لە فەلسەفەدا دوو ڕێبازی لێکدژ واتە ڕیالیسم و ئایدیالیسم لەگەڵ مژارێکی دێریندا دەستەویەخەن. مژارەکە ئەمەیە کە ئایا جیهانی فیزیایی بوونێکی سەربەخۆی لە ئەندێشە و تێگەیشتنی مرۆڤ هەیە یان نا. ڕیالیزم باوەڕی بە هەبوونی سەربەخۆی جیهانی فیزیاییە، لە حاڵێکدا ئایدیالیسم ئەمە پەسند ناکات، لە بەرامبەردا بانگەشەی ئەوە دەکات کە جیهانی فیزیایی بەشێوەیەک لە شێوەکان گرێدراوە بە وشیاریی مرۆڤ و چالاکییەکانی. واش دیارە لای زۆربەی مرۆڤەکان ڕیالیسم پەسەندکراوترە لە ئایدیالیزم. هۆکارەکەی ئەمەیە کە ڕیالیزم لە گەڵ تێگەیشتنی باوی مرۆڤەکان گونجاوترە. تێگەیشتنی باو بە ئێمە دەڵێت کە ڕاستییە گرێدراوەکان بە جیهانی دەرەوە، (جیهانی دەرەوەی زەینی ئێمە) هەن و ئیشی ئێمە ئەوەیە بیاندۆزینەوