“خوێدنه‌وه‌ی به‌کارهێنانه سیاسییه‌کان له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان”
“پێشه‌کی”
یه‌کێک له پێناسه‌کانی گوتار(discourse) هه‌بوونی زاراوه و گوزاره‌ی جێگیر و نه‌گۆڕه له پانتای گێڕانه‌وه‌کانیدا، سه‌رکه‌وتنی هه‌ر گوتارێک ته‌نها ناگه‌ڕیته‌وه بۆ لۆژیکی پته‌و و قاییمی پێکهاته‌ی ئه‌و گوتاره، به‌ڵکوو ده‌شگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌فسانه و دیرۆکانهی بۆ زاراوه و گوزاره‌کانی ده‌یهۆنێته‌وه. بێگومان ئێسته ئاسان نییه ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئه‌و ڕووداوه گه‌وره‌یه دیاری بکه‌ین و بزانین که له چ کاتێکی دیاریکراودا و به‌هۆی چ ڕووداوێکی تایبه‌ت گوتار له‌و پێناسه لۆژیکی و زانستییه‌ی ده‌رچوو و بوو به کایه و یارییه‌کی سیسته‌ماتیک و ده‌سکرد و ساخته له خزمه‌ت ده‌سه‌ڵات و هێزه ئایدۆلۆژی و سیاسییه‌کاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که حاشاهه‌ڵنه‌گره به په‌ره‌سه‌ندنی میدیا گشتییه‌کان و پاشان ئاڕاسته‌کردنی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه سێبه‌ر و بهرههتاوهکانی له هه‌موو دونیا و به‌تایبه‌ت له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌سه‌ڵاته‌کان و داره‌ده‌ست و دهمامکههڵگرهکانیان تۆڕێکی مه‌زن له ئه‌کاونت و به‌کارهێنه‌ری ڕه‌شۆک وپۆپۆلیست (ڕاسته‌قینه یان ده‌سکرد و ساخته)یان هه‌یه که خه‌ریکن ڕایه‌ڵه و ته‌ونی جاڵجاڵۆکهئاسای گوتاره کوشنده و دژه لۆژیک و ئاوه‌زه‌کانیان په‌ره پێده‌ده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی باشترین تریبۆن و میحرابن و له‌وه‌ش گرینگتر ئه‌و گوتار و خوتبانهیه که به زایه‌ڵه و تۆنێکی مه‌به‌ستدار پێشکه‌ش ده‌کرێت، واته ئه‌و گوزاره و چه‌مک و زاراوانه‌ی که زه‌ق و فورموله ده‌کرێت.
وه‌کوو وتم؛ له ئاوه‌ها فۆرمێکی چالاکیی گوتاره‌کاندا به ئاسانی جێگه پێی لۆژیک و ڕوانینی توێژینه‌وه‌یی و کتێبخانه‌یی له‌ق ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنیته‌وه هێزێکی ڕه‌شۆک له له‌شکری سایبێری و ئه‌کاونتی سێبه‌رئاسای ساخته و ئه‌و نالۆژیکی و گهمژهییهیه که به‌پلان په‌ره‌ی پێ ده‌درێ. به‌دڵنیاییه‌وه خه‌یاڵدانی مرۆڤ له هه‌موو دونیادا به‌ر له‌وه‌ی به زانست و مه‌عریفه‌ی به‌ڵگه‌مه‌ند گۆش کرا بێت به ئه‌فسانه دیرۆکییه‌کان و خورافه‌ته ئاینییه‌کانه‌وه فرچکی گرتووه، واته بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ خواستی ئه‌فسانه و بیرۆکه ئایینییه‌کان که به زۆری له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی مرۆڤ بۆ ڕزگار و ده‌ربازبوون له ئازاره مادییه زه‌مینییه‌کانه‌وه گرێ دراوه له‌م قۆناغه‌ی شارستانییه‌تی مرۆیی‌دا له ڕێگه‌ی گوتاره سایبێری و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه به ئاسانی ده‌توانێت بۆ ناو زه‌ینی تاک وکۆمه‌ڵگا شۆڕ بێته‌وه و له زۆر حاڵه‌تیشدا و به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا وڵاته‌کان له دروستکردنی وتاری ساخته و ئاماری ناڕاست و دروستکردنی باوه‌ڕی هه‌ڵه‌ی قبووڵکراو له ڕێگه‌ی ئه‌م میکانیزمه‌وه سه‌رکه‌وتوو بوون، بێگومان ئه‌م پلان و یارییانه له هه‌ر وڵاتێک‌دا گرێدراوی چه‌ندین فاکتۆر و خاڵی یاریکه‌رن که هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی مێژوویی و کو‌لتووریی تایبه‌ت به خۆیانن، لێره‌دا نموونه‌ی وڵاتی چین بۆ گوتارسازیی ساخته له ئاڕاسته‌کردنی ڕای گشتی و یارییه‌کانی له تۆڕه کۆمه‌لایه‌تییه‌کاندا به شیوه‌یه‌کی ناسک و به‌پێی پلانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-ده‌روونناسانه له ڕووداوێکی گرینگی دیاریکراودا ده‌خه‌مه ڕوو و، پاشان نموونه‌ی گوتاری ئێرانی واته ئێرانته‌وه‌ری له مێژوویه‌کی دوور و درێژدا و جۆری پێناسه‌کردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ دۆزی کورد له هه‌موو کوردستانی گه‌وره به‌شێوه‌یه‌کی خێرا و سه‌رنموونه باس ده‌که‌م.
“یاری گوتار له تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتی چین و ئاڕاسته‌کردنی ڕای گشتی”
له مانگی ژووه‌نی ساڵی 2013، دانیشتووانی پارێزگای سین کیانگی چین ناڕه‌زایه‌تییه‌کیان ده‌ربڕی. له شاری دووره‌ده‌ستی لوکچوون، هاووڵاتیانێک که ته‌نها چه‌کیان چه‌قۆ و مه‌شخه‌ڵه ده‌سکرده‌کان بوو، هێرشیان کرده سه‌ر بنهکاکنی پۆلیس و باره‌گا حوکومییه‌کان. که‌سانی ناڕازی حه‌ڤده پۆلیس و به‌رپرسی ده‌وڵه‌تیان کوشت. هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تیش به ته‌قه‌کردن له‌وان و کوشتنی ده که‌س تۆڵه‌یان لێ سه‌ندنه‌وه. پارێزگای سین کیانگ له سنووری باکووری ڕۆژئاوای چین، له نێوان دوو وڵاتی مه‌غۆلستان و کازاخستان دایه. فره‌ڕه‌نگی ئیتنیکیی ئه‌م پارێزگایه له چاوه‌ی ناوچه‌کانی دیکه‌ی چین زیاتره. دانیشتووانی ئیغوور له ڕووی کولتوورییه‌وه زیاتر هاوشێوه‌ی هاووڵاتیانی وڵاته موسڵمانه‌کانی دراوسێن تاکوو نه‌ته‌وه‌ی “هان” که زۆربه‌ی چینییه‌کان په‌یوه‌ستن به‌وانه‌وه. زمانی ئیغورییهکان له بنه‌ماڵه‌ی زمانه تورکییه‌کانه، زمانێکی په‌یوه‌ست به ئاسیای ناوین که زیاتر له تورکی ده‌چێت تا چینی. ئیغورییهکان پێڕه‌وی ئایین و کولتووری ئیسلامین. هه‌ر بۆیه ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی چین خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره بۆ یه‌کێتیی کو‌لتووریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت. ده‌وڵه‌تی چین سیاسه‌تێکی تووند و تۆڵی سه‌ربازیی بۆ پارێزگای سین کیانگ داناوه. له شارانێکی وه‌کوو لوکچوون، ده‌وڵه‌ت به دانانی یاسای تووندوتۆڵ و سه‌ختگیرانه و له هه‌مان کاتدا کۆنترۆڵکهرانهی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی، فرۆشتنی جلوبه‌رگی ئیسلامیی قه‌ده‌غه کردووه و مه‌جال بۆ ئیش‌کردنی ئه‌و دانیشتووانه‌ی که به نه‌ته‌وه‌یه‌ک جگه له هان په‌یوه‌ستن، نادات.
حوکومه‌تی چین ده‌زانێت که ئه‌وه‌ی گه‌شه‌کردنی جیهانیی به‌ڕواله‌ت بێ پسانه‌وه‌ی وڵاتی چین به شێوه‌یه‌کی جیدی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، ته‌نها دژایه‌تی ناوخۆیه نه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه؛ چونکه ته‌ڕاتێنه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی چین گرێدراوه به یه‌کێتیی ناوخۆیی ئه‌م وڵاته‌وه. ڕاپه‌ڕینی ساڵی 2013ی شاری لوکچوون دڕندانه‌ترین نموونه‌ی تووندوتیژیی مه‌ده‌نی بوو که پارێزگای سین کیانگ دوای ساڵانێک به‌سه‌ری هاتبوو. ڕێبه‌رانی چین باوه‌ڕیان وابوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاپه‌ڕینه ده‌بێت په‌رچه‌کردارێکی زوو و خێرا پیشان بده‌ن. ده‌وڵه‌ت زۆر به خێرایی له تریبۆنی فه‌رمیی خۆی واته ڕۆژنامه‌ی گلۆبال تایمزی چین و هه‌روه‌ها له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌کوو ڤیبۆ که هاوتای فه‌یسبووکه له وڵاتی چین، به نیسبه‌ت ئه‌م ڕووداوانه‌وه په‌رچه‌کرداری پیشان دا.
که‌مپینی درۆکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆی ده‌وڵه‌ت خێرا و به ده‌ستوبرد بوو. هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئه‌مه بوو؛ شۆڕشی لوکچوون له ڕاستیدا هێرشێکی تیرۆریستیی بێ پلان بووه که هۆکاره‌که‌ی موسوڵمانانی تووندئاژۆی سوریایی بوون. ئه‌م ئاکاره هه‌مان درۆ بڵاوکردنهوهیهکه که له حوکوومه‌ته دیکتاتۆره‌کان چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ین. له ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تی چینیشه‌وه، تاوانبار نیشاندانی تووندئاژۆ ده‌ره‌کییه‌کان کارکرد و کاریگه‌ریی جۆراوجۆری هه‌یه. یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی پته‌و و به‌هێز ده‌کات. موسڵمانه پاشماوه‌کان له سین کیانگ زیاتر له پێشوو پاشه‌کشێ پێ ده‌کات و شه‌رمه‌زاریان ده‌کات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌مه‌مان پێ ده‌ڵێت که مه‌ترسییه‌ک له لایه‌ن وڵاتانی ده‌ره‌وه له ئارادایه. هه‌ڵبه‌ت ڕاستیی ڕاپه‌ڕینی لوکچوون نیگه‌رانکه‌رتره له نیگا و ئاکاری ساده و خه‌مساردانه‌ی ده‌وڵه‌ت. ڕاپۆرت و گێڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیانی پارێزگای سین کیانگ پیشان ده‌دات که له مانگه‌کانی پێش له هێرشه ئاماژه‌پێدراوه‌کان، ده‌وڵه‌ت ڕێوشوێنه ئه‌منی و ته‌ناهییه‌کانی له‌و ناوچه‌یه تووندوتۆڵ کردبووه‌وه. له ئه‌نجامی ده‌ستبه‌سه‌رکردنه زۆر و زه‌به‌نده‌کانی به‌رپرسه خۆجێییه‌کاندا زۆرێک له ئیغوورییهکانی شاری لوکچوون یان له‌ناو چوون یان بێ سه‌روشوێن کران. شۆڕشی مانگی ژووه‌نی ساڵی 2013 په‌رچه‌کردارێک بوو له هه‌مبه‌ر به‌کارهێنانی ڕێوشوێنیی ئه‌منی زۆر سه‌رکوتکارانه له‌م ناوچه‌یه‌دا.
بهژێربهڕهکردن و په‌رده‌پۆشکردنی دژایه‌تیی ناوخۆیی بابه‌ت و ڕووداوێکی تازه نه‌بوو. حوکوومه‌تی چین به‌جار و بار کرده‌وه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌نجام دابوو. هه‌ڵبه‌ت له چاخی میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا شێوازی چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تیی چین به شێوه‌یه‌کی چرووکانه سواو و پووکاوه بووبوو. ده‌وڵه‌ت خه‌ریک بوو له‌و کۆنه فێڵانه که‌ڵکی وه‌رده‌گرت که نێزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌ک ته‌مه‌نی بوو و ئیتر که‌سێک باوه‌ڕی پێی نه‌ده‌کرد و پێی نهدهخڵهتا. به‌ڵام له درێژه‌ی ڕووداوه‌کاندا، چین کارێکی کرد که که‌س چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌کرد. کاتێک ورده‌ورده له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا شه‌پۆلی گفت و گۆکان و ڕاپۆرته‌کان له‌باره‌ی ڕووداوه‌کانی لوکچوون په‌ره‌ی سه‌ند، پیاوانی حوکوومیی چین و ژێرده‌سته‌کانیان، له حاڵێکدا خۆیان به هاووڵاتیانێکی ئاسایی ناوزه‌د کردبوو، لێشاوێک له په‌یام و نێردراوه و پۆست ساخته و درۆیان له تۆڕه کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی چیندا بڵاو کرده‌وه. ئه‌م به‌کارهێنه‌ره ساخته و ده‌سکردانه له ناوه‌رۆکی ئه‌م په‌یامانه‌دا نه له‌باره‌ی هێرشه‌کانی لوکچوون درۆ و ده‌له‌سه‌یان بڵاو کرده‌وه و نه ڕاپۆرته ههوڵدهرانه سه‌ربه‌خۆکانیان له‌باره‌ی لوکچوون دایه به‌ر ڕه‌خنه. به‌ڵکوو له باتی ئه‌مه له زۆرێک له په‌یامه‌کاندا مارشی خۆجێییان زۆر ستایش کرد. له په‌یامه‌کانی دیکه‌دا باسێکی سیاسیی گه‌رم و گوڕیان له‌باره‌ی به‌رنامه نوێکانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی چین خسته ڕێ. له هه‌ندێک په‌یام و نێرده ی دیکه‌شدا به‌کارهێنه‌رانی ئه‌نته‌رنێتیان هان دا تاکوو بیر و ڕایان له‌باره‌ی لێدوانی نوێی سه‌رۆک کۆمار؛ شی جین پینگ له ژێر ناوی “خه‌ونی چین” ڕاگه‌یه‌نن.
به‌ڵام ئه‌م نێردراوانه چ په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی لوکچووندا هه‌بوو؟ له ڕاستیدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان نه‌بوو. ئه‌م په‌یام و نێردراوانه کۆمه‌ڵیک بابه‌تی ناپه‌یوه‌ندیدار بوون که ده‌وڵه‌ت له کرده‌وه‌یه‌کی ستراتیژی و چارسه‌رێکی لاڕێدهرانهدا بڵاوی کرده‌وه. پۆسته‌کان به‌شێک له که‌مپینی سه‌رتاسه‌ریی حکومه‌تی چین بۆ چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون، که‌مپینێک که به شێوه‌یه‌کی ژیرانه و وشیارانه گه‌ڵاله کرابوو و به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو جێبه‌جییان کردبوو. پیاوانی ده‌وڵه‌تیی چین له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌ڵکیان وه‌رنه‌گرت تاکوو دژی ههواڵانێک بوه‌ستنه‌وه که حه‌یا و ئابڕووی ڕژێمه‌که‌یان ده‌بات، واته له سه‌ر ڕاستبوونی ڕووداوه‌کانی لوکچوونیش هیچ گومانێکیان دروست نه‌کرد، له باتی ئه‌وه له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا کۆمه‌ڵێک گفت و گۆی ناپهیوهندیداریان خسته گه‌ڕ تاکوو سه‌رنجی خه‌ڵک له هۆکاره دروست و ڕه‌واکانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان بدزنه‌وه و ڕای گشتیی به‌لاڕێدا ببه‌ن. چین له نه‌خشه‌ڕێ و ستراتیژی تازه‌یدا تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به شێوه‌ی خراپ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌کار هینا. ڕێبه‌رانی ئه‌م وڵاته ده‌یان هه‌زار به‌کرێگیراوی حوکومییان به‌کار هێنا. ئه‌م ڕاسپێردراوانه که له پشت ده‌مامکی ئه‌کاونته ساخته‌کانه‌وه خۆیان حه‌شار دابوو، به شێوه‌یه‌کی هاوئاهه‌نگ و هاوکات، ڕاسپارده و ستۆری و تیۆره‌کانیان بڵاو ده‌کرده‌وه. ئامانجیشیان به‌لاڕێدابردنی سه‌رنجی خه‌ڵک له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی لوکچوون بوو. به‌م کرێگرته ده‌وڵه‌تییانه ده‌ڵێن “له‌شکری په‌نجا سینتی”. هۆکاری ناونانی ئه‌مانه‌ش حه‌قده‌ستی په‌نجا سێنتییان له به‌رامبه‌ر به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر پۆست و کۆمێنت بوو.
کرده‌وه‌کانی ئه‌م گرووپه وه‌ها کاریگه‌رییه‌کی سامناک و کوشنده‌ی هه‌بوو که هه‌نووکه‌ش به‌کارهێنانی له‌شکری په‌نجا سێنتی یه‌کێک له نه‌خشه‌ڕێ و ستراتیژه‌کانی چینه بۆ چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تییه. له ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی نێزیکه‌ی 448 ملیۆن په‌یامیان له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چین بڵاو کرده‌وه. کاتێک ئه‌م ژماره‌یه له‌گه‌ڵ 80 ملیار په‌یام و ڕاسپارده به‌راورد ده‌که‌ین که به‌کارهێنه‌رانی میدیا کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی ئه‌م وڵاته به شێوه‌ی ساڵانه بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، له به‌رامبه‌ر هه‌ر 178 په‌یام و ڕاسپارده‌ی به‌کارهێنه‌رانی ڕاسته‌قینه، له‌شکری په‌نجا سینتی 1 په‌یام و ڕاسپارده‌ی ساخته بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر ستراتیژی ده‌وڵه‌تی چین بۆ گه‌یشتن به خاڵی وه‌رچه‌رخانیش له‌به‌ر چاو بگرین، تێده‌گه‌ین که ڕیژه‌ی ئاماژه‌پێکراو ته‌نانه‌ت له‌مه‌ش زیاتره. به‌کرێگیراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان 448 ملیۆن په‌یام و ڕاسپارده‌ی خۆیان به شێوه‌یه‌کی یه‌ک ده‌ست له ماوه‌ی ساڵێکدا بڵاو ناکه‌نه‌وه. ئه‌وان په‌یام و ڕاسپارده‌کانیان به شێوه‌یه‌کی ستراتیژی و ڕێچکهدانهرانه و له چوارچێوه‌ی چالاکیگه‌لێکی له‌ناکاو و هاوئاهه‌نگدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئان‌وسات دوای ڕاپه‌ڕینه‌کانی لوکچوون، ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی هه‌زاران ڕاسپارده‌ی پله یه‌ک و دووپاته‌یان به ئامانجی گۆڕینی گوتار له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاو کرده‌وه. ئه‌گه‌ر که‌سانێکی پێویست له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت و ئاکارێکی دیاریکراو هاوئاهه‌نگ بکه‌ن، ورده‌ورده، که‌سانی دیکه ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وت و ئاکاره به ڕه‌وا ده‌زانن و ئاکاری دیکه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م یارییه گوتارییانه له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌م شێوه‌یه‌یه که که‌سه‌کان ته‌نها له حاڵه‌تێکدا ده‌توانن له‌گه‌ڵ یه‌کدی قسان بکه‌ن که په‌یوه‌ست بن به گفت و گۆیه‌کی دیاریکراو و تاقانه‌وه. ئه‌گه‌ر که‌مینه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ست له کرده‌گه‌ران یان کارمه‌ندانی بندیواری ده‌وڵه‌ت ده‌ست له‌گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵ که‌ن تاکوو بابه‌تی گفت و گۆ بگۆڕن، که‌سانی دیکه به سه‌ختی ده‌توانن له هه‌مبه‌ر یهکڕهنگبوون له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌مینه‌یه‌دا خۆڕاگر بن. به‌هه‌رحاڵ زمان جۆرێک یاریی هاوئاهه‌نگییه. هه‌ڵبه‌ت له‌شکری په‌نجا سێنتی فێڵێکه که له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتیژانه‌ی که حکوومه‌ته دیکتاتۆره‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ سانسۆرکردن به کاری ده‌به‌ن، جیاوازییه‌کی زه‌ق و دیاری هه‌یه. کاری ئه‌م گرووپه به پێچه‌وانه‌ی سانسۆر به مانا گشتییه‌که‌یه، حوکوومه‌تی چین به وته‌ی خۆی کتێبه گێره‌شێوێن و ئاژاوهگێڕانهکان ناسووتێنێت، به‌ڵکوو بازاڕ له چیرۆکه ڕه‌شۆک و هیچ و چرووکهکان (به‌ڵام هاوکات سه‌رنجڕاکێشه‌کان) ده‌ئاخنێت.
له مانگی ئاڤریلی 2014دا هێرشێکی دیکه له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئورومچییهی پارێزگای سین کیانگ ڕوویدا که بوو به هۆی کوشتنی سێ که‌س. ئه‌مجاره‌یان ده‌وڵه‌تی چین کاتی به‌فیڕۆ نه‌دا تاکوو موسڵمانه تووندئاژۆکان وه‌کوو تاوانبار بناسێنیت. له‌شکری په‌نجا سێنتیی چالاک کرد تاکوو هه‌زاران په‌یام و ڕاسپارده له ستایشی تایبه‌تمه‌ندییه ئه‌رێنییه‌کانی سیاسه‌ته نوێکانی ده‌وڵه‌ت له‌باره‌ی بینا و خانووبه‌ره‌ی نیشته‌جێبوون بڵاو کاته‌وه. له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بابه‌ته ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی ڕاسپارده‌یه‌کی زۆر و زه‌به‌ندی نوێیان له‌باره‌ی ده‌رفه‌ته‌کانی گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سین کیانگ بڵاو کرده‌وه و ڕاسپارده‌کانی هاووڵاتیان له‌باره‌ی هێرشی ئاماژهپێدراویشی به ئاسانی خسته په‌راوێزه‌وه. یه‌کێک له فێڵه سه‌یر و له هه‌مان کاتدا کاریگه‌ره‌کان که ده‌وڵه‌ت بۆ به‌لاڕێدابردنی سه‌رنجی خه‌ڵک به‌کاری برد، خستنه‌گه‌ڕی باسێکی تیۆریک له‌باره‌ی بنه‌ماکانی ئه‌ندێشه‌ی مائۆئیسم بوو. ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی باسێکی پڕ جۆش و خرۆشیان خسته گه‌ڕ و وتیان ڕێبه‌رانی چین ده‌بێت بیروڕای خه‌ڵک و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له پرۆسه‌ی بڕیاردانی ده‌وڵه‌تدا له‌به‌رچاو بگرن. پاش ئه‌وه‌ش گفت و گۆیه‌کی پڕ له ململانێ و دوور و درێژ و ورد له‌باره‌ی بنه‌ما کۆمۆنیستییه‌کان ده‌ستی پێ کرد. به‌پێچه‌وانه‌ی ستراتیژه به‌کارهاتووه‌کان له ئاڵمانی سه‌رده‌می نازی یان ڕووسیای سه‌رده‌می ستالین، ستراتیژ و پلانی پهنجاسێنتیی چین، وه‌ستاندنی گه‌ڕیان و ڕه‌وتی زانیارییه‌کان نییه، به‌ڵکوو ئیداره‌دان و ئاڕاسته‌کردنی شێوه‌ی وه‌رگرتن و ڕاڤه‌ی زانیارییه‌کانه. ستراتیژی ده‌وڵه‌تداره چینییه‌کان ئه‌مه‌یه که ڕاگۆڕینه‌وه به ئازاد بهێڵنه‌وه؛ به‌ڵام خۆیان نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه زاڵه‌کان له‌سه‌ر بیروڕا ئاڵوگۆڕکراوه‌کان دروست بکه‌ن.
وا دێته پێش چاو بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م ستراتیژه‌ی چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تیی کاریگه‌ر بێت، ده‌بێت بوونی له‌شکری په‌نجا سێنتی وه‌کوو بابه‌تێکی نهێنی بمێنێته‌وه؛ به‌ڵام سه‌یرترین خاڵ له‌باره‌ی له‌شکری په‌نجا سێنتی ئه‌مه‌یه که سیسته‌مێکی شاراوه و نهێنی نییه. له چیندا هه‌مووان ده‌زانن که ئاوها له‌شکرێک بوونی هه‌یه. له ڕاستیدا خودی ده‌وڵه‌ت هه‌بوونی ئاوا له‌شکرێک به خه‌ڵک ڕاده‌گه‌یه‌نێت. چه‌ند ساڵ پێش ئێستا کۆلێژی زانسته سیاسییه‌کانی زانکۆی هاروارد ڕاپۆرتێکیان بڵاو کرده‌وه و باسیان له له‌شکری په‌نجا سێنتی کرد. ده‌وڵه‌تی چینیش به شێوه‌ی فه‌رمی و له نووسراوێکدا وه‌ڵامی دایه‌وه. له‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌دا ده‌وڵه‌تدارانی چینی به‌رپرسیارێتی کرده‌وه‌کانی ئه‌م له‌شکره‌یان گرته ئه‌ستۆ و ئه‌ندامانی ئه‌م له‌شکره‌یان به وه‌فادار و ئه‌مه‌گناس ناو برد که ڕای گشتی به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی وڵات‌دا ده‌جووڵێنن و ڕێنوێنیان ده‌که‌ن. له ڕاستیدا ده‌وڵه‌تی چین له‌باتی ئه‌وه‌ی که کرده‌وه فریوده‌رانه‌کانی ئه‌م گرووپه ڕه‌ت بکاته‌وه، ده‌ستی کرد به ستایش و پێداهه‌ڵدانیان. به‌ڵام ئاوه‌ها فێڵێک بۆچی و چۆن ئه‌نجامی ده‌بێت؛ ئه‌وه‌ش له کاتێکدا هه‌مووان له بوونی وه‌ها له‌شکرێک ئاگادارن؟ ڕاستییه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌که ئه‌مه‌یه؛ له‌شکری په‌نجا سێنتی ته‌نها به‌م هۆکاره سه‌رکه‌وتووه که هه‌مووان ئاگاداری بوونی هه‌ن و ده‌زانن که هه‌یه!
ستراتیژ و نه‌خشه‌ڕێی حوکوومه‌تی چین له ڕاستیدا نوسخه‌یه‌که له جادووکردن که به شێوه‌یه‌کی زیره‌کانه فۆرمه‌که‌یان ئه‌مڕۆیی کردووه‌ته‌وه و گۆڕیویانه. له جادووکردندا که‌سه‌کان ناچار ده‌که‌ن باوه‌ڕه ڕاسته‌قینه‌کانیان بشارنه‌وه تاکوو وه‌کوو جادووگه‌ر ناو نه‌برێن. کاتێک خه‌ڵک نه‌توانن زه‌ینی یه‌کتری بخوێننه‌وه، هه‌مووان وای وێنا ده‌که‌ن هاوتاکانیان لایه‌نگری جادووکردنن ؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌سێکیش لایه‌نگر و هۆگری نه‌بێت. ترس و تۆقینی خه‌ڵک له‌وه‌ی که تۆمه‌تبار بکرێن به جادووگه‌ری، ته‌نانه‌ت ڕه‌شبینترین هاووڵاتیانیش وا لێ ده‌کات ئه‌وانی دیکه به جادووگهربوون تۆمه‌تبار بکه‌ن.
له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چیندا، تاقانه ڕێگای سه‌لماندنی هاووڵاتییه‌کی وه‌فادار ئه‌مه‌یه که ئه‌و هاووڵاتییه که‌سانی دیکه تۆمه‌تبار بکات که به شێوه‌یه‌کی نهێنی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ده‌ستیان تێکه‌ڵه. له‌شکری په‌نجا سێنتی له‌م فێڵ و ته‌کنیکه به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. له ڕاستیدا ئه‌ندامانی ئه‌م له‌شکره هاووڵاتیانی ئاسایی چین به لایه‌نگریی له ڕوانگه‌کانی پشتگیرانی ده‌وڵه‌ت تۆمه‌تبار ده‌که‌ن. ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی چه‌ندین و چه‌ند شوناسی جیاواز ساخته ده‌که‌ن. له پشتگیریی له هه‌ر کام له لایه‌نه‌کانی باسه‌که‌دا به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه و گفت و گۆگهلێکی پڕ جۆش و خرۆش له گه‌ڵ خۆیان و ئه‌ندامانی دیکه‌ی له‌شکره‌که ده‌خه‌نه گه‌ڕ. ته‌نانه‌ت له‌و گفت و گۆیانه‌ی که به‌شداربووانی دیکه به ڕاده‌ربڕینی گومڕاکه‌ر تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، خۆیان بیر‌و ڕای گومڕاکه‌ر ده‌خه‌نه ڕوو. هه‌ندێک له‌م تۆمه‌تانه ڕاستن و ئه‌و ڕاسپاردانه ده‌که‌نه ئامانج که ئه‌ندامانی دیکه‌ی له‌شکری په‌نجا سێنتی به‌رهه‌میان هێناون؛ به‌ڵام گومانێک له‌وه‌دا نییه که زۆربه‌یان ساخته‌ن. ئه‌نجامی ئه‌م کرده‌وه‌یه هه‌مان ئه‌نجامی جادووکردن و دیاریکردنی جادووگه‌ره. ئه‌گه‌ر نه‌توانین تێبگه‌ین کێ فێڵباز و چاوبهستکاره و کێ ڕاستگۆ، ئیتر ناتوانین زه‌ینی ئه‌وانی دیکه‌ش بخوێنینه‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌مووان بۆ ئه‌نجامدانی ئاکارێک هاوئاهه‌نگ ده‌بن که وا دێته پێش چاو که‌سانی هاوتای خۆیان قبووڵیان کردووه؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاکاره ته‌نها و ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌کی ساخته و ڕۆنراوی ده‌وڵه‌ت و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی بێت.
