“دەربارەى فیلمى ژیانى ئەوانى دیکە”
لە جیهانى سەرەتایی و گەشەکردووى ژیانى مرۆڤایەتى، سوژەى چەق و نەگۆڕ لە ئەقڵى دەستەجەمعى و فەزاى گشتیدا، زۆرترین پیرۆزى پێبەخشراوە. سوژەى نەگۆڕ کائینە بەختەوەرەکەى نێو دونیایە، دونیا سیستەمى دڵنیایى و جێگیریى و بێ فشارى ئەوە. کەمترین ئاڵۆزى و نادڵنیایى و مەترسى لە دونیاى ئەودا هەن و ڕوو لەو دەکەن. خواست و نیازى زۆرێک لە سیستەم و ئایدۆلۆژیاکان بەگشتى و ئایدۆلۆژیا دۆگماو ناڕادیکاڵەکان بە تایبەت، خواستى گەیشتنە بە دەست لێدان و جێگیرکردن و دەستەمۆکردنى ئەو سوژەو هزرو بیرانەى کە دەیانەوێت بزۆک و ناجێگیرو ناسەنتەر بن. سیستەم و ئایدۆلۆژیا دیکتاتۆرەکان پڕن لە بیرو سوژەى ملکەچ و گوێڕایەڵ. پڕن لەو پۆلیسانەى کە ناچارن لەڕووى سیاسى و ئەقڵییەوە بۆچوون و ئینتیماو خەون و خواستى کۆنکرێت و نەگۆڕیان هەبێت، وە دەشبنە پۆلیسى هەر هزرو بۆچونێکى بزۆک و ناباو.
فیلمى “ژیانى ئەوانى دیکە”، فیلمێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و دەرونناسییەو هەڵگرى تێمایەکە لە لەبارەى پۆلیسى بوونى سیستەم و ئایدۆلۆژیا دۆگماو دیکتاتۆرەکان دژ بە سوژەى ئازاد و بیرکەرەوە و ناڕازى. فیلمەکە لەلایەن دەرهێنەر “فلۆریان هەنکەڵ فۆن دۆنەرسمارک “ەوە لە ساڵى 2006 بەرهەمهێنراوە. فیلمى ژیانى ئەوانى دیکە نیگایەکى ورد و چڕە بۆسەر یەکێک لە قۆناغە ترسناک و تاریکەکانى ژیانى سیاسى “ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات” لەسەدەى بیستدا. شرۆڤەى سیستەمێک دەکات کەلەمێژووى سیاسى سەدەى بیستەمدا شایانى تێڕامانە. دواى کۆتایى هاتنى جەنگى دووەمى جیهانى، هاوپەیمانەکان دەستیانکرد بە دابەشکردنى دەستکەوتەکانى جەنگ. ئەڵمانیاش کەیەکێک بوو لەوڵاتە شکستخواردووەکانى ئەو جەنگە، پاش جەنگ بووبە دوو بەشەوە: “ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات و ئەڵمانیاى ڕۆژئاوا” هاوپەیمانەکان دیوارى بەرلینیان دروستکرد بۆ جیاکردنەوەى ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات لە ئەڵمانیاى ڕۆژئاوا. “فلۆریان هەنکەڵ فۆن دۆنەرسمارک” لە فیلمەکەیدا، بە شێوازو تەکنیکێکى هونەرى بەرزەوە، سیما و هەناوى ڕژێمى دیکتاتۆرى دزێوى ئەوکاتى کۆمارى دیموکراتى ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات پیشاندەدات.
قووڵ بە هەناوى سیستەمەکەدا شۆڕدەبێتەوەو دەستى بینەر دەگرێت و بەنێو کوچەوکۆڵانە تاریکەکانى ئەو سیستەمەدا دەیگێڕێت. ژیانى ئەوانى دیکە، دیمەنى ترسناک و دەستدرێژى دڕندانەى ئەو سیستەمەیە بۆسەر ژیان و کەرامەت و شکۆى ئەو مرۆڤانەى کە دەیانەوێت ئازاد بژین و ئازاد بیربکەنەوە. هەوڵێکە بۆ پیشاندانى داڕوخان و لەناوچوونى کەسایەتى و ئازارى مرۆڤ لە نێوحوکمى عەسکەرتارییەت و دیکتاتۆرییەت و مۆنۆپۆلکردنى تەواوى ژیانى مرۆڤەکان لەلایەن دەسەڵاتێکى داپڵۆسێنەرەوە لەژێر ناوى پاراستنى بەرژەوەندى گشتى. ڕووداوەکانى فیلمەکە لە ساڵى 1984لەبەشى ڕۆژهەڵاتى شارى بەرلین، واتە پایتەختى
كؤمارى ئەڵمانیاى دیموکراتى ڕوودەدەن.
