فاشیزم وەکو بیرێکی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی، لە “دەسکەدار” ی لاتینییەوە هاتووە، بەجۆرێك لە “ڕۆما”ی كۆندا هێمای پاراستنی هێمنی بووە، هەر بۆیە لە دوای یەكەمین جەنگی جیهانیدا، ئیتاڵیا بوو ناوەندی بزاڤێکی سیاسیی بۆ سەرپێكەوتن و تەشەنەكردنی وەك ڕێبازێكی هاوچەرخ ڕێبەرایەتی “بینیتۆ موسولینی”. لێرە بەدوا فاشیزم بووە ڕێبازێك دژی بیرى سۆسیالیزم و ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیزم، بەتایبەت كە “پارتى فاشیزم” لە ساڵی ١٩١٩ دامەزرا و لە ساڵی ١٩٢٦دا بووە نموونەی ڕەوتێكی دەسەڵاتخواز و ئەزموونكردنی مۆدێلێكی ڕاسیزمی و بوونیادنانی دەوڵەتێکى تاک حیزبی لەسەر بنەماى نەژادپەرستی. هەرچەندە فاشیزم لە سەرەتاوە وەک دیاردەیەکی مودێرن و دەسەڵاتخواز دەرکەوت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی لیبرالیزم و پلورالیزم نامۆو دژ یەك بوو، بەتایبەت كە لەژێر کاریگەرى میتۆدەكانی دەوڵەتى نیشتمانى و نەتەوەیی هاوڕا بوو، بەم پێودانگە (ماکیاڤیللى)یان بە سەرمەشق و مەزنە بیرمەند و بانگەشەكاری یەکخستنى ماكە نەتەوەییەكانی یەكێتی ئیتاڵی و هەرێمە جیاوازەكانی وەك: “توسكانا، ڕۆما، لۆمباردیا و ناپۆلی” داناوە، هاوكات دەوڵەتى نەتەوەیی گەیاندووەتە ئاستى پەرستن، جیا لەوە بەکارهێنانى هەر جۆرە ئامڕازێکى بە بۆ پاراستنى ئەزموونە دەسەڵاتخوازییەكەی پێویست زانیووە.
لەم سۆنگەیەوە فاشیزم بانگەشەی ئەوەی دەكرد، كە پێویستە نەتەوە بەهۆی گەشەسەندنە مێژووییەكەیەوە، پێویستە یەکێتى نەتەوەیی و ناسیۆنالی دەستەبەر بکات، ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ئەزموون و شکۆمەندییەكانی ڕابردوو، لێرەوە دەوڵەت و ویستی دەسەڵاتخوازیی لای فاشیزم بووە دامەزراوەیەکى پیرۆز، كە دوور لە كۆبوونەوەی تاكەكان دروست نابێت، چونكە یەکەیەکى تایبەتییە و ژیان و بوونى خۆی هەیە، بەم پێیە وایان دەبینی، کە ڕاستە دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانى تاک دروست بووە، بەڵام ئەگەر بێتو ئەو بەرژەوەندییانە ناتابا و دژ بوو دەبێت لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى دەوڵەت و ویستی گشتیدا دەستبەرداری ببێت، ئەگەر ئەوەش نەكرا، ئەوا بەكارهێنانی هێزی كردبووە مەرج، بەو پاساوەی بەردەوام دەوڵەت لەپەرەسەندنێکى مێژوویی بەردەوام دایە، هەر بۆیە دەبێت بۆ پاراستن و بردەودان بە تواناکانى لە پێشەوەى سەنگەردابیت، واتە دەبێت تاک بەرژەوەندی دەوڵەت بخاتە سەرو ئازادیى و مافەکانى تایبەتی و كەسییەكانی خۆیەوە، لێرەشەوە ئەرکى قوربانیدانی تاک بۆ دەوڵەت وەك بەرزترین بەهاى ئەخلاقی تەماشا كراوە. لەسەر ئەو بنەمایە فاشیزم پایەی سەروەریی و رێبازی دیموکراتی ڕەتكردووەتەوە، بەم پێیە بە ڕەواى نابینیوە تاکە کەس فۆرمی حوکمەت دەستنیشان بکات، پێی وابوو حوکمەت لەدەستی کەمینەیەکدا بێت، بەشدارى تاک لە ژیانى سیاسیدا سنووردار دەكات، هەر بۆیە وای دەبینی تەنها بەشاریی تاك تەنها لەڕێگەى ڕێکخراوە پیشەییەکانەوە بێت، زیاتر لەوە فاشیزم پێی وابوو هیچ بابەتێك بەناوى سەروەریى میللەت بوونی نییە جگە لە درۆیەکى گەورە، چونكە ئەوەى هەیە سەرەوەریى دەوڵەتە، هەر بۆیە فاشیزم ململانێی چینایەتیان ڕەتکردەوە، بڕوایان بە یەک حیزب و یەک سەرکردە هەبوو، هێرشیان کردە سەر فرە سەرکردەى سیاسیی لە دەوڵەتدا، لەم سۆنگەیەشەوە ئایدیاى جیهانگیریان پێ پەسەند نەبوو، بەڵکو لای ئەوان دەوڵەت باڵاترین و کامڵترین فۆرمی سیاسیی بوو، ئەو دەوڵەتەش لەسەر بنەماى یەکێتى جوگرافیا و مرۆیی و پەیوەندییە مێژووییەکان دادەمەزرێت، بەم پێیە وایان دەبینی