“پێشەکی”
پەیوەندی ئێران و ئەمریکا لە دوای ساڵی 1979 نمونەیەکی کلاسیکی “ململانێی ستراکچەری” یە، کە لەسەر بنەمای دژایەتی ئایدۆلۆژی، ناکۆکی بەرژەوەندیی ناوچەیی، تێکەڵبوونی هاوکێشەی نێودەوڵەتی. واتە کێشەی ئێران و ئەمریکا تەنها کێشەیەکی دووقۆڵی نێوان دوو وڵات نیە، بەڵکو تێکەڵ بە کۆمەڵێک هاوکێشەی تری جیهانی و ناوچەیی بووە و لەسەری بوونیاد نراوە، هەروەها کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015 JCPOA و پەیڕەوکردنی سیاسەتی “زۆرترین گوشار” بەرانبەر ئێران، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی خێرای بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و فراوان بوونی نفوزە ناوچەییەكەی، وایکرد “بێ متمانەیی” نێوان هەردوولا لە ئاستێکی تاکتیکیەوە بگۆڕێت بۆ فاکتەرێکی ستراتیژی. لە ماوەی 2025-2026، چەند گۆڕانکارییەکی قووڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکای ناچار کرد بگەڕێنەوە بۆ مێزی دانووستان، بەڵام دانووستانێکی “مەرجدار”، لەلای ئێرانەوە، گوشاری سەختی سزای ئابووری و پێویستی ڕژێم بە پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی، وایکرد تاران ناچار بێت نەرمی بنوێنێت، واتا ئێران بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ئابووری، ئامادەبوو هەندێک سازش بکات، بەڵام نەیویست دەستبەرداری هێڵە سوورە ستراتیژییەکانی ببێت.
هەرچی ئەمریکایە، ترسی لە تەقینەوەی قەیرانێکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وکاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی وزە و ئاسایشی هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، وایکردووە واشنتۆن بگاتە ئەو بڕوایەی کە “بەڕێوەبردنی قەیران” لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، لە جەنگ هەرزانتر و لۆژیکیترە. لە ڕووی ڕۆڵی ناوچەییشەوە، ئێستا نێوەندگیری وڵاتانی لایەنی سێیەم پرۆسەی دانووستانی خێراتر کردووە، بەڵام ئەم نێوەندگیرییە تەنها ئاسانکارییە و هیچ گەرەنتییەک بۆ سەرکەوتنی کۆتایی ڕێککەوتنەکە نادات، چونکە کێشە ڕیشەییەکان هەر ماون، بەکورتی هەردوولا لەبەر “نەبوونی بژاردەی باشتر” گەڕاونەتەوە بۆ دانووستان، نەک لەبەر “بوونی متمانە”. پرسی سەرەکی ئەم بابەتە شیکارییە ئەوەیە: ئایا بێ متمانەیی بووەتە بەربەستێك کە ڕێگە نەدات دانووستانەکان بگەنە “خاڵێکی هاوسەنگ” و ڕێککەوتنێکی جێگیر و درێژخایەنی لێ بکەوێتەوە؟ یان بە پێچەوانەوە، هەر ئەم بێ متمانەییە خۆی بووەتە میکانیزمێک بۆ “بەڕێوەبردنی ململانێ؟” واتە هەردوولا لەسەر مێزی دانووستان دەهێڵێتەوە، چونکە هەردوولا دەزانن شکستهێنان بە دانووستان و چوونە ناو جەنگێکی کراوە، زەرەری زۆر زیاترە لە مانەوە لە دانووستانێکدا کە چەقبەستوو بێت و تەنانەت ئەگەر ئەنجامیشی ڕوون نەبێت.
“شیکاری سێ ئاستی بێ متمانەیی؛ لە بەربەستی ڕێککەوتنەوە بۆ میکانیزمی بەردەوامی دانوستان”
1. ئاستی ناوخۆیی:- بێ متمانەیی وەک ئامرازێکی شەرعییەتدان بە دەسەڵات و مانەوەی سیاسییە لە هەردوو وڵاتدا، دۆسیەی ئێران و ئەمریکا لە کێشەیەکی سیاسەتی دەرەوەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی ململانێی ناوخۆیی. لە ئێراندا، باڵی ئەمنی-ئایدۆلۆژی، بابەتی “بێ متمانەیی بە ئەمریکا” وەک سەرچاوەیەکی شەرعییەت بەکاردەهێنێت، هەر هەنگاوێک بەرەو سازان، لەلایەن ئەم باڵەوە وەک “خۆبەدەستەوەدان و خیانهت لە خوێنی شەهیدان” لێکدەدرێتەوە، لە بەرامبەردا باڵی دیپلۆماسی لەژێر فشاری سزای ئابووریدا، ناچارە نەرمی تاکتیکی بنوێنێت، بەڵام ناتوانێت باسی “متمانەی ستراتیژی” بکات، چونکە لەناوخۆدا پشێوی دروست دەکات. لە ئەمریکاشدا هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە بەڵام بە شێوەیەکی تر، هەر 4 یان 8 ساڵ جارێک، لەگەڵ گۆڕانی سەرۆکدا، ئاراستەی سیاسەت بەرامبەر ئێران بەشێوەیەك لە شێوەكان دەگۆڕێت، دیموکراتەکان دێن باسی دیپلۆماسی دەکەن، کۆمارییەکان دێن هەڵیدەوەشێننەوە، ئەم “سیاسەتی پاندۆڵ”ـە وایکردووە لە تاران بگەنە ئەو بڕوایەی کە هیچ بەڵێنێکی کۆشکی سپی جێگیر نییە و ناکرێت متمانەی پێبکرێت، سەرەڕای ئەوەش، کۆنگرێس بەهۆی کاریگەری لۆبی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، هەمیشە ئامادەیە سزای نوێ بسەپێنێت و دەسەڵاتی هەر سەرۆکێک سنووردار بکات کە نیازپاکی هەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا.
