“بانگەشەی ڕاستەقینە خستنەڕووی پڕۆژە و پلانە، نەک هێرشکردنە سەر بەرامبەر”
هەڵبژاردن پێویستە دادپەروەرانە و زوڵال و گشتگیر بن، ڕێگە بە هەموو هاوڵاتیان بدرێت بە ئازادی و بەبێ ترس بەشداری بکەن. زۆر گرنگە هەڵبژاردنەکان بنەما دیموکراسیەکان بپارێزن و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو پارت و پاڵێوراوەکان مسۆگەر بکەن و شێوازی ورد و متمانەپێکراو بۆ ژماردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی دەنگەکان دابین بکەن. زوڵاڵیی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بۆ پاراستنی متمانە بە سیستەمی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی شەرعیەتی دەرەنجامەکان زۆر گرنگە. دەکرێت بگوترێت بانگەشەی هەڵبژاردنیش لایەنێکی دیکەیە، کە گرنگییەکەی زۆرە و لە نێو بانگەشەش گرنگە بەها و نرخاندنە کەسیی و سیاسییەکان بپارێزرێت، واتا پارت یان پاڵێوراو زیاتر گرنگیی بە پڕۆژە و دەستکەوت و مێژووی خۆی بدات، نەک ئەوە نیشان بدات هیچ پرۆژە و دەستکەوت و مێژوویهکی نیە بە هێرشکردنە سەر بەرامبەر و خزانە نێو کێبڕکێیەکی بێسەروبەری نەشیاوی نادیموکراسی لە نێو پرۆسەی دیموکراسی وەکو هەڵبژاردن.
“لە دیموکراسیە ناکامڵەکان پارت و کەسایەتیە سیاسییە ناکامڵەکان، پەنا بۆ بانگەشەیەکی دژبەر و پەرت و ناپیشەیی دەبرێت”
هەڵبژاردن؛ بریتیە لە چەند هەنگاوێکی تەواوکار، تیایاندا خەڵک دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی پارت یان نوێنەری خۆیان لە حکومەت یان هەر دامەزراوەیەکی دیکە. گرنگی هەڵبژاردن ئەوەیە هاووڵاتیان بەرجەستەی توانای ڕادەربڕینی خۆیان دەکەن، لێرە قسە لەسەر کۆمەڵگە داخراو و دیموکراسیە شلۆقەکان نیە. دواجار گرنگە هاووڵاتی هەست بکات قسەی هەیە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی خۆی. بەڵام بابەتی بانگەشە، کە تێکەڵەیەکی بانگەشە و خستنەڕووی توانست و مێژوو و دەستکەوتی پارت و کەسایەتییەکانە، زۆر جار لە دیموکراسییە ناکامڵەکان یان پارت و کەسایەتیە سیاسییە ناکامڵەکان پەنا بۆ بانگەشەیەکی دژبەر و پەرت و ناپیشەیی دەبرێت، هەرچەندە دەکرێت تا رادەیەک کاریگەریش دروست بکات، چونکە دواجار وێڕای بیرکردنهوەی سیاسی، پاڵنەری کەسیی و ئیرەیی و دەروونیی و تەنانەت کۆنە ڕق و کینەش دەنگدەری خۆیانیان هەیە.
“هەڵبژاردن جۆرێکە لە سزادان و لێپرسینەوە”
ئەوەشمان لەیاد نەچێت، هەڵبژاردن جۆرێکە لە سزادان و لێپرسینەوەش، لە خراپترین بارودۆخ، بەڵگەیەکی باشە بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی کار و چالاکی پارت و پاڵێوراوێکی دیاریکراو. دوای چوار یان دوو ساڵ، خولی پەرلەمانی، کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە، بێگومان تا ڕادەیەکی کەمیش بێت، خۆ تەرخانکردن و دەنگدانی هاووڵاتیان، هیچ نەبێت، هۆشیارانەتر دەبێت. ئەمەش لە ڕووی بنچینەیی دەبێت بە جۆرێک لێپرسینەوە و سزا لەقەڵەم بدرێت و هانی پاڵێوراوی دیکە بدات خۆیان باشتر بکەن. ئەوەشمان لە یاد نەچێت، کاتێک دەرچووێکی پەرلەمان پشت لە دەنگدەرانی دەکات، پەیوەندی تەلەفۆنی وەڵام ناداتەوە، نامەی ناخوێنێتەوە، سوپاسی ناکات، دەنگدەری خۆی پشتگوێ دەخات، سزایەکی دیکە دێتە ئاراوە، کە سزایەکی تاهەتاییە و کەسایەتی دەرچووی هەڵبژاردن دادەتەپێ و بە مێژووێکی ڕەش و خراپ بۆی تۆمار دەکرێت. ئەمە خۆم و سەدان هەزاران دەنگدەری کوردستان ئەمەمان بەسەر هاتووە و پێش ناچێت بەزەییان بەرامبەر بنوێنین، وەکو ڕاستیەکی مێژوویی، کە بۆ نەوەکانی داهاتوو و خوێنەری بەڕێزی ئەم وتارەش زۆر گرنگە. کەواتا گرنگە دەنگدەر بزانێت کامە پارت و بۆ و لەبەرچی و کامە پاڵێوراو و بۆ و لەبەرچی و دەبێت پێشبینیش بکات ئاخۆ توانی پاڵێوراوەکە چەندە.