دیدگاى زاڵ ولەهەمانکات پەنهانى فیلمەکە لەبارەى ئەشقەوەیە. “گێرد ویسلەر” لەنێو جیهانى ڕەق و بێڕۆحى کارەکەیەوە، گۆڕانکارى لە هزرو بوونیادى دونیابینى و تێڕوانینى دروست دەبێت، لە مرۆڤێکى گوێڕایەڵ و تۆقێنەرەوە بۆ سرووشتى سەرەتایى خۆى دەگەڕێتەوە و ئاشق دەبێت. چیرۆکى فیلمەکەش باس لە ژیانى نووسەرێک بە ناوى “جۆرج درایمان” و خۆشەویستەکەى “کریستا ماریا زیلاند” دەکات، کەلەلایەن شتازییەوە “وەزارەتى ئاسایشى دەوڵەت” ژیانیان دەخرێتە ژێر چاودێرى وردەوە. “گێرد ویسلەر” کە یەکێکە لە ئەفسەرانى ئاسایشى دەوڵەت، پیاوێکى شارەزاى بوارى چاودێریکردن و سیخوڕیکردنە. هەربۆیە ئەرکى چاودێریکردن و سیخوڕیکردنى ژیانى ئەو دوو هونەرمەندەى پێ دەسپێردرێت. “گێرد ویسلەر” ڕۆژێک بە نهێنى دەچێتە ماڵى نووسەر و شانۆنووسەکەوە و هەموو ماڵەکەى بە چڕى پڕدەکات لە ئامێرى گوێگرتن و کامێراى شاراوە. هەر بۆیە ژیانى تایبەتى درایمان و هاوژینەکەى کریستا ماریا و تەواوى ماڵەکەشیان دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرى وردەوە. “گێرد ویسلەر” نواندنێکى سەرنجڕاکێش پێشکەشدەکات، فۆکسى سەرەکى فیلمەکە ڕوو لەوە، جوڵەو هەڵسوکەوتەکانى ساردو و سڕن، سیمایەکى هەستیار و ڕوانینێکى ڕەقى هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤێکى بیرکەرەوەو پڕ باوەڕە.
کوێرانە و بێ پرسیار بەدووى ئەو ئەرکە ناکەوێت کە پێى سپێردراوە. ویسلەر لە سیستەمێکى ڕەق و دژە مرۆڤیدا، وێناى مرۆڤێکى بە ویژدان و هۆشمەند و ئازادە، کە تێدەفکرێت و فریوو ناخوات. هەربۆیە لە ماوەى کارەکەیدا زوو پەى بەوە دەبات کەلەلایەن سیستەمێکى بێ ئەرزش و بێ مۆڕاڵەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مەرامى پیسى ئەفسەران و کاربەدەستانى حکومەت. کاتێک یەکێک لە کاربەدەستەکانى دەزگاى ئاسایشى دەوڵەت بە ناوى “گرۆبیتز” دۆسیەى سیخوڕیکردنەکە پێشکەش بە ویسلەر دەکات، ویسلەر دەبینێت کە وەزیرى ڕۆشنبیرى و کولتوورى “برۆنۆ هێمبف” پاڵپشتى کارێکى لەو جۆرەیە و فەرمانەکەش لەلایەن ئەوەوە دراوە، “ویسلەر” زوو لەوە تێدەگات ئامانجى وەزیرى ڕۆشنبیرى لەو کارەدا، بە تەنگەوە هاتن و خەمخۆرى نییە بۆ ئاسایش و پاراستنى دەوڵەت، بەڵکو ئامانجێکى دیکەى لەو کارەدا هەیە کە بریتییە لە تێرکردن و پڕکردنەوەى خواست و مەرامە چەپەڵەکەى خۆى: “کریستا ماریا زیلاند” کە شانۆکاریکى ناسراو و قەشەنگە، هاوڕێ و خۆشەویستى “جۆرج درایمانە” و لە بەشێکى زۆرى شانۆکانى درایماندا ڕۆڵى یەکەم دەگێڕێت. شەوێک لە دەستپێکى پیشاندانى یەکێک لە شانۆکانى درایماندا، “کریستا ماریا و درایمان” پێکەوە سەما دەکەن، وەزیرى ڕۆشنبیریش کە لەوێدا ئامادەیە، سەرنج دەخاتە سەر “کریستا ماریا” و شەیداى دەبێت. بەڵام کریستا ماریا گرنگى پێنادات، ئەوەش دەبێتە هۆى توڕەبوونى وەزیرى ڕۆشنبیرى و فەرمان دەکات ژیانى هەردوو هونەرمەندەکە بخرێتە ژێر چاودێریکردنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە بەهەرجۆرێک بێت تەنگ بە ژیانى درایمانى نووسەر هەڵبچنێت، وەبەڵگەى پێویست بەتاوانباربوونى پەیدابکات. لەوڕێگەیەشەوە کریستا ماریاى ئەویندارى بۆ خۆى زەوت بکات.
