لە دواى هوروژمى کۆڵۆنیالیزم و پڕۆسەى داگیرکارى ئەوروپى بۆ ناوچەکانى ژێر دەستى دەوڵەتى عوسمانى و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نزیک، بارودۆخى سیاسى ئەم ناوچانەى گۆڕى، هەستى نەتەوەیى دژى داگیرکارى بزواند، ئەم بارە تاوەکوو جەنگى یەکەمى جیهانى و پەرتکردنى ناوچەکە بە نەخشەى ئینگلیز و فەڕەنسییەکان و دواتریش وڵاتانى ترى وەکوو ئەمریکا بەردەوام بوو، لەوە دواش کە سووریا و ئێراق بوونە دەوڵەت، ڕۆشنبیران و سیاسەتووانانى عەرەبى دەیانویست بوونیادى ئەم دەوڵەتانە لەسەر بنەماى ناسیۆنالیزم بگونجێنن، هاشمییەکان لەسەرەتاى گرتنەدەستى دەسەڵات لە سووریا و دواتریش ئێراق، هانى ئەوجۆرە لە ناسیۆنالیزمیان دەدا، شکۆمەندى مێژوویى عەرەب، خەبات لەدژى عوسمانى لە شەڕى ١٩١٦ کە خۆیان بە پڕۆسەى ڕزگارکردنى نیشتمانیى عەرەب لە تورک ناوى دەبەن، تەنانەت پێى دەڵێن (شۆڕشى عەرەبى)، ئەمانە هەوڵیاندەدا ئیدارە و دەسەڵات و دواتریش پەروەردەى تاک و کۆمەڵ لە چوارچێوەى ئەو بیرو ئایدیایانە گۆش بکەن، کە ڕاستەوخۆ خزمەتى ناسیۆنالیستى عەرەب دەکات، بەبێ ڕەچاوکردنى جۆرو شێوازى دروستکردنى ئەم دەوڵەتانە، کە بەهیچ جۆرێک ڕەچاوى خواستى نەتەوەیى تێدا نەکرابوو، بەڵکوو ڕاستەوخۆ خزمەتکردنى بەرژەوەندییەکانى وڵاتانى داگیرکەر بوو، لەو چوارچێوەیەشدا زۆر نووسەر و تیۆرسێن و ئەدیب و دواتریش دەسەڵاتدار و سیاسیى لە دروستکردن و خزمەتکردنى ئەم بیرۆکانەدا بەشداربوون، کە دەتوانین بڵێین ئەوان دروستکەرى ناسیۆنالیزمى شۆڤێنیى داهاتووى ئەم دەوڵەتانە بوون، یەکێک لەو کەسانەى، کە لەمێژووى سووریا و ئێراق و نیشتمانى عەرەبى ڕۆڵێکى دیارو بەرچاوى هەبوو، (“ساتع ئهلحوسهیری”) بوو.
“ساتع ئهلحوسهیری” لە ساڵى ١٨٠٠ لە سووریا لەدایکبووە، خوێندنى لە “المدرسة الملکیة الشاهنشایە” لە ئیستانبووڵ تەواوکردووە، پاش تەواوکردنى خوێندن لە ساڵى ١٩٠٠بووبە مامۆستاى زانستە سرووشتییەکان لە یەکێک لە قوتابخانەکانى ئامادەیى، لە ساڵى ١٩٢٠ ڕۆیشت بۆ میسر و لەوێ بەکارى پەروەردەیى هەستا، هەتاوەکوو ئەو کاتەى لەلایەن مەلیک فەیسەڵى یەکەمەوە بانگهێشتکرا، کاتێک فەیسەڵ تاجى پاشایەتى لە سووریا لەسەرنا، حەسەرى دواى کەوتووبووبە وەزیرى ڕۆشنبیریى، هەروەها لەسەردەمى بوونى لە دەرەوەى وڵات، “ئهلحوسەیرى” لە پاڵیدابوو، پاش ئەوەى فەیسەڵ لە ئێراق بوو بە مەلیکى ئێراق، “ئهلحوسهیری” بووبە بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە، لە وهەموو ماوەیەى، کەلە ئێراقدا مایەوە، “ئهلحوسهیری” بەشێوەیەکى بەردەوام و سیستماتیک، سیستەمى پەروەردەى لە ئێراقدا لەسەر بنچینەى ئایدۆلۆژیاى ناسیۆنالیستى پان عەرەبى ڕێکخست، لەم ڕوانگەیەوە بەبێ هیچ گومانێک ئەو کەسەبوو، کە توانى هۆشیارى هەستى عەرەبى بگۆڕێت و بیکات بە هەستێکى ئایدۆلۆژى، وەک پسپۆڕى پەروەردە