سەدەی ڕابردوو، سەردەمی ئایدۆلۆژیا مەزنەکان و فرەچەشنیی ڕەوتە فەلسەفییەکان بوو؛ قۆناغێک کە فەلسەفە لەگەڵ زانستەکاندا ئاوێتە ببوو و بایەخی بە بابەتە کلاسیکییەکانی بوونناسی، ئەخلاق، مەعریفەتناسی، ڕامیاری و شوناس دەدا. هاوکات پرسیاری نوێ بەهۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، تەکنەلۆژی و ڕامیارییەکان و گومانکردن لە ئاوەز، زمان، شیکاریی دەروونی و کۆتایی مێژوو و مرۆ سەریان هەڵدا. ئێستا سەدەی بیست و یەک، سەردەمی وەرچەرخانی خێرایە لە بوارەکانی زانست، دیجیتاڵ، ژینگە، ڕامیاری و ئاییندا؛ ئەمەش وای کردووە پرسیارە فەلسەفییەکان لە ناو کایە و چوارچێوەی بێوێنەدا دووبارە بێنەوە کایە. شیاوی سەرنجە، بیرکردنەوەی فەلسەفی لەم سەدەیەدا، بە هیچ جۆرێک دابڕاو نییە لە فەلسەفەی سەدەکانی پێشوو؛ زۆرێک لە ڕەوتە فەلسەفییەکان درێژکراوە و پەرەپێدەری ئەو بیرۆکە بنەڕەتییانەن لە سەدەی بیستەمدا باڵا دەستبوون. بەرهەمەکانی “ژاک درێدا” و “ژان فرانسوا لیوتار” لە بواری زمانەوانیدا، “جولیا کریستیڤا” لە فیلۆلۆژیادا، “ژان بۆدریار” و “ڕۆلان بارت” لە نیشانەناسیدا، “ژیل دۆڵۆز” و “ژاک ڕانسیێر” لە جوانیناسیدا، “میشێل فۆکۆ” لە فەلسەفەی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، “سیمۆن دۆ بۆڤوار” و “ژان پۆڵ سارتەر” لە فەلسەفەی بوونگەراییدا، “کڵۆد لێڤی شتراوس” لە ئەنثرۆپۆلۆژیادا و “فێلیکس گواتاری” و “لۆس ئیرێگارای” لە شیکاریی دەروونیدا، هەر وەک سەرچاوەی سەرەکی ماونەتەوە. هەروەها کاریگەریی میتۆدەکانی فەلسەفەی شیکاری، فەلسەفەی کیشوەرەیی، بوونگەرایی، فینۆمینۆلۆژیا و هێرمینۆتیکا بە ڕوونی لە فەلسەفەی “ژان-لوک ماریۆن” و “میشێل سێر” ئەوانی تردا ئامادەیی هەیە؛ ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندیی بیرکردنەوەی فەلسەفی، کە بیرۆکەگەلێکی بەستراوە و بەردەوامە و هەمیشە لە دۆخی جەدەل و گەشەکردندایە.
گەرچی فەلسەفە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، بەهۆی گەشەی بێوێنەی زانستەکانەوە تووشی جۆرێک لە ئاڵنگاری و تەنگژە بوو، بە جۆرێک زۆرێک لە بوارەکان لەژێر دەسەڵاتی فەلسەفەدا نەمان و هەندێک کەس جاڕی کۆتایی فەلسەفەیان دەدا و پرسیاری “پاش فەلسەفە”یان دەوروژاند، لێ دەنگی تریش هەبوون جەختیان لەوە دەکردەوە فەلسەفە توانایەکی بەرزی خۆگونجاندن و وەرچەرخانی هەیە. ئەمە چ لە کایەی هێرمینۆتیکا و لێکدانەوەی فەلسەفیی میتافیزیکی ڕۆژئاوایی وەک لە فەلسەفەی “گادامەر و ڕیکۆر”دا دەردەکەوێت، یا لە گوتاری هەڵوەشاندنەوەخوازی لای “درێدا”، یا ڕەخنەگرتن لە ئایدۆلۆژیا لای “هابەرماس”، یاخود بە بەردەوامبوونی وەک زانستی واتاسازی و نیشانەناسی، یا وەک تیۆرییەکی گشتی بۆ زمان “هاوشێوەی ئەوەی لە فەلسەفەی هایدگەر و ڤیتگنشتاینەوە دەستی پێکرد”. بەم جۆرە، فەلسەفە کەرەستەی هزریی خۆی لەو پێشکەوتنانەوە وەردەگرێت لە کایەی زانست، هونەر، ئەدەب، دەروونناسی، کۆمەڵناسی و بایۆلۆژیادا ڕوودەدەن.