کەواته لە بانگەشە و خستنەڕووی توانست و مێژوو پارت و تاکە گرنگە جەخت لەسەر دەستکەوتەکان و پلانەکان بکرێتەوە بۆ داهاتوو. گرنگە روانگەی تاک و پارتەکە شیبکرێتەوە و گومان بڕەوێندرێنەوە. گرنگە بەها گشتیی و تایبەتییەکان تیشکیان بخرێتە سەر؛ بەها و بنەما و دیدگاکانت بۆ وڵات ئاوێتەی بیرکردنەوەی سیاسیی و دەستکەوتی سیاسییش بکرێن.
“گرنگە پارت و پاڵێوراو پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە بەهێز بێت”
لایەنێکی دیکەی پەیوەست بە بانگەشەی ئەرێنی ئەوەیە گرنگە پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەران لەسەر ئاستی کەسی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان لەخۆ بگرێت. گرنگە پارت و پاڵێوراو تەنیا قسە بەبادا نەدات و چارەسەری بەرجەستە پێشکەش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە زەقەکان و نیشاندانی لێهاتوویی و ئامادەیی پارتەکە و خۆی بۆ سەرکردایەتیکردن. دواجار جڵەو کردنی هەڵبژاردن بە بەرجەستە کردنی شێوازی بانگەشەکردن بەندە، لایەنێکی سەرەکی جڵەوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش نیازپاکیی و نیازپاکییە لە نزیکبوونەوە لە دەنگدەر. گرنگە پارت و پاڵێوراو پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە بەهێز بێت. پێوێستە ئاوێتە خەڵک بن و پاڵێوراو گوێ لە پێداویستییەکانیان بگرێت و نیشانی بدات کە چۆن نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات و چۆنیش ئەگەر بابەتێک لە توانای ئەو بەدەر بوو هەوڵی کۆدەنگیی و خەباتی گشتی بۆ دەدات تا ئامانجەکە بێتە دی. ئەمانە لە ڕووی بنچینەیی کۆڵەگە و ناواخنی بانگەشەی سەرکەوتوو و ئەرێنین، نەک بانگەشەی هەراسانکار، ناوزڕێن، دابەشکار و لێوانلێو لە ڕق و بریندارکردنی هەستی گشتی یان لایەنی بەرامبەر.
“پاڵێوراوی سەرکەوتوو و ئەرێنی سەرنجی لەسەر بەرامبەر نیە”
زۆر پاڵێوراوی سەرکەوتوو هەبوون لە جیهان، کە لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ئەوەش بە گرنگیدان بە خاڵە بەهێزەکان و دەستکەوتەکانی خۆیان و پلانەکانی خۆیان بۆ داهاتوو نەک بە ڕەخنەگرتن لە نەیارەکانیان. بە خستنەڕووی هەڵمەتێکی ئەرێنی و پێشکەوتوو، پاڵێوراوەکان دەتوانن بە پشتبەستن بە شایستەیی و دیدگەی خۆیان بۆ وڵات دەنگدەران ڕابکێشن. پاڵێوراوی وەکو “باراک ئۆباما و ئەنگێلا مێرکڵ و جاسیندا ئاردرن” سێ نمونەی سەرکەوتوون لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی جیهان. ئەوان هەڵمەتی سەرکەوتوویان بەڕێوەبردووە و سەرنجیان لەسەر دەستکەوت و دیدگەکانی خۆیان بووە بۆ داهاتووە، نەک هێرشکردنی نەرێنی بۆ سەر نەیارەکانیان وەکو “دۆناڵد ترەمپ” ئەنجامی داوە. ئەم سەرکردانە بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی رەوتی ئەرێنیی و پێشکەوتن و هاوکات کارلێکی بەردەوامیان لەگەڵ دەنگدەران، سەرکەوتنی هەڵبژاردنیان مسۆگەر کرد.
