بە جار و بار بەسەرم هاتووە کە لە پێشانگای کتێب یان لە کتێبفرۆشییدا پیاوێک هاتووەتە پێشەوە و داوای واژۆی لێم کردووە و ئەمەشی زیاد کردووە کە؛ “بۆ هاوسەرکەمم دەوێ، یان بۆ کچە گەنجەکەم، یان بۆ دایکم.” و منیش دەستبەجێ لێم پرسیوە؛ “ئەی خۆتان چی؟ لەگەڵ خوێندنەودا هەن؟” وەڵامەکە هەمیشە بە یەک شێوەیە؛ “بۆچی نا، حەزم لە کتێب خوێندنە، بەڵام دەزانن، زۆر زۆر سەرقاڵم.” ئەم وەڵامەم دەیان جار بیستووە. ئەم پیاوە و هەزارن پیاوی دیکەی وەکوو ئەو هێندە کاری گرنگ، ئەرک و بەرپرسیارێتییان هەیە کە ناتوانن کاتە بەنرخەکانیان بە خوێندنی ڕۆمانێک، یان کۆمەڵە شێعرێک یان وتارێکی ئەدەبی بەفیڕۆ بدەن، لە ڕوانگەی ئەم جۆر مرۆڤانەوە ئەدەبییات چالاکییەکی ناپێویستە، چالاکییەک کە بێگومان بەبەهایە و بۆ پاراوکردنی هەست و فێربوونی ڕەفتار و کرداری شیاو پێویستە، بەڵام لە بنەمادا جۆرێک کات بەسەربردن و ڕابواردنە، شتێکی ڕازێنەرەوانەیە و تەنها شیاوی ئەو کەسانەیە کە کاتی زیادەیان هەیە. شتێکە لەگوێن وەرزش، سینەما، یاریی شەترەنج و لە “ئەولەوییەتدانانەکان”دا بۆ ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی کە لە ڕاکەڕاکە و ململانێکانی ژیاندا بەناچاری دێنە پێشەوە، دەکرێت بە بێ هیچ پەرۆشی و خەمێک بەسەریا باز بدەین و وازی لێ بهێنین.
وادیارە ئەدەبییات ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر لە پێشوو دەبێت بە چالاکییەکی ژنانە. لە کتێبفرۆشییەکان، لە کۆنفرانسەکان و دانیشتنەکانی کتێبخوێندنی گشتیدا بە ئامادەبوونی نووسەران و تەنانەت ئەو کۆلێژانەی کە تایبەتن بە زانستە مرۆییەکانەوە ژمارەی ژنان لە پیاوان زیاترە. پاوساودانی نەریتیی ئەم دۆخە ئاوەهایە کە ژنانی چێنی ناوەڕاست لەچاوی پیاواندا، کاتێکی کەمتریان لەسەر ئیش دەڕوات و زۆرێک لەوان بە ویژدانێکی ئارامتر لە پیاوان دەتوانن کاتگەلێک بۆ خەیاڵپڵاوی و خەونبازییەکانیان دابنێن. من بەنیسبەت ئەم تێڕوانینەوە کە ژن و پیاو بە سەر دوو بەرە یان بابەتی وشک و ڕەق دابەش دەکات و کۆمەڵێک چاکە و خراپە دەداتە پاڵ هەر کامەیان زۆر هەستیارم، بەڵام گومانێک لەوەدا نییە کە خوێنەرانی ئەدەبیات ڕۆژ دوای ڕۆژ کەمتر دەبن و لە ناو خوێنەرانیشدا ئەوانەی ماونەتەوە ژمارەی ژنان لە چاوەی پیاوان زیاترە. لە هەموو شوێنێک دۆخەکە کەم تا زۆر هەر بەم شێوەیەیە. بۆ نموونە لە ئێسپانیا شیکاریی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نووسەرانی