“ئەگەر لە کارێکدا کارامەیت، هەرگیز بەخۆڕایی ئەنجامی مەدە”
جۆکەر
جەنگ (The War) وشەیەکە لە زمانی ئینگلیزی کۆن (Werre)، یان (Werran) لە زمانی ساکسۆنی کۆنەوە وەرگیراوە، کە بە واتای “شێوان یان پەشۆکان، یان تێکدان” دێت. پێش ئەوەش لە زمانی فارسی کۆن (Varhara) وەرگیراوە، کە لە زمانی یۆنانیدا گۆڕاوە بۆ (Barbaros) و بە واتای شەڕ و کوشتار هاتووە. لێ جەنگ وەک ئەوەی ئێستا دەیناسین، پانتاییەکی فراوانتری لە چاو سەدەکانی ڕابردوودا هەیە، هەروەها ژمارەی قوربانییانیشی زۆر زیاتر بووە، ئەمەش وای لە پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان ڕودۆڵف ڕومێڵ (Rudolph Rummel) کرد زاراوەی (Democide) یان “کوشتن بەناوی حکومەتەکان” دابتاشێت، جا ئەم کوشتنە چ جینۆساید بێت یان بەهۆی هەڵەی سیاسی، یان کۆمەڵکوژی وەک ئەوەی لە جەنگەکاندا ڕوودەدات. پرۆفیسۆر “شەریف بەسیونی – مامۆستای یاسا و سەرۆکی پەیمانگای مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی دیپۆڵ” لە کتێبەکەیدا بە ناوی ” دادپەروەیی پاش ململانێکان “(Post-Conflict Justice) کە لە ساڵی (2002) بڵاوبووەتەوە، ئاماژەی بە بەندەکانی دادپەروەریی لە قۆناغە ڕاگوزەرەکانی دوای ململانێکان کردووە؛ ناوبراو زۆر کۆششی کردووە تا بتوانێت ئامارێک بۆ قوربانیانی ململانێکان لە سەدەی بیستەمدا ئەنجام کۆبکاتەوە؛ ژمارەی قوربانییە سەربازییەکان گەیشتووەتە (33) ملیۆن کەس، لە کاتێکدا ژمارەی قوربانی خەڵکی سیڤیل گەیشتووەتە (170) ملیۆن کەس! بەڵام بەبێ دادگاییکردنی تاوانباران لە نزیکەی (250) ململانێدا کە لە ماوەی تەنیا یەک سەدەدا لە جیهاندا ڕوویانداوە، کە ئەمەش ماوەیەکی زەمەنی زۆر کورتە بەراورد بە مێژووی هەموو مرۆڤایەتی.
بەڵام چۆن حکومەتەکان و دەوڵەتان دەتوانن ئەم ژمارە زەبەلاحەی قوربانیان لەبەردەم گەلەکانیاندا پاساو بدەنەوە بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی ڕاستەقینە لە تاوانباران بکرێت؟ چۆن دەتوانن توڕەیی گەلەکانیان دابمرکێننەوە و خۆیان لە ڕووخان بەدوور بگرن؟ بێگومان پێویستیان بە ئامڕازێکی بەهێز و کارا و لە هەمان کاتدا نەرم هەبووە، جیا لە ” کوتەکە گەورەکەی ” سەرکوتکردن بۆ جڵەوکردنی گەلان، ئەم ئامڕازەش بە سادەیی بریتییە لە “ڕاگەیاندن”.
“لە سێ تەوەرەوە تاوتوێی ئەم بابەتە دەکەین”
تەوەری یەکەم:- هێزی ڕاگەیاندن و ڕادەی کاریگەرییەکەی.
تەوەری دووەم:- بەراوردکردن لە نێوان ئەدای ڕاگەیاندن و پەرەسەندنی ڕووداوە سیاسییەکان.
تەوەری سێیەم:- ئەنجام.
“تەوەری یەکەم؛ هێزی ڕاگەیاندن و ڕادەی کاریگەرییەکەی”
ڕاگەیاندن کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر دەروونی شوێنکەوتووانی (فۆڵۆوەرەکانی) هەیە، بەڵام بینەر توانایەکی ڕاستەقینەی بۆ پشتگوێخستنی کاریگەرییەکانی ڕاگەیاندن بە تەواوی هەیە، ئەویش کاتێک هەست دەکات ئەوەی لە ڕێگەی میدیاکانەوە پێی دەگات گوزارشت لە (ڕاستی تەواو) ناکات، یانژی کاتێک هەست دەکات ئەوەی دەیبینێت یان دەیخوێنێتەوە تەنها نمایش و نواندنە (وەک ئەوەی لە بەرنامە واقیعییەکاندا – Reality Shows – ڕوودەدات). هەروەها هەمان شت ڕاستە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری بەکاربەر لە کاتی بەرکەوتنی بە ڕیکلامە تەلەفزیۆنییەکان، چونکە لە زۆربەی بارەکاندا بەکاربەر بڕوا بەو زانیارییانە ناکات کە لەو ڕیکلامەوە وەریدەگرێت.