تایبه‌تمه‌ندیی ژیرانه‌ی ئه‌م ستراتیژه ئه‌مه‌یه که ڕوونبێژی و ئاشکرابوونی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت له‌باره‌ی بوونی له‌شکری په‌نجا سێنتی، به‌شیوه‌یه‌کی زه‌ق و دیار، له باوه‌ڕه ڕاسته‌قینه‌کانی خه‌ڵک ده‌سڕێته‌وه. تۆمه‌تبارکردنی که‌سانی دیکه به هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت له میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی چیندا هێنده سووک و چرووک ده‌بێت که ئیتر وه‌کوو کارێکی منداڵکارانه دێته پێش چاو. هه‌ر بۆیه هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه بیسه‌لمێنێت که‌سێک ڕاستگۆیه، له‌ناو ده‌بات. چین له ساڵی 2004ه‌وه تاقیکردنه‌وه‌ی ئه‌م ستراتیژه‌ی ده‌ست پێ کرد. له‌و کاته‌وه تاکوو ئێستا چه‌ندین و چه‌ند لێکۆڵه‌ری زانکۆ و بنکه‌ی میدیایی هه‌وڵیان داوه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی په‌یوه‌ندیی وه‌ربگرن و داوایان لێ بکه‌ن له‌باره‌ی فێڵه‌کانی ئه‌م له‌شکره له چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بیر و ڕا ده‌رببڕن. بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ که‌س نه‌یتوانی وتووێژێک ساز بکات؛ به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له ساڵی 2011، هونه‌رمه‌ند و کرده‌گه‌ری ناوداری چینی “ئای ڤی ڤی” توانی ئه‌مه بکات. کاتێک که ڤی ڤی له یه‌کێک له که‌مپه‌کانی چین زیندانی بوو، توانیی له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ئه‌ندامانی له‌شکری په‌نجا سێنتی په‌یوه‌ندیی بگرێت و له‌گه‌ڵی وتووێژێک ساز بکات. له یه‌کێک له به‌شه مانادهرهکانی وتووێژه‌که‌دا، ئای ڤی ڤی له‌و ئه‌ندامه‌ی له‌شکر له‌باره‌ی بابه‌تی ڕاستبێژی و فریودان پرسیاری کرد. “ئای ڤی ڤی” وتی؛ وا بیر ده‌که‌یته‌وه ده‌وڵه‌ت مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که ڕای گشتی ئاڕاسته بکات؟ ئه‌ندامی له‌شکری په‌نجا سێنتی وه‌ڵامی دایه‌وه: “به‌ڵێ. له چیندا ده‌وڵه‌ت به دڵنیاییه‌وه ده‌بێت ده‌ستێوه‌ردان بکات و ڕای گشتیی ئاڕاسته بکات. زۆربه‌ی به‌کارهێنه‌ره چینییه‌کان مێشکیان به‌کار ناهێنن. هه‌ر بۆیه هه‌واڵه ساخته و درۆکان به ئاسانی فریو و هانیان ده‌دا.” له درێژه‌دا، له چرکه‌ساتێک که جاڕی ڕاستییه‌ک ده‌درا، جه‌نابی په‌نجا سێنتی ده‌ستی کرد به دژوازیی بێژی و به‌وپه‌ڕی هێورییه‌وه دانی به‌مه‌دا نا که خۆیشی هه‌واڵی ساخته و درۆ بڵاو ده‌کاته‌وه. “ئای ڤی ڤی” پرسیاری کرد: “خۆیشت ناچاری ئه‌و قسانه‌ی دێنیته سه‌ر زار باوه‌ڕیان بکه‌ی؟” ئه‌و وتی: “ناچار نیم باوه‌ڕیان پێ بکه‌م. هه‌ندێ جار ده‌زانی قسه‌یه‌ک که ده‌یکه‌یت درۆیه یان ڕاستیی تێدا نییه؛ به‌ڵام ده‌بێ قبووڵی که‌یت و بواری بده‌یتێ چونکه پیشه‌ته”.
هه‌ر بۆیه پێویست ناکات کرده‌گه‌ره‌کان ڕاستبێژ بن تاکوو بتوانن سووڕی ئاڕاسته‌کردن و ده‌ستێوه‌ردان چالاک بکه‌ن و بیخه‌نه گه‌ڕ. ته‌نها ده‌بێت ده‌ره‌وه‌ست بن. له چین و هه‌ر شوێنێکی دیکه، خودان و میرانی فریوکاری میدیا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کارێک ده‌که‌ن که په‌یام و ڕاسپێردراوه هاوئاهه‌نگه‌کانیان به ئاسانیی و به بێ ئه‌وه‌ی که‌س گومان بکات، نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بگۆڕن. له ڕاستیدا ئه‌م نموونه‌یه‌ی چین که تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به شێوازی له‌شکرێکی په‌نجا سێنتی، پلانه‌کانیان و دواتر شیوازی فورموولهکردن و ئاساییبوونه‌وه‌ی هه‌بوون و چالاکییه‌كان له ناو کۆمه‌ڵگا و چه‌سپاندنی له ڕای گشتیدا ده‌توانێت بۆ هه‌ر هێز و ده‌سه‌ڵاتێک زۆر شتی نه‌کرده و مه‌حاڵ ده‌سته‌به‌ر بکات، له‌م نموونه‌یه‌دا به ئاسانی بینیمان که ده‌سه‌ڵاتێکی ئایدۆلۆژیک چۆنچۆنی ده‌توانێت واقیعی و کرۆکی ڕووداوه‌که بگۆڕێته سه‌ر شتی دیکه به‌شێوه‌یه‌ک که ته‌نانه‌ت به‌کارهێنه‌ران له دونیای تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا باس و مژاری دیکه په‌ره پێده‌ده‌ن و له باتی ئه‌وه‌ی کرۆکی ڕووداوه‌که و هۆکاره‌که و لایه‌نه ڕه‌ش و کاره‌ساتاوییه‌کانی زه‌ق بکه‌نه‌وه ڕێک خه‌ریکن خزمه‌تی ئه‌و ئایدۆلۆژیایه ده‌که‌ن وه‌کو به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌م ڕووداوانه‌یه، ئه‌مه ئه‌و پلانه گه‌وره‌یه‌یه که هێزی میدیا و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ڕێگه‌ی خوارفهسازی و ئهفسانههۆندنهوه و له‌م نموونه‌یه‌دا له‌شکری پێنج سێنتی و نموونه‌ی جادووگه‌ری و جادووکران بینیمانه‌وه. ئه‌مه له وڵاتێکی وه‌کوو چیندا ڕه‌نگه زۆریش سه‌یر نه‌بێت به حه‌شیمه‌تێکی نزیک له یه‌ک ملیار و نیوه‌وه که ئیداره‌دانی وڵاتێکی به کولتوورێکی کۆن و که‌ونینه‌وه و به جوگرافیایه‌کی پان و به‌رینه‌وه و به ململانێی ئایدۆلۆژیکی و ژیۆپۆله‌تیکی له گه‌ڵ زلهێزانی وه‌کوو ئه‌مریکا و ته‌نانه‌ت ڕووسیا و هاوکێشه گچکه‌کانی هه‌رێمیش له‌وانه کێشه‌ی تایوان که ئاوه‌ها پلانگه‌لێکی ئامدهکراو و پێشوه‌خت و ورده‌کارانه‌ی هه‌بێت و دۆسییه‌ی سه‌رکوت و خوێنڕشتن په‌ره‌ده‌پۆش بکات. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م نموونه‌یه بۆ وڵاتانی وه‌کوو ئێراق و ئێران شیواز و فۆرمێکی ته‌واو جیاواز ده‌گرێته خۆی.
“ئێران و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئه‌فسانه‌ی ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌به‌کان(جوداییخوازه‌کان)”
ده‌بێت له‌م دێڕانه‌دا ئێران پێناسه بکه‌م، دیاره مه‌به‌ستی من له ئێران له‌م وتاره‌دا ته‌نها کۆماری ئیسلامی نییه به‌ڵکوو هه‌ر ڕژێم و سیسته‌مێکه که پێش ئه‌و وه‌کوو داموده‌زگای میری و سیسته‌می سیاسی هاتووه‌ته ئاراوه و ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه له داهاتووشدا و پاش ئه‌و له سه‌ر هه‌مان گرێژه‌نه سیاسه‌ته‌کانی بچه‌رخێت و بێته ئاراوه. له‌م پێناسه‌یه‌دا ئێران به‌ر له هه‌ر شتێک باوه‌ڕ و خه‌ونێکه به ئوستووره‌یه‌کی کۆن که له کۆتاییه‌کانی سه‌رده‌می قه‌جه‌ردا و سه‌روبه‌ندی مۆدێڕنکردنه‌وه‌ی ئێران(1935) و ده‌سپێکی په‌هله‌وی یه‌که‌م واته ڕه‌زا شای په‌هله‌وی وه‌کوو زاراوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و سوخدرا و چڕکراوه و به مانای (وڵاتی ئاریاییه‌کان) هاته ئاراوه و تا پێش ئه‌وه له هه‌ر کوێ باسی کولتووری ئێرانیان بکردایه مه‌به‌ست پێرشێن یان پێرژن(Persian) واته فارس بووه، واته کاتێک باسی کولتووری ناو جوگرافیایه‌کی دیاریکراوی وه‌کوو که‌ره‌ج یان ئیسفه‌هان یان شیراز کراوه وتوویانه پێرژێن به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێڕنکردنی زۆره‌ملیی ئێران‌دا که مهعمورهکانی ڕه‌زاخانی هێرشیان ده‌کرده سه‌ر ماڵه‌کان تاکوو باڵاپۆش و حیجاب به ژنانیان لاده‌ن و له ژێر ناوی “کشف حجاب” فه‌رمانی بۆ ده‌رکرد، مه‌به‌ستیان فارس بووه و کولتووره‌کانی دیکه‌ش هه‌ر کامه‌و هه‌ر به ناوی خۆیانه‌وه واته کورد و عه‌ره‌ب و تورک باسیان لێوه کراوه، فێڵ و چاوبه‌ستی هه‌ره گه‌وره که له سه‌رده‌می ڕه‌زاخان و به چاوساغیی ئینگلیزییه‌کان کرا ئه‌وه بوو که پێرژێنیان کاڵ کردوه(واته به‌ته‌واوه‌تی لایان نه‌دا و ته‌نها کاڵیان کردوه و ئه‌مه باسێکی دیکه ده‌خوازێت) و ئێرانیان له جێی دانا، فێڵ و ته‌نانه‌ت ده‌کرێت بڵێین خه‌یانه‌ته گه‌وره‌که ئه‌وه بوو ئێران وه‌کوو میتافۆڕێکی گشتگیر بۆ هه‌موو ئه‌و جوگرافیایه‌ی به‌کار هات که له ژێر کۆنترۆڵی تاران و ناوه‌ندا بوون، به‌ڵام مانای ڕاسته‌قینه و کرۆکی میتافۆڕی ئێران له ڕاستیدا هه‌ر فارس بوو.