سەدەی بیست و یەک بە کێشە فەلسەفییە تایبەت و نووکەیی و ئاڵۆزەکانی خۆیەوە دەناسرێتەوە، دەتوانین بێژین؛ هەندێکیان دابڕاون لەوەی پێش خۆیان؛ ئەمە بەهۆی گەشەکردنی زانست و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و ئەو گۆڕانکارییانەی لەتەک خۆیاندا بەسەر هەموو کایەیەکیان هێناوە. دەکرێت ئەم کێشانەش لە کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەریدا کورتبکەینەوە:-
۱- مانای فەلسەفە و ئازادی چییە لە جیهانێکدا خوارزمییەکان “Algorithms” و جیهانگەرایی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد حوکمی دەکەن؟
۲- چارەنووسی مرۆ چی دەبێت لە سەردەمی پاش-مرۆ دا؟ هەڵوێستی فەلسەفە چییە بەرانبەر بە گۆڕانی چەمکی ڕامیاریی تەقلیدی کە ئێستا وابەستەیە بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و تەکنیکە دیجیتاڵییەکان لە غیابی ڕەهەندی ئەخلاقی و مرۆییدا؟
۳- چۆن فەلسەفە مانای ئازادی و هاووڵاتیبوون دووبارە دادەڕێژێتەوە، لە کاتێکدا ئێستا لەسەر چوار ئاڕاستە وەستاوە، ئاڕاستەکانی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا لە لایەک، و گۆڕانکاری و دژایەتی و وەرچەرخانەکان لەژێر سێبەری شۆڕشی زانیاری و پەیوەندییەکان و چاودێریی گشتگیر لە لایەکی ترەوە، یەک دەبڕن؟ وە چ ئەرکێکی خراوەتە سەر شان لە ناو ئەو هێرشە توندەی لە لایەن هەندێک ڕەوتەوە “وەک پڕاگماتیزم و پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی” دەکرێتە سەری؟
٤- سنووری بەرپرسیارێتی ئەخلاقی چییە، لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوا و داڕمانی ئیکۆلۆژیدا؟ ئایا ئەو داهێنانەی خواریزمەکان بەرهەمی دەهێنن خاوەن مانایەکی فەلسەفی و جوانیناسیی ڕاستەقینەیە، یا لاساییکردنەوەیەکی پڕوپووچە؟
٥- ئایا دەکرێت ئامێر بەرانبەر ئەخلاق بەرپرسیار بکرێت؟ ئەو فەیلەسووفانە کێن ڕووبەڕووی ئەم بابەتە ئاڵۆزانە بوونەتەوە و تێزەکانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەم کایە هزرییەیان گۆڕیوە؟
ئەم پرسیارانە کە جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ لە وەرچەرخان و گەشەی تەکنەلۆژی سەپاندوونی، بوونەتە کرۆکی فەلسەفەی هاوچەرخ کە خۆی لە ناو گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان و خەمە ڕۆژانەکانی مرۆدا ڕێکخستووەتەوە؛ بەتایبەت لە بوارەکانی شۆڕشی دیجیتاڵ، زیرەکی دەستکرد، جیهانگەرایی، ئاسایشی سایبەری، شوناسی جێندەری، تێکەڵبوون و فرەچەشنی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دیمۆکراسی، مافەکانی مرۆ، تیرۆر و ململانێ چەکدارییەکان. بیرمەندانی وەک “ئیدگار مۆران”، “جولیا کریستیڤا”، “فرانسوا جولیان” و “جودیت باتلەر” ڕەنجەوەریی زۆریانکردووە لە لێکۆڵینەوە لەم بابەتانەدا.
