“دانتێ ئەلیگیێری پاڵپشتی شاهەنشای جیهانی و فەرمانڕەوایی ئاکاریییانە بوو، لە ڕێگەی ئەلیگۆرییەوە ڕەخنەی لە گەندەڵی دەگرت”
دانتێ ئەلیگیێری، شاعیرێکی ئیتاڵیاییی سەردەمی کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بوو، زیاتر بەهۆی هۆنراوە قارەمانییەکەی بە ناوی “کۆمیدیای خودایی” ناسراوە. لەم هۆنراوەیەدا، دانتێ باسی بیرۆکەگەلێک دەکات، وەکوو دادپەروەری، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات، و چی دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی نموونەیی دروست بکات—ئەو بیرۆکانەی هەتا ئێستاش سیاسەتمەداران مشتومڕیان لەسەر دەکەن. دانتێ لە ڕێگەی ئالیگۆرییەوە (وێنا و هەڵبەستی ڕەمزی) بۆچوونەکانی سەبارەت بە بابەتگەلێک دەردەبڕێت، وەک دەسەڵات، ئایا دەتوانین متمانە بە ڕابەران بکەین یان نا، هەروەها چۆنچۆنی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگە دەتوانن بەیەکەوە بە باشی بژین. کەواتە، بە گوێرەی دانتێ، سیستەمی حوکمڕانیی باش چییە؟
“دانتێ ئەلیگیێری کێ بوو؟”
دانتێ ئەلیگیێری—کە تەنیا بە دانتێ ناسراوە—شاعیرێکی کاریگەری ئیتاڵیایی بوو کە لە دەوروبەری ساڵی ۱۲٦٥ لە فلۆرەنسا لە دایک بووە، لەو کاتەدا بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز. هەرچەندە زۆر شت دەربارەی سەرەتای ژیانی نازانرێ، بەڵام گومانی تێدا نییە لە دواتردا بوو بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی ئیتاڵیا. بەناوبانگترین بەرهەمی شیعرێکی داستانیی درێژە بە ناوی “لا کۆمێدیا—لە سەرەتادا تەنیا ناوی “کۆمێدیا” بوو (ئێستاش “کۆمیدیای خودایی”ە). دانتێ لە بواری ئەدەبی کلاسیکدا خوێندی و بە قووڵی تێکەڵی سیاسەتی هاوچەرخ بوو—ئەم تێکەڵەیە بووە هۆی سەرهەڵدانی زنجیرەیەک ناکۆکیی قووڵ و پڕ بایەخ لە تەواوی ژیانی و کارەکانیدا. هەرچەندە تامەزرۆیانە پاڵپشتیی سەربەخۆییی فلۆرێنسای دەکرد و ئەندامی فراکسیۆنی گوێلف بوو (کە پشتگیریی پاپای دەکرد لە بەرانبەر ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز)، چالاکییە سیاسییەکانی بوونە هۆی دوورخستنەوەی لە فلۆرێنسا لە ساڵی ۱۳۰۲ـەوە. ئەو ماوەیەی لە شارەکەی خۆی دوور بوو دەرکەوت قۆناغێکی بنیاتنەر بوو لە ژیانیدا. بەڵام لە هەمان کاتدا دڵی پڕ کرد لە تاڵی و ڕق، کە ڕەنگدانەوەی بەسەر زۆربەی نووسینەکانیدا هەیە. لە ماوەی دەربەدەرییەکەیدا، دانتێ سەردانی چەندین دیوانی جیاوازی کرد لە ئیتاڵیا. لەوێدا، زۆربەی هەرە زۆری کارە گرنگەکانی تەواو کرد، بە “کۆمیدیای خودایی”شەوە. دەستکەوتە ئەدەبییەکانی ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە چەسپاندنی زاراوەی توسکانی، کە دانتێ پێی دەنووسی، وەک زمانی ئیتاڵیی ستاندارد. لێدوانی تێروتەسەلی زمان، زانست، هەروەها فەلسەفەی ڕامیاری لە کارەکانی دیکەیشیدا دەدۆزرێنەوە، وەک “دی ڤولگاری ئیلۆکوێنتیا” و “دی مۆنارکیا”. دانتێ لە ساڵی ۱۳۲۱ لە ڕاڤێنا کۆچی دواییی کرد، لەوێدا دوا ساڵەکانی ژیانی بەسەر برد.
