لە زمانی ئاخافتن و گفتوگۆی ڕۆژانە و نووسین و ئەدەبییاتدا، وەک چۆن وشەمان هەیە فەرامۆش دەکرێن و بەرەو کاڵبوونەوە دەچن و کەم بەکاردێن، بە پێچەوانەشەوە گەلێک وشەمان هەن کە زۆر بەکاردێن، ئەگەر بە تەنها وشەی (ئاو) بە نموونە وەربگرین، وشەیەکی هێندە چالاکە، ڕەنگە نەتوانین لە باسێکی ئاوا کورتدا ئاماژە بە هەموو بەکارهێنان و دەستەواژە و ئیدیۆم و ڕەهەندە جیاوازەکانی بدەین.
١- ناساندنی ئاو: ئاو سەرچاوەی ژیان و ئاوەدانییە، نزیکەی سەدا حەفتای گۆی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، لەشی مرۆڤ نزیکەی دوو لەسەر سێی لە ئاوە پێکهاتووە، ئاوێتەیەکی نائەندامی بێ تام و بۆن و بێ ڕەنگە، هەر گەردێکی ئاو، لە دوو گەردی هایدرۆجین و یەک گەردی ئۆکسجینی پێکهاتووە، سێ دۆخی هەیە دۆخی شلی، ڕەقی (بەستوو)، دۆخی گازی (هەڵم).
٢- لەگەڵ وشەی تردا، سەدان وشەی نوێی لێ دروست دەبێت: ئاو لە دڵ ڕۆیین: بریتییە لە برسێتیی زۆر. ئاو لە دنگا کوتاندن: بریتییە لە کردار و گوفتاری بێهوودە. ئاودان: ئاوکردنە بن دار و درەخت، دانی ئاو بە وڵاخ و ئاژەڵ. لە ئاودان: بەفیڕۆدان. دڵ ئاوەدان: مەردوومی وریای زۆرزان. ئاوڕۆشنکەرە: گیاندارێکی بچکۆلەی ڕەشە بەسەر ئاودا دێت و دەچێت. ئاوزێ: زەوی زەنەک (زەوییەک ئاو دەدەڵێنێ، ئاوەزا). کانیاو: کانی و ئاو. گوڵاو: ئاو، یان ئارەقەی گوڵ. ئاوکێش: مەشکەی ئاو، یان شیر. ئاوبەر: ئاوگێڕ (سقاء). ئاشی ئاو کەوتوو: ئاش، کە ئاوی لێدەبڕێت. ئابڕوو: ئاوی ڕوو. بڵقی سەرئاو: کەڤکردنی ئاو. ئاوەڕۆ: ڕێڕەوی ئاو، زێراب. ئاوباز: مەلەوان. ئاوپارە: کۆبوونەوەی ئاو لەناو برین و شوێنی سووتان. ئاوپرژاندن: ئاوێکە بە تەنکی بکرێت بەسەر شتدا. ئاودار: پاراو، تێراو. ئاوتێزان: هەرشتێک ئاوبداتەوە. ئاوچن: هەر شتێک ئاو هەڵمژێ. ئاوخۆرە: دەفرێکە ئاوی پێ دەخورێتەوە. ئاودڕ: کۆردەرە، ئاودێر: کەسێک کە ئاودێریی کشتوکاڵ بکات. ئاوردان: ئاگردان. ئاوڕێژگە: ڕێڕەوی ئاو. ئاوماڵ: هاوسێ. ئاوبڕە: نەخۆشییەکی کوشندەی ئاژەڵە. ئاوبەرشنا: ئاو دەرکردن، ئاو دەرهێنان لە بیری ئاو. ئاوبەشکەرە: میراو. ئاوپەڕ: پارچەیەکە لە ئاشی ئاو، دارێکی لوولەکییە. ئاوتاڤ: ئاوی شەپۆلدار. ئاوچەم: ئاوی چاو، فرمێسک، ئەسرین. ئاوەچۆڕە: هاتنەخوارەوەی باراناو بە دیواردا، هاتنەخوارەوەی ئاو لە بەرزاییەوە. ئاوینگ: ئاونگ، شەونم. ئاودز: برینێک، کە بەهۆی ئاوەوە تەشەنە و هەوی کردبێت. خوێناو، چڵکاو، گۆلاو، قوڕاو… بە دێڕە شیعرێکی (ئەحمەد هەردی) کۆتایی بەم بەشە دەهێنم، کە دەستەواژەی (ئاوی پێم دایە)ی تێدا بەکارهێناوە. ئاوی پێم دایە: بەواتای هێندە بە پێوە وەستان تا قاچەکان ماندوو دەبن و سڕ دەبن و تەزوویان پێدا دێت، هەردی لە شیعری (چاوەڕوانیی بێهوودە)ی دیوانی (ڕازی تەنیایی)دا دەڵێت: هەموو ڕۆژێ لەبەر سەیری، بتی ئەو بەژن و باڵایە لەسەر ڕێدا ئەوەستم من، هەتاکو ئاوی پێم دایە.