“دەنگدەری هۆشیار بۆ داکۆکیکردن لە بەها دیموکراسیەکان دەنگ بە پارتەکەی خۆیان نادەن”
مەرجیش نیە هەمووان سەرکەوتوو بووبن لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام بە شکستیان و هەڵوێستەکانیان، سەرکەوتنی مێژووییان تۆمار کردووە. بۆ نمونە سیناتۆر و گەورە سیاسەتوانی کۆماریی ئەمریکی جۆن مەککێین سەرکەوتوو نەبوو لەبەرامبەر “ئۆباما”، بەڵام ڕەتی کردەوە گوێ لە دەنگدەرێکی پارەکەشی بگرێت کە پرسی هەڵبژاردن بە کەسیی بکات و هێرش بکاتە سەر کەسایەتی ئۆباما. مەککێین لە مێژوو وەکو یەکێک لە خاوەن بەها و بەڕێزترین پاڵێوراوەکانی مێژووی پاڵێوراوەکانی ئەمریکا و جیهان تەماشا دەکرێت. مەککێین دوای خۆشی منداڵەکانی وێڕای داکۆکی کردن لە پارتی کۆماریی، بەڵام بە زەقیی دژایەتی “دۆناڵد ترەمپ” دەکەن و بە کەسێکی لادەر ناوی دەبەن؛ ئەوان ڕەتی دەکەنەوە پاڵپشتی کەسایەتیەکی هەراسانکار و خۆپەرست بکەن. واتا بۆ داکۆکیکردن لە بەها دیموکراسیەکان دەنگ بە پارتەکەی خۆیان نادەن. ئێستاش ئەو بابەتە دەنگدەرانی بووش و مەککێین و چەندین کەسایەتی دیکەی وەکو مایک پێنس ی جێگری پێشووی ترەمپیش هاوئاوازی ترەمپ نیە.
“هێرشی کەسیی، گشتاندن و بەئامانج گرتنی کەسوکاری پارت و پاڵێوراوی بەرامبەر بانگەشەی خراپن”
بە کورتی، بانگەشەی نەرێنی یان خراپ وەها لێکدەدرێتەوە کە چەند لایەنێک لە خۆ بگرێت؛ بۆ نمونە هێرشی کەسیی، گشتاندن و بەئامانج گرتنی کەسوکاری پارت و پاڵێوراوی بەرامبەر و نەیاران نەک گرنگیدان بە سیاسەت و پلان. بێجگە لەمەش، بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست یان پڕوپاگەندەی هەڵبەستراو بۆ خراپ ئاراستەکردنی دەنگدەران هۆکارێکی دیکەیە بانگەشەکردن لە ڕێڕەوی ئاسایی لابدات. کۆمەڵگەکان لە مێژووی تاڵ و کێشە و قەیران بەدەر نین، بۆیە هاندانی ڕق و کینە یان دووبەرەکیی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و هاووڵاتیان لەسەر بنچینەی سیاسیی و پابەندییان بۆ قازانجی سیاسی، جۆرە بانگەشەیەکی بێ ئابڕوو و خراپە.
