“لە پەراوێزی ڕەخنەكانی زەردەشت نورەدین دا”
كتێبی ”ئەدەب لەمەترسیدا” كاری دوو نووسەرە، بەشێكیان كە لەنووسینی “تۆدۆرۆڤە” ڕەخنەكانی ڕوو لە ڕۆشنبیری خۆرئاواییە بەتایبەت فەڕەنسا. بەشێكی دی ئەم كتێبە، كە لە نووسینی “زەردەشت نورەدین”ە ڕەخنەكانی ڕوو لەڕۆشنبیریی خۆرهەڵاتییە و بەتایبەت كورد. نووسینەكانی نووسەر و وەرگێڕە كوردەكە بەكێشەكردن و ڕەخنەكردنی ئەدەبی كوردییە لەڕوانگەی تێزەكانی تۆدۆرۆڤەوە. ڕاستە تێكستەكەی تۆدۆرۆڤ خوێندنەوە و ڕەخنەكردنی ڕوانگە خۆرئاواییەكانە دەربارەی ئەدەب، لەناویاندا ئەدەبی فەڕەنسی، بەڵام ئەمە وای نەكردووە ئەو تێزانەی لەم كتێبەكەدا بەرهەم هاتوون كتێبەكە تاكڕەهەند و سنوورداربكەن و تایبەتی بكەن بە ڕۆشنبیری وڵاتێكی دیاریكراو، بەپێچەوانەوە بۆ ئێرەش دەستدەدات، چونكە كێشە بنەڕەتییەكانی خراپ ڕوانین لە ئەدەب لەهەر كوێیەك بین بێ جیاوازی دێنەوە ڕێمان. بەتایبەتی لە كۆمەڵگا و كایەی دژە ئەدەبی وەك ڕۆشنبیریی كوردیدا قەیرانەكان دەیانجار گەورەترن، بۆیە وەرگێڕانی ئەمجۆرە كتێبانە بۆ ڕۆشنبیری كوردیی دەبنە پێویستی. گەرچی كێشە و قەیرانەكانی دونیای ئێمە بەراورد بە دونیای فەڕەنسا ڕەنگە جیاوازبێت، لەبەرئەوەی لەكولتووری فەڕەنسیدا قەیرانەكان و مەترسییەكانی سەر ئەدەب لە قوتابخانە و لەسەر دەستی وانەبێژانەوە دەستپێدەكات، بێگومان ئەمە بۆ زانكۆ و دامەزراوەكانی لای خۆشمان ڕاستە كە دوایی دێینە سەری، بەڵام لەلای ئێمە سەرەتا خودی نووسەران خۆیان بەهۆی ڕوانینی نادروستیان بۆ ئەدەب سەرچاوەی مەترسییەكەن.
جارێك چاوپێكەوتنی نوووسەرێكی كوردم خوێندەوە، لەوێدا لێی دەپرسن چۆن بوو بوویت بە نووسەر؟. لەوەڵامدا دەڵێت: لەبێ ئیشیدا بووم بە نووسەر. لای نووسەرێكی تری كورد كە ئەم ڕۆژانە دەقەكەیم خوێندەوە، هەروەها ئەمیش نووسین پەیوەست دەكاتەوە بەبێ ئیشی و بێكارییەوە. لەنوێترین ڕۆمانیدا دەڵێت: دەمەوێت لەماوەی بێكاریمدا هەوڵی نووسینی ڕۆمانێك بدەم. ڕەنگە هەر یەك لەئێمە زۆرجار بەر ئەوە كەوتبین و بیستبێتمان، كە وتوویانە نووسین و خوێندنەوە سەرگەرمییە، یان لەكەسێك گوێمان لێبووە كە وتوویەتی جارجار بۆ بێتاقەتی كتێبێك دەگرم بەدەستمەوە و كاتەكانمی پێ دەكوژم. ئایا بەڕاست كایەی ڕۆشنبیری كایەی بێ ئیشەكانە؟. كێشەی ئەمجۆرە قسەكردنانە ئەوەیە بەكۆ وادەكەن ئەدەب وەك كایەی گۆڕانكاری و خەبات دژ بەناشیرینی و وەك كایەی ژیان و كایەی مرۆڤبوون سەیرنەكرێت، بەڵكو هەرچی كتێبێكی گرت بەدەستییەوە وەك كاڵای سەرگەرمی و كاتكوشتن لێی بڕوانین. ئەمەش دووبارە مەترسییەكی ترە لەسەر ئەدەب. بۆیە تۆدۆرۆڤ لەم كتێبەیدا دەڵێت:” ئەدەب نە سەرگەرمییەكی سادەیە و نە كەیفخۆشییەكی تایبەت بە خوێندەواران.ل ١٧”.