لێ بابەتەکە بەو ساناییە نییە، کاتێک بینەر ئاشنا دەبێت بەو کەسایەتییانەی لە ناو ماددەیەکی میدیاییدا هەن، مێشکی بە شێوازێکی جیاواز دەست دەکات بە کارلێکردن؛ سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ قەناعەتی تەواوی هەیە کە ئەوەی دەیبینێت یان دەیخوێنێتەوە مەرج نییە ڕاست بێت، وەلێ زۆربەی کات مەیلی هەیە پەیڕەوی ئەو بنەما و بیرۆکانە بکات کە ماددە/بابەتە میدیاییەکە بڵاویان دەکاتەوە. ئەمەش لە حاڵەتێکدا ڕوودەدات کە پەیوەندییەکی کەسیی لە نێوان بینەر و ئەو کەسایەتییە دروست ببێت کە لە بابەتە میدیاییەکەدا پیشان دەدرێت، تەنانەت ئەگەر هەندێک لایەنی ئەو حاڵەتەی پیشان دەدرێت (بە تەواوی ناڕاستیش بێت). بۆیە پێویستە ئاستی تێگەیشتنی بینەر بۆ (بابەتەکان) لە ئهقڵی هۆشیار و ناهۆشیاردا ڕوونبکرێتەوە. بۆ نموونە:- لە دیمەنێکی ڕیکلامیدا، ئەکتەرێک دەردەکەوێت کە جلی پزیشکی پۆشیوە و ئامۆژگاری بینەران دەکات کە هەویرێکی ددانی دیاریکراو بەکاربهێنن. لە ئهقڵی مرۆڤی هۆشیاردا، بینەر دەزانێت کە پێشکەشکاری ڕیکلامەکە لە ڕاستیدا ئەکتەرە نەک پزیشک. بەڵام ئهقڵی ناهۆشیار بە ڕوونی جیاوازی نێوان ڕاستی و خەیاڵ ناکات، لێرەدا چەمکی “متمانەپێکردن” دەگۆڕێت؛ لە “توانای نێرەری زانیارییەکە بۆ گەیاندنی زانیارییەکی ڕاست بە وەرگر”، بۆ “توانای نێرەری زانیارییەکە لەسەر قەناعەتپێکردنی وەرگر بە هەر زانیارییەک”.
ئهقڵی ناهۆشیار جیاوازی نێوان ڕاستی و خەیاڵ ناکات، ئهقڵ سەرچاوەی هێزە؛ هەردوو توێژەر (G. Yue) و (K. J. Cole) توێژینەوەیەکیان لە ڕێکەوتی (1/ 5/ 1992) لەژێر ناونیشانی “بەراوردکاری نێوان ڕاهێنانی خۆویستانە و ڕاهێنانی خەیاڵی” بڵاوکردەوە. ئەم توێژینەوەیە باسی لەو میکانیزمە دەمارییانە کردووە کە کار دەکەن بۆ زیادکردنی هێزی جەستە پێش ئەوەی ماسولکەکان گەورە ببن (تەزەخوم بکەن). تووێژەرەکان تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکییان لەسەر 3 گرۆی مرۆیی بۆ ماوەی 4 هەفتە ئەنجامدا:-
گرۆی یەکەم:- لەو ماوەیەدا بە کردەنیی هەفتانە 5 جار ڕاهێنانیان دەکرد.
گرۆی دووەم:- هەفتانە 5 جار تەنها خەیاڵی ڕاهێنانیان دەکرد (بەبێ جوڵەی جەستەیی).
گرۆی سێیەم:- لەو ماوەیەدا هیچ جۆرە ڕاهێنانێکیان ئەنجام نەدا.
ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو:-
گرۆی یەکەم:- کە بە کردەنیی ڕاهێنانیان کردبوو، هێزیان بە ڕێژەی (30%) زیادی کرد.
گرۆی دووەم:- کە تەنها بە خەیاڵ ڕاهێنانیان کردبوو، هێزیان بە ڕێژەی (22%) زیادی کرد.
