خوداکان “سیزیف”(Sisyphos)یان بەوە سزا دابوو تاشەبەردێک کە بەهۆی قورساییەکەیەوە لە بەرزاییەکانەوە دەگلا بۆ دۆڵ و دەشتەکان، بە بەردەوامی بباتەوە سەر ترۆپکی چیایەکەوە. ئەوان بە دروستی وا بیریان دەکردەوە سزایەک تۆقێنەرتر لە کاری بێهوود و بێمەبەست نییە. بە وتەی هۆمەر، “سیزیف” ژیرترین و بەپارێزترینی خەڵکان بوو. بەڵام گێڕانەوەیەکی دیکە دەرخەری تامەزرۆیی ئەوە بۆ چەتەیی و ڕێگری. من لەم دوو گێڕانەوەیەدا هیچ دژوازییەک نابینم. لەبارەی ئەو پاڵنەرانەی کە ئەویان وەکوو کرێکاری ڕەنجبەخەساری دۆزەخ ناساندبوو، بیروڕای جیاواز خراوەتە ڕوو. یەکەمین سەرزەنشتێک کە ڕووبەڕووی ئەو دەکرێتەوە ئەمەیە؛ لەگەڵ خوداکان بەجۆرێک هەڵسوکەوتی کرد کە بە گوێرەی ئەقڵ نەبوو. ڕازەکانیانی درکاند و پەردەیانی دڕاند. ئاژین؛ کچی ئازۆپ(Asope) لە لایەن ژووپێتێرەوە ڕفێندرا بوو. باوکی لە بزربوونی کچەکەی سەری سووڕما و لە بەردەم “سیزیف”دا زمانی گلەیی و گازندەی کردەوە. ئەو کە ئاگاداری ئەم حیکایەتە بوو، بە ئازۆپی وت ئامادەیە لەم بەسەرهات و ڕووداوە ئاگاداری کاتەوە بەڵام بە مەرجێک کە ئەویش ئاو بدات بە قەڵای کورینتێ (corinthe). “سیزیف” بەرەکەتەکانی ئاوی لە هەورەتریشقەی ئاسمان سەرووتر دانا و، بەم هۆیەوە بەرەو کاری پڕ سەخڵەتی ناو دۆزەخ ڕاپێچ کرا. هۆمەر دیسان دەڵێت کە “سیزیف” مەرگی زنجیر کردبوو، ئەو زنجیری لە مەرگ ئاڵاندبوو، پلۆتۆن، سوڵتانی دۆزەخ و خوداوەندی مەرگ نەیتوانی دیمەنی خامۆش و خەڵوەتی وڵاتەکەی لەوە زیاتر تەحەمول بکات. بۆیە خودای جەنگی نارد تاکوو مەرگ لە چنگی “سیزیف”ی براوە ڕزگار بکات.
و هەروەها دەڵێن “سیزیف” لە گیانەڵەدا بوو، ویستی خۆشەویستی هاوسەرەکەی تاقی بکاتەوە. فەرمانی پێ کرد تا تەرمەکەی لە گۆڕەپانی گشتیی شاردا فڕێ بدات. هاوسەر وەسیەتەکەی بەجێ هێنا و “سیزیف” خۆی لە دۆزەخدا بینییەوە. ئەو لە دۆزەخدا لەم فەرمان بە جێگەیاندنە کە دژی خۆشەویستی ئینسانییە وەکوو کڵپەی ئاگر هەڵچوو و داوای لە پلۆتۆن کرد و بواری لێ خواست تاکوو بگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی و ژنەکەی سزا بدات. بەڵام کاتێک ڕووخساری ئەم جیهانەی دووبارە دیت و لە ئاو و هەتاو و بەردە گەرمەکان و دەریا چێژی وەرگرت، ئیدی نەیویست بگەڕێتەوە بۆ تووناوتوونەکانی دۆزەخ. هۆشدارییەکان و تووڕەییەکان و بیرخستنەوەکان کاریگەر نەبوون. ساڵانێکی زۆر لە ئامێزی پەنا و پێچەکانی کەنداو و دەریای شکۆدار و بزەکانی زەوی ژیا. بەناچاری خوداکان ڕایانگرت. مەریخ یەخەی ئەو سەربزێوە بێباکەی گرت و لە شادی بێبەشی کرد و بە تۆپزی گەڕاندییەوە بۆ دۆزەخ. لەوێدا تاشەبەردەکان ئامادە و چاوەڕوانی بوون.