“ویسلەر” بە وردى کار لەسەر دۆسیەى چاودێریکردنەکە دەکات. سەرجەم جوڵەو چالاکیەکانى ژیانى ڕۆژانەى ئەو دوو هونەرمەندە دەکات بەڕاپۆرت و پێشکەشى ئەفسەر “گرۆبیتزى” دەکات. “ویسلەر” دەزانیت لەوپرۆسەیەدا، هەم خودى خۆیى و هەم گرۆبیتزیش بۆ تاکە ئامانجى وەزیرى ڕۆشنبیرى بەکاردەهێندرێن. بەڕوونى هەست دەکات بەهەر جۆرێک بێت وەزیرەکە دەیەوێت “کریستا ماریا زیلاند” بۆخۆى داگیر بکات. لەو نێوەندەشدا، ئێمە وەک بینەر، بینەرى چەندین هەوڵى دەستدرێژیکردنى وەزیرەکە دەبین بۆسەر ژیان و کەسایەتى “کریستا ماریا”. تەنانەت لە نێو ئۆتۆمبیلەکەى خۆیدا، دیمەنى بەزۆر لاقەکردنى کریستا ماریا لەلایەن وەزیرەکەوە دەبینین.
ویسلەر لەیەکێک لە ڕاپۆرتەکانیدا، ژمارەى ئەو ئۆتۆمبیلە دەنووسێت کە کریستا ماریا دەگەیەنێتەوە ماڵەکەى خۆى. کاتێک ئەفسەر گرۆبیتز لە ڕاپۆرتەکەدا ژمارەى ئەو ئۆتۆمبیلە دەبینێت، بە “ویسلەر” دەڵێت:- دەربارەى ئەو ئۆتۆمبیلەى خاتوو زیلاندى هێنایەوە بۆ ماڵەوە، ئەوە ئۆتۆمبیلەکەى وەزیر “هێمبف”ە، “ویسلەر” ئێمە ناتوانین چاودێرى دەسەڵاتدارەکان بکەین. دیارە ئەم قسانە بە ڕوونى، ئاماژەى حوکمى مافیایى و دەسەڵاتى تاکڕەوییە. لە سیستەمى دیکتاتۆرى و دەسەڵاتى تاکڕەویدا، یاسا ڕەق و دزێوە. سەنگ و قورسایى کەمە و لەهەمان ئەو ژینگەیەدا دەژى کەدەسەڵات بەرهەمى هێناوەو جودا نییە لێى. وەک ئامڕاز لەبەرژەوەندى خواست و داخوازییەکانى دەسەڵاتدا بەکاردەهێندرێت. هەر بۆیە گەلێک جار یاساش لەو سیستەمەدا دژە ئازادى و دژە تێفکرین و دژە مرۆڤە.وە لەپێناو دەسەڵات لەبەرژەوەندى داخوازییەکانى کاربەدەستان لە هەوڵ و ململانێى شکاندن و پارچە پارچەکردنى دەرون و کەسایەتى ئەو مرۆڤانەدایە کە ڕادیکاڵانە دەژین و وەک حیزب و دەسەڵات بیرناکەنەوە.
