“ئایا خراپیی رەوشی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ھەرێمی کوردستان؛ بۆ چیی دەگەڕێتەوە و چۆن دەوای دەردی رۆژنامەوانان دەکرێت؟”
وەڵام: بەشێوەیەکی گشتیی و لەرووی کواڵیتییەوە؛ رەوشی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی ئێراقدا لەوپەڕی خراپیدایە، چوونکە ستراتیژ و سیاسەتی راگەیاندنی دیجیتاڵی، پەخشکراو و چاپکراو لەژێر دەستی راگەیاندنکاری بیرکەرەوە و پیشەوەردا نەماوە. ئەوەیش لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لە راگەیاندنەکان ھێشتا ستراتیژ و سیاسەتی روونی میدیایی تایبەت بەخۆیان نییە، بەڵکوو بەسەریاندا دەسەپێنرێت. ئێستا بەشێک لە کەسایەتییەکانی نێو حزبەکان و دەزگە ھەواڵگریی و بەرپرسەکانیان؛ پلان و پرۆگرام و پرۆژەکانیان لە رێگەی «راگەیاندن»و بە ھەوڵ و ھیمەتی «راگەیاندنکاران» دەخرێتەسەر پێ و جێبەجێیدەکەن. تەنانەت ئەوەی لە «پەیامە رۆژنامەوانییەکان»یانەوە دەخوێنرێتەوە؛ بەشی زۆری دەربڕی گرێی دەروونیی و کارنامەی ئایدۆلۆژیی خاوەن و نانپێدەری دەزگە جۆربەجۆرەکانی راگەیاندن و فەرمانبەرانیانە!
ھۆکارێکی دیکەی خراپیی ئەو رەوشە؛ بۆ نەبوونی رێکخستنێکی یاسایی دیموکرات و ھاوچەرخ و پابەندنەبوون بە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و پێشلکردنیان لەلایەن «کرێکارانی راگەیاندن»ەوە دەگەڕێتەوە.
دەڵێم؛ کرێکار، چوونکە ژمارەی ئەوانەی وەک رۆژنامەوانێکی پیشەوەر و بەرپرسیار کاردەکەن، زۆر کەم و دەگمەنن. بەداخەوە؛ کاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی ئێستا ھێندەی بۆ راوە دۆلار و ئیش بەڕێکردنە، نیوھێندە لە پێناو بەھا و بەرژەوەندیی گشتییدا نییە. گەیشتن بە راستیی و راستەقینە؛ خەم و خەونی ئەمڕۆی بەشێکی زۆر لە رۆژنامەوانان نییە. ھەڵمەتی کورتخایەن و درێژخایەنی راگەیاندنەکان؛ ھێندەی بۆ ورووژاندن و کووشتنی پرسە ھەنووکەییەکانە، نیوھێندە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و گەیاندنی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان نییە و نەشبوون بە پردی پەیوەندیی نێوان نێرەر و وەرگر، خەڵک و حکوومەت، سکاڵاکار و سکاڵالێکراو، ستەمکار و ستەملێکراو، …تد.
بەشێکی زۆر لەوانەی ئێستا لە راگەیاندنەکاندا کاردەکەن؛ لە برسا بێت یان لە ترسا، ھێندەی وەک رۆبۆت پرۆگرام دەکرێن و بەشێوەیەکی سیستەماتیک فەرمانی بێچەندوچوونی سەروو خۆیان جێبەجێدەکەن، نیوھێندە وەک رۆژنامەوانێکی پیشەوەری بنکۆڵکار ئیشناکەن کە خۆیان ببن بە ناوەندی بیرکردنەوە و بریاردانی پیشەیی لە کردەی رۆژانەی کۆکردنەوە و داڕشتنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانیاندا. بەشێکیان؛ بە راستیی شارەزای یاسا و رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی نین و خۆیان بە بوارەکەدا ھەڵواسیوە، چوونکە بە پیشەیەکی کراوەی بێدەرگا و دەرگاوان و پەنجەرەی دەزانن!
بەشێکی دیکەشیان؛ ھەم شارەزان و ھەم ئەزمووندار، بەڵام پیشەوەرانە کارناکەن و راگەیاندن وەک حەوشەی پشتەوەی ئایدۆلۆژیاکانیان یاخوود پەیژەی پێداھەڵزنان و گەیشتن بە دەستکەوتە مادیی و سیاسییەکانیان بەکاردەھێنن. واتە، لە رێگەی راگەیاندن و بە پاساوی بەرگرییکردن لە ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری؛ خەریکی شەڕی بەوەکالەت و بازرگانییکردن و چنینەوەی دەستکەوت و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانن!
بە کورتیی و بە کوردی؛ چارەسەری رەوشی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی و دەوای دەردی رۆژنامەوانان بەر لە ھەر کەس و کەرەستەیەک، لە خوودی خۆیانەوە دەستپێدەکات و بە خوودی خۆیشیان کۆتاییدێت.
رۆژنامەوانێک؛ رێز لە شکۆ و کەسایەتی کەسیی و پیشەیی خۆی نەگرێت و وەک تەسبیحی قەزوان بە دەم خواردنەوەی قاوەی قەزوانی ھەندێک کەس و کۆمپانیا و لایەنی دیارییکراو ھەڵسووڕێنرێت، بەو دۆخە باوەی ئێستای نارازیی نییە و نایەوێت لێی تێکبچێت و دەربچێت. واتە ھاوشێوەی مۆبایل ھەرکات یەکەی پێویستی تێکرا؛ دەکەوێتەوە ئیش و بەپێی بڕ و جۆری دابینکەری یەکەی مۆبایلەکەی، دەبێت بە کرێکار و کاربەڕێکەری میدیایی. بەپێچەوانەوە ئەوانەی دەیانەوێت لەو دۆخە ناپیشەییە دەربچن؛ پێویستە شەڕی مانەوە و بەردەوامیی واژۆکردنی گرێبەستێکی شکۆمەندانەی کارکردن بکەن کە خۆی و دەزگەکەی ناچار بە جێبەجێکردنی بڕگە پەسەند و واژۆکراوەکانی نێوانیان بکات. ھەروەک گرنگیشە بە بەردەوامیی زانیارییەکانیان و پاشخانی پیشەیان تازەبکەنەوە، تاوەکوو لە گۆڕانکارییە نوێکانی پیشەکەیان دانەبڕێن و دوانەکەون. ھاوکات زانینی زمانە زیندووەکان و ئاشنابوون بەدوایین پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیا؛ ھۆکاری سەرەکیی و ھاندەری دەربازبوونیانە لە سنووری ناوچەیی و دەرکەوتنیانە لە ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتییدا. ئەوەیش ھەروا ئاسان نییە و نابێت، بەڵکوو ھەوڵ و ھەڵمەتی جووتیاری کوردی دەوێت کە ھەم لێبڕان و شەونخوونیی پێویستە، ھەم ئارامگرتن و کۆڵنەدان.
* ئەم پرسانەی دەوروژێنرێن؛ لەلایەن پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس وەڵامدەدرێنەوە و دەبن بە بەشێک لە زنجیرە پرۆژەیەکی بەرفراوانتری پەروەردەی میدیایی لەھەرێمی کوردستاندا.