“ساڵڕۆژی (١٢٨)مین ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی”
“خەباتی نەتەوایەتی لە باپیرەوە بۆ نەوە”
کۆتا میری میرنیشینی بۆتان بوو، دژی دەسەڵاتەکانی سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم(١٨٣٩-١٨٦١)، کە دەیویست گیانێک بە بەر دەوڵەتەکەیدا نەخۆشەکەیدا بکاتەوە، ئاڵای سەربەخۆیی میرنیشینەکەی هەڵکرد، گیان و هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکەدا زیندووکردەوە و داوای لە سەردار و سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکەشی کرد، لەم کارەیدا هاوکاری بن و پێکەوە لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان و دروستبوونی کیانێک بۆ نەتەوەی کورد خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دەستپێبکەن. بەدرخان کوڕی میر ئەبداڵ لە تەمەنی(١٨) ساڵیدا و ساڵی(١٨٢١) دەبێتە میری میرنیشینی بۆتان. میر بەدرخان لە قەڵەمڕەوییەکەیدا کۆمەڵێک کاری ئەنجامدا، کە نیشانەی سەربەخۆبوون و دەرچوون بووە لەو چوارچێوەیەی، کە دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەسەر میرنیشنەکانی ناوچەکەدا چەسپاندبوویان؛ هەوڵیداوە جیاوازی چینایەتی کەم بکاتەوە و باجی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەسەر خەڵکەکەی سوک بکات، هەروەها بۆ وڵاتانی دەرەوە خوێندکاری ناردووە بۆ خوێندن و کارگەی چەک و چۆڵی سەربازی دامەزراندووە، لەو ڕێگەیەشەوە سوپایەکی تۆکمەی پێکەوەناوە و سنووری دەسەڵاتەکەی لە ناوچەکانی جەزیرە، بۆتان و هەکاری زیادکردووە، لەگەڵ ئەوانەشدا سکەی لێداوە و بە دراوی تایبەت بەخۆی لە ناو میرنیشینەکەیدا مامەڵە و بازرگانی پێوە کراوە. ئەمانەش بۆ سوڵتانی عوسمانی قبوڵنەکراو بوو، هەوڵی ڕووخاندنی میرنیشینی بۆتانی داوە، ساڵی(١٨٤٧) دوای (٢٦) ساڵ میرایەتی، لە لایەن دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەمەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی میر بەدرخان و میرنیشینی بۆتانیش هێنراوە. پاش دەستگیرکردنی میر بەدرخان بۆ ئەستەمبوڵ و کریت، دواتریش بۆ دیمەشق دوورخراوەتەوە و پاشی (٢١) ساڵان کۆچی دوایی کردووە.
دوای (٥٠) ساڵ لە خەباتی شۆڕشگێڕانە و بیری سەربەخۆیی و میرایەتییەکی کاریگەر لای میر بەدرخان، مقداد مەدحەت بەدرخانیش بەهەمان ڕێچکەی باپیرەی، بەڵام بە ئاراستە ڕۆشنبیرییەکەی، خەمی نەتەوە و زمان و خاکی کوردانی خستە سەرشان و کردییە ناسنامەی کارکردنی خۆی، مقداد بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخانی برای لە ڕێگەی زمان و وشەوە داوای مافەکانی کوردییان ئەکرد و بەرەنگاری دەسەڵاتی تووند و سەرکوتکاری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم(١٨٧٦-١٩٠٩) دەبوونەوە. ئەوەتە لە ناوەڕۆکی وتارێکی ڕۆژنامەکەدا، ژمارە(٦) لە (١١ی تشرینی دووەمی١٨٩٨)دا، عەبدولڕەحمان بەدرخان دەنووسێت: “ئێوە ئەزانن من کوڕی ئەو پیاوەم کە بە شیر بۆ سەعادەتی ئێوە غیرەتی زۆری نواند، منیش ئەمڕۆ بە موقتەزای زەمان بە قەڵەم ئەو خزمەتە ئیفا ئەکەم.”
مقداد مەدحەت بەدرخان لە ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیرییە کوردییەکانی ئەستەمبوڵ چالاک بووە و لەگەڵ براکانی و بە تایبەت ئەمین عالی بەدرخان هاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵەیەکی نهێنییان لە ئەستەمبوڵ دامەزراند. هەر لە سەرەتای ساڵی (١٨٩٨)یش بوو، بڕیاری مقداد بەدرخان و برا و ئامۆزاکانی بە هاوکاری ژمارەیەک سەرۆک هۆزی کورد لە ناوچەکانی جەزیرە و بۆتان، چڕدەبێتەوە لە بەرپاکردنی شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، چونکە سوڵتان دەستووری تازەی ساڵی (١٨٧٦)ی هەڵپەساردبوو، کاری پێنەدەکرد، لە کاتێکدا گەلانی ژێر دەسەڵاتی سوڵتان چاوەڕێی کرانەوە و چاکسازیی ڕیشەی بوون لە جێبەجێ کردنی ئەو دەستوورەدا. بەدرخانییەکانیش بە چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیری، لە ئەستەمبوڵ بۆ قازانجی نەتەوەکەیان هیچیان بەچنگ نەکەوت وەک ئەوەی، کە ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا، ناچار بیرۆکەی خەباتی شۆڕشگێڕی و ڕاپەڕین لە ناوچەکانی تەرابزۆن لەسەر دەریای ڕەش و ڕۆشتنیان بۆ ناوچەکانی بۆتان، لایان دەبێتە بژاردەیەک و ئامادەباشی بۆ دەکەن. بەڵام ئەم هەنگاوەیان بەهۆی چاودێری چڕی دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە شکست دەهێنێت، ئەو کاتەی دەیانەوێ بۆ تەرابزۆن بڕۆن ئاشکرا دەبن و ئەمین عالی و مقداد بەگ دەگیرێن و لە ئەستەمبوڵ زیندانی دەکرێن، دوای ماوەیەک لە ئازادکردنیان مقداد بەگ بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕوو لە قاهیرە دەکات و دەمێنێتەوە، لەوێ لە بری خەباتی چەکداری، بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو بیروبۆچوونانەی لە ئامانجەکانی کۆمەڵەکەیاندا هەیان بووە، دەست بە خەباتی ڕۆشنبیری دەکات و ڕۆژنامەی (کوردستان)، وەک یەکەمین ڕۆژنامە لە دونیای ڕۆشنبیری کوردیدا، لە (٢٢ی نیسانی١٨٩٨) چاپ و بڵاودەکاتەوە. مقداد بەدرخان دەنووسێت: “بڕیارمدا لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامەیەوە هەموو توانای خۆم لە دوورەوە تەرخان بکەم بۆ هەموو کارێک، کە قازانج و بەختیاری و پەروەردەکردنی بیری تێدابێت بۆ هاووڵاتیانی کورد.”
“ڕۆژنامەی کوردستان”
(١٢٨) ساڵ پێش ئەمڕۆ، دوور لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان و لە قاهیرەی پایتەختی میسر، مقداد مەدحەت بەدرخان وەک یەکەمین ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیری کورد، ڕۆژنامەیەک بە زمانی کوردی بە ناوی (کوردستان)، بە زاراوەی کرمانجی سەروو، شێوەزاری جەزیرە و بۆتان و بە پیتی عەرەبی لەسەر تەرزی فارسی، لە ڕۆژی(٢٢ی نیسانی١٨٩٨)، لە دووتوێی چوار لاپەڕە و بە قەبارەی (٣٥.٥ – ٣٢.٥)سم، چاپ و بڵاوکردەوە. لە سەروتاری یەکەم ژمارەشدا مقداد بەدرخان، ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان، دەنووسێت: “بەداخەوە کورد، کە لە زۆر نەتەوە زیاتر خاوەنی بیر و هۆشن، جوامێرن، لە ئایینی خۆیاندا ڕەوا و بەهێزن، بەڵام وەکو نەتەوەکانی دیکە خوێندەوار و دەوڵەمەند نین، نازانن دراوسێکانیان چۆنن و چی ئەکەن و ئاگایان لێ نییە. بۆیە پشت بەخوا ئەم ڕۆژنامەیەمان نووسی، بە پشتیوانی خوای گەورە لەمەودوا هەر پانزە ڕۆژ جارێک بڵاوی دەکەمەوە. ناوی ڕۆژنامەکەشمان ناوە (کوردستان)، لەم ڕۆژنامەیەدا سودەکانی زانست و زانیاری باس دەکەم. لە چ جێگایەک مرۆڤ فێر دەبێت، لە چ جێگایەک خوێندنگای باش هەیە پیشانی کوردی دەدەم، لە چ جێگایەک شەڕ ببێت هەڵوێستی وڵاتانی گەورە چی دەبێ و چۆن شەڕ دەکەن، چۆن بازرگانی دەکرێت، هەموویان باس دەکەم. تا ئێستا هیچ کەسێک ڕۆژنامەیەکی وەک ئەمەی بڵاونەکردووەتەوە.” هەروەها لە جێگایەکی تردا لەسەر ئەو کارتانەی ڕۆژنامەکەی تێدا بۆ کەسایەتییەکان ناردووە، دەنووسێت: “نەتەوەی من کە نەتەوەی کوردە، ژمارەی شەش ملیۆن کەسە، لە ئاسیای بچوکدا، زمانیان گەلێک کۆنە، ئەمە یەکەمین جارە بەم زمانە ئەم ڕۆژنامەیەم بڵاوکردووەتەوە. بۆ مەبەستی تێگەیاندنی زانیاری و گیانی خۆشەویستی لەناو ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمدا و هاندانی کوردەکان بۆ ئەوەی ڕێگەی پێشکەوتن و شارستانێتی نوێ بگرن، لە هەمان کاتیشدا ئەدەبی نەتەوەیی خۆیانیان پێ نیشان بدەین.” ڕووی دەمی لە سوڵتان ئەکات و دەپرسێت: “ئەرمەنی و ڕۆم نیوەی کوردان نابن، چ ڕەوایە ئەوان بە زمانی خۆیان ڕۆژنامەیان هەبێت، کوردانیش هیچیان نەبێت و بێ ئاگابن لە هەواڵی دونیا؟”
ئەم ڕۆژنامەیە بە (٣١) ژمارە و هەر جارەی (٢) هەزار دانەی لێ بڵاوکراوەتەوە، مقداد مەدحەت بەدرخان ژمارە(١ – ٥)ی ڕۆژنامەکەی لە قاهیرە چاپ و بڵاوکردووەتەوە. پاشان بەهۆی نەخۆشینەوە توانای دەرکردنی ڕۆژنامەکەی نامێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، بەڵام لە ئەستەمبوڵ قەدەغە بووە ئەم ڕۆژنامەیە بڵاوبکاتەوە، بەمەش عەبدولڕەحمانی برای مقداد بەدرخان ژمارە (٦ – ٣١)ی بڵاوکردووەتەوە، بەهۆی کاریگەری ئەم ڕۆژنامەیەش بووە، کە دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەدوای ڕۆژنامەکەوە بوون و کێشەیان بۆ دروست کردووە، هەوڵی داخستنی ڕۆژنامەکەیان داوە. بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو لە ناوخۆیشدا ئازاری بنەماڵەی بەدرخانییەکانیان داوە و پێنج لە براکانی عەبدولڕەحمان بەدرخان (ئەمین، عەلی، موراد، حەسەن و کامیل)یان لە ئەستەمبوڵ زیندانی کردووە و ئەشکەنجەیان داون. هەر بۆیە لە (عەرزوحاڵ)ێکی کراوەدا، کە بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی نووسیوە و لە ژمارە(٧)دا بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت:” ئەگەر مەبەست لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ئەو برایانەم بەو شێوەیە بۆ بەلاوەنانی بیروباوەڕ و عەزم و گەڕانەوەم بێت بۆ ئەستەمبوڵ، قەسەم بەخوا ئەو تەگبیرە لە بەهێزترکردنی عەزم و خۆڕاگریم بەولاوە هیچی تر نابێت، شێر هەرچەندە بریندار بێت، چنگی تووندوتیژتر دەبێت.” بەمەش ئەگەر تەماشای ژمارەکانی تری ڕۆژنامەکە بکەیت، هەر جارە و لە چەند شوێنی جیاوازدا چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە، وەک؛
- ژمارە (٦ – ١٩) جنێڤ/ سویسرا.
