“شیکارییەک بۆ فیلمی بڕیاڕدان بۆ جێهێشتن”
“پارک-جان-وک” جارێک بە تووندوتیژیی و مەرگ خۆی دەکاتە وەستا، جارێک بە یاوەری ژنێکی خـزمەتکار، جارێک دەترسێنیت جارێکی تر لە جێی پاشا دات دەنێت. جار لە دوای جار کارەکانی تەحداتر دەبنەوە تا جارێکی تر دێتەوە مەیدان بەتەواوی توانایەوە، خورپەیەکی تر دەکاتەوە دڵی هەوادارانی، ئەم دەرهێنەرە کۆرییە لەدوای ساڵی دووهەزارەکانەوە دەست بە کاری دەرهێنان دەکات، هەمیشە بۆ ڕەخنەگران و هەواداران جێی سەرنج بووە ،زۆریان بە تامەزرۆوە بێ دوو دڵی دەکەونە وەسف و سەنای بە “هیچکۆک” بانگی دەکەن، زۆری دیکەش باوەڕییان وایە پارك تەنیا گەمەی مەتەڵە سایکۆلۆژییەکان دەکات و فیلمەکانی تەنیا فیلمی ئاسایین. “بڕیاڕدان بۆ بەجێهشتن” بژاردەی یەکەم بوو لە ڕیز بەندی ئەو شەش فیلمەی ووڵاتی کۆریا وەک کاندید داینابوو بۆ پاڵاوتنی خەڵاتەکانی ئۆسکار. ئەم فیلمە پێشتر چەندین خەڵاتی تری بردووە و کاندیدییان بووە.
دەستێپکی کارەکە بە لێکۆڵەرێکی کارامە دەکرێتەوە بە ناوی ‘”جای-هوون”‘ کە نیشتەجێی ووڵاتی بۆسانە، لەگەنجترین هاوپیشەکانی خۆیەتی، ئەو خێزاندارە خێزانەکەی ناوی ”جونگ ئانە” لە شارۆچکەیەکی دوورتر لە ناو هەورە و پەڵە ڕەشەکاندا ژیان دەکات، ژیانی ئەو لەڕێگەی گرتەیەکی سێکسیەوە دەردەکەوێت کە باوەش بۆ مێردەکەی ناکاتەوە. ئەوان دوو ڕۆحی نامۆن و ناتەبان، ئاڵۆزن و بەکاری یەک نایەن. بۆیە جان-هوون ئەم کاریگەرییە دەروونییەی مەیلی خەوی نەهێشتووە، زیاتر کار دەکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خێزانەکەی لاوازتر دەبێت، لای هاوڕێ پۆلیسەکەی گلەی دەکات کە هیچ کەیسێکی کوشتن نیە تا کاری تێدا بکات. لەناکاو تاوانی کەوتنە خوارەوەی پیاوێک لە شاخێکەوە دەدرێت بە جان- هوو. لە زنجیرەیەک کوشتنی ئاساییی دەچێت بەڵام دواتر لەڕێگەی چاودێری کردنی هاوسەری کوژراوەکەوە سیۆن-ڕای کارەکە بۆ جان-هوو ئاڵۆزتر دەبێت، چونکا سیۆن ڕای پاش مردنی مێردەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر کارەکەی کە چاودێری کردنی ژنانی بە تەمەنە، لەمە بە دوای چیرۆکەکە ناگێڕمەوە هیوام وایە خۆتان بینەری بن.