2. ئاستی ناوچەیی:- چۆن هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا دەبنە سەرچاوەی بەردەوامی بێ متمانەیی؟
ئیسرائیل و سعوودیە ڕاستەوخۆ لە دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا ئامادە نین، بەڵام لە پشت پەردەوە ئەوانن سنوور و مەرج بۆ هەر ڕێککەوتنێک دادەنێن، بە واتایەکی تر، ئەمریکا ناتوانێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکات کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی نەیەتەوە.
ئیسرائیل:- پارێزەری هێڵە سوورەکان، ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لەوەی بابەتی “ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە” بکاتە هێڵێکی سووری نەگۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا. واتە هەر ئیدارەیەکی ئەمریکی بێت، ناتوانێت ئەم مەرجە پشتگوێ بخات. جگە لەوەش، ئەگەر ئیسرائیل هەست بکات دانووستانەکانی واشنتۆن و تاران بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات کە لە زیانی ئەودایە، یەکسەر دەستوەردان دەکات. ئیسرائیل بێ متمانەیی وەک “چەکێک” بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێت هەر ڕێککەوتنێک بکرێت، سنووردار دەبێت و ڕێگە نادات ئێران ببێتە هێزێکی ئاسایی و قبوڵکراوی ناوچەکە.
وڵاتانی کەنداو:- ترس لە جەنگ و ترس لە ڕێککەوتن، دوای هێرشەکەی ساڵی 2019 بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعوودیە، وڵاتانی کەنداو گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ ئێراندا، وێرانکەر دەبێت بۆ ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە. بۆیە وازیان لە سیاسەتی “ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ” هێنا و ڕوویان لە “کەمکردنەوەی گرژییەکان” کرد. بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتایی نایەت. ئەم وڵاتانە لە هەمان کاتدا لەوەش دەترسن کە ئەمریکا و ئێران لەسەر حسابی ئاسایشی ئەوان ڕێکبکەون و ئێران دەستی باڵاتر بێت لە ناوچەکەدا. بۆیە لە هەڵوێستدا دوالیزمن، لایەک پشتگیری لە “دانووستانی سنووردار” دەکەن تەنها بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن. لایەکی تر دژی هەر “ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ستراتیژی”ن کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ئێران و کەمبوونەوەی گرنگی ئەوان لای ئەمریکا.
لەم ئاستەدا، بێ متمانەیی ڕۆڵێکی دووانەی هەیە. لەلایەک بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم ئاساییبوونەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا، چونکە ئیسرائیل بە کردەوە “مافی ڤیتۆ”ی هەیە لەسەر هەر ڕێککەوتنێکی مەزن. لەلایەکی ترەوە (میکانیزمێکە بۆ پاراستنی سەقامگیری) ، چونکە هەموو ئەکتەرە ناوچەییەکان، سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، لەسەر ئەوە کۆکن کە تەقینەوەی دۆخەکە و هەڵگیرسانی جەنگ، زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
3. ئاستی نێودەوڵەتی:- سیستەمی فرەجەمسەری و بەکارهێنانی بێ متمانەیی وەک میکانیزمی هاوسەنگکردنی هێز، لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغی “تاکجەمسەری ئەمریکا” و گەڕانەوەی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان، بێ متمانەیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کێشەیەکی دوو قۆڵییەوە گۆڕاوە بۆ “ئامرازێکی جیۆپۆلەتیک” بەدەست زلهێزە ڕکابەرەکانەوە. لەم سیستەمە نوێیەدا، مانەوەی ناکۆکییەکە لە بەرژەوەندی چەندین یاریزانی نێودەوڵەتیدایە، بۆیە هەوڵی دروستکردنی متمانە نادەن، بەڵکو دۆخە بێ متمانەییەکە بەڕێوەدەبەن.
چین:- ڕکابەری ئابووری ئەمریکا، چین بووەتە گەورەترین “سیستەمی هەناسەدان” بۆ ئابووری ئێران لەژێر سزا تووندەکانی ئەمریکادا. لە ڕێگەی کڕینی نەوتی ئێران بە داشکاندنێکی زۆر و واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری 25 ساڵە، پەکین ئەو “تۆڕی ئاسایشە ئابوورییە”ی بۆ تاران دروستکردووە کە پێویستی بە سازانی خێرا لەگەڵ واشنتۆن نەمێنێت. لە ڕاستیدا، چین سوودمەندی یەکەمی مانەوەی بێ متمانەییە. چونکە تا ناکۆکی ئێران و ئەمریکا بەردەوام بێت، سەرنج و سەرچاوە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرقاڵ دەبن. ئەمەش وادەکات ئەمریکا نەتوانێت بە تەواوی تەرکیز بخاتە سەر “کێبڕکێی سەرەکی” لەگەڵ چین لە ناوچەی هیندۆ-پاسیفیکدا-Indo-Pacific . کەواتە بۆ پەکین، بێ متمانەیی ئێران-ئەمریکا میکانیزمێکە بۆ لاوازکردنی ڕکابەرە گەورەکەی و دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە ئاسیا.
ڕووسیا:- هاوکاری لەژێر سزادا، دوای جەنگی ئۆکراینا و تووندبوونی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر مۆسکۆ، پەیوەندی نێوان ڕووسیا و ئێران لە هاوکارییەکی تاکتیکییەوە گۆڕا بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیژی. ڕووسیا پێویستییەکی زۆری بە درۆن و مووشەکی بالیستی ئێرانی هەیە بۆ بەکارهێنان لە جەنگدا دژی ئۆکڕاینا، لە بەرامبەردا، ئێران پێویستی بە پشتیوانی سیاسی ڕووسیایە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو. ئەم “پشت بەستنە بە یەکتر” وایکردووە “تێچووی گۆشەگیربوونی نێودەوڵەتی” بۆ ئێران زۆر کەم ببێتەوە. بۆیە مۆسکۆش وەک پەکین، هیچ بەرژەوەندییەکی لە دروستبوونی متمانەی نێوان ئێران-ئەمریکادا نییە. چونکە ئێرانێکی گۆشەگیر، سزادراو و دژە ئەمریکا، هاوپەیمانێکی ملکەچتر و بەسوودترە بۆ ڕووسیا لە چاو ئێرانێکی ئاسایی و کراوە بەڕووی ڕۆژئاوادا.
یەکێتی ئەوروپا:- نێوەندگیرێکی بێ توانا، بە کورتی یەکێتی ئەوروپا لە دۆسیەی ئێراندا توانایەکی کاریگەری نەماوە، هۆکارەکەیش سادەیە:چونکە ئامرازی نییە، کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە نێوان بازاڕی ئەمریکا و ئێراندا، هەمیشە ئەمریکا هەڵدەبژێرن. ترسیان لە سزا لاوەکییەکانی واشنتۆنە. بۆیە ئەوروپا نەیتوانی دوای کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سوودی ئابووری بە ئێران بگەیەنێت، لە سیستەمی فرەجەمسەری ئێستادا، ئەوروپا نە زلهێزە تا یاسا دابنێت، نە بێلایەنە تا هەمووان متمانەی پێبکەن. ئەمریکا وەک شوێنکەوتووی خۆی دەیبینێت، چین و ڕووسیاش وەک بەشێک لە بلۆکی ڕۆژئاوا. بێ متمانەیی ئێران-ئەمریکا بووەتە “کارتی گوشار” بەدەست چین و ڕووسیاوە. ئەوان سوود لەم ناکۆکییە وەردەگرن بۆ:-
1. سەرقاڵکردنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورخستنەوەی لە ئاسیا.
2. سەلماندنی کۆتاییهاتنی سەردەمی تاکجەمسەری ئەمریکا.
بێ متمانەیی ئێستا “هەم کێشەیە و هەم چارەسەر”. کێشەیە لەبەردەم هەر هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە ململانێکە، چونکە ڕێگە نادات متمانەی پێویست بۆ “ڕێککەوتنی مەزن” دروست بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا چارەسەرە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ، چونکە هەموو لایەنەکان، تەنانەت دوژمنەکانیش، دەزانن کە “دانووستانی بێ ئەنجام” لە “جەنگێکی بە ئەنجام” باشترە. کەواتە ئێمە لەبەردەم کۆتایی ململانێکەدا نین، بەڵکو لەبەردەم قۆناغێکی نوێداین کە تیایدا بێ متمانەیی لە “کێشە”وە گۆڕاوە بۆ “بەشێک لە سیستەمی بەڕێوەبردنی کێشەکە”.
“ڕەگی کێشەکان و دروستبوونی بێ متمانەیی”
- کودەتای 1953: خاڵی وەرچەرخان:- بۆ تێگەیشتن لە ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا، دەبێت 73 ساڵ بگەڕێینەوە دواوە. لە ساڵی 1953دا، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) ئۆپەراسیۆنی “ئاجاکس”ی جێبەجێ کرد بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەی “محەمەد موسەدەق”، کە نەوتی ئێرانی خۆماڵی کردبوو. ئەمریکا “شا”ی گەڕاندەوە سەر تەخت و بۆ ماوەی 25 ساڵ پاڵپشتیی ڕەهای لێ کرد. ئەمە لای ئێرانییەکان بە دەستێوەردانی بێگانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان بینرا.
- ساڵی 1979:- لە هاوپەیمانەوە بۆ “شەیتانی گەورە”، شۆڕشی ئیسلامی تەنها گۆڕینی ڕژێم نەبوو، بەڵکو گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەت بوو. داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارمتەگرتنی 52 دیپلۆمات بۆ 444 ڕۆژ، لەلایەن واشنتۆنەوە وەک “شکاندنی شکۆی نەتەوەیی” تەماشاکرا. لە بەرامبەردا، ئێرانی نوێ ئەمریکای وەک “شەیتانی گەورە” پێناسەکرد. لێرەوە “دەستوەردان” لەلای ئێران و “تیرۆر” لەلای ئەمریکا بوونە دوو چەمکی چەسپاو بۆ وێناکردنی یەکتر.
- دەیەی هەشتاکان:- یەکەم پێکدادانی سەربازی، ئۆپەراسیۆنی “نوێژی پێغەمبەر” (1988) گەورەترین شەڕی دەریایی ئەمریکا بوو لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە. دوای ئەوەی کەشتییەکی ئەمریکی بە مینی ئێرانی پێکرا، ئەمریکا نیوەی هێزی دەریایی ئێرانی لە یەک ڕۆژدا تێکشکاند. هەر لەو ساڵەدا، ئەمریکا “بە هەڵە” فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگری ئێرانی خستە خوارەوە و 290 کەسی کوشت؛ تاران ئەمەی وەک تاوانێکی جەنگ هەمیشە بەبیر جیهان دەهێنایەوە.
- پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕش و “هیلالی شیعی”:- دوای 1979، ئێران “هەناردەکردنی شۆڕش”ـی کردە دۆکترینی سیاسەتی دەرەوە. دوای ڕووخانی سەدام لە 2003، ئەم دۆکترینە بوو بە پرۆژەی “هیلالی شیعی”: کەوانەیەک لە تارانەوە بۆ بەغدا، دیمەشق و بەیروت. ئامانجەکانی:-قووڵایی ستراتیژی بۆ ئێران.دروستکردنی هەڕەشەی هەمیشەیی لەسەر ئیسرائیل.