ئیسپانیا پیشانی دا کە نیوەی حەشیمەتی ئەم وڵاتە قەت کتێب ناخوێننەوە، هەر لەم لێکدانەوەیەدا دەبینین ژمارەی ئەو ژنانەی کە کتێب دەخوێننەوە بە ڕێژەی ٢/٦ (شەش و دوو) لە سەد لە ژمارەی پیاوان زیاترە، و ئەم مەودایە هەر وەکوو دیارە ڕووی لە زیاد بوونە. من بۆ ئەم ژنانە خۆشحاڵم و بۆ ئەو پیاوانەش بەداخەوەم و، هەروەها بۆ ملیۆنان مرۆڤێک کە ناتوانن بخوێننەوە و، بڕیاریان داوە و شێلگیرانە قۆڵیان هەڵکردووە کە نەخوێننەوە، ئەگەر ئەم مرۆڤانە دەبنە جێگەی داخ و ئۆفی من تەنها بەم هۆیەوە نییە کە نازانن چ چێژێک لە کیس دەدەن، بەڵکوو بەم هۆیەشە کە باوەڕم وایە کۆمەڵگای بێ ئەدەبیات، یان کۆمەڵگایەک کە تێیدا ئەدەبیات-وەگوو گوناهێکی شەرمناک-پاڵی پێوە دەنرێت بۆ پەراوێز و لاپاڵەکانی ژیانی تایبەتیی مرۆڤ و وەکوو ڕێبازێکی گۆشەنشین وێنا دەکرێت، کۆمەڵگایەکە کە لە قەفەزی دڕندەییەکی مەعنەویدا گیری خواردووە و تەنانەت ئازادیی خۆیشی دەخاتە مەترسییەوە. لێرەدا دەمەوێت بە چەند بەڵگە و هۆکار ئەم وێنایە کە ئەدەبییات جۆرێک لە ڕابواردن و کات بەسەربردنی بریقەدارە ڕەت کەمەوە و بیسەلمێنم کە ئەدەبیات یەکێک لە بنەڕەتیترین و پێویستترین چالاکییە زەینییەکانە، چالاکییەکی بێوێنە بۆ دروستبوونی هاووڵاتیان لە کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکی مۆدێرندا، کۆمەڵگایەکی پێکهاتوو لە کەسانی ئازاد.
ئێمە لە سەردەمی پسپۆڕانەبوونی زانستدا دەژین و ئەمەش بەهۆی گەشەسەندنی سەرسووڕهێنەری زانست و تەکنەلۆژیایە و هەروەها دەرئەنجامی دابەشکردنی زانست بەسەر کۆمەڵێک باڵ و بەشی بێشوماردا. ئەم ڕەوتە كولتوورییە بە ئەگەری زۆر لە ساڵانی داهاتوودا خێراتر دەبێت، بێگومان پسپۆڕانەبوون قازانجی زۆری هەیە، قووڵبوونەوە و شیتەڵکاریی زیاتر ئەزموونگەلی بەپیت و پاراوتر دەپۆڕێنێت و، لە ڕاستیدا هۆکارێکی ختووکەدرەوە بۆ پێشکەوتن. بەڵام کۆمەڵێک بەدواداهاتی ناخۆشیشی هەیە، چونکە ئەو تایبەتمەندییە هاوبەشە هزری و كولتوورییەی کە بواری پێکەوەژیان، پەیوەندی و هەستی گرێدراوێتیی بە ژن و پیاو دەدات، لەناو دەبات. پسپۆڕانەبوون دەبێتە هۆی سڕێنەوەی لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونی مرۆڤ لە نێوان گەتۆکانی ئەندازیاران و پسپۆڕاندا. پسپۆڕانەکردنی زانست هاوتەریبە لەگەڵ زمانە پسپۆڕانەکان و ئەو ڕەمزانەی کە زیاتر لە جاران ڕازاوین، چونکە زانیارییەکان زیاتر لە پێشوو پسپۆڕانە و بەشبەش دەبن.
