“لەو ٢٦ وتارە ڕەخنەییەی کە ئۆروێڵ لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەسەر فیلم نووسیونی، شیکردنەوەکانی ئەم ڕۆماننووسە زیاتر هەڵگری دیدێکی سیاسی بوون نەک سینەمایی”
لە نێوان تشرینی یەکەمی ١٩٤٠ و ئابی ١٩٤١، جۆرج ئۆروێڵ بیست و شەش گۆشەی ڕەخنەی فیلمی بۆ گۆڤاری “تایم ئەند تاید – Time and Tide” نووسی؛ ئەو بابەتانەی کە دواتر فەرامۆشکران و جێگەیان لە هیچ یەک لە چوار بەرگی “کۆکراوەی وتار، کاری ڕۆژنامەوانی و نامەکان”ی ئەم نووسەرەدا نەبوویەوە. کاری سەرنووسەریی ئەم هەفتەنامە سیاسییە سەربەخۆیە، لە ئەستۆی “لەیدی ڕۆندا”ی چالاک و گەرموگوڕدا بوو؛ کچە خڕکەلە و قژلوولەکەی گەورە سەرمایەدارێکی خەڵووزی وێڵز. زۆربەی ئەو فیلمانەی ئۆروێڵ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکردن، هەر جۆرێک بوون لە سەرگەرمیی ئاسایی و بێبایەخ بۆ هەڵاتن لە کەتوار؛ جۆرە فیلمانێک کە ئەو بە زۆری نە پەسنی دەکردن و نە بە دڵیشی بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە نێویاندا بەرهەمی لاوەکیی دەرهێنەرە مەزنەکانیشی تێدابوو، وەک؛ “بڵێسەی نیو ئۆرلینز”ی ڕێنێ کلێر و “وێستێرن یونیەن”ی فریتز لانگ؛ هەروەها چەند فیلمێکی کەمی دیکەش کە ئۆروێڵ زیاتر بە هەند وەری گرتبوون و بە جددیتر لێی ڕوانیبوون؛ داستانە سینەماییەکەی مۆرمۆنەکان[1]، “بریگام یەنگ”؛ مێلۆدراما دژەنازییەکەی “هەڵاتن” و، لە سەرووی هەموویانەوە، فیلمی “دیکتاتۆرە مەزنەکە”ی چاپڵن.
هەتا ساڵی ١٩٤٠، ئۆروێڵ ژیانێکی پڕ لە سەرکێشیی بە ڕێ کردبوو، بەڵام هێندەش پڕ سەرکەوتن نەبوو. لە هیندستان چاوی بە دنیادا هەڵهێنابوو و توانیبووی زەمالەی خوێندن بۆ کۆلێژی ئیتن بەدەست بهێنێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵیش لە هێزی پۆلیسی بۆرمادا خزمەتی کردبوو، لەگەڵ دەربەدەر و بێلانەکانی پاریس و لەندەندا، تامی تاڵیی هەژاری و سەرگەردانیی چەشتبوو، تێکەڵاوی ژیانی کرێکارە کانەوانەکانی ویگان ببوو، نەخۆشیی سیل یەخەی گرتبوو، لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیایشدا جەنگابوو و فیشەکی بەرکەوتبوو. زۆربەی ساڵانی ١٩٣٠ی بۆ نووسینی چەندین پەرتووک تەرخان کرد کە پێشگۆیی بوون لەبارەی مەترسییەکانی کۆمۆنیزم و فاشیزم و، هۆشداریدان لەو جەنگەی کە خەریک بوو هەڵبگیرسێت. سێ پەرتووکی ڕیپۆرتاژ و چوار ڕۆمانی نووسیبوو؛ بەرهەمگەلێک کە ڕاستگۆیی و بێگەردییان ناوبانگێکی پڕ لە ڕێزیان بۆ مسۆگەر کرد، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی ماددییان پێ نەبەخشی. بەرپابوونی جەنگ، قۆناخێکی پڕ لە بێهوودەیی و دەستەوەستانی هێنایە ئاراوە. هەژارییەکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیبوو؛ لە ڕووی پزیشکییەوە شیاوی ڕیزەکانی سوپا نەبوو، نەشیدەتوانی کارێک بدۆزێتەوە تا خزمەتێک بە هەوڵەکانی جەنگ بکات. لە ئاداری ١٩٤٠، کۆمەڵەوتارێکی لەژێر ناوی «لە ناخی نەهەنگدا» بڵاو کردەوە؛ لە نێوان مانگەکانی ئاب و تشرینی یەکەمیشدا، بەرهەمە پڕوپاگەندەئامێزەکەی بە سەردێڕی «شێر و ئەسپی شاخدار» نووسی. هەر کە نووسینی ئەم نامیلکەیەی بەکۆتا گەیاند، دەستی دایە هەڵسەنگاندنی فیلمە سینەماییەکان و نووسینی “نامەی لەندەن” بۆ گۆڤاری پارتیزان ڕیڤیو؛ بەڵام کاتێ لە مانگی ئابی ١٩٤١ چووە ڕیزی بەشی هیندیی بی بی سییەوە، دەستی لەو پیشە کاتییەی خۆی وەک ڕەخنەگرێکی سینەمایی هەڵگرت.