بەهۆی پاڵپشتی حیزبوڵڵا، حەماس، حووسییەکان و حەشدی شەعبی. ئەمە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچارکرد ئێران وەک “هەڕەشەی ناوچەیی” سەیر بکەن.
- دۆسیەی ئەتۆمی و جەنگی ئەلیکترۆنی:- دۆسیەی ئەتۆمی لە کێشەیەکی تەکنیکییەوە گۆڕا بۆ “سیمبولی متمانە”. کشانەوەی “ترەمپ” لە ڕێککەوتنی 2015 و سەپاندنی “ئەوپەڕی فشار” لە 2018، لەلای ئێران وەک “پشتکردنە بەڵێن” لێکدرایەوە. لە بەرامبەردا، هێرشی ڤایرۆسی “ستاکسنێت” بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، لەلایەن تارانەوە وەک “جەنگی ڕانەگەیەنراو” سەیرکرا. بەمەش متمانە بە “ڕێگەی دیپلۆماسی” لە هەردوولا لاواز بوو.
- تیرۆرکردنی سولەیمانی:- لەناوبردنی “هزری ستراتیژی ئێران”، کوشتنی قاسم سولەیمانی لە 2020 تەنها کوشتنی کەسێک نەبوو، بەڵکو لێدان بوو لە ئەندازیاری “هیلالی شیعی”. ئەمریکا بەمە ویستی تۆڕی بریکارەکانی ئێران سەرلێشێواو بکات. ئێرانیش ئەمەی وەک “ڕاگەیاندنی جەنگ” وەرگرت و سوێندی “تۆڵەی سەخت”ی خوارد. لەو ڕۆژەوە، خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران و هێرشی بریکارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بوونە داینەمۆی پەرەسەندنی گرژییەکان.
“لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ لە دانوستانەوە بۆ جەنگی یەکلاکەرەوە 2020-2026”
- شکستی دیپلۆماسی 2021-2023:- هەوڵی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی شکستی هێنا، چونکە:-
- ئێران داوای گەرەنتی دەکرد ئەمریکا جارێکی تر پاشەکشێ نەکات.
- ئەمریکا داوای فراوانکردنی ڕێککەوتنەکەی دەکرد بۆ مووشەک و سیاسەتی ناوچەیی. ئەم بنبەستە وایکرد پیتاندنی یۆرانیۆم زیاد بکات و متمانە بگاتە سفر.
- لوتکەی پەرەسەندن 2025-2026″:- هێرشی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی 2025، کۆتایی سەردەمی دیپلۆماسی ڕاگەیاند. دواتر هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوشتنی خامنەیی لە شوباتی 2026، ململانێکەی گۆڕی بۆ “جەنگی مان و نەمان”. ترەمپ دەیەوێت بەم جەنگە دۆسیەی 47 ساڵە دابخات و ئێران وەک هێزی ناوچەیی ئیفلیج بکات. جیاوازی جەنگی 2026 لەگەڵ پێشووتر ئەوەیە کە ئێران تۆڕی بریکارەکانی لاوازبووە، بەڵام لە ناوخۆدا یەکگرتووترە. مێژوو دەڵێت ئێرانییەکان لە تەنگانەدا پەنا بۆ “بەرگری پیرۆز” دەبەن. بۆیە ئەم جەنگە یان دەبێتە کۆتایی بێ متمانەیی بە یەکلاکردنەوەی سەربازی، یان دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی خوێناویتر و درێژخایەنتر.
“کاریگەری بێ متمانەیی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران”
- لە تیۆرییەوە بۆ کردار:- متمانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، لە پەیوەندی نێوان تاکەکاندا، متمانە بنەمای هەر مامەڵەیەکە. بەڵام لە جیهانی سیاسەتدا، بەتایبەت لە نێوان دوو دەوڵەتی دوژمندا، “متمانەی تەواو و بەردەوام” تەنها ئەفسانەیەکە، بوونێکی بەردەوامی نییە، بۆیە پرسیارە گرنگەکە ئەوە نییە “ئایا متمانە هەیە؟” بەڵکو “ئایا کەمترین ئاستی متمانە هەیە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ؟”. واتە ئەو بنچینە بچووکەی کە ڕێگە نادات پەیوەندییەکان بە یەکجاری بپچڕێن.
- بێ متمانەیی وەک “بکوژی ڕێککەوتن”:- بێ متمانەیی نێوان ئێران و ئەمریکا بە چوار شێوە ڕاستەوخۆ ڕێککەوتن لەبار دەبات:-
أ. مەترسی فریودان؛ هەر لایەک پێیوایە ئەوی تر ڕێککەوتن واژۆ دەکات تەنها بۆ کڕین و بەدەستهێنانی کات. ئێران پێی وایە “ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت و دواتر هێرشی بکاتە سەر”. ئەمریکاش پێیوایە “ئێران دەیەوێت سزاکان هەڵبگیرێت و نهێنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت”.
ب. کێشەی گەرەنتی؛ لە سیاسەتدا “سیاسەتێکی نێودەوڵەتی” نییە زۆرت لێبکات پابەند بیت. دوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 2018، ئێران چیتر باوەڕی بە “ئیمزای ئەمریکا” نەما. بۆیە ئێستا داوای “گەرەنتی کرداری” دەکات، نەک بەڵێنی سەر کاغەز.
ج. لە ناوخۆی هەر یەکە لە هەردوو وڵاتدا: هێزێکی سیاسی بەهێز هەیە دژی هەر ڕێککەوتنێکە. لە ئەمریکا: کۆنگرێس. لە ئێران: ڕەوتە تووندڕەوەکان. بێ متمانەیی بەهانەیەکە بەدەستی ئەمانەوە بۆ شکستهێنان بە هەر دانوستانێک.
