لە ساڵی ١٩٢٦ لە فیلمێکی ئەرمەنیدا بەناوی “زارێ” وێنەی نەتەوەیەکی نوێ بینرا کە پێشتر هیچ کەسێک، هیچ نیشتمانێک درکیان بە بوونی نەکردبوو ئەویش “کورد“ بوو، فیلمەکە لەلایەن دەرهێنەری ئەرمەنی “هامۆ بێکنازایان” لە سەردەمی سۆڤییەتی جاران بەرهەم هاتووە، چیرۆکی “زارێ” دەربارەی گەلی کورد و كولتووری کوردی بوو لەو ناوچەیە، فیلمەکە باس لەو کوردانە یاخوود ئەو خێلە کوردانە دەکات کە لە پێدەشتەکانی ئارارات و ئاڵاگەزی نیشتەجێ بوون، ئەوان بەهۆی شەڕو ململانێ ماڵوێرانی ڕادوەدوونان هەڵهاتوون و لەناوچەیە دەواری خۆیان هەڵداوە و ژیان دەکەن و لەسەرکاری ئاژەڵداری دەژین. سەرەتای فیلمەکە بە دوعاکانی دایکی “زارێ” دەست پێدەکات و نزای هەبوونی مەڕێک دەکات، تاکوو ئاژەڵی زیاتر لە ڕێیەوە دروست ببێت، کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە کچە هەژارێکی شۆخ و شەنگە بە ناوی زارێ، زارێ ناوێکی بەڕەچەڵەک کوردییە بە واتای “جوان، نازدار، نەرمونیان“ دێت، زارێ لەگەڵ کوڕە شوانێکی خێڵەکە “سایدۆ” پەیمانی خۆشەویستی لە نیوانیاندا هەیە و ئاشقی یەکترن، لە ههمانکاتدا کوڕی سەرۆکی هۆزی کارکاشە کە ناوی “تەیموور بەگە” کەسایەتییەکی شەڕەنگێزو خراپەکارو ستەمکارو فێڵبازە و لەهەمانکاتدا خاوەنی ژن و مندالێکە دژە پالەوان و نەیاری فیلمەکەیە، ڕێگری لەبەیەک گەیشتنی خواستی کارەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە دەکات، کە خۆشەویستییە بەهۆی ئەوەی دەیەوێت زارێ ببێتە هاوسەری دووەمی.
سەردەمی چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قەیسەری رووسیا، چیرۆکێک پڕیەتی لە ئازار و پڕیەتی لە زۆرداری و هەروەها دابوونەریتی کۆمەڵایەتی و كولتووری کوردان نیشان دەدات لە هەمان کاتدا بەهۆی بوونی خۆشەویستی لە نێوان زارێ و سەیدۆ و هەروەها ململانێی تەیمور بەگ بۆ بەدەستهێنانی بە زۆری زارێ و دەست لەیەک بەرنەدانی زارێ و سەیدۆ پلۆتی فیلمەکە دروست دەبێت. فیلمەکە لە ژانری درامییە و راستەوخۆ هەست بە بوونی گێڕەرەوەیەک ناکەین لە فیلمەکە بەڵکوو ڕووداوەکان بە سرووشتی خۆی روودەدات، کارەکتەرەکانی نێو فیلمەکە کارەکتەری سێ ڕەهەندین و بە درێژای فیلمەکە گۆرانکارییان لێ بەسەر دێت. بوونیادی گێڕانەوە و ستراکچەری فیلمەکە “گێڕانەوەی هێلییە” کە شیوازێکی کلاسییکیە لە سێ ئاکت یاخوود سێ بەش پێک دێت. ڕووداوەکان لە سەرەتاو و ناوەراست و کۆتایی دوا بەدوای یەک پێکدێن، ماوەی فیلمەکە ٦٠ خولەکە، پازدە خولەکی سەرەتا بە پیشاندانی سیفاتی کارەکتەرەکان و پیشاندانی چۆنییەتی ژیانیان و دەروونی کارەکتەرەکان و پەیوەندیان لەگەڵ یەکترنیشان دەدات، ئەوانیش “ژیانی خێلە کوردەکان کە بە مەڕومالاتەوە خەریکن، دایک و باوکی زارێ سەرقاڵی خزمەت کردنی ئاژەڵەکانن، سەیدۆ کاری شوانی دەکات و لەگەل زارێ خۆشەویستی یەکترن و لە دۆخی سرووشتی پەیوەندییەکەیاندان، کەسیاتییە شەرەنگێزەکەی تەیموور بەگ کاتێ لەسەر کانی ڕێگە بە زارێ دەگرێت و لە ماڵەوە لە ژنەکەی دەدات و ژنەکەی ترسی ئەوەی هەیە ژنی بەسەر بهێنرێت هەروەها بوونی فێڵ و پلاندانان تاکوو تەیموور بەگ هەوڵبدات زارێ و سەیدۆ لەیەک بکات بە دوورخستنەوەی سەیدۆ لە ناوچەکە ئەویش بەهۆی پێدانی بەرتیلێک بەبڕی پێنج هەزار ڕۆبڵی دراوی ڕوسی بە پارێزگاری ئێریڤان تاوەکوو سەرۆکی ناوچهكه ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنان کۆمەڵێک چەکداری خۆبەخش لە کوردەکان و بیانبات بۆ شەڕ بەم شێوەیە سەیدۆ وەک یەکێک لەو شەڕکەرە خۆبەخشانە هەلدەبژێرن. لێرەوە خاڵی وەجەرخانی یەکەمی فیلمەکە دروست دەبێت. بەمەش ململانێکان دەگەنە خاڵی نەگەڕانەوە و دەچینە ئاکتی دووەم یان بەشی دووەمی فیلمەکە.
لە بەشی دووەمی فیلمەکەدا دوورخستنەوەی سەیدۆ بە مەبەستی جەنگ لەخۆ دەگرێت بەڵام ڕادەکات و خۆی حەشار دەدات و دووبارە دەستگیری دەکەنەوەو دەخرێتەوە زیندان. هەر لەو ماوەیەدا تەیموور بەگ دووبارە بەرتیل دەدات بەو مەرجەی سەیدۆ بخەنە زیدانەوە و لەهەمان کاتدا چەند کەسێک لەو پیاوانەی بۆ جەنگ نێردرا بوون بە برینداری دەگەڕێنەوەو دەمرن، ئەمەش بەشێک لە ژیانی کوردان دەردەخات کە لە هیچ نیشتمان و هیچ ناوچەیەکدا ناهێڵن جێگیر ببن و دەبنە قوربانی، ململانێی تەیموربەگ بەرامبەر بە بەدەسهێنانی زارێ دەگاتە لوتکە کاتێک داوای زارێ لە باوکی دەکات، بەڵام زارێ ڕەتی دەکاتەوە، لە ئەنجامدا تەیموور بەگ زارێ دەڕفێنێت و دەیەوێت بەزۆر هاوسەرگیری پێ بکات، لەم ساتەدا هاوسەرەکەی تەیموور دەیەوێت زارێ بکوژێت، بەڵام کاتێک بۆی ڕووندەبێتەوە زارێ ناچارکراوەو خۆشحاڵ نییە ئیدی دەیەوێت یارمەتی زارێ بدات تا هەردووکیان لەو چارەنووسە ڕزگار ببن، پاشان هەواڵ بە سەیدۆ دەدات کە چی ڕوودەدات و لە زیندان دەری دەکات و هەر لەو ساتەدا ئامادەکاری بۆ هاوسەرگیری زارێ دەکرێت و تەیمور بەگ بەزۆرهاوسەرگیری پێ دەکات، بەڵام زۆر ناخایەنێت زارێ بەرەنگاری دەبێتەوە و ئیدی تەیموور بەگ زارێ دەداتەوە بە خەڵکی ناوچەکەو پێیان دەڵیت کە زارێ پاکیزە نییە بەم جۆرە زارێ لە ناو خهڵكی ناوچەکە رووی رەش دەکرێت و دەبێتە جێی تانە و سەرزەنشتی خەڵکی دەڤەرەکە. شلەژانی دەروونی دەگاتە لوتکە بەم جۆرە خاڵی وەجەرخان لە فیلمەکە دروست دەبێت. بەم شێوەیە ئەم بەشە زۆرترین ماوەی فیلمەکە دابین دەکات و قورسترین ملمڵانێ و ڕوداوەکان لێرە ڕوو دەدەن. تاکوو ئاکتی سێیەمی فیلمەکە سەیدۆ لەگەل چەند هاوڕییەکی بەرەو لادێکە دێنەوەو تەیموور بەگ دەکوژن و زارێ ڕزگار دەکات بەم جۆرە گەیشتنی ئەشق و شکستی نەیارێک بەرامبەریان دەبێتە بابەتی- تێمای فیلمەکە.