لەوە بەدوا دەرکەوت کە “سیزیف” پاڵەوانی پووچییە. ئەو چ لە سۆنگەی سەوداکانییەوە و چ بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیەی کە بینی، شیاوی ئاوەها ناوێکە، سووکایەتیکردن بە خوداکان، نەفرەتی لە مەرگ و تاسووقی بۆ ژیان ئەوی شیاوی ئەم ئازارە لەبن نەهاتووە کرد. لە ئاوەها ئەشکەنجەیەکدا، هەموو بوونی مرۆڤ لە پێناوی ئەوە دایە کارێک ڕاپەڕینێت. و ئەم ئازارە تێچووی حەز و خواستە دنیاییەکانە. هیچ کەسێک لە ژیانی دۆزەخیی “سیزیف” زانیارییەک نادات بە دەستەوە. ئەفسانەکان دەخولقێن بۆ ئەوەی هێزی خەیاڵ گیانیان بکەنە بەر. لەم ئەفسانەیەدا، ئێمە تەنها شایەتی هەوڵەکانی لەشێکین کە بۆ هەڵگرتن، گلاندن و بردنەسەری تاشەبەردێک لە هەورازێک تێدەکۆشێت کە سەد جار پێواوە. ڕووخساری گرژ و تووڕە، دەموچاوی هاوسەنگی بەرد، ئەو شان و پیلانەی کە باری ئەم تۆپەڵە قوڕاوییە بە کۆڵ دەکێشن، پێیەک کە بەردەکە لە ژێرەوە ڕادەگرێت، ئەو مەچەکانەی کە دووبارە بەردەکە هەڵدەگرنەوە، دەستوبردی ئینسانێک کە هەر دوو دەستی لە قوڕ و لیتە ئاڵاون، دەبینرێت.
لە کۆتایی ئەم هەوڵە دێرخایەنەیدا کە بە فەزایەکی بێ ئاسمان و کاتێکی بێ بن هەڵدەسەنگێندرێت، ئەنجامەکە بەدیدێت. ئەوکات “سیزیف” چاو دەبڕێتە گلۆربوونەوەی تاشەبەردێک کە دەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ سەر ترۆپکەکە. بۆیە مل لە دەشت دەنێتەوە. کاتی گەڕانەوە؛ ئەم “وەستانە”ی “سیزیف” دەبێت بە جێگەی سەرنجی من. ڕووخسارێک کە بەشێوەیەک نزیک لە تاشەبەردەکەوە ئازار دەکێشێت ئەوا ئیتر خۆی بەردە. ئەم پیاوە وێنا دەکەم کە بە هەنگاوە قورس بەڵام یەکسانەکانی بەرەو ئەشکەنجەیەک دادەبەزێت کە خۆی لە کۆتاییەکەی بێ خەبەرە. ئەم چرکەساتە کە وەکوو هەناسەدانێکە، ئەم چرکەساتە کە دەگەڕێتەوە سەر هەواری قەدەری لێبڕاوانەی ئازاری ئەو، “چرکەساتی وشیارییە”. لە هەر کام لەم چرکەساتانەدا کە ئەو ترۆپکەکان جێ دێڵێت و وردەوردە بەرەو قووڵکەی خوداکان دادەبەزێت، ئەو لە چارەنووسی خۆی لەپێشترە. ئەو بەهێزتر لە تاشەبەردەکەیە. ئەگەر ئەم ئەفسانەیە وەکوو کارەساتێک لە قەڵەم بدرێت بەو هۆیەیە کە پاڵەوانەکەی وشیارە. لە ڕاستیدا ئەگەر لە هەر هەنگاوێکدا هیوای ڕزگاری تینی نەدابایەتە دڵی، ئازارێک لە ئارادا نەبوو. کرێکاری ئەمڕۆکەش لە هەموو ڕٶژەکانی تەمەنیدا هەر بەو کارەوە خەریکە. مەگەر پووچی چارەنووسی ئەو کەمترە؟ بەڵام کرێکار تەنها لەو چرکەساتە دەگمەنانەدا خەمگینە کە لە چارەنووسی خۆی وشیار دەبێتەوە. “سیزیف”، ئەم ئازارکێشەی دامودەزگای خوداکان و بێدەسەڵات و سەربزێوە بە هەموو پانتایی و بەربڵاوییەوە چارەنووسی مەینەتباری خۆی دەناسێت؛ لە کاتی دابەزین و هاتنبەرەوخواردا، بیری لێ دەکاتەوە. ڕوونبینی(شهوود) کە کرۆکی ئازارەکەیەتی، سەرکەوتنەکەی لەناو دەبات- چارەنووسێک نییە کە مرۆڤ بە هاوکاری سووکهەژمارکردندا بەسەریدا زاڵ نەبێت.
