لیۆنید ئاندرییڤ، یەکێکە لە نووسەرە کلاسیکەکانی ڕووسیا و لە ساڵی ١٨٧١ لەدایکبووە. بە شێوازە تاریکەکەی لە نووسیندا بەناوبانگە و هەمیشە جێگەی باس و خواس بووە. لە مێژوودا بەوە ناسراوە یەکێکە لەو نووسەرانەی کە شێوازی گوزارشت و هێماگەرییان هێناوەتە ئەدەبی ڕووسی و لەسەر بابەتی مەرگ و تەنهایی چڕ بوونەتەوە. ئاندرییڤ پاش شۆڕشی بەڵشەفییەکان کۆچی دوایی کرد. دژی سیستەمی نوێ بووە و لە سەردەمی حووکمڕانی یەکێتی سۆڤێتدا بەرهەمەکانی قەدەغە کراوە.
لەم وتارەماندا باس لە کتێبێک دەکەین کە لەم دواییە لەسەر ئاندرییڤ بڵاوکرایەوە؛ بەرهەمەکە لە نووسینی پافێل باسینسکییە و سەربووردەیە بە ناونیشانی “لیۆنید ئاندرییڤ، دیوک لۆرینزۆ” پافێل باسینسکی لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەنووسێت “ئەم کتێبە سەربووردەیەکی تەواو نییە لەسەر لیۆنید ئاندرییڤ. وێڕای ئەوەی ئاندرییڤ دەمترسێنێت، بەڵام خۆشمویستووە بۆیە لەسەری نووسیومە. ئەمە ڕێک پێچەوانەی تۆڵستۆیە کە لەبارەی ئاندرییڤەوە گوتویەتی:- ترسناکە، بەڵام لێی ناترسم.”
ئێستاش بەشی یەکەمی دادەنێین؛ ئاندرییڤ پاش کۆچی دوایی شۆرای هاوژینی، بوو بە دوو کەرتەوە، زۆرێک لە دۆست و ناسیاوەکانیشـی تێبینی ئەم گۆڕانە سەرتاپایەیان کردبوو. ترسی تێنەپەڕاندنی ئەم لەدەستدانە و ئاڵوودەبوونی مەی و هەوڵی خودکوژی، چواردەوری بە خۆی سەرقاڵ کردبوو، بەڵام ئەمانە تەنیا وەهمێک بوون. کەسایەتییە توند و بێبەشکراوەکەی ڕێگەی نەدا بکەوێت و بشکێت. پاش لەدەستدانی هاوژینەکەی کارە ئەدەبییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و دوو هێندە بوو، لەوانە: ڕۆمانی ساشکا زیگۆڵف و ڕۆژگارەکانی شەیتان. پاش چەندین ساڵ و بەرهەم، شان بە شانی چیخۆف و گۆرکی، ئەندرییڤ بوو بە بەناوبانگترین شانۆنووسی سەردەمی خۆی، بگرە شانۆیی تایبەت بە خۆی دروستکرد بە ناوی: شانۆیی ئەندرییڤسکی.
دیارترین وێستگەی ژیانی ئەندرییڤ بریتییە لە: هەوڵەکانی بۆ دەرچوونی کۆمەڵەی “مەعریفە” و سەرپەرشتیکردنی بەشی ئەدەبی ڕۆژنامەی “ڕۆسکایا فۆڵیا”. لە نیوەی دووەمی تەمەنیشیدا وەکوو نووسەرێکی سیاسی نموونەیی دەرکەوت. لەماوەی جەنگی ڕووسیا و ئەڵمانیا و شۆڕشەکانی فێبریوەری و ئۆکتۆبەر و جەنگی ناوخۆیی، ئەو ئەندرییڤەی کە نەیدەتوانی شتێک لەسەر سیاسەت بنووسێت، توانی چەندین وتار و دەستنووسی سیاسی بڵاوبکاتەوە.