لە ڕووی تەکنیکییەوە فیلمەکە تەکنیکە سادەکانی ئەو سەردەمە لەخۆ دەگرێت کە هیچ کاریگەرییەکی دەستکردن لە فیلمەکە بەدی ناکەین، بەشێکی زۆر لە گرتەکان گرتەی قەبارە گەورە “لۆنگ شۆتن” بۆ دەرخستنی جوگرافی ناوچهكه و پیشاندانی ژمارەی خەڵک لە ناوچەکە هەروەها لەو دیمەنانەی شڵەژانە دەروونییەکان دەگەنە لوتکە گرتەی نزیک بەکار دەهێنرێن لە هەندێک دیمەندا گرتەی “میدیەم لۆنگ شۆت” بەکارهاتووە بۆ نزیک بوونەوە لە هەستی درامی کارەکتەر. خواستی دەرهێنەر بۆ بەدەستهێنانی هەستێکی واقعی بوونمان بەرامبەر کارەکتەرەکان وای کردووە کامێرا لە ئاستی چاوی کارەکتەرەکان بۆ ئێمە تۆماربکات، کە شێوازێکی باوە بۆ نزیک بوونەوە لە واقعی دیمەنێک یاخوود گرتەیەک لە فیلمەکەدا. هەروەها دیمەنەکانی نێو فیلمەکە لەرووی ڕێکخستنی هونەرییەوە سەرجەمیان لە خزمەت بارودۆخی کارەکتەرکان و شێوازی گوزەرانیان رێکخراون، سەرجەم ئەو گرتانەی وێنەگیراون کامێرا لەباری جێگیریدایە، واتە “ ستاتیک “ بەکارهاتووە ئەمەش بۆ تیشک خستنەسەر کارەکتەرو دامەزراندنی مەزاج و کاریگەری دراماتیک لەسەر هەنگاوەکانی کارەکتەرەکە هەروەها بەشی زۆری ڕووداوەکان لەڕۆژدا روودەدەن تاکوو ئاشنامان بکات بە ڕوداوی زیاتر و بەریەک کەوتنی زیاتری کارەکتەرەکان لەگەل یەکتر و ئاشنابوون بە کولتوور و شێوازی ژیانی کارەکتەرکان، چونكه ئەوەی لەم فیلمەدا تیشکی دەخرێتە سەرچۆنییەتی ژیانی خێڵێکی کوردە کە لە ڕێگەی بەرهەمی مەڕوماڵات و کارەکانی ڕۆژانەیاندا بەدەستی دەهێنین، لەگەل ئەوەشدا دەتوانم بلێم بە شێوەیەکی زۆر باش کاری لەسەر بەکارهینانی دیمەنەکانی “ناوەوەو دەرەوە”کردووە کە هەمیشە هۆکارێک لە پشت گۆڕینی شوێنەوە هەبووە کاتێک دیمەنێک لە ژوورەوە وێنە دەگیرێت یاخوود دەرەوەی ماڵەکە ، موزیک بەدرێژای فیلمەکە لە هەماهەنگەی بەردەوامدایە بەهۆی ئەوەی کە فیلمێکی بێدەنگە، تۆن لە فیلمەکەدا لە نێوان ڕەش و سپی و سێبەر و ڕووناکی کاری تێداکراوە و جۆرێک لە کۆنتراست و دژیەکی دروست کردووە بێگومان ئەم ڕوانینە بینراوێکی چاوەروانکراوە لە فیلمە بێ ڕەنگەکان، جۆری ئەو مۆنتاژەی بەکارهاتووە “مەترییە” کە جۆری بنەڕەتی مۆنتاژە کاتێک لە دیمەنێکدا چهند فرەیمێکی جیاواز وێنە دەگیرێت و پێکەوە بۆ بونیادنانی درێژی وێنەکەو دروستکردنی گرژی زیاتر لە وێنەکە بەکاردەهێنرێن.