پێویستە دەوڵەت خزمەتى خۆی بکات بێ گوێدانە بەرژەوەندی دەوڵەتانى تر، هەر کاتێکیش دەوڵەت پێویستى بە کەرەستەى خاو یان بازاڕ بوو بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانى یاخود پێویستى بە زەوى بوو بۆ نیشتەجێکردنى خەڵکەکەى، ئەوا جەنگ دەبێتە ئامڕازێکى ڕێ پێدراو، چونكە جەنگ دۆخێکى سروشتییە کە نەتەوە بەهێزەکان بە زیندووی دەهێڵێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەى یەکڕیزى گەل و ڕێکخستنێکى نموونەییەوە بۆ گەیشتن بە ژیانێکى شایستە. زیاتر لەوە فاشیزم وەك ئایدۆلۆجیایەکى فەلسەفی و سیاسیی، بە ناوەڕۆک و ئەفسانەى نەژادى باڵا و ناسیۆنالیزمى توندڕەوەوە دژایەتى نەژادەکانى تر دەکات، ئەم پەرەسەندنە پیرۆزكراوە لە ئیتاڵیادا بە جۆرێك شێوەی گرت، كە بەچاوى ڕێزەوە سەیری مێژووى مەزنى ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانی بكات، هەمان كات دیدگاو ڕێبازى سەرەکى لە دروستبوونیدا هەر لە پێکهاتن و گوتار و چالاکییەکانی فاشیزمدا خۆی لە (ناسیۆنالیزمى تووندڕەوى نەژادپەرست، تۆتالیتاریزم، مۆدێرنیزم، سیکۆلاریزم، دەوڵەتى مەدەنى دوور لە ئاین، سوپاسالاری، فراوانخوازى و هێرشبردن، دژایەتى کۆمۆنیزم، لیبرالیزم، دژایەتى کۆنەپەرستى) دەبینێتەوە، لەم بارەیەوە مۆسۆلۆنی بە ئاشكرا ڕایدەگەیاند: (لابردنی پەڕەی مریشک یەک بەدوای یەک دەبێت، تاكو خەڵک تێبینیی ئەوە نەکات کە ئازادییەکانیان لەدەستداوە، کاتێکیش دەبینن ئازادییەکانیان لەدەستداوە، ئەوکات زۆر درەنگە).
بەر مەبنای ئەو سەرنجانە فاشیزم بووە دیاردەیەك كە بەهۆی شێوازى فەرمانڕەوایەتییەكەیەوە دەناسرایەوە، واتە بەتەواوی ببووەتە ئایدلۆجیایەكی دەسەڵاتخواز، بەجۆرێك لە ئەوروپادا پێیان دەوت “شێوازى پیاوانە”، کە کاری بۆ کۆکردنەوەى گەنجان و بارهێنانیان بەشێوەیەکى حەماسانەى تووندڕۆ بۆ کارى سەربازى و تۆڵەسەندنەوە دەكرد، هەر ئەمەش سەریکێشا بۆ ڕیازی تیرۆریزم و بیروباوەڕی میلیتاریست بۆ چارەسەرکردنى زۆرینەى گرفتەکانى کۆمەڵگە، ئەویش لە ڕێگەى خۆ دەرخستن و درۆو بەڵێنى بێ بنەما، هەر بۆیە “ئایدیۆلۆجیستی سەرکوتکەر” دیارترین ئەو بنەمایانەى فاشیزم بوو کاریگەری زۆری لەسەر لایەنگرانى هەبوو، لەسەر ئەم بنەمایەش کەسانێک کە باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای فاشیزمی هێناوە، بە جۆرێک ئەوەندە دەمارگرژ و بیر تەسکن، کە توانای قبووڵکردنی هزر و بیر و باوەڕی جیایان نامێنێت و وا بیر دەکەنەوە نەگبەتیەکانى “لیبڕالیزم” بە دەستی “فاشیزم” خاوێن دەبێتەوە، وایان دەبینی کە تەنیا فاشیزم ئەتوانێت نەخۆشییە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان چارە بكات، بەم پێیە فاشیزم کاری لەسەر فریودانى کرێکاران دەکرد، بە تایبەت کە پڕۆژەیەکیان بەناوى “کشان بەرەو ڕۆما” داناوە، لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە فاشیزم کارى لەسەر جیاکارى ڕەگەزیی و جیاوازى چینایەتی دەکرد، بەلایى فاشیزمەوە جیهانى ئافرەت تەنها کارى ماڵەوەیە و ئەرکی ئافرەت لە ژیاندا بریتییە لە هێنانى منداڵ بۆ کارى سەربازیى وخزمەتکردنى ماڵ، بەم بیروباوەڕەوە فاشیزم شەپۆلێکى توندڕەوى ڕەگەزپەرستى قۆناغێکى تایبەتى چینى سەرمایەداری کە بانگەشەی بەرزبوونەوەى ڕەگەزی خۆی بەسەر ڕەگەزەکانى تردا دەدا، ئەوەیش بە هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتن لە هەستى نیشتمانى لە ژێر ناوى گەورەو وشەگەلێکى ڕازاوەدا، بە مەبەستى کۆکردنەوەى خەڵک لە ژێر ئەم دروشمانەدا، كە پوخت دەبووەوە لەوەی فەلسەفەى فاشیزم یەک ئامانجى سەرەکى هەیە، ئەویش حوکمى بێ کۆتایە لە ڕێگەى تووندوتیژییەوە.
