پاش ماوەیەکی زۆر، لە کۆتایدا خوێنەری کتێبی “ئێمە”ی زامیاتین بووم؛ کە یەکێکە لە دیاردە دەگمەنەکانی ئەدەب لە سەردەمی سووتانی کتێبدا. کاتێک لە کتێبی؛ بیست و پێنج ساڵ لە ئەدەبی یەکێتی سۆڤییەتی ڕووسی لە نووسینی گڵیب سترۆڤدا بەدوایدا گەڕام، مێژووەکەی بەمشێوەیە بوو:-
زامیاتین کە لە ساڵی ١٩٣٧ لە پاریس کۆچی دوایی کرد، ڕۆماننووس و ڕەخنەگرێکی ڕووسی بوو، چوندین بەرهەمی پێش شۆڕش و پاش شۆڕش بڵاوکردبووەوە. کتێبی “ئێمە”ی لە ساڵی ١٩٢٣دا نووسیوە، سەرباری ئەوەی ڕووسیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەم کتێبەوە نییە و باسی ڕووسیا ناکات، بەڵام بەبیانووی فیکری ئایدۆلۆژییەوە ڕەتیکردەوە بڵاوبکرێـتەوە. کۆپییەک لە دەستنووسی “ئێمە” ڕێگەی خۆی بۆ دەرەوە کردەوە و بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسـی و چیکی بڵاوبووەوە، بەڵام هەرگیز بە زمانی ڕووسی بڵاونەبووەوە. کاتێک بە زمانی ئینگلیزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵاوبووەوە، هەرگیز دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخسا پەیدای بکەم، بەڵام کاتێک بە زمانی فەڕەنسی لەژێر ناونیشانی “ئێمە ئەوانیترین” بڵاوبووەوە، توانیم وەدەستی بخەم. دەتوانم حووکمی لەسەر بدەم بڵێم نمرە یەک نییە، بەڵام ئاساییشیش نییە. جێگەی سەرسوڕمانە کە هیچ بڵاوکراوەیەکی ئینگلیزی ئەوەندە بوێری نەبوو دووبارە بڵاویبکاتەوە.
هەر کەسێک خوێنەری ئەم کتێبە ببێ، یەکەم شت کە درکی پێدەکات، ئەو ڕاستیەیە کە دەبێ کتێبی “جیهانێکی نوێی بوێرانە”ی ئەڵدۆس هکسڵی دەبێ بەشێک بێ لەم کتێبە. هەردوو کتێبەکە باسی کودەتای ڕۆحی مرۆڤی سەرەتا بەرانبەر جیهانی ئەقڵانی ئامێری بێ ئازار دەکات، هەردوو چیرۆکەکەش باسی شەسەد ساڵ دواتر دەکا. کەشی هەردوو کتێبەکە لەیەک دەچن و بەنزیکەیی پەسنی هەمان کۆمەڵگە دەکەن؛ بەڵام ئەوەیە هکسڵی کەمتر سیاسەت کاریگەری لەسەر داناوە و زیاتر بیردۆزەکانی بایۆڵۆ ژی و دەروونشیکاری نوێ ڕەنگیان داوەتەوە.
بەپێی تێڕوانینی زامیاتین، لە سەدەی بیست و شەشدا، خەڵکی وایان لێ دێ بە ژمارە دەناسرێنەوە، لە خانووی شووشەیدا دەژین، کە ئەمەش وا لە پیاوانی دەوڵەت دەکا ئاسانتر چاودێریان بکەن. هەموویان یەکجۆر جل دەپۆشن، یان بە ژمارە ئاماژەیان پێ دەکرێ، یان بە یەکجۆر جل. لەسەر ژەمی دەستکرد دەژین، تاکە کات بەسەربردنیان ئەوەیە چوارچوار پێکەوە بن، سروودی نیشتمانیش لەڕێگەی بڵندگۆکانەوە لێ دەدرێتەوە. لە کاتێکی دیاریکراودا کە یەک کاتژمێرە و پێیدەگوترێت “کاتی سێکس” دەتوانن پەردەی شووشەکان دابدەنەوە. هاوسەرگیری نەماوە، کاتێکیش ئەو وادە دیاریکراوە دێ، هەموو کەسێک دەفتەرێک وەردەگرێت کە کارتی پەمەیی تێدایە، ئەو هاوبەشەی کە دێت و کاتژمێرێک لەگەڵ کەسێک بەسەر دەبا، ئیمزا لەسەر کاتی دیاریکراو دەکا. وڵات لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوە دەبرێ بە ناوی “چاکخواز”، کە هەموو ساڵێک لەلایەن خەڵکەوە بە کۆی دەنگ هەڵدەبژێردرێتەوە. بنەمای وڵاتەکە یەک شتە؛ بەختەوەری و ئازادی پێکەوە یەکناگرێتەوە. وڵات لەسەر نەمانی ئازادی و بوونی بەختەوەری دامەزراوە.