ئەمە هەمان ویستە بەرەو پسپۆڕێتی و دابەشبوون کە ئەم قسە نەستەقە دەشێت ئێمە بە ئاگا بێنێتەوە؛ ئەوەندە سەوداسەری لق و گەڵاکان نەبیت کە لەبیری کەیت ئەمانە بەشێکن لە دارێک و ئەوەندەش لە سەودای داردا نغرۆ نەبی کە فەرامۆشی کەیت دار بەشێکە لە دارستان. ئاگایی لە بوونی دارستان دروستکەری هەستی گشتێتی و گرێدراوێتییە کە بەشەکانی کۆمەڵگا لێک هەڵدەپێکێت و دەبێتە لەمپەر لە بەردەم پەرتەوازەیی و پەرتپەرتبوونی بەسەر هەزاران لەتی تایبەتمەندی خۆتەوەردا. لە خۆتەوەریی نەتەوەکان و کەسەکان بەدگومانی و وڕێنە و شێواندنی واقیع سەرهەڵدەدات و ئەمە خۆی مایەی دروستبوونی نەفرەت، جەنگ، و تەنانەت پاکتاوی نەتەوەییە. لە سەردەمی ئێمەدا زانست و تەکنەلۆژی ناتوانن ڕۆڵێکی یەکخەرانە و یەکانگیرکەرانەیان هەبێت و ئەمر ڕێک بەهۆی بەربڵاویی ناکۆتای زانست و خێرایی گۆڕانەکانێتی کە دەبێتە هۆی بەپسپۆڕانەبوون و لێڵیوپێڵیی زۆر. بەڵام ئەدەبیات هەر لە دەسپێکەوە تاکوو ئێستا و تا ئەوکاتەش هەبێت جەوهەری هاوبەشی ئەزموونەکانی مرۆڤ بووە و دەبێت و بەهۆیەوە مرۆڤەکان دەتوانن یەکدی بناسنەوە و لەگەڵ یەکدی بکەونە گفت و گۆوە، و لەم نێوانەدا جیاوازی ئیش و کارەکان، شێوازی ژیان، دۆخی جوگرافی و كولتووریی و تایبەتمەندی و شیوەژیانە تاکەکەسییەکان کاریگەریی نییە. ئەدەبیات هەلی بۆ تاک بە تاکی مرۆڤەکان ڕەخساندووە تاکوو لەگەڵ هەموو تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانیاندا سەرووتر لە مێژوو بڕۆن. ئێمە وەکوو خوێنەرانی سێرڤانتێس، شێکسپییەر، دانتە و تولستۆی لە پانتاییەکی بەرینی کات و شوێندا لە یەکدی تێدەگەین و خۆمان وەکوو ئەندامانی جەستەیەک دەبینینەوە، چونکە لە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرانەدا شتانێک فێر دەبین کە کەسانی دیکەش فێری بوونە، و ئەمە هەمان خاڵ و لایەنی هاوبەشی ئێمەیە بەپێچەوانەی ژماریەکی زۆر لە جیاوازییەکان کە ئێمە لە یەکدی دادەبڕێت.
بۆ پاراستنی مرۆڤ لە هەمبەر گەمژەیی، دەمارگرژی، فاشیسم، جیاکاریی مەزەوی و سیاسی و ناسیۆنالیسمی پاوانخواز، هیچ شتێک لەم ههقیقهتە کە لە بەرهەمە ئەدەبییە گەورەکاندا ئاشکرا دەبێت کاریگەرتر نییە؛ پیاوان و ژنانی هەموو نەتەوەکان لە هەر کوێ بن لە بنەمادا یەکسانن و تەنها نادادپەروەرییە کە لە نێوانیاندا تۆوی هەڵاواردن و ترس و چەوساندنەوە دەچێنێت. هیچ شتێک باشتر لە ئەدەبییات ئێمە فێری ئەوە ناکات کە جیاوازییە ئیتنیکی و كولتوورییەکان وەکوو ئاماژەی پیتی و پاراوی میرات و کەلەپوووری مرۆڤ هەژەمار کەین و ئەم جیاوازییانە کە دەرخەر و تیشکدەرەوەی هێزی ئافراندنی چەند لایەنەی مرۆڤن بەرز و بەڕێز ڕابگرین. خوێندنەوەی ئەدەبیاتی باش بێگومان چێژبەخشە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە فێر دەکات کە چین و چۆنین، لەگەڵ یەکەبوونی مرۆڤانەمان و بە نوقسانییەکانمانەوە، بە کردەوە و خەون و خەیاڵەکانمەوە، بە تەنیایی و بە ئەو پەیوەندییانەی کە ئێمە پێکەوە هەڵدەپێکێت. لە وێنەی کۆمەڵایەتیمان و لە خەڵوەت و بێدەنگیی ویژدانماندا. ئەم کۆما ئاڵۆزە لە ههقیقهتە لێکدژەکان-وەرگیراو لە ئایزایا بێرلین-لە ڕاستیدا پوختە و