بەم شێوەیە مەینەتیەک لەپاش خاندا دانراوە تاکوو ڕێکارێکی ئاڵۆزی دەروونی ڕێکبخات، بەدواداچوونەکە بەهۆی تاوانێکەوە ڕووی دا لە هونەری جێهێشتنی شتەکان. بەڵام ئەوەی وەک کەیسێکی تا ڕادەیەک نیمچە کراوە دەست پێدەکات، بەم زووانە پەرەدەستێنێت بۆ شتێکی زۆر گەورەتر، پارک کوشتنەکان (گشتگیری) بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوەی سەرنجڕاکێش لە نهێنییەکان، تاکوو هیچ بەشێکی پۆلیس نەتوانێت هەرگیز هیوای چارەسەرکردنی هەبێت. چۆن دەبێت ڕۆمانسیەت لە نێوان دوو کەسدا بمێنێتەوە کە تاکە هیوایان بۆ داهاتوویەک پێکەوە پەیوەستە بەوەی ڕابردوویان بە چارەسەرنەکراوی بەجێبهێڵن؟
پارک، خۆگرتنێکی تایبەت لە دەروونی کارەکتەرەکانیدا دەچێنێت نایەویت کەس بەمە بزانێت، هەمیشە وەک مەتەڵێک کۆتای پاداشتێکی چاوەڕوان نەکراوە وەری دەگریت بەڵام نووقمت دەکات. یا وەری دەگریت زامارت دەکات، تەواو بریندارت دەکات. چونکە کارەکتەر نایەوێت لە جیهانی جێگیری ناوەوە بترازێت، بە ووریاییەوە دەستی پێوەدەگرێت. ڕاست و ڕهوان لەچەواشەکاری دەترسێت گەر بۆی بێتە پێش بەسەر تەواوی بەرهەڵستیەکان زاڵدەبێت شێوەی مرۆڤ بوون لە دەست دەدات وەحشیانە هەڵسوو کەوت دەکات.
پارک ژەهرێکی سەیر لەنێوان کارەکتەرەکانیدا بڵاو دەکاتەوە، نە دەیان کوژێت نە ئاسوودەن، وەکوو نوکتەی ناخۆش وان یان نوقووڵێک کە فڕێی نەدەیت و بشزانی تاڵە. کۆمیدیایی دەرمانە کیمیکەیەکە لەوەدایە زۆر زوو بڵاویش دەبێتەوە. پارک تەنها کار لەسەر یەکێک لە نەخۆشەکانی دەکات و کاریگەرییەکەی پیشانی ئەوانی تر دەدات، بەنزیکەیی یەک لەسەر سێی فیلمەکەی چڕتر دەبێتەوە لە ژوورێکدا ژوورێکی وەڕزکەر کە تێیدا تەواوی ماتڕیاڵەکانی مێشک لە کار دەخات و زوو دەیەوێت ئالوودەی ماددەیەکی تری کیمیایی بێت، کاری کامێرا هەرگیز شلۆق نییە و دیزاینی بەرهەمهێنان هەرگیز نایەتە دەربڕین — وردەکارییەکانی ئۆقیانوسێکی بێ بنن، کاغەزی دیوار لە شوقەکەی سیۆ-ڕای تەنیا دەریایەکی پڕ لە گێژاو بەدوای ئارامیدا دەهێنێتەوە یاد — بەڵام “بڕیاریاردان بۆ جێهێشتن” بە دەگمەن ئەوەندە سەرنجڕاکێشە کە هەوادارانی پارک چاوەڕێی دەکەن.