٣- ئاو لە خواردن و خواردنەوەدا: شەکراو: ئاوێک کە شەکری تێدا تواوەتەوە. ئاودۆ: دۆ و ئاو، دۆیەک ئاوی تێکرابێت. ئاوتەماتە: دۆشاوی تەماتە. ئاوپرتەقاڵ: ئاوی پرتەقاڵ دەکرێ بە شەربەت نۆش دەکرێ. بەفراو و سەهۆڵاو: ئاوی سارد- ئاو سەهۆڵ، یان بەفر. قوڕاو: جۆرە خواردنێکە لە گۆشت و ماست و پیاز دروست دەکرێت. نموونەیەک لە شیعری پیرەمێرد، کە شەکراو و گوڵاوی بەکارهێناوە: هەی کانی شەکراو، هەی کانی شەکراو کانییەکەت کانی، عەنبەر و گوڵاو ئاوی زیندەگیت، ڕژاوەتە ناو جێی حەسانەوەی، تیپی سەربەدراو.
٤- دەنگەکانی ئاو: کاتێک ئاو بە جۆگە و ڕووبار و شیو دەشت و دۆڵەکاندا دەڕوات، یان لە تاڤگە و شەلالەکانەوە دێتە خوارێ، یان لە کانی و کارێزەکانەوە هەڵدەقوڵێت، یان لە کاتی باران باریندا، دەنگی جیاوازی دروست دەکات، هەریەک لەو دەنگانە لە زمانی کوردیدا ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە: قوڵپەی ئاو، تکە، یان دڵۆپەی ئاو، شڵەپەی ئاو، خوڕەی ئاو، بڵقی ئاو، هاژەی ئاو… –
قوڵپەی ئاو: دەنگی هەڵقوڵانی ئاو لەژێر زەوییەوە، یان لە کانییەوە. –
تکەی ئاو: دەنگی دڵۆپە دڵۆپە کەوتنی ئاو، بۆ نموونە لە ئەشکەوتەکان، یان سەربانی گڵ کاتێک دڵۆپە دەکات. – شڵپەی ئاو: دەنگی کێشانی دەست و پێ، یان بەرد بەناو ئاودا. –
خوڕەی ئاو: دەنگی ڕژانی ئاو لە بەرزییەوە، یان ڕۆیشتنی ئاو زۆر بە چەم و ڕووبارەکاندا. نموونەی خوڕەی ئاو لە شیعردا: کەمالی: شەرابی ناب و گوێی ئاو و شەوی مەهتاب و فەسڵی گوڵ خوڕەی ئاو و سەدایی عوود و تار و نەغمەیی بولبول دڵدار: قاسپەی کەوانی قەد کێوەکانت خوڕەی ئاوەکەی نشێوەکانت –
بڵقی ئاو: کاتێک دوو ئاو بەر یەک دەکەون، یان دەڕژێنە ناو یەکەوە، یان دڵۆپی باران لە ئاسمانەوە دەڕژێتە ڕووبار و دەریاچە و گۆمەکانەوە، یاخود ئاوی ڕووبارەکان بە تووندی بەر تاشەبەردەکان دەکەون، کەف و بڵقی ئاو دروست دەبێت.
نالی دەڵێت: کە خاکی خاکی دامەن بە وەگەرنە تۆزی بەر بادی کە ئاوی ئاوی گەوهەر بە وەگەرنە بڵقی سەر ئاوی-
هاژەی ئاو: شەپۆلی دەریاکان، یاخود ڕۆشتنی ئاو بەنێو چەم و ڕووبارەکاندا، هاژە هاژ دروست دەکات. نالی: ڕۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنهار و جۆگە و هاژە هاژ شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوەژاو ڕەحیم لوقمانی: هاژەی شەتاوی بن کوێستانی بەرز گابەرد ئەتلێنێ، کەژ دێنێتە لەرز شەتاو: ئاوی زۆر، کە لە بەفری تواوەوە سەرچاوە دەگرێت.