گرۆی سێیەم:- کە هیچ ڕاهێنانێکیان نەکردبوو، تەنها (3%) هێزیان زیادی کرد.
بەمەش توێژەرەکان سەلماندیان کە ئهقڵ سەرچاوەی سەرەکیی هێزی جەستەییە. بەڵام ئهقڵی ناهۆشیار (کە بزوێنەری پڕۆگرامسازی و پلاندانان) جیاوازی نێوان ڕاستی و خەیاڵ ناکات. وەک چۆن چەندین تاقیکردنەوە لە بواری (پڕۆگرامسازیی دەماریی زمانەوانی – NLP) سەلماندوویانە کە نێرەری زانیاری توانای هەیە چەمکەکان لە ئهقڵی ناوەکی (ناهۆشیار)دا بگۆڕێت کە کاریگەرییەکەی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕەفتارەکانی ئهقڵی هۆشیاری وەرگرەکە ڕەنگ دەداتەوە.
“میدیا جەماوەرییەکان و کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی باوەڕە چەسپاوەکان”
لە توێژینەوەیەکی دیکەی ئەمریکیدا بە ناونیشانی “کاریگەرییەکانی بەرکەوتن لەگەڵ میدیا جەماوەرییەکان لەسەر قبوڵکردنی ئەنجامدانی تووندوتیژی دژی ژنان” کە لە ساڵی (1981) بڵاوکراوەتەوە، هەردوو توێژەر نیڵ مالامات (Neil M. Malamath) و جەیمیس چێک (James V. P. Check) تاقیکردنەوەیەکی مەیدانییان لەسەر (271) ژن و پیاو ئەنجامدا، بۆ پێوانەکردنی ئاستی کاریگەریی بەرکەوتن بە فیلمی تووندوتیژ لەسەر قبوڵکردنی بیرۆکەی ئەنجامدانی تووندوتیژی دژی ژنان. تێیدا توێژەرەکان خۆبەخشەکانیان قایل کرد کە تاقیکردنەوەکە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەو فیلمانەیە کە لە سینەماکاندا نمایش دەکرێن. بەشداربووان بۆ دوو گرۆ (گرووپ) دابەش کران، گرۆی یەکەم فیلمی ناتووندوتیژیان بۆ نمایش کرا و، گرۆی دووەم ئەو فیلمانەیان بۆ نمایشکرا کە دیمەنی سێکسی تووندوتیژییان تێدا بوو. فیلمەکان لەسەر بنەمای دوو فاکتەری دیاریکراو هەڵبژێردرابوون یەکەم: هەبوونی دیمەنی تووندوتیژی و دەستدرێژی کە خودی پاڵەوانەکانی فیلمەکە ئەنجامی دەدەن. دووەم: چوارچێوەی چیرۆکەکە بە جۆرێک بوو کە دەستدرێژیکارەکە دەگاتە مەبەستی خۆی، جگە لەوەی ڕووبەڕووی هیچ سزایەک نەدەبووەوە، بەڵکو دەرەنجامەکان بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەوە باش بوون. هەروەها گرۆی جڵەو (Control Group) هەبوو کە وەک پێوەرێک بۆ ئاستی قبوڵکردنی تووندوتیژی دژی ژنان و، قبوڵکردنی حاڵەتە گوماناوییەکانی دەستدرێژی (دەستدرێژی بێ بەڵگە)، و دەستدرێژی سێکسی بە مەبەستی توڵەسەندنەوە یان مەبەستی دوژمنکارانەی تر بەکاردەهات. چەند ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکە، ڕاپرسییەک ئەنجامدرا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئایا فیلمەکان کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕە چەسپاوەکانی بینەران هەبووە، کە بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەری لەسەر ڕەفتاری هۆشیارانە دروست دەکەن .
ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو:-
نێرەکان:- بە تووندی کاریگەر بوون، و بیروباوەڕەکانیان بە ڕوونی گۆڕا بەرەو قبوڵکردنی ئەنجامدانی/پیادەکردنی تووندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، نەک تەنها لە ڕێگەی فیلمەکانەوە؛ هەروەها دەستیان کرد بە گومانکردن لە ڕاستی وتەکانی ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر بەبێ هەبوونی بەڵگەی ڕوون.
مێینەکان:- بە ڕێژەیەکی کەم ڕەفتارێکی پێچەوانە دەرکەوت، ئەویش زیادەڕۆیی بوو لە ڕەتکردنەوەی تووندوتیژی دژی ژنان .