هەرچۆنێک بێت، هەر دیمەنێک بە وردی لەخـزمەتی ئەوەدایە ئاڵۆزییەکانی فیلمەکە پیشاندا بۆ قەبارەیەکی کەمتر وەک لەوەی کە لە ڕابردوودا هەبوون. “بڕیاردان بۆ بەجێهێشتن” جووڵەی دۆڵی وەکو دیمەنی چاوی خودا پێشکەش دەکات. زنجیرەی ڕاوکردنی سەربان وەها پشت بە فڕین دەبەستێ بۆ ئەوەی ڕادەی خەباتی های- جوون بۆ هێشتنەوەی قاچەکانی لەسەر زەوی نیشان بدات، بەڵام پەرچەکردارەکانی کاتژمێری پارک لە ڕێگەی بژارکردن و بلۆککردنەوە توانا بە ئەو بۆ کۆکردنەوەی وردەکارییە دڵڕفێنەکان دەدات لە دەرەوەی یاریەکە تا دێت ئەتمۆسفیری فیلمەکە فەزاکە تەماوی تر دەکات، سیناریۆکەی پارک و جیۆنگ سیۆ بەر لەتبوونی دەکەوێت، زۆر باش ئەوا سوودیان لە ڕۆحی بێگانەیی سیۆن ڕای وەرگرتووە. سیۆن لە چینییەکانە و ڕۆحەکەی ئاوارەیە بە ژیانی کۆرییەکان، ئەم ئەرکەش بە گوزارشتیی دیالۆگەکان دەسپێرێت بە جۆرێک ئەوەی دەیڵێن وەک ئەوە نیە کە خۆیان دەیناسن، بە مانایەکی تر ئەوان گرێی ئاوەرەی و ڕۆحی سەرگەردانیان بۆ یەک جێدەهڵێن، بەم شێوەیە خۆشەویستییەک درووست دەبێت لەسەر بنەمای گرێ کوێرەکان خۆشەویستیەکی ڕۆحی کە هیچ لازمی بەوە نیە مومارەسەی غەریزەی سێکسی بکات، خۆی بەتاڵ بکاتەوە، چونکە باوەڕی سیون ڕای وایە بڕیاڕدان بۆ جێهێشتن ڕێک لە بۆسەی ئەو ساتە خۆی مەڵاسداوە کە غەریزەی تیادا پراکتیک دەکرێت.
ژوانەکان و دەست لێدانەکان پەنجە مۆری تاوانن، وەسە وەسەکان زیاتر دەبن و دەچنە مێشکی یەکترەوە، پارک زۆر باش ئەوە دەکاتە پاساوی بێ خەوی بۆ کارەکتەرەکانی ئەوان تەنیا بەو شێوەیە دەتوانن چارەسەری بێ خەوی بکەن. ڕستە ووترەکانی ناو ژوانەکان هەمیشە بەڵگەی جێهێشتنی تاوانە، وەک بڵێی خۆشەویستی هەر لە ئەزەلەوە تاوانە و بەڵام کەسەکان مەحکووم بەوەی ئەم تاوانە بکەن، چونکە دەزانن خۆشەویستی پێویستی بەوی دییە و بەتەنها ناکرێت، بۆیە بەر ئەوە دەکەون چاو پۆشی لە تاوان بکەن، بڕێک جار خۆیان لادەدەن، ئیدی مێتافۆڕی خۆشەویستی بەر زەبرێکی تر دەکەوێت، لە گوناحی خۆی خۆشدەبێت، بە هۆکاری ئەوەی من و ئەو دەبین بە یەک لێک جوودا نابینەوە بێ یەک پێمان ناکرێت، مرۆڤ لێرەدا هێدی هێدی شهفافتر دەبێتەوە وادەکات لەسەر خۆتر و نەرمتر بەر ڕۆمانسیەت بکەوێت، یاخوود بەر ئەو زێدە چێژە بکەوێت کە لاکان ناوی ناوە ژویسانس، “چێژی لەڕەدابەدەر” لەشوێنێک خۆی نیمانده ناکات کە لایەنێک کەرامەت بنووێنێت و داوێن پاکێکی ڕۆحی بێت، بەڵکوو ئەو مچووڕکەیە لەدوای یەکەم ماچی نێوانیان گووزەر دەکات، کە تیایدا جای هوون هەست بە بێزراوی خۆی دەکات، هەست دەکات وەک پێشتر پیشەکەی ڕاناپەڕێنێت، ئەرکە ئەخلاقییەکەی جێبەجێ ناکات، لە کاتێکدا سیۆن ڕایش بەهەمان شێوەیە هەست بە ڕیسوای دەکات لەبەردەم ژوویسانس و دەست بۆ کردەیەک دەبات کە کار کاری ئەو نیە، بۆیە پارک دەرچوونی ئەم دوو سوبێکتە لاکانیە بە لەدایک بوونی ماچێک وەبیر بینەران دێنێتەوە. لەئەنجامدا پێمان دەڵێت خۆشەویستی گەر تاوان بێت، کەوابوو پێویستی بە دوو تاوانبارە تا تاوانەکە ئەنجام بدەن. لەکاتی ئەنجام دانی تاوانەکە دیسان جارێکی تر خۆشەویستی بۆ پاکی دەگەڕێت لە جنسی ڕۆحەکان دێتەوە دەرەوە، خۆی شەیتان ئاسا لێیان دەڕوانێت.