هزری ڕەخنەییی ئۆروێڵ سەراپا بە ئارمانجخوازییەکی گورزپێکەوتوو تەنرابوو؛ هاوکات شکستە قورسەکانی سوپاکانی هاوپەیمانان لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤١، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەری جێ هێشتبوو. لەشکرکێشیی سەر پۆڵەندا؛ داگیرکردنی نەرویج، دانیمارک، بەلجیکا، هۆڵەندا و فەڕەنسا؛ چۆڵکردنی دەنکێرک و هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئینگلتەرا؛ ملکەچپێکردنی یوگسلاڤیا و یۆنان؛ تێکشکاندنی کەشتیگەلەکان لەلایەن ژێردەریاییەکانی (یو-بۆت)ـەوە و گەمارۆی سەر لینینگراد، سەرتاپای ئەوروپای خستە ژێر ڕکێفی هیتلەرەوە و هەڕەشەی لە خودی مانەوەی بەریتانیا کرد. ئەمریکا نەچووبووە نێو جەنگەکەوە؛ سەرکەوتنەکانی ستالینگراد و ئەل عەلەمەینیش هێشتا لە ئاسۆدا دیار نەبوون. ترس و هیواکانی ئۆروێڵ لەمەڕ جەنگەوە، کاریگەرییان خستبووە سەر هەموو هەڵسەنگاندنەکانی. بەتایبەتی ئاماژە بە کەشتیی «ئاسینیا» دەکات، کە دوو ڕۆژ پاش بەرپابوونی جەنگ، بە ١٤٠٠ سەرنشینەوە بە تۆرپێد پێکرا؛ لەپاڵ ئەوەشدا باسی شەڕە تانکەکانی ڕووسیا و یەکەمین سەرکەوتنە درەوشاوەکانی “وەیڤڵ” لە لیبیا و حەبەشە لە شوباتی ١٩٤١ دەکات. لەبارەی فیلمی «شەوێک لە لیشبۆنە»وە گوتی؛ «ئەمە چ شتێکی پووچ و بێمانایە! چۆن لە ڕوویان دێت جەنگ بەم ڕەنگانە وێنا بکەن، لە کاتێکدا لە دەشتاییەکانی پۆڵەندا هەزاران تانک بەگژ یەکدا دەچن و کرێکارە شەکەتەکانیش بە سەرکزییەوە دەخزێنە ناو فرۆشگەی جگەرەفرۆشەکانەوە تا بە کڕووزانەوە داوای جگەرەیەکی بچووکی “وودباین” بکەن. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە چاو فیلمەکانی ئێستادا، ئەمە فیلمێکی باشە».
ئۆروێڵ، کە زۆر بە دەگمەن باسی دەرهێنەرەکان دەکات و فیلم وەک فۆڕمێکی هونەریی سەربەخۆ سەرنجی ڕاناکێشێت، وەکوو جەیمس ئەیجی و گراهام گرینی هاوسەردەمی، ڕەخنەی ناوازە و ڕۆشنگەرانە نانووسێت. بە پلەی یەکەم بایەخ بە ناوەڕۆکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی فیلمەکان دەدات؛ هەروەها بە بەها پڕوپاگەندەییەکەیان، چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی بەرەوپێشچوونی جەنگ تیایاندا، لەگەڵ جیاوازیی نێوان سینەمای ئینگلیزی و ئهمریكیدا. ڕەخنەکانی بەگشتی کورت و قاڵبدارن؛ سەرنجی دەستپێک، تاوتوێکردنی چیڕۆکەکە، بڕیارێکی خێرا لەسەر فیلمەکە و چەند تێبینییەک لەسەر نواندنکاران، لەگەڵ ستایشێکی تایبەت بۆ ئەکتەرە دێرینە ئینگلیزەکانی وەک ئێدمۆند گوین، سی. ئۆبری سمیت و ئێریک بلۆر. بەڵام توانجە ژیرانەکانی لە فیلمە وەڕسکەرەکان، ئەو لایەنە دڵگیرەی کەسایەتیی دەردەخەن، کە لە گۆشەکانی «بە ئارەزووی خۆم»ی بڵاوکراوەی تریبیونیشدا ڕەنگی دابوویەوە. شەپقە بەرزەکە لە «هاوسەرگیرییەکی بێدەنگ»دا، «کە لە نیوەی جیهاندا هێمای دەسەڵاتی سەرمایەداریی بەریتانیایە، ئێستا تەنیا کوڕە قوتابییەکان، گۆڕهەڵکەنەکان و نامەبەرانی بانک لە سەری دەنێن.» قوتابخانەکەی نێو پیاوە بچووکەکان”، هاوتای دارتینگتۆن هۆڵە [2]لە ساڵی ١٨٧٠. فیلمی “هاوسەرگیریم لەگەڵ سەرکێشیدا کرد”یش، کە بەرهەمێکی ئۆسا جۆنسنە لەبارەی دارستانەکانی ئەفریقاوە، بژاردەیەکی نایابە بۆ ئەو کەسانەی کە “لە دۆخی چۆڵوهۆڵی ئێستای باخچەی ئاژەڵان دڵگرانن.” کوالێتییە ئێجگار خراپەکەی ڕەنگی فیلمی “شیرین و تاڵ”ی نۆیڵ کاوەرد، ڕوخساری ئەکتەرەکانی کردووە بە “پەمەییی مارزیپان، ئەرخەوانییەکی زەق و سەوزێکی ژەهراوی.” (ئۆروێڵ، ساڵێک پاش فیلمی “لەگەڵ بادا چوو”، سەبارەت بە کەمایەسییە گشتییەکانی فیلمی ڕەنگاوڕەنگ تا ڕادەیەک زیادەڕۆیی دەکات)