نوها سیمای فەلسەفە لە تەک گۆڕانی پەیوەندیی مرۆ بە مەعریفە، کات و ئەوی ترەوە گۆڕاوە. فەلسەفە لە سەدەی بیست و یەکدا چیتر تەنیا ناپرسێت “مرۆ چییە؟” هاوشێوەی ئەوەی “کانت” لە سەدەی هەژدەهەمدا دەیپرسی، بەڵکە دەپرسێت: “ئایا مرۆ بەو شێوەیە ماوە، کە پێشووتر دەمانناسی؟”.
لەم چوارچێوەیەدا، فەلسەفە بایەخ بە بابەتەکانی پاش-مرۆڤایەتی و وەرچەرخانی تەکنەلۆژیی دەدات؛ بیر لە سنوورەکانی جەستە و ئاوەز دەکەنەوە، و لە مانای هۆشیاری دەکۆڵێتەوە کاتێک ئامێرەکان دەتوانن لاسایی بکەنەوە. بیرمەندانی وەک “دۆنا هاراوی” بە توێژینەوەکانی لە بواری فێمینیزمی ژینگەیی هاوچەرخدا کە بەستراوەتەوە بە بزووتنەوەکانی پاش-مرۆڤایەتی و بزووتنەوە مادییە نوێیەکان ڕەخنە لە بیرۆکەی مرۆڤ-چەقی دەگرن،و ڕۆڵێکی دیاردەگێڕن. “بێرنارد ستیگلەر” زۆربەی توێژینەوەکانی بۆ کاریگەریی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ لەسەر لایەنەکانی ژیانی مرۆ و پراکتیکە کلتوورییەکان تەرخان کرد، و توێژەرانی هان دا بۆ نوێکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەیان لە پەیوەندیی مرۆ بە تەکنیک و خواریزمەکانەوە. “یۆرگن هابەرماس” میراتگری قوتابخانەی فرانکفۆرت و تیۆریی کردەی گەیاندن “Communicative Action”و مۆدێرنیتە وەک پڕۆژەیەکی تەواونەکراو، بەرگری لەوە دەکات نابێت دەستکەوتەکانی مۆدێرنیتە، زیادبوونی زانیاری و ئازادیی تاک و سیکولاریزم، بکرێنە قوربانی لە پێناو جیهانێکی گۆڕاودا.
ئەم بیرمەندانە پرسیارگەلێکی قووڵیان دەربارەی پەیوەندیی مرۆ بە تەکنەلۆژیاوە وروژاند؛ ئایا تەکنەلۆژیا توانای مرۆ زیاد دەکات یا هەڕەشەیە بۆ سەر سەربەخۆیی ئەو؟ ئەمەیە کە فەلسەفەی خستە بەردەم زەروورەتی پێناسەکردنەوەی هەندێک چەمک وەک ئازادی، ئیرادە، داهێنان، بەرپرسیارێتی و ڕامیاری. بە بڕوای “ژاک ڕانسیێر”، کردەی فەلسەفی-ڕامیاری لەوەدا بەرجەستە دەبێت بتوانین پرسیار لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان بکەین و دووبارە بیر لەو شتانە بکەینەوە بە “سروشتی” یان “بەڵگەنەویست” دادەنرێن؛ ئەمە فەلسەفە دەکاتە کردەیەکی ڕامیاریی بە مانا ئەخلاقییەکەی، نەک بە مانا بیرۆکراسییەکەی، کەئامرازێکە بۆ دووبارە دەستنیشانکردنی چەمکی ئازادی و هاوڵاتیبوون. ئەم ئاڵنگارییە بێوێنانەی لێوەی دوایین، بیرکردنەوەی فەلسەفییان گۆڕی لە تێڕامانێکی تیۆریی پەتییەوە دەربارەی ماهییەتی بوون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بەردەوام لەگەڵ وەرچەرخانەکان و دەسەڵاتی تەکنیکی