“پێشەکی”
ڕەنگە زۆر کەس (بەتایبەتی سیاسییەکان) پێیان وا بێت کە “ڕۆمان” و “سیاسەت” دوو بیاڤی لێک جیان و پێکەوە پەیوەندییان نییە! بەڵام ڕۆمان و سیاسەت پێکەوە پەیوەندیدارن و لەسەر یەکتریش کاریگەرییان هەیە. بۆ نموونە ڕۆمانمان هەیە کە دۆخی سیاسیی کۆمەڵگەیەک وێنا دەکەن. یان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە سیستەمی سیاسی دەگرن. یان بە خستنەبەرباسی پرسە سیاسییەکان، دەیانەوێت یارمەتیی بەردەنگەکانیان بدەن تا وشیار ببنەوە. لەلایەکی دیکەوە سیاسەت و بڕیارە سیاسییەکان لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە کاریگەری دادەنێن و ڕۆمان دەتوانێت لە چوارچێوەی چیرۆکدا بیانگێڕێتەوە. تەنانەت ڕۆمان دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ گۆڕینی سیاسی، ئەویش لە ڕێگەی پێکهێنانی هاودڵی و هاودەردی یان هاندانی هەستی خەڵکەوە. لەم وتارەدا باس لە “ڕۆمان” و “سیاسەت” دەکەین و دەپەرژێینە سەر پەیوەندی و تیۆرییە سەرەکییەکان سەبارەت بە پەیوەندیی “ڕۆمان و سیاسەت”.
“ڕۆمان چییە؟”
“ڕۆمان” یان “چیرۆکی درێژ” ژانرێکی ئەدەبییە کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی داستانیی خەیاڵی یان نیمچەخەیاڵییە. ئەم ژانرە ئەدەبییە بەربڵاوییەکی زۆری لە وێناکردنی کارەکتەرەکان، وەسفکردنی شوێنەکان و شیکردنەوەی تەوەری کۆمەڵایەتی، دەروونناسی و فەلسەفیدا هەیە. ڕۆمان بەرهەمێکی ئەدەبییە کە بەزۆری لە فۆڕمی دەقدا نووسراوە و بریتییە لە چیرۆکێکی درێژ بە داڕشتنی کەسایەتیی قووڵ و تەوەری هەمەچەشن و هێڵی کاتیی تا ڕادەیەک درێژی تێدایە. وشەی “ڕۆمان” ڕەگ و ڕیشەی فەڕەنسیی (roman) هەیە و لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ ئەو دەقانەی کە بە زمانە ڕۆمانییەکان (لاتینی ئاخاوتنی) نووسراون (Auerbach, 2003). بەپێچەوانەی کورتەچیرۆک کە تیشک دەخاتە سەر ساتێکی دیاریکراو یان بارودۆخێکی سنووردار، ڕۆمان بۆ باسکردن لە چەندین چیرۆکی لاوەکی و چەندین کارەکتەری جیاواز، مەجالی زیاتری تێدایە. ڕۆمان بە مانا مۆدێڕنەکەی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام فۆڕمە پەرەسەندووەکەی لە سەدەی ١٧ و ١٨دا سەریهەڵداوە. بەرهەمە کلاسیکەکانی وەک “دۆن کیشۆت” لە نووسینی “میگێل سێرڤانتێس” (١٦٠٥) و “ڕۆبنسن کروزۆ” لە نووسینی “دانیال دیفۆ” (١٧١٩) بە یەکەم نموونەی ڕۆمانی مۆدێڕن دادەنرێن (Watt, 1957).
“تایبەتمەندییەکانی ڕۆمان”
– دەقی درێژ:- بەزۆری دەقێکی درێژە و چەندین وەرز و بەش لەخۆ دەگرێت.
– داڕشتنی کەسایەتیی پێچەڵاوپێچ:- باسکردنی وردی پاڵنەرەکان، هەستەکان و گەشەی کەسایەتییەکان.
– کۆنتێکستی کات و شوێنی بەرفراوان:- زۆرجار گێڕانەوەکە چەندین شوێن و ماوەی کات دەگرێتەوە.
