“ژیانى تایبەتى نیبور و چۆنییەتى گەشتکردنى بۆ ڕۆژهەڵات”
کارستێن “نیبور” لە ١٧ى ئازارى ١٧٣٣ لەشارۆچکەى لودینگ فۆرت سەر بە ویلایەتى لاونبێرگ لەدایکبووە، لە ٢٦ى نیسانى ١٨١٥ لە تەمەنى هەشاو دوو ساڵیدا لەشارى مێلدۆرف کۆچى دواییکردووە، “نیبور” لە بنەماڵەیەکى هەژار و جووتیارى ئەڵمانیا لە دایکبووە، وەکوو منداڵێکى هەژارى جووتیار یارمەتیى باوکى دەدا و خەریکى جووتیارى بوو، پاشان چووەتە زانکۆى دێرینى گوتێنگین و لەوێ کۆلێژى ماتماتیکى تەواوکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا شارەزاییەکى باشى لە نەخشەسازى و لەبوارى ڕۆژهەڵاتناسى دا هەبوو، لەو سەردەمەشدا زانکۆى گوتینگگین، یەکێک بوو لە مەڵبەندە گەورەکانى زانست و خوێندن لە ئەڵماینا، ئەم زانکۆیە ساڵى ١٧٣٢ دامەزراوە، لەم زانکۆیەدا ژمارەیەک مامۆستاى بە تونا وانەیان تێدا دەگوتەوە، یەکێک لەو مامۆستایانەى کە سوودێکى گەورەى بە نیبوور گەیاند، ناوى “تۆبیاس مایەر” بوو، کە ئەمەش مامۆستایەکى زیرەکى بوارى گەردووناسى بوو، یەکێکى تر لەو مامۆستایانەى تر کە “نیبور” سوودى لێوەرگرتووە، ناوى “جوهات دەیڤید” بووە، کە خۆى ڕۆژهەڵاتناسێکى بەناوبانگ و شارەزایى بوارى ڕۆژهەڵات بوو، هەر ئەمیش فێرى زمانى عەرەبى و کولتوورى ئیسلامیى کرد و هانیدا گەشتى ڕۆژهەڵات بکات، هەر ئەم کەسایەتییەش توانى وا لە “نیبور” بکات گەشتەکانى ڕووەو ڕۆژهەڵات بکات.
ئەو دەیویست لەڕێگاى کۆمەڵێک زاناوە، زانیارى تەواو لەبارەى “ئەدەب، جوگرافیا، پزیشکى، نەریت، دەرمانسازى، سامانى سرووشتیى، سیستەمى ئیداریى، سیستەمى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و…هتد، بزانێت، لەساڵى ١٧٥٦دا یەکێک لە وەزیرە دەسەڵاتدارەکانى شانشینى دانیمارک بەناوى “جوان هارتڤیگ ئیرنست بێرنشترۆف١٧١٢-١٧٧٢ز” بوو، ئەم وەزیرە، کە خۆى ئەڵمانى بووە، بەڵام لە حکومەتى دانیمارکى ئەو کاتەدا ڕۆڵێکى گەورەى هەبوو، لەهەمانکاتیشدا یەکێک بوو لە وەزیرە ڕۆشنبیرەکانى ئەوکاتەى دانیمارک، کە دۆستایەتى لەگەڵ بیرمەندەکانى وەکوو ڤۆڵتێر و مۆنتیسکۆ و..هتد هەبوو. جوهان داڤیدیش بوونى ئەم وەزیرە ڕۆشنبیرەى بەهەلزانى و نامەیەکى بۆ نارد و تێیدا پڕۆژەکەى خۆى بۆ باسکرد، داڤید لە نامەکەیدا داواى ئەوەى کردبوو، کە ئایا دانیمارک دەتوانێت هاوکاریى دارایى گەشتێک بدات بۆ ڕۆژهەڵات؟ هەروەها حکومەتى دانیمارک دەتوانێت یەکێک لەو کەشتیانەى، کە سەفەرى داگیرگەکانى دانیمارک دەکات، بخاتە خزمەتى ئەم شاندەوە و بیانگوێزێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات؟
