واتە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵبژاردە و ئارەزووەکانی گەلان لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سیاسەتی ئابووریی پەیڕەکراویانەوە و، لە ئەنجامدا کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری وڵاتەکانیان و پاشکۆکردنی/شوێنکەوتە بۆ خۆیان (بە کورتی کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری ئەو وڵاتانەی کە لە هەمبەریان سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی یان با باڵێین ئاڕاستەکردنی ئارەزووەکان گرتەبەر، کە دواتر ئەم وڵاتانە بوونە شوێنەکەوتەیان)، وەک ئەوەی لە پڕۆژەی چیلی (The Chile Project)دا ڕوویدا کە قوبخانەی ئابووریی شیکاگۆ پلانی بۆ داڕشتبوو بە مەبەستی تێکدانی پڕۆژەی گەشەپێدانی چەپگەرای کۆماری چیلی و کردنی بە پاشکۆی سیاسەتی سەرمایەداریی ئەمریکا. ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی فێرکردنی سەدان ئابووریناسی چیلی لەسەر بنەمای جیهانبینی قوتابخانەی شیکاگۆ جێبەجێ کرا “کە دواتر بە کوڕانی شیکاگۆی چیلی – Chicago Boys – ناسران”، بۆئەوەی دواتر لە وڵاتەکەی خۆیاندا بانگەشەی بۆ بکەن. ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای ئەوە بوو کە “ئالبیۆن پاترسن” ڕۆژێک بە یەکێک لە هاوکارەکانی گوتبوو؛ “ئەوەی ئێمە پێویستمانە، گۆڕینی پێکهاتەی مرۆڤە، بە مەبەستی کاریگەری خستنە سەر پەروەردە، ئەمەش کارێکی زۆر خراپە”.
هاری ترومان حەزی بە بیرۆکەی “سۆسیالیزمی کۆمەڵایەتی” نەدەکرد، هەروەها حەزی لە ستالینیش نەبوو. هەنگاوەکانی ستالین بۆ ئاڕاستەکردنی گەلی پۆڵەندا بەرەو دامەزراندنی حکومەتێکی کۆمۆنیستی، وەک سووتەمەنییەکی پێویست بوو بۆ هەڵایسانی جەنگی سارد. هەروەها هاری ترومان بوو بە ئامڕازێک بە دەستی ئابووریناسە نوێیەکانی قوتابخانەی شیکاگۆ. لە پەنجاکاندا جێشتخانەکانی خواردنی خێرا “فاست فوود” بڵاوبوونەوە و، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و سەرکەوتن بەسەر بەدکاران/شەڕانگێزەکاندا، پڕوپاگەندەکردن بۆ پڕەنسیپەکانی ئازادیی نوێ لە ڕێگەی دەمڕاستانی سینەماوە دەستی پێکرد کە بە خێرایی بڵاوبوونەوە، هەروەها لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە کە فرۆشی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک لە ساڵی (1950)دا ژمارەی تەلەفزیۆنەکان لە ئەمریکا گەیشتە زیاتر لە (10) ملیۆن ئامێر. قۆناغی پەنجاکان بە شێوازێکی نوێ دەستی پێکرد، کە پاڵپشتی لە چینی مامناوەند دەکرد و بە ڕوونی لە فیلم و زنجیرەکاندا نیشانی دەدان، بۆ ئەوەی لەلایەن فراوانترین توێژی کۆمەڵگاوە پەسەند بکرێت، چونکە تاک پتر پەیوەست دەبێت بەو پاڵەوانەی کە خۆی تێدا دەبینێت، و زیاتر لێی تێدەگات ئەگەر هەمان ئاریشەکانی ئەوی هەبێت. هەروەها تەلەفزیۆن و سینەما و تەنانەت مۆسیقاش زیاتر ڕوویان لە گەنجان کرد، بە جۆرێک چەندین فیلم نمایشکران کە لە پلەی یەکەمدا ئەوانیان کردە ئامانج، لەم فیلمانەدا گەنجان هەمیشە وەک یاخیبوو بەرابەر خێزان و کۆمەڵگا دەردەکەون، و بڕێکی زۆر خواردنی خێرا دەخۆن. ئەمانە نەوەی “بەیبی بومەرز “(Baby Boomers) بوون، واتە نەوەی ئەو کەسانەی کە بۆمبی ئەتۆمییان بەسەر هیرۆشیما و ناگازاکیدا باراند.
