“ئامانجەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەرچییەک بێت، ئەوا دەسەڵات هەمیشە ئامانجێکی ڕاستەوخۆیە، دواجار پیاوانی دەوڵەت و خەڵک داوای ئازادی، ئاسایش و بەرەوپێشچوون دەکەن. بەڵام هەر کاتێک ئەمانە خەباتەکەیان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان کرد لە ڕێگەی ئەو ئامرازانەی پەیوەستن بە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەوا لە ڕێگەی هەوڵدان بۆح گرتنە دەستی دەسەلات ئەو کارە ئەکەن”
“هانس مۆرگنتاو” دەڵێت کە هۆکاری هاندەری پشت کردەی سیاسی، هەمیشە یەکێکە لە سێ جۆری بنەڕەتی، ئەوانیش:- بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات لە لای خۆت، بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکەت، یان بۆ نیشاندانی ئەو دەسەڵاتەی کە هەتە. مۆرگنتاو دەڵێ کە هەمیشە سیاسەت دەوەستێتە سەر سرووشتی مرۆڤ، یان “هۆکارە بایۆلۆژی-سایکۆلۆژییەکان”، بۆ ژیانکردن، پرۆپاگەندەکردن و باڵادەستبوون. هانس مۆرگنتاو لە پەرتووکی “سیاسەت لەنێو نەتەوەکاندا؛ ململانێ لە پێناو دەسەڵات و ئاشتیدا” دەڵی ” هەر نەوەیەک بیرۆکە و فەلسەفەی نوێ دێنە ئاراوە کە تیایدا دەیانەوێ شتێكی ئەقڵانیتر بدۆزنەوە و شوێنی ئەو شەڕە بگرێتەوە کە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات دەکرێ ” مۆرگنتاو دەنووسێ ” ئەو وەسفە جادووییانەی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەردەوام لە دژی هەقیقەتە:- ئالۆزی، نائەقڵانی و هەژمار بۆ نەکراوەکە، لە ڕاستیدا ململانێکردن لەپێناو گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەندێ سەردەم و شوێندا دیاردەیەکی جیهانی بووە و ڕاستییەکی نکۆڵیی لێ نەکراوی نێو ئەزموونە. سیاسەت هەمیشە دەگەڕێتەوە سەر سروشتی مرۆڤ، یان هۆکارە بایۆلۆژی و دەروونییەکان.
مۆرگنتاو دەڵێت “ڕیالیزم ڕەهەندە ئاکارییەکانی سیاسەت پشتگوێ ناخات یان بە کەمیان بزانێ، ئاکار و ئەخلاق بەشێکی گرنگی نێو دەسەڵاتی نێودەوڵەتییە، بەڵام پێویستە لە ڕێگەی هەلومەرجە کۆنکریتییەکانی کات و شوێن فلتەر بکرێن” بە گوێرەی هزری مۆرگنتا و ڕزگاربوونی نەتەوەیی زۆر گرنگترە لە گرتنەبەری پێگەیەکی ئاکاری ڕوون. مۆرگنتاو دەڵێت “ئەو کەسەی کە سرووشتێکی تەواو سیاسی هەیە، وەک کەسێکی هۆڤانی لێ دێ، ئەوەش سرووشتێکی تەواو ئاکاریی هەیە دەبێتە کەسێکی گەمژە، هیچ کاتێک بە شێوەیەکی واقیعی یان وردبینانە ڕەفتار ناکات. بەمجۆرە ئێمە تێدەگەین ڕۆڵی هێز لە سیاسەتی نێودەوڵەتی یەکلاکەرەوەیە، سیاسەت لەلای نەتەوەکان بریتییە لە بەدەستخستنی هێز و بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان، ئەمەش لە ڕیالیزمی سیاسیدا یان لە ڕیالیزم لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا بە ڕوونی ئەبینرێت. کەواتە نەتەوەکان کاتێک لە ئاستی سیاسی و ستراتیژی ویستیان هەیە بمێننەوە یان دەسەڵات پەیدا بکەن، بە شێوەیەکی سرووشتی و حەتمی ئەبێت سیاسەتێکی ئەقڵانی لەژێر هەژموونی بەرژەوەندی نەتەوەی پەیرەو بکەن، بە پێچەوانەی ئەمە نەتەوە بە سیاسەتی ئاکار، تەنها دارووخان ساز ئەکات و وەک گەمژە دەردەکەوێت.