و ئابووری و ڕامیاری؛ بە مەبەستی گەڕاندنەوەی مانای ئازادی و دادپەروەری لە فەزای کۆمەڵایەتی پڕ لە شڵەژاندا، تیایدا هاووڵاتی چیتر کاراکتەرێکی کارا و کاریگەر نییە، هێندەی بووە بە بەشێک لەو سیستەمانەی چاودێریی ڕەفتارەکانی دەکەن و بژاردەکانی بۆ دیاری دەکەن “هاوشێوەی ئەوەی میشێل فۆکۆ پێشووتر لە پەرتووکی “مەعریفە و دەسەڵات”دا باسی کردبوو”. لە سەردەمی داتای دیجیتاڵ و کۆنترۆڵی ژمارەیی و جووڵەی بازاڕەکاندا، ئازادی مافێکی یاسایی پەتی نییە، بەڵکە بووەتە کردەی ڕەخنەگرانەی ڕۆژانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی تەکنیکی. هاوڵاتیبوونیش چیتر ئینتیما نییە بۆ دەوڵەت، هێندەی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی جیهانی، پرسەکانی ژینگە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆ. بەم جۆرە، فەلسەفە ئەمڕۆ زەروورەتێکی ڕامیاریی و ئەخلاقییە، تا بە مرۆ بڵێت: تۆ داتا و ژمارە نیت، بەڵکە بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و خاوەن بڕیاریت.
لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە کایەوە: ئایا فەلسەفە دەتوانێت ڕەهەندی ئەخلاقی و مرۆیی بۆ هزر بە گشتی و بۆ کایەی ڕامیاری بە تایبەتی بگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەوەی هەندێک فەیلەسووف ناویان ناوە “نیۆلیبرالیزمی خواریزمی”؟ وەڵامیش ئەوەیە، پرسیاری ڕامیاری ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ پرسیار دەربارەی مەرجە ئەگەرییەکانی ئازادی لە جیهانی پاش-دیمۆکراسیدا، تێیدا دەسەڵات بەبێ سەروەری پەیڕەو دەکرێت و فەزای گشتی لە ناو فەزایەکی دیجیتاڵیی چاودێریکراودا دەتوێتەوە. بیرکردنەوەی فەلسەفی لە کایەی ڕامیاری وەک “هونەری حوکمڕانی” نابینرێت، بەڵکە وەک “هونەری توانای دووبارە دامەزراندنەوەی مانای بەکۆمەڵ” لە جیهانێکی پارچەپارچەبوودا، سنوورەکانی نێوان سروشتی و دەستکرد، نێوان هزر و پڕۆسێسی ژمێریاری وبەرزە بنە ئاماری، نێوان خود و ئامێر تێیدا تێکەڵ بوون. بەم شێوەیە، فەلسەفە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە دەستیکردووە بە چوونە ناو گفتوگۆیەکی نوێ لە نێوان ئاوەزی تیۆری و ئاوەزی تەکنیکی، لە نێوان زانست و زانیاریناسی، لە نێوان ڕۆبۆتیک و قەیرانە ژینگەییە جیهانییەکان؛ ئەم قەیرانانە “وەک گۆڕانی کەشوهەوا و لەناوچوونی جۆرەکان” چیتر کێشەی زانستی یا ڕامیاری پەتی نین، هێندەی لە جەوهەردا پرسیاری فەلسەفین و پەیوەندییان بە پەیوەندیی مرۆڤەوە هەیە بە جیهانەوە.