لەڕێگەی ناونیشانی وتارەکانی لەو سەردەمەدا دەتوانین بە ئاسانی لە ناوەڕۆکەکەی تێ بگەین، لەو ناونیشانانەش: ڕێگای سوور، کوشتن و دادگایی، بەگژداچوونەوەی ئەرکەکانی سەدە، بانگەواز، مەرگ، فەرموو ئەی سەرباز! دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لە ساڵی ١٩١٩و لە مەنفای فینلەندی وتارێکی بە ناوی ” بە هانای ڕۆحەکانەوە بچن ” نووسی؛ بیروبۆچوونەکانی ئەندرییڤ سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئەڵمانیا و شۆڕش و جەنگی ناوخۆیی، لەلایەن حکوومەت و تاکەوە بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدرا. وتارەکانی بەر گوێی خەڵکی نەدەکەوت، نە بەرگوێی کۆچبەرەکانی ڕووسیا و نە حکوومەتەکان. وتارەکانی ئەندرییڤ هۆکار نەبوو تا دەستوەربدەنە سیاسەتی ڕووسیا، بەڵکوو بەرژەوەندی تر هەبوو، بەڵام ئاندرییڤ لەسەر هەق بوو. ئەو کات دونیا شێواو و پەرتەوازە بوو. تەنانەت ئەلکسندەر بڵۆکی هاوسەردەمی ئاندرییڤ سەردەمی بە سەردەمی ” لەناوچوونی مرۆڤایەتی” ناوزەند کردبوو. وێڕای ئەوەی ئاندرییڤ بڕوای بە ڕووسیا نەمابوو، نزای نەمانیشـی بۆ نەدەکرد، بەڵکوو لەبری ئەوە نزای نەمانی مرۆڤی دەکرد.
ئەمما گەر باسی ژیانی دوای شۆرای هاوژینی بکەین، ئەو کەسانەشی کە لێکۆڵینەوەیان لە ژیانی کردووە نازانن. ئاخۆ لەگەڵ ئاننا ئیلینیچنای هاوژینی دووەمی کە ساڵی ١٩٠٨ هاوسەرگیری لەگەڵ کرد بەختەوەر بووە؟ وای بۆ دەچین ئەم هاوسەرگیرییە بەپەلە بووە و لە ئاکامی خۆشەویستی نەبووە، بەڵکوو لە ترسی تەنیایدا بووە. دانیاڵی کوڕی ئەندرییڤ، لە هاوژینی یەکەمی، دوور بوو لە کاریگەری باوکی و پەیوەندییان ئاڵۆز بوو. تەنانەت بە توندی سەرکۆنەی بەرهەمی “ئەو حەوت کەسەی لە قەنارە دران” کرد. ئەندرییڤ لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ بونیادنانی خێزان، هاندەرێکی تری تایبەتیشـی هەبوو، ئەویش خەونە کۆنەکەی بوو، خەونی دروستکردنی خانوویەک. ئەو سەردەمە شتێکی باو نەبووە نووسەرەکان بتوانن خانووی خۆیان هەبێ، بەڵکوو لەبری ئەوە هەمیشە ئەپارتمان و خانوو و خانووی هاوینەیان بە کرێ گرتووە. تەنیا چیخۆف جیاواز بوو، توانی موڵکەکانی میلیخۆفۆ لە نزیک مۆسکۆ بکڕێت و کۆمەڵگەی داشا یلایا لە یاڵتا دروست بکا، لەگەڵ خانوویەکی تر لە گۆزۆڤ. جگە لە چیخۆف ئەندرییڤیش توانی لە گوندی فامیڵسۆی فنلەندی لەسەر شێوازی ئەسکەندەنافی خانوویەکی گەورەی دار دروست بکا.
کۆرنی چۆکۆڤسکی، کە نووسەرێکی دیاری منداڵان و ڕەخنەگری ئەدەبی سەدەی بیستەم بووە، بە تەنزەوە شتی لەبارەی ئەم خانووە سەیرەوە کە ئێستا هیچ ئاسەوارێکی نەماوە نووسیوە. بەڵام ئێە لەڕێگەی گەواهیدەران و وێنەوە دەتوانین حووکمی لەسەر بدەین:-
کتێبخانەکەی چوارگۆشە بوو، ئاگردانەکەی بە ئەندازەی دەروازەیەک بوو. هەر کۆترە دارێکی باخچەکەشی نزیکەی پەنجا کیلۆ دەبوو. بنەڕەتی خانووەکەشی لە گرانێت بوو.
بیرمە ماوەیەکی کەم پێش جەنگ وێنەی بینایەکی زۆر گەورەی پیشاندام. منیش لێمپرسی:-
- ئەمە چ جۆرە خانوویەکە؟
لیۆنییدیش بەرسڤی دایەوە و گوتی: ئەمە خانوو نییە، ئەمە کتێبخانەیە.