لێکچوونی نێوان ڕۆمانی “ئێمە”ی زامیاتین و “جیهانی نوێی بوێرانە”ی هکسڵی جێگەی سەرنجە. وێڕای ئەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکەی زامیاتین لاوازە و بەجۆرێک لە جۆرەکان پچڕ پچڕە و زۆر ئاڵۆزە، بەڵام خاڵێکی سیاسیی زۆر گرنگ باس دەکا، کە پێویستی بە کتێبێکی تریشە بۆ تەواو کردنی. ئەمما لە کتێبەکەی هکسڵی دەبینین کێشەی سروشتی مرۆڤایەتی بەجۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر کراوە. ئاسانە کرێکارێکی نمرە یەک بەرهەمبهێنیت، لە هەمان کاتیشدا زۆر ئاسانە کەسێکی کەلـلەپووت دروست بکەیت. لەهەمان ساتیشدا کتێبەکە هیچ هۆکارێک بۆ دابەشکردنی چینەکان بەوشێوە ئاڵۆزەی کە باسی دەکات ناخاتەڕوو. ئامانج قۆستنەوەی دارایی نییە، بەڵام ویستی دەسەڵاتیش پاڵنەر نییە. نە برسێتی دەسەڵات، نە سادیزمی لە وڵاتدا نییە. ئەوانەشی لە لووتکەی دەسەڵاتدان هیچ هۆکارێکیان نییە دەست بە مانەوەی دەسەڵاتیانەوە بگرن. خەڵکەکەی بەشێوەیەکی بەتاڵ بەختەوەرن، بە جۆرێک مانەوەی وڵاتەکە ناچێتە ئەقڵەوە. کتێبی زامیاتین بۆ دۆخی ئێستمان گونجاوە. وێڕای پەروەردە و بەخەبەرهێنانەوەی پاسەوانەکانمان، بەڵام هێشتا چەندین خەسڵەتی کۆنی مرۆ بوونی ماوە.
گێڕەوەی چیرۆکەکە کە D٥٠٣ییە، سەرباری ئەوەی ئەندازیارێکی بەهرەمەندە، بەڵام کەسێکی هەژاری کولتوورییە. یەکێکە لە براونە بیتسەکانی شاری لەندەن. دەکەوێتە داوی خۆشەویستی I٣٣٠ (کە بێگومان ئەمەش یەکێکە لە تاوانەکان)، ٣٣٠ ئەندامی بزوتنەوەی بەرگری نهێنییە و ماوەیەک لە هەڵگرانەوەی ٥٠٣ سەرکەوتوو دەبێ. کاتێک شۆڕش دەست پێدەکات، دەردەکەوێت ژمارەی چاکەخوازەکان زیاترن، ئەم کەسانەش تەنانەت ئەو کاتەی پەردەکان دادەدەنەوە هێشتا هەر ملکەچی دەوڵەتن. لە کۆتایدا ژمارە ٥٠٣ لە سزای کارە چەوتەکانی ڕزگاری دەبێ. دەسەڵاتداران هۆکاری ئەم شڵەژانە کۆتاییانە دیاری دەکەن و دەڵێن:- هەندێک لە مرۆڤەکان بەدەست نەخۆشی خەیاڵپڵاوییەوە دەناڵێنن. سەنتەری دەماری بەرپرس دیاریکراوە و ئێستا دەتوانن لەڕێگەی تیشکەوە چارەسەری نەخۆشییەکە بکەن. نەشتەرگەرییەک بۆ دی ٥٠٣ دەکرێ، دواتر زۆر بە ئاسانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی کە دەبێ بیکا، ئەویش ناپاکی کردن و هەواڵدانە لە هاوڕێکانی بۆ پۆلیس. بە وردی لەژێر فشاردا و لەناو زەنگۆڵەی شووشەیدا چاودێری ٣٣٠ دەکات:-
دەستی خستە سەر لاکانی کورسییەکە و بە تووندی گرتی، چاوی تێ بڕیم، تا بەتەواوی چاوەکانی لەیەکنا. بردیانە دەرەوە و دواتر هێنایانەوە، بە شۆکی کارەبایی هۆشیان هێنایەوە و جارێکی تر خستیانە ژێر زەنگۆڵە شووشەییەکە. سێجار ئەم پڕۆسەیان دووبارە کردەوە، بەڵام هیچ وشەیەکی نەدرکاند. ئەوەکانی تر کە لەگەڵیدا دەستگیرکران، بەیەک داواکاری هەموو شتێکیان درکاند. سبەی هەموان دەنێردرێن بۆ چاکسازی. زامیاتین مەبەستی لە چاکسازی مل پەڕاندنە. چەندین پڕۆسەی مل پەڕاندن لە بەرهەمەکەی زامیاتیندا هەیە. پڕۆسەکە لەژێر ڕابەرایەتی چاکەخوازدا دەکرێ و سروودی سەرکەوتن لەلایەن شاعیرە فەڕمییانەوە دەگوترێتەوە. ملپەڕاندنەکەش وەکوو سەردەمی کۆن نییە، بەڵکوو لە چاوتروکانێکدا قوربانییەکە سەردەبڕێت و دەیکات بە خەڵووز و گۆمێک ئاوی ڕوون. مل پەڕاندنەکە مەبەستی قوربانیدانی مرۆڤایەتییە، ئەو دیمەنەشی کە پەسنی دەکا، ڕەنگی شارستانییەتی کۆیلایەتییە لە کۆندا. ئەم چەمکە نا ئەقڵانییە، قوربانیدانی مرۆڤایەتی، توندوتیژی وەکوو ڕەهەندێکی باڵا، پەرستنی سەرۆک وەکوو خودایەک، هەموو ئەمانە وایانکردووە کتێبەکەی زامیاتین لە هکسڵی باشتر ببێ.