شیاوی سەرنجە، ئەم قەیرانانەی ئەمڕۆی جیهان، جارێکی دیکە پرسیارە کۆنەکەیان دەربارەی “پێگەی تایبەتی مرۆڤ لە گەردووندا” هێنایەوەتەوە کایە، وەک لە فەلسەفەی ئیکۆلۆژیای قووڵ و پاش-مرۆڤایەتیی ژینگەییدا دەردەکەوێت، هەوڵ دەدەن ئەو دیدە “مرۆڤ-چەق”ە تێپەڕێنن، کە مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوای پێ دەناسرایەوە. بیرمەندانی وەک “برۆنۆ لاتور” سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان مرۆ و نامرۆ “ئاژەڵ، بێگیان و شتەکان”، و “تیمۆسی مۆرتن” و “ئێدواردۆ ڤیڤیرۆس دی کاسترۆ” وێنایەکی نوێیان بۆ جیهان کرد، تیایدا مرۆ نەک ئاغا و سەروەر، بەڵکە بوونەوەرێکە لە نێوان بوونەوەرەکانی تردا. هەروەها چەمکی نوێی وەک چەمکی “ئەنثرۆپۆسین” “Anthropocene” سەری هەڵدا، کە ئاماژەیە بۆ چوونی زەوی بۆ ناو سەردەمێکی جیۆلۆجیی نوێ، کە مرۆ بووەتە هێزێکی کاریگەر و وێرانکەر لەسەر پێکهاتەی زەوی. بەرامبەر بەم واقیعە نوێیە، فەلسەفە چیتر گەڕانی پەتی نییە بە دوای هەقیقەتدا، هێندەی تێڕامانە لە “ژیانی ئەگەری” لە نێوان مرۆ و بوونەوەرەکانی تردا؛ فەلسەفە هەوڵدەدات بۆ دامەزراندنی ئەخلاقێکی گەردوونی نوێ، کە بنەماکانی بریتین لە ڕێزگرتن و چاودێری و بەرپرسیارێتی.
هاوشانی ئەم بابەتانە، تێڕامان لە جیهانگەرایی، وەرچەرخانێکی لە بەها و سیستمە کولتوورییەکاندا دروستکرد، و پرسیارە فەلسەفییەکان دەربارەی دادپەروەری، شوناس، غەریبایەتی، کۆچ، دانپێدانان و سەروەری لە جیهانێکدا سەریان هەڵدا زانیارییەکان سنوورە جوگرافییەکانیان تێپەڕاندووە. فەیلەسووفی ئەمریکی “مارسا نوسباوم” و فەیلەسووفی هیندی “ئامارتا سێن” چەمکی تواناکانیان وەک بنەمایەک بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پەرەپێدا، بەو پێیەی چیدی مرۆ بەوە ناپێورێت چی هەیە، بەڵکە بەوەی چی دەتوانێت بکات و ببێت. “نوسباوم” ئێژێت: بۆ ئەوەی کەسێک بگاتە بەرزترین ئاستی تواناکانی، دەبێت خاوەنی کۆمەڵێک توانای جێبەجێکراو بێت لە ژیانیدا، وەک توانای ژیانێکی شایستە، توانای بەکارهێنانی خەیاڵ، بەدەستهێنانی پەروەردەی پێویست بۆ تێگەیشتنێکی مرۆیی لە جیهان، و توانای بەشداریکردن لە ژیانی ڕامیاریدا.
لە لایەکی ترەوە، “ئاکسێل هۆنێت” سەرنجی خستەسەر چەمکی دانپێدانان وەک بنەمایەک بۆ پەیوەندییە مرۆییە دادپەروەرەکان. فەیلەسووفانی هاوچەرخ پرسیاریان دەربارەی دادپەروەریی دیجیتاڵ و کۆڵۆنیالیزمی تەکنەلۆژییای نوێی وروژاند، کە کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەست بەسەر داتا و زانیارییەکاندا دەگرن. لێرەدا فەلسەفە پەیامە ڕەخنەگرەکەی خۆی وەردەگرێتەوە و دەبێتە ئامرازێک بۆ شیکردنەوەی دەسەڵات، هاوشێوەی ئەوەی “ئالان بادیۆ” لە نووسینەکانیدا دەربارەی ئەخلاق و تێگەیشتن لە شەڕ دەیکات، ڕەخنە لەو ئەخلاقە مرۆییە باڵادەستە دەگرێت جیهانی ڕۆژئاوا بڵاویدەکاتەوە و وەک ئەخلاقێکی گەردوون و سروشتی دەیناسێنێت. یەکێکی تر لە خەسڵەتە دیارەکانی فەلسەفەی سەدەی بیست و یەک، کرانەوەیەتی بە ڕووی فرەکولتووری و یەکگرتنی ڕێچکە هزرییە جیاوازەکان؛ بەو مانایەی کە فەلسەفە موڵکی ڕۆژئاوا نییە، هێندەی فەزایەکە بۆ دیالۆگ لە نێوان فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی، ئیسلامی، ئەفریقی و لاتینیی. لێرەوە باس لەو پڕۆژە هزریانە دەکرێت هەوڵ بۆ فەلسەفەیەکی گەردوونیی فرەدەنگ دەدەن، وەک لای بیرمەندی فەڕەنسی “ئۆلیڤیێ ڕوا” و “ئینریکۆ دۆسێل” لە هزری پاش-کۆلۆنیالیدا، باس لە دووبارە نووسینەوەی مێژووی فەلسەفە دەکات لە دیدگای باشووری جیهانەوە. هەروەها ئەم فەلسەفەیە گەڕانەوەیەکی نوێی بۆ هزری ئیسلامی و بەشدارییەکانی ئیبن سینا و فارابی و ئیبن ڕوشد بەخۆوە دەبینێت لە ناو گفتوگۆ هاوچەرخەکان دەربارەی ئاوەز و ڕۆح و ڕامیاری، ئەمەش ڕەهەندێکی مرۆیی بە فەلسەفە بەخشیوە کە سنوورە زمانی و جوگرافییەکان دەبڕێت.