– هەمەچەشنی لە بابەتدا:- لە خۆشەویستی، سیاسەت و فەلسەفەوە بگرە هەتا شەڕ و کۆمەڵگە.
– ڕوانگەی جۆراوجۆر:- دەتوانێت کەسی یەکەم، کەسی سێیەم یان تەنانەت چەند گێڕانەوەیەک بێت.
“جۆرەکانی ڕۆمان”
– ڕۆمانی کۆمەڵایەتی:- تیشک دەخاتە سەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێی چینایەتی؛ وەک بەرهەمەکانی “چارڵز دیکنز”.
– ڕۆمانی دەروونناسی:- تیشک دەخاتە سەر دەروونی مرۆڤ؛ بۆ نموونە بەرهەمەکانی “دۆستۆیڤسکی”.
– ڕۆمانی مێژوویی:- گێڕانەوەی چیرۆکگەلێک لە بەستێنی مێژوودا؛ وەک “جەنگ و ئاشتی”ی “تۆڵستۆی”.
– ڕۆمانی ئەویندارانە:- چیرۆکگەلێک لەبارەی پەیوەندیی خۆشەویستی.
بەگشتی ڕۆمان وەک یەکێک لە ژانرە ئەدەبییە کاریگەرەکان، ئەگەری بەرفراوان بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانی مرۆڤ دەڕەخسێنێت. بە نەرمینواندن لە ناوەڕۆک و فۆڕمدا توانیویەتی لە ئەدەبیاتی جیهانیدا جێگەیەکی سەقامگیری هەبێت.
“سیاسەت چییە؟”
“سیاسەت” یەکێکە لە دیاردە بنەڕەتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ کە پەیوەستە بە چەمکەکانی وەک “دەسەڵات، حکومەت، یاسا و نەزمی کۆمەڵایەتی”. تێگەیشتن لە سیاسەت واتە تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی بڕیاردانی بەکۆمەڵ و چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا. وشەی سیاسەت (Politics) لە وشەی یۆنانیی “polis” وەرگیراوە کە بە واتای شار یان شار- دەوڵەت دێت. سیاسەت لە سادەترین پێناسەیدا ئاماژەیە بۆ پرۆسەی بڕیاردان بۆ گرووپە مرۆییەکان و دابەشکردنی سەرچاوە و دەسەڵات لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەیەکدا (Heywood, 2013).بیرمەندە جیاوازەکان پێناسەی جیاوازیان بۆ سیاسەت پێشکەش کردووە:- “ئەرستۆ” سیاسەتی بە “زانستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و گەیشتن بە چاکەی گشتی” دەزانی (Aristotle, Politics). “ماکس وێبەر” سیاسەتی بەم شێوەیە پێناسە کردووە: “هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشکێک لە دەسەڵات یان کاریگەریدانان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات” (Weber, 1919).
“ڕەهەندەکانی سیاسەت”
سیاسەت ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە، کە بریتییە لە:-
– دەسەڵات:- توانای کاریگەریدانان لەسەر ڕەفتاری کەسانی تر.
– حکومەت:- ئەو دەزگا یان سیستەمەی کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.
– یاسا:- کۆمەڵێک یاسای پابەندکەر بۆ ڕێکخستنی ڕەفتاری تاکەکان.
– ڕەواییدان:- قبوڵکردنی دەسەڵات لەلایەن خەڵک یان دامەزراوە فەرمییەکانەوە.
“بوارەکانی سیاسەت”
سیاسەت لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکات، لەوانە:-
– سیاسەتی ناوخۆ:- بریتییە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی وڵات وەک پەروەردە، تەندروستی، ئابووری و ئاسایش.
– سیاسەتی دەرەوە:- پەیوەندیی وڵاتێک لەگەڵ وڵاتانی تر.
– سیاسەتی گشتی:- ئەو بڕیار و کارانەی حکومەت کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی گشتی هەیە.
