“پێشەکی”
زۆرێک لە ڕۆژهەڵاتناسان و مێژوونووسانی فەلسەفە لەسەر ئەو بڕوایەن کە مێزۆپۆتامیا لە کایەی فەلسەفەدا پێش شارستانییەتی یۆنانی کەوتووە؛ بەڵام یەکلاکردنەوەی ئەم مشتومڕە، بە پلەی یەکەم بەندە بە جۆری تێگەیشتن و پێناسەکردنی ئێمە بۆ چەمکی فەلسەفە. لە فەرهەنگی ئێمەدا، ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە زمانی عەرەبییەوە وەرگیراوە. بە بڕوای من، ئەم پاشکۆ زمانەوانییەی کورد بۆ زمانی عەرەبی لە چەمکە فەلسەفییەکاندا، بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:- هۆکاری یەکەمیان ڕەهەندێکی ئایینییە؛ بەهۆی ئەوەی ئایینی ئیسلام بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە و زمانی ئەم ئایینەش عەرەبی بووە، نوخبە و منەوەرانی کورد لە حوجرەکاندا زانستی کەلام و لۆجیکی ئەڕەستۆ یان بە عەرەبی خوێندووە. ئەم هۆشمەندییە فەلسەفییەش لەسەر بنەمای ئەو تێکستانە بوونیاد نراوە کە لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا لە یۆنانییەوە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی عەرەبی. هۆکاری دووەمیان، ڕەهەندێکی ڕامیارییە؛ کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە، جگە لە زمانی داگیرکەر، مافی پەرەپێدانی زمانی خۆی لێ زەوت کراوە؛ بۆیە زمانی خوێندن، ڕامان و بیرکردنەوەی نوخبەی کورد، زمانی عەرەبی بووە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە فەلسەفە لە بنەڕەتدا وشەیەکی عەرەبی نییە، عارەب لە یۆنانییەوە وەریانگرتووە و مۆرک و کێشی زمانی خۆیان پێ بەخشیوە.
لە ڕووی مێژووییەوە، وا باوە کە “فیساگۆراس” یەکەمین کەس بووە وشەی فەلسەفە و نازناوی فەیلەسوفی بەکارهێنابێت. فەلسەفە وشەیەکی لێکدراوی یۆنانییە و لە دوو وشە (فیلۆ و سۆفیا) ،(Philo-Sophia) پێکدێت؛ (فیلۆ) بە واتای خۆشەویستی یان هاوڕێیەتی، و (سۆفیا) بە واتای دانایی دێت، (Laertius 1925, p. 3)کە عارەب بە (حیکمەت) گوزارشتی لێ دەکەن. کەواتە، فەلسەفە لە جەوهەری خۆیدا لە هاوڕێیەتی جیا نابێتەوە؛ فەلسەفە هاوڕێیەتییەکی قووڵە لەگەڵ دانایی، و فەیلەسوفیش ئەو هاوڕێیەیە کە عاشقانە بەدوای هاوڕێکەی داناییدا وێڵە. ئەم پەیوەندییە هاوڕێیانەیە لە سەردەمی یۆنانی دێرینەوە تا ئەمڕۆ وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ ماوەتەوە، ئەگەرچی سروشت و تایبەتمەندییەکانی ئەم هاوڕێیەتییە لە سەردەمە جیاوازەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتبێت.
