مێژووى نەتەوەکان نموونەى زۆرێک لەو نووسەرانى تێدایە، کە لە نەتەوەى خۆیان دوور دەکەونەوە و هیچ هۆش و هەستێکى ڕەچەڵەک و زمان و خوێن و خاک و ئینتیما بە نەتەوەی خۆیان نابەستێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەبنە داردەستى نەتەوەى سەردەست و هەموو ژیانیان بۆ خزمەتى بێگانە تەرخان دەکەن و ڕەچەڵەکى خۆیان لەبیردەکەن، لەوانەیە هۆکارى ئەم دیاردەیە لەناو کۆمەڵگەى کوردیدا زۆر بێت، تاوەکوو هەنووکەش توێژینەوەیەکى هەمەلایەنەى زانستی و ئهكادیمی لەم بارەیەوە نەکراوە، کە داخۆ بۆچى کەسێک بە ڕەچەڵەک کوردە، بەڵام نکوڵى لە کوردبوونى خۆى دەکات؟ یاخود بەجۆرێک دەبێتە تیۆرسێنى نەتەوەیەکى تر؟ لەکاتێکدا نەتەوەکەى خۆى هێژ نە دام ودەزگاى دەوڵەتى هەیە چەوساندبێتییەوە و نە ڕاوەدووى ناوە تاوەکوو کاردانەوەیەکى دەروونى بۆ دروست ببێت، بەجۆرێک نامۆبوونى خودى بۆ دروست بووبێت، ئایا پاڵنەرى ئەم دیاردەیە چییە و چۆنە؟ هۆکارە کۆمەڵایەتیى و دەروونییەکانى چین؟ ئەمانە و چەندین پرسیارى بێ وەڵامى تر.
شارى ئەستەنبووڵ لە مێژووى نوێ و هاوچەرخى گەلى کورددا، پایەیەکى گرینگ و پڕبایەخى هەیە و زۆرێک لە شاعیرانى وەکوو “حاجى قادرى کۆیى” و “پیرەمێرد” و ئەدیبان و نووسەرانى وەکوو “خەلیل خەیاڵى و عەبدولڵاجەودەت و ئیسحاق سکوتى و…هتد”، لەوێ ژیاون و بیروئەندێشەى سیاسی و فکرییان لەوێ گەشەى کردووە و بەردى بناغەى بیرى نەتەوەیى و هەوڵدا بۆ دروستکردنى پارت و ڕێکخراوى کوردى بۆ بەدەستهێنانى مافە نەتەوەیى و کولتوورییەکانى گەلى کورد. یەکێک لەو کەسایەتییە کوردانەى لە سەرەتاکانى سەدەى ڕابردووەوە ناوێکى دیارى ناو ڕۆشنبیرانى دەوڵەتى عوسمانى بووە و ڕۆڵێکى چالاکانەى لە سیاسەتى ڕێکخراوەى ئەو ڕۆژگارەى دواى کودەتاى تورکە لاوەکان هەبوو، “زیاگوک ئاڵپ” بوو.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن “زیاگوک ئاڵپ”، بەڕەچەڵەک کوردى زازایە لە بنەڕەتدا ناوى “محەممەد زیائەدین”ە، ناوى خۆى گۆڕى بە “زیاکۆک ئاڵپ”، لەشارى دیاربەکرى باکوورى کوردستان لە ساڵى “ ١٨٧٦” لەدایکبووە، لە کۆتایی سەدەى نۆزدەدا، کە هاتووەتە ئەستەنبووڵ چووەتە خوێندنگەى بەیتەرى” پزیشکى ئاژەڵ”، لەم سەروبەندەدا لەگەڵ ناوەندە ڕووناکبیرییەکانى ئەستەنبووڵدا ئاشنایەتیى پەیداکردووە، ساڵى ١٨٩٨ لەو شارە دەستگیرکراوە، بەڵام پاش ماوەیەک ئازادکراوە، بەڵام بەهۆى چالاکییە سیاسیی و ڕووناکبیرییەکانییەوە دووبارە لەساڵى ١٩٠٠ دەستگیرکراوەتەوە و لە بەندینخانەى “تاش قەشڵە” زیندانى کرا. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن “زیا گۆک ئەڵپ” لەگەڵ خەلیل خەیاڵیدا لە ئەستەنبووڵ هەندێک لێکۆڵینەوەى زانستی لەبارەى زمانى کوردییەوە ئەنجام داوە، باس لەوەش دەکرێت، کەلەسەرەتاى لاوێتیدا کارى لە بابەتى ڕەگ وڕیشەى زمانى کوردى و ڕێزمانییەوە کردووە، ئەم هەڵوێستە لە هەندێک ناوەنددا ڕێگەى بۆئەوە خۆشکردووە، کە وەکوو نەتەوەییەکى کورد بناسرێت، لە ڕۆژنامەى تەعاون تەرەقى کورد، کەلە ئەستەنبووڵ بڵاودەکرایەوە لەهەواڵێکیدا لە ساڵى ١٩٠٨ باس لەوە دەکات؛ زیا ئەفەندیى ئەدیبى ڕێزداریش، بەوەى کە بەرهەمى کۆشش و لێکۆڵینەوەى ماوەى دە ساڵى، ڕەشنووسى پەندى پێشینانى کوردى و زانستى زمانى کوردى ئامادە کردووە و بەم نزیکانە فەرهەنگێکى کوردى بڵاودەکاتەوە و بەرانبەر ئەو موژدانەش کە “ساڵح بەگى خان”یش، کە یەکێکە لە خاوەن بەهرەکانى ناوچە، لەم بابەتەدا لە بارەى ئەو کۆششەوە، کە ئەنجامى داوە، گەلێکى سوپاس دەکەین و پیرۆزباییشى بۆ ئەم کۆششە بەرزانەى لێ دەکرێت”، هەربۆیە وەکوو لەم هەواڵەدا دەردەکەوێت، یەکێک لەو کەسانەى هەوڵیداوە زمانى کوردى بەکاربهێنرێت و لێکۆڵینەوەى زمانەوانیشى بۆ ئەنجام داوە، بەڵام دواتر بەهۆى هەندێک کێشەى سیاسی و کەسایەتییەوە، کوردایەتى خۆى ئینکارى کردووە، بووبە یەکێک لە بەرگریکارە سەرسەختەکانى ئایدۆلۆژیاى تورکچێتى و بەیەکێک لە بنیاتنەرانى ئەم ئایدۆلۆژییەتە، بەڵام لەپێناو بیرى تۆرانیزمدا تێکۆشاوە، تەنانەت لەدواى ئەم هەموو ستەمەى تورکە لاوەکان و ئیتیحادو تەرەقى تورکیى ئەم هەر پەشیمان نەبووەوە و تورکایەتى وایلێکرد، کە نکوڵى لە کورد بوونى خۆى دەکردو هەمیشە بە کۆپلەیەک شعر ڕەخنەى لەوانە دەگرت، کە دەیانگوت تۆ تورک نیت، لەژێر ناونیشانى “ئەو پیاوەى بەمن دەڵێت تورک نیت”
من تورک بم یان نا، هاوڕێى تورکم
ئێوەش تورک بن یان نا، دوژمنى تورکن
هەر لەوکاتەدا کۆمەڵێک ڕۆشنیرى لاو گۆڤارى “گەنج قەڵەملەر”یان دەردەکرد، زیا کە لەمێژوو بەرنامەى ڕزگارى نیشتمانى لە خەیاڵدا بوو، ئەم گۆڤارەى وەکوو دەروازەیەکى باش بۆ بڵاوکردنەوەى بۆچوون و تیۆرییەکانى دەزانى، بە پێشنیارى “عەلى جەناب” بووبە ئەندامى دەستەى نووسەرانى گۆڤارەکە و دەستیکرد بە پڕوپاگەندەى تورکچێتى و ژمارەیەک لەو ڕۆشنبیرە تۆرانییانەى هاوفکرى بوون لەدەورى خۆى کۆکردەوە وەکوو “ محەمەد فوئاد کۆپەرلووزادە”ى مامۆستاى زمانەوانى و ئەحمەد حیکمەت و حەمدولڵا سوبحى و جەلال شەهیر و نەسیم سارم و یەعقوب قەدرى و چەند کەسێکى تر”. زیا خزمەتێکى زۆر بە بیرى تۆرکچێتى کرد، ئەو بیرەى دروشمەکەى دەیگوت؛ وڵاتى تورکان، تورکیا نییە، هەروەها تورکمانستانیش نییە، زەوى فراوان و نەمر تۆرانە، بەجۆرێک دەیویست سەروەرى تورکەکان زیندوو بکاتەوە، هەروەک لە ناوزەد کردنەکەیەوە هاتووە، کە بانگەشەى بۆ یەکخستنى تورکە عوسمانییەکان و هەموو گەلانى ژێر دەستیان دەکرد، لەسەر پارچە جوگرافیایەکى دیاریکراو، کە ئەوان بە نیشتمانى تورکەکانیان دەزانى.