واته زاراوه‌ی “ئێران”یان بۆ چاوبه‌ستکردن و شوناسبهخشیی ساخته به نه‌ته‌وه‌کانی دیکه وه‌کوو وشه‌یه‌کی ناو گوتاری داهێنا و خستیانه ناو یاسای یاری و کایه‌ی گوتاره‌که‌وه به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌م وشه‌ی ئێران و هه‌میش هه‌موو ئه‌و گوزاره و چه‌مکانه‌ی که به ده‌وری گوتاری ئێرانی‌دا ده‌سووڕێنه‌وه ته‌نها و ته‌نها خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌ی فارس و زمانی فارسی و کهلتوورهکهیانی کردووه و ده‌کات، تا شوێنێک بوودجه و سه‌رمایه‌یه‌کی زۆریان بۆ ئه‌مه دانا و ته‌نانه‌ت له ناو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ڕۆشنبیری به‌کرێگیراو و کڕاویان دۆزییه‌وه و له سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌موو ئه‌م نه‌ته‌وانه کورد و تورک و به‌لووچ و ئێرانین، ده‌یان و سه‌دان کتێبیان نووسی و به‌ڵگه‌یان ساخته کرد و ته‌نانه‌ت له مێژوونووسه بیانییه‌کان به تایبه‌تی ئه‌رمه‌نییه‌کان (بۆ نموونه گارنیکی ئاساتوورییان) بۆ ئه‌مه که‌ڵکیان وه‌رگرت. “ئه‌حمه‌دی که‌سره‌و”ی وه‌کوو نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێکی ئازه‌ری گرنگترین و قووڵترین و هه‌ڵبه‌ت ساخته‌ترین په‌ڕتووکه‌کانی له‌مه‌ڕ ئێرانیبوونی ئازه‌رییه‌کان نووسی، ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئێران یه‌ک زمان و یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک کولتووره و ئازه‌ری له ڕه‌گه‌زی زمانی تورک نییه به مانا جیاوازه‌که‌ی و ته‌نها باڵێکه له زمانی فارسی، ئه‌مه بۆ کورده‌کانیش به چڕی و خه‌ستی جێبه‌جێ کرا، به‌ڵام به چه‌ندین هۆکار له‌وانه باوه‌ڕی ئایینی هاوبه‌ش له نێوان ناوچه‌کانی ئازه‌ربایجانی ڕؤژهه‌ڵات و ناوه‌ند، دۆخی ژیۆپۆله‌تیک و بازرگانیی و جوگرافیای سیاسیی ئازه‌رییه‌کان که نزیک بوو له باکووی پێته‌ختی ئازه‌ربایجان و چاودێریی تورکیاشی هه‌میشه به‌سه‌ره‌وه بووه ملکه‌چ و پێبه‌سته‌ی ناوه‌ند بوون و ده‌نگه‌کان به چڕی و به گوڕی خنکێران و کپ کرانه‌وه و دواجار به ڕێژه‌یه‌کی زۆر ملکه‌چ بوون، به‌ڵام بۆ نه‌ته‌وه‌کانی وه‌کوو کورد و به‌لووچ چونکه له ڕووی ئایینییه‌وه(وه‌کوو یه‌کێک له‌هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان) جیاواز بوون له گه‌ڵ ناوه‌ند و گوتاره سیاسی و ئایینییه‌که‌ی هیچ کات ملیان نه‌دا و ئێسته‌ش به گومانی ته‌واوه‌وه هه‌م له چه‌مکه ئایینییه‌کانی ناوه‌ند ده‌ڕوانن و هه‌م زاراوه و ده‌لاله‌تی گوتاره سیاسییه‌که‌یان لا جێگه‌ی گومانه. بێگومان هۆکاری ده‌ورگێڕ له ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا زۆره و من ته‌نها هۆکاره دیار و سه‌ره‌کییه‌که‌م باس کرد. به‌هه‌ر حاڵ ئێران و دواتر ئێرانیزم له سه‌ر وێرانکردنی ئاوه‌ها وێنه و خیاڵدانێکی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه خۆی هه‌ڵچنی و به‌ڕاده‌یه‌کی زۆریش له ئاستی گوتار و لۆبی و ئه‌ندێشه‌ی سیاسی‌دا گه‌شه‌ی کردووه. به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک به هه‌ر ماهییه‌تێکی سیاسیییه‌وه له چه‌په‌وه بگره تاکوو ڕاستی ڕادیکاڵ و ته‌نانه‌ت ئایینیش که ئێسته له‌سه‌ر کاره ئه‌سته‌مه به که‌مترین حاڵه‌ت له‌و میتافۆڕه و وێناکانی پاشه‌کشێ بکه‌ن، به وردبوونه‌وه و چاوخشاندنێک به ناو گوتار و نووسینه‌کان و بیرمه‌ندانی ئایینی وه‌کوو عه‌بدولکه‌ریمی سرووش، بیرمه‌ندانی نائایینی وه‌کوو “د.جه‌واد ته‌باته‌بایی، ڕامین جه‌هان بهگلوو”، شاعیران و ئه‌دیبانی وه‌کوو سوهراب سیپیهری و فرووغی فه‌روخزاد. هونه‌رمه‌ندانی وه‌کوو په‌رویز په‌ره‌ستوویی و ته‌همینه میلانی و ته‌نانه‌ت پێشکه‌شکارانی وه‌کوو ره‌زا مه‌وزوون و زۆربه‌ی زۆریان و…هتد ئه‌م ڕاستییه‌مان زۆر به زه‌قی و هه‌ڵبه‌ت به ته‌کنیکی ئاڵۆز و تایبه‌تی خۆیان بۆ ده‌رده‌که‌وێت.