کورتەی دۆخی مرۆڤە. لە دنیای هەنووکەدا تاقانە شتێک کە ئێمە بەرەو ناسینی گشتییەتی مرۆڤانەمان ڕێنوێنی دەکات لە هەناوی ئەدەبیات دا حەشار دراوە. ئەم تێڕوانینە یەکخەرانەیە، ئەم کەلامە گشتییەتبەخشە نە لە فەلسەفدا دەبینرێتەوە و نە لە مێژوودا، نە لە هونەر و بێ گومان نە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیشدا. زانستە کۆمەلایەتییەکانیش بۆ ماوەیەکی زۆرە کە لە هەمبەر دابەشکران و لەتلەتبووندا ملیان دانەواندووە و زیاتر لە پێشوو بوون بە بەشانێکی پسپۆڕانەی جودا و گۆشەگیر کە وتەکانیان و وشەکانیان لە پیاوان و ژنانی ئاساییەوە دوورە. هەندێک لە ڕەخنەگران تا ئەوێ دەڕۆنە پێشێ کە دەیانەوێت ئەدەبیاتیش بکەن بە جۆرێک زانست. بەڵام ئەمە خەیاڵێکی پڵاوە، چونکە چیرۆک بەدینەهاتووە تاکوو تەنها ڕووبەرێکی بەرتەسک و یەکە لە ئەزموونە مرۆییەکان لێک داتەوە. هۆی هەبوونیان بەپیتکردنی کۆی ژیانی مرۆڤە، و ناتوانین ئەم ژیانە لەت لەت بکەین، لێکی بقڵیشێنین یان دایبەزێنینە سەر کۆمەڵێک گەڵاڵە و فورمولی گشتی.
ئەمە مانای ئەو قسەیەی پرۆستە کە وتی؛ “ژیانی ڕاستەقینە، کە سەرئەنجام لە ڕووناکیدا ئاشکرا دەبیت، و تەنها ژیانێک کە بە تەواوەتی دەکرێت بژین؛ ئەدەبیاتە.” پرۆست قسەی بەباق و بریقی نەدەکرد و ئەم قسەیەش تەنها بەرئەنجامی خۆشەویستی ئەو بۆ کارەکەی خۆی نەبوو. ئەو ئەم گوزارەیەی خستە ڕوو کە ژیان لە ژێر تیشکی ئەدەبیاتدا باشتر دەناسرێت و باشتر زیندەگیی دەکرێت و ئەمەش کە ژیان ئەگەر بڕیارە بە تەواوەتی زیندەگی بکرێت دەبێت لە گەڵ ئەوانی دیکەدا دابەش کرێت. ئەو پەیوەندییە مرۆڤانەیە کە ئەدەبیات لە نێوان مرۆڤەکاندا هەڵیدەپێکێت و ناچاریان دەکات تاکوو پێکەوە گفت و گۆ بکەن و ئاخێزگەی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش بە بیریاندا بێنێتەوە، هەموو لەمپەرە ناجێگیرەکان تێدەپەڕێنێت و لە سەرووتریان ڕۆدەنیشێت. ئەدەبیات لەڕێگەی ئەو دەقانەی کە بەدەست ئێمە گەیشتوون دەمانباتەوە بۆ ڕابردوو و لەگەڵ کەسانێک هەڵماندەپێکێت کە لە ڕۆژگارانی بەسەرچوودا چەنەڵلا سەودایان لەسەر جۆش داوە، چێژیان بردووە و خەونانیان هۆنیوەتەوە، و هەر ئەم دەقانە هەنووکە ئەم هەلە دەبەخشن بە ئێمە کە چیژ وەرگرین و خەونەکانی خۆمان لق و پۆپ بدەینێ. ئەم هەستە هاوبەشە لە ئەزموونی کۆیی مرۆییدا بە درێژایی کات و لە بازنەی شوێنەکاندا بەرزترین دەسکەوتی ئەدەبیاتە، و هیچ شتێک بەڕادەی ئەدەبیات لە تازەکردنەوەی ئەم هەستە بۆ هەر بەرەیەک کاریگەر نییە. بورخس هەمیشە لەم پرسیارە کە “سوودی ئەدەبیات چییە؟” دەشڵەژا. ئەو ئەم پرسیارەی بە گەمژانە دەزانی و لە وەڵامیدا دەیوت؛ “هیچ کەس پرسیاری ئەوە ناکات کە سوودی ئاوازی بولبول یان داکەوتنی خۆر چییە.” ئەگەر ئەم شتە جوانانە هەن و ئەگەر بەهۆی هەبوونیانەوە، ژیان تەنانەت یەک چرکەساتیش کەمتر دزێو و خەمناک دەبێت، ئایا گەڕان بۆ دۆزینەوەی پاساوی زانستی بۆیان کاڵفامی نییە؟ بەڵام ئەم پرسیارە، پرسیارێکی باشیشە. چونکە ڕۆمان و شێعر نە ئاوازی باڵندەن و نە دیمەنی داکەوتنی خۆر لە دەم کەل، چونکە ڕۆمان و ئەدەبیات نە بەهەڵکەوت بەدیهاتوون و نە هەڵقوڵاوی ناخی سرووشتیشن.