بەگشتی سیاسەت وەک هونەر و زانستی حوکمڕانی، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە ژیانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی مرۆڤەکاندا دەبینێت. تێگەیشتن لە میکانیزمە سیاسییەکان مەرجێکی پێویستە بۆ باشتر تێگەیشتن لە پێشهاتە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ.
“پەیوەندیی ڕۆمان و سیاسەت”
“ڕۆمان”، وەک فۆڕمێک لە هونەری ئەدەبی، هەمیشە لەگەڵ سیاسەتدا کارلێکی هەبووە. ئەم ژانرە نەک هەر گێڕانەوەی ژیانی تاکەکەسیی کارەکتەرەکان دەخاتە ڕوو، بەڵکوو لە چینە ژێرینەکانیدا دەپەرژێتە سەر ڕەخنەگرتن لە پێکهاتەکانی دەسەڵات، ئایدیۆلۆجییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان. خوێندنەوەی ڕۆمان لە ڕوانگەی سیاسییەوە تێگەیشتنمان لەبارەی چۆنیەتیی کاریگەریدانانی ئەدەب لەسەر خەیاڵی کۆمەڵایەتی و پێشهاتە سیاسییەکان زیاد دەکات. ڕۆمانەکان هەڵگری نواندنەوەی وردی سیاسەتن، تەنانەت کاتێک ڕاستەوخۆ باسی سیاسەت ناکەن. دەسەڵات، بەرخۆدان، دادپەروەری، ئازادی و سەرکوت لەو بابەتانەن کە لە زۆربەی ڕۆمانەکاندا بە ئاشکرا یان بە نهێنی ئامادەن. بە وتەی “تێری ئیگلتۆن”، “ئەدەب هەرگیز لە ئایدیۆلۆجیا جیا نەبووەتەوە، بەڵکوو وەک فۆڕمێک لە ئایدیۆلۆجیا کار دەکات” (Eagleton, 1976). ڕۆمانەکان دەتوانن ڕەخنە لە سیاسەتە فەرمییەکان بگرن، کەشی خەیاڵ بۆ داهاتووی بەدیل دروست بکەن، یان ڕوانگە باڵادەستەکان بەرەوڕووی چالێنج بکەنەوە.
“تیۆرییە سەرەکییەکان سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ڕۆمان و سیاسەت”
– “لوکاچ” و تیۆریی ڕیالیزمی ڕەخنەیی:- بیرمەندی مارکسیستی “جۆرج لۆکاچ” لە کتێبی “تیۆریی ڕۆمان”دا (١٩١٦)، ڕۆمان وەک ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازیی مۆدێڕن دەبینێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ڕۆمان دەبێ بە خستنەڕووی وێنەیەکی واقیعی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، یارمەتیی وشیاریی چینایەتی و گۆڕینی شۆڕشگێڕانە بکات (Lukacs, 1971).
– “ئێدوارد سەعید” و ئەدەبیاتی ئیمپریالیزم:- “ئێدوارد سەعید” لە “فەرهەنگ و ئیمپریالیزم”دا (١٩٩٣) نیشان دەدات کە چۆن ڕۆمانە کلاسیکییەکانی ڕۆژئاوا (وەک بەرهەمەکانی “جین ئۆستن” یان “جۆزێف کۆنراد”) ڕەنگدانەوەی پێکهاتە ئیمپریالیزمەکان بوون و بە شێوەیەکی نائاگا گوتاری زاڵبوونیان بەرهەم هێناوەتەوە (Said, 1993).
– “جاک ڕانسیێر” و سیاسەتی خەیاڵ:- فەیلەسوفی فەڕەنسی “جاک ڕانسیێر”، سیاسەت بە ڕێکخستنەوەی هەستەکان و ئەو دابەشبوونانە دەزانێت کە دەتوانرێت ببینرێت و قسەی لەسەر بکرێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ڕۆمانی مۆدێڕن بە شکاندنی گێڕانەوەی نەریتی و دروستکردنی کەشی تێگەیشتنی نوێ، کردەی سیاسی ئەنجام دەدات (Rancière, 2004).
