سیاسەتی بەعس و رژێمەکانی دیکە زیانیان بۆ بە ئێراقیکراوەکان هەبووە، بەڵام کورد لەسەر ناسنامە کراوەتە ئامانج
کاتێک قسە، دانوستان و لێکدانەوە مێژووییەکان دێنە سەر ئێراق، دەبێت ئەوە لەبەرچو بگیردرێت هەموو رژێمێکی داپلۆسێنەر هەمووان دەچەوسێنێتەوە، بەڵام زیانەکان و کردنە ئامانجەکان یەکسان نین. بە داخەوە ئیستا ئارگومێنتێکی دووبارەبووەوە لای عەرەبەکان شیعە یان سونە و بەشێکی دەگمەن لە کوردیش هەیە گوایا رژێمەکەی سەدام ستەمی لە هەمووان کردووە و هەمووان ئازاریان جەشتووە. لەو رێگەیەوە ئەوان بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئاماژە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەدەن ئەویش جیا نەکردنەوەی کوردە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت ئەمە لە رووی یاسایی و زانستی و مێژوویی و تیۆرییەوە هەڵەیەکی ستراتیژییە و یەکسانکردنی هەموو جۆرەکانی ئازار بەبێ لەبەرچاوگرتنی راستی رووداوەکان، پرسەکە بێ دادگەری دەهێڵیتەوە و رووداوەکانی وەکو کۆمەڵکوژییش تەواو تێکەڵ و لێڵ دەکات. دەبێت ئەوە بزانین ئەوەی کورد بەرگەی گرت و دووجاری بوویەوە تەنیا سەرکوتی سیاسی نەبوو، بەڵکو بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی نەژاد و پێکهاتەیەکی نەتەوەیی بوو بە ئامانجی قڕکردن و سڕینەوەیان.
جیاوازییەکە تەنها لە بارستایی کردنە ئامانجەکەدا نییە، بەڵکو لە سروشت و ئامانج و شیوازەکانیشدایە.
زۆرێک لە ناکوردەکان بەهۆی پەیوەندی سیاسی یان ئایدۆلۆژییەوە، یان بە هۆی دژایەتیکردنی دەسەڵاتەوە کرانە ئامانج. کۆمەنست و شیوعییەک، ئیسلامییەک، یان تەنانەت بەعسییەک کە گومانی ناپاکی لێدەکرا، دەکرایە ئامانج. بە واتایەکی تر زۆرجار بە ئامانجگرتن پەیوەست بوو بە هەڵوێستی سیاسییەوە و لە ڕووی تیۆریەوە دەکرا مرۆڤ بە ڕاگەیاندنی پابەندیی و ملکەچیی و دڵسۆزیی بۆ ڕژیم چارەنووسی بگۆڕێت. بۆ کورد خودی ناسنامەی کوردبوون بە هۆکارێک بۆ گومان و سزادان. ئیتر بابەتەکە تەنیا لە پشێمەرگە و خەباتکارانی نهێنییدا سنووردار نەبوو، بەڵکو هەبوونی کورد وەک “کێشە”یەکی دیمۆگرافی و سیاسی دەبیندرا کە لە دیدی رژێمەکانی رابردووی ئێراق (بە کەس و لایەنە میراتگرەکانی ئێستاشەوە) کە پێویستی بە کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە یان لە باشترین دۆخ رادەگوێزرانەوە. ئەمەش بە ڕوونی لە لەشکركێشیی و هەڵمەتە سەربازییەکانی ئێراق دژی کوردستان بەرجەستە کراوە، کە تەنیا هەڵمەتێکی سەربازی نەبوو دژی ئەوەی بە یاخیبوون ناویان بردبوو، بەڵکو هەڵمەتێکی دزێو و بە قۆناغ و پیلان بۆ داڕێژراو بوو کە بریتی بوو لە وێرانکردنی هەزاران گوندی کوردستان، ئاوارەکردنی بەکۆمەڵ، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، کۆەمڵگەی دەستبەسەرکردن و قڕکردن لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی. قوربانییەکان زۆرینەیر ەهایان لە هاووڵاتیانی کورد بوون، زۆرینە بەساڵداجوو و ژن و منداڵ و جووتیار و گوندنشینان بوون.
ئامانج شکاندنی پەیکەری کۆمەڵایەتی و جوگرافیای خودی ژیانی کوردەواریی بوو.
نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم ستراتیژە نامرۆڤانەیەی رژێمی پێشووی ئێراق بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بوو لە دژی هەڵبەجە و چەندین ناوجە و شار و دێهاتی دیکەی کوردستان. لە کاتێکدا کە ڕژێمی ئێراق تاوانی بەرامبەر ناکوردەکانێش ئەنجام دەدا، بەڵام ئامانج و پاساو و پاڵنەرەکان جیاواز بوون. شیعە بە تۆمەتی پابەندی ئیران و دژایەتی سونیزمم، و ئەوانی دیکە بە پاساوی دیکەی سیاسی و ئایدۆلۆژی هەڵبەسترا دەبوو، بەڵام کۆمەلكوژکردن و زیندبەچاڵکردن و کیمیاباران چەند شێوازێکی لەنابردن و کۆمەڵکوژیی بوون کە ئامانجی سەرەکیان کورد و کوردبوون بووە.
بەعەرەبکردن وەکو سیاسەتی تواندنەوەی کورد لە ئێرق
وێڕای ئەوەش، سیاسەتی بەعەرەبکردن بە زەقی ئامانج لێی سڕینەوەی کورد بوو. لە ناوچەکانی وەک کەرکوک، خانەقین و شنگال و بەشێکی نەینەوا، رژێم بە وردیی سەرقاڵی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی بوو لە رێگەی بە ئاوارەکردنی کورد و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان و نیشتەجێکردنی خێزانە عەرەبەکان لە شوێنی ئەوان. ئەمانە تەنیا ڕێوشوێنی کاتی نەبوون کە پەیوەندییان بە شەڕەوە هەبووبێت، بەڵکو سیاسەتێکی درێژخایەن بوون تیایدا ئامانجیان کەمکردنەوەی رێژەی کورد بوو لە ئێراق وێڕای و دووبارە داڕشتنەوەی ناسامەی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و گۆڕینی کورد بۆ عەرەب، چونکە دواجار عەرەبی راگویزراو بە پاڵپشتی رژێمی عەەبی زمان و کەلەپوری خۆی دەسەپاند و لە ناوچە عەرەبیە دوورە دەستەکانیش کورد ناچار بە تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی زمان و کەلەپور و فەرهەنگی عەرەب دەبوو یان دەکرا. دواجار ئەو راگوێزراوانە بە کردەی خرابوونە زیندانێکی بەرفراوان و سنووردا لە عەرەبستانی ئێراقدا. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە عێراقییەکان یان بە ئێراقییکراوەکانی تر بە ئەندازەی کورد ئازاریان نەچێشتووە یان ئازارەکانیان زۆر کەمتر بەرچاو بووە (مەبەست ڵیدان لە پێکهاتەکانی دیکە و خودی عەرەب بە شیعە و سونە نییە).
وردبینیی و جیاکردنەوەی پرسەکانی وەکو ئازاری کورد لەوانی دیکە مەبەست لێی کەمبایەخکردن نیە، بەڵام پێدانی ئەو تایبەتمەندیە مێژوویی و کەلەپوریی و سیاسییەیە کە لیی سەندراوەتەوە یان ئامانج لێسەندنەوەیەتی. دواجار وردبینی مێژوویی پێویستی بەوەیە دان بەوەدا بنرێت شێوازەکانی سزادان، چەوساندنەوە و سەرکوتکردن یەکسان نەبوون. بارودۆخی کورد سەرکوتی سیاسی، بەئامانجکردنی نەتەوەیی، گۆڕانی دیمۆگرافی، کوشتاری بەکۆمەڵ و سزادانی بەکۆمەڵ بووە بۆ تەواوی پێکهاتەیەک لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و هەبوونی سیاسیی خۆی. داننان بەم جیاوازییە کێبڕکێ نییە لەسەر بارستایی ئازارچەشتن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ راستکردنەوەی مێژوو یان روانین لە مێژوو و وەرگرتنی وەک ئەوەی روویداوە. دەبێت ئەوەش بزاندرێت کاتێک هەموو کارەساتەکان لە یەک گێڕانەوەی سادەدا کورت دەکرێنەوە، سروشتی تاوانەکان و شێوازەکانی ئەنجامدانیان و ئامانجەکانیان تێکەڵ و پەرت دەبن و ئەو گرنگییەیان نامێنێت. راستە هەمووان لە ئێراق بەهۆی دەرئەنجامی سیاستەکانی بەعس و پێش ئەوانیش زیانیان پێکەوتووە، بەڵام لە کڕۆکدا بە ئەندازە و بارستایی کورد نەبووە، کە وەکو پێکهاتەیەکی نەژادی و نەتەوەیی لە دەستپیکی سەدەی بیست و داتاشینی ئێرق لەسەر ناسنامەی کوردستانیی و کوردبوون بە ئامانجگیراوە و چەند جارێک دووچاری کۆمەڵکوژیی و بەعەرەبکردن بۆتەوە.







































