توێژینەوەکە لە ڕێگەی ” جەمسەرگیری ڕەفتار و کاریگەری پەرچەکردار “ەوە بابەتەکەی تاوتۆێ کرد، و لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە بەرکەوتن بە دیواری بەرزی جەمسەرگیری ڕەفتار لە ڕێگەی فیلم یان میدیای جەماوەرییەکانەوە، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری تەواو لە باوەڕە چەسپاوەکانی وەرگردا.
لەم تەوەرەیەدا دەگەینە سێ خاڵی سەرەکی:-
یەکەم:- دەکرێت مرۆڤ قایل بکرێت کە پێچەوانەی بیروباوەڕی خۆی ڕەفتار بکات.
دووەم:- کاریگەری خستنە سەر خەڵک و گۆڕینی بیروباوەڕە چەسپاوەکانیان لە ڕێگەی میدیا و ئامڕازە جیاوازەکانییەوە کارێکی ئاسانە.
سێیەم:- هەرشتێک زۆر پاتە بووەوە، جێگیر دەبێت.
“تەوەری دووەم؛ بەراوردکردن لە نێوان ئەدای ڕاگەیاندن و پەرەسەندنی ڕووداوە سیاسییەکان”
(ئاماژەکانی بەکارهێنانی میدیا لەلایەن بڕیاردەرانەوە و، پەرەسەندنی پەیوەندییەکە بە جۆرێک تا دەگاتە ئەوەی میدیا جڵەوی دروستکردنی بڕیار بکات).
پێش دەستپێک:- لە ساڵی (1860)دا بوو لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا (1861 – 1865)، کاتێک بڵاوکراوەی وێنەداری کەشتییەکانی هێزەکانی یەکێتی (Union) دەرکەوتن/نیشانی دا کە دروشمی “ماسۆنی”یان لەسەر بوو. ئەو بیرۆکەیە بە بەهێزی بڵاوبووەوە کە هێزەکانی یەکێتی لەلایەن ماسۆنییەکانەوە پشتگیری دەکرێن، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ” شەیتاندن ” یان (نیشاندانیان وەک شەیتان). لێ دەستپێکی ڕاستەقینە لە سەروەختی جەنگی یەکەمی جیهانی (1914 – 1918) بوو، بەتایبەتی لە بەریتانیا کە تێیدا “بارۆنەکانی ڕۆژنامەگەری” کۆنتڕۆڵی میدیای نووسراویان دەکرد. لەو سەردەمەدا حکومەتی ئینگلتەرا ئارەزووی دەکرد چاودێری ڕۆژنامەکان بکات و دیاری بکات چی بنووسرێت و چی نەنووسرێت. هەرچەندە بارۆنەکانی ڕۆژنامەگەری لەو کاتەدا ئازادی ڕەهایان هەبوو لە بڵاوکردنەوەدا، وەلێ لە ژوورە داخراوەکاندا ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەت و بارۆنەکاندا کرا بۆ ڕێکخستنی ئەم پرسە و داڕشتنی سیستەمی میدیایی بە جۆرێک کە پشتگیری لە سیاسەتی دەوڵەت بکات بۆ چوونە ناو جەنگێکی گشتگیر دژی ئەڵمانیا. لەو کاتەدا ناونیشان و مانشێتی لەم شێوەیە لە ڕۆژنامەکاندا دەرکەوتن:- “هێزەکانی ئەڵمانیا دەستی منداڵان لە بەلجیکا دەبڕن”، “سەربازێکی ئەڵمانی سەربازێکی کەنەدی لە خاچ دەدات”، “هاوڕێ لەگەڵ کاریکاتێرگەلێک کە ئامانجیان گشتاندنی ئەو بیرۆکەیە بوو کە هەرچی ئەڵمانییە شەیتانە. لە بەرابەردا، حکومەتی ئەڵمانیا هانی ڕۆژنامەکانی دا (تەنانەت سەربەخۆکانیش) بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆکی هەڵبەستراو هاوشێوەی ڕۆژنامە بەریتانییەکان، و مانشێتی لەم شێوەیە خوێنرانەوە:- “پزیشکە فەرەنسییەکان بیرەکانی ئاوی خواردنەوەی ئەڵمانیا ژەهراوی دەکەن”، “دەرهێنانی چاوی دیلە ئەڵمانییەکان لە ئۆردوگاکانی هێزی هاوپەیمانان”.
نووسینی: کەریم تەها
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە تریفە یابەحری







































