“فیلمی «دەربازبوون» ١٩٤٠”
کاردانەوە زۆر تووندەکەی ئۆروێڵ بەرانبەر بە کەمایەسییە زەقەکانی سینەمای ئهمریكی کە هەوڵی هەڵاتن لە کەتوار دەدات، ئەو جۆرە سینەمایەی وا دەکات تەقاندنی فیشەکێکی دەنگی لەنێو ستۆدیۆیەکدا، لە کەوتنەخوارەوەی بۆمبێک لە گەڕەکەکەی تەنیشتەوە پڕجۆشتر بێت، زیاتر بەهۆی تووڕەییەکەیەوە بوو لە هەڵوێستی گۆشەگیرانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دوو ساڵی سەرەتای جەنگدا. لەو باوەڕەدایە کە فیلمە ئینگلیزی و ئەورووپییەکان، با لە ڕووی تەکنیکیشەوە هێندەی فیلمە ئهمریكییەکان پێشکەوتوو نەبن، بەڵام ناوەڕۆکێکی سەنگینتریان هەیە؛ هاوکات، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو بێماناییە ڕووتە دەکات کە لە چیڕۆکە پووچەکەی فیلمێکی ڕۆمانسیی فرمێسکهێنەری وەکوو “پردی واتەرلۆ”دا دەبینرێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجیەتی، کاردانەوەی بینەرانە بەرانبەر بە دیالۆگە پڕجۆشەکان و ڕازیبوونیانە بەو بێماناییە سەرسوڕهێنەرە. دوای ئەوە گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێشی دوو ژن دەگوازێتەوە کە لە پشتەوەی دانیشتبوون؛
«بێگومان دوای ئەوە، ناتوانێ شووی پێ بکات.»
«بۆچی ناتوانێ؟»
«ئێ… مەبەستم ئەوەیە، پێی ناکرێ.»
«بۆ نا؟ ئەگەر من بم شووی پێ دەکەم، هەر ئەوەندەیە هیچ لەو بارەیەوە نادرکێنم.»
«نەخێر، خۆی دەکوژێت. خۆت دەیبینیت.»
تێبینیی ئەوە دەکات کە حەز و تامەزرۆیی بۆ فیلمە سەرکێشییەکان بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر هەڵدەکشێت، ئەگەر بێتو “لە سەدا پێنجی حاڵەتەکاندا ژنە پاڵەوانەکە ڕزگاری نەبێت!” هەرەوها دژی ئەخلاقیاتی باوی سەرکوتکەر دەوەستێتەوە و بە توانجەوە دەڵێت، تەنیا لە فیلمەکاندا ژنانی شۆخوشەنگ برسێتی دەکێشن. ئینجا لە ڕەخنەیەکیدا بۆ سەر فیلمی “ئەو خانمەی جێی باسە”، کە وەشانێکی نوێی فیلمی “لا گریبوی”یە لە دەرهێنانی چاڕڵز ڤیدۆر، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو بەکەمزانینە هزرییە دەکات کە وا دیارە بەرهەمهێنەرانی فیلمی ئهمریكی بەرانبەر بە بینەرەکانیان هەیانە. هەمیشە وای بۆ دەچن کە هەر شتێک بیرکردنەوەی بوێت، یان تەنیا ئاماژەش بێت بۆ بیرکردنەوە، دەبێت وەک پەتا خۆی لێ بپارێزرێت. ئەکتەرێکی سینەمای ئهمریكی، کاتێ بە دەم پەرتووک خوێندنەوەوە دەردەکەوێت، هەمیشە وەک کەسێکی نەخوێندەوار پەرتووکەکە دەگرێتە دەست. ئەم ڕوانگەیە لە فیلمێکی هەستبزوێنی وەکوو “ژوانێک لەگەڵ چارەنووس”ی تیم ویلانیشدا بەدی دەکرێت؛ کە بە وتەی ئۆروێڵ «چیڕۆکێکی باوی کوشتنە، بە چەند ڕواڵەتێکی “دەروونناسییانە” ڕازێنراوەتەوە، تەنیا لە پێناو ڕازیکردنی ئەو بینەرانەی گوایە لە دوورەوە دەنگۆیەکیان لەسەر فرۆید بەرگوێ کەوتووە. بەرهەمهێنەرەکان ناتوانن خۆیان لە سەرکۆنەکردنی تەواوی زانستی دەروونپزیشکی بگرن؛ بە جۆرێک وەک دیاردەیەکی شووم، بەدکارانە و تەنانەت ساختەکارییەکیش لەقەڵەمی دەدەن. ئەو پەندەی کە زۆر لە بینەرە ئینگلیزیزمانەکان پەسنی دەکەن، ئەوەیە کە هەمیشە کەسی «ڕۆشنبیر» لە هەڵەدایە. ئەوەی لە فیلمی “خاتوون ترێکسێلی دڵخۆش”ی جۆرج کیوکۆردا هێندە بێزاری دەکات و هەستە سۆسیالیستییەکانی بریندار دەکات، ئەوەیە کە هەر وەک زۆرێک لە فیلمە ئهمریكییەکانی دیکە، بە تەواوی خاڵییە لە هەر جۆرە تێڕوانینێکی شایستە و ژیرانە بۆ ژیان. دیارە هەر بە خەیاڵیشیاندا نایەت کە سەرتاپای ئەو شێوازە ژیانەی لەسەر درێسەکانی پاریس، خزمەتکار، ئەسپسواری و شتانی لەم جۆرە بنیات نراوە، خۆی لە خۆیدا پووچ و بێهودەیە.