٥- لەگەڵ ڕەنگەکان: ڕەشاو، زەرداو، سپیاو، سووراو.
٦- بەدەیان گوند و ناوچەمان هەیە بەناوی کانی و ئاوەوە ناونراون، وەک: ئاوەزێ: گوندێکە لە ناوچەی سیوەیل. ئاوەخوێڕی: گوندێکە کەوتووەتە ناحییەی پێباز لە کەلار (لەبەرئەوەی نزیکە لە ڕووباری سیروانەوە، ھیچ بەروبوومێکی کشتوکاڵی لە بەردەمدا ناکرێت). کانی ماسی، کانی با، کانی پانکە، کانی ئاسکان، کانی کوردە، کانی سپیکە، کانی گۆران، سەرێ کانی…
٧- ئاو، لە ئیدیۆم و پەندی پێشیناندا: کە هەر یەک لەم پەندانە چیرۆک، یاخود ڕووداوێکی لەپشتەوەیە: ئاو بتبا، له پردی نامهرد مهپڕهوه. ئهم ههویره، ئاو زۆر ئهکێشێت. مردوو و زیندوو، بە ئاو پاک دەبنەوە. ئاوی ئاموون و توونی بابا چێت. دەڵێی لە ئاو لایداوە. لە سەد ئاوی داوە قولەپێی تەڕ نەبووە! ئاو شوێن خۆی، ون ناكات. ئاو بڕوا، زیخهكهی ئهمێنێ. له جێگایهك ئاو بێت، تەیموم بەتاڵە. ئاوەکە، له سهرچاوهوه، لێڵه. ئاو و ئاگر ئامانیان بۆ نییه. گهوره ئاو ئهڕێژێ و بچووکیش پێی تێدەخات. ئاو ئهیبا، دهست به كهفهوه ئهگرێ. ئاوی ڕۆیشتوو، ناگهڕێتهوه. كاوڕی دراوسێ، له ئاو دهگێڕنهوه. ههتا ئاو نهیبردووه، ئاگات لێ بێ. ئهگهر بهد نهبێ، گورگ و مهڕ پێكهوه ئاو دهخۆنهوه. ئاوێ بڕوا بۆ ڕۆخانه، خێش بیخوا نهك بێگانه. ئاو ببڕێ لە ڕۆخانە، خزم باشترە لە بێگانە. لە ئاوی خوڕ مەترسە، لە ئاوی مەنگ بترسە. ههر كهس بڵێ جێژنه، من برنج ناكهمه ئاو. ئهو باوکهی مهلهوان بوو، کوڕهکهی ئاو بردی. ئاو وهسی، تۆ نهوهس. تهماع سوێراوه، وهك ئاو دهنوێنێ، تا بیخۆیتهوه، تینوێتی دێنێ. ئاو ڕێگهی خۆی دهكاتهوه. ئهگهر گوتیان ههق، ئاو ڕادهوستێ. لە شوێنكا ئاو هەیە، خاک نییە. لە شوێنكا خاک هەیە، ئاو نییە. بزنی گهڕۆڵ له سهرچاوهی كانی ئاو دهخواتهوه. قهت خوێن نابێ به ئاو. ئاو چهند بۆشه، ئاش ئهوهنده خۆشه. ماڵی مێرووله به تنۆكێك ئاو، تۆفانییه. ئاو له جێگایهكدا بمێنێتهوه، ئهگهنێ. سەد چاکە بکەی، لەگەڵ ناپیاو، گەر بێ دڵیت کرد، ئەیدا بە ئاوا.
٨- ئاو، لە پەندەکانی پیرەمێرد دا: زۆر باران بارێ، دەغڵ ژەنگ دێنێ ئاو زۆر مایەوە، کرم هەڵدێنێ ئەگەر دەتهەوێ بێ لەوەڕ نەبی لەناو خەڵکا هەڵـــەوەڕ نەبی ئێرە جەنگەڵە دەبێ مــــەڕ نەبی سەودایەک بکە تووشی شەڕ نەبی لە جێگایەک بنوو ئاو هات تەڕ نەبی.