“لە مێتۆسەوە بۆ لۆگۆس”
لێرەدا گرنگە ئاوڕێک لە فەیلەسووفی فەڕەنسی “ژیل دۆڵۆز” بدەینەوە، سەبارەت بە فەلسەفە و فەیلەسووف و دەربارەی ژینگەی کۆمەڵایەتیی یۆنانی کە سەرزەمینی لەدایکبوونی فەلسەفە بووە، بەتایبەت لە دوایین کتێبیدا بە ناوی فەلسەفە چییە (What Is Philosophy) کە لە سەرەتای نەوەدەکاندا بەهاوبەشی لەگەڵ (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی. دۆڵۆز یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ڕەنجەوەری زۆری کێشاوە بۆ تێگەیشتن لەوەی (هاوڕێ) لای یۆنانییەکان چ واتایەکی هەبووە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەی کە دەبێژێت: فەلسەفە بنەچەی یۆنانییە، چونکە کۆمەڵێک پێشمەرجی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەت-شارە یۆنانییەکاندا هەبوون کە زەمینەی ڕەخساندووە بۆ لە دایکبوونی فەلسەفە.(Deleuze and Guattari 1994, p. 87)
لای یۆنانییەکان، گۆڕانکارییەکە لە ئەفسانە و ئایینەوە ڕووەو ئەقڵ ڕوویداوە؛ لە مێتۆسەوە بۆ لۆگۆس. بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، گەردوون ڕاڤەیەکی ئەقڵانی گشتگیری بۆ کرا. وەک (ئەڕەستۆ) دەبێژێت؛ (تاڵیس) یەکەم کەس بووە فەلسەفاندنی کردبێت، درووستبوونی گەردوونی بۆ سەرەتایی ماددی (ئاو) گەڕاندەوە. (فیساگۆرس) بۆ (ژمارە) و (هیراکلیتۆس) گوتی (ئاگر) بنەڕەتی شتەکانە، هەندێکیشیان گوتیان خاک یان هەوا یان تەنانەت هەر چوار توخمەکە پێکەوە بنەڕەتی شتەکانن. تەنیا (ئاناکسیمەندەر) بوێریی کرد و گوتی بنەڕەتی شتەکان ناتوانێت ماددی بێت، بۆیە باسی لە (ئەپیرۆن) یا (ناسنووردار) کرد. بەم جۆرە دەبینین زۆربەی فەیلەسووفە سەرەتاییەکان لە (زانایانی سرووشتی و مادی) دەچوون کە گەردوونیان بە هۆکار و ڕێسای مادی ڕاڤەدەکرد، نەک وەک ئەو فەیلەسووفانەی کە گەردوون بە ڕێسا و هۆکاری میتافیزیکی ڕاڤە دەکەن.
“فەلسەفە و چەمکسازی”
فەلسەفە بیر لە گەردوون و ژیان و مرۆ دەکاتەوە و هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیار و گومانەکانی ئاوەز بداتەوە، بەڵام بە شێواز و کەرەستە تاییبەتەکانی خۆی. خۆ ڕەنگە هەمان ئەو پرسانە زانست و هونەر و تەنانەت ئەفسانەش وەڵامی بدەنەوە، بەڵام بە شێواز و کەرەستەی دیکە. کەواتە، ئەوەی تێڕامان و کردەی فەلسەفاندن جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە وەڵامی پرسیارەکانی ئاوەز دەداتەوە لە ڕێگەی داهێنان و دروستکردنی چەمکەوە. شیاوی ڕوونکردنەوەیە، چەمکی فەلسەفی نە ڕای پەتییە، و نە ڕایەکی بنەڕەتی کە ڕاکانی تری لێوە وەربگیرێت، بەڵکوو کردارێکی هزری پەتییە کە لە ناو سیستمێکی فەلسەفی تەواودا جێگیر دەبێت و گوزارشت لە دیدگایەکی فەلسەفی ناوازە دەکات. چەمکی فەلسەفی وەڵامی کێشەیەکی فەلسەفی دەداتەوە کە داهێنەری چەمک (Concepteur) دروستی کردووە و دایدەڕێژێت یان نوێی دەکاتەوە. هەروەها چەمک وەک دۆزێکی لۆژیکی یان زانستی نییە کە بتوانرێت بە ڕاست یان درۆ وەسف بکرێت، واتە بە هاوتایی یان ناهاوتایی لەگەڵ واقیعدا ناپێورێت.