“بەستێنی مێژوویی و سیاسی سەردەمی دانتێ”
لە سەدەی ۱۳ و ۱٤دا لە ئیتاڵیا، وڵاتێکی یەکگرتوو نەبوو بەڵکو کۆمەڵێک دەوڵەت-شار و میرنشین هەبوون. ئەوانیش فلۆرانس، ڤێنیزیا و میلانۆیان دەگرتەوە کە زۆرینەی جار لەگەڵ یەکتردا ناکۆک بوون. دەوڵەت-شارەکان لە لایەن بنەماڵە بازرگانە دەوڵەمەندەکان و باڵە سیاسییەکانەوە بەڕێوە دەبران—دوو باڵە سەرەکییەکە بریتی بوون لە گوێڵفەکان و گیبەلاینەکان. گوێڵفەکان پشتیوانییان لە کاریگەریی پاپا دەکرد بەسەر کاروباری ئیتاڵیادا. گیبەلاینەکانیش دەیانویست ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی پیرۆز بڕیاری کۆتایی بدات. ئەم دووبەرەکییە کاریگەرییەکی زۆری خستە سەر ژیانی سیاسی ئیتاڵیا؛ شارەکان بەردەوام دەسەڵاتدارانیان دەگۆڕی. ململانێی زۆر لە نێوان دەوڵەتەکاندا هەبوو. ئایین ڕۆڵێکی گەورەی دەگێڕا لە سیاسەتدا، هەروەها ئەوەی کێ دەبێتە ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز. کڵێسا و ئیمپراتۆرییەتەکەش دەسەڵاتێکی زۆریان بەسەر ناوچەکاندا هەبوو (نەک تەنیا بەسەر سەرکردەکاندا). هەندێکجار، پاپاکان دەیانتوانی بە پادشاکان بڵێن چی بکەن، تەنانەت ڕێکیان دەخستن بۆ شەڕی یەکتر! هەرچەندە زۆر جار ناکۆکییان لەگەڵ پاپاکان یان سەرکردە خۆجێیەکان هەبوو، ئیمپراتۆرەکان وا دەبینران کە هەمان دەسەڵاتیان هەیە بەسەر لایەنە نا-ئایینییەکانی ژیاندا، وەک چۆن پاپاکان دەسەڵاتیان بەسەر هەموو شتێکدا هەبوو. دانتێ ئەندامی پارتی گوێڵفەکان بوو، و سەرەڕای ئەوەی پۆستی سیاسی لە فلۆرانس وەرگرت و ڕۆڵێکی چالاکانەی لە حوکوومەتەکەیدا گێڕا، ئەزموونەکانی خۆی لەوێدا بە ڕوونی کاریگەرییان کردە سەر بیروڕاکانی دەربارەی ئەم بابەتە. لە ساڵی ۱۳۰۲دا، دوای ئەوەی گوێڵفە ڕەشەکانی فلۆرێنسا، بە پشتیوانیی پاپا هاتنە سەر دەسەڵات، دانتێ لە زێدی ڕەسەنی خۆی دەربەدەر کرا بە تۆمەتی گەندەڵی—ئەو تۆمەتانەی بە تووندی ڕەتی کردنەوە. ئەم کارەساتە کەسیییە یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی بەشێکی زۆری نووسینە سیاسییەکانی بایەخ دەدەن بەوەی چۆن دەسەڵاتداران دەسەڵاتەکەیان بە خراپ بەکار دەهێنن و چی بەرپرسیارێتییەکیان لە ئەستۆدایە، ئەگەر هیچ بەرپرسیارێتییەکیان هەبێ، بۆ خودی ئاکار.