د. نەمانی “سایەی داهاتوو” و بنبەستی دانوستانی ئەمریکا-ئێران: لە تیۆری یارییەکاندا، “سایەی داهاتوو” ئەو بڕوایەیە کە کارلێکی نێوان دوو لایەن بەردەوامی دەبێت، بۆیە هاوکاری یەکتر دەکەن چونکە لە سزای داهاتوو دەترسن، بەڵام لە دۆسیەی ئێران و ئەمریکادا، ئەم سایەیە نەماوە.، هۆکاری نەمانی ئەم سایەیە دەگەڕێتەوە بۆ دوو فاکتەری ستراکچەری:-
یەکەم:- ناجێگیری ناوخۆیی، کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی 2015 سەلماندی کە “ئیمزای ئەمریکا” تەنها بۆ چوار ساڵە، لە ئێرانیش نادیاری جێنشینی وایکردووە واشنتۆن نەزانێت لەگەڵ کێ ڕێکدەکەوێت. دووەم، تێڕوانینی “خاڵی وەرچەرخان”، هەردوولا پێیانوایە ئەمە دوایین دەرفەتی دیپلۆماسییە پێش جەنگ، ئێران دەترسێت لە گۆڕینی ڕژێم و ئەمریکا لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی وەدەست بهێنێت.
بۆیە لێرەدا لۆژیکی هەردوولا دەگۆڕێت بۆ ستراتیژی “هەموو شتێک یان هیچ”، واتە لەبری سازانی هەنگاو بە هەنگاو، داوای پاکێجی یەکجارەکی دەکەن:- ئێران داوای هەڵگرتنی تەواوی سزاکان + گەرەنتی دەکات، ئەمریکاش داوای وەستاندنی تەواوی پیتاندن + مووشەک + سیاسەتی ناوچەیی دەکات.
“لە گوتارەوە بۆ کردار؛ چی متمانە دروست دەکات؟”
لە دۆسیەی ئێراندا؛ ئەوەی کەشوهەوای دانوستان دروست دەکات لێدوانی جوان نییە، بەڵکو “هەنگاوی بچووکی کرداری”یە*. بۆنموونە:-
- ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان ← نیشانەی نیازپاکییە.
- کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم ← نیشانەی پابەندبوونە.
- نێوەندگیری لایەنی سێیەم وەک پاکستان ← کەمکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیە.
بەبێ ئەم هەنگاوە بچووکانە، “بنچینەی کەمترین متمانە” دروست نابێت و هەر ڕێککەوتنێک بەر لە لەدایکبوونی دەمرێت. کێشەی سەرەکی ئەمریکا و ئێران نەبوونی “متمانەی تەواو” نییە، بەڵکو نەمانی “کەمترین ئاستی متمانە بۆ دەستپێکردن”ـە. تا ئەم شۆکە مێژووییانە بە “هەنگاوی کرداری دوولایەنە” چارەسەر نەکرێن، هەر ڕێککەوتنێک تەنها ئاگربەستێکی کاتی دەبێت نەک چارەسەرێکی ستراتیژی، پەیوەندی 47 ساڵەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو رێژە کەمەشی تیادا نەماوە، راستە بەردەوامیی دژەلێدوانەکانی ترەمپ کاریگەریی راستەوخۆی هەیە، بەڵام پرسی نەمانی متمانە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دوژمندارەدا لەوە کۆنتر و قووڵترە. لە کتێبی هونەری دانوستان، وەزیری دەرەوەی ئێران، “متمانە” دەکات بە دوو بەشەوە، متمانە بە لایەنی بەرامبەر کە دەوڵەتە، لەگەڵ ئەو کەسەی کە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ دەکەیت، ئێران بەرامبەر لەم دۆخەی هەنوکەیەدا متمانەی نە بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەیە، وە نە بە کەسایەتییە دانوستکارەکان و سەرۆکەکەشی، دۆناڵد ترەمپ هەیە، بە پێچەوانەی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا باراک ئۆباما کە توانی متمانەی ئێرانییەکان بەدەست بهێنێت. هەر بۆیەشە سەرانی تاران داوای جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس یان کرد لە بری ستیف ویتکۆف و جارید کۆشنێر.
بێ متمانەیی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە دوو لایەنەیە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابوردوو، هەر لەکاتەکانی جەنگی نێوان ئێراق و ئێراندا، پاشان بۆ ساڵی 1992 لەو کاتەدا کۆمەڵێک بارمتەی ئەمریکی لای حیزبوڵڵای لوبنان بوون، هاشمی رەفسنجانی سەرۆک کۆمار بوو، عەلی خامنەییش رابەری باڵا بوو، بۆ نیازپاکی و کردنەوەی دەرگایەکی ئێرانی بەڕووی پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوادا، رەفسنجانی پێشنیازی ئازادکردنی بارمتەکانی کرد و ئازادیشی کردن، بەڵام ئەمریکییەکان پاشگەزبونەوە لە ئەو بەڵێنانەی دابویان بە ئێران، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی کە خامنەیی سەرزەنشتی رەفسنجانی بکات لەسەر ئەو سادەیی و بێئاگاییەی هەیبوو بەرامبەر ئەمریکا. بەڵام ئەوەی متمانەی لە دڵی ئێرانییەکاندا بەتەواوی بەرامبەر ئەمریکییەکان سڕیەوە، پاشەکشەی ئەمریکای سەردەمی “دۆناڵد ترەمپ” بوو لە ڕێككهوتنامەی ساڵی 2015ی ئەتۆمی نێوان ئێران و گرووپی وڵاتانی 5+1 کە لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێک دێت، ترەمپ هات و وتی ئەمە مامەڵەیەکی خراپە بۆ ئەمریکا، لە 2018 پاشەکشەی کرد و سزاکان بەسەر ئێراندا سەپێنرانەوە، ئەنجامەکەشی ئەم جەنگەیە کە کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان بە جێهێشتووە.
