نازیزم کورتکراوەى “پارتى ناسیۆنال سۆسیالیستى کرێکارانى ئەڵمانی”یە، لە ڕووى تیۆریی و فەلسەفییەوە، واتایەکى پوختى نەتەوەیی تووندڕەوى هەیە، چەمکى نازیەت لە دوو چەمکی “سۆسالیزم، نەتەوەیی” پێکهاتووە، ئەگەرچی وا تێبینی کراوە کە نازیزم وەک ئایدۆلۆجیا لە دانان و پێشنیارى ئەدۆڵف هیتلەرە، بەڵام لە بنچینەدا هیتلەر بنەما تیۆریی و فەلسەفییەکانى پارتەکەى لە ئەدیب و فەیلەسوف و شاعیرە نەتەوەییەکانى ئەڵمانیا وەرگرتووە، كە لەسەر دوو ژێدەری سەرەكیدا پایەدار بووە، یەکەمیان:- سەربەستى ئەقڵ و ئازادى لا پیرۆزە، دووەمیان:- داننان بە پیرۆزی وڵات و دەسەڵات وجەنگى فراوانخوازیى، لەسەر ئەم دوو بنەمایە نازیزم ئەو دوو بنەمایەی کردووەتە بناغەی فیکریى و فەلسەفی خۆی، لەسەر ئەم بنەمایەش بیروباوەڕی خۆیان لەسەر دوو ڕێباز داڕشت:-
ڕێبازی یەکەم:- بریتی بوو لە پیرۆزى دەوڵەت و سەرکردە، لەمبارەدا سوودیان لە فەیلەسوفەکانى وەک (هیگڵ، برونشکە، نیچە) وەرگرتووە.
ڕێبازی دووەم:- نازیزم تیۆری بەرزى و پاکى ڕەگەزێکى مرۆڤ لەسەر هەندێک خەڵکى تر بە تیۆری بنچینەیی فەلسەفەى خۆیان داناوە.
لەسەر ئەو بنەمایە پەرتووكی “خەباتى من”، کە هیتللەر لەماوەى ١٩٢٣ – ١٩٢٤ لە زیندان نوسیویەتى، بنەما فیکرییەکانى نازیزمی لەخۆگرتبوو، نازیزم ستاسیشی سیستمى هۆزە جێرمەنییە کۆنەکان دەکات، ئەفسەنەکانیان لە جەنگى دژ بە خواکان بەرزڕادەگرێت، هاوکات ئاینى مەسیحی بە ئاینێکى لاواز دەداتە قەڵەم. لە قۆناغی پێگەیشتنیدا هیتللەر کەوتە ژێر کاریگەرى پرەنسیپەکانى فیکری فاشیزم، بەڵام زۆری نەخایاند دەستیکرد بە دانانى بۆچوونی تایبەتى خۆی، یەكەمین پرەنسیپی ئەوەبوو دەوڵەت ئەو چوارچێوەیەیە کە دەبێت هەمووان ملکەچی بن، ئەم بۆچوونەشی لەژێر کاریگەری هیگڵ و ئۆتۆفۆن بسمارک دا وەرگرتبوو، هەروەها پرەنسیپی دووەمیان دامەزراندنى دەوڵەتێکى دیکتاتۆری بوو، دەوڵەتێک کە “فروهر” سەرکردایەتى بکات و سەرجەم ئەڵمانەکان لەژێر دەسەڵاتیدا کۆببنەوە، هەروەها داواى هەڵوەشاندنەوەى “پەیمانى ڤێرسا”یان دەکرد، هەوڵی گێڕانەوەى ناوچە لەدەست چووەکانیان دەکرد، بە ئاشکرا مافی دەنگدانیان لە جولەکەکانى نیشتەجێی ئەڵمانیا بسەنرێتەوە، هەروەها سوپایەکى نیشتمانى بەهێز دروستبکرێت، بڕواشیان وابوو پێویستە دەوڵەت دەستبخاتە نێو ژیانى ئابوورییەوە.