پەیامی فیلمەکە نیشاندانی چۆنییەتی ژیانکردنی خێڵە کوردەکانە بە گشتی و بە دیاریکیراوی چیرۆکی بەزۆر بەشوودانی کچانە کە یەکێک لە کێشە باوەکانی کۆمەڵگەی کوردی بووە، فیلمەکە تا ڕادەیەک پیاوسالارییە و ڕەنگدانەوەی ئەو ساتەی کۆمەڵگەی کوردی و جیهان بووە، لەم پرسەدا کارەکتەرە نێرینەکان خاوەنی کەسایەتی ئەکتیڤن و توانای خولقاندنی بارودۆخ و ململانێکانیان هەیە، هەروەها ژنان خاوەنی کەسایەتی پاسڤن کە کێشەکان بەهۆی بوونی ئەو روودەدەن بهڵام خۆی ئەو کەسە نییە کە چارەسەری دەکات لە فیلمی “زارێ” دەرهێنەر ئەوە دەڵێت کە زۆربەی کات ژنەکان بۆ پاراستنی ژیانیان پێویستیان بە پیاوان هەیە، تەیمووربەگ کاتێک زارێ ناچار دەکات بۆ هاوسەرگیری تەنها بەربەست لە نێوان ئەم هاوسەرگیرییە بیبینێت سەیدۆیە کە پیاوان وەک هێزێک نیشان دەدات و ئەگەر بوونی ئەو هێزە نەمێنێ ئیتر ژنەکان تەنها خۆیان ناتوانن ببنە هێز و بەرگری لە خۆیان بکەن، چونكه هەمیشە پیاوەکان وەک هێزێک و ژنەکان وەک کەسێک کە چاوەڕێی دەستی ئەو هێزە دەکەن نیشان دەدات، هەرچهندە بۆ چهند جارێک بەرەنگار بوونەوەی ژنان بەرامبەر بە پیاوان دەبینین بهڵام هەموو ئەم بەڕەنگاربوونەوانە دەبنە هۆی ڕووداوێک کاریگەری خراپی لەسەر ژیانیان دەبێت واتە هەموو کات ئازایەتی و یاخی بوون لەگەڵ ئازارو وەستان دەبینین، کاتێک زارێ لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکە زلەیەک لە تەیمووردەدات، راستەوخۆ تەیموور ناوی دەزرێنی لەناو خەڵکی ناوچەکە و بوختانی بۆ هەڵدەبهستێت بی ئەوەی بتوانێ پارێزگاری لە خۆی بکات ئەگەر سەیدۆ نەبوایە ئەوا بێگوومان بارودۆخەکەی پێ چارە نەدەکرا، هەروەها هاوسەرەکەی تەیموور بەردەوام هاوسەرەکەی لێی دەدات و خۆی بۆ هێنانی ژنی دووەم ئامادە دەکات، لە هاوسەری سایدۆ ئاشنای کارەکتەریکی کوردی مێینە دەبین کە گوێی لێ ناگیرێت و رای وەرناگیرێت و پرسی پی ناکرێت، ژنانیان وەک بەخێوکەر بە کاری مالداری و ئاوهێنان لە کانی نیشانداوە لە بەرامبەریشدا پیاوانیان وەک سەرۆک هۆز یان سەرۆکی خێزان دەبینن هیچ ژنێک بەدی ناکەین کە کارێک و پلەیەکی دەستڕۆشتووی کردبێت لەم فیلمەدا ئەوەی کە پلەیەک و پۆستێکی گەورەو گرنگی هەبووبێت پیاوانن نەک ژنان.