و پیاوێکى ئایدۆلۆژى و نووسەرێکى بە بڕشت و مامۆستا و متمانەپێکراوى مەلیک، توانى لەدواى ساڵانى دواى جەنگى یەکەمى جیهانى کاریگەرییەکى بەرچاوى لەسەر ڕۆشنبیران و ئەدیبانى عەرەب بەگشتى هەبێت، ئەو کاتانەى لە ئێراق لە نزیک دەسەڵات بوو،خۆیشى بەڕێوەبەرى گشتیى بوو، پێى وابوو ڕوحێکى ئایدۆلۆژى نەتەوەیى پان عەرەبیزم کە گەنجامى ئێراقى نوێنەرایەتى دەکەن دەتوانرێت وەبەرهێنانى تێدا بکرێت و بکرێتە داینەمۆى گۆڕانکارى سەرتاپاگیر لە ناو نیشتمانیى عەرەبى، کارى بۆ گۆڕینى مەنهجى قوتابخانە و دەزگا پەروەردەییەکان بە ئاڕاستەى ئایدۆلۆژى عەرەبیزم کرد، ئەو پێى وابوو ئەگەر ئەم ئایدۆلۆژییە پان عەرەبییە لەڕێگەى پەرورەدەوە موتوربە نەکرێت و لاوانى لەسەر پەروەردە نەکرێت دەپوکێتەوە و نامێنێت، ئەو لەجیاتى ململانێى سیاسیى و حزبى بڕواى بە ململانێى نەتەوەیى هەبوو، چونکە بڕواى بە تۆکمەکردنى ئەم بیرەهەبوو، ئەو بڕواى وابوو سیاسەت دەبێت لە خزمەتى هەستى نیشتمانیى و نەتەوەیى دابێت، کە ئەو وەک “سیاسەتى باڵا”دەیبینى، ئەو چالاکیى قوتابخانەکان و پەروەردەى لاوانى بە پلەیەکى یەکجار باڵا دادەنا. هەربۆیە دەیگوت: هەموو ئامڕازێک لە پێناوى بەهێزکردنى هەستى نیشتمانپەروەرى و ناسیۆنالیزم لە ناو ناخى ڕۆڵەکانى ئێراق بەکاردێنم، بۆ بڵاوکردنەوەى باوەڕ بە یەکێتیى میللەتى عەرەب، هەروەها هەڵدەستم بەم ئەرکە بەبێ ئەوەى لە هیچ حزبێکى سیاسى کاربکەم، کە لە ئایندەدا دروست دەبن
لە ماوەى بەڕێوەبەرێتیى گشتیى پەروەردەى ئێراق لە (١٩٢٣-١٩٢٧) بەشێوەیەکى بەردەوام کارى بۆ عەرەباندنى دەزگا کارگێڕى و خوێندنگەکان دەکرد، کە لەوەو پێش لەژێر کاریگەرى کارگێڕى تورکەکاندا بوون، شان بەشانى کارکردن بۆ چاندنى هەستى ناسیۆنالیزم لەناو نەوەى نوێى ئێراقى، سەرەتاى کارەکانیشى دامەزراندنى سیستەمێکى ناوەندى بەهێزى پەروەردەیى بوو لەسەر بنەماى پڕۆگرامى هاوچەشن، پڕۆگرامى خوێندنگەى سەرەتایى، کەلە ساڵى ١٩٢٢ دامەزرا، جەختى لەسەر فێرکردنى زمانى عەرەبى و مێژووى پێش ئیسلام بە ڕەنگێکى ناسیۆنالیزمى سیکۆلاریستى، تەنانەت کە باسى مێژووى میللەتانیش دەخوێنرا، جەخت لەسەر شارستانییەتى عەرەبى و لەژێر ڕۆشنایى ئەم شارستانییەتەدا باسى دەکرا، پڕۆگرامى خوێندنى سەرەتایى لەسەر بنەماکانى: خوێندنى مێژوو کە ئامانجەکەى فێرکردنى مێژووى نیشتمان و ڕابردووى میللەت، ئەمەشى بەمەبەستى بەهێزکردنى هەستى نیشتمانپەروەرى و ناسیۆنالیستى بوو لەناو دڵى خوێندکارەکان، هەربۆیە وا پێویستى دەکرد مێژووى ئێراق و نەتەوەى عەرەب ببێتە ناوەەدى خوێندنە مێژووییەکان، هەربۆیە نابێت مێژووى وڵاتانى دیکە لەسەرەتاى کۆرسەکاندا بخوێنرێت، دەبێت تەنها پەیوەندیدار بێت بە مێژووى ئێراق و نەتەوەى عەرەبەوە، پێویستە بیرۆکەى یەکێتیى میللەتى عەرەب و عرووبیەت لە ئێراقدا بەڕوونى جەختى لەسەر بکرێتەوە.