هەر لە دەستپکی سکانسی یەکەمی فیلمەکەدا، دیمەنى لێپرسینەوەى تووند و زۆردارانەى بەندکراوێک دەبینین، کە هەموو جۆرەکانى ئەشکەنجەو توندوتیژى لەگەڵدا بەکاردەهێندرێت، تا لەژێر ئەشکەنجەو ئازاردا، دان بە تاوانەکەیدا بنێت. لەوێدا هیچ جۆرە یاسایەک دژى بەکارهێنانى ئەشکەنجەو توندوتیژى لە هەمبەر پاراستنى مافى ژیانى مرۆڤ ومافى بەندکراوێکدا بوونى نییە. بەشێوەیەکى گشتى، کەشێکى تۆقێنەرو ترسناک بەسەر ژینگەى فیلمەکەدا زاڵە. هیچ ئاماژەیەکى شارستانى لەو شوێن و جێگایانەدا نابیندرێت کە گرتەکانى تێدا تۆمار کراوە. شوێنەکان تەنى چۆڵ و بێ ڕۆح و بێ گیانن و ئاماژەى بێزارى و نائارامى ژیانیان تێدا بەرجەستەیە.
خەڵکانێکى کەم لە جوڵەدان، ڕوناکى کامێراو دیمەنەکان کەمن و لە چاوی کامێرادا، دیمەنى چۆڵەوانى لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا دەبیندرێن. لە تەواوى گرتەکاندا، هەتا کۆتاییەکانى فیلمەکە و ڕوخاندنى دیوارى بەرلین، بەردیمەنى قەرەباڵخى و جوڵەو هاتوچۆى پیادەکان ناکەوین.جگە لە کاربەدەست و ئەفسەرەکان، هەمووان کپ و لەرزۆک دەدوێن. تەواوى ژیانى خەڵکى لە ژێر چاودێرى و چاوى پۆلیسى پۆلیسەکان و ئەفسەرەکاندا تێدەپەڕێت.
لە ماوەى چاودێریکردنەکەى “ویسلەردا”، گەلێک گۆڕانکارى گرنگ بەسەر کەسایەتى خودى خۆیدا دێن. ژیانى سۆزدارى و پڕلە خۆشەویستى و مرۆڤدۆستى هونەرمەندان دەبینێت، عاشقى ژیانى ڕۆژانەى جۆرج درایمان و کریستا ماریا دەبێت و ئەو ئەشقەش لە کۆتایدا دەبێتە فریادڕەسى ژیانى ئەو دوو هونەرمەندە. ویسلەر گەلێک تەنیایە و لەو دیمەنەدا کە تەلەفۆن بۆ سۆزانیەکە دەکات و لێى دەپاڕێتەوە کە کەمێک زیاتر لە لایدا بمینێتەوە، تەنیایى و ساردووسڕى و گۆشەگیرى ژیانى ئەو دەبینین. لەو نێوانەدا کە چاودێرە بەسەر ژیانى هونەرمەندەکانەوە، پوچى ژیانى پڕ لە ڕق و توندو تۆقێنەرى سیستەمى پۆلیسى خۆیان لە بەرامبەر بە ژیانى گەرم و پڕ سۆزى هونەرمەندەکان دەبینێت. تێدەگات چەند تەنیا و چەند بەدبەخت و غەمگین دەژى.
پرۆسەى سیخوڕیکردنى ژیانى هونەرمەندەکان، بونیادى دەقگرتووى ژیانى ویسلەر هەڵدەتەکێنێت، ژیانى نوێ و جیهانى نوێى پێدەناسێنێت. پێش ئەو پرۆسەیە فیلمەکە وێنایەکى توندو ناسروشتى کردارو جۆرى تێڕوانینى ویسلەر نمایش دەکات. لەگەڵ تێپەڕبوونى گرتەکانداودواى وەرگرتنى فەرمانى چاودێریکردنەکان هێدى هێدى دەبینین چۆن گۆڕانکاریەکان لە شێواز و فۆڕمى دونیابینى ویسلەردا دروست دەبن.