- ژمارە (٢٠ – ٢٣) قاهیرە/ میسر.
- ژمارە (٢٤) لەندەن/ بەریتانیا.
- ژمارە ( ٢٥ – ٢٩) فۆلکستۆن/ بەریتانیا.
- ژمارە (٣٠ – ٣١) جنێڤ/ سویسرا.
هەر ئەم شوێن گۆڕینە و کێشەی چاپ و کڵێشە و پیتی کوردی وایکردبوو، کە ڕۆژنامەکە وەک ئەوەی دەیانەویست لە کاتی خۆیدا بڵاونەدەکرایەوە، بۆ نمونە؛ ژمارە (٦) دوای (١١٧) ڕۆژ، ژمارە (٢٤) دوای (١٩٠) ڕۆژ، ژمارە (٢٦) دوای (١٠٥) ڕۆژ، ژمارە (٢٨) دوای (١٥٧) ڕۆژ، ژمارە (٣٠) دوای (١٥١) ڕۆژ بڵاوکراوەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ڕێگرییانەش لێیکراوە، توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە دەستی خوێنەرانی و پەیوەندییان لەگەڵ ببەستێت. ئەوەتە لە ژمارە (٣)دا نامەی خوێنەرێکی ڕۆژنامەکە، کە لە شامەوە ناردوویەتی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا، خۆشحاڵی خۆیان بۆ دەرچوونی ڕۆژنامەکە دەربڕیوە: “ئەو جەریدەیەی میرێمە دەری کردووە هاتە شامێ، من یەک دانە پەیدا کرد، چونکە کوردەکان نزیکی یەکن، من بەوان نیشاندا، ئەوان ئەو جەریدەیە دیت، کە کوردستانە هی میرێمەیە، هەموویان ئەوەڵی ماچکردن و ئینجا لەسەر سەری خۆیان دانا، گەلەک پێ شاد و دڵخۆش بوون.”
“چیرۆکی دەستکەوتنی ڕۆژنامەی کوردستان”
هەتا ساڵی (١٩٦٨) ئەرشیڤی ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان، دەستنەکەوتبوون و نەتوانراوە بەشێوەیەکی ئەکادیمی لێکۆڵینەوەیان لە سەر بکرێت و سودیان لێوەربگیرێت، هەتا ئەو کاتەی ژمارەیەک لە خوێندکار و ڕۆشنبیری کورد بۆ خوێندن ڕۆشتوونەتە دەرەوە و سۆراغی دەستنووس و نووسراوی کوردیان لە کتێبخانە و نامەخانەکانی وڵاتاندا کردووە. وەک دکتۆر مارف خەزنەدار دەڵێت، کە ئەو یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی( کوردستان)ی لە ڕووسیا دۆزیوەتەوە و لەوبارەیەوە دەنووسێت: “لە سەرەتای شەستەکان لە ئامۆژگای ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیەی زانستی ڕووسیا، خوێندنی بەرزم تەواو دەکرد. ژمارە یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستان، لە نامەخانەی بەشی تورکیە – مەنگۆلی لە ئامۆژگای ڕۆژهەڵاتناسیدا دۆزییەوە. دوور وڵاتی و باری ژیانی سیاسی نیشتمان لەو سەردەمەدا، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵی دۆزینەوەیەی دواخست، تا گەڕانەوەم بۆ نیشتمان لە سەرەتای ساڵی (١٩٦٨)، وابوو ڕۆژی (٢٢ی نیسانی١٩٦٨) بە زمانی کوردی و عەرەبی لە ڕۆژنامەی التآخی/ برایەتی، ئەم هەواڵە ڕۆشنبیرییە گرنگەم بڵاوکردەوە. پێشنیازم کرد، کە ڕۆژی (٢٢ی نیسان)ی هەموو ساڵێک بکرێت بە جەژنی ڕۆژنامەگەری کوردی.” هەروەها دکتۆر کەمال فوادیش بۆ یەکەم جار تەواوی ژمارەکانی ڕۆژنامەی (کوردستان)ی لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، دەستکەوتووە و لە کتێبێکدا بڵاوی کردووەتەوە. لە پێشەکی کتێبی (کوردستان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی ١٨٩٨- ١٩٠٢) چیرۆکەکەی بەم شێوە دەگێڕێتەوە: “کاتی خۆی بیستبووم، کە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە لە (کتێبخانەی پرووسیا) لە ئەڵمانیا دەست ئەکەون. پاش چوونم بۆ ئەوێ زانیم، کە ئەم کتێبخانەیە ئێستا ناوێکی تری هەیە. لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە ناوی بووە بە (کتێبخانەی دەوڵەتی)، کە ئێستا ئەکەوێتە بەرلینی ڕۆژهەڵاتەوە. لەوێش زانیم، کە ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەگەڵ گەلێک چاپکراوی تردا گواستراونەتەوە بۆ ئەڵمانیای ڕۆژئاوا.