لەپاش ماوەیەک وەڵامى ڕەزامەندى گەشتەکە گەیشە دەستى داڤید جگەلەوەش حکومەتى دانیمارک ئامادەبوو، کە بڕى “٢١هەزار ڕیگسدالەر” بۆ ئەم کارە تەرخان بکات، دیارە ئەم پارەیەش بڕە پارەیەکى باش بووە بۆ ئەوکاتە، ئەوەبوو لە “٤/١/١٧٦١”ز لە بەرەبەیانێکى زۆر ساردى، کەشتى “گرینلاند” لە بەندەرى کۆپنهاگن بەرەو بەندەرى مەرسیلیاى فەڕەنسى بەڕێکەوت، لەوێشەوە بەرەو ئەستەنبووڵ و لەڕۆژى “٣٠/٧/١٧٦١” دا گەیشتە ئەوێ، واتە پاش حەوت مانگ ئینجا گەیشتە ئەستەنبووڵ، لەوێ لەلایەن کونسووڵى دانیمارک لە ئەستەنبووڵ “ڤۆن گێهلەر” پێشوازیان لێ دەکرێت ئەم پیاوە یارمەتییەکى زۆریى شاندەکەى دا، کۆمەڵێک پێشنیارى باشى پێدان، بۆ نموونە یەکسەر پێیان دەڵێت، کە چوونە وڵاتانى عەرەبى جلوبەرگى عەرەبى لەبەربکەن و هەر لەوێ جلوبەرگى عەرەبى بکڕن، ئەوەبوو لە ١١ى ئەیلوولى هەمان ساڵدا “نیبور” گەشتەکەى بەرەو دوورگەى “ساموس” و لەوێشەوە بەرەو ڕۆدس و پاشان لە ٢٦ى ئەیلوولدا گەیشتە بەندەرى ئەسکەندەرییە لە میسر. ئەو شاندەى لەگەڵ “نیبور” بوون دواى گەشتێکى دوورودرێژ لە میسرەوە بەرەو هیندستان و پاشان بەرەو بەندەر عەباس و لەوێشەوە بەرەو شارى بەسرە دەچێت، لەوێ جلوبەرگى عەرەبى لەبەردەکات و ناوى خۆى دەگۆڕێت بە “عەبدولڵا” لەوێ بۆ ماوەى شەش مانگ دەمێنێتەوە و پاشان دەچێت بۆ بەغداد، لەوێشەوە بەرەو مووسڵ، لە ١٨ى ئازارى ١٧٦٦ گەیشتە مووسڵ، لە ڕێگادا بەناو دوزخورماتوو، لەڕێى چیاى حەمرین و کەرکووک و قوشتەپە گەیشتە هەولێر، پاشانیش لەوێوە بەرەو زێى گەورە و لە کەڵەک بە زێدا دەپەڕێتەوە بۆ مووسڵ، لەڕێگاکەیدا کۆمەڵێک گوندى ئێزدى نشین دەبینێت و باسى ژیان و گوزەرانى خەڵکى ئێزدى کردووە، پاشانیش لەوێوە دەچێتە ماردین و ئامەد و لەوێوە بۆشارى حەڵەب، پاشان دەچێتە وڵاتى لوبنان و فەلەستین دەبینێت و پاشان بە کەشتى دەپەڕێتەوە بۆ بەندەرى ئەنتاکیا و لەوێشەوە بۆ ئەستانبووڵ.
لە ئەستەنبووڵیشەوە بەناو بەڵکان دا “بولگاریا، ڕۆمانیا و یۆگۆسلاڤیا” دەگاتەوە ئەورووپا، پاشان دەچێتە وارشۆى پایتەختى پۆڵۆنیا، لەوێشەوە مەلیکى پۆڵۆنیا پێشوازى لێ دەکات و خەڵاتیشى دەکات، پاشان بەرەو ئەڵمانیا دەڕوات و لەوێشەوە بۆ دانیمارک، لەو ٢٠ى تشرینى دووەمى ١٧٦٧ گەیشتەوە کۆپنهاگنى پایتەختى دانیمارک. “نیبور” لەم گەشتەیدا باسى حوکمى خراپ و گەندەڵى والیەکانى تورکى عوسمانى کردووە و هەروەها باسى برسێتى و وشکەساڵى هەندێک ناوچەى کوردنشینى لەباکوورى کوردستانیش کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بەجوانى وەسفى دڕندەیى و دڵڕەقى و دزى و تاڵانى والییەکانى بەغدا و مووسڵى کردووە، بەتایبەت بەرانبەر بە کورد، چۆن هەموو کاتێک ئەم والییانە سڵیان لە کوشتنى خەڵک نەکردووەتەوە. لەڕووى زانستیشەوە نەخشەیەکى یەکجار جوانى کێشاوە، بۆ نموونە ئەو یەکەمین کەس بووە، کەتوانى زانیارى باش لەبارەى نووسینى “بزمارى” میزۆپۆتامیا بنووسێتەوە، کە دواتر ئەو نووسینانە بوونە سەرچاوەیەکى گرینگ بۆ خەڵکى ئەورووپا، هەروەها توانى لە ڕێگاى کێشانى کۆمەڵێک نەخشەوە، نەخشەکانى ئەو لەبارەى نیمچە دوورگەى عەرەبییەوە بووبە سەرچاوە بۆ هەموو زانکۆکانى ئەورووپا، جگەلەوەش کۆمەڵێک زانیارى لەبارەى زانستى ڕووەکى و دەرمانسازى و حیکمەتى ڕۆژهەڵاتى کۆکردەوە و ناردیەوە بۆ ئەورووپا، کە پاشتر لە زانکۆکانى ئەورووپا سوودێکى زۆریان لەم زانیارییانە وەرگرت.