سینەما تۆگرافی “ڕۆب هاردی” ناوەزایە بە درێژای فیلمەکە لەگەڵ پارک پلانیان وایە دۆخێک بگوازنەوەی کە تڵپەیەکی شڵەقاوە، هەرچەند من بەدوایدا نەچووم بەڵام لام وایە لێنزی ئانامۆرفیک لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە چونکە تێکڕای جیهانە چوار گۆشەییەکەی لە دووری سێ ڕەهەندەوە جیوەیی بەدەوری کارەکتەرە جێگیرەکاندا دەسووڕێتەوە. بەوشێوەیە جەوێکی زۆر نائومێدی بەر بەرگی کارەکتەرەکاندا دەکات و زیاتر بینەر تێدەکات چۆن هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا بکات. کامێرا لە تێکڕای جووڵەکاندا ساردە و فێر دەبێت چۆن پلە بە پلە ساردتر بێتەوە تاکوو واقیع لە شوێنی خەیاڵە گەرمەکە دەربکات، هەرچەند تا پلەیەکی مام ناوەند کارەکتەرەکان بە ئەم جیهانە لێکترازەوە ئاشنا نین، بەڵام کامێرا جووڵە لە دوای جوڵەی ڕوونکردنەوەی زیاترمان دەداتێ و وادەکات زیاتر وابەستە بە قووڵی چیرۆک و کارەکتەرەکان بین.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە فیلمەکەدا ئەرکێکی ئەخلاقی وەردەگرێت و جیهان وەک ئەوەی باسی دەکات تەنکەلۆژیا ڕوو هەڵماڵینە تاڕادەیەک بە درۆ دەخاتەوە، بەڵام ئەو بەردۆخستنەوەیە کاتییە و پارک زۆر زیرەکانە لە فیلمەکەدا ئەرکی تەکنەلۆژیا لە بیرناکات. ئەو بە ڕوانەرەکانی هۆشداری دەدات کە لەهەموو ئانوساتێكدا دەکرێت بچێتەوە سەر ئەسڵەکەی، بچێتەوە سەر ئەرکەکەی، بۆیە ئەو دەنگانەی بە تەکنەلۆیایدا تێدەپەڕن هەمیشە جێی گوومانن ناکرێت پشتیان پێ ببەستین. چونکە ئامێرەکانی وەک مۆبایل ئاسانتر دەتوانن خیانەتی کەسیمان بۆ بگوازنەوە. لەم نێوەندەدا بەشێوەیەک ڕۆڵ دەگێڕن دەڵێی کوڕە بچووکەمان بە دزی دایکەوە بردووە بۆ مەیخانەیەکی پڕ لە سۆزانی، هیچ جۆرە پاداشتێک ناتوانێت گەرەنتی کوڕەکەمان بکات کە بەدایکی نەڵێت.
لە کۆتایدا فیلمی بڕیاڕدان بۆ بە جێهێشتن دەگاتە ئۆرگازمی خۆی و وێنەکانی کۆتای ئێجگار ووروژێنەرترن، پارک بەهەموو هێزی خۆی سۆزێکی بێ ئەندازە لە دڵی کارەکتەرانی دەچەقێنیت، شەپۆلی زەریا و لمی قەراغەکان فەوازایەک دەنێنەوە کە پڕە لەحەسرەت، پڕە لە ماڵ وێرانی، شەپۆلی ئاوەکە هێندە نەرمانە چاڵی لمەکە پڕدەکاتەو، هیچ شتێک جێناهێڵێت وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت و هیچ ڕووی نەدا بێت.