لایەنێکی تری دزێوی کولتووری ئەمەریکی، کە ئۆروێڵیش لە بەراوردکارییەکەی نێوان ڕۆمانە پۆلیسییە ئینگلیزی و ئەمەریکییەکاندا بە ناوی “ڕافڵز و میس بلاندیش” باسی لێوە دەکات، بریتییە لە توندوتیژیی بێپاساو. لای ئۆروێڵ، فیلمە چەتەییەکەی ڕائول واڵش بە ناوی “های سیێرا”، لووتکەی سادیزم، ملھوڕپەرستی و چەکبازی بەرجەستە دەکات، کە بە جۆرێکی قێزەون ئاوێتەی سۆزدارێتی و ڕەوشتێکی چەواشە کراوە؛ «هەمفری بۆگارت ئەو سەرگەورەیەیە کە بە قۆنداغی دەمانچەکەی دەموچاوی خەڵک وردوخاش دەکات، تەماشای سووتان و مەرگی هاوەڵە چەتەکانی دەکات و بەوپەڕی بێباکییەوە دەڵێت، «ئەوانە تەنیا چەند کوڕێکی شارۆچکەیەکی بچووک بوون»، بەڵام بەرانبەر بە سەگ میهرەبانە و گوایە دەبێت زۆر کار لە دڵان بکات کاتێک بە سۆزێکی “پاک”ەوە شەیدای کچێکی پەککەوتە دەبێت، کە هیچ لەبارەی ڕابردوویەوە نازانێت. سەرەنجام دەکوژرێت، بەڵام ئاشکرایە کە چاوەڕوانیی ئەوەمان لێ دەکرێت هاوسۆز بین لەگەڵیدا و بگرە پێیشی سەرسام بین.» لە بەرانبەردا، ستایشی فیلمە نائاسایی و بەرزەفڕترەکەی هێنری هاتەوەی بە ناوی “بریگام یەنگ” دەکات، چونکە قارەمانێتیی پێشەنگە مۆرمۆنەکان بە جوانی بەرجەستە کراوە و کێشمەکێشە ڕۆحییەکانی خودی بریگام یەنگیش بە هەند وەرگیراون. ئۆروێڵ، کە ئاماژە بەوە دەکات مۆرمۆنەکان بانگەشەی ئیلهامی خواییان دەکرد، پەرەیان بە فرەژنی دەدا و لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە، دەڵێت؛ “فیلمەکە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەوەیە کە چۆن ڕووداوە گرنگەکان، هەر کە بەرەو ڕابردوو دەکشێنەوە و دەبنە مێژوو، ڕەنگە ئەخلاقییەکەی خۆیان لەدەست دەدەن. فیلمەکە کەم تا زۆر لایەنگریی مۆرمۆنەکان دەکات؛ تێیدا بابەتی فرەژنی (یەنگ نۆزدە ژن و پەنجا و شەش منداڵی هەبووە) تا ئەو جێیەی کرابێت کەمڕەنگ کراوەتەوە، و ئەو ڕێگایانەش پشتگوێ خراون کە مۆرمۆنەکان بۆ هێنانی ژنی دیکە دەیانگرتە بەر.”
ئۆروێڵ بۆی دەردەکەوێت کە وێناکردنە سینەماییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و مێژووی ئینگلیزیش، بە هەمان شێوە تا ڕادەیەکی زۆر ئایدیالیزە کراون. سەرنجی ئەوە دەدات کە وێناکردنی کۆمەڵگەی “خانەدانە لادێییەکان” لە فیلمەکەی ئەنتۆنی ئاسکویتدا بە ناوی “کوایەت وێدینگ”، کە فیلمێکی بچووکی دڵڕفێنە و وای لە ئامادەبووە شەکەتەکانی ڕۆژنامەوانی دەکرد بە کوڵ پێبکەنن، چاو لەو ڕاستییە دەپۆشێت کە چینی خانەدانی ئینگلتەرا پەیوەندییان بە کشتوکاڵەوە پچڕاوە و بژێوییان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر قازانجی پشکەکانیانە. کەچی، سەرسامی دڵڕفێنییە قووڵەکەی ژیانی لادێیە، ئەو خۆمانەیی و بێ تەشریفاتییەی کە لەگەڵ خزمەتکارە دەرەبەگە ئاشناکانیاندا هەیانبوو؛ و دەڵێت فیلمەکە پتر وەک تۆماری سەردەمێکی بەسەرچوو سەرنجڕاکێشە؛ چونکە جەنگ پشتگوێ دەخات و وا دەری دەخات هی سەردەمێک بێت پێش ئەوەی هیتلەر بەتەواوی ئاسۆی داگیر کردبێت. تامەزرۆییەکی نۆستالژییانە بۆ دنیایەکی پڕ لە ئاشتی، لەگەڵ خواستی دروستکردنی بەردەوامییەک لە نێوان ئینگلتەرای ڕابردوو و ئێستادا، تێما سەرەکییەکانی دوایین ڕۆمانی ئۆروێڵ بوون بە ناوی “Coming up for Air” (١٩٣٩).