“نیبور” نووسیویەتى؛ ئەحمەد پادشاى والى بەغدا لەکاتى هەڵمەتێکى سەربازى بۆسەر پاشاکانى کوردستان مردووە، هەرچەندە مردنەکەى سرووشتى بووە، بەڵام عادیلە خاتوون دەڵێ بەمەندە ئاوى نەدەخواردەوە، عادیلە خاتوون ڕازى نەدەبوو بەوەى، کە مردنى باوکى قەزاوقەدەر بووە، بەڵکە لەو باوەڕەدا بوو، کە هۆى مردنى باوکى، ڕاپەڕینى پاشاییەکى ئەم ناوچەیە بووە، هەربۆیە زۆر جەختى دەکردەوە، کە دەبێت ئەو پاشایە، کە بووەتە هۆى مردنى باوکى تەمبێ بکرێت و سزا بدرێت “ ئەو ڕاپەڕینەى ئاماژەى پێدەکات، ئەوەیە کە سەلیم پاشاى بابان ئامادەنەبوو باج بداتە والى بەغدا، ئەمەش وایکرد، کە ئەحمەد پاشا هەڵمەتێکى گەورە بۆ تەمبێ کردنى بنێرێت، بەڵام لەڕێگادا بە نەخۆشى مرد و تەرمەکەیان گەڕاندەوە بۆ بەغدا و لەژێر قوبەى ئەبى حەنیفەدا بە خاک سپێردرا”. هەربۆە چەندین جار سلێمان پاشا سوپاى کۆدەکردەوە و هەڵمەتى سەربازى بۆسەر کوردستان دەست پێدەکرد، بۆئەوەى تۆڵەى پاشا بکاتەوە، بەڵام هەموو کاتێک ئەو پاشایە لەدەستى ڕایدەکرد و خۆ لەناو شاخەکاندا قایم دەکرد و نەیدەهێشت بەردەستى بکەوێت.لە کۆتایدا سلێمان پاشا کۆمەڵێک بەڵێنى باشى پێدا، ئەوى وەکوو هاوڕێ و دۆستێکى نزیکى خۆى داناو عادیلە خاتوونیش جامانەیەکى حەریریى بۆنارد، بۆئەوەى ئیسپاتى دۆستایەتى خۆیانى بۆبکات و ئەمەش وەکوو بەڵگەیەک وابوو، کە پاشا بەڕاستى لێى خۆش بووە.
