روتینبێرگ لە شاری کلیڤلاند لە ویلایەتی ئۆهایۆ لەدایک بووە، دایبابی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی لۆتەری دەبن کە لە پروسیاوە کۆچیان کردبوو. ئارەزووی روتینبێرگ بۆ سیاسەت لە تەمەنێکی زووەوە دەستیپێکردووە، وردە وردە ڕێبازی ڕادیکاڵی سەرنجی ڕاکێشا بۆیە لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا خۆی وەک سۆسیالیستێک ناساند، لە کانونی دووەمی ساڵی (1909) پەیوەندی کرد بە حیزبی سۆسیالیستی ئەمریکی (SPA) لەو کاتەدا. لە ساڵی (1911) تا (1913) وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی کلیڤلاند سۆسیالیستی (The Cleveland Socialist) کاری کردووە. هەروەها لە ڕۆژنامەی سۆسیالیست نیوز (Socialist News) لە نێوان ساڵانی (1914 – 1916) کاری کردووە، دوو ڕۆژنامەن کە سەر بە حیزبەکەن لە لقی ئۆهایۆ. ناوبراو لەو ماوەیەدا گەشتی بۆ باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، لەوێ چاوی بە گرووپە کرێکارییەکان، سەندیکا بازرگانییەکان و گرووپەکانی دژە جەنگ کەوت و تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی دروست کرد. روتینبێرگ بە بەشێک لە چەپی ڕادیکاڵ دادەنرا کە بە “باڵی گۆڕان”ی حیزبی سۆسیالیستی ئەمریکی ناسراو بوو، باڵێک کە پێیانوابوو چاکسازیی وردە وردە و لەسەرەخۆ، کاریگەرییەکی کەم و لاوازی هەیە، لەبری ئەوە بە دوای گۆڕانی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕیدا دەگەرێت، کە بریتییە لە بەکارهێنان و بەگەڕخستنی تیۆری مارکس لە سەرهەڵدانی سۆسیالیزمێک کە جەغد لەسەر بەهای سنوورداری چاکسازیی سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی ئابوورییەکی سەرمایەداریدا دەکاتەوە.
روتینبێرگ، دوای ئەوەی بە فەرمی ئەمریکا چووە ناو جەنگی یەکەمی جیهان، بەردەوام بوو لە هێرش کردنە سەر ململانێی ئیمپریالیستی و بەشداری ئەمریکا تێیدا، بۆیە تۆمەتبارکرا بە پێشێلکردنی یاسای سیخوڕیی ڕێگریکردن لە ڕەشنووسەکەی(7) ئەمەش دوای پێشکەش کردنی وتارێک لە بەردەم گردبوونەوەیە لە ساڵی (1917)، بەم هۆیەوە بە یەک ساڵ زیندانی سزا درا و دواتر لە (8/ 12/ 1918) ئازاد کرا. دوای ئازادبوونی لە زیندان و لەژێر فشارەکانی ئەو قۆناغەدا و دوای چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ چەپەکان لەو دەمەدا، جەغد لە پێویستی هەبوونی حیزبێکی شیوعی جیا – جیا لە پارتی سۆسیالیست – کرایەوە. روتینبێرگ کاندیدێکی ئایدیاڵی بو بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەو ڕێکخراوەی کە لە ساڵی (1919) لە شیکاگۆ دامەزرا. ئەم شێوەیە پارتی سۆسیالیست جیا بووەوە.ئەم پارتە مێژوویەکی دوورودرێژ و ئاڵۆزی هەیە کە بە تووندی بە بزووتنەوەی کرێکاری ئەمریکی و پارتە شیوعییەکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە. ئەم پارتە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەبوو، هاوکات لە بیستەکان تاوەکو چلەکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆڵێکی کارای لە ڕێکخستنی کرێکاران و بزوتنەوەکەیاندا هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە پارتی بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاریی ناسرا بوو. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، پارتەکە دەنگێکی بە هێزی هەبوو لە بەرگریکردن لە مافە مەدەنییەکان و بە هاوکاری بزوتنەوەی کرێکاری، دەستی باڵایان هەبوو لە دامەزراندنی سەندیکای کرێکاریدا.