لەسەر بنەمای ئەوەی پێشووتر گوترا، دەبێت کۆمەڵێک ڕەگەز دیاری بکەین کە لەگەڵ چەمکدا بن بۆ ئەوەی ببێتە چەمکێکی فەلسەفی؛ ئێمە فەلسەفاندن ناکەین بێ ئەوەی کێشەیەکی فەلسەفی دیاریکراو دابڕێژین، و بێ ئەوەی ئەو پانتاییە دیاری بکەین کە تێیدا فەلسەفاندن دەکەین، و بێ ئەوەی گۆڕانکاری لە وێنەی هزریدا بکەین. هەروەها فەلسەفاندن ناکەین تا وێنەی کەسایەتییەکی فەلسەفی دروست نەکەین کە فەلسەفاندن دەکات، کە مەبەستم لێی ئەو کەسایەتییە، کە دۆڵۆز ناوی لێناوە، کەسایەتی چەمکیی. ئیدی ئەو کەسایەتییە (سوکرات)ی ئەفلاتوونە؟ یا (زەردەشت)ی نیتچەیە؟ یا (گەمژە)کەی دێکارتە؟ یا (دادوەری دادگای ئەقڵی پەتی) لای کانت؟. سەرەنجام ئێمە فەلسەفە ناکەین تا گوزارشت لەوە بکەین لە ڕێگەی داهێنانی چەمکی نوێوە. ئەمەیە کە دۆڵۆز مەبەستیەتی لە سروشتی داهێنەرانەی چەمک کە وا دەکات واتا و هەقیقەتێکی تاییبەت بە خۆی هەبێت. بەمەش چەمکی فەلسەفی خاوەن واتایە، بە پێچەوانەی ئەوەی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی دەڵێت.
“جیاوازیی نێوان فەیلەسووف و حەکیم”
دۆڵۆز پێداگری لەسەرئەوە دەکات کە فەلسەفە بنەچەی یۆنانییە، چونکە فەلسەفە لە یۆناندا ژینگە و کولتووری کۆمەڵایەتی گونجاوی بۆ خۆی دۆزییەوە تاوەکوو گەشە بکات. مەشهوورە کە یۆنانییەکان حەوت دانا (حەوت حەکیمە)یان هەبوو لەوانەش( سۆڵۆن و تاڵیس)، چونکە ئەمانە خۆیان بە خوداوەند دەچواند یان ئاوا سەیریان دەکرا، بەڵام (عاشقی دانایی) نەیدەویست خۆی بە خوداوەند بچوێنێت، بۆیە ئەو لە دانا (حەکیم) خاکەڕاتربوو. یۆنانییەکان (عاشقی دانایی) و (هاوڕێی دانایی)یان لە حەکیم جیا کردەوە. واتا فەیلەسووفیان لە حەکیم جیا کردەوە؛ ئەمەش لەگەڵ جەوهەری فەلسەفەدا دەگونجێت چونکە فەلسەفە هەوڵدانە بۆ شتێک کە هەرگیز بە تەواوی دەستی ناکەوێت. فەلسەفە مۆرکێکی یۆنانیی هەیە، ئەگەرچی فەیلەسووفە سەرەتاییەکان کەسانی بێگانە و (نۆماد) کۆچبەریش بووبێتن، چونکە یۆنان مەرجەکانی گوتاری فەلسەفی لە واقیعدا بەدیهێنا. کەواتە فەلسەفە یۆنانییە چونکە چەمکی (هاوڕێی دانایی) یۆنانییە، و کەسێکە کە بانگەشەی خاوەندارێتی ڕەهای دانایی ناکات. فەیلەسووف کەسێکە (دەزانێت کە نازانێت). ئەمە بەو واتایە نییە کە بیرۆکە دەربارەی بنیادەم، مەرگ و ژیان و نەفس و گەردوون لای نەتەوەکانی پێش یۆنانییەکان نەبووە (وەک میسری و بابلییە کۆنەکان)، بە دڵنیاییەوە هەبووە، بەڵام بە شێوازە یۆناییەکەی بە (ناسەنی-مەعریفە) دانەڕێژرابوو کە پێی دەوترێت؛”فەلسەفە”. ئەو مەعریفەیەی کە تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە ڕێبەرێکی دەرەکی نییە و پشت بە بیرکردنەوە لە ڕێگەی (چەمک)ەوە دەبەستێت وەک کردارێکی هزری پەتی بۆ بوونیادنانی سیستمێکی ئاوەزی گشتگیر کە لە وێناکردنی ئەفسانەیی بۆ جیهان دایدەبڕێت.