ئەم کوردەش باوەڕێى بەم قسەو بەڵنە درۆیانە کردو سەفەریى بۆ بەغدا کرد، بەڵام هەر کەپێى نایە ناوشارەوە یەکسەر گیراو خرایە زینداوە بۆ ڕۆژى دوایى لەسێدارە درا….ل٨٢-٨٣. “نیبور” کاتێک دەچێتە سەر باسى کوردستان، نووسیویەتى؛ دیارە من نەمتوانى سەردانى کوردستان بکەم، من لێرەدا ئەوە دەگێڕمەوە، کەلە ویلایەتى بەغدا لەبارەى ئەم ناوچەیەوە گوێم لێ بووە، چونکە بەشێکى زۆر ئەم ناوچەیە لەژێر فەرمانڕەوایى پاشادایە. نووسیویەتى؛ کوردستان وڵاتێکى شاخاویی سەختە، هەروەها ناوچەیەکى بەپیت و بەرەکەتە و خەیرات و بەرهەمێکى زۆرى هەیە، بەتایبەت زۆر دەوڵەمەندە بەدارى سنەوبەر و داربەڕوو، کە ساڵانە ڕێژەیەکى زۆرى لێ دەنێردرێتە حەلەب و لەوێوە دەنێردرێت بۆ ئەورووپا، هەروەها زۆر بەدارى کشمیش ناوبانگى دەرکردووە، کە لێرەدا لە جیاتى شەکر بەکارى دەهێنن..ل١٠٣. پاشان نووسیویەتى؛ لۆکە و تووتن و ترێ و هەنجیرى لێ دەچێنرێت، جگەلەمەش بەرەهەمى “قزى” هەیە، کە وەکوو ئاوریشمێکى زبر وایە، هەروەها ماستیک “بنێشت”، بەڵام کوالیتییەکەى بنێشتى دوورگەى “خێو”ى نییە. کاتێک باسى شێوازى حوکمڕانى ئەم ناوچەیەى کردووە، نووسیویەتى؛ هەرچەندە دانیشتووانى ئەم ناوچەیە لەژێر فەرمانڕەوایى پاشادان، بەڵام ئەمانە لەلایەن سەرۆکەکانیانەوە حوکم دەکرێن، هەربۆیە توانیویانە پارێزگاریى لە زمانى خۆیان بکەن، کە بۆ سێ دیالێکتى زمانى دابەش بووە، ئەو دیالێکتەى کەلە ناوچەى کوێسنجەق قسەى پێ دەکرێت، دەستەواژە و وشەى زۆر عەرەبى و کلدانى تێدایە، بەڵام ئەو دیالێکتەى، کەلە باکوورى کوردستان دا قسەى پێ دەکرێت، زیاتر دەستەواژە و وشەى تورکى تێکەڵاوە.
“نیبور” لەم گەشتەیدا تێبینى ئەوەشى کردووە، کە ململانێى دەسەڵات لەلایەن میرەکانەوە هەیە، هەر بۆیە نووسیویەتى؛ جێگاى ئاماژەیە ژمارەییەکى زۆر لەناو ئەم بنەماڵەیە دا کێبڕکێیانە بۆ ئەوەى پلەى پاشایەتییان دەست بکەوێت، دیارە پاشاى بەعدایش هەموو کاتێک پلەى پاشایەتیى بەوانە دەدات، کە پارەى زیاترى پێ دەدەن، مرۆڤ دەتوانێت هەست بە ناخۆشیى و ژیانى پڕ چەرمەسەرى خەڵکى ئەم ناوچەیە بکات، کە لە دوولاوە دەچەوسێنرێنەوە؛ لەلایەن حوکمى ستەمکارانەى تورکەکان و لەلایەن حوکمى چەوسێنەرى ئەم بنەماڵەیە، مەبەستى میرە کوردەکانە…ل١٠٤. هەرچەندە “نیبور” باسى لەوە کردووە، کە خۆى سەردانى کوردستانى نەکردووە، بەڵام ئەوەى بیستوویەتى لەسەر لایەنى کۆمەڵایەتیى و سایکۆلۆجیى تاکى کورد تۆمارى کردووە و نووسیویەتى؛ ئەمانە گەلێکن، کە زۆر حەزیان لە تۆڵە سەندنەوەیە، کاتێک گەیشتمە مووسڵ ڕووداوێک کە بەم جۆرەیە؛ مەلایەک لە قەڵاچوالان دەمێنێتەوە، شەو دەچێت پاشا سەردەبڕێت، چونکە براکەى لە سێدارە داوە… ل١٠٥. لەبەشى باشوورى ناوچەى کوردستان، کەلەژێر فەرمانڕەوایى پاشاى قەڵاچوالانە، ناوچەى شارەزوور دێت، کە پێشتر ئەم ناوچەیە باشلقێکى گەورە بووە، پاشان گوندى گوڵعەنبەر، کە دەکەوێتە نێوان کویسنجەق و کەرکووک دیارە تاماوەیەکى زۆر ئێرە مەڵبەندى پاشا بووە.
ئەو شارۆچکانەى سەربە پاشاى ئامێدین ئەمانەن:-
ئاکرێ؛ ئەمیش شارۆچکەیەکى بچووکە، کە نزیکەى حەوت تا هەشت میلى ئەڵمانى”١٦٥٠مەتر” لە مووسڵەوە دوورە، جێگاى گوتنە ئەم شارۆچکەیە لە سەردەمى خولەفاکان دا زۆر ناوبانگى هەبوو، ئێستا کشتوکاڵى برنج دەکەن، کە لەناوچەکانى دەورووبەرى دەچێنرێت.