دواتر دەرکەوت ئەندازیارێکی بیناسازی بە کرێ گرتبوو، تاوەکوو کتێبخانەیەکی چەند نهۆمی بۆ دروست بکات، ئەمەش لەبەرئەوەی پێیوابوو کتێبخانە ئاساییەکان بۆ ئەو بچووک و تەنگەبەرن.
بەڕێککەوت نەبووە ئیلیا ئیڤانۆڤیچ ڕۆبین، کە وێنەکێشێکی دیاری سەدەی نۆزدە بووە، نازناوی دیوک لۆرینتیسۆی لێ ناوە؛ دەبوایە کەسێکی وەکوو لە کۆشکێکی ئاڵتوونی بژیایە و هەنگاوەکانی بەسەر فەرشە گران بەهاکاندا بوایە.
خانووەکە لەسەر دەستی ئۆڵیای ئەندازیاری بیناسازی، کە مێردی خوشکەکەی ئەندرییڤ بوو، بووە. بەڵام خودی نووسەر خۆشی دەستی لە دیزاینەکەیدا هەبووە.
جارێک یەکێک لەو میوانانەی ک چەند ڕۆژێک لە ماڵەکەیدا ماوەتەوە و میوانی بووە، سەرسام بووە بەوەی زۆربەی کاتەکانی لە یاری قوماردا بەسەر بردووە. ئەم یارییە لەنێوان لادێنشینەکان و خانەدانەکانی ئەو سەردەمە شتێکی باو بووە. بۆ نموونە تۆڵستۆی کاتێک لە یاسنا بۆڵیانا بوو، زیاتر چێژی لەوە دەبینی یاری قومار بکات، وەک لەوەی یاری شەترەنج بکا. کاتێک میوانەکە پرسیاری لە ئەندرییڤ کردبوو بۆچی کاتەکانی بەمشێوەیە بەهەدەر دەدا، بەرسڤی دابووەوە و گوتبووی: هەرکات کە دادەنیشم و قومار دەکەم، خۆم لەبیر دەکەم، باشتر دەتوانم هەناسە هەڵبمژم. گەر خۆم لەبیر نەکەم، ژیانکردنم سەخت دەبێ. گەر بە ئاگا بم، چۆن دەرەقەتی خۆم بێم؟
تەواوی گفتوگۆکانی دواتری لەگەڵ میوانەکەدا، لەسەر هەمان ڕستە یەکی گرتووەتەوە و بەمشێوەیە گوزارشتی لە بەدبەختییەکانی خۆی کردووە: سەختە مرۆ دەرەقەتی خۆی و فیکرەکانی بێ. سەختە بژی، سەختە بیربکاتەوە، سەختە درک بە خۆی بکا. سەختە مرۆڤ بی! ئایا مایەی بەختەوەری نییە بۆ ساتێک تەواوی خەڵکی لەبیر بکەی؟ لەبیری بکەی کە تۆ مرۆڤی؟ هەموو مرۆڤێک بەلامەوە سەیروسەمەرەیە. فادیمی کوڕی لە هاوژینی یەکەمی، دەڵێت کاتێک لەگەڵ دایکیدا بووە هەرگیز یاداشتەکانی نەدەنووسییەوە. هەر خۆی ئەوکاتیش پێوستییەکی ئەوتۆی بە ڕۆچوونە نێو ڕۆح و ئاگاییەوە نەبوو.