٩- ئاو، لە مەتەڵی فۆلکۆری و کوردەواریدا: كه هاتهدهر له مهشكه، بكوڵێ سیراج و كهشكه، خۆشه بمێنێتهوه، وهك ئاو دهخورێتهوه. (دۆ). ئاو له ئافتاوه، ڕۆژ له ڕۆژئاوا، ههركهس ههڵیدا عهقڵی تهواوه. (نوێژ و ڕۆژوو). سەوزە وەک قەوزە نەرمە وەکو ئاو ڕەقە وەکو بەرد وەڵام: تاڵەبی (کاڵەک) دەڕوا پێی نییە، دەخورێ گۆشتی نییە وەڵام: ئاو ئەمە چییە، هەر دەڕوات و سەری لە بەرد دەکەوێت؟ وەڵام: ئاو.
١٠- ئاو لە شیعری شاعیراندا: مەحوی: بە ئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو هەموو دەشچن بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلووق. حاجی قادری کۆیی: بە یادی نەخلی باڵات ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم دەجۆشێ، غایەتی دوورم دەزانی من وەفادارم قانع: داروبەردی چەشنی گەوهەرە ئاو و سەرچاوەی عەینی کەوسەرە هەژار: گولـلە، تۆپ و بۆمبا و ئاگر، کار لە بیروباوەڕ ناکەن ماڵ و سەر و خوێن و گیانم قوربانی ئەم، ئاو و خاکەن. لەتیف هەڵمەت: ڕەنگە جار جار، ماسی بتۆرێ لە ڕووبار ئاو بتۆرێ لە فورات، بەڵام من هەر تۆم خۆش دەوێ و هەڵبەستێکت بۆ دەنووسم درێژتر بێ لە باڵات شێرکۆ بێکەس: ئەوەندەی نان بیری برسی و ئەوەندەی ئاو بیری تینوو و ئەوەندەی شەهید بیری منداڵی و ئەوەندەی زیندان بیری ئازادی و دەرێ ئەکا بیری ئەکەم… * ئەوەتەی کۆچ هەیە، کۆچ ئەکەم ئەوەتەی گڕ هەیە، ئەسووتێم ئەوەتەی ئاو هەیە، ئەخنکێم… پەشێو: خەڵک گوێ لە ڕادیۆ دەگرن بۆئەوەی کژ پێشبینی کەن منیش کە ئێوارە دادێ تەماشای چاوی تۆ دەکەم دەزانم با لە کوێڕا دێ پلەی گەرما لە چەندەوە تا چەند دەڕوا باران کام کێڵگە ئاو دەدا کام دارستان، کام چیا دەشوا! د.ئەحمەدی مەلا: ئەی ئاوی تەڕ، وەک فرمێسکی لەبن نەهاتووی چیا، وەک سەفەرێکی سوور بەرەو زەریا، وەک یادەوەریی کتێبێکی هەزاران لاپەڕەیی سندباد، کوا قامچییە شێدارەکانت کاتێک گابەردت دەهێنایە قسە؟ کوا شمشێرە دەم ئاگرینەکانت کاتێک ئەشکەوتت بە تەوفان دەتەقاندەوە؟ –
کورت و پوخت: لە زمان و ئەدەبییات و کولتووری کوردیدا، ئاو بە تەنها شلەیەکی بێ تام و بۆن نییە کە دەخورێتەوە، بەڵکو وشەیەکی گەلێک چالاکە و سەدان وشە و ئیدیۆم و دەستەواژەی نوێی لێ دروست بووە و هێمای پاکژیی و ژیان و ئاوەدانییە، هەر بۆیە لە هەر شوێنێک ئاو هەبووبێت، وتوویانە ئەو شوێنە ئاوەدانە، هێمای ڕووناکییە، بۆیە لە کولتووری کوردەواریدا کاتێک کەسێک سەفەر دەکات، ئاو دەڕێژن بەدوایدا، بە ئومێدی ئەوەی ڕێگای ڕووناک بێ و بگەڕێتەوە. سەرچاوەکان: بەشێک لە فەرهەنگەکانی زمانی کوردی: فەرهەنگی خاڵ، فەرهەنگی هەمبانە بۆرینە، فەرهەنگی گۆران، فەرهەنگی هەلاج. تۆڕی وشەپارێزی وشەدان، ڤەژینبوکس، پەندی پێشینان، پەندەکانی پیرەمێرد، بەشێک لە دیوانی شاعیران.






































