– “تێری ئیگلتۆن” و ئایدیۆلۆجیای ئەدەبی:- “ئیگلتۆن” پێی وایە هەمیشە ڕۆمانەکان هەڵگری جۆرێک لە هەڵوێستی ئایدیۆلۆجیکن، جا ئاگایانە بێت یان نا. تەنانەت بەرهەمە بەڕواڵەت ناسیاسییەکانیش هەڵگری بەها چینایەتی و کولتوورییە تایبەتەکانن (Eagleton, 1976).
“چەند نموونەی ئاشکرا لە پەیوەندیی ڕۆمان و سیاسەت”
– کێڵگەی ئاژەڵان (جۆرج ئۆروێڵ):- ڕەخنەیەکی مێتافۆریک لە ڕژێمی ستالینیستیی سۆڤیەت.
– بەسەرهاتی خزمەتکار (مارگریت ئاتوود):- شیکردنەوەی سیستەمە تیۆکراتیکەکان و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان.
– هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە (چینوا ئاچێبێ):- نیشاندانی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی کۆلۆنیالیزم لەسەر کەلتووری ڕەسەنی نەیجیریا.
– “Gone with the Wind” (مارگریت میچڵ):- تێڕوانینێکی نۆستالژیکانە بەڵام ڕەخنەگرانە لە سەردەمی کۆیلایەتی لە باشووری ئەمریکا.
“ڕۆمان وەک کردەوەیەکی سیاسی”
نووسین و خوێندنەوەی ڕۆمان دەتوانێت جۆرێک بێت لە کرداری سیاسی. لە ڕژێمە پاوانخوازەکاندا زۆرجار ڕۆماننووسان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نەزمی دامەزراو سەیر دەکرێن. زۆرێک لە بەرهەمە ئەدەبییەکان، وەک بەرهەمی “ڤیکتۆر هوگۆ”، “مەحموود دەروێش” یان “نەوال ئەلسەعداوی”، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریان بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی کردووە. هەروەها ڕۆمانەکان هێزی دروستکردنی “خەیاڵی سیاسی”یان هەیە؛ واتە هێزی خەیاڵکردنی کۆمەڵگەیەکی جیاواز، پەیوەندیی ئازادتر و ڕێکخستنێکی دادپەروەرتریان هەیە.
“ئەنجام”
ڕۆمان و سیاسەت لە تۆڕێکی ئاڵۆزی نواندن، ڕەخنە و گۆڕانکاریدا لێک ئاڵاون. ڕۆمان نەک هەر ڕەنگدانەوەی دۆخی ئێستایە، بەڵکوو دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و ڕەخنەگرتن لە ئایدیۆلۆجیا و ئیلهامبەخش بێت بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی. تێگەیشتن لەم پەیوەندییە دەمانباتە سەر تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پۆتانسێلی ئەدەب لە ژیانی هاوچەرخدا.
سەرچاوەکان (ئینگلیزی)؛
– Auerbach, E. (2003). Mimesis: The Representation of Reality in Western Literature. Princeton University Press.
– Watt, I. (1957). The Rise of the Novel: Studies in Defoe, Richardson, and Fielding. University of California Press.
– Aristotle. (1995). Politics. (Translated by Ernest Barker). Oxford University Press.
– Heywood, A. (2013). Politics (4th ed.). Palgrave Macmillan.
– Weber, M. (1919). Politics as a Vocation. In H.H. Gerth and C. Wright Mills (Eds.), From Max Weber: Essays in Sociology. Oxford University Press.
– Eagleton, Terry. (1976). Criticism and Ideology: A Study in Marxist Literary Theory. Verso.
– Lukács, Georg. (1971). The Theory of the Novel. MIT Press.
– Orwell, George. (1945). Animal Farm. Secker and Warburg.
– Rancière, Jacques. (2004). The Politics of Aesthetics. Continuum.
– Said, Edward W. (1993). Culture and Imperialism. Knopf.
– Atwood, Margaret. (1985). The Handmaid’s Tale. McClelland and Stewart.
– Achebe, Chinua. (1958). Things Fall Apart. Heinemann.