بنەما تیۆریی و فەلسەفییەکانى نازیزم كە لە لایەن هیتلەرەوە پراکتیک دەکرا، بە یەکێک لە گرنگترین بیردۆزەکانى دەسەڵاتى دیکتاتۆری دادەنرێـت لە سەدەى بیستەمدا، ئایدۆلۆجیاى نازیزم لە کاتێکدا دەرکەوت، ئەڵمانیا پێویستیەکى زۆری بەو بیرۆدزە بوو کە بنەمایەکى تووندڕەوى – نەتەوەیی هەبوو، کە خۆی لەوەدا دەبینیەوە ڕەگەزی ئەڵمانی لەسەرو هەموو ڕەگەزە مرۆییەکانى ترەوەن، لە هەموویان بەرزتر و باڵاترن و ڕەگەزى ئاریاییان لەسەرو هەموو ڕەگەزەکانى ترەوە دادەنا و هەوڵیاندەدا پارێزگارى لە پاکى و دروستى ئەو ڕەگەزە بکەن، هەروەها پێی وابوو ئەڵمانیا ڕۆڵێکى ژیارى گەورە لە جیهاندا دەگێڕێت، مافی ئەوەى هەیە حوکمڕانى ڕەگەزە لاوازەکان بکات یان لەناویان ببات، بەم پێودانگە “پەیوەندی خوێن” لەپشت ئەو بانگەشەیەوە بوو، کە دەیوت ئەڵمانییەکان لەهەر کوێ بن ڕۆڵەى نەتەوەی ئەڵمانین و پێویستە پابەندێتی خۆیان پێشکەش بکەن، هەروەها دەیانوت ئەو هەرێمانەى تر کە ئەڵمانییان تێدا نیشتەجێیە پێویستە بخرێنە سەر ئەڵمانیا. جیا لەوە نازیزم سەربەستى تاکەکەس و ئازادییەکەى بە نەتەوەوە دەبەستەوە، ئەویش لە ڕێگەى پێشەوایەک کە لە پێشەوە دەڕەوات و هەمووان گوێڕایەڵی ئەون، هەربۆیە لەو باوەڕەدا بوو بیری کەسێکى ژیر و لێهاتوو ڕوونتر و باشتر کار دەکات، لە بری چەند کەسێکى پێنەگەیشتوو، چونکە پێشەوا دەزانێت نەتەوە ئاڕاستە بکات و بیگەیەنێتە ئامانج، بەم شێوەیە هەر میللەتێک کەسانێکى تیادایە کە زیرەک و لێهاتوو بەتوانان، هاوکات کەسانێکى گێل و بێ تواناو کەم دەسەڵاتیشی تیادایە، هەربۆیە کەسانى زیرەک و بەتوانا مافی ئەوەیان هەیە پێشەوایەتى پێچەوانەکەى خۆی بکات، و بەکاریبهێنێت و ئاڕاستەى بکات، هەمان شێوە سەبارەت بە ڕەگەزە جیاوازەکانى مرۆڤ، هەر ئەمەش تاکە ڕێگەیە بۆ هۆشیارکردنەوەى نەتەوە دواکەوتووەکان و گەیشتن بە ئاستى نەتەوە پێشکەوتووەکان.
لەبەر ڕۆشناى ئەم بۆچوونە نازیزم هێرشی کردە سەر بنەماکانى دیموکراتی و ژیانى پارلەمانی و فرە حیزبیان ڕەتکردەوە، لە چوارچێوەی ڕەتكردنەوەی پلورالیزم و سەپاندنی دەسەڵاتی تاك حیزبی، هەر جۆرە فرەییەكی ڕەتكردەوەو خۆشی بووە حیزبێك كە دەستەبژێری ئەڵمانیاى گرتبووە خۆ، هەموو جۆرە ڕەخنەوە دژایەتیکردنى دەسەڵاتیان قەدەغەکرد، ئەمەش زەمینەى خۆشکرد بۆ هەنگاونان بەرەو بوونیادنانى سیتمێکى دیکتاتۆری و هەوڵدانیان بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانج و بەدیهێنانى ئەو پێناوانەى کە ئایدۆلۆجیاى نازیزمى لەسەر بونیادنرابوو، بەتایبەت سەرهەڵدانى دووەمین جەنگى جیهانی، چونکە نازیزم جەخی دەکردەوە لەسەر دەستگرتن بەسەر زۆرینەى ناوچەکانى جیهان و زۆرینەى نەتەوەکانى تر بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لە سۆنگەى بڕوابوونى بە باڵادەستى نەژادى ئاریایی، هیتللەر هەموو ئەوانەى لە پۆستە گشتیەکاندا لادا کە بە ڕەگەز ئاریایی نەبوون، هەروەها ژن و ژنخوازى لەنێوان ڕەگەزەکاندا قەدەغەکرد، فەرمانى دا بە پاکتاوکردنى کەسە لاواز و بێ تواناکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شاڵاوێکى گەورەى کردە سەر جولەکەکان و شکستى ئەڵمانیاى لە جەنگدا گەڕانەدەوە بۆ ئەوان، هەروەها هیتلەر ئایدیای جیهانگیریی و ئاشتى نێودەوڵەتى ڕەتکردەوە، بڕواى بە جەنگ و هێز و تووندوتیژی هەبوو، پێی وابوو جەنگ دروشمى گەورەى دەوڵەتى نەتەوەیی زیندووە، هەروەها هیتللەر پاڵپشت بە بیروڕا فیكرییەكانی “هیگل و فیختە” سەبارەت بە دەوڵەت، ستایشی ڕۆڵی دەوڵەت و بەهێزکردنى و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک ئەقڵێکى بونیادنەر کە تاک لە ناویدا خۆی دروست دەکات، هەر بۆیە نازییەکان پێیان وابوو یەکەمین ئەرکی نیشتمانى دەوڵەتى نەتەوەیی فێرکردنە، ئەم پرۆسەیەش دەبێت تایبەتبێت بە کولتوور و ڕەگەزپەرستى، پێویستە ئەم بابەتە لەسەر سنگى لاوانى ئەڵمانى بنەخشێنرێت، نابێت بهێڵن قوتابخانەکان جێ بهێڵن، تاوەكو ئەو کاتەى هەموو شتێک دەربارەى پاکى ڕەگەز ئاریایی فێردەبن، ئەم بۆچوونانەى نازیزم سەریکێشا بۆ هەڵگیرساندنى دووەمین جەنگى جیهانى، کە لە ئەنجامدا بە کەوتنیان تەواو بوو.