من لایەنگری ئەو دیدگایەم کە دەبێژێت؛ جیاوازییەکی جەوهەری و بەرچاو لە نێوان فەیلەسووف و حەکیمدا هەیە: حەکیم لە ڕێگەی “وێنە”وە بیر دەکاتەوە، واتە لە ڕێگەی نموونە و هێما و چیرۆک و ئەفسانەکانەوە، و بانگەشەی خاوەندارێتی دانایی دەکات. بەڵام فەیلەسووف عاشقی داناییە، ئەو بانگەشەی خاوەندارێتی ناکات و لە ڕێگەی (چەمک)ەوە بیر دەکاتەوە، واتە لە ڕێگەی کردارێکی هزری پەتییەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئاوەز. ئەو کێشەکانی دەخاتە ڕوو و هەوڵ دەدات بە جوانی دایان بڕێژێت و وەڵامیان بداتەوە لە ڕێگەی بوونیادنانی بینایەکی چەمکیی ئەقڵانی.، ئەمەش وا دەکات کە جیاوازییەکی زۆر هەبێت لە نێوان بیرکردنەوە بە وێنە و بیرکردنەوە بە چەمک.
بەم جۆرە دەردەکەوێت کە جیاوازی نێوان حەکیم و فەیلەسووف تەنها جیاوازی پلە نییە (وەک بڵێیت هەردووکیان بە یەک پەیژەدا سەردەکەون و یەکێکیان گەیشتووە و ئەوی تریان هێشتا نەگەیشتووە)، بەڵکوو جیاوازییە لە سروشتدا؛ جیاوازییە لە نێوان ئەو کەسەی بە وێنە بیر دەکاتەوە و ئەو کەسەی بە چەمک بیر دەکاتەوە. ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕێگەی چەمکەوە وای کرد فەلسەفە لە یۆنان لە دایک بێت. ئەوەی لە شارستانییەتە کۆنەکانەوە بۆمان هات جۆرێک بوو لە (دانایی) ئەوەی عارەب پێی ئێژن؛ (حیکمەت)، بەڵام یۆنانییەکان ئەوانە بوون کە واژۆیان لەسەر مەرگی حەکیم کرد و فەیلەسووفەکانیان خستە جێگەی. دۆڵۆز دەڵێت: ڕەنگە جیاوازی نێوان فەیلەسووف و حەکیم تەنها جیاوازی پلە نەبێت… حەکیمی پیر کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت ڕەنگە لە ڕێگەی وێنەوە بیر بکاتەوە، لە کاتێکدا فەیلەسووف چەمک دادەهێنێت و بیری لێ دەکاتەوە.( Deleuze and Guattari 1994, p. 15) بۆ نموونە، مرۆڤ دەچێتە لای حەکیم و پرسیاری ئەخلاقی لێ دەکات، ئەویش پێی دەڵێت ئەمە بکە و ئەوە مەکە. حەکیم لە قسە و فەرمان و نەهییەکانیدا یەکلاکەرەوەیە. دواتر دەچێتە لای فەیلەسووف و پرسیاری ئەخلاقی لێ دەکات، فەیلەسووفیش گفتوگۆی ئەو بنەمایانەی لەگەڵ دەکات کە دەکرێت ئەخلاقی لەسەر بوونیاد بنرێت، بێ ئەوەی هیچ ئامۆژگارییەکی ئەخلاقی پێ بدات.