“بریگام یەنگ (١٩٤٠)”
ئەم ئینگلتەرایە، وەک نمایشێکی مێژوویی، درێژە بەو ئەفسانەیەش دەدات کە گوایە ئینگلتەرا وڵاتێکی کشتوکاڵییە و دانیشتووانەکەشی، ئەگەر لە کێڵگەیەکیشدا شێلم و برۆکۆلی ببینن ناتوانن لێکیان جیا بکەنەوە، نیشتمانپەروەرییەکەیان لە ئەوینێكی پڕسۆزەوە بۆ خاکی ئینگلیز هەڵێنجاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕەنگە ئەم جۆرە فیلمانە لە سەروبەندی جەنگدا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک بەسوود بن. هەروەها بە هەستێکی نیشتمانپەروەرییەوە (وەک چۆن لە وتارەکەیدا دەربارەی “کیپلینگ” [3]باسی دەکات) دەڵێت؛ زۆرێک لەو ڕووداوانەی کە پەرتووکە مێژووییە نەتەوەپەرستەکان زۆر بە گەورەیی و بە دەنگوهەراوە باسیان دەکەن، لە ڕاستیدا جێگەی شانازین. ئۆروێڵ بڕوای وایە فیلمە پڕوپاگەندەییەکان چەکێکی سەرەکیی جەنگن، بۆیە زۆر بە پێویستی دەزانێت فێری ئەوە بین چۆن هەستی ڕق و کینە دژی دوژمن بوروژێنین. هەروەها ڕەخنە لە دوو فیلمی پڕوپاگەندەییی بەریتانی دەگرێت بەهۆی ئەوەی زۆر ناشارەزایانە بەرهەم هێنراون و دەنگە بێزارکەرەکەی “بی بی سی”یان تێدا بەکارهێناوە کە تەواوی جیهانی ئینگلیزیزمان تووڕە و پەست دەکات، هەروەها لەبەر ئەوەی درکیان بەو ڕاستییە نەکردووە کە زۆربەی خەڵک بە ڕووخانی ماڵێک زیاتر دڵگران دەبن وەک لە وێرانبوونی کڵێسایەک. (باشە ناتوانین قسەیەکی کاریگەرتر بکەین، لەجیاتی ئەوەی بڵێین ئەڵمانەکان ڕقیان لە تەلارسازیی گۆتیکە؟)
ئۆروێڵ زۆر سەرسامە بە کاریگەریی جەنگ لەسەر سینەما. تێبینیی گۆڕانکارییەکی دڵخۆشکەر دەکات؛ کە چۆن ئەو کەمە هەستە گۆشەگیرییەی لە فیلمی (Escape to Glory)دا هەبوو، لەناکاو لە فیلمی (?Nice Girl)دا گۆڕاوە بۆ شەپۆلێکی ئینگلیزدۆستی. و ئاماژە بەوە دەکات کە “تۆنی”، ڕەزەوانە کالیفۆرنیاییەکەی ناو فیلمی (They Knew What They Wanted)، یەکێکە لەو ئیتاڵییە دڵگەورە و منداڵئاسایانەی، کە بەر لەوەی مۆسۆلینی بچێتە پاڵ هیتلەر، لەسەر شاشەی سینەماکانی ئەمریکا زۆر خۆشەویست بوون. ئەو خۆشحاڵە بەوەی لە فیلمی (Arise, My Love)ی “میچێڵ لایسن”دا دەبینێت، کە چۆن لەژێر فشاری سەختی ڕووداوەکانی سەردەمدا، سەرەنجام خۆدزینەوە لە واقیع و قاڵبە چەقبەستووەکەی کۆتاییە دڵخۆشکەرە ئهمریكییەکان هەرەس دەهێنن. سیاسەتی دەرەکی، جەنگ و تیرۆرکردنەکان، ئیتر وەک سەردەمی ساڵانی سییەکان لە ئینگلتەرا، وەک گاڵتەیەکی خەیاڵی یان تەنیا بابەتێکی گەرم بۆ هەواڵ تەماشا ناکرێن. لەکۆتاییی ئەم فیلمەدا ڕەی میلاند و کلۆدێت کۆڵبێرت لە نقوومبوونی کەشتییەک ڕزگاریان دەبێت و بڕیار دەدەن لە ئەوروپا بمێننەوە و کار بۆ تێکشکاندنی فاشیزم بکەن. ئەمجا، چیڕۆکەکە بە شێوازێک کۆتایی دێت کە لەچاو فیلمە بەناوبانگەکان کەمتر گەشبینانە و زیاتر باوەڕپێکراوە. فیلمی (So Ends Our Night) لە دەرهێنانی جۆن کڕۆموێڵ، کە لە ڕۆمانەکەی ئێریش ڕیمارکەوە [4]سەبارەت بە مەرگی گیانبەخشانەی پەنابەرێکی ئەڵمانی وەرگیراوە، هاوکات پەرەسەندنێکی دڵخۆشکەری هۆشیاریی سیاسیشمان بۆ دەردەخات؛ دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەم فیلمە دژە-نازییە وەکوو بەرهەمێکی لەڕادەبەدەر نوخبەوی و تا ئاستێکی مەترسیدار “چەپ” لە قەڵەم دەدرا. ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانین وا دابنێین کە دەستەواژەکانی وەک «ئێس ئەی[5]»، «ئێس ئێس»[6]، «ئۆگپو[7]»، «گێستاپۆ[8]» و ئەوانی تریش، تا ڕادەیەک مانا دروستەکەی خۆیان دەگەیەنن. لەگەڵ ئەوەشدا، بینەری ئاساییی سینەما لە ڕووی هۆشیارییەوە کەمێک لە پێش ئەو دادوەرەوەیە کە ئەم دواییانە بە پەنابەرێکی ئەڵمانیی وتبوو؛ “دەبێت کارێکی هەڵەت کردبێت، دەنا نەیاندەخستیتە ئۆردوگای زۆرەملێوە.”