زاخۆ؛ ئەمیش گوندێکى بچووکە، کە دەکەوێتە سەر ڕێگاى مووسڵ- جەزیرە، هەکارى ناوچەیەکى کوردستانە، کە دەکەوێتە بەرى ڕۆژهەڵاتى فەرمانڕەوایى ئامێدیى و دراوسێى ویلایەتى وانى تورکیە، ئەمەش ناوچەیەکى بچووکى شاخاویى و سەختە، خەڵکى نەستوورى تێدا دەژى و بەتریارکێکیان هەیە، کە هەموو کاتێک پێى دەڵێن “شەمعون”، جێگاى ئاماژەیە، ئەمانە سەربەخۆیى تەواوییان لە قوش هەیە.
دواى وەسفکردنى چەند ناوچەیەکى کوردستان ئاماژەیە بەو دەکات، کە ئەو ماوەیەى لە مووسڵ بووم، بەهەلم زانى بۆئەوەى بەدواى دراویى ڕۆمانى و یۆنانى و فارسیى کۆندا بگەڕێم، بەڵام خەڵکى پێیان گووتم، کە من دەتوانم ئەو دراوانەم لە ناوچەى کوردستان دەستبکەوێت، چونکە هەتاوەکوو ئێستاش لەو ناوچەیەدا ئەو دراوانە بەکاردەهێنرێن، چونکە دراوى تورکى کەمە، بەشێکى ئەم دراوانەش خەڵکى لەڕێگاى پشکنین و گەڕان دەستیان دەکەوێت، بەڵام ئەو بەشەى کە دەمێنێتەوە بازرگانەکانى مووسڵ لە کوردستانەوە دەیهێنن و دەیبەن بۆ نسێبین و ماردین و دیاربەکر و شارەکانى تر، لەوێ دار بەڕوو و سنەوبەرى پێ دەکڕن، بەڵام ئەم کارە کارێکى ترسناکى گەورەیە، چونکە گەر پاشاى تورکى یان قازى بزانێت کەسێک بازرگانى بەم دراوە کۆنانەوە دەکات، ئەوا دەینێرێت بەدوایدا و هەموو دراوەکە دەگرێت، پاشانیش دەیخاتە زیندانەوە و فەلاقەیەکى زۆرى دەکەن، هەتا وەکوو ئەو خەزێنەیان پێ دەڵێت، کە ئەم داراوانەى لێ دەستکەوتووە و داواى لێدەکات ئەو شوێنەیان پێ پیشان بدات، تەنانەت ئەگەر خەزێنەى لەم جۆرەشى دەست نەکەوتبێت، ئەوان هەر لێى دەدەن و زیندانى دەکەن.
لە بەشێکى ترى گەشتەکەیدا “نیبور” بەرەو شارى مووسڵ ڕۆیشتووە، لەو بەشەیدا باسى ئەو شارە کوردى و ئاوەدانییانەى کردووە، کە پێیدا تێپەڕبووە، وەکوو گوندى “یەنگیجە”، کە دەکەوێتە سەر هێڵى ٣٤پلە و ٥٢ـ لەم وەرزەدا ئەم ناوچەیە چۆڵ بوو، چونکە زۆربەى دانیشتووانى ئاوایى چووبوون بۆ گەڕان بەدواى لەوەڕگا بۆ مەڕو وڵاخەکانیان. لە دووزخورماتوو، کە نزیکە لە یەنگیجە، خوێ و قیر و سەرچاوەى نەوتى هەیە، بەڵام خەڵکى ئەم ناوچەیە هیچ گرینگى بە قیر نادەن، چونکە لە هیت، کە دەکەوێتە سەر ڕووبارى فوڕات، خەڵکى لەوێ بۆ باشکردنى کەشتییەکانیان بەکارى دەهێنن، بەڵام نەوتى ڕەش لێرە زۆر ڕەواجى هەیە، چونکە لەجیاتى زەیت بۆ چراکانیان بەکارى دەهێنن، دەچن لقى خورما پارچەى گەورەى لێ دەبڕن و دەیچەقێنن بەناو نەوت دا و پاشان دایدەگیرسێنن. دیارە کاتێک دایدەگیرسێنن لەم دارەشەوە بۆنێکى زۆر ناخۆش دێت، کە لەکاتى ئاسایى دا ناتوانیت تەحەمولى