لە سەرەتای (ئابی١٩٦٥)دا بە شوێن دەستنووسە کوردییەکاندا ڕێم کەوتە شاری (ماربورگ و تویبنگن)، بە هەلم زانی جارێکی تر هەواڵی ڕۆژنامەی (کوردستان) بپرسم. پاش گەڕان و پشکنینێکی زۆر ئاگادارکرام، کە ئەم ڕۆژنامەیە لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوایە لە کتێبخانەی دەوڵەتی لە شاری ماربورگ، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ هەزاران چاپکراوی تردا نۆرەیان نەهاتووە بۆ ئەوەی جیابکرێنەوە و لە شوێنی تایبەتیی خۆیاندا سەرلەنوێ دابنرێنەوە. بەڵێنیان دامێ، کە هەر کاتێک بەرچاویان کەوت دەستبەجێ بۆم ڕەوانە بکەن بۆ بەرلین. منیش ساڵی چەند جارێک ئەم بەڵێنەم بیر ئەخستنەوە، تا لە (هاوینی ١٩٦٨)دا ئەم ئاواتەم هاتە دی و هەموو ئەو ژمارانەی ڕۆژنامەی کوردستان، جگەلە ژمارەکانی (١٠، ١٢، ١٧، ١٨، ١٩)، کە لە ئەڵمانیا پارێزرابوون کەوتنە بەردەستم.”
بەم جۆرەش دۆزینەوەی ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان، پەنجەرەیەکی گەورەی لەسەر مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی کردەوە و هەنگاوێکی بایەخداری گرنگ بوو، لە هەڵدانەوەی ئەرشیڤی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی.
“بیروبۆچوونی نووسەران دەربارەی ڕۆژنامەی کوردستان”
زۆرینەی بۆچوونی ڕووناکبیرانی کورد، سەرەتای نووسین بە زمانی کوردی، وەک خاڵی دەستپێک بۆ نووسینی بابەتی سیاسی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و بابەتەکانی تر دەبەنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان، دەور و کاریگەری ئەو ڕۆژنامەیە وەک وەرچەرخانێکی گەورە، لە پاراستنی زمان و نووسینی کوردیدا تەماشا دەکرێت:-
- دکتۆر کەمال فواد، “تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، کوردی تەنیا زمانی گفتوگۆ و شیعر بوو، نەک نووسین. لەبەرئەوە دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بایەخێکی تایبەتی هەیە لە مێژووی زمان و ئەدەبی نەتەوەکەماندا. نرخی ئەم ڕۆژنامەیە هەر لەوەدانییە، کە یەکەم ڕۆژنامەیە بە زمانی کوردی دەرچووبێت، بەڵکو نرخێکی مێژوویی و سیاسیشی هەیە.”
- شاکر فەتاح، “بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان، ئیتر لەوساکەوە نووسینی کوردی باوی سەندووە و لەناو چاپەمەنیدا گەشەی کردووە.”
- کەریمی حسامی، “بڵاوبوونەوەی هەوەڵین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان، ئەو دەمە ئیتر نووسین و بڵاوبوونەوەی ئەدەبی کوردیش پەرەی گرتووە.”