هەر لەم بارەشەوە کتێبێکى نووسى، کەلەدووبەشى سەرەکیى پێکهاتبوو؛ بەشێکى تیۆرى بوو لەژێر ناونیشانى “گەوهەرى تورکچێتى”و بەشێکى ترى پڕاکتیکى بەناوى “بەرنامەى تورکچێتى”، زیا کاتێک باسى لە نەتەوە پەرستى دەکرد، هەوڵیدەدا پێناسەى میللەتى تورک بکات، بەباوەڕى ئەو ئۆغۆزەکان واتە تورک و تورکمانەکان یەک ڕۆشنبیرى هاوبەش “ڕۆشنبیرى تورک”یان هەیە، بۆیە تورکن، تورک و خۆرەکان لە ئازەربایجان و خۆراسان و ناوچەکانى دیکەى ئێران وەک تورکانى عوسمانى پاشماوەى ئۆغۆزخانن، لەڕابردوویەکى دوورنا، ئەم کۆمەڵانە، واتە نەتەوەکانى ئۆغۆزخان بەهاوکارى کردنى یەکترى دەژیان، لەلایەکى دیکەوە زیاکۆك ئەڵپ، وەکوو ئاماژەى پێکرا خۆى وەکوو ئیتنکی تورک لە قەڵەم دەدا، بەڵام لەسەرجەم توێژینەوەکانیدا نکۆڵى لەوە ناکات، کە کورد گەلێکە و ڕەسەنى ئەتنیکیى خۆى هەیە، دواى ئەوەی پەیوەندى خۆى لەگەڵ کوردە نەتەوەییەکانى ئەستانبووڵ پچڕان و بووبە یەکێک لە کادیرانى پێشکەوتووى “ئیتیحاد وتەرەقى”، کە جەنگى یەکەمى جیهانى هەڵگیرسا و لەناوچەکانى بەڵکان بەرپابوو، گۆک ئەڵپ لە گەڕەکى “جەڕاح پاشا” نیشتەجێ بوو، دواتر ماڵەکەى گواستەوە بۆ “بویوک ئەدا”، کەبە گەڕەکى ڕاقى ئەستەنبووڵ بوو. زیا گۆک ئەڵپ لە ساڵى “١٩٢٤” کۆچى دواییکرد و لە باخچەى گۆڕى مەحموودى دووەم لە ئەستەنووڵ بەخاکسپێردرا. لە ساڵى ١٩٢٢، ڕۆژنامەى پێشکەوتن، کە لە شارى سلێمانى بە هاوکارى ئینگلیزەکان دەردەچوو، زۆر هانى خوێنەوارو ئەدیبانى کوردى دەدا شعر بە زمانى کوردى بنووسن و شانازى بە زمانەکەیانەوە بکەن، هەر لەم بارەیەوە شعرێکى جوانى “عەلى کەمال”ى بڵاوکردووتەوە و تێدا دەڵێت؛
کورد لە کورد ناکەون
پیاوی ئاقڵ چۆن لە ڕەویەی قەومی خۆی حاشا دەکات چۆن لە ئاداب و ئوسووڵی ئەو گەلە ئیبا دەکات
من بە دۆی خۆم قەت ئەڵێم ترشە ئەگەر عەقڵم ببێ ئەو کەسەی دانا بێت چۆن خۆی بێت حەیا و ڕیسوا دەکات
حوبی میللەت هەروەکوو حوبی وەتەن فەرزە لەلای هەرکەسێک ناموس ئیمان، شەرەف دارا دەکات
نیسبەتی مەجهولە خوا ئەیزانێ تورکە یا عەجەم ئەو کەسەی تورکی زبانی خاس مادر زا دەکات
فکر و فامی میللەتێک چۆن تێک دەدات قولی کەسی شێتە خۆی ڕسوا دەکات هەرکەس قسەی بێجا دەکات
هەروەکوو مەنسوور أنا الحق گۆ بوو گەر بیشمکوژن خوێنەکەم ئەتکێ بە کوردی دەردی خۆی ئینشا دەکات
کورد ئەوەند کوردن بە سەد شەیتان لە کوردی ناکەون ئێ خەڵکی بۆچی بۆخۆی دەردی سەر پەیدا دەکات!
ع. کەمال
سەرچاوەکان؛
- سەلام عەبدولکەریم؛ مێژووی پێکهاتن و پەرەسەندنی بیری تۆرانیزم، لێکۆڵینەوە، 2008، بڵاوکراوەکانی پرۆژەی کتێبی گۆڤاری”کۆچ”.
- ڕۆهات ئاڵاکۆم؛ کوردەکانى ئەستەمبووڵى کۆن، وەرگێڕانى؛ ئەحمەد تاقانە، کوردستان، ٢٠٠٥.
- ڕۆژنامەى پێشکەوتن، ژمارە”١١٦”ى ڕۆژى “١٣ جولای ١٩٢٢”ى ساڵى سێیەم.
ئامادەکردنى؛ د.ژیلوان هەڵەدنى







































