ڕەخنەکەی ئۆروێڵ لە فیلمێکی دیکەی دژە-نازی بە ناوی (Escape) لە دەرهێنانی مێرڤن لێرۆی، بە ڕوونییەکی سەرسوڕهێنەرەوە پێشبینیی ئەو جیهانە زۆر لەوەش مەترسیدارتر و داماڵراوتر لە مرۆڤایەتییەی (١٩٨٤) دەکات. ئەو پێی وایە فیلمەکە لەبەر ئەوەی نەیویستووە زۆر “سیاسی” بێت شکستی هێناوە، هەروەها چاوەڕوانییەکی تا ڕادەیەک دوور لە واقیعیشی سەبارەت بەوە هەیە کە فیلمێک دەتوانێت وێنای چی بکات؛ فیلمەکە تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی کاریگەرانە وێنای ترس و سامناکیی گێستاپۆ دەکات، بەڵام لەبارەی ئەوەی بۆچی گێستاپۆ بوونی هەیە، هیتلەر چۆن گەیشتووەتە ئەم پێگەیەی ئێستای، و دەیەوێت بە چی بگات، تاقە وشەیەکیش نادركێنێت. سەرەڕای ئەوەی کۆتاییی فیلمەکە دەخزێتە ناو دۆخێکی پووچ و بێماناوە، بەڵام بەشی یەکەمی، کە بۆنیتا گرانڤێل تێیدا ڕۆڵی یەکێک لەو منداڵە سیخوڕ و گوێهەڵخەرانە دەگێڕێت کە هەموو دەوڵەتە تۆتالیتارەکان لە بەرهەمهێنانیاندا پسپۆڕن، زۆر بە باشی کەشوهەوای مۆتەکەئاسای وڵاتێکی تۆتالیتار، بێدەسەڵاتیی ڕەهای مرۆڤی ئاسایی، و نەمانی یەکجارەکیی چەمکەکانی دادپەروەری و حەقیقەتی بابەتیانە بەرجەستە دەکات. ئەو “مۆتەکە”یەی (١٩٨٤) کە لە فیلمەکانی وەک (Escape)دا بەدیی کردبوو، بە شێوەیەکی واقیعیانە وێنای تیرۆری سیاسیی ئەڵمانیای نازی و ڕووسیای ستالینی دەکرد، کە گوازرابووەوە بۆ ناو کەشە سەخت و دژوارەکەی لەندەنی سەردەمی جەنگ.
“دیکتاتۆرە مەزنەکە (١٩٤٠)”
گرنگترین و بەپێزترین ڕانانی ئۆروێڵ، کە سەرجەم تەوەرە زاڵەکانی ڕەخنە سینەماییەکانی خۆی تێدا چڕ کردووەتەوە، سەبارەت بە فیلمی «دیکتاتۆرە مەزنەکە»یە. ئەوەی لای ئۆروێڵ گرنگترینە، چۆنیەتیی گەیاندنی بیرۆکە قورس و جدییەکانە بە شێوازێکی کاریگەر، هەر بۆیە زۆر سەرسامە بە «دیمەنە ناوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازە زەبروەشێنەکان» و ستایشیان دەکات. پێی وایە ئاوێتەکردنی کارەسات و ماڵوێرانیی جووەکان بە جۆرێک لە کۆمیدیا خێرا و جەستەیی (سلاپستیک)، نەک هەر لە سەنگی تراژیدیاکە کەم ناکاتەوە، بگرە وا دەکات دیمەنەکان ڕۆحهەژێنتر و کاریگەرتریش بن. ئۆروێڵ باس لەو دیمەنە دەکات کە تێیدا سەرتاشە جووە بچکۆلەکە، بە هەڵە دەخرێتە جێگەی «هینکڵ»ی دیکتاتۆری تۆمانیا. بە بڕوای ئەو، لوتکەی جوانی و کاریگەریی فیلمەکە لەو ساتەدا بەرجەستە دەبێت کە سەرتاشەکە خۆی لە ناوەڕاستی گەورەبەرپرسانی نازیدا دەبینێتەوە؛ کاتێک هەموویان دەوریان داوە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێن وتارێکی حەماسی و سەرکەوتووانەیان بۆ پێشکەش بکات؛ چارلی لەبریی پێشکەشکردنی ئەو وتارەی کە لێی چاوەڕوان دەکرا، بە وتارێکی حەماسی و ئازایانەوە دێتە دەنگ و تێیدا بەوپەڕی هێزەوە بەرگری لە دیموکراسی، لێبوردەیی و بەها باڵاکانی مرۆڤ دەکات. لە ڕاستیدا وتارێکی ئێجگار مەزن و شکۆدارە؛ دەشێت بڵێین وەشانێکی تری وتارە مێژووییەکەی «گێتسبێرگ»ی لینکۆڵنە، بەڵام ئەم جارە بە زمان و شێوازە هۆلیوودییەکە داڕێژراوەتەوە. بێگومان یەکێکە لە کاریگەرترین و بەهێزترین ئەو بانگەشانەی کە ماوەیەکی درێژە هاوشێوەی ئەوەم بەر گوێ نەکەوتووە. پاشان بە کەمێک ساردییەوە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئەم وتارە تا ڕادەیەکی زۆر دابڕاوە و پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە ڕەوتی گشتیی فیلمەکەوە نییە. ڕاستەوخۆ دوای وتارەکەش، دیمەنەکان کاڵ دەبنەوە و فیلمەکە کۆتاییی دێت، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە ئاخۆ ئەو قسە حەماسییانە کاریگەریی خۆیان دانا، یاخود نازییەکان بە کەسە ساختەچییەکەیان زانی و گولـلەبارانیان کرد.