بۆ ئەوەى ئەم هەستى ناسیۆنالیستییە بەهێزبکرێت، سەرەتا بە قووڵى بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە پەڕگیرەکانى ئیتالیا و ئەڵمانیا و وڵاتانى تر دەخوێنرا، هەربۆیە دەبینین “ئهلحوسهیری” مێژووى یەکگرتنى ئیتالیا و ئەڵمانیاى خستەناو پڕۆگرامى شەشى سەرەتاییەوە و ئەمەش دەبوو تیشک بخاتەسەر سیاسەتى کاڤور و گاریباڵدى لە ئیتالیا و بسمارک و بنەماڵەى هۆهێنزۆلێرن لە ئەڵمانیا، پڕۆگرامى خوێندنەکە بەراوردکارى بوو لە نێوان ئیتالیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێراق، ئێراق وەکوو پڕوسیا تەماشا دەکرا. هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکرایەوە، کە ئامانجى کۆتایى لە خوێندنى مێژوو لە قوتابخانە سەرەتاییەکان بریتییە لە خوێندنى “مێژووى نیشتمان” و “ڕابردووى نەتەوە” و ئامانجى زۆر سەرەکى بریتى بوو لە پتەوکردنى “هەستى نیشتمانپەروەرى و ناسیۆنالیزم لە ڕۆحى خوێندکارەکان، لەم پڕۆگرامەدا مێژووى وڵاتى ئێراق و مێژووى نەتەوەى عەرەب بووبە تەوەرەى سەرەکى وانەکان، لە ساڵانى یەکەمدا مێژووى وڵاتانى دیکە و میللەتانى دیکەش بە پەیوەندى لەگەڵ ئەم مێژووە دەخوێندرا، هەربۆیە دانیشتووانى دێرینى میسیۆپۆتامیاى وەکوو کلدانى و ئەکەدى و ئاشوورییەکان و پێشتریش پەیوەست دەکرا بە ڕەگەزى عەرەبى و هاتنیان بۆ نیشتمانى عەرەب و دوورگەى عەرەبى، بڕیارەکانى وانەى مێژوو لەساڵى شەشەم ڕووناکیان دەخستەسەر یەکێتیى ئیتالیا لەبەر ڕۆشنایى کارەکانى کافورو گاریباڵدى، و هەروەها یەکێتیى ئەڵمانیا و کارەکانى بسمارک. سیستەمى پەروەردە بەجۆرێک بە ڕێنمایى و یاسایى تووندو وشک گرێدرابوون بەیەکەوە، دەتوانین بڵێین زۆر تووند گرێدربوو بە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتى، ئەمیش لەڕێگەى سەرپەرشتیارەکانەوە کۆنتڕۆڵى چالاکى سەرپەرشتیارى شارەکان و ناوچەکانى دەکرد، ڕێکخراوى کەشافەش ڕۆڵێکى یەکجار بەرچاوى دەبینى لە سیاسەتاندن و سەربازاندنى ژیانى خوێندکاران.