بکەیت و هەروەها لە ڕووى نەندورووستیشەوە باش نییە، بەتایبەتى جووتیارەکان لە وەرزى زستان دا بۆ گەرمکردنەوەى ماڵەکانیان بەکارى دەهێنن، لەم وەرزەدا جووتیارەکان لە پەنا سەرچاوەکانى نەوتەکە دا کارەکانیان دەکەن، بەڵام ئەو چرایانەى کە پاشا و نەجیبزادە و دەوڵەمەندەکانى بەغدا بەکارى دەهێنن، بریتییە لە بەکارهێنانى پڵیتەیەک، کە لەناو نەتدا نوقم دەکرێت و پاشان وشک دەکرێتەوە ئینجا چرا بەکاردەهێنرێت. جێگاى گوتنە بەم نەوتە بەدوەکان و جووتیارەکان لە سەرەتاى بەهاردا ئەو حوشترانەى پێ ڕەنگ دەکەن، کە تازە لەدایک دەبن، هەروەها بیستم گوایە لەم ناوچەیەدا نەوتى سپیش هەیە، کە خەڵکى بۆ چارەسەکردنى نەخۆشى بەکارى دەهێنن، خەڵکى ئەم ناوەچەیە بۆیان دووپات کردمەوە، کە ئەم نەوتە سپییە گەر بخرێتە سەرى کەسێک، ئەوا لە جەستەیەوە دەردەچێتە دەرێ و لە پەنجەى دەست و قاچیەوە دێتە دەرەوە ڕێک وەکوو ئارەقە وایە، کەسێکى ژیر باش لەوە تێدەگات، کە من نامەوێت ئەم ئەزموونە بەچاوى خۆم ببینم. ل١١٧-١١٨.
پاش باسکردنى داقووق و شێوازى ژیان و گوزەرانى ئەو ناوچەیە، دێتە سەر وەسفى شارى کەرکووک، لەم بارەیەوە ئەم زانیاریانەى بۆ تۆمارکردووین؛ کەرکووک دەکەوێتە سەر گردێکى جوان، ئەم شارە خەیراتێکى زۆریى تێدایە، بەڵام کەمتر ئاوەدانى پێوە دیارە، شوێنى لەسەر نەخشە هێڵى پانایى ٣٥پلە ٣٩ پلەیە، هیچ شوێنەوارێکى کۆنى شارە ئەسڵیەکە نەماوە، کە دەکەوێتە سەر گردێک کە زۆر سەختە، بەڵام گردەکە خۆى، پڕیەتى لە دانیشتووان و شورایەکى بەرزیى لە قووڕ دروستکراو دەورى داوە و سەربازگە “حامیە”یەکى سوپای یەنیچەرى تێدایە و پێ دەڵێن”قەڵا”. ئەو شوێنەى، کەپێى دەڵێن قەڵا، پیسترین شوێن بووە، کە تا ئێستا بینبێتم، ماڵەکانیشیان لەو پەڕى پیس وپوخڵى و خراپى دا بوون، لە قەڵاکە سێ مزگەوت هەن، کە منارەیان تێدایە، لە یەکێک لە مزگەوتەکان دا قەبرى “دانیال و میخائیل و خنانیا و عزائیل”ى پێغەمبەرى تێدایە، بێگومان جوولەکەکان دەزانن، کە پێغەمبەرەکانیان لەم مزگەوتە دا نێژراون، بەڵام موسوڵمانەکان ناهێڵن ئەوان بچنە ناو ئەم مزگەوتەوە بۆئەوەى سەردانى قەبرى پێغەمبەرەکانیان بکەن، هەروەها لە کەرکووک نزیکەى چل کلدانى و نەستوورى هەن، کە سەر بە کڵێساى ڕۆمان، کاتێک کە بیستیان گەڕیدەیەکى ئەورووپى هاتووە، یەکسەر ڕایانکرد بۆلام و سەردانیان کردم، بەهاتنم زۆر خۆشحاڵ بوون و زۆر حەزیان کرد، کە پیاوێکیان لە وڵاتى قەدیس بترۆس بینیوە و زۆر تکایان لێکردم، کە چەند ڕۆژێکى تر لەلایان بمێنمەوە، لەکاتى قسەکردن لەگەڵیاندا.