لە ئابی ساڵی (1919)، تەنها چەند مانگێک دوای دامەزراندن، پارتەکە ڕایگەیاند کە نزیکەی پەنجا هەزار ئەندامی هەیە، لە نێویاندا (ئەنارشیتەکان و چەپە ڕادیکاڵەکان)، لە ماوەی قەیرانی گەورەی ئابووریدا، زۆرێک لە ئەمریکییەکان لە سیستمی سەرمایەداری بێهیوا بوون، هەندیکیان هیوایان لەسەر ئایدیۆلۆژیای شیوعییەت هەڵچنی، هەندێکی دیکەشیان سەرنجیان بۆ ئەو چالاکییە ڕواڵەتییانە ڕاکێشا کە شیوعییەکانی ئەمریکا بەناوی کۆمەڵێک پرسی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەرفراوانەوە ئەنجامیان دا لەوانەش مافی ئەمریکییە ئەفریقییەکان، کرێکاران، بێکاران. لێرەدا پارتەکە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی کار لە سییەکاندا، دەیەیەک کە ژمارەی ئەندامانی حیزب بۆ نزیکەی شەست هەزار ئەندام زیادی کرد. پارتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سۆسیالیزم دەبێت درێژکراوەی دیموکراسی ئەمریکا بێت، ئەوان هەوڵ دەدەن ئەمریکاییەکی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای نەریتی شۆڕشگێڕانە و ئازارەکانی مێژووی ئەمریکا بنیاد بنێن. هەروەها پەرتەکە بانگەشەی چەمکی “یاسای مافەکانی مافەکانی سۆسیالیست” کرد کە هەموو ئەو ئازادییانە دەستەبەر دەکات کە لەماوەی چەند سەدەیەک ئازاردا و کۆژاندا بەدەستی هێناوە، هەروەها فراوانکردنی یاساکە بۆ ئەوەی (ئازادی بۆ بێکاران، ئازادی و ڕزگاربوون لە هەژاری، نەخوێندەواری، هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوساندنەوە) بگرێتەوە. سەبارەت بە ” مافی خاوەندارێتی ” پارتەکە دەڵێت:- “زۆر ئەفسانە لەبارەی سۆسیالیزمەوە بڵاوبوونەتەوە، بە پێچەوانەی بانگەشەی ڕاستڕەوەکان، سۆسیالیزم دەست بەسەر موڵکی کەسی کرێکاراندا ناگرێت، بەڵکو تەنها دەست بەسەر موڵکی تابیەتی پیشەسازییە گەورە و گرنگەکان و دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا دەگرێت، هاوڕێ لەگەڵ دەوڵەمەندە گەورەکان کە پارە تەخشان و پەخشان دەکەن”.
لەبری ئەوەی کە گشت هەقدەستەکان – کرێ – یەکسان بکرێن، پارتەکە پێیوایە بنیادنانی سۆسیالیزم دەبێت لەسەر بنەمای بێلایەنی سەرمایەی کەسی لە بازاڕی بۆرسە و بێلایەنی لە خاوەندارێتی تایبەتی کۆمپانیا گەورەکان، و بێلایەنی لە هەناردەکردنی سەرمایە و پیشەکان، هەروەها ڕەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار بۆ کرێکاران بنیاد بنرێت. دەستووری حیزبی شیوعی، چینی کرێکار وەک چینێک پێناسە دەکات کە پێکهاتوون لە: ڕەگەزی جیاواز، تەنەوەی جیاواز، ئامانجی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، پیر و گەنج، دامەرزاو(کاردار) و بێکار، ڕێکخرا و ناڕێکخراو، هاوڕەگەز و جیاڕەگەز، خەڵکی ڕەسەن و کۆچبەر، شارنشین و جووتیار کە پێکهاتوون لەو کرێکارانەی کە چەندین ئەرکی جەستەیی و هزری ئەنجام دەدەن و بەسروشت فراوانترین توێژی کۆمەڵگا پێکدەهێنن. لەگەڵ دامەزراندنی پارتەکە لە ساڵی (1919)، حکومەتی ئەمریکا، دەستیکرد بە ڕاوەدوونانی سۆسیالیستەکان، ئەوانەی کە دژایەتی جەنگی یەکەمی جهانیان دەکرد و خۆیان لە خزمەتی سەربازی بەدوور گرت. ئەم ڕاوەدوونانە لە ساڵی (1919) تا مانگی یەکی ساڵی (1920) بەردەوام بوو، وە بۆ ئەوەی ئەم ڕاوەدوونانە شیوعییەکانیش بگرێتەوە کە زۆرێک لە ئەندامانەی کە لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایک بووبوون، کرانە ئامانج و دادگایی کران و دیپۆرتکرانەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە لێیەوە هاتوون، سەرکردەکانی حیزبەکە دەستگیرکران و لە کۆتاییدا سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو و بە مۆڵەتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ” فرانکلین ڕۆزڤێڵت “، دەزگای (FBI) دەستی کرد بە کردنەوەی دۆسییە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە گومانی نازی یان شیوعییان لێدەکرا. لە ساڵی (1940) کۆنگرێسی ئەمریکی ” یاسای سمیس(Smith Act) پەسەند کرد، بەگوێرەی ئەم یاسایە (بەرگری لێ کردن، هاندان، بڵاوکردنەوەی ویستی ڕووخاندنی حکومەت بە شێوازی تووندوتیژی) قەدەغە کرد.
پەراوێزەکان؛
1. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە. لە ساڵی (1938) دامەزراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناپاکی ئەو کەس و کارمەند و ڕێکخراوانەی کە گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندی بە شیوعییەت یان فاشیزمەوە هەیە. ناوی لیژنەکە لە ساڵی (1969) گۆڕا بۆ لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و لە ساڵی (1975) بە تەواوی هەڵوەشایەوە .