باس لەوە دەکرێت، کە “ساتع ئهلحوسهیری” کاریگەرى فەیلەسوف و ناسیۆنالیستى ئەڵمانى “فیختە”ى زۆر بەسەرەوە بوو، بەم بۆنەیەوە پێى وابوو کە تێکهەڵکێشکردنى ئایدۆلۆژیاى ناسیۆنالیزم لەناو ڕۆحى گەنج شتێکى زۆر پێویستە، بەلاى ئەوەوە دەبوو گەنج خۆى بە بیرى ناسیۆنالیستى پەروەردە بکات، بەجۆرێک هەڵوێستى دوژمنانەى دژ بە کۆڵۆنیالیزمى ئینگلیزى هەبێت، هەربۆیە لە گوتارەکانیدا جەختى لە هەستى دژ بە دەسەڵاتى بێگانە و ناسیۆنالیزمیشى بە ئامڕاز و ئامانجێک دادەنا، کە دەتوانێت گەنجان دژى هێزى داگیرکەر هانبدات. “ئهلحوسهیری” لە زۆر بواردا کارى کردبوو، یاریدەدەرى وەزیرى پەروەردە، بەڕێوەبەرى گشتیى، مامۆستا لە خانەى مامۆستایانى باڵا، چاودێرى فێرکردنى گشتى، ڕاگرى کۆلێژى یاسا، بەڕێوەبەرى شوێنەوارە دێرینەکان، بەڕێوەبەرى فێرکردن و پەروەردەى گشتى، لەسەرجەم ئەو پلەو پۆستانەیدا هەتاوەکوو دەرکردنى لەلایەن “عەبدولئیلاوە” لەساڵى ١٩٤١ بەردەوام خەریکى بڵاوکردنەوەى بیرو پەیامى عروبییەت بوو، کە لاى ئەو واتاى باوەڕ بەیەکێتیى میللەتى عەرەب و بڵاکردنەوەى هەستکردن بە شکۆمەندى ڕابردوو یاخود مێژووى عەرەب.
دەسەڵاتى ئەوکاتەى مەلەکیش دەیزانى پەروەردە ڕۆڵێکى گەورەى لە ژیانى سیاسیدا هەیە و دەتوانێت جێگەى خێزان و داب ونەریتى باو بگرێتەوە، ڕۆڵى پەروەردە بریتى بوو لە بەیەکەوەبەستنى ئیتنى و ئایین و ئایینزا و کیانە پەرش وبڵاوە جیاجیاکان بەیەکەوە کۆکردنەوەیان و پێکەوە بەستنیان لەناو سیستەمێکى هەڕەمى نوێ، کە بەسەرویانەوە میللەتى عەرەب بێت، کۆنتڕۆڵى دەوڵەت بەسەر سیستەمى پەروەردەدا پڕۆسەى تواندنەوەى نەسیۆنالیى گرەنتى دەکرد، “ئهلحوسهیری” کۆمەڵگاى ئێراقى وەکوو نەخۆش دەهاتە پێش چاو، نەک لەبەرئەوەى قوربانى نەزانى و نەخوێندەوارى و هەژارى بوو، بەڵکوو لەبەرئەوەى کەم هۆشیاربوو سەبارەت بە ئایدیاى زۆرینەى عەرەبى و بەپەرۆش نەبوو بۆ یەکێتیى عەرەب لەلایەکەوە و ڕۆحى هاوکارى و ملکەچبوون و قوربانیدانى تێدا نەبوو بۆ بەدیهێنانى ئەم ئایدیایە ، بەلاى ئەوەوە پێداویستییەکانى عەرەبێک پێش هەموو شتێک بریتى بوو لە پەروەردەى کۆمەڵایەتى، کە بتوانێت ڕۆحى هاوکارى و ملکەچبوون و قوربانیدان پەرەپێ بسەنێت و بەهێزى بکات…