لەم قۆناغەدا پاڵەوانە کلاسیکییەکانی فیلمەکان بە پاڵەوانی نوێ گۆڕدران کە تژی بوون لە وروژاندن و سەرنجڕاکێشی. سیمای پیاوی سەنگین و بەڕێز کە لە “تایرۆن پاوەر” و “ڤان جۆنسن” و “ڕۆبەرت تایلۆر”دا ڕەنگی دابووەوە، گۆڕا بۆ ئەکتەرانی وەک “جەیمس دین” و “مارلۆن براندۆ” و “پۆڵ نیومان”. بەمەش دووبارە دژە-پاڵەوان (Anti-Hero)یان زیندوو کردەوە، کە پێشتر بە شێوەیەکی شەرمنانە لە هەندێک نووسینی ئەدیبی بەناوبانگی ڕووسی “فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی”دا وەک لە ڕۆمانی “یاداشتی ژێرزەمینییەکان”، یان نووسینەکانی فەیلەسوف و ڕۆماننوسی فەرەنسی “ژان پۆڵ سارتەر”دا دەرکەوتبوو، لێ ئەمجارەیان بە چڕی و بە ڕوونی دەرکەوت؛ پاڵەوانە نوێیەکە خاڵی بوو لە پرەنسیپ یان بەها یان ئازایەتی، هەروەها هەموو کچە جوانەکانی وەک “مارلین مۆنرۆ” و “ئاڤا گاردنەر” و کەسانی تریش بە ئاسانی عاشقیان دەبوون و بە خێرایی پەیوەندییان لەگەڵدا دەبەستن. ئەم تەرزە لە پاڵەوانان لای گەنجان زۆر خۆشەویست بوو، بە ڕادەیەک ئەو پۆشاکەی لە فیلمەکەدا دەیانپۆشی دەبووە پۆشاکی فەرمی گەنجان و، جۆری خواردنەکەیان دەبووە خواردنی پەسەندی گەنجان، و ئۆتۆمبێلەکەیان لە فیلمەکەدا دەبووە ئۆتۆمبێلی فەرمی گەنجانی ئەو سەردەمە. ئەمەش ڕێک ئەوە بوو کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دەیانویست. چەمکی ” جێگیرکردنی کاڵا “(Product Placement) بوو بە شتێکی باو لای پسپۆڕانی بازاڕدۆزی (مارکێتینک)، کە تێیدا کۆمپانیاکان لە ڕێگەی فیلمەکانەوە ڕیکلامیان بۆ کاڵاکانیان دەکرد، وەک چۆن ئەکتەر “جەیمیس بۆند” بۆ نموونە بە کاتژمێری ڕۆلێکسەوە دەردەکەوێت یان ئۆتۆمبێلی ئاستۆن مارتن دەئاژوێت. ئەم کاریگەرییە درێژبووەوە بۆ جیهانی هونەر و مۆسیقا؛ لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا مۆسقای ڕۆک ئاند ڕۆڵ (Rock ‘n’ roll) دەرکەوت، و تەلەفزیۆن و سینەماش یارمەتیدەر بوون لە بڵاوبوونەوەیدا تا ببێتە مۆسیقای پەسەندی گەنجان. ڕیتمی خێرای مۆسیقا پێویستی بە ڕیتمێکی خێرای ژیان هەیە، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەرهەمی خێرا و بەکاربردنی خێراتر.