پاشان هەر دەربارەى کەرکووک دەنووسێت؛ لە نزیک کەرکووکەوە سەرچاوەى قیرو نەوت هەیە، لەوێ جێگایەکى لێیە پێ دەڵێن بابەگوڕگوڕ، ئەم شوێنە زۆر سەرسوڕهێنەرە بەتایبەتى زەویەکەى زۆر گەرمە بەشێوەیەک کە دەتوانرێت گۆشت و هێلکەى تێدا ببرژێت، پیاو پێویستیى بە هیچ نییە تەنها چاڵێکى بچووک هەڵبکەنە و ئەو شتەى تێکە و بۆخۆى دەبرژێت، خەڵکى بۆیان گێڕامەوە، کەلەم شوێنەوە ئاگرێکى گەورە بەرزدەبێتەوە، کە زۆر جار خەڵکى بۆخۆشى دەچن سەیرى ئاگرەکە دەکەن… لەم ڕێگایەدا هیچ گوندێکم نەبینى هەتا ئاڵتون کۆپرى، کە شەوى دوانزەیەم گەیشتینە ئەوێ، بەڵام لە ڕێگادا زۆر بنەماڵەى کوردیمان بینى، کەلەم لەوەڕگا جوانانەدا، خەریکى لەوەڕاندنى ڕەشەوڵاخ و بەرخەکانیان بوون. سەبارەت بە ئاڵتون کۆپریش نووسیویەتى؛ ئاڵتون کۆپرى ماناى “ پردى ئاڵتونى” دەگەیەنێت، ئەویش شارۆچکەیەکە، کە ژمارەى ماڵەکانى دەگاتە نزیکەى چوار سەد تا پێنج سەد ماڵ، دەکەوێتە سەر زێى گەورە و لەناو دوورگەیەکى بچووک دایە، بەناو ئەو پردەشەوە ناویان ناوە، چونکە بەرزایى کەوانیى “ قەوس”ەکانى پردەکە زۆرترە لەچاو پردى ئاسایى، ئەو پردەى کە پێش چەند ساڵێک ڕووخا، بەرزاییەکەى هێندەى ئەمەى ئێستا نەبوو، هەربۆیە ناچاربوون، کە بەم شێوە جوانە ئەم پردە دروست بکەن و نەشیانتوانى پردێک دروست بکەن، کە کەوانەى لەمەى ئێستا کەمتر بێت.
لەباسى “ کوێسەنجەق”یشدا دەڵێت؛ ئێرە مەڵبەندى پاشاى کوردیە، کە سەربە پاشاى بەغدایە و نزیکەى ١٢کاتژمێر بەپێ لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى ئاڵتون کۆپریەوە دوورە، پێشتر ئەربیل و ئاڵتون کۆپرى هەتا چەند ساڵێکیش پێش ئێستا، سەر بەم پاشایە بوون، بەڵام ئێستا والى بەغدا حاکمێک دەنێرێت بۆ ئەربیل، ئەویش لاى خۆیەوە ئاغایەک دەنێرێت بۆ ئاڵتون کۆپرى. “نیبور” لە بەشێکى ترى نووسینەکەیدا دەڵێت؛ جێگاى ئاماژەیە سەفەرکردن بە تەنها سەرکێشییەکى زۆر گەورەیە و ترسێنەرە، چونکە لەڕێگادا کۆمەڵێک سوارەمان بینى، پاشان دوو شێخى کوردمان بینى کەبەسەر ئەسپەکانیانەوە بوون، دیارە هەمووریان تەماعیان لێمانکردبوو دەیانویست ڕووتمان بکەنەوە، بەڵام نەیانوێرا ئەو کارە بکەن، چونکە ئەوان تەنها شمشێریان پێ بوو، منیش چەکم پێ بوو، لەلایەکى تریشەوە من بەێ هیچ ترسێک، وەڵامیانم دەدایەوە، بەتایبەتى کاتێک لەبارەى سەفەرەکەمانەوە دەیانپرسى، من هیچ جۆرە نیشانەیەکى ترسم پیشانى ئەوان نەدا.
دواتر باسى قوشتەپە و هەولێرى کردووە و لە بارەى هەولێرەوە دەڵێت؛ ئەمە ئەربیلایە، کە ناوبانگێکى مێژوویى هەیە، لێرەدا شەڕى یەکلاکەرەوەى نێوان ئەسکەندەرى گەورە و دارا ڕوویدا، دەڵێ؛ دیارە لەوکاتەدا شارەکە زۆر گەورە بووە و قەڵایەکیشى لەسەر گردێکى بەرز دروستکراوە، بەڵام ئەمڕۆ هیچى نەماوە جگەلە قەڵاکە نەبێت، ئەمیش شوراى بەدەوردا دروستنەکراوە و بەڵکە ماڵیان تێدا دروستکردووە، بەتایبەتى لەپەنا گردەکەدا بەشێوەیەک، کە پێوە بەستراوە و هیچ کەسیش ناتوانێت بەئاسانى بچێتە ناو شارەکەوە تەنها لەدەرگاى شارەکەوە نەبێت، بەڵام ئەو گردەى، کە دەکەوێتە باکوورى قەڵاکەوە، کە پێشتر شارى گەورەى ئەربیلى تێدابووە، چەند ماڵێکى هەژارانەى تێدایە، جێگاى گوتنە ئەربیل هیچ جۆرە پاشماوەیەکى شوێنەوارى تایبەتى تێدانییە، جگەلە مزگەوتێکى گەورە نەبێت، کە لە قەڵاکەوە دوورە و دەکەوێتە ناو کێڵگەکان ئەمەش یەکێکە لە پاشماوەکانى “سوڵتان موزەفەر”، هەروەها منارەیەکیش لەپەنا مزگەوتەکە هەیە، کە زۆر بەهێز و لەخشتى سوور وکڵس دروستکراوە، دوو دەرگا و قاڵدرمەى هەیە، کە دووکەس دەتوانن بە ئاسانى بۆ لووتکەکەى سەر بکەون، جێگاى ئاماژەیە دوو دەرگاکە ڕووبەڕووى یەکترین و دووکەس دەتوانن لەیەک کاتدا بۆ لووتکەى منارەکە سەربکەون، بەبێ ئەوەى کەسیان ئەوى تریان ببینێت، ئەربیل دەکەوێتە سەر هێڵى ٣٦، ١١ ئەمیش سەر بە ویلایەتى بەغدایە و سەربازگەیەکى یەنیچەرى قوستەنتینى تێدایە. زەوییەکانى ناوچەى هەولێر بە ئاوى ڕووبارەکان ئاونادرێن هەروەک لە بەغداو بەسرە باوە، چاندنى گەنم لەم ناوچەیەدا، دە بەرابەرە و لە ساڵە باشەکانیش دا ئەوپەڕى دەگاتە پانزە بەرابەر، ئەو گەنمەشى کە پشت بەئاوى باران دەبەستێت بەرەکەتیى زیاترە و ئاردیشى زۆرترە لەچاو ئەو
گەنمەى کە بەئاوى ڕووبارەکان دەچێنرێت، هەروەها لەڕووى تامیشەوە لەوان خۆشترە.دیارە هۆیەکەشى بۆئەوە دەگەڕێتەوە خەرمانى گەنم لەم ناوچەیەدا ناگاتە پانزە بەرابەر لەکاتێکدا خەرمانى گەنم لە بەغدا دەگاتە بیست بەرابەر، ئەمەش هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ تۆوەکەى، کەلەم ناوچەیەدا بەشێوەى دێمى” ئاوى باران”دەکرێت، هەمووى پێکەوە لەیەک کاتدا گەورە نابن و زۆربەشى وشک دەبێتەوە و باڵندەکان دەیخۆن. پاشان هەرلەم گەشتەیدا بەناوچەکانى ئێزدییەکاندا تێپەڕدەبێت و کەمێکیش لەبارەى ئەوانەوە زانیارى نووسیوە، تا دەگاتە شارى مووسڵ، زۆر بەوردى لەسەر مێژووى شارەکە و ناوەکانى و تۆبۆگرافیا و دانیشتوانەکەى و ئاستى بژێوى و ژیانى ئابوورى خەڵکەکەى نووسیووە، ئەمەو جگەلە کێشانى چەند نەخشەیەکى جوگرافیایى ئەو شارە، کە ئەمە یەکێک بوو لە تایبەتمەندییەکانى نووسینەکانى ئەم گەشتیارە ئەورووپییە. لەوێشەوە چووەتە ماردین و دیاربەکر و دواتریش بۆ حەلەب. لە کۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، خۆشبەختانە ئەم سەفەرنامەیە لەساڵى “٢٠١٢” لەلایەن ئەردەڵان عەبدولڵاوە وەرگێڕداوە و لە ساڵى ٢٠١٣ لەژێر ناونیشانى “سەفەرنامەکەى “نیبور” لە سەدەى هەژدەدا” لە لایەن دەزگاى موکریانى چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ژمارەى لاپەڕەکانى “٢٠٢”لاپەڕەیە.
ئامادەکردنى؛ د.ژیلوان عەبدولڵا هەڵەدنى




































