واته له هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانی ناو ئه‌م گوتارانه‌وه ئێران و ئێرانیزم شه‌پۆلان ده‌دا و تۆ هیچ کات ناتوانی باسی مافی گه‌لانی دیکه بهێنیته ئاراوه چوکه ئه‌مه یانی لێدان له شکۆ و هه‌یبه‌تی ئێران واته فارس، چه‌مکی ئێران و چهمکهزاکانی وه‌کوو ئێرانشاری، ئێرانته‌وه‌ری، ئێرانی که‌ونارا، ئیمپراتۆریای ئێران، له‌سه‌ر فۆرمی دژسازی و ئه‌ویدی سڕینه‌وه خۆیان ڕۆ ناوه، واته ئێران له سه‌ر بنه‌مای نکۆڵیکردن و سڕینه‌وه‌ی هه‌ر ده‌لاله‌ت و مانایه‌که جگه له ئێران(فارس)، ئه‌وه‌ش هه‌ر وه‌کوو له سه‌ره‌وه وتمان له ڕیگه‌ی ئه‌مه‌وه که ئێران ته‌نها و ته‌نها ده‌لاله‌ته‌که‌ی له‌گه‌ڵ پێرژێن یان فارس‌دا به شێوه‌ی گوتاری جیگۆڕکێیهکی چاوبهستکارانهی پێ کراوه. واته له هه‌موو کارکرده‌کانی وشه‌ی ئێران‌دا، له میدیاکانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه، له دژبه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕان له تاران که له نیۆیۆرک و واشنتۆن و هه‌موو ئه‌ورووپا دانیشتوون تاکوو ئایدۆلۆژیسته‌کانی چه‌پ و مارکسیست و ئایینداره ڕیفۆرمیسته‌کان و تووندئاژۆکانیان له هه‌ر دۆخێک‌دا به‌رگری له ئێران و وته‌زا و چهمکهزاکانی ده‌که‌ن، ئه‌م ڕۆحییهتهی داگیرکاری و نه‌ته‌وه‌په‌رستی به‌پێچه‌وانه‌ی ناسیۆنالیزمی تورکی که دهمارگرژییهکهی ڕوون و ڕاسته‌وخۆیه و بێ پێچ و په‌نا دێته مه‌یدانی جه‌نگه‌وه، له ناو فارسه‌کاندا زۆر سیاسیکارانه و نه‌رمونیانانه و وه‌کوو پرۆژه‌یه‌کی کولتووری و ڕۆشنبیری ئیشی له‌سه‌ر کراوه و ده‌کرێت و نموونه‌ی ئه‌مه‌ش دوو تێزی گه‌وره‌یه به ناوی جوگرافیای کو‌لتووریی ئێران زه‌وین و تێزی ئێرانشاری. تێزی یه‌که‌مین که دیار نییه دانه‌ره‌که‌ی کێیه و بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زاری هه‌م حوکمڕانان و هه‌م دژبه‌رانی حوکومه‌ت، هه‌م ئایینییه‌کان و هه‌م غه‌یری ئاینییهکانیانه و و به گه‌ز و مه‌تری خۆی وڵاتانی ئه‌فغانستان، تاجیکستان، به‌شێک له پاکستان و هه‌موو کوردستانی گه‌وره‌ی کردووه به پێناسه‌ی سه‌رزه‌مین و جوگرافیای کو‌لتووریی خۆی و له‌م دواییانه‌ش ڕیژه‌ی ئه‌و ڤیدیۆ و به‌حیساب به‌ڵگه فیلمانه‌ی که ئێرانی بوونی شاری سلێمانی و هه‌رێمی کوردستان ده‌سه‌لمێنن، به‌ڕاده‌یه‌ک زیادی کردووه ده‌ڵێی پلانێکی له‌ناکاو بۆ ڕووداوێکی پێشبینینه‌کراو له ئارادایه.
تێزی دووهه‌م واته ئێرانشاریش که له لایه‌ن سه‌ید جه‌واد ته‌باته‌بایی بیرمه‌ندی بواری ئه‌ندێشه‌ی سیاسییه‌وه خراوه‌ته ڕوو، ئیمپراتۆریای هه‌خامه‌نشی ئێرانی به کۆنترین ده‌وڵه‌ت له جیهاندا داده‌نێت و به حیسابی خۆی بۆچوونه‌کانی هیگیل فه‌یله‌سووفی ئاڵمانی له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌ته‌وه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، له‌م تێزه‌یه‌دا هه‌ر جۆره کولتوورێکی غه‌یری فارس و ئێرانی واته کورد، تورک، عه‌ره‌ب و به‌لووچ و ته‌نها ورده کولتوورن و نه شیاوی بههاپێدانن و نه ده‌بێ دانیشیان پێدا بنرێت، به‌ڵکوو وڵاتی ئێران یه‌ک زمان، یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک ئاڵایه که ئه‌ویش فارسییه. ئه‌م تێزه‌ی ته‌باته‌بایی به شێوازی جۆراوجۆر له نێو ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران و چالاکانی کولتووری و ڕؤژنامهنووسانهوه له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ مێژووی سه‌رده‌می هه‌خامه‌نیشی و ساسانی و هه‌روه‌ها دواتر به پشتبه‌ستن به شیعره‌کانی سه‌عدی و حافیز و مه‌ولانای ڕۆمی په‌ره‌ی پێ دراوه و له گوتاری گشتی و پانتای ده‌روونی ده‌سته‌جه‌معیی خه‌ڵکی ئێران‌دا ئه‌م باوه‌ڕه ئه‌فسانه‌ییه‌ی چه‌سپاندووه که ئێرانییه‌کان واته فارسه‌کان چه‌ند قات له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه سه‌رترن و ته‌نانه‌ت حه‌دیسی قودسیشیان له زاری پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه‌وه(د.خ) لایه‌ن ئاینییه‌کانیانه‌وه بۆ هێنراوه‌ته‌وه (لو کان العلم معلقا بالثریا لتناوله رجال من ابناء الفارس) واته ئه‌گه‌ر زانست له سه‌ر ئه‌ستێره‌ی سوره‌یا بێت ئه‌وا پیاوانێک له فارس ده‌ستیان ده‌گاتێ، ئه‌م ئهفسانهسازییانه له هه‌ر پێکهاتێکی حوکـڕانیدا بێت، به هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌کی سیاسی یان ئایینی بێت میتافۆڕی ئێران چڕ ده‌که‌نه‌وه و پاراوی ده‌که‌ن، زۆر گرنگه که ئه‌مه‌مان له‌بیر بێت ئێران له خه‌یاڵدانی ئێرانییه‌کان (فارسه‌کان)دا وه‌کوو بابه‌تێکی بڤه و تابۆ یان هاوشێوه‌ی چه‌مکی “ته‌وحید”ه له ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، واته هه‌ر جۆره باسکردنێک له ده‌ره‌وه‌ی زاراوه‌ی ئێران له مافی و حه‌قخوازی و زمان و ئاڵاوه بگره تاکوو حوکمڕانی و ته‌نانه‌ت چالاکیی کولتووری و ئه‌ده‌بیش به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له به‌رده‌م میحرابی ئێران‌دا کوفره و سزای هه‌یه، ئه‌مه‌ی که فارسه‌کان توانیویانه چه‌مکی ئێران له ئاوه‌ها ئاستێکی پته‌و و ته‌وحید ئاسادا له زه‌ینی دانیشتوانی جۆراوجۆر و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی ئیران‌دا پێناسه بکه‌ن خۆی ڕه‌وتێکه له پیرۆزسازیی که سه‌رمایه و تێچوویه‌کی زۆری له پێناودا خه‌رج کراوه.
هه‌ڵبه‌ت ڕۆحی ئه‌م پیرۆزسازییهی ئێران له ئیراده‌ی پیرۆزی سڕینه‌وه له دنیای ئهوانیدادا مانا ده‌بێته‌وه، واته پیرۆزبوونی چه‌مکی ئێران له خه‌یاڵدانی ناسیۆنالیزمیی ئێرانی و فارسی‌دا له‌سه‌ر کۆڵه‌که‌ی لێدان له پیرۆزیی ئه‌وانیدی و پیرۆزی سڕینه‌وه له ئه‌وانیدی دامه‌زراوه. ئه‌مه‌ش ته‌کنیکێکه بۆ قووڵترکردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌فسانه‌سازیی ئێران و وته‌زا و چهمکهزاکانی. بۆ نموونه له خه‌یاڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی‌دا مرۆڤی ئێرانی یان هه‌مان فارس سه‌رقافڵه‌ی زانست و عیرفان و ژیری و پێگه‌یشتنه، مرۆڤی عه‌ره‌ب پێپه‌تی و مارمێلکهخۆره، تورکه‌کان که‌ر و گێژن و کورد یاخی و سه‌ربڕن و به‌لووچ چه‌ته و ڕێگرن، هه‌موو ئه‌م مرۆڤانه ته‌نها و ته‌نها کاتێک ده‌توانن ژیری و سه‌لاری و زانست و پێشکه‌وتن له خۆیاندا هه‌ڵگرن که بێنه ژێر چه‌تری مه‌زنی ئێران واته زمان و کو‌لتوور و نه‌ته‌وه‌ی فارس، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه هه‌مان ئه‌و ئاوهڵناوانهیان به‌سه‌ردا ده‌بڕێت که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدان. بێگومان باسکردن و گێڕانه‌وه‌ی چۆنێتی فورمولهکردنی چهمکهزا ئێرانییه‌کان دژ به نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی وه‌کوو تورک، تورکه‌مه‌ن، به‌لووچ، عه‌ره‌ب، دانیشتووی ئێران خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵ و توێژینه‌وه‌یه‌کی ڕچه‌شکێنانه‌ی کتێبخانه‌یی پێویسته به‌ڵام ئه‌وه‌ی به نیسبه‌ت کورده‌وه من تاکوو ئێسته لێی تێگه‌یشتووم و خوێندوومه‌ته‌وه یه‌ک کلیل وشه‌ی دیار و سه‌ره‌کی شیاوی هه‌ڵویسته له‌سه‌رکردنه و ئه‌ویش ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌بی(تجزیه طلبی) یان جوداییخوازییه.