“نیكۆس پۆلانزاسی” لە کتێبی “فاشیزم و دیکتاتۆریەت”ـدا دەڵێت: “فاشیزم ھەڵگری ناوەرۆکێکی فیکریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگی تایبەتە، پێکھاتێکی کۆمەڵایەتی و دەرونی تایبەت و ڕوانینێکی ئایدیۆلۆژیی دیاریکراو ئاڕاستەی دەکات، جیاوازییەکی گەورە ھەیە لە نێوان تووندوتیژیی فاشیزم و تووندوتیژی دیکەدا، ھەموو تووندوتیژیی و خوێنڕێژییەک تووندوتیژیی و خوێڕێژیی فاشیستی نییە، لەم ڕووەوە ھەموومان دەزانین مێژووی مرۆڤ پڕە لە شێوازی جیاوازیی تووندوتیژیی و کوشتن و بڕین و خوێنڕشتن، لە ڕووداوی قابیل و ھابیلەوە بۆ ھێرشی دینەکان و ئیمپراتۆرە گەورەکانی مێژوو، بۆ شەڕی خێڵ و گروپە كلاسیكییەکان لەگەڵیەکدا، لە تووندوتیژیی کۆلۆنیالیزم و داگیرکردنەوە بۆ تووندوتیژییەکانی ناسیۆنالیزم لە دوونیای ئەمڕۆدا، لە جەنگ و پێکدادانی ڕاسیستییەوە، بۆ تووندوتیژیی دیکاتۆرییەتە سەربازییەكان و دەوڵەتە لیبراڵەکان، لە توندوتیژیی ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە، ھەموو ئەمانە شێوازی جیاوازی توندوتیژین و مانا و ناوەرۆکی جیاوازیان ھەیە، ھێزی کۆمەڵایەتیی جیاواز بە مەبەستی جیاواز و لەناو پرۆژەی جیاوازدا پێیھەڵدەستن. ناونانی ئە ھەموو شێوازە جیاوازانەی تووندوتیژیی بە فاشیزم، یان جیانەکردنەوەی تووندوتیژیی فاشیزمی لە جۆرەکانی تری تووندوتیژیی، نەک تەنھا ھەڵەیەکی میتۆدی و تیوریی کوشندەیە، بەڵکو ھێمایەکی بەرچاویشە بۆ نەبوونی لانیکەمی توانای بینین و دۆزینەوەی جیاوازیی لەنێوان دیاردە جیاوازەکاندا، کاتێک دەڵێم تورکیا یان ئێران سیستمێکی فاشی نییە، مانای ئەوە نییە سیستمێکی تووندوتیژ و مرۆڤکوژ و بەربەریی نین، بەڵکو مانای ئەوەیە کە شێوازی توندوتیژیی لەو دوو وڵاتەدا شێوازێکی فاشیستییانە نییە”.
سەرچاوەكان؛
- ه.ا.ل. فیشەر: مێژووى نوێی ئەوروپا ١٧٨٩ – ١٩٥٠، و. شکور سلێمان و سەروین ئەرجان، چ١، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، ٢٠٠٩.
- ئەحمەد ناصیف: مۆسۆلۆنی ئەفسانیەک کە نەیدەویست بمرێت، و.دڵسۆز عومەر، چاپخانەى ڕێنما، سلێمانى، ٢٠٠٩.
- ئەحمەد ناسیف و مەجید کامل: ماکیاڤیللی سێبەرى شەیتان لەسەر زەوى، و.خالید هەرکی، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٤.
- ئەردەلان عبدولڵا: فاشیزم لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا، هەولێر، ٢٠١٢.
- هانا ئانێت: بنەماکانى تۆتالیتاریزم، و.حەمە رەشید، چ١ژ، دەزگاى چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانى، ٢٠٠٧.
- فەرهاد هەمزە محەمەد: فاشیزم و گەلە چەوساوەکان، چاپخانەى دار الجاحض، بغداد، ١٩٨٥.
- سید القمنی: الفاشیون و الوطن، ط1، المركزی المصری لبحوث الحضارة، 1999.
- كیفن باسمور: الفاشیة، ت.رحاب صلاح الدین، مؤسسة هنداوی، 2017.
- De Grand, Alexander.Italian fascism: its origins and development. 3rd ed. University of Nebraska Press, 2000.
ئامادەكردن: د.ژیلوان لهتیف یارئهحمهد