سەرەڕای ئەوەی ئۆروێڵ لەو باوەڕەدایە کە فیلمەکە لە ڕووی تەکنیکییەوە لاوازە و یەکگرتووییەکەی لە یەکگرتووییی نمایشێکی پانتۆمایم (شانۆی بێقسە) تێپەڕ ناکات، بە جۆرێک بینەر وا هەست دەکات دیمەنەکان تەنیا بە چەند تاڵە دەزوویەک پێکەوە لکێنراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، فیلمەکە بە تووندی ناخی دەهەژێنێت؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی ئۆروێڵ بە قووڵی خۆی لەناو ئەو بەهرە دەگمەن و تایبەتەی چاپلندا دەبینێتەوە؛ «توانای ئەو لەوەدایە کە بەتەواوی دەبێتە ئاوێنەی ناخی مرۆڤی سادە؛ دەبێتە نوێنەری ئەو باوەڕە قووڵ و نەگۆڕەی کە خەڵکی ئاسایی بە باشە و مرۆڤایەتی هەیانە، باوەڕێک کە لانی کەم لە ڕۆژئاوادا، ڕەگی داکوتیوە و هەرگیز ناسڕێتەوە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا دیموکراسی لە هەموو لایەکەوە لە پاشەکشەدایە، ئەوانەی خۆیان بە “مرۆڤی باڵا” دەزانن سێ چارەکی جیهانیان خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، پرۆفیسۆرە زمانلووسەکان بە بیانوو و پاساوهێنانەوە خەریکی بێبەهاکردن و شێواندنی چەمکی ئازادین، و تەنانەت ئەوانەشی بانگەشەی ئاشتیخوازی دەکەن، بەرگری لە چەوساندنەوەی جووەکان دەکەن. مرۆڤی سادە لە ڕۆشنبیرەکان ژیرترە، وەک چۆن ئاژەڵ لە مرۆڤ ژیرترە. هێزی سەرنجڕاکێشیی چاپلن لەو توانایەیدایە کە دەتوانێ جارێکی تر ئەو ڕاستییەمان بۆ بسەلمێنێتەوە، کە فاشیزم و―لە هەمووشی سەیرتر سۆسیالیزمیش―پەردەیان بەسەردا کێشابوو؛ ئەو ڕاستییەی پێمان دەڵێت؛ “دەنگی گەل، دەنگی خودایە” و زەبەلاحەکانیش جگە لە مێروویەکی زیانبەخش، هیچی تر نین.» ئۆروێڵ ئەوەش دەخاتە ڕوو کە نووسەرە لایەنگرەکانی فاشیزم، لە وێنەی “ویندام لێویس” (کە هاوکات بۆ گۆڤاری “تایم ئەند تاید”یشی دەنووسی)، هەمیشە بە ڕقوکینەیەکی ژەهراوییەوە کەوتوونەتە وێزەی چاپلن و دژایەتییان کردووە. لە ڕاستیدا لێویس لە پەرتووکی «کات و مرۆڤی ڕۆژئاوایی» (١٩٢٧)، هێرشی کردە سەر چاپلن، بەڵام نەک لەسەر بنەمای هۆکاری سیاسی، بەڵکوو بەو بیانووەی گوایە چاپلن برەوی بە ڕەفتار و تێڕوانینە منداڵانەکان داوە و لەناو خەڵکدا کردووینی بە باو. ئۆروێڵ لە کۆتاییدا جەخت لەسەر بەهای پڕوپاگەندەییی فیلمەکانی چاپلن دەکاتەوە؛ ئەو فیلمانەی هەر لە سەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتی هیتلەرەوە (کە هەر دەتگوت دووانەی چاپلنە) لە ئەڵمانیا قەدەغە کرابوون؛ “ئەگەر حکومەتەکەمان کەمێک دووربینتر و خەیاڵفراوانتر بوایە، ئەوا پاڵپشتییەکی داراییی گەورەی فیلمی “دیکتاتۆرە مەزنەکە”ی دەکرد و هەموو هەوڵێکی خۆی دەخستە گەڕ بۆ ئەوەی چەند کۆپییەکی فیلمەکە دزە پێبکات بۆ ناو ئەڵمانیا؛ کارێک کە نەدەبوو بۆ زیرەکی و لێهاتووییی مرۆڤ شتێکی ئەستەم بێت. هەر مرۆڤێک کە ئەم فیلمەی بینیبێ، سیحر و فریودانی سیاسەتی هێز لەلای لاوازتر دەبێت.”