“ته‌جزیه ته‌ڵه‌بی (جوداییخوازی) و کورد”
لێره‌دا ئاماژه‌یه‌کی کورت به چه‌مکی ته‌جزیه ته‌ڵه‌بی یان هه‌مان جوداییخوازی ده‌که‌م که ته‌کنیکی پیرۆزی سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویدی و پیرۆزکردنی خود له یه‌ک چرکهساتدایه که له لایه‌ن گوتاری ئێرانییه‌وه به‌رده‌وام به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌ک ته‌نها میدیای فه‌رمیی ده‌سه‌ڵات به‌ڵکوو هه‌موو میدیاکانی دژی ده‌سه‌ڵاتیش وه‌کوو یه‌ک ده‌جووڵێنه‌وه، بگره هه‌ندێ جار میدیا نافه‌رمییه‌کان و سه‌ر به ڕه‌وته پاشایه‌تیخوازه‌کان و ئێرانگهراکان زۆر توندئاژۆتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌وه‌ستنه‌وه. له حاڵێکدا جوداییخوازی مافێکی ڕه‌ها و بێ ئه‌ملاولای نه‌ته‌وه‌کانی دانیشتووی ئه‌و جوگرافیایه‌یه که پێێ ده‌ڵێن ئێران، به‌دڵنیاییه‌وه ناسیونالیزمی کوردی هاوتا و زاراوه‌ی خۆی بۆ ئه‌م چه‌مکه‌ی که گوتاری مه‌به‌ستداری ئه‌وان وه‌کوو تۆمه‌ت و تاوان ده‌یگێڕێته‌وه هه‌یه و ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییخوازییه، خواستێک که به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م زۆربه‌ی زۆری شۆڕشه کوردییه‌کان ئه‌گه‌ریش پلان و به‌رنامه‌ی کردارییان نه‌بووبێت ئه‌وا ئامانج و خه‌ونی یه‌کجارییان بووه. به‌ڵام ئه‌وان واته جه‌ماعه‌تی ئێرانیان ئه‌مه ڕێک به مانای ناپیرۆزیی و دژی خواستی یه‌کپارچه‌یی ئێران و ئه‌فسانه‌ی ئێران زه‌مین وه‌کوو چه‌ق و میحرابی پیرۆزی داده‌نێن، واته پیرۆزییه‌کانی تۆ ده‌که‌ن به ناپیرۆز له خزمه‌تی پیرۆزاندنی دنیا و سه‌رزه‌مینی خۆیاندا.
له‌م پرۆسه ئاڵۆزه‌دا هاوشێوه‌ی ئه‌و نموونه‌یه‌ی چین که له سه‌ره‌وه هێنامان له‌شکری سایبێری هه‌ر دوو ڕه‌وتی حکومیی و ناحکوومی به هه‌موو به‌کارهێنه‌ر و ئه‌کاونتی سێبه‌ر و ده‌سکرده‌وه له هه‌ر ڕووداوێک‌دا که په‌یوه‌ست بێت به کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستانه‌وه بێت، ده‌ست ده‌که‌ن به بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ڕاسپارده و هه‌ڵوێست دژی ئه‌وه‌ی به سه‌ر کورددا هاتووه و هه‌مووشی له چه‌ند گوزاره‌ی ئێرانپهرستانهدا که کلیل وشه‌ی هه‌موویان جوداییخوازی و تهجزیهتهڵهبییه خۆی ده‌بینێته‌وه، ڕاسپارده و په‌یامه‌کان و هه‌ندێ جار هاشتاگه‌کانی (نا بۆ ته‌جزیه ته‌ڵه‌بی) له حاڵه‌تێکدا و له‌سه‌ر ڕووداوانێکدا بڵاو ده‌بنه‌وه که له ڕاستیدا خۆی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به باسه‌که‌وه نییه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر کێشه‌یه‌ک بکه‌ونه دانوستان و هه‌ندێ جار دانوستانیان سارد و سڕ ببێته‌وه و ئه‌مه وه‌کوو هه‌واڵێک له میدیاکانی حوکومه‌تی ئێران یان غه‌یری حوکومیدا بڵاو بێته‌وه زۆربه‌ی ئه‌و کۆمێنتانه‌ی بۆ ئه‌م ڕووداوه دێن ئه‌مه‌یه که گرینگ نییه کورده‌کان چی‌یان به‌سه‌ر دێت، ئه‌وان له هه‌ر کوێ هه‌بن ته‌جزیه ته‌ڵه‌بن و هه‌رچیان به‌سه‌ر بێت حه‌قی خۆیانه! واته له گوتاره دژبه‌ره ئایدۆلۆژییه‌کاندا ئێران له چه‌قی په‌رستش و میحرابی سوجده‌کردن دایه و گرنگ نییه سه‌ر به ڕه‌وتی سیاسیی کۆمار بن یان سه‌ر به ڕه‌وتی پاشایه‌تیی دانیشتووی ئه‌مریکا بن یان خوازیاری په‌یوه‌ستبوون به ئاتیئست و بێباوه‌ڕه‌کانی ئێران بن، له هه‌ر حاڵه‌تدا ئێران له سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌یه. ڕه‌نگه یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی که ده‌بێت توێژینه‌وه‌ی قووڵ و به‌دواداچوونی زۆر و وردی بۆ بکرێت ئه‌مه‌یه که چۆنچۆنی ئه‌م زاراوه‌یه ئاوه‌ها پێگه و پله‌یه‌کی قودسی و قووڵی په‌یدا کردووه که توانیوێتی زۆر ئایدۆلۆژی و ڕه‌وت و گه‌ڕیان له‌سه‌ر خوانی خۆی کۆ بکاته‌وه؟ ئایا ده‌توانین بڵێین هێنده هه‌وڵیان داوه و له سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره و له مێژوویه‌کی دوور و درێژدا ئیشیان کردووه که ئیتر له فۆرمی ئایدۆلۆژی ده‌رچووه و کردوویانه به مێتا ئایدۆلۆژی و بان ئایدۆلۆژی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان کردووه به ج میکانیزمانێک ئێمه ده‌توانین ئه‌م چاوبهستهکردن و جادووه‌یان به‌تاڵ که‌ینه‌وه؟ ئه‌م نوشته و سیحره‌ی ئێرانگهرێتی ده‌شێت له کام لاوه ههلقڵیشێنین؟ به‌دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره و خستنه‌ڕووی پلانی تایبه‌ت بۆیان هاوتای دامه‌زراندنی پلان و نه‌خشه‌ڕێیه‌کی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌سازیی سه‌رده‌میانه له ناو کورددایه، نه‌خشه ڕێیه‌ک که هاوکات که بنه‌وا و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی پێناسه و دیاری ده‌کات له پلانی دژبه‌ران و نه‌خشه‌ڕێی شوناسکوژانهی ئه‌ویدییه گه‌وره‌که‌ی خۆیشی بدات.