سینەما وشەیەکی یۆنانییە بە واتای وێنەی جووڵاو دێت و ناسێندراوە وەک هونەری حەوتەم، کە کۆمەڵە وێنەی زمانەوانی تایبەتە بە زمانی جیاواز و دەربڕینی جیاوازەوە دەدوێت و نیشان دەدرێت، یان سیستەمێكی بینینە کە جووڵە و دەنگە جیاوازەکان تێیدا یەکتری دەبڕن، سینەما لەگەڵ ئەوەی ڕەهەندی جووڵەیی وێنە و گێڕانەوە و ڕەهەندی دەنگ لەخۆ دەگرێت، لە کۆی ئەم ڕەهەندانە دەقێکی زمانەوانی وێنە پێکدهێنن و وێنە بەرامبەر بە وشە دەدوێت، کە ڕەنگە یەک گرتە هاوتای هەزار وشە زمانەوانی بێت. هەر وێنەیەک مانا و ڕستە و تایەتمەندی جیاواز هەڵدەگرێت، هیچ وێنەیەک بە بێ بوونی وێنەیەکی دیکە واتا و ناوەڕۆک هەڵناگرێت.
زمانی سینەما کە وێنەی سینەمایی واقعێکی جووڵاوە، جووڵە جەوهەری سینەمایە، دروستبوونی وێنەی سینەمایی ئاوێتەیەکە لە هونەر و زانست، سینەماتۆگرافیش وەک جەوهەری دروستبوونی جووڵە لە وێنەدا دادەنرێت، تەنانەت یەکەمین فیلم لەگەل دەستپێکردنی یەکەمین وێنەی جووڵاوی سینەماتۆگراف دەستی پێ کرد لەلایەن “برایانی لۆمێر” ی فەڕەنسی لە ساڵی ١٨٩٥ کە یەکەمین ئامێری سینەماتۆگرافیان بەرهەم هێنا و سینەما دروست بوو، پاشان گرنگی بە توخمەکانی دیکەی فیلمەکە درا لەگەڵ پێش کەوتنی تەکنەلۆجیاو تەکنیکەکانی سینەماتۆگرافیدا، کە بەرپرسیارە لە پڕۆسەی بە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵێک بابەت وەک “کامێرا-هەڵبژاردنی لێنس-ڕووناکی-چوارچێوەکردنی وێنە-دیاریکردنی ڕەهەندی وێنەکان-ڕەنگ و کاریگەرییەکان و جەو” کە هەموو ئەمانە کۆی وێنەیەکی جوڵاو پێکدەهێنن، واتای ئەوەیە لە ئەنجامدا سینەما پێکدەهێنن. هەر لەبەر ئەوەیە قۆناغەکانی گەشەکردنی سینەما هاوتایە لەگەڵ گەشەکردنی سینەماتۆگرافی، ئەمەش واتای ئەوەیە دەگەیهنێت وێنەیەکی چڕتر و کاریگەرتر و واقعیتر لە فیلمدا، دەرهێنەران هەرکاتێک ئاشنای تەکنیکێكی نوێ و تەکنەلۆجیایەکی نوێ بووبێتین باشتر و زیندووتر توانیویانە کار لەسەر پەیام و مەبەستەکەیان بکەن، بۆ ئەوەی بیگەیەنن ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی جووڵە لە وێنەدا جەوهەری پرۆسەی وێنەی سینەماییە، تەنانەت لەگەڵ دەرکەوتنی ئامێری سینەماتۆگراف هەموو شتێکیان بە جووڵەوە وێنە دەگرت (بۆ نموونە هاتنی شەمەندەفەر بۆ وێستگەکە-دەرچوونی کرێکاران لە کارگەکە-منداڵێک کە نانی بەیانی دەخوات).
هەروەها چەندین لایەنی دیکەی ژیان کە هەمووی بە جووڵە و وێنەوە نیشان دەدرا، دەرئەنجامی هەموو ئەمانە ئەوە بوو کە سینەمایان بە وێنەی جوڵاو ناودەبرد و سینەماتۆگرافیش وەک کاریگەرترین بنەڕەتییەکانی دروستبونی تەوژمی سینەمایی دانرا، تا ئێستاش هەر بەو جۆرەیە، لەبەر ئەوەیە کە سینەما لە فۆڕمی ڕواڵەتی خۆیدا بە پلەی یەکەم کار لەسەر جووڵە دەکات، بۆ سینەما زمان وێنەیە بەتایبەت وێنەی جووڵاو، جووڵە ئەوەیە کە هەستکردن بە کات بۆ ئێمە دروست دەکات، بۆیە ئەوەی بینەر و خودی سینەما بەیەک دەگەیەنێت جووڵەیە، کاتێک بینەر فیلمێک لە مێشکی خۆیدا بە بیر دەهێنێتەوە وەک وێنەیەکی جوڵاو بیری لی دەکاتەوە، کە هەموو بەشەکانی فیلمەکە پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ مانایەک، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین فیلم و سینەما تەنها نیشاندانی جووڵەیەکی ڕووت و سادە نییە، بەڵکو نیشاندانی کۆمەڵە جووڵەیەکی ڕێکخراوە لە شێوازی دروستکردنی واقعێکی مانادار لە رێگەی گیڕانەوەی چیرۆکێکەوە بە پشت بەستن بە کۆمەڵیک ئامڕازەوە کە لە زنجیرەیەک وێنە وەرگیراون بۆ درووستکردنی مانایەک و پەیامێک، ئەوەی گرنگە و جەختی لەسەر دەکرێت ئەوەیە کە دەبێت هەر وێنەیەک دەبێت ئامانجێکی