2. Bill of Right واتە هەموواری یەکەمی دە بەندی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم هەمووارکردنانه بۆ هێورکردنەوەی ترسی دژە فیدڕالیستەکان کە دژی بەسەندکردنی دەستوور بوون خرانەڕوو. دەستەبەری کۆمەڵێک ئازادی تاکەکەسی دەکەن و کاریگەری حکومەت لە دەسەڵاتی دادوەری و ڕێوشوێنەکانی تر سنووردار دەکەن و هەندێک کاریگەری بۆ ویلایەتەکان و ڕای گشتی دەهێڵنەوە .
3. هەمووارکردنێکە بۆ دەقی بنەڕەتی دەستوور کە ڕێگا لە داڕشتنی هەر یاسایەک دەگرێت کە دامەزراوە ئایینییەکان قەدەغە بکات یان ئازادی پەیڕەو کردنی ئایین قەدەغە بکات یان ئازادی ڕادەربڕین سنووردار بکات یان ئازادی ڕۆژنامەگەری پێشێل بکات یان دەستێوەردان لە مافی خڕبوونەوەی ئاشتییانە یان ڕێگا لە داواکردن لە حکومەت بگرێت بۆ چارەسەرکردنی سکاڵاکان. هەمووارکردنی یەکەم وەک یەکێک لە دە هەمووارکردن کە یاسای مافەکان پێکدەهێنێت لە (15/ 12/ 1791) پەسەند کرا .
4. جۆزێف مەکارتی(Joseph McCarthy): سیاسەتمەداری ئەمریکی و کۆنگرێسمانی کۆماریی، یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سەردەمی جەنگی سارد. مەکارتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە حکومەت و زانکۆ و سینەما و کایەکانی تر پڕن لە شیوعییەکان، ناوبراو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕاوەدوونان و هەراسانکردنیان. دواتر میکانیزمە چەوتەکانی بە ” ماکارتیزم ” ناسرا و تا ئەمڕۆش ئەم دەستەواژەیە بۆ وەسپکردنی هەر کەسێک کە ناوی نەیاری حکومەت(ئۆپۆزیسۆن) بزڕێنێت بەکاردەهێنرێت .
5. کۆمەڵێک بەرنامەی ئابوورییە کە لە نێوان ساڵانی (1933 – 1936) لە ئەمریکا دەستیپێکرد. ئەم بەرنامانە بریتی بوون لە بڕیاری سەرۆکایەتی یان ئەو یاسایانەی کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ” فرانکلین ڕۆزڤێڵت “دا ئامادەکرا بوون بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی گەورەی ئابووری و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە مێژووناسان پێی دەڵێن سێ ئەلفەکە (فریاگوزاری، بوژاندنەوە، چاکسازیی)، ئەم سێ خاڵە ئاماژەن بۆ دابینکردنی کۆمەکی بە بێکاران و هەژاران و بوژاندنەوەی ئابووری بۆ ئاستی ئاسایی و چاکسازیی سیستمی دارایی بۆ ڕێگریکردن لە پاتە بوونەوەی قەیرانی گەورەی دارایی .
6. Tender Comrades: A Backstory of the Hollywood Blacklist (چاپخانەی ” زانکۆی مینیسۆتا ” 2012)
7. یاسایەکی فیدڕاڵییە کە دوای ماوەیەکی کەم لە چوونەوەوە ئەمریکا بۆ جەنگی یەکەمی جیهان لە (15/ 6/ 1917) پەسەند کرا، بەپێی ئەو یاسایە هەرکەسێک هەوڵی گواستنەوەی زانیاری بدات بە مەبەستی دەستێوەردان لە ئۆپەراسیۆنەکان یان سەرکەوتنی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا یان هاوکاری کردن لە سەرکەوتنی دوژمنەکانی ئەمریکادا، ئەوا بە مردن یان زیندانی کردن کە ماوەی کەمتر نەبێت (30) ساڵ سزا دەدرێت، هەروەها گواستنەوەی ڕاپۆرت یان لێدوانی چەواشەکارانە بە مەبەستی دەستێوەردان لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا یان هێزی دەریایی سەرکەوتنی دوژمنانی ئەمریکا لە ساتەوەختی جەنگدا ئەویش بە هەوڵدان بۆ یاخیبوون، ناپاکی، ڕەت کردنەوەی خزمەتی سەربازی لەنێو سەربازانی نێو سوپا و هێزی دەریایی ئەمریکا، یان نانەوەی کۆسپ لە بەردەم سەربازگری(تەجنید) و خۆبەخشی بۆ خزمەتی ئەمریکا، ئەوا سزاکەی (20) ساڵ زیندانی دەبێت .
نووسینی: فەرەح شەرەف
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد