“ئەفلاتوون هونەرمەندانی لە کۆمارەکەی دەرکرد، بەڵام نەیتوانی مێتافۆر لە دەقەکانی دەر بکات؛ ئەو فەیلەسوفێک بوو کە بۆ کوشتنی ئەفسانە، ناچار بوو ئەفسانەیەکی مەزنتر بخوڵقێنێت.”
ڕووداوی هزری لەو چرکەساتە ناوازەیەدا لەدایک دەبێت کە مرۆ لەبەردەم وێنەیەکی جووڵاودا دەبێتە خاوەنی پرسیار؛ پرسیار سەبارەت بە جەوهەری خودی بینین و ئەو سنوورە تەمومژاوییەیە کە “ڕیاڵ” لە “خەیاڵ” جیا دەکاتەوە. لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا، هەمیشە تێگەیشتنێک هەبووە کە فەلسەفە و هونەری لە دوو جەمسەری دژ بەیەکدا داناوە؛ وەک ئەوەی فەلسەفە کارگەی دروستکردنی چەمکی پەتی، و هونەریش پەرستگەی خەیاڵ و وێنەی سۆزداری بێت. کێشەی فەلسەفە لەگەڵ هونەردا، کێشەی دابڕانی ئاوەز نییە لە خەیاڵ، بەڵکە ململانێی دوو جیهانبینییە کە لە سەرەتای مێژووی هزرەوە لە نێوان “حەکیم” و “فەیلەسوف”دا سەری هەڵداوە. “حەکیم ئەو کەسەیە کە جیهان لە ڕێگەی وێنەوە دەبینێت، وێنە لای ئەو، هەقیقەتی بوونە؛ لە بەرامبەردا فەیلەسوف هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چەمکی پەتی و لۆجیکەوە، ئەو وێنە پڕ لە هەستە بشکێنێت و حەقیقەتێکی نەگۆڕ بدۆزێتەوە. بەمانایەکی دیکە؛ حەکیم لە ڕێگەی وێنەوە بیر دەکاتەوە، واتە لە ڕێگەی نموونە و هێما و چیرۆک و ئەفسانەوە، و بانگەشەی خاوەندارێتی دانایی دەکات. بەڵام فەیلەسووف عاشقی داناییە، ئەو بانگەشەی خاوەندارێتی ناکات و لە ڕێگەی چەمکەوە بیر دەکاتەوە.” “saaid:2026”
جیاوازی نێوان ئەم دوو کایەیە، دۆخی پێکدادانی “وێنە و چەمک”ە. هونەر وەک گەڕان بەدوای جوانی لە فۆڕمدا، و فەلسەفە وەک گەڕان بەدوای مانا لە چەمکدا، لە سەرەتای دەسپێکی ئەندێشەی مرۆییدا بەتەنیشت یەکەوە ڕۆیشتوون. فەلسەفە لە سەرەتای گەشەیدا، هێشتا بە زمانێکی شاعیرانە گوزارشتی لە خۆی دەکرد و ڕێگاکانی ئەدەب و بیری فەلسەفی بەیەکەوە ئاوێتە بوون. بەڵام لەو وێستگەیەدا کە ئەفلاتوون دێتە ناو باسەکە کە ئەم دوو کایەیە تووشی بەیەکدادانی توند دەبن. ئەفلاتوون تەنیا فەیلەسوفێک نەبوو کە دژی هونەر بنووسێت، ئەو لەناو دەقەکانی خۆیدا، ململانێیەکی قووڵی نێوان “وێنەی هونەری” و “چەمکی ئەقڵانی” دروستکرد. لێرەدا پرسیارێک لەبەردەمان خۆی دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە؛ ئایا فەلسەفە بەبێ گەڕانەوە بۆ وێنە، دەتوانێت گوزارشت لە هەقیقەت بکات؟ ئایا ئەفلاتوون دەیویست هونەر بکۆژێت، یان دەیویست لێی ڕابکات؟ ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەفسانەیەی کە ئەفلاتوونی وەک دوژمنی هونەر وێنا کردووە، لە کاتێکدا ئەو خۆی گەورەترین شانۆنامەنووسی مێژووی فەلسەفەیە.