ئەم گفتوگۆیەی خوارەوەی نێوان ٣٣٠ و ٥٠٣ بەسە بۆ ئەوەی قەڵەمێکی ڕەساسی شین بەدەستەوە بگری و دەست پێ بکەیت:-
- دەزانیت ئەوەی پێشنیاری دەکەی شۆڕشە؟
- بێگومان شۆڕشە. بۆ نا؟
- چونکە ناکرێ شۆڕشێک بکرێ. کۆتا شۆڕشەمان کرد و هیچ شۆڕشێکی تر هەرگیز نابێ بکرێ. هەموان ئەمە دەزانن.
- ئەزیزەکەم، تۆ زانایەکی ماتماتیکی: پێمبڵێ ژمارەی کۆتایی چەندە؟
- مەبەستت لە ژمارەی کۆتایی چییە؟
- باشە ژمارە گەورەکە دەڵێم.
- بەڵام ئەمە ساویلکانەیە، ژمارە سنووری نییە، ناکرێ ژمارەی کۆتایی بوونی هەبێ.
- کەوایە بۆچی باسی کۆتا شۆڕش دەکەی؟
چەندین بڕگەی تری لەمشێوەیە هەیە، بەڵام ڕوونە کە زامیاتین نەیویستووە یەکێتی سۆڤییەت ببێتە ئامانجی تەنزەکەی. زامیاتین لە کتێبەکەیدا مەبەستی دیکتاتۆرییەتی ستالین نەبووە، دۆخی ١٩٢٣ی ڕووسیاس بەبیانووی ئەوەی وڵاتێکی ئارام و پڕ ئاساییشە ڕێگەی بە شۆڕشی هیچ کەسێک نەدەدا. وادەردەکەوێ زامیاتین مەبەستی وڵاتێکی دیاریکراو نەبووە، بەڵکوو مەبەستی ئامانجەکانی سەردەمی شارستانییەتی پیشەسازی بووە. هیچ کتێبێکی تریم نەخوێندووەتەوە، بەڵام لەڕێگەی گڵیب سترۆڤەوە زانیم کە ماوەیەک لە ئینگلتەرا ژیاوە چەند وتارێکی لەسەر ژیانی ئینگلیز نووسیوە. لە ساڵی ١٩٠٦ حکوومەتی قەیسەری زامیاتینیان دەستیگر کرد، دواتر لە هەمان زیندان و لە ساڵی ١٩٢٢ حکوومەتی بەڵشەفییەکان دەستگیریان کرد، بۆیە هۆکاری خۆی هەبووە ڕقی لەو سیستەمە سیاسییە ببێتەوە.
ئەم وتارە لە ٤ی جانیوەری ١٩٤٦ لە ڕۆژنامەی تریبیۆن بڵاوکراوەتەوە.
یڤگینی ئیڤانۆڤیچ زامیاتین، لە مانگی فێبریوەری ساڵی ١٨٨٤ لە شاری لیبدیان لە ڕووسیا لەدایکبووە و لە دەی مارسی ساڵی ١٩٣٧ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. ڕۆژنامەنووس و ڕۆمانووسێکی ڕووسی بووە، بە ڕۆمانە خەیاڵی و ڕەخنەگرییەکانی بەناوبانگە. دیارترین کاری “ئێمە”یە کە ڕووداوەکانی باس لە داهاتوو دەکا.
سەرچاوە: الأعمال السیاسیة و الأدبیة (الجزء الثانی)
نووسینی؛ جۆرج ئۆروێڵ
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد







































