ئەم دووانە دەرهاوێشتەی ئافراندنی مرۆڤن، هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی بپرسین کە چۆن و بۆچی بەدیهاتوون و غایەت و ئامانجیان چییە و بۆچی ئاوەها درێژخایەن و نەمرن؟ بەرهەمە ئەدەبییەکان، بەشێوەی کۆمەڵێک تارمایی بێ دەموچاو لە خەڵوەتی وشیاریی نووسەردا لەدایک دەبن و، هۆکارێک کە ئەم تارماییانەی پەستاوتووەتە ناو وشیاریی ئەوەوە، تێکەڵەیەکە لە ناوشیاریی نووسەر و هەستیاریی ئەو لە هەمبەر دنیای دەوروبەر و هەروەها سۆز و خرۆشەکانی ئەو. هەر ئەم شتانەن کە شاعیر یان گێڕەرەوە لە ململانێیەکدا کە لەگەڵ وشەکان هەیەتی بەرەبەرە ڕووخسار، فۆرم، جووڵە، ڕیتم، هاوئاهەنگی و ژیانیان پێ دەبەخشێت. هەڵبەتە ئەمە ژیانێکی ڕۆنراو و ساختەیە، ژیانێکی خەیاڵی، ژیانێکی دروستکراو لە وشەکان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ژنان و پیاوان خوازیاری ئاوەها ژیانێکی ساختەن، هەندێکیان بەردەوام و هەندێگیشیان جارجار و ئەمەش بەو هۆیەیە کە ژیانی واقیعی بۆ ئەوان بۆشاییەکی تێدایە و ناتوانێت ئەوەی کە دەیانەوێت بیانداتێ. ئەدەبیات بە هەوڵدانی تاقە کەسێک بەدینایەت. ئەدەبیات کاتێک دێتە بوون کە ئەوانی دیکە وەکوو بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی قبووڵی بکەن و، ئەوکات ئەدەبیات بە هۆی خوێندنەوە، دەبێت بە ئەزموونێکی هاوبەش.
یەکێک لە کاریگەرییە بەسوودەکانی ئەدەبیات لە ئاستی زماندا بەدیدێت. کۆمەڵگایەک کە ئەدەبیاتی نڤیساریی نییە، بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگایەک کە گرنگترین ئامرازی پەیوەندییەکەی، واتە وشەکان، لە دەقە ئەدەبییەکاندا ئاو دراون و پاراو کراون و گەشەیان ئەستاندووە، قسەکانی بە وردبینی کەمتر، پیتی کەمتر و ڕوونیی کەمتر دەردەبڕێت. کۆمەڵگایەکی بێ خەبەر لە خوێندن کە بەلای ئەدەبیاتدا نەهاتووە، وەکوو کۆمەڵەیەک لە کەسانی کەڕولاڵ تووشی زمانشێواوییە و هەر بە هۆی زمانە ناپوخت و سەرەتاییەکەی لە دروستکردنی پەیوەندییەکاندا کۆمەڵێک کێشەی گەورەی دەبێت. ئەمە لەبارەی کەسەکانیش بەڕاست دەگەڕێت. مرۆڤێک کە ناخوێنێتەوە یان کەم دەخوێنێتەوە یان تەنها شتی حەلەق و مەلەق دەخوێنێتەوە، بێگومان لە دەربڕیندا تووشی تێکچوونە، ئەم مرۆڤە زۆر قسە دەکات بەڵام کەم دەبێژێت، چونکە وشەکانی بۆ دەربڕێنی ئەوەی لە دڵی دایە پێویست نین. بەڵام پرسەکە تەنها سنوورداریی وشە نییە. بەڵکوو بەرتەسکیی هزر و خەیاڵیش لە ئارا دایە. پرسەکە، پرسی هەژاریی بیرکردنەوەشە، چونکە بیرکردنەوەکان و چەمکەکان کە ئێمە بەهۆیانەوە