کاتێک بە سەرنجەوە لە پڕۆژە فەلسەفییەکەی ئەفلاتوون دەڕوانین، هەست بەوە دەکەین کە ئەو لە دوو ئاڕاستەدا کار دەکات. لە ئاڕاستەی یەکەمدا؛ ئەو لە کتێبی “کۆمار”دا شاعیران و هونەرمەندان بە وەهم خوڵقێنەر تۆمەتبار دەکات و دەیەوێت لە شارە نموونەییەکەی دەریان بکات، چونکە پێی وایە ئەوان مرۆ لە هەقیقەت دوور دەخەنەوە. کەچی لە ئاڕاستەیەکی دیکەدا و، له قووڵایی دەقەکانیدا، ئەفلاتوون خۆی گەورەترین نووسەری دراماتیکییە. ئەو فەلسەفەکەی لە قاڵبی دیالۆگی دراماتیکدا دەڕێژێت، واتە ئەو بە شێوازێکی تەواو ئەدەبی و هونەری، بە پڵۆت و کارەکتەرەوە ئایدیاکانی پێشکەش دەکات. ئەمە لێکدژییەکی گەورەیە؛ کاتێک فەیلەسوفێک کە دژی هونەر دەنووسێت، خۆی بە کەرەستەی هونەریی فەلسەفەکاری دەکات. بنۆڕە دیالۆگەکانی ئەفلاتوون تەنیا زنجیرەیەک ئارگۆمێنتی ئەبستراکت نین، هێندەی شانۆنامەیەکەن کە خوێنەر لەبەردەم کێشمەکێشی دەرونیی کارەکتەرەکاندا ڕادەوەستێنێت. ڕەتکردنەوەی هونەر لای ئەفلاتوون، تەنیا لە ڕووی گوتارەوەیە، لە کردەی نووسیندا، ئەو بەبێ هونەر نەیتوانیوە قسە بکات. لەڕێگەی هونەرەوە دەرگای بۆ داهێنانی جۆرێکی نوێ لە فەلسەفە کردووەتەوە کە پڕە لە وێنەی زیندوو.
کێشەی دووەمی ئەفلاتوون، لە بەکارهێنانی مێتافۆر یان خوازەدا دەردەکەوێت. ئەو دژی گوتاربێژان دەوەستایەوە، چونکە بە باوەڕی ئەو، ئەوان ڕاستی لە خەڵقی دەشێوێنن، بەڵام کاتێک باسی “جیهانی نموونەکان” دەکات، بە ناچاری پەنا بۆ وێنە دبات. زمان کاتێک ڕووبەڕووی چەمکە باڵاکان دەبێتەوە، بێدەنگ دەبێت، بۆیە ئەفلاتوون ناچار دەبێت مێتافۆر بەکار بهێنێت. ئەو بەبێ مێتافۆر نەدەیتوانی چەمکێک لە ئاوەزدا دابمەزرێنێت. کاتێک چاکەی ڕەها یان خودی بوون وەسف دەکات، وێنەی هونەری دەبێتە تاکە میدیۆم بۆ ئەوەی خوێنەر لێی تێبگات. ئەو ئەو کەرەستانەی بەکارهێناوە کە پێشووتر ئیدانەی کردبوون. ئایا ئەمە شکستی ئەقڵ نییە لەبەردەم وێنەدا؟ یان لە ڕاستیدا، ئەفلاتوون هونەرمەندە، چونکە نەیتوانیوە ئایدیاکانی بەبێ زمانی وێنەیی بگەیەنێت.
ئەلیگۆری ئەشکەوتەکە لە فەلسەفەی ئەفلاتووندا، وەک کارێکی سینەمایی وایە. ئەو زیندانیانەی لە ئەشکەوتەکەدا سەیری سێبەری بووکەڵەکان دەکەن، نموونەی ئەو مرۆڤانەن کە لە جیهانی وەهمدا دەژین. بەڵام ئەفلاتوون خۆی بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بگێڕێتەوە، وێنەیەکی هێندە بەهێزی خوڵقاندووە کە سێبەرەکان تەنیا وەک تاریکی نابینین، بەڵکوو وەک تێکەڵەیەک لە ڕووناکی و فەزا وێنای دەکەین. لێرەدا وێنە چیتر پێچەوانەی هەقیقەت نییە، هێندەی میدیۆمێکە بۆ ئەوەی مرۆ بەرەو هەقیقەت بڕوات. بۆ ئەوەی لە خەیاڵ ڕزگارمان بکات، ئەفلاتوون خەیاڵێکی گەورەتر بەکار دەهێنێت. ئەو کاتێک دەیەوێت مرۆڤ لە ئەشکەوت دەربهێنێت، خۆی ئەشکەوتێکی دیکەی هونەری دروست دەکات. ئەم ئەشکەوتە تا ئەمڕۆش لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا زیندووە. واتا، بۆ تێپەڕاندنی وەهم، پێویستت بە وێنەیەکی بەهێزترە، ئەفلاتوونیش ئەمەی بە باشی زانیبوو.