لەكتێبەكەی تۆدۆرۆڤدا ئیستاتیكای مۆدێرن، كۆمەكمان دەكات دەربارەی تێگەیشتن لەڕۆڵی ئەدەب، چونكە لەڕوانگەی مۆدێرنەوە ئەدیب لەبێ ئیشیدا ئەم یارییە سەر ڕێ ناخات، بەپێچەوانەوە لەئیستاتیكای مۆدێرندا شاعیر هەمان ئیشی خودا دەكات لەسەر زەوی، بەمەش لاساییكردنەوە دەبێتە كردەی ئافراندن. لێرەوە تێدەگەین ڕوانگەی مۆدێرن لەسەر تێپەڕاندنی ئەفڵاتونییەت وەستاوە، تەنیا لەبەر تیۆری لاساییكردنەوە نا، بەڵكو لەبەر ئەوەش كە شاعیر لەڕوانگەی ئەفڵاتوونەوە نابێتە جێگرەوەی یەزدان، لەبەرئەوەی كارەكانی كەم و كورتە. لای ئەفڵاتونییەت كردەی ئافراندن یەك سەرچاوەی یەزدانیی هەیە بۆ تێڕامان، بەڵام لەڕوانینی مۆدێرندا كردەی ئافراندن نابەسترێتەوە بە یەك كانگاو سەرچاوەی بەرهەمهێنانەوە.
خاڵێكی تر كە تۆدۆرۆڤ وەك میكانیزمی تێپەڕاندنی مەترسییەكانی سەر ئەدەب دەیبینێت و جەختی لێدەكاتەوە، شكاندنی ئەو بەربەستانەیە كە لەبەردەم خوێنەر و تێكستدا دروستدەكرێن. تۆدۆرۆڤ لە لاپەڕە ٧١ دا دەڵێت: ”خوێنەرێك كە خەریكی مانادان بە ژیانی خۆیەتی، مافی خۆیەتی دژی ئوستازەكان، ڕەخنەگران و ئەو نووسەرانەبێت، كە پێیدەڵێن ئەدەب تەنیا لەخۆی دەدوێت و هیچ شتێك جگە لە نائومێدی فێری ئێمە ناكات.” تۆدۆرۆڤ لەگەڵ ئەو كەس و خوێنەرانەدا هاوئانگە كە خەریكی خۆپەروەردەكردنن و وەك خوێنەر دەنگ بەرز دەكەنەوە و دژی ئەوەن وەزیفەی ئەدەب كورتبكرێتەوە بۆ ناونانی وەك پوچگەرانە و نائومێدی. لێرەوە دەبێت تێبگەین: ئەدەب وەك كایەی ژیان و ئازادی و وەك كایەی مرۆڤبوون، هەر تەنیا شتێك نین ئەدیب بەڕووی سیستمێكی دیاریكراو و ژیانێكی قێزەوندا بەرزی بكاتەوە، بەڵكو بۆناسینەوەی ئەوەش كە ئەدەب لەپێناو چیدا خوڵقاوە پێویستمان پێیەتی. ئەو چەند نمونەیەی لەسەرەوە هێنامانەوە پێماندەڵێن كە ئەدیبی كورد زۆر بێئاگایە لە ئەرك و ڕۆڵی ئەدەب، دەستكورتی و هەژاریی تیۆری لەناو كورددا خەسڵەتی گەورەی ناسینەوەی ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییەیە. ئەم ڕۆشنبیرییە هەركاتێك دەمدەكاتەوە یان تێكستێك دەنووسێت بەو هەنگاوەی هیچ ناكات جگە لە جەختكردنەوە لە نەزانیی خۆی، چونكە پەردەهەڵماڵین لەسەر نەزانی خەسڵەتی گەورەی ئەدەبە. وەك ڕیچارت ڕۆرتی فەیلەسوفی ئەمریكی دەڵێت: ”ئەدەب زیاتر خۆویستیمان چارەسەر دەكات وەك لە نەزانیمان”. واتا ئەدەب كێشەی نەزانی چارەسەر ناكات، بەڵكو ئەو لەخۆڕازیبوونە فشۆڵ و وەهماوییەمان پووچەڵدەكاتەوە كە پێمانوایە هەمووشت دەزانین.