کۆتا دوو خولی دانوستانەکانی 2025 و 2026 دوو ئەڵقەی زنجیرەی مێژووی بێمتمانەیی ئەو دوو وڵاتەیە، لەکاتی بەڕێوەچونی گفتوگۆی نێوان شاندی هەردوولا بە ئامانجی ڕێككهوتن، ئەمریکییەکان بە فیتی ئیسرائیل هێرشی سەربازییان بۆ سەر خاکی ئێران دەستپێکرد، بە سەختی ئەو وڵاتەیان بۆردومان کرد، سۆزان مالۆنی، بەڕێوەبەری پرۆگرامی سیاسەتی دەرەوەی پەیمانگای بروکینگز، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز لە 3-4-2026، تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندێکی گرنگی دەروونی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا. بە بۆچوونی مالۆنی، ئێرانییەکان دوای جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی 2025، هەست بە “تاڵاوی ستراتیژی” دەکەن، چونکە دانوستانەکانی پێش جەنگەکە لەلایەن ئەوانەوە وەک “فێڵێکی سەربازی” لێکدەدرێتەوە. وتەکانی مالۆنی دەیسەلمێنێت کە لە دۆسیەی ئێران و ئەمریکادا، “مێژووی دانوستانەکان خۆی بووەتە بەشێک لە کێشەکە”. کاتێک لایەنێک هەست بکات دانوستان وەک “چەکی فریودان” بەکارهاتووە، ئەوا “کەمترین ئاستی متمانە بۆ دەستپێکردن”ـیش لەناودەچێت و مێزی گفتوگۆ دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی سارد.
سەرۆکی ئەمریکاش بۆ خۆی لە شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025 گوتی “ئێرانییەکانم خەڵەتاند”. لەم جەنگەی هەنوکەشدا هەمان حاڵەت دووبارە بوویەوە، لەو کاتەی کە هەموولا دانوستانێکی ئومێد بەخشیان دەبینی، بەڵام لەناکاو لەبەرەبەیانی 28-2-2026 دا هێرشێکی بەرفراوانییان کردە سەر وڵاتی ئێران، رابەری باڵای وڵاتیان کوشت. زانیارییەکان دەڵێن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، لە 11-2-2026 لە ژورێکی تایبەتی کۆشکی سپی قەناعەتی بە ترەمپ هێناوە.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران، لە یادداشتەکانیدا ئەو بێ متمانەییەی نێوان تاران و واشنتن دەگێڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە:-
- ئیسرائیل، یەکەمین لایەنی خاوەن بەرژەوەندییە لە خراپی پەیوەنددیەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا..چونکە ئیسرائیل بە چەک و پارەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و دۆستەکانیدا دەجەنگێت.
- لۆبی ئیسرایل لە ئەمریکا کە بۆ هەمان مەبەستی یەکەم واتە بەرژوەندیی ئیسرائیل کاردەکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ زایۆنییە-مەسیحییەکاندا، کە پێیان دەوترێت کەنیسە ئینجیلییەکان.
- وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە گەورەترین سەرئێشە بۆ خۆشیان و ئێرانیش ئەوەیە، کە نەیانتوانیوە چوارچێوەیەکی سیاسی و ئاسایشی بۆ خۆیان لە ناوچەکەدا دروست بکەن، چاویشیان بە ئێران هەڵنایەت بە هۆکاری مێژوویی، بۆیە ئەمریکایان هێناوەتە ناوچەکە و کەوتوونەتە داوی پڕوپاگەندەی رۆژئاوا کە ئێران ترسە بۆ سەریان، وەک “زەریف” دەڵێت ئەمریکییەکان وایانکرد کە پەیوەندی نێوان ئەوان و ئێران “ئاسایشی” بێت نەک “سیاسیی و ئابوری” ، ئەمە یەکێکە لەو جومگانەی ئەمریکا بەبەردەوام کاری لەسەر کردووە تا کەلێنی نێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێراندا فراوانتر بێت و خۆیان لەو نێوەندەدا یاری بکەن.
لەم جەنگەی ئێستادا چەندەها رۆژنامەی ئەمریکی بڵاویانکردەوە وڵاتانی کەنداو بەتایبەت شانشینی سعودییە، هانی ئەمریکا دەدات تاوەکو بە قورستر بۆردوومانی ئێران بکات، هەروەها لەکاتی واژوکردنی ڕێككهوتنامەی ئەتۆمیی 2015 ئەو وڵاتانە نیگەران بوون، نەیاندەویست ڕێككهوتنامەکە واژوو بکرێت، لەبەرامبەردا، عەرەبەکان دەڵێن کە هەستی پاوانخوازیی ئێران لە ناوچەکەدا و ئارەزووی تەشەنەپێدانی تایفەگەرایی، هۆکارێکی سەرەکی خراپی پەیوەندییەکانە لەگەڵیاندا. ئەم هۆکارانە سەرەکین، بەڵام تەنها ئەمانە نین کە متمانەی نێوان ئێران و ئەمریکایان لە رەگ و ریشەوە سڕیوەتەوە، وەک ویستی ئێران بۆ جێگیرکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، ئەمەش مێژووی هەیە و تەنیا لەسەردەمی رژێمی فەرەمانڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەری هەڵنەداوە. کاریگەریی ئەم بێمتمانەیە لەسەر ئەم ئاگربەستە چییە؟ کە رێژەی متمانەی دوو وڵات بەیەکدی لەم ئاستە و بەمجۆرە بێت، چۆن بگەنە ڕێككهوتن؟ تاران بەهیچ جۆرێک باوەڕی بە بەڵێن و پەیمانی واشنتن نییە، بۆیە رژدە لەسەر گەرەنتی نێودەوڵەتی بەتایبەت پەیوەندیدار بە هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان، لە بەرامبەردا ئەمریکییەکان دەڵێن کە ئێرانییەکان پیتاندنی یۆرانیۆمییان گەیاندۆتە ئاستی %60 ئەمەش زۆر زیاترە لە بەکارهێنانی پیشەسازی سیڤیلی، بە واتایەکی دیکە ئامانجی ئێران گەیشتنە بە رێژەی %90 ئاستی بەرهەمێنانی بۆمبی ئەتۆمی. لەم کاتەدا، پاش راوەستانی کاتیی جەنگ، یەکەمین و گرنگترین هەنگاو بریتییە لە دروستکردنی متمانە، ئەمەش ئەرکی قورسی وڵاتانی نێوەندگیرە، ئەگینا بە هەمان هەست و گیانی پێشوویانەوە و بە بوونی نەتانیاهۆ لە کایەکەدا، هەرەس هێنانی ئاگربەست و سەرهەڵدانەوەی جەنگ ئەگەرێکی نزیك ترە.