ئەگەر بەم شێوەیە، هەندێک لە ڕٶژەکان، “دابەزین” و داگەڕان خەمناکە، دەتوانێت شادیبەخشیش بێت. وشەی شادی وشەیەکی زیادە و بێکەڵک نییە. هێشتاش “سیزیف” وێنا دەکەم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای تاشەبەردەکەی خۆی، بەڵام ئازار هەر لە سەرەتاوە هەبوو. کاتێک زۆر دڵبەستەی بابەتە دنیاییەکانین، کاتێک وەسوەسەی بەختەوەریی زیاتر لە ڕادەی خۆی خەست و خۆڵ دەبێت، هەندێ جاریش دڵی مرۆڤ بە خەمەوە دەگلێت؛ بەرد سەردەکەوێت و دەیباتەوە، جگە لە بار و قورسایی بەرد شتی دیکە نابینین. باری ئەم مەینەتە زۆر گەورە دەبێت. کەواتە لەگەڵ ئازارەکانی شەوانەی مەسیح لە باخی جێتسێمانی Gethsemani ئاشنا دەبین. بەڵام واقیعە تاڵ و ئازاردەرەکان کاتێک کە دانیان پێدا دەنرێت، لەناو دەچن. بۆ نموونە ئودیپووس، بە بێ ئەوەی خۆی بزانێت ملکەچ و پێڕەوکاری چارەنووس دەبێت. کارەساتەکەی ئەو لەو کاتەوە دەست پێ دەکات وا “دەزانێت”. بەڵام لە هەمان چرکەساتی گومڕایی و نائومێدیدا تێدەگات تاقانە پەیوەندییەک کە دەتوانێت ئەو بە جیهانەوە گرێدراو و دڵبەستە بکات دەستی جوانکیلەی کچێکە. بۆیە زایەڵەیەکی بەرز دەگاتە گوێی؛ “لەگەڵ ئەو هەموو ئازارەدا، پیری و تەبعی بەرزم حوکمم دەکەن بڵێم هەموو شتێک باشە.” ئودیپووس، پاڵەوانی سوفوکلێس، وەکوو کیری لۆڤی پاڵەوانی دۆستۆیۆفسکی، بەم شێوەی ڕازی سەرکەوتن بەسەر پووچی بۆ ئێمە دەڵێتەوە و لەگەڵمان هاوبەشی دەکات. حیکمەتی کۆن دەبێتە هاوسۆز و هاوئامێزی پاڵەوانێتیی چاخی نوێ.
کاتێک مرۆڤ لە پووچی تێدەگات لە هەوڵی نووسینەوەی ڕێبازی بەختەوەری دایە. دواتر دەڵێن؛ “ ئاواهی، هەر بەم تووناوتوون و لاڕێیانەدا دەتانەوێت بگەن بە هەرێمی بەختەوەری؟” لە وەڵامدا دەڵێم؛ بەڵام لە دنیایەک زیاتر بوونی نییە، بەختەوەری و پووجی هەر دوو ڕۆڵەی هەر ئەم خاکەن. ناکرێت ئەم دوانە لێک جودا بکرێنەوە. ئەگەر بڵێین بەختەوەری بەحەتم بەرئەنجامی کەشف و دۆزینەوەی پووچییە، بەهەڵەدا ڕۆشتووین. چونکە هەندێ جار هەستکردن بە پووچی بەرهەمی بەختەوەرییە. ئودیپووس دەڵێت؛ “ من باوەڕم وایە هەموو شتێک باشە.” چ وتەیەکی پیرۆز! ئەم قسەیە لە جیهانی ڕمووک و کەوینەکراو و سنوورداری ئادەمیزاداندا دەنگ دەداتەوە. ئەم وتەیە فێرمان دەکات هەموو شتێک کۆتایی پێ نایەت و کۆتاییش نەهاتووە. ئەم وتەیە ئەو خودایەی کە لەگەڵ دڵگیری و خەمی بێسووددا پێی خستبووە ناو جیهانی ئێمەوە، لە دنیای ئێمە دوور دەخاتەوە. ئەم وتەیە چارەنووس دەخاتە قەڵەمڕەوی مرۆڤەوە. چارەنووس دەبێت بە دەستی مرۆڤ دیاری بکرێت.