نموونەیەکی دیکەی حیکمەت-دانایی کتێبی قورئانە، بڕوانە چۆن بیرۆکەکانی دەخاتە ڕوو؟ لە ڕێگەی چیرۆک و هێما و نموونە و تەنانەت ئەفسانەکانەوە (بە واتای چیرۆکە مێژووییەکان). کاتێک دەیەوێت بەڵگە لەسەر بوونی خودا بهێنێتەوە، نموونە دەهێنێتەوە. وەک لە سورەتی( ئیبراهیم و کەهف و عەنکەبووت و غاشیە)دا هاتووە کە نموونە بۆ خەڵک دەهێنرێتەوە تا تێبفکرێن. بەڵام ئەگەر بچینە لای (ئیبن سینا) وەک فەیلەسووفێک و داوای لێ بکەین بوونی خودا بسەلمێنێت، بە کۆمەڵێک چەمکی وەک: واجب الوجود، ممکن الوجود، مستحیل الوجود، العلة والمعلول ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. کەواتە ئەو کتێبانەی دەچنە ناو چوارچێوەی داناییەوە وێنە و چیرۆک و هێما و مەجاز هەن، بەڵام لە کتێبەکانی فەلسەفەدا چەمک و کایەی فەلسەفی و لۆژیک و ئاوەز هەن. فەلسەفە خۆشەویستییە بۆ دانایی بەڵام خۆی دانایی نییە، بۆیە فەلسەفەی یۆنانی لە دانایی ڕۆژهەڵاتی جیاوازە. دۆڵۆز سێ مەرجی بۆ فەلسەفە داناوە: داهێنانی چەمک، وێنای کەسایەتی چەمکی، و بوونیادنانی ئاستی هاوڕەهەندی (Plane of Immanence). هەروەها سێ مەرجی واقعیی وەک: هاوڕێیەتی، هاوڕەهەندی و ئاڵوگۆڕی ڕا (Deleuze and Guattari 1994, p. 3) ڕوونە کە ئەم مەرجانە لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییە کۆنەکاندا بوونی نەبوون، چونکە ئەوان کۆمەڵگەی سەروو-واقیع بوون و هەمیشە یەک ڕا هەبوو کە دەبوو زاڵ بێت، بۆیە حیکمەت-داناییان بەرهەمهێنا نەک فەلسەفە لەبەرانبەردا یۆنانییەکان کۆمەڵگەی هاوڕێیەتییان دروست کرد کە ڕکابەری و ئاڵوگۆڕی ڕای تێدا بوو.
“ئەنجام”
قسەی کۆتایی ئەوەیە، فەلسەفە لە یۆنان لەدایکبووە چونکە مەرجە مەعریفییەکانی هزر لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی یۆنانیدا یەکتریان تەواوکردووە. دۆڵۆز پێی وایە ئەمە ڕووداوێکی ڕێکەوت بووە نەک زەرورەتێکی مێژوویی. ئەوەی دۆڵۆز ڕەخنەی لێ دەگرێت لای هیگڵ و هایدیگەر ئەوەیە کە ئەوان مێژوو بە جۆرێک دەبینن کە چەمک تێیدا بە زەرورەت گەشە دەکات، بەڵام لای دۆڵۆز فەلسەفە لە یۆنان بەهۆی کەشوهەوا و ژینگەوە دروستبوو نەک مێژوو. دەوڵەت-شارە یۆنانییەکان مەرجەکانی گوتاری فەلسەفییان بەدیهێنا. بۆیە فەلسەفە بە موڵکی یۆنانیەکان دەمێنێتەوە ئەگەرچی فەیلەسووفە سەرەتاییەکان بێگانە بووبێتن، چونکە سێ مەرجیان لە یۆنان دۆزییەوە: هاوڕەهەندی، هاوڕێیەتی، و ئاڵوگۆڕی ڕا. ئەمە بە کورتی دیدگای دۆڵۆزە کە دەڵێت فەلسەفە لای یۆنانییەکان لەدایکبووە بەهۆی ئەو مەرجە کۆمەڵایەتییانەی فەیلەسووفە سەرەتاییەکان لەوێ دۆزییانەوە.
سەرچاوەکان؛
- Laertius, D. (1925) Lives of Eminent Philosophers, Volume I. Translated by R. D. Hicks. Cambridge, MA: Harvard University Press (Loeb Classical Library), p. 3.
- Deleuze, G. and Guattari, F. (1994) What Is Philosophy?. Translated by Hugh Tomlinson and Graham Burchell. New York: Columbia University Press, pp. 3, 15, 87.




































