سەرباری هەموو ئەمانەش، فەلسەفەی سەدەی بیست و یەک، ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی دووجەمسەر دەبێتەوە: لە لایەک پاشەکشەی پێگەی لە ناو دامەزراوە زانکۆییەکاندا لە بەرامبەر زانستە کردەییەکان، و لە لایەکی تریشەوە گەڕانەوەیەکی بەهێزی بۆ ناو فەزای گشتی لە ڕێگەی پەرتووک و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و پۆدکاستەکانەوە. فەلسەفە لە هۆڵەکانی وانەوتنەوە دەرچووە و گەڕاوەتەوە بۆ شەقام، بۆ کافێ و قاوەخانەکان، بۆ گفتوگۆی ڕۆژانەیی دەربارەی مانا، بەختەوەری، مردن و دادپەروەری “هاوشێوەی کارەکانی میشێل ئۆنفرای، لوک فێری، ئەندریە کۆنت-سپۆنفیل وانی تر”. لێرەدا دەبینین ئەوەی پێی دەوترێت “فەلسەفەی کردەیی” یان “فەلسەفە بۆ ژیان” سەرهەڵدەدات، ئیلهام لە سۆکرات و سپینۆزا و نیتچە وەردەگرێت؛ فەلسەفەیەکی سادەیە لە داواکارییەکانیدا، بەڵام بوێرترە لە خستنەڕووی کێشەکانیدا، فەلسەفەیەک هەوڵ دەدات تا دەتوانێت دەلاقەی پرسیار بە کراوەیی بهێڵێتەوە.
کۆتا قسە، ماوەتەوە بێژم، لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، فەلسەفە گەڕانەوە و ئامادەییەکی مسۆگەری هەیە پاش هەموو ئەو قسانەی دەربارەی کۆتایی مێژوو و کۆتایی مرۆ کران. مرۆڤی هەزارەی سێیەم، هێشتا پرسیاری هەیە پێویستیان بە بیرکردنەوەی فەلسەفییە؛ ئەو بیرکردنەوەیەی وێنەیەک بۆ ئاییندە دەکێشێت نەک لەسەر تێگەیشتنێکی هێڵکاری و ڕاست بۆ مێژوو، بەڵکە لەسەر وێناکردنی چەماوەیەک هەمیشە ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت. فەلسەفە ئەمڕۆ تەنیا بەردەوامیی ڕێچکە سۆکراتییەکە نییە لە گەڕان بە دوای هەقیقەتدا لە ڕێگەی تێڕامان و دیالۆگەوە، هێندەی هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و هەرسکردنی ئەو وەرچەرخانە گەورانە و لێکەوتەکانی توێژینەوە زانستییەکان لەسەر مرۆ.







































