هەموو شادییە بێدەنگەکەی “سیزیف” هەر لەم خاڵە دایە. چارەنووسی لە دەستی خۆی دایە. بەردەکە دەبێتە یاریی دەستی ئەو. هەر بەم شێوەیە، مرۆڤی دنیای پووچ، کاتێک سەرنجی ئازارەکەی خۆی دەدات هەموو بتەکان ناچار بە بێدەنگی و لاڵبوون دەکات. هەزاران چریکە و نەغمەی بچووکی سەرسووڕهێنەر لە جیهانێکدا کە لەناکاوێکدا بێدەنگیی سەرەتایی خۆی دەبینێتەوە، لە زەمینەوە هەڵدەقوڵێت. ئەم نەغمە وشیار و ڕازاوییانە، ئەم بانگهێشتەی ڕووخسارەکان پاداشتێکی پێویستە و تێچووی سەرکەوتنە. هەتاو، بە بێ سێبەر ناژێت و دەبێت تاریکیی شەویش هەڵلووشرێت. مرۆڤی دنیای پووچی ژیان قبووڵ دەکات و هەوڵەکانی ئەنجامێکیان نابێت. چارەنووسی تاکەکەسی بوونی هەیە، بەڵام قەدەرێکی سەرتر بوونی نییە یان لانیکەم زیاتر لە قەدەرێکی سەرتر بوونی نییە کە لەو حاڵەتەشدا چارەنووسی تاکەکەسی ئەمەش وەکوو جەبر و حەتمییەتێک قبووڵ دەکات و بەم شێوەیە بچووک و نزمی دەکاتەوە. لە بابەتەکانی دیکەدا، مرۆڤی دنیای پووچی، خۆی بە بژاردەکار دەزانێت. لەو چرکەساتە هەستیارەی کە مرۆڤ سەرنجی ژیانی خۆی دەدات، وەکوو “سیزیف” کە دەگەڕێتەوە بۆ لای تاشەبەردەکەی، چاو لە هەموو کردەوە نامەربووتەکانی دەکات وا چارەنووسی ئەون، چارەنووسێک کە بەدیهاتووی خودی ئەوە و لە دیدەی دڵدا یەکسان و یەکپارچەیە و هەر بە زووییش مۆرکی مەرگ ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە. بەم شێوەیە مرۆڤ ئاخێزگەی مرۆیی بابەتە مرۆییەکان قبووڵ دەکات. ئەو وەکوو کوێرێک کە تامەزرۆی دوو چاو و بینینە و دەزانیت کە کۆتاییەک بۆ شەوەکەی نییە، هەر ڕێگا دەپێوێت. بەردیش هەر دەگلێت.
“سیزیف” لە داوێنی چیاوە لێ دەگەڕێم. هەمیشە دەکرێت بارەکەی وەدۆزینەوە. بەڵام “سیزیف” کۆڵنەدانێکی باڵاترمان فێر دەکات کە ڕەتکەرەوەی دەستی قەدەرە و هەمان کۆڵنەدان، تاشەبەردەکان هەڵدەگرێت. ئەویش باوەڕی وایە هەموو شتێک باشە. ئەم جیهانە، کە لە پاش ئەمە ئیتر بێخاوەنە، بەڕای ئەو نە بێ بەر و بارە و نە بە بەهاشە. هر تۆزقاڵێک لەم تاشەبەردە، هەر پارچەیەکی مەعدەنی ئەم کێوە شەوکەنفتە بەتەنهایی جیهانێکە. هەوڵدان بۆ هەڵزنان بەسەر ترۆپکەکاندا خۆی بەسە هەموو دڵی مرۆڤ داگیرکات. دەبێت “سیزیف” بە بەختەوەر وێنا بکەین.
وەرگێڕان؛ سپێدە ساڵحی







































