هەروەها سیمبول و نیشانەناسی لە فیلمدا هەمیشە بەشێکی بینراوە، زۆرترین کات بەر وێنەی ئاژەڵەکان دەکەوین “مەڕ” وەک تایبەترین هەڵبژاردە ئەمە جگە لەوەی کارو پیشەی خێڵە کوردییەکانە، لەهەمانکاتدا وەک دەلالەتێک بەرامبەر بە سایکۆلۆژیای بەشێک لە کورد شوبهاندوویەتی، دەرهێنەر ئاشنای سێ جۆر لە کارەکتەری نیرینەی کوردمان دەکات ئەوانیش “کەسانێک کە ستەم دەکات وەک تەیموور” و “کەسانێک کە ستەمیان لێدەکرێت وەک خەڵکی لادێ” “کەسێک کە دەیەوێت ستەم نەهێڵێت کە ئەمە بە رێژەیەکی کەمتر ئاشنای دەبین وەک سەیدۆ” بە واتایەکی دیکە خەڵکەکان بەهۆی بی دەسەلاتی و بێدنگی و یاخی نەبونیایەوە بە مەڕ شوبهێنراون ، بەهۆی ئەوەی یاخی دەبێت بەرەنگاری تەیموور دەبێتەوە وەک شوانێک شوبهێنراوە ئەمە لە کاتێکدا خۆی کاری شوانی دەکات لە فیلمەکەدا، لە دیمەنێکدا کاتێک تەیموور بەسەر پیاوێکی خەڵکی ناوچەکە هاوار دەکات ڕاستەوخۆ وێنەی پیاوەکە و تەیموور و مەڕێک نیشان دەدرێت کە ئاماژەیە بۆ شوپهاندنی سایکۆلۆژیای مەڕو بەشێک لە کوردەکان لە بیدەسەڵاتی و یاخی نەبوونیان و ملکەچکردنیان بەرامبەر بەستەم، هەروەها سەیدۆ کە ڕووبەرووی دەبێتەوە وەک شوانێکی مەڕەکان دەشوبهێنرێت.
لە فیلمی زارێ؛ كولتووری کوردی و دابونەریتە کوردییەکان دەکاتە بینراوێکی دیار کارەکتەرەکان جلو بەرگی کوردی دەپۆشن، ژنەکان ئاو لە کانی دەهێنن، پیاوەکان وژنەکان کاری ئاژەڵداری دەکەن ئامادەکردنی خواردن بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و پاشان هەڵپەڕکێی کوردی و ڕەشبەڵەک، لەسەروو ئەمانەشەوە دەرخەری بیروباوەڕە کلاسیکییە کوردییەکان بووە کاتێک هەموو خهڵكی لادێکە لادێکە لە ڕۆژی هاوسەرگیری تەیموور و زارێ لە دەرەوەی ماڵی تەیموور چاوەرێی نیشاندانی پەرۆیەکی سپی خوێناوی دەکەن وەک ڕووسوری زارێ، کە ئەمە یەکێک لە كولتوورە باوە کۆنەکانی کوردەکان بووە ، لەم فیلمەدا بەهەمان شیوە ڕەنگی داوەتەوە وەک یەکەمین فیلمی کوردی و یەکەمین فیلم کە باسی لە کوردەکان کردبێت.