“لە کۆمەڵگە هۆشیارەکان پاڵێوراوە خراپەکان دەنگی ئەندامەکانیشیان نابەن”
چەند نمونەیەکی شکستخواردوو دەخەمە ڕوو کە بەهۆی بانگەشەی نەرێنی و خراپ پارت و پاڵێوراوەکانیان دەرنەچوون و شکستیان هێنا، کە شکستی هەندێکیان پێگەی پارتەکەشی لەق کردووە. ئەو پاڵێوراوانە سەرقاڵی هەڵمەتی خراپ و نەرێنی بوون، وەک هێرشی کەسی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، زۆرجار ڕووبەڕووی کاردانەوەی دەنگدەران بوونەتەوە و سزا دراون. ئەم جۆرە ستراتیژەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانە و متمانە لە نێوان دەنگدەران خۆشیان نەهێڵێت، لە کۆتاییشدا دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو نمونانەی خوارەوە، بەو هۆکارانە سەرکەوتوو نەبوون “هیلاری کلینتن” لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2016 شکستی هێنا. هیتلەری وێڕای ئەوەی پاشخانی ڕەوشتی هاوسەرەکەی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا “بیڵ کلینتن” باش نەبوو، خۆشی وێڕای هێرشکردنە سەر “ترەمپ”، چەند شکستێکی هەبوو کە نەیدەتوانی بیانشارێتەوە، بەڵام بەهۆکاری خۆدزینەوەی متمانەی خەڵکی تەواو لەدەستدا، ئەو پرسەش نامە ئەلیکترۆنیە سڕاوەکان و کەمتەرخەمی بوو لە کوژرانی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە لیبیا. یەکێکی دیکە تێریزا مێی بەریتانییە، کە شکستێکی مەزنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی بەریتانیا لە ساڵی 2017 هێنا. مێی وێڕای بانگەشەی کشانەوەی لە ئەوروپا کرد لە راپرسی کشانەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2016، ئەوەندە بەڵێنی دا، دوای کەمتر لە یەک ساڵ، سزا دراو و ئێستاش پارتەکە بەدەست ئەو بێسەروبەرییەی ئەوکات دەناڵێنێت و خۆی پێ راستەڕێ ناکرێت و سەرەنجام ڕق و کینە و دژایەتی لە ناوەخۆی بەریتانیا زیاتر کرد. سێیەم نمونە دۆناڵد ترەمپ – ە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2020. ترەمپ ئەوەندەی هێرشی سەر “جۆو بایدن” ی دیموکراتەکان و بە کەسیی کردن، هێرشکردنە سەر هاوسەر و منداڵەکانی “بایدن” و دوورەپەرێزیی لە بەهاکانی کۆمارییەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی لە درۆکردن، دواجار سزادراو دەنگی پێویستی نەهێنا، بووە یەکێک لە چەند سەرۆکێکی کەم، کە لە خۆپاڵاوتنەوەی لەسەر یەک شکست بهێنێت.
کەواته دەرکەوت ئەگەر زوڵاڵی هەبێت و دەنگدەر هۆشیار بێت، بانگەشەی ئەرێنی و نەرێنی دەتوانێت لێکەوتەی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەکو لە نمونەکانی سەرەوە لە باش و خراپ خستمە ڕوو. دواجار هەڵبژاردن لە خراپترین بارودۆخ، باشترین بەرجەستەی مافە بۆ ئاراستەکردنی داهاتوو لە ماوەیەکی کەم و سنوردار. وێڕای ئەوەی هەڵبژاردن و بانگەشەش، پرسگەلێک نین تەنیا بەدەرئەنجامەکانەوە بەند بن، بەڵکو زۆر وابەستەی داهاتووشن و مێژووش تەنیا رووداوێک نیە لە رابردوو روویدابێت و هەمووان تیایدا مردوو بن، وەکو سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆرج بووش ئاماژەی پێدابوو، بەڵکو لە خراپترین دۆخ، بانگەشەی ئەرێنی و نەرێنی سزادانی تاکەکان لە ماوەیەکی دیاریکراو لای دەنگدەر و هاووڵاتیان بەگشتی لە خۆ دەگرێت. کەواتا هەڵبژاردن تەنیا دەنگدان نیە لەسەر پرۆسەیەکی کاتی و چوارساڵی دەسەڵات و پێگە، بەڵکو دەنگدانە لەسەر داهاتووی کەسایەتی و پارتەکە بەگشتی. بۆیە تا کرێت گرنگە لەپێناو دیموکراسیی، کەسانی پیشەیی، بوێر، فرەبەهرە و کۆمەڵگەدۆست و ئاغا و هۆشیار بپاڵێورێن، نەک بنچینەی خێزان، هۆز، ناوچە و پارە.و داهات بکرێنە پێوەر، چونکە دواجار کێ زیاتر لە نێو خەڵک بێت و لەوان نزیک بێت، باشتر وێنای خەڵک و مەینەتی و کێشەکانیان دەکات. وێڕای ئەوەی مێژوو و دەستکەوتی تاک و پارتەکان گرنگن، تا تاک بزانێت ئەگەر دەنگ بدات تا کوێ دێ دەکات و لە کوێ دەوەستێت.