لە دوای کۆتایی هاتنی دووەمین جەنگی جیهانی، زاراوەیەکی تازە هات بۆ ناو کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەویش زاراوی جەنگی سارد بوو. جەنگی سارد ململانێییەکی ئایدۆلۆژی و هەڕەشەیەکی دیبلۆماسی گرژیەکی سیاسی و جەنگی دەروونی و پڕووپاگەندە بوو، هەروەها گوشاری ئابووری و پێشبرکێی چەکداری و تەقینەوەی جەنگی سنوردار بوو.
لەرووی سەربازیشەوە خۆنیشاندانی سەربازی لەخۆ دەگرێ، هەروەها بەستنی پەیمان و جەمسەربەندی سەربازی بۆ گەمارۆدانی دوژمن لەخۆی دەگرێت. حاڵەتی رووبەروو بوونەوە لە جەنگی سارد ناگاتە ئاستی جەنگی گشتی و جەنگی جیهانی گەرم و پڕ لە تووندوتیژی، جەنگی سارد جەنگێکە لەناویدا، زیاتر ڕووی ململانێیەکان ململانێی نێودەوڵەتی بۆ هەژموونداری نەک جەنگی راستەقینە، لەو مڵملانێی بەهێزەدا، هەموو ئامرازەکانی ململانێ بەکاردێن، بەڵام ناگاتە خاڵی جەنگی چەکدارانە، لایەنە پێک ناکۆکەکان لە ناو جەنگی سارد هەموو جۆرە چەکێکی ئابووری و راگەیاندن و دەڕوونی و تەکنەلۆژی بەکار دێنن جگە لە چەکی سەربازی و جەنگی سەربازی نەبێت.
جەنگی سارد “٤٥” ساڵ گرژی و کێبرکێی گشتی ئاست بەرز بوو لە نێوان هەردوو زلهێزدا، سەرهەڵدانی چەکی ئەتۆمی دیوارێکی سڵەماندنەوەی دروستکرد، تێیدا هەردوو لایەن هەندێک کات بە نابەدڵی و زێدە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ باروودۆخەکاندا دەکرد، کاتێک تەکتەلۆژیای ئەتۆمی پێش کەوت هەردوو بەرەکە، درکیان بەوە کرد روودانی جەنگێکی ئەتۆمی لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی هەر هێزێک تێک بشکێت هیچ ئومێدێک بۆ چاکبوونەوەی نەبێت. دەکرێ بڵێن حالەتێکە نە ئاشتییە و نە جەنگی راستەقینە. جەنگی سارد جەنگی نێوان ئایدۆلۆژیایی سۆسیالیستی بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت و ئایدۆلۆژیایی سەرمایەداری بەسەرکردایەتی ئەمەریکا بوو. ئەمەریکا لە کاتی جەنگی سارد بۆ رووبەرووبوونەوەی یەکێتی سۆڤیەت و ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی کۆمەلێک ستراتیجی بەکار هێنا، ستراتیژیەتی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە چەند قۆناغدا تێدەپەرێت کە بە پێی باروودۆخی ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابووری، ئەمریکا ستراتیجییەکانی دارێژرابوو، گرینگترین ستراتیژیەتەکان ئەمانە بوون، یەکەم ستراتجییەتی دەوردان بوو ئەمە یەکەم ستراتیجییەتی ئەمەریکا بوو کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی دژی یەکێتی سۆڤییەت بەکاری هێناوە. دووەم سترایجییەتی تۆڵەی سەرتاپاگیری بوو ئەم ستراتیژییە مەبەست لێی ولامدانەوەی توندی ئەمەریکایە هێزێکی ئەتۆمی و نا ئەتۆمی و هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، چونکە لەو کاتەدا ئەمەریکا باڵا دەستی ئەتۆمی هەبوو لە بەرامبەر سۆڤیەتدا، سێیەم ستراتجی، ستراتیجیییەتی وڵامدانەوەی نەرم بوو کە پرنسیپی ئەم ستارتجییەتە ئەوە بوو مەرج نییە ئەمەریکا بە تەواوی وڵامی هەموو هەرەشە و مەترسیەکان بە توندی بداتەوە بەڵکو دەبێت رێگا بگیرێت لە پەرەسەندی کێشە سنوردارەکان لە پێناو رێگاگرتن لە حالەتی پێکدادانی سەرتاپاگیری. ستراتیجییەتی چوارەم لەسەر دەستی “هینری کیسنجر” وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیرەو کرا کە ستراتیجییەتی ولامدانەوەی هەنگاو بە هەنگاو بوو، واتا بەکارهێنانای چەک و هێز بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو بە پشت بەستن بە هەڵبژاردنی ئەقلانی لە سیاسەتی دەرەوە بوو.