ئەم بێئاگایی و دەستكورتییە لەزانكۆ و پەیمانگاكاندا زۆر زیاتر ئیشدەكات. بۆیە مەترسی لەسەر ئەدەب لەدیدی تۆدۆرۆڤەوە لەبەرئەوەیە لەسەر دەستی پەروەردەكار و وانەبێژان تووشی كورتكردنەوەگەرایی هاتووە. پرسیاری تۆدۆرۆڤیش لەم كتێبەدا ئەوەیە: چی بەسەر وتنەوەی ئەدەب لە قوتابخانەكاندا هاتووە؟. ئەو لەو مەترسییانە دەدوێت كە لەسەر ئەدەب هەیە و لەو كڵێشە و قاڵبانە دەدوێ كە لە زانكۆ و ئەكادیمیاكاندا دەخوێنرێت. ئەو وا لەمەترسییەكە دەڕوانێت كە ئەوەی لەزانكۆكان بەناوی بایەخدان بە ئەدەب دەخوێنرێت مەترسییە بۆ سەر ئەدەب. ئەو پێیوایە لەزانكۆكاندا هەر ڕەگەزێك كە لە ئەدەبدا بەهەند دەگیرێت، لەسەر حسابی فەرامۆشكردن و پەكخستنی ڕەگەزەكانی تری ناو كایەی ئەدەبە. ئەم كتێبە لە ئێستادا گرنگی زۆری هەیە بۆ دوونیای ئێمە، ڕاستە ئەمە كتێبێكە لەخۆرئاوا بەرهەمهاتووە، بەڵام وەك دیارە تۆدۆرۆڤ لە مەترسییەكی هەنووكەیی دەدوێت، كە جیاوازی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی بەڕادەیەك كاڵكردۆتەوە. كورتكردنەوەگەرایی یان ئەو مەترسییەی تۆدۆرۆڤ لێی دەدوێت گرفتی گەورەی نێوان زانكۆكانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتیشە، چونكە ئەم دیاردەیە لەزانكۆ و ئەكادیمییەكانی ئێرەش هەیە.
خوێندنەوە و مامەڵەكردنی زانكۆكانی ئێمە لەگەڵ دەقدا، مامەڵەیەكە دەق بەرەو داخران و كورتكردنەوەگەرایی دەبات، چونكە تاكڕەهەندانەیە. خوێندكار لەمجۆرە دامەزراوانەدا ناتوانێت بەخواستی خۆی نووسەرێك و بابەتێك هەڵبژێرێت بۆ كار لەسەركردن، ئەمەش وادەكات دەستكراوە نەبێت و نەتوانێت خەیاڵی ئازاد بكات، بەپێچەوانەوە ناچار دەكرێت پابەندبێت بە یەك بابەتی دیاریكراوەوە و دەبێت تەنیا ڕەگەزێك ببێت بەتەوەری باسەكەی. بۆنمونە شیعری شاعیرێكی گەورەی وەك شێركۆ بێكەس لەزانكۆ و ئەكادیمیاكاندا كورتدەبێتەوە بۆ ڕوانگەیەكی دیاریكراو یان ڕەگەزێكی وەك جگەرە. لەكۆتاییدا هەموو باسەكە لەژێر ناونیشانێكدا كۆدەبێتەوە و دەبێت بە: دووكەڵ لەشیعری شێركۆ بێكەس دا. خوێنەر كە ئەمە دەبینێت ئیدی وادەزانێت ئەم شاعیرە هەموو تەمەنی قەڵەمەكەی لەستایشی دووكەڵ و جگەرەدا بەگەڕخستووە. تۆدۆرۆف ئەمە ناودەنێت كوتكردنەوەگەرایی و پێیوایە ئەمە یەكێكە لەمەترسییەكان بۆسەر ئەدەب، چونكە ئەدەب و سنووری فراوانەكەی كورتناكرێنەوە بۆ تەنیا ڕوانگەیەكی دیاریكراو و پوچگەرا.