“دیدگای دانتێ بۆ شاهەنشای جیهانی”
پەرتووکی “دی مۆنارکیا”ی دانتێ ئەلیگیێری پلانێک دەخاتە ڕوو بۆ بەڕێوەبردنی جیهانی کە ئاستی سیاسەتە بچووکەکانی ئیتاڵیای زێدی خۆی تێدەپەڕێنێت. پێداگری دەکات لەسەر هەبوونی یەک فەرمانڕاوەی سیکۆلار، هاوکات لەگەڵ کەسێکدا کاروباری ڕۆحی بەڕێوەبەرێت—بەمەش ئەو ناکۆکی و گرژییانە ناهێڵێت کە لە نێوان پاپاکان و ئیمپراتۆرەکانی ڕۆمانی پیرۆزدا هەبوون، کە دانتێ بە هۆکاری تێکدان و پشێوییان دەزانێت. بە گوێرەی پەرتووکی “دی مۆنارکیا”، پادشایەکی لەو جۆرە دەتوانێ بە شێوەیەکی داپەروەرانەتر و کاریگەرتر حوکم بکات. گرنگی و خەمی ئەو پادشایە بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەبێت، نەک تەنیا شارێک یان تاقمێک. پەرتووکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کەسایەتییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانەی سەرهەڵدەدەن کاتێک شوێنە جیاوازەکان داوای ناوچە یان بنکەی دەسەڵاتی هاوبەش دەکەن—وەک چۆن لە ئیتاڵیای سەردەمی دانتێدا زۆر ڕوویدەدا. ئەو بیرۆکەیە بەتەواوی دژی ئەو شێوازە بوو کە سیاسەت لەو سەردەمەدا کاری دەکرد. ئیتاڵیا لە چەندین دەوڵەت-شاری جەنگاوەر پێکهاتبوو، هەریەکە لە پاپا و ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی پیرۆز ڕۆڵیان لە سیاسەتەکانی ئەواندا دەگێڕا. دیگای دانتێ بۆ فەرمانڕەوا، وەک پادشایەکی زۆردار نەبوو، بەڵکوو وەک کەسایەتییەکی پادشایەکی فەیلەسوف بوو—هاوشێوەی وەسفەکەی ئەفلاتوون—کە دادپەروەر دەبێت لە کاتی بڕیارداندا و ئارامی دەپارێزێت. ئەم ئارامییە وا دەکات خەڵکی بیر لەوە بکەنەوە کە چی باشە و پێکەوە کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی وەک گروپێک؛ ئەمەش ئەو توانایانە دەردەخات کە خودا پێی بەخشیون. دانتێ ئەم پلانە تاڕادەیەک نوێیەی دەویست، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی پێی وا بووبێت لەوەی ئێستا هەیانە باشتر دەبێت (کە مێژوونووسان بە ڕادیکاڵی ناوی دەبەن)، بەڵکو لەبەر ئەوەش بوو کە باوەڕی وا بوو ئیتاڵیا پێشتر ڕێک ئەم جۆرە حوکمڕانییەی هەبووە, ئەم حوکمڕانییەش ڕەزامەندیی خودای لەسەر بووە.