- ئەحمەد دڵزار، “بە ڕای من بەرلە دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، نووسینی کوردی باو نەبووە، واتا برەوی لەسەر نەبووە.”
- محەرەم محەمەدئەمین، “بەدرخانییەکان یەکێکن لە پێشڕەوانی نووسەرانی کورد، لە پێناوی پێشخستنی نووسینی کوردیدا، هەرچییان لەدەست هاتووە کردوویانە، هەر ئەمانە بوون یەکەم ڕۆژنامەی کوردییان دەرکرد لە ژێر ناوی کوردستان.”
- عەبدولڕەحمان زەبیحی، “بەلای منەوە نووسینی کوردی، ئەو وەختە بە (باو) حیساب ئەکرێ، کە چاپەمەنی پەیدابوو و لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە. کۆنترین چاپکراوی گەورە ڕۆژنامەی کورستانە، کە مقداد بەدرخان لە یەکەم ژمارەیدا دەڵێت: (حتی نهۆکێ جریدەکی هۆڵێ نڤیسییە آڤ جریدە یا مناهایا عولییە./ هەتا ئێستا کەسێک ڕۆژنامەیەکی ئاوای نەنووسیوە، ئەو ڕۆژنامەیەی من یەکەمە.) جا بۆیە من ساڵی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بەوە دادەنێم، کە نووسینی کوردی تێدا بووەتە باو.”
- نەوشیروان مستەفا ئەمین: “تا بڵاوکردنەوەی کوردستان بە زمانی کوردی تەنیا بۆ ئاخافتن و هۆنینەوەی شیعر بەکارئەهێنرا. جگە لە عەقیدەنامەکەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و مەولودنامەکەی شێخ حسەینی قازی بە کرمانجی خواروو و چەند نووسینێکی مێژوویی و فۆلکلۆریی مەلا مەحموودی بایەزیدی بە کرمانجی سەروو، بەرهەمێکی تر نییە بەم زمانە نووسرابێ و ئێستا لە بەردەستدا بێ. کوردی هێشتا نەبوبوو بە زمانی نووسینی نامە و پەخشان. خوێندەوارانی کورد لە ناو خۆیاندا بۆ نامەنووسین زمانی فارسی، یان تورکییان بەکارئەهێنا. جەریدەی کوردستان، سەرەتای دەستپێکردنی نووسینی بابەتی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و مێژووییە بە زمانی کوردی.”
- مومتاز حەیدەری: “ڕۆژنامەی کوردستان خۆی لە خۆیدا، کە ناوی کوردستان بووە نیشانەیەکی نەتەوەییە. یەکەم ڕۆژنامە کە بەزمانی کوردی دەرچووە، ئەوە دەسەلمێنێ ئەو ڕووناکبیرانە ویستوویانە بە کوردی ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەیان، تاکو لە باری ناهەمواری خۆیان بگەن. هەر لە سەرەتاوە بیریان لەوە کردووەتەوە زمانی زگماکی کورد نەک تەنیا بپارێزن لە فەوتان و لەناوبردن، بەڵکو بەرەو پێشیشی بەرن، کە زمان یەکێکە لە هۆیەکانی بوونی نەتەوە.”
سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:-
- کوردستان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی ١٨٩٨-١٩٠٢، دکتۆر کەمال فواد، چاپی یەکەم، بەغداد، ١٩٧٢.
- مێژووی ئەدەبی کوردی، د.مارف خەزنەدار، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠١.
- بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، نەوشیروان مستەفا ئەمین، کتێبی دووەم، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، بیروت، ٢٠١٣.
- ڕەوسەی قەڵەمەکەم ڕۆژنامەی هاوکاری وەکو خۆی، مومتاز حەیدەری، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٢٢.
- یەکەم ڕۆژنامە و یەکەم چاپخانەی کوردان، هەینی قادر خضر، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٢٣.







































