“سیناریۆکانی داهاتوو؛ شیکاریی سێ ڕێگای ستراتیژی بەردەم دانوستانەکان”
لەژێر سێبەری بێ متمانەیی قووڵ و هاوکێشە ئاڵۆزە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لەبەردەم سێ سیناریۆی سەرەکیدان. هەر سیناریۆیەک کۆمەڵێک مەرج، ئەگەر و لێکەوتەی جیاوازی هەیە کە ئاراستەی ململانێکە دیاریدەکات.
سیناریۆی یەکەم؛ “ڕێککەوتنی بچووک و کاتی” بەڕێوەبردنی قەیران نەک چارەسەرکردنی، ئەمە ئەگەرە بەهێزەکەیە. هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە نە توانای “ڕێککەوتنی مەزن”ـیان هەیە و نە توانای بەرگەگرتنی “جەنگێکی گشتگیر”. بۆیە پەنا دەبەنە بەر “ڕێککەوتنی تاکتیکی” لەسەر بنەمای “کەم بۆ کەم”. لەم سیناریۆیەدا، ئێران ڕازی دەبێت بە ساردکردنەوە و کەمکردنەوەی بەشێک لە پیتاندنی یۆرانیۆم و فراوانکردنی چاودێری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، لە بەرامبەردا ئەمریکا بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئازاد دەکات و چاوپۆشی لە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین دەکات. شیکاری ستراتیژی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە بێ متمانەیی لە “بەربەست”ـەوە دەبێتە “میکانیزمی بەردەوامی”. واتە هەردوولا بە ئەنقەست ڕێککەوتنەکە بچووک و سنووردار دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی. یەکەم: تێچووی شکستی کەم بێت ئەگەر لایەنی بەرامبەر پاشەکشێ بکات. دووەم: کات بکڕن بۆ ڕێکخستنەوەی ناوخۆ و چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە هاوکێشەی نێودەوڵەتیدا. مەترسی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی ناوچەیی، وەک هێرشێکی ئیسرائیل یان کردەیەکی گرووپە بریکارەکان، دەتوانێت بەخێرایی هەڵیوەشێنێتەوە، چونکە هیچ “سایەیەکی داهاتوو” نییە ڕێگری لە تێکچوونی بکات.
سیناریۆی دووەم؛ “تەقینەوەی کۆنترۆڵکراو” گەڕانەوە بۆ سیاسەتی تووند، ئەم سیناریۆیە کاتێک دێتە ئاراوە کە یەکێک لە لایەنەکان بگاتە ئەو بڕوایەی “دانووستانی بێ ئەنجام” زیانی لە “جەنگی سنووردار” زیاترە. لەلای ئێرانەوە، ئەگەر سزاکان بگەنە ئاستێک هەڕەشە لە مانەوەی ڕژێم بکەن، لەوانەیە پەنا بباتە بەر خێراکردنی بەرنامەی ئەتۆمی وەک “کارتی هەڕەشە” بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بە سازش. لەلای ئەمریکاشەوە، ئەگەر ئیدارەیەکی تووندڕەو بێتە سەرکار، لەوانەیە بگاتە ئەو بڕوایەی کە تەنها “هێزی سەربازی” دەتوانێت ئێران بۆ مێزی دانووستان بگەڕێنێتەوە بە مەرجی واشنتۆن. لەم سیناریۆیەدا، بێ متمانەیی دەبێتە “سووتەمەنی پەرەسەندن”. هەردوولا هەر هەنگاوێکی بەرامبەر وەک “نیەتی خراپ” لێکدەدەنەوە و بە هەنگاوی تووندتر وەڵامی دەدەنەوە. مەترسییەکەی لەوەدایە کە یاریزانە ناوچەییەکان، بەتایبەت ئیسرائیل، دەتوانن لەم دۆخە سوود وەربگرن بۆ سەپاندنی ئەجێندای خۆیان و پەرەسەندنەکە لە “کۆنترۆڵکراو”ـەوە ببەن بۆ “جەنگی گشتگیر”. ئەنجامی ئەم ڕێگایە یان گەڕانەوەیە بۆ سیناریۆی یەکەم بەڵام دوای تێچوویەکی زۆر، یان چوونە ناو سیناریۆی سێیەم.
سیناریۆی سێیەم؛ “گۆڕانی پاردایم” لە ململانێی ستراکچەرییەوە بۆ هاوکێشەی نوێ، ئەمە لاوازترین ئەگەرە بەڵام مەحاڵ نییە و پێویستی بە “شۆکێکی دەرەکی”ـی گەورە هەیە بۆ گۆڕینی هەموو هاوکێشەکە. بۆ نموونە:-
- گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ناوخۆی ئێران ڕوو بدات دوای نەمانی ڕێبەر، کە ببێتە هۆی هاتنەسەرکاری باڵێکی پراگماتیکی کە ئامادەبێت دەستبەرداری دۆکترینی “هەناردەکردنی شۆڕش” ببێت.