مۆرگنتاو دەڵێت “بەشێکی گرنگی نێو ملمکانێ لەپێناو دەسەڵات بریتییە لە داواکردنی شکۆمەندی. ئەمە هەروەک چۆن بنەمای پەیوەندیی نێوان تاکەکانە، ئاواش بنەمای پەیوەندی نێوان نەتەوەکانە” بەمجۆرە سیاسەتی ئەقڵانی و بەرژەوەندی نەتەوەیی، گرنگترین بەشی تێرامان و بیرکردنەوەی نەتەوەکانە کە کاری بۆ ئەکەن. بە پیی هزری مۆرگنتاو، ئامانجی هەبوونی شکۆمەندی، بریتییە لە بنیاتنانی ئەم جۆرە ناوبانگ و کەسایەتییە بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە وڵاتێک لە پیادەکردنی ڕاستەقینەدا دەتوانێ پارێزگاری لێ بکات. ئیمپراتۆریەتەکانی ڕۆمانی و بەریتانی دوو نموونەی باشی ئەم بابەتەن.
بە پێی هزرەکانی مۆرگنتاو، ئامانجی ڕاستەوخۆی سیاسەت بریتییە لە گەیشتن بە دەسەڵات و بەوپێیەی ئەمەش هەموو کاتێک قەبووڵکراو نییە، بۆیە ئایدۆلۆژیا ماسکێکی بەسوود و قەبووڵكراو بە سیاسەتی دەرەکی دەبەخشێ. سەرکردەیەک دەتوانێ بەرگری لە کردەکانی بکات و بە دادپەروەریان لەقەڵەم بدات، لە کاتێکدا سووربێ لەسەر ئەوەی هەمان کردەی کەسانی دیکە بە خراپ لە قەڵەم بدات. نەتەوەیەک ئەوەندەی پێویست بێ بەرگری لە فراوانخوازیی خۆی دەکات لە پێناو بەرقەراربوونی ڕەوشی ئاسایشی خۆی، لە کاتێکدا بە فراوانخوازیی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەە نەتەوەکانی دیکەی بیانی بە ( داگیرکاری) لە قەڵەم دەدات. بەشێوەیەکی گشتی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیستەمی نێودەوڵەتی هەموو شتێک پەیوەستە بە (هێز) و ( ویستی دەسەڵاتداری)، کە ئەم دوو چەمکە تەواوی پانتای بیری نەتەوەکان داگیردەکەن، هەموو نەتەوەکان هەوڵ دەدەن زۆرترین دەسەڵات و هێز پێکەوە بنێن، تا زۆرترین ئاسایش و خاک بۆ خۆیان مەیسەر بکەن.
مۆرگنتاو پێیوایە کە ژیانی سیاسی نێودەوڵەتی، وەک چۆن ژیانی کۆمەڵایەتی گشتی مەحکومە بە کۆمەڵێک عوڕف و ڕێسا و بنەمای بابەتیانە کە هەڵقولاوی سروشتی مرۆڤن، ئەوهاش ئەو ڕێسا و بنەمایانە بوونیان هەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. سیاسەتی نێودەوڵەتی وەک هەر سیاسەتێکی تر بریتییە لە ململانێ لە پێناو هێز و دەسەڵات. مۆرگنتاو لە پەرتووکەکانیدا هەر وەک توسیدیدس و هۆبز و ئۆگەستین، باشترین جیاکەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ململانێکردن لەپێناو دەسەڵات دادەنێت. ئەمەش پێمان ئەلێت لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتی نەتەوەکان:-
- نەتەوەکان ململانێ دەکەن لە پێناو هێز.
- هێز و دەسەڵات تەنها ویست و حەزی نەتەوەکانە لە چوارچێوەی سیاسەت.
- دەوڵەتەکان پەیرەوی لە هیچ بنەمایەکی ئاکاری ناکەن، هەڵبەت ئاکار گرنگە وەک بەشێک لە سیاسەت.
- دەوڵەتەکان زۆرترین خواستیان بۆ هێز هەیە، تا زۆرترین ئاسایش و پانتای جوگرافی پەیوەست بکەن بەخۆیانەوە.
سەرچاوەکان؛
1. پوختەی ٥٠ کتێبی گرینگی سیاسی، تۆم بۆتڵەر ـ باودۆن، وەرگێڕانی ـ هاوکار عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣.
2. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، شمال حسین، ٢٠١٨.
3. بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کارێن.ا.مینگست ـ ئیڤان.م.یارێگوین، وەرگێڕانی ـ عومەر عەلی غەفوور، چاپخانەی تاران، ٢٠٢٢.