لە کۆتایدا هەموو ئەو بۆچوونانە لەسەر تێگەیشتنی هەڵە داڕێژراون لە بارەی ڕەگەزەوە، لە ڕاستیدا زانا هاوچەرخەکانیش قایل نین بەوەی کە ڕەگەز ڕێگەیەکی شیاو بێت بۆ پۆلێنکردنی مرۆڤ، ئەوەی کە وا دادەنرێت گرنگ بێت بە لای جیاوازییە ڕەگەزییەکانەوە لە لای هەندێک کەس بۆ نمونە جیاوازییەکانی وەک: (ڕەنگی پێست، قژ، شێوەی دەموچاو) لە ڕووی زانستییەوە جێگەی بایەخ نییە، لە ڕاستیدا جیاوازییە بۆماوەییەکان لە ڕووی ئەو بابەتەی کە پێی دەوترێت ڕەگەز، ڕەنگە زیاتر بێت وەک لە جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان، لەم ڕووەوە تایبەتمەندی بۆماوەیی کەمتر لە دەبینرێت بە جۆرێک کە لە هەندێك شوێندا بەو ڕێژەیە نابینرێت، ئەو جیاوازییانە زۆر بەقوڵی کاری کردووەتە سەر ڕۆژئاواو و تێگەیشتنیان بۆ ڕۆژهەڵات. ئەم بۆچوونانە بەتەواوى ڕەتکرانەوە چونکە گومانى تیادا نییە مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەگەز جیاوازیان نییە و لەسەر بنەماى ڕاسیزم لەدایک نابێت، بەڵکو لە دواتردا بەهۆی جیاکاری ڕەگەزییەوە دەکرێن بە ڕەگەز پەرست، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بنەما پەروەردەییەکانى خودى مرۆڤ و کۆمەڵگەکانەوە هەیە، بەکارهێنانى ئاینیش بۆ ئەو مەبەستەبوو کە خەڵکی وا باربێنن ڕقیان لە پێکهاتەوە و ڕەگەزى تر بێتەوە، لە کاتێکدا کە یەکدى ناناسن و ئاشنایەتییان نییە، بەڵام بەهۆی پاساوێک کە بە زمانى ئەو یان ڕەنگى پێستیان وەک یەک نییە بە هەمان شێوازى ئەو نییەو بەشداریى بەها کۆمەڵایەتییەکانى ئەو ناکات، ئەوا خۆی بە گەلی باڵاتر ناودەبات، ئەوەش بەرەو ڕاسیزم هەنگاو دەنێت.
سەرچاوەكان:-
- دلیر محمد علی کولندر: جرائم الابادە الجماعیة، دراسة مقارنة بین جرائع الهولوکوست و جرائع الانفال، ط١، در سردم للطباعة و النشر، ٢٠٠٨.
- شوان عوسمان: فەلسەفەى نازی وکاریگەرى هەڵگیرسانى جەنگى دووەمى جیهانى، گۆڤارى ڕیبازى نوێ، ژ. (٤٥)، سلێمانى، ٢٠٠٨.
- روضان لاوند: الحرب العالمة الثانیة، ط٥، دار العلم للملایین، بیروت، شباط ١٩٧٧.
- د.عبدالعزیز سلێمان نوار و د.عبدالمجید نەعنەعی: مێژووى هاوچەرخى ئەوروپا لە شۆڕشی فەرەنسییەوە تا جەنگى دووەمى جیهانى، و.خالید هەرکی، چ١، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠٠٩.
- سڤێن ئیریک لیدمان: ڕێگوزەرى بیری سیاسیی، و.ئاسۆس شەفیق، چ٣، سلێمانى، ٢٠٠٩.
- Norman Davies, Europe at War 1939–1945: No Simple Victory Publisher: Pan Books, November 2007.
- “Universal Declaration of Human Rights”. United Nations. 6 October 2015. Retrieved 22 February
- Bryan Mark Rigg ,Hitler’s Jewish Soldiers: The Untold Story Of Nazi Racial Laws And Men Of Jewish Descent In The German Military. University Press of Kansas ,2004.
ئامادەكردنی: د.ژیلوان لهتیف یار ئهحمهد