“ڕۆڵی پاپا و ئیمپڕاتۆر”
پەرتووکی “دی مۆنارکیا”ی دانتێ ئەلیگیێری فەلسەفەیەکی سیاسی دەخاتە ڕوو کە پشتیوانی لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان دەکات لە نێوان دەسەڵاتە دونیایی و ڕۆحییەکاندا، کە پاپا و ئیمپڕاتۆر نوێنەرایەتیی دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێ بدات هەر بوارێک بە شێوەیەکی کاریگەر کاری خۆی بکات و هیچ کامیان دەست لە کاروباری ئەوی تر وەرنەدات. لە تێڕوانینی دانتێدا، پاپا دەبێتە باڵاترین دەسەڵاتی ڕۆحی، کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر کاروباری ئایینیدا دەبێت و ڕۆحی مرۆڤایەتی بەرەو ڕزگاریی هەمیشەیی ئاراستە دەکات. لە بەرامەدا، ئیمپراتۆر دەبێتە سەرکردەی باڵای دونیایی کە بەرپرسیارە لە پاراستنی یاسا و ڕێکخستن و دادپەروەری لەسەر زەوی. ئەم دوو دەسەڵاتییە، جیا لەوەی مومکینە و دەگونجێت، فەرمانێکی ئیلاهیشە. هەردوو جۆری دەسەڵاتەکە ئەرکی تایبەت بە خۆیان هەبوو کە تەواوکەری یەکتر بوون، هەروەک چۆن خۆر (کە گوزارشت لە پاپا دەکات) و مانگ (کە گوزارشت لە ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی پیرۆز دەکات) ڕۆڵی جیاواز دەگێڕن، سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان تەنی درەوشاوەن لە ئاسماندا. بنچینەی بیروبۆچوونەکانی دانتێ دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی لە دەقە پیرۆزەکانی ئایینی مەسیحی و ئەو شێوازەی کە خودا سیستەمی سروشتیی دامەزراندووە. پێی وا بوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە دەسەڵاتدارییە دابەشکراوەوە، مرۆڤایەتی دەتوانێت لە کۆتاییدا ئاشتی و یەکگرتوویی بە دەست بهێنێت—کە بە بڕوای ئەو، ئەمە ئامانجی سەرەکیی بوونی مرۆڤە. ئەم جۆرە جیاکردنەوەیە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ و ناکۆکی لە نێوان هەردوو شێوازی دەسەڵاتدارێتیدا کەم دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات هەریەکەیان بتوانن دادپەروەرانەتر و بە شێوەیەکی کاریگەرتر حوکمڕانی بکەن، بە بەراورد بەوەی کە هەوڵبدەن هەموو شتێک بە تەنیا ئەنجام بدەن. دانتێ ئەم چوارچێوەیەی وەک ڕەخنەیەک بۆ ڕەوشی سەردەمی خۆی بەکار دەهێنا. لە سەردەمی ئەودا، گرژی و دەستوەردان هەبوو لە نێوان دەسەڵاتدارانی دنیایی و کڵێسادا، بەڵام ئەو مۆدێلەی کە ئەو پێشنیازی دەکات، چارەسەرێکە بۆ ئەو گرفتانە.
“دادپەروەری و فەرمانڕەوایی لە کۆمیدیای خودایی دا”
لە “کۆمێدیای خودایی”ـی دانتێ ئەلیگیێریدا، نووسەر بە شارەزاییەوە بیروباوەڕە سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ گەشتە ئەلیگۆرییەکەیدا تێکەڵ دەکات بە ناو دۆزەخ، بەرزەخ و بەهەشتدا. ئەم ڕێبەرە ئەخلاقی و ڕەوشتییە، تەنیا هۆنراوەیەکی مەزن نییە دەربارەی نەفرەت و ڕزگاری، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕەکانی دانتێیە سەبارەت بە فەرمانڕەواییی دروست لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا. ئینفێرنۆ، (دۆزەخ) پڕە لە ڕۆحی ئەو کەسانەی سزای ئەو تاوانانە دەچێژن کە لەسەر زەوی کردوویانە و شایستەیان بوون. لەناو ئەوانیشدا، ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی سەردەمی دانتێ دەبینرێن. ئەمەش ڕێکەوت نییە، چونکە دانتێ باوەڕی بە دادپەروەریی گونجاو هەیە.