“دیزنی خۆی لە کۆمۆنیزم بێبەری دەکات و هاوکاری FBI دەکات”
لە ڕێکەوتی (24/ 10/ 1947)، واڵت دیزنی لەلایەن “لیژنەی چالاکییە نائەمریکییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران” (UHAC) بانگهێشتکرا لەسەر ئەو مانگرتنە کرێکارییانەی کە لە دامەزراوەکەیدا ڕوویاندابوو، کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرا بە دونیابینی کۆمۆنیستی ڕەنگڕێژ کرابن و پەڕە بە بنەماکانی کۆمۆنیزم بدەن. دیزنی بە تەواوی پشتیوانیکردنی هەر یەکێک لەو بیرۆکانەی ڕەتکردەوە و بە توندی دژیان وەستایەوە، تەنانەت “هێربەرت سۆرێل – سەرکردە لە سەندیکای ئەکتەرانی هۆڵیوود” و “ویلیام پۆمرانس – یەکێک لە وێنەکێشەکانی دیزنی”ی بە کۆمۆنیست بوون تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان کرێکارانیان بۆ مانگرتن هانداوە و یارییان بە لیژنەکانی سەندیکای کرێکارییەکان کردووە. لە ڕێکەوتی (16/ 12/ 1954)دا، کەرتی ڕاهێنان و وردبینی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (FBI) لە لۆس ئەنجلس، نامەیەکی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەکە نارد، کە تێیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی پێشویان لەگەڵ واڵت دیزنی کردبوو و پێشنیاری فراوانکردنی ئەو هاوکارییانەیان دابوو، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمپانیای دیزنی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای پاراماونت بۆ بەرهەمهێنانی کارە تەلەفزیۆنییەکان کۆتایی پێ هێنا.
لە ڕێکەوتی (18/ 1/ 1956)، دەرهێنەر “جێری سیمز” بە نوێنەرایەتی واڵت دیزنی چووە نووسینگەی (FBI) لە نیوجێرزی بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی هاوکاری هاوبەشیان پێشکەش بکات؛ بەو شێوەیەی کە دیزنی چەند خولەکێک لە بەرنامەی (Mickey Mouse newsreel) کە بیست ملیۆن ئەمریکی بینەری بوون، بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی وێنەی (FBI) لەلای منداڵان. هەروەها پێشنیاری کرد بەشێک لە فەزای فێرکاری لەسەر شاری دیزنی (دیزنی لاند) بۆ نمایشکردنی ئەو تەکنیکانە تەرخان بکرێت کە (FBI) بەکاریان دەهێنێت. بەڕاستی پێشنیارەکە وەرگیرا، و لە نامەگۆڕینەوەکانی نێوان هەردوو لادا کران، جەخت لەسەر بەردەوامی هاوکارییەکان کرایەوە. جگە لەوەش، ڕاسپاردەکانیان بۆ (ساموێل ئینجڵ – یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی کۆمپانیای 20th Century Fox) و سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنانی فیلم) نارد تاوەکو خەڵاتێکی کۆمەڵەکە بە واڵت دیزنی ببەخشێت وەک ڕێزێک بۆ هەوڵ و کارەکانی. لە ڕێکەوتی (1/ 3/ 1957)، واڵت دیزنی (لویس نیکۆڵس – یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری FBI و کەسی سێیەمی ناو نووسینگەکە)ی کردە بەرپرسی بڵاوکراوەکانی (Mickey Mouse newsreel) لە واشنتن. لەو کاتەوە گەشتێکی هاوکاری لە نێوان واڵت دیزنی و (FBI) دەستی پێکرد کە زیاتر لە (25) ساڵی خایاند کە تێیدا (FBI) چاودێری و وردبینی بۆ ئەو چیرۆکانە دەکرد کە کۆمپانیای دیزنی وێنەی دەگرتن و جێبەجێی دەکردن، تەنانەت لە ڕێگەی بریکارەکانیانەوە لە نێو دامەزراوەکەدا دەستکارییان دەکردن، ئەمەش بە ڕەزامەندی کەسیی واڵت دیزنی بوو بۆ ئەم جۆرا سانسۆرە.
نووسینی؛ کەریم تەها
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد







































