- ڕێککەوتنی مەزنی ئەمریکا و چین لەسەر دابەشکردنی ناوچەکانی هەژموون، کە تیایدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەک لە ئەولەویەتی ئەمریکا دەربچێت و واشنتۆن ناچار بێت لەگەڵ ئێراندا وەک “هێزێکی ناوچەیی” مامەڵە بکات.
- هەڕەشەی هاوبەشی بوون، وەک گرووپێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی یان قەیرانێکی ژینگەیی، کە هەردوولا ناچار بکات هاوکاری یەکتر بکەن.
لەم سیناریۆیەدا، “بێ متمانەیی” لە فاکتەرێکی ستراکچەرییەوە دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی تەکنیکی کە دەکرێت بە میکانیزمی بوونیادنانی متمانەی هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکرێت. بەڵام بەهۆی قووڵی زامە مێژووییەکان و فرەیی یاریزانە بەرژەوەندیخوازەکان، ئەم سیناریۆیە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی نائاسایی و کاتێکی درێژ هەیە.
“دەرئەنجام؛ ململانێیەکی بەدامەزراوەیی کراو لەژێر ناوی دانووستاندا”
شیکاری ڕەگی مێژوویی، ستراکچەری و سێ ئاستی بێ متمانەیی نێوان ئێران و ئەمریکا دەری دەخات کە ئێمە لەبەردەم “کۆتایی ململانێ”ـدا نین، بەڵکو لەبەردەم “وەرچەرخانێکی نوێ”ـداین لە فۆڕمی ململانێکەدا. بێ متمانەیی چیتر تەنها بەربەستێک نییە لەبەردەم ڕێککەوتندا، بەڵکو خۆی گۆڕاوە بۆ “میکانیزمی بەڕێوەبردنی ململانێ”
یەکەم:- شکستی “ڕێککەوتنی مەزن” و سەرکەوتنی “بەڕێوەبردنی قەیران”، هۆکارە ناوخۆییەکانی وەک سیاسەتی پاندۆڵی ئەمریکا و ململانێی باڵەکانی ئێران، لەگەڵ هۆکارە ناوچەییەکانی وەک ڤیتۆی ئیسرائیل و دوودڵی وڵاتانی کەنداو، و هۆکارە نێودەوڵەتییەکانی وەک سوودمەندبوونی چین و ڕووسیا لە بەردەوامی ناکۆکییەکە، وادەکەن “کەمترین ئاستی متمانە بۆ دەستپێکردن”ـیش بەزەحمەت دروست ببێت. لە ئەنجامدا، سیناریۆی ڕێککەوتنی کاتی و سنووردار, ئەگەرە زاڵەکەیە. هەردوولا بە “کەم بۆ کەم” ڕازی دەبن نەک لەبەر متمانە، بەڵکو لەبەر نەبوونی بژاردەی باشتر. جەنگ تێچووی زۆرە و ڕێککەوتنی گشتگیر مەحاڵە.
دووەم:- “نەمانی سایەی داهاتوو” ، کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە ئێران و ئەمریکا متمانەیان بە یەکتر نییە، بەڵکو ئەوەیە “باوەڕیان بە بوونی سبەینێیەکی هاوبەش نییە”. کشانەوەی ترەمپ لە 2018 و بەکارهێنانی دانوستان وەک “فێڵی سەربازی” لە 2025، وایکردوە هەر لایەک لە دانووستاندا داوای “هەموو شتێک یان هیچ” بکات. ئەمەش مێزی گفتوگۆ لە ئامرازێکی چارەسەرەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی نوێی ململانێی سارد.
سێیەم:- ئایندە لە نێوان دوو لێواری تیژدایە، ئایندەی پەیوەندییەکان لەسەر هێڵێکی تەنک دەڕوات:- یان “چەقبەستووییەکی بەڕێوەبراو”* کە تیایدا ڕێککەوتنی بچووک ڕێگری لە جەنگ دەکەن بەڵام کێشە ڕیشەییەکان چارەسەر ناکەن، یان “تەقینەوەی کۆنترۆڵکراو” ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان بگاتە ئەو بڕوایەی کە تێچووی مانەوە لەم دۆخە چەقبەستووە لە تێچووی جەنگ زیاترە. “ڕێککەوتنی گشتگیر” تەنها لە ئەگەری شۆکێکی دەرەکی گەورەدا مومکینە، وەک گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی ئێران یان ڕێککەوتنی مەزنی ئەمریکا و چین. “بێ متمانەیی” لە دۆسیەی ئێران و ئەمریکادا بووەتە بەشێک لە سیستەمی بەرگری ململانێکە. چارەسەر بە واژۆکردنی کاغەزێک نابێت، بەڵکو بە دروستکردنەوەی “سایەی داهاتوو” دەبێت لە ڕێگەی هەنگاوی کرداری دوولایەنە و گەرەنتی نێودەوڵەتی ڕاستەقینەوە. تا ئەو کاتە، ئێمە لەبەردەم کۆتایی ململانێکەدا نین، بەڵکو لەبەردەم “قۆناغێکی نوێداین کە تیایدا ململانێکە لە شەقام و مەیدانی جەنگەوە گواستراوەتەوە بۆ سەر مێزی دانووستان، بەڵام بە هەمان تووندی و بە هەمان ئامانجی یەکلاکەرەوە.







































