پاپا گەندەڵەکان و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان کە بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان دەفرۆشت یان بە شێوەیەک لە شێوەکان خیانەتیان لە متمانەی گشتی دەکرد، لە نێو بازنە نزمەکانی دۆزەخدا دەدۆزرێنەوە. لەوێدا، ئازاری ئەو سزایانە دەچێژن کە شایستەی کردارە گەندەڵەکانیانە—ئەمەش لێکدانەوەی دانتێیە بۆ ڕەوشتی تاکەکەسی و چۆنیەتیی بەکارهێنانی دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. بەڵام بەرزەخ وەک شوێنێک پیشان دەدرێت کە مرۆڤ تێیدا بە پاکبوونەوەی ئەخلاقی و ڕەوشتیدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە بەهەشتەوە. ئەو کەسانەی لەوێن هەوڵ دەدەن کەموکورتییەکانی ژیانی سەر زەوییان ڕاست بکەنەوە. ئەمە ئەوە دەردەخات کە دانتێ باوەڕی بە گۆڕانی خەڵکی بەرەو باشتر هەیە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە فەرمانڕەوایی چاک تەنها لە سزاداندا کورت نابێتەوە، بەڵکو چاکسازیش دەگرێتەوە. بە هەشت (یان پارادیسۆ) وەک شوێنێک وێنا کراوە کە دادپەروەریی خودایی تێیدا بەرجەستەیە، ڕۆحەکان لە ئامێزی خودادا چێژی بێسنووری بەختەوەری وەردەگرن. ئەوە دوا پاداشتی ئەو کەسانەیە کە بە ڕاستودروستی ژیانیان بردووەتە سەر و بەپێی یاساکانی خودا فەرمانڕەواییان کردووە. لێرەدا دانتێ لەگەڵ کەسایەتییە مێژووییەکاندا دەدوێت، ئەوانەی ئەو فەزیڵەتانەیان تێدایە کە بۆ فەرمانڕەواییەکی دادپەروەرانە یان بەڕێوەبردنێکی چاک پێویستن. پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەرکردەکان دەبێت چۆن بن ئەگەر خوازیار بن دەسەڵاتەکەیان ڕەوایەتییەکی ئەخلاقیی هەبێت. دانتێ بە بەکارهێنانی ئەم شوێنانە وەک هێمای ڕەمزی، دەتوانێت ڕەخنە لە فەرمانڕەوا هەنووکەییەکان بگرێت، لە هەمان کاتدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە دۆخی نموونەییدا، دەسەڵاتی سیاسی دەبێت هەمیشە هاوشانی دادپەروەری و ئەخلاق بێت.
“ڕەخنەکانی دانتێ لە سەرکردە سیاسییە هاوچەرخەکان”
ئەو کاتەی دەهاتە سەر ڕەخنەگرتن لە سیاسەتمەداران و شێوازە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی، دانتێ ئەلیگیێری خۆی نەدەپاراست و ڕاشکاوانە ڕەخنەی دەگرت. کارە ئەدەبییەکانی خۆی، بەتایبەتی “کۆمیدیای خودایی” وەک سەکۆیەک بەکار دەهێنا بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنی گەندەڵی. ئەمانە ڕەخنەی پەنهانیش نەبوون. دانتێ کەسایەتییە سیاسییەکانی بە وێنەیەکی زیندوو لە گۆڕەپانە دۆزەخییەکانی داستانەکەیدا بەرجەستە دەکرد، هەندێکجار سزایەکی بەسەریاندا دەسەپاند بە گوێرەی تاوانەکانیان. ئامانجی چی بوو؟ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بە تێکشکانی سەرکردایەتیی ئەخلاقی و ڕەوشتی دەیبینی. بۆ نموونە، سەیری “ئینفێرنۆ” بکە. دانتێ پاپا بۆنیفاسیۆسی هەشتەم (کە نیشانەی گەندەڵیی کڵنیسا و فێڵبازیی سیاسییە) دەخاتە دۆزەخەوە، تەنانەت پێش ئەوەی بمرێت! ڕق و بێزاریی دانتێ دەردەخات لە شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵاتی پاپایەتی لەلایەن پاپاوە.