چونکە ئێراق لەسەرەتاکانى دروستکردنیدا هێشتا سنوورەکانى بەتەواوى و بەڕوونى دیارى نەکرابوون و دانیشتوانەکەى بریتى بوون لە تێکەڵەیەک لە کەمینەى ئیتنیکى و هۆز و ئایین و ئایینزاى جیاجیا و دژ بەیەک، بەهۆى بیروباوەڕ و ئەسڵ و ئینتیماى خێڵەکى و شێوەى ژیانى جیاجیا، فەیسەڵ و “ئهلحوسهیری” و ناسیۆنالیستە پەروەردەییەکان دەیانویست میلەەتێک دروست بکەن پێى بگوترێت “میللەتى ئێراق”، کە جوڵێنەرى ڕوحى و دەروونى و هەستى پڕبێت لە عرووبە. بەمشێوەیە دەبینین چالاکییەکانى “ئهلحوسهیری” تەنها لەناو دام ودەزگا فەرمییەکانى دەوڵەت نەدەوەستا، کە وەک باوکى سیستەمى پەروەردە لە ئێراق ناسرابوو، بەڵکوو وەکوو نووسەرێکیش بە وتار و نووسین و کتێبەکانیشى لەبوارى کۆمەڵناسى و ئەنترۆپۆلۆجى و زانستى زمان و ئەدەب و مێژوو و بایۆلۆجى و ماتماتیک، کارى بۆ ئەم بیرۆکانەى دەکرد، ئەمەو جگەلە هاندانى لاوان و خوێندکاران بۆ پەیوەست بوون بە یانە و ڕێکخراوەکانى وەکوو: موسەنا و فتوە و جەوال و…هتد، کە دەیانویست ڕوحییەتى پانعەرەبى و فاشییەت لە ئێراق برەوپێ بدەن.
“ساتع ئهلحوسهیری” هەروەک خۆى لە یاداشتەکانیدا باسى کردووە، دواى گەڕانەوەى “وەسى عەبدولئیلا” بەهاوکارى ئینگلیزەکان و کۆنتڕۆڵکردنەوەى دام و دەزگاکانى حکومەت، بڕیارى دەرکردنى لە خزمەت دراوە و لە ڕۆژى (١١ى حوزەیرانى ١٩٤١) بە فەرمانى ژمارە (١٠٢٧٨)ى وەزارەتى مەعاریف فەرمانەکەى گشتاندووە و بڕیارەکە جێبەجێکراوە، هەروەک بۆخۆى ئاماژەى بۆدەکات، دواى (١٩)ساڵ و سێ مانگ خزمەت لە ئێراق، بەڵام حکومەتى ئێراقى مووچەى خانەنشینیان بۆ نەبڕیوەتەوە و تەنانەت ڕەگەزنامەى ئێراقیشیان لێ سەندووەتەوە، ڕۆژى (٢٣ى حوزەیرانى ١٩٤١) دواى ئاگادارکردنەوەى لەلایەن پۆلیسەوە عەسرى ئەو ڕۆژە سوارى شەمەندەفەر بووە و بەغداى پایتەختى ڕووە و سنوورى باکور بەجێهێشتووە، بەمەش ژیانى کارگێڕى و سیاسیى کۆتایى هات،( أبو خلدون (ساطع الحصری: مزکراتى فی العراق ١٩٢٧-١٩٤١ دار الطلیعة للطباعة والنشر بیروت، الطبعة الاولى، حزیران ١٩٦٨). بەڵام تێڕوانین و بۆچوونەکانى لەمەڕ عروبە و ناسیۆنالیزمى عەرەبى بووبە هەوێنى دروستبوونى چەندین ڕێکخراو و یانە و دواتریش لە ساڵانى سەردەمى حوکمى حزبى بەعس (١٩٦٨-٢٠٠٣) لە ئێراق بە گرینگى و بایەخەوە لێیان دەڕوانى و بووبە دەستپێکى تەعریب لە پڕۆگرامەکانى خوێندن و مێژووى ئێراق و شکۆمەندییەکانیان بۆ سەردەمى سۆمەرى و ئەکەدى و بابلى گێڕایەوە، بە واتایەکى تر “ئهلحوسهیری” بووبە بنەما و باوکى ئەو ڕوحیەتە شۆڤێنییە عەرەبییەى بەعس گەیاندییە لووتکە.
ئامادەکردن: د.ژیلوان هەڵەدنى







































