ڕەخنەکانی ئۆروێڵ تا ڕادەیەک سنووردارن؛ هۆکاری ئەمەش لە لایەک دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی لاواز و بێڕۆحیی زۆربەی ئەو فیلمانەی کە لە ساڵانی ١٩٤٠-١٩٤١ ڕانانی بۆ کردوون، لە لایەکی تریشەوە هۆکارەکەی ئەوەیە ناوبراو خولیا و ئارەزوویەکی ئەوتۆی بۆ تیۆری و تەکنیکەکانی سینەما نەبووە. بەڵام ڕانانە لۆژیکی و ژیرانەکانی، بەهۆی پەردەلادان لەسەر بانگەشە و ڕواڵەتبازییەکانی هۆلیوودەوە، گیانێکی تازەیان بەبەردا دەکرێت (زۆربەی هەرە زۆری فیلمە ئهمریكییەکان لە ڕووی فیکرییەوە ڕواڵەتباز و خۆدەرخەرن. ئەو پوختانەی کە بەسەر نوێنەرانی میدیادا دابەش دەکرێن، بە جۆرێک “شیکاری” بۆ بابەتە هیچ و پووچەکانیان دەکەن، هەر دەڵێی شاکارێکی (ئیبسن[9])ن.”) هەروەها بەهۆی هەستکردنی بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و پێداگرییە قووڵە ئەخلاقییەکانیەوە، ڕانانەکانی سەنگ و هێزێکی زیاتریان وەرگرتووە. ئەم ڕانانانە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی بەهاکانی خودی ئۆروێڵن، بەتایبەتیش ئەو پەرۆشییەی کە بۆ دەرکێشانی کڕۆکی ئاکارە بەرزەکانی ئینگلیز هەیبوو؛ ئەویش لە چەمکی “ڕەوشتبەرزی”دا کورت دەبێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم ڕانانانە بە ڕوونی دەبنە پێشەکییەک بۆ ئەو تێڕوانینە ورد و قووڵانەی کە دواتر سەبارەت بە کەشوهەوا تۆقێنەرەکەی سیستەمی گشتگیرخوازی (تۆتالیتاریزم)، لە هەردوو شاکارە مەزنەکەیدا؛ “کێڵگەی ئاژەڵان” و “١٩٨٤” بەرجەستەی کردن.
[1] مۆرمۆنەکان: گرووپێکی ئایینیین سەر بە باوەڕی مەسیحییەت کە زیاتر لە ئەمێریکا نیشتەجێن و خاوەنی باوەڕ و مێژووی تایبەت بە خۆیانن. ‘بریگام یەنگ’ یەکێک بووە لە سەرکردە مێژووییەکانی ئەم گرووپە.
[2] دارتینگتۆن هۆڵ قوتابخانەیەکی پێشکەوتوو و جیاواز بوو لە ئینگلتەرا، کە سیستەمێکی پەروەردەییی ئازاد و ناباوی پەیڕەو دەکرد. ئۆروێڵ لێرەدا وەک توانجێک بۆ فەوزا و بێسەروبەریی ناو فیلمەکە بەکاری هێناوە.
[3] ڕودیارد کیپلینگ (١٨٦٥-١٩٣٦)، شاعیر و ڕۆماننووسی ئینگلیز و براوەی خەڵاتی نۆبڵە، کە زۆرجار بە هۆی هەڵوێستە نیشتمانپەروەری و ئیمپریالیستییەکانیەوە ناسراوە.
[4] ئێریش ڕیمارک: نووسەر و ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئەڵمانی (١٨٩٨-١٩٧٠)، بەتایبەت بە شاکاری “بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە” ناسراوە کە ڕەخنەیەکی تووندە لە جەنگ.
[5] ئێس ئەی: هێزی نیمچەسەربازیی پارتی نازیی ئەڵمانیا بوو لە سەرەتای دروستبوونییەوە، کە بە “کراس قاوەیییەکان”یش دەناسران.
[6] ئێس ئێس: ڕێکخراوێکی گەورەی سەربازی و ئەمنیی سەر بە پارتی نازی بوو کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە جێبەجێکردنی پاکتاوی نەژادی و تیرۆری سیاسیدا.
[7] ئۆگپو: دەزگای پۆلیسی نهێنی و هەواڵگریی یەکێتیی سۆڤیەت بوو لە نێوان ساڵانی ١٩٢٣ بۆ ١٩٣٤، کە بەرپرس بوو لە سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی.
[8] گێستاپۆ: پۆلیسی نهێنیی فەرمیی ئەڵمانیای نازی بوو، کە بە دڵڕەقی و سەرکوتکردنی توندی هەر جۆرە دژایەتییەکی سیاسی ناسرابوو.
[8] هێنریک ئیبسن (١٨٢٨-١٩٠٦)، شانۆنووسێکی نەرویجی و یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی شانۆی مۆدێرنە. شاکارەکانی بە قووڵی و ئاڵۆزیی دەروونی و کۆمەڵایەتی ناسراون. لێرەدا ئۆروێڵ مەبەستی ئەوەیە هۆڵیوود شتە سادەکانی خۆی وا گەورە دەکات وەک بڵێی شاکارێکی ئاڵۆزی ئیبسن بن.
سەرچاوە: پێگەی BIF، وتاری George Orwell, Film Critic
نووسینی؛ جێفری مایەرز
وەرگێرانی؛ دانا حەکیم







































