هەبێت لە ڕووی دەروونی و ئاکت و دەرخەری چیرۆک، سینەما خاوەنی توانای پەیوەندیکردنە بە زیاتر لە زمانێكهوە هەوڵدەدات، هەموو ئەگەرە دەربڕینەکان بقۆزێتەوە چ بینراو چ دەروونی چ بەرجەستە و چ ئەبستراکت و ڕاستەقینە و خەیاڵی کە پایەکانی درووستکردنی سینەمان بۆیە سینەما زمانی وشەسازی لەخۆ دەگرێت، هەر وێنەیەک کە پیشان دەدرێت دەبێت پەیام و گرنگییەکی سۆزداری هەبێت لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی بەوەوە هەبێت وێنەی داهاتوو چی لەخۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەی وێنەیەک بەتەنها ناتوانێت مانایەکی تەواوەتی ببەخشێ و ئەرکی گێڕانەوە ئەنجام بدات، بەڵکو کۆمەڵێک زنجیرەی فۆتۆگرافی دەتوانن گێڕانەوەیەک ئەنجام بدەن، دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین ئەرک و ئامانجی سینەما دروستکردنی واقعیێکە کە کاریگەری لەسەر بینەر دروست بکات لێرەدا چەند بنەمایەک دەخەینە ڕوو کە لە وێنەی سینەمای دەبێت بخرێتە روو تاکوو واقعییانە کار لەسەر گێڕانەوە بکات ئەوانیش:-
- جەو یان مودی فیلم:- جەو، جەوهەرترین توخمە لە وێنە سینەماییەکان. دروستکردنی جەو لە فرەیمێک یاخوود وێنەیەکدا پێویستی بە تێکەڵەیەک لە رووناکی و ڕێکخستن و ڕەنگ هەیە کە هەموو ئەمانە پێکەوە کاردەکەن، هەندێک شت کە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت بریتییە لەو گۆشەیەی کە وێنەکەی پێ دەگیرێت.
- ڕەنگ:- بەکارهێنانی ڕەنگەکان بە پێی مانای فیلمەکە و دەرخستنی چیرۆک و ڕەهەندەکانی کارەکتەرەکان، بۆ ئەوەی زیندوویەتی ببەخشێ بە وێنەکەت.
- کۆنتراست یان دژیەک: واتە ڕووناکی و تاریکی لە وێنەیەکدا ڕەنگی زەق و مات یان ڕەش و سپی هەر شتێکی دیکە کە پێچەوانەیی دروست بکات، دەتوانێت وێنەکە زیندوو بکاتەوە یان تۆنەکان بێدەنگ بکات بۆ هەستێکی هێمنتر، تاریکتر، دراماتیکتر یان ئاڵۆزتر.
- گێڕانەوەی چیرۆک: فیلم زنجیرەیەک وێنەی جووڵاوە کە هەر یەکێکیان ئامانجێکی هەیە، بەڵام هەموویان پێکەوە مانای تەواو و پەیام دەبەخشن، کارکردنی ورد و گرنگ لەسەر هەریەک لە وێنەکان چیرۆکێک باشتر و زیندووتر و واقعی تر دەگێڕێتەوە کە ئامانجی خودی پڕۆسەی سینەمایە.
- چوارچێوەو گۆشە:- هەڵبژاردنی گۆشەی وێنەگرتن شوێنی کامێرا لەسەر پێکهاتەی دیمەن، بەپێی کارتێکەرە درامییەکان و هەست و سۆزەکان تاکوو بینەر و وێنەکان ئاوێتە بکەیت.
- مۆسیقاو دەنگ: مۆسیقا و دەنگ ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە چۆنییەتی گێڕانەوە، بەجۆرێک کە لەگەڵ ڕیتم و شیوازی فیلمەکە بگونجێت و گێڕانەوە بەرەو پێش ببات.
- پێکهاتەی کاتی: پەیوەستە بە رێکخستنی گونجاوی دیمەنە یەک لەدوای یەکەکان و درێژی و کورتی ماوەی دیمەن.
- قەبارەی گرتەکان:- گرتەی (دوور-نزیک-مامناوەند) بەپێی کاریگەرییە درامییەکان و گێڕانەوە.
- جووڵەی گرتەکان: کە چۆنییەتی جووڵەپێکردنی کامێرایە لەگەڵ بابەتی ناو فرەیمەکە بە پێی مەبەست.
وێنەی سینەما؛ فەزای دەربڕینی بینراو و بیستراوێکی ئاڵۆزە کە هەموو ئاستەکانی پڕۆسەی سینەما تێیدا یەکتری دەبڕن و هانمان دەدات بۆ لێکدانەوەی ژیان، لە ڕێگەی بیرکردنەوە و دامەزراندنی پەیوەندییەکی بینراو بۆ ئەوەی کارلێک بکات لەگەڵ هێماو مادەکانیدا، دەرهێنەر هەوڵدەدات جیهانێکی تایبەت دروست بکات کە وێنەی جیهانی ڕاستەقینە بێت، وێنەی سینەمایی میکانیزمێکی ئاڵۆزە و کار دەکات بۆ گەشتن بە چێژێکی دەروونی و هەڵگرتن و دزەپێکردنی هەستەکانی بینەر وەک ئامانجێک بۆ گواستنەوەی پەیامێکی فیکری و گۆڕین و پیشاندانی واقعێکی ژیان، چونکە سینەما نزیکترین ئاوێنەی رەنگدانەوەی ژیان و سووج بە سووچی ژیانە.