بەڵام ئەم بارگانییەی ڕۆح و شێواوییەی کە ئەندرییڤ لەوانی تر جیا دەکاتەوە و لە بەرهەمەکانیدا بە هەمان شێوەی ژیانی واقیعی ڕەنگی داوەتەوە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ جارێک بە ئەندرییەی برای گوتبوو: ڕۆژێک لە ڕۆژان منیش دیوک لۆرینتسۆ بووم. نا، من نا، بەڵکوو باپیرە گەورە بوو کە ئەزموونی ژیانی لە تاریکییە بێ ئاگاکاندا ڕواند. باسی کام لۆرینتسۆ دەکەن؟ داخۆ پاڵەوانی شانۆیی ” دەمامکە ڕەشەکە ” دەکەن، کە لە کابری نووسی و نازناوی ڕاوچیییەکی سادەی کابری پێ بەخشی، لۆرینتسۆ سپادارۆ؟
تۆ بڵێی لۆرینتسۆ کێ بێ؟
ئەمما پاڵەوانی شانۆییەکە کە باسمان کرد، پیاوێکی ڕەشبین و بەدبەختە، کە لە کۆتایی شانۆییەکەدا خۆی دەکوژێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان لە ژیانی ئەندرییڤی لاو نزیکە. بێشک ئەندرییڤ مەبەستی کەسێکی تر بووە: لۆرینزۆ دی بییرۆ دی میدیشـی، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی پانزەدا ژیاوە. لۆرینزۆ سیاسەتمەدارێکی دیار و سەرۆکی کۆماری فلۆرنسا بووە. جۆرجیۆ فاساری وێنەیەکی لۆرینزۆی کێشاوە و لە ئەندرییڤ دەچێ، دەکرێ خودی ئەندرییڤیش لە گەشتەکانی بۆ ئیتاڵیا تێبینی ئەم لێکچوونەی کردبێ؛ قژێکی ڕەشی درێژ، ڕووخسارێکی تیژ، هێڵی خەمباری نێوان برۆیەکانی، دووچاوی ڕەش. بێگومان گەر ئاندرییڤ ئەم وێنەیەی لە پێشانگەی ئۆفیزی فلۆرنسا بینیبێت، تێبینی ئەو لێکچوونەی کردووە.
لەڕێگەی کارە سیاسییەکانییەوە دەتوانین لە سەرچاوەکانی داهێنانی ئاندرییڤ تێبگەین، هاوسەنگی لەنێوان واقیع و دونیادا دەکا: شێواوی سیاسەت لەلایەک و سامناکی شۆڕش و جەنگی خێزانیش لەلایەک. ئیتر لەمەوە دەتوانین بزانین بۆچی ئەم کۆشکە سەیرەی دروستکرد و بۆچی دەیویست خەڵکی پێ سەرسام بکا. ئاندرییڤ لەم جیهانەدا، تامەزرۆی ئاسوودەیی بوو. لەمەش گرنگتر تامەزرۆی ئاسوودەیی ڕۆحی خۆی بوو، لە ڕۆحی ئاندرییڤ خۆی!
لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ و ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی بەڵشەفییەکان، ئاندرییڤ بە یەکجاری لە فینلەندا ئاکنجی بوو و پەیوەندی لەگەڵ هاوسەردەمانی خۆی، کە لە یەکێتی سۆڤییەت مانەوە پچڕاند. ئاندرییڤ لە دۆخێکی پڕ تەمومژاویدا نەما و چەندین دەنگۆ لەبارەی مردنییەوە بڵاو بوونەوە.
سەبارەت بە مردنەکەی، ئەو دکتۆرەی سەردانی کردووە، گوتویەتی: گەواهی دەدەم لیۆنید نیکۆڵایفێچ ئاندرییڤ لە کاتژمێر شەشی ١٢ی سێپتەمبەری ساڵی ١٩١٩ لە نیفۆلیا، لە خانووی ڤاڵکۆڤسکی نزیک وێستگەی مۆستیاماکی، لە ئاکامی نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە.
دکتۆر ئەی. بیلاتسکی.
ئەندرییڤ لە وەسێتەکەیدا داوای ئەوەی کردبوو لەلای شۆرای هاوژینی یەکەمی بە خاک بسپێردرێت، بەڵام ئەمە لە ساڵی ١٩١٩ ئەستەم بووە. ئانا ئیلینیشناش نەیدەویست تەرمەکەی لە خاکی بێگانەدا بنێژێت، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی لە باخچەی کڵێسایەکی بچووکدا ناشتی. لە ساڵی ١٩٥٦ خۆڵەمێشی ئاندرییڤ بۆ گۆڕستانی ئەدیبان لە لینینگراد گواسترایەوە.
ئاندرییڤ ماوەیەکی زۆر پاش بێهۆشبوونی گیانی سپارد و نەیتوانی هیچ شتێک بە چواردەورەکەی بڵێت. چارەنووسی لە پاڵەوانی شانۆیی ” ژیانی پیاو” دەچێ، ئەمەش دوا وتەکانی پاڵەوانەکە: پاسەوانەکەم لەکوێیە؟ شمشێرەکەم لەکوێیە؟ قەڵغانەکەم لەکوێیە؟ من تەنیام!
سەرچاوە؛ Boring books
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد







































