هەرەها ستراتیجییەتی جەنگی ئەستێرەکان ئەمەش ئەو سیاسەتە بووە، کە سەرۆکی ئەمەریکا “رۆناڵد ریگن” ڕایگەیاند، کە ڕیگن بە تووندڕەوێکی بەهێز ناسرا بوو، ئەمەریکا بە دەگمەن سەرۆکێکی بەرهەم هێناوە کە ئەوەندی “رۆناڵد ریگن” گونجاو و هەماهەنگ بێت لەگەڵ سەردەمەکەیدا، ریگن لەوە شەرانگێزتر دیار بوو کە واقعبین بێت، بیروباوڕەکانی ریگن زۆر تاک رەهەند دیار بوون، بەڵام بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەت کە ئابوورییەکەی لە چەقبەستندا بوو هەروەها سەرکردایەتییە کۆنەخوازەکەی یەک لەدوای یەک لەنێو دەچوون، بەمجۆرە لە لایان رای گشتی ئەمەریکاوە بەتامەزرۆیییەوە بۆ خستنەگەری سەردەمی بێداربوونەو، دەستیان کرد بە پشتیوانی ریگن، ریگن بە هەستکردن بە خاڵە لاوازە شیمانەییەکانی سۆڤیەت و بە بڕوابوونی قووڵی بە باڵادەستی سیستەمی ئەمەریکی، دوو توخمەکەی دەسەڵات و رەوایەتی ئاوێتەی یەک کرد، ریگن بە پێشبرکێیەکی خۆ پرچەککردن و تەکنەلۆژیای، هەستا بە میوانداریکردن لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ململانێیەکی مەزن، ئەم ململانێیەیی کە سۆڤییەت نەیدەتوانی براوە بێت تێدا، بە گوێرەی ئەو پرۆگرامانەی کە لەمێژبوو لە کۆنگرێسدا کۆسپیان لەبەردەم دانرابوو، ریگن لەسەر ئەو باوەڕە بوو، کەلەڕەقی کۆمەنیستی زیاتر لەسەر بنەمای نەزانی و ناهۆشیاری بوونیاد نرابوو، نەک ئیرادەی خراپ، لەسەر بنەمای بەهەڵە تێگەیشتن بوو نەک شەرانگێزی، ریگن بڕوای وابوو کە ململانێکە ئەگەری هەیە بەوە کۆتایی بێت کە دوژمن درک بە باڵایی پرەنسیپەکانی ئەمەریکا بکات، “رۆناڵد ریگن” کە یەکێتی سۆڤیەتی بە ئیمپراتۆریەتی شەڕ ناوبرد، سەرۆک ڕیگن داوای پەیڕەوکردنی سیاسەتی پێشبرکێی خۆ پرچەک کردنی کرد کە بەمەست لێی ڕاکێشانی سۆڤیەت بوو بۆ ئەو پێشبرکێیە دوور و درێژە و پر خەرجییە، مەبەست لەو ستراتجییەتە ئەو ئامانجە بوو کە ڕەنگە ئابووری سۆڤیەت نەتوانێت ئەو هەموو تێچوون و خەرجییەی خۆپرچەکرد لەخۆی بگرێت، واتە دەیویست یەکیتی سۆڤیەت تووشی خۆێن بەربوونێک بێت لە هەموو بوارەکانی هێزەکەیەوە، خستنە ناوەوەی یەکێتی سۆڤییەت بۆ ئەم ستراتیژیەتەی خۆپرچەککردنە لە لایان سەرۆک ڕیگن بووبه یەکێک لەو چەندیین هۆکارانەی کە بوون بە مایەی شکست و دابەش بوون، پەرتبوونی یەکێتی سۆڤییەت بۆ زیاتر لە پانزە دەوڵەت.
بە گشتی جەنگی ئەستێرەکان، پێشبرکێی خۆ پرچەککردنی هەردوو زلهیز بووە، لە هەموو بوارەکانی پەیوەست بە چەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لە بۆمبی ئەتۆمی، تا بۆمبی هایدروجینی، لە هەڵدانی مانگی دەستکرد، تا گەیشتن بە مانگ، لە برەودان بە تەکنەلۆژیای ئاسمانی تا بروەدان بە چەکە بایۆلۆژی و کیمیایییەکان، بە گەشتی ستراتیجییەتی جەنگی ئەستێرەکان، کاریگەر و بەهێز بوو، کە توانی ئابووری یەکیەتی سۆڤیییەت دابرۆخێنیت، بە فاکتەری بەزربوونەوەی خەرجییە سەربازییەکانی، بەهۆی ململانێکردن لەگەڵ ستراتجییەتی جەنگی ئەستێرەکان. ئەگەر تهماشای ستراتیجییەتی ئەتۆمی ئەمڕۆی ئەمریکا بکەین ئەوا دەبینین بەردەوام لە هەوڵی دەوردان و رێگرتنە لە هەموو دەوڵەتانی بەهێز، بە مەبەستی ئەوەی رێگری بکرێت لەبەردەم هەر لایەن و دەوڵەتێک کە ویستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت، بۆیە بەردەوام هەوڵی سیاسەتی گەمارۆدان و فشارخستە سەریان دەدات یان ناچاریان دەکات سیاسەتی خۆپرچەککردن بگرنە بەر تا ئابووری و توانی داریان نامێنیت، لەگەڵیدا هیچ دەسەڵاتێکیان نەمێنێت، بۆیە گەمارۆی دارای و ئابووریان دەخاتە سەر، ئەگەڕ سەیری ئێران بکەین وەک نموونە:- بەهۆی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و سیستەمی حکومرانیەکەیەوە هەمیشە لەلایان ئەمەریکاوە فشاری دەخرێتە سەر تا دەستبەرداری هەوڵدان بێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لە هەمان کاتدا چاوپۆشی و بێ دەنگی دەنوێنێ بەرامبەر جبەبخانەی ئەتۆمی ئیسرائیل و ئەو پێشێلکاریانەی کە دەیکات، ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەمەریکا هەمیشە سیاسەتی دوو لایەنە بەکاردەهێنێت و پەیرەوی دەکات.
سەرچاوەکان؛
١- د.شەمال حسێن، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ابخانەی تەفسیر، چاپی یەکەم، ٢٠١٨.
٢- کارین أ مێسگین- ئێڤان،م ئارگیون، بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەرگێران ـ عومەر علی غەفوور، چابخانەی تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢.
٣- هێنری کسنجەر، سیستەمی جیهامی، وەرگێران کارزان کاوسێن، چاپخانەی چاپەمەنی گەنج، چاپی یەکەم، ٢٠١٨.