لە شوێنێکى فیلمەکەدا، کاتێک ویسلەر و گرۆبێتز بۆ خواردنى ژەمى نێوەڕۆ دەچنە ڕێستۆرانتى سەربەدەزگاى ئاسایس، ویسلەر لەشوێنى ئاسایى ئەفسەرە پلە نزمەکاندا دادەنیشێت، گرۆبێتز ڕوو لەویسلەر دەکات و پێى دەڵێت: لەبیرت کردووە سەرۆکەکان لە کوێدا دادەنیشن؟ “ویسلەر” لە وەڵامدا دەڵێت: “سۆسیالیزم دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێبکات” لە چەندین شوێنى دیکەشدا، بەر ناڕەزایەتى و بەرهەڵستى ویسلەر دەکەوین بەرامبەربە سیاسەت و ئایدۆلۆژیاى حیزب وسۆسیالیزم ، چیدیکە بیروڕاى بەرامبەر بەرامبەر بەحیزب و دەسەڵات گۆڕاوەو پێى وایە موقەدەسات و پیرۆزى حیزب لە وەهم زیاتر شتێکى دیکە نییە. لە درێژەى ئامادەکردنى ڕاپۆرتەسیخوڕیەکانیدا، بەو جۆرەى کەدەیەوێت و باوەڕى پێى هەیە، ڕاپۆرتەکان دەگۆڕێت و ڕووداوەکانى ڕۆژانەى ژیانى “درایمان و کریستا ماریا” وەک خۆى تۆمارناکات. تەنانەت ئاگادارە لەوەى ئەو وتارەى کە دەربارەى “خۆکوشتن لە ئەڵمانیاى ڕۆژهەڵات” لە گۆڤارى ئاوێنەى ئەڵمانیاى ڕۆژئاوادا بڵاو کراوەتەوە، نووسەرەکەى جۆرج درایمانە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەو ڕووداوە دەشارێتەوەو ڕاپۆرتەکە بە جۆرێکى دیکە دەنێرێت بۆ “گرۆبێتز”. بەمەش مەترسى لەسەر ژیانى درایمان دوور دەخاتەوە. بەڵام دواجار کە گرۆبێتز بەوە دەزانێت کە نووسەرى وتارەکە درایمانە، بە توندى ویسلەر سزادەدات و لە ئەرکەکەى خۆى دوور دەخاتەوەو دەینێرێت بۆ بەشى پۆستەو گەیاندن، وە پێى دەڵێت: “ژیانى کارت کۆتاى پێهات، کۆتایت لە ژێرزەمینێکدا دەبێت، بەهەڵم نامە بکەیتەوە تا خانەنشین دەبیت. ئەوە واتاى بیست ساڵى داهاتوو” ویسلەر ژیانى “درایمان” ڕزگار دەکات، بەو هۆیەش خۆى لەسەر کارەکەى دەردەکرێت. بەڵام زۆرى پێناچێت، پاش چەند ساڵێک دیوارى بەرلین دەڕووخێندرێت و هەردوو ئەڵمانیاکە یەک دەگرنەوە.
دواجار درایمانیش بۆى ڕوون دەبێتەوە ئەو کەسەى ژیانى ڕزگار کرد ویسلەر بوو، بەو هۆیەش درایمان ڕۆمانێک دەنووسێت بە ناوى “سۆناتا بۆ مرۆڤێکى باش ڕۆمانەکە پێشکەش بە ویسلەر دەکات. بە گشتى فیلمەکە نمایش و دیارخەرى نێوان دوو جیهان و دوو دونیاى جیاوازە، شکڵ و تایبەتمەندى هەریەکێکیان، بەڕوونى بەرجەستەیەوبینەر بەڕوونى دەیانبینێت.
مۆسیقاى فیلمەکە نەرم و غەمگینە، پاڵپشتى کەشى پڕ لەترس و دڕندانەى فیلمەکەیە.
ژیانى ئەوانى دیکە لەڕەهەندیکەوە، دونیا لەبەرچاوى بینەرتاڵ دەکات. بەوهۆیەى کە بێ پێچ و پەنا، بیرەوەرى مێژوویى ڕۆژانێک دەگێڕیتەوە، کەتاڵەو ژەهرى ئەو بیرەوەریەش، بەسەر مێژووى هەموو سەردەمەکاندا دەگەڕێت.
دواى ڕوخاندنى دیوارى بەرلین، ڕووناکى کامێرا ودیمەنەکان پتر دەبن و شەقامەکان پڕدەبن لەخەڵک و شوێنەکان جمەیان دێت هەستى ژیان و گەرم و گۆڕى ژیان لاى بینەر درووست دەبێت. لەکۆتاى فیلمەکەشدا، کاتێک ویسلەر ئەو ڕۆمانە لە کتێبخانەیەکدا دەکڕێت کە پێشکەشى کراوە،ڕوناکى نێو کتێبخانەکە سپى دەردەکەوێت. هەموو ئەمانەش بەڕوونى ئاماژەى جیاوازى نیوان دوو کات و دوو سەردەم بەرجەستە دەکەن. ژیانى غەمگینى ئەوانى دیکە، ژیانى ڕۆشنبیران و هونەرمەندانن، ژیانى ئەو مرۆڤانەن، لەدەرەوەى سیستەم و ئایدۆلۆژیا سیاسى و حیزبییە دۆگماکان دەژین.ژیانى ئەو کەسانەن، دۆستى ژیانن و لەگەڵ سرووشتدا تەبان.