خۆبەستنەوە بەمانایەكەوە بچوككردنەوەی سنووری فراوانی دەقە، بەكورتی لەوجۆرە تاقیگانەدا ئەدەب لەوەدا كورت دەبێتەوە، ئاخۆ گەشبینە یان ڕەشبینە، پووچگەرایە یان ئومێدبەخشە، ڕاستە یان چەپە. وەك چۆن لەكۆندا بەشێك لەشارحان و ساغكەرەوانی شیعری كلاسیكی كوردی، هەموو كێشە و مشتومڕەكەیان لەسەر ئەوەبوو نالی شاعیر، ناڵییە یان نالییە. كێشەی ئەمجۆرە ڕوانگەیەش ئەوەیە سەرنجی خوێنەر لەسەر جەوهەری مەسەلەكان لابدات و جۆرە تێگەیشتنێكی وای بۆ دروستدەكات و وای تێدەگەیەنێت، بە غەیری ئەم باسە لاوەكیانە ئەدەب پەیوەندی بەكێشەكانی تر و ماباقی پرسەكانی ترەوە نییە. لێرەوە دەق وەك تۆدۆرۆڤ ناوی دەنێت (تووشی كورتكردنەوەگەرایی) دێت و ئیمكانەكانی دەمرێت و ئاسۆ فراوانەكانی دادەخرێن. لەدیدی تۆدۆرۆڤەوە ئێمەی خوێنەر كاتێك كتێبێكی ئەدەبی بەتایبەت ڕۆمان دەگرین بەدەستەوە، دەبێت تێبگەین كە لەبەردەم پەیوەندییەكی نوێداین، چونكە ڕۆمان توانای نوێی پەیوەندییە بە كەسە جیاوازەكانەوە، واتا ناسینی كۆمەڵێك كەسی نوێ. بەڵام ئەگەر زیادكردن شیاو بێت وا باشترە لەپاڵ پەیوەندیگرتن لەگەڵ كەسە نوێكاندا پەیوەندیگرتن لەگەڵ شوێنەكانیشدا بۆ تێزەكەی تۆدۆرۆڤ زیادبكەین. ئەوكات خوێنەر كە ڕۆمانێكی گرت بەدەستییەوە بەتەنیا لەپەیوەندیدا نابێت،بەڵكو لەبەردەم كۆمەڵێك پەیوەندیدا دەبێت، واتا لەناسینی كەسەكانەوە دەچێت بۆ ناسینی شوێنەكانیش…
زۆرجار باس لەترسی زۆربوونی كتێبە نا ئەدەبییەكان دەكەین لەبەرامبەر كتێبە ئەدەبییەكاندا، بەڵام كتێبە نا ئەدەبییەكان ڕێگر نین لەوەی ماناكانی ئەدەب بۆ دەرەوەی كتێبە ئەدەبییەكان درێژبكەینەوە، بۆیە ئەوەی مەترسییە خودی كایە ئەدەبییەكانن. تۆدۆرۆڤ باسی مەترسییەكی تر دەكات كە ئەمجارە لەدەرەوەی ڕەوتە ئەدەبییەكانەوە نایەت، بەڵكو لە قوتابخانە ڕەخنەیی و بزووتنەوە ئەدەبییەكانەوە دێت. ئەمەش وەك وەڵامێكە بۆ ئەوانەی كە پێیان وایە دەبێت لەكاتی خوێندنەوە و ڕاڤەی تێكستدا میتۆدێكی دیاریكراو و زاڵبكرێت و ببێتە قیاس و پێوانەی ئەدەبی. تۆدۆرۆڤ ئەمە وەك مەترسی بۆ سەر ئەدەب دەبینێت و پێیوایە ئەو كتێبانەی بە نا ئەدەبی ناودێر دەكرێن دەشێت هیچ پریشكێك و ئیمكانێكی ئەدەبییان تێدا نەبینین، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی بۆ ئەدەب مەترسیبن. بۆنمونە ئەو باسی ئەو نامانە دەكات كە ”ژێرمەن تیۆن” ساڵی ١٩٤٣ لە زیندانی فێرنەوە بۆ دادگای سەربازی ئەڵمانیای نووسیوە. ئەمە بۆ ئەدەب مەترسی نییە، بەڵام پێیوایە كاتێك بەرهەمە ئەدەبییەكان بۆ دەربڕینی ڕووتی فۆرمالیستەكان، نیهیلستەكان،سولپیسزمەكان كورتبكەینەوە، دەستمان داوەتە كوشتنی ئەدەب. ل ٨٧. بەكورتی كتێبەكە دژی ئەو بڕوا و قاڵبانەیە، كە ڕۆشنبیری دۆگما دروستیان دەكات و تێكستەكان و دونیای پێدەخوێنێتەوە.
ڕۆشنبیریی كوردی ئەمڕۆ لە هەر كات زیاتر پێویستی بەمجۆرە كتێبانەیە، چونكە سەرڕێخستنی ئەدەب بەشێوەیەك كە نەكەوێتە ناو كورتكردنەوەگەرایی خوێندنەوەی ئەمجۆرە كتێبانە دروستیدەكات. ئەو بابەت و پرسە ئەدەبیانەی خوێندەواری كورد دەبێت ئاگاداریان بێت، بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی خوێندنەوەی ئەمجۆرە كتێبانەوە دەتوانێت دەستی پێیان بگات. ئەم كتێبە گرنگە بەكوردییەكی جوان و بەتێگەیشتنەوە وەرگێڕدراوە، دەستخۆشی بۆ نووسەر و وەرگێڕ كاك زەردەشت نورەدین. ئەدەب لە مەترسیدا؛ لەبڵاوكراوەكانی ناوەندی ڕەهەندە و لەهەمان ناوەند دەستدەكەوێت.