هەر بەو جۆرە، سەرکردەکانی فلۆرەنسیش ڕەخنەیان بەردەکەوێت. دانتێ وەک مرۆڤی چاوچنۆک و خیانەتکار ئیدانەیان دەکات کە خەریکە ئەو شارە تێکدەدەن کە هێندە خۆشی دەوێت و سۆزی بۆی هەیە. ئیدانەکردنە بەهێزەکانی دانتێ وەک زەنگێکی هۆشیاریی ئەخلاقی خزمەتی دەکرد، پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکرد کە خەڵکی دەبێت فەرمانڕەوایی دادپەروەرانە کە لەسەر بنەمای ڕەوشت دامەزراوە، لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بەرزتر دابنێن. داوای لە خوێنەرانی دەکرد وردتر لە ڕەفتارەکانی خۆیان بڕوانن و ئەوەی دەخستە ڕوو کە چۆن پێویستە سەرکردەکان بەپێی بنەما مەسیحییەکانی ڕاست و هەڵە هەڵسوکەوت بکەن. ئازایەتیی دانتێ لەوەی بە ئاشکرا ڕەخنە لە کەسایەتییە بەهێزەکان بگرێت، کاریگەرییەکی زۆری لێکەوتەوە—ئەنجامێکیشی ئەوە بوو کە بۆ هەمیشە لە فلۆرەنس، زێدەکەی، دوورخرایەوە. هەرچەندە ئەمە لە ڕووی شەخسییەوە کارەساتبار بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا نووسینەکەشی چێژبەخشتر کرد. هەروەها، لەدەستدانی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا گەشەی فیکریی کردبوو، وای لێ کرد دیدگایەکی جیھانیتر پەیدا بکات و کاریگەریی زیاتری هەبێت لە هەر شوێنێک بژیێت.
کەواتە، فەلسەفەی سیاسی دانتێ بە زمانێکی سادە چییە؟ دانتێ ئەلیگیێری، شاعیرێکی ناوداری سەدەکانی ناوەڕاستی ئیتاڵیا، چارەسەرێکی سادەی بۆ ئەو جیهانە پێبوو کە پڕ بوو لە سیاسەتمەداری گەندەڵ و ململانێی بەردەوامی دەسەڵات: دامەزراندنی پادشایەکی جیهانیی یەکگرتوو. ئەم سەرکردە باڵایە، کە خۆی بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ئاشتی تەرخان دەکرد، دەیتوانی کاروباری دنیایی ڕێکبخات و مەسەلەی ڕۆحیش بۆ پاپا بەجێ بهێڵێت. دانتێ لە “کۆمیدیای خودایی”دا؛ ئەو شیعرە مەزنەی کە بە درێژاییی سەدەکان دەنگی داوەتەوە، تەنانەت ئەوەشی وێنا کردووە چ چارەنووسێک چاوەڕوانی ئەو سەرکردانەیە کە بە ڕەوشتێکی خراپەوە سەر دەنێنەوە. ئەو چیرۆکە ئەلیگۆرییە ڕوون و ئاشکرایانە هیچی کەمتر نەبوون لە ئیدانەکردنی سیاسەتی سەردەم. نووسەر تامەزرۆی فەرمانڕەواییەک بوو کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و ڕاستودروستی بێت—و ڕەنگە هیوای خواستبێت کە بە دەربڕینی ئەو بیرۆکانە بەو شێوە بەهێزە، یارمەتیی بەدیهێنانیان بدات. تەنانەت ئێستاش خەڵکی باسی دانتێ دەکەن، هەم بەهۆی ڕەخنە توندەکانییەوە، هەم بەهۆی ئەو دیدگایەی کە بۆ حکومەتێکی نموونەیی هەبوو.
سەرچاوە:
https://www.thecollector.com/dante-political-philosophy/
نووسین: ڤیکتۆریا سوس
وەرگێڕانی: دانا حەکیم




































