لە ڕاز و مەتەڵی دۆخی خۆمان تێ دەگەین، لە دەرەوەی بازنەی وشەکاندا نین. ئێمە قسەکردنی دروست، بەکاکڵ، ژیرانە و زیرەکانە لە ئەدەبیات و تەنها لە ئەدەبیاتی باشەوە فێر دەبین. هیچ کام لە جۆرەکانی زانست و هونەرەکان ناتوانن لە بەپیتکردنی زمانی پێویستی خەڵک جێگەی ئەدەبیات بگرنەوە. دروست وتن و، زاڵبوون بە سەر زمانێکی پاراو و پڕ لە لەنجە و لەنگانەوە، دۆزینەوەی دەربڕینێکی شیاو بۆ هەر بیرکردنەوە و هەستێک کە دەمانەوێت وەیگوێزینەوە بۆ ئەوانی دیکە، بەم مانایەیە کە ئێمە ئامادەییەکی زیاترمان بۆ بیرکردنەوە، فێرکاری، گفتوگۆ و هەروەها خەیاڵکردن، خەونبازی و هەستپێکردن هەیە. وشەکان بەشێوەیەکی شاراوە لە هەموو کردەوەکانی ئێمەدا ڕەنگ دەدەنەوە، تەنانەت لەو کردەوانەی کە بەڕواڵەت هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ زماندا نییە و هەر ڕادەیەک کە زمان، بەهۆی بەرەکەتی هەبوونی ئەدەبیاتەوە، گۆڕانی بەسەردا دێت دەگاتە ئاستی باڵای پاڵاوتەبوون و پاکژی و ئەگەری شادومانی و چێژی مرۆڤ زیاد دەکات.
ئەدەبیات ئیشق و ئارەزوو و پەیوەندیی جەستەیی کردووە بە ڕووبەرێک بۆ داهێنانی هونەری. لە نەبوونی ئەدەبیاتدا ئێرۆتیسمێک بوونی نەدەبوو. ئیشق و چێژ و سەرخۆشی، بێ ڕیشە و بێ ناوەرۆک دەبوو و لە ناسکی و قووڵایی و لەو گڕوتینەی کە بەرهەمی خەیاڵکردنی ئەدەبییە بێبەش دەبوو. بەڕاستی قسەیەکی بێ بنەما نییە ئەگەر بڵێین ئەو هاوژینانەی کە بەرهەمەکانی گارسیلاسۆ، پێترارک گونگرا یان بوودلێریان خوێندۆتەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئەو مرۆڤە نەخوێندەوارانەی کە زنجیرە دراماییە بێ ناوەرۆک و چرووکە تەلەڤیزیۆنییەکان کردوونی بە کۆمەڵێک بوونەوەری گەمژەر، قەدر و نرخی چێژ زیاتر دەزانن و زیاتر چێژ وەردەگرن. لە دنیای نەخوێندەوار و بێبەش لە ئەدەبیاتدا ئیشق و ئارەزوو شتێکی جیاواز نابێت لەوەی کە حەکەداریی(ئاڵۆشین-شهوت) ئاژەڵان تێر دەکات، و هەرگیز ناتوانێت لە ئاستی تێرکردنی غەریزە بەدەوییەکان زیاتر بڕوات.
سەرچاوە؛ وتاری “بۆچی ئەدەبیات” لە نووسینی ماریۆ بارگاس یۆسا لە کتێبێک هەر بەم ناوەوە وەرگیراوە. ئەم کتێبە وەرگێڕانی عەبدوڵلا کەوسەرییە و لە ساڵی ١٣٨٤ لە لایەن دەزگای نەشری “لوح فکر” چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم وتارە یەکێک لە سێ وتارە گرنگەکەی ئەم کتێبە بەبایەخەیە.
نووسین؛ ماریۆ بارگاس یۆسا
نووسین؛ عەبدوڵلا کەوسەری
وەرگێڕان؛ سپێدە ساڵحی







































