لە دیالۆگی “گۆرگیاس”دا، ئەو کێشمەکێشەی نێوان سۆکرات و کالیکلس دەبینین، کە ڕاستەوخۆ دەبێتە دۆخێکی شانۆیی. کاتێک لۆجیک لەبەردەم هەستی توڕەییدا دەپچڕێت، دیالۆگەکە چیتر تەنیا گفتوگۆ نییە، بگرە شانۆیەکی فەلسەفییە. کالیکلس نوێنەری ئەو هێزەیە کە هونەر و دراما دەیهێنێتە ناو فەلسەفە. ئەفلاتوون دەیویست شانۆی فەلسەفی دروست بکات بۆ ئەوەی ڕیتۆریک بکوژێت، بەڵام بۆ ئەوەی ڕیتۆریک بکوژێت، خۆی ئاگری ڕیتۆریای داگیرساند. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە فەلسەفە بەبێ زمانێکی هونەری، هێزی قایلکردنی نامێنێت. دیالۆگەکانی ئەفلاتوون، بەرهەمی ئەو پێکدادانەن کە لۆگۆس ناچار دەبێت زمانی وێنە قەرز بکات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.
ئەو کێشمەکێشەی ئەفلاتوون لەگەڵ هونەر دروستی کرد، لە ڕاستیدا ململانێی خودی فەلسەفەیە لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا. ئەو دەیویست فەلسەفە لە شیعر و هونەر داببڕێت، بەڵام هەرچی زیاتر هەوڵی دەدا، زیاتر لەناو هونەردا قووڵ دەبووەوە. ئەو وەک شاعیرێک کە دەیەوێت شیعر بکوژێت، بەزمانی شیعرییەت فەلسەفەکەی داڕشتەوە تا ئەبەد بمێنێتەوە. لێرەدا دەپرسین، ئایا دەکرێت فەلسەفە بەبێ ستایلی وێنەکاری بوونی هەبێت؟ ئەفلاتوون بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوە، بەڵام وەڵامەکانی هەمیشە وەڵامێکی وێنەیین. وێنەی باڵندە، وێنەی گالیسکە، وێنەی ڕۆح؛ هەموو ئەمانە پارچەیەک بوون لەو هونەرەی کە دەیویست ئیدانەی بکات. ئەو بەبێ ئەوەی ئاگادار بێت، ئەشکەوتی هونەری کردە تاکە شوێنی هەقیقەت.
لە کۆتاییدا: پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و هونەر لای ئەفلاتوون، پەیوەندییەکی پڕ لە پارادۆکسە. جیاوازییەکە تەنیا جیاوازی ستایلە نەک مادە. کاتێک دەقەکانی ئەفلاتوون هەڵدەوەشێنینەوە، تێدەگەین بەبێ زمانێکی سەمبوولی نەیدەتوانی درێژه بە چەمک و ئایدیاکانی بدات. لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە فەلسەفەی ئەفلاتوون بەبێ وێنە کوێرە و هونەریش بەبێ چەمک ناگاتە قووڵایی بوون. ئەوان لە دیالۆگی دەرەکیدا نین، بەڵکوو لە بەرکەوتنی ناوخۆییدان. ئەفلاتوون لەو وێستگەیەدا بوو کە تێیدا فەلسەفە ناچار بوو بە زمانی وێنە قسە بکات. ئەوەی ئەو دەقەی ئەفلاتوونی کردووەتە ئەدەبێکی نەمری فەلسەفی، ئەو هونەرە بوو کە خۆی دەیویست لە شارەکەی دەری بکات. هیچ بەدیلێک بۆ مانەوەی بیرۆکەکان جگە لەو باوەشە گەرمەی هونەر نەبوو. ئەفلاتوون هەرچەندە شەڕی هونەری کرد، بەڵام لە کۆتاییدا بەو هونەرە سەرکەوت کە دەیویست تێکی بشکێنێت. ئەوەی فەلسەفەی ئەفلاتوونی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، ئەو وێنانە بوون کە لە قووڵایی چەمکەکانیدا چاندبوونی.
پهراوێز؛
Saaid Aras”2026”:Η Φιλοσοφία μεταξύ της Ανατολικής Σοφίας και του Ελληνικού Λόγου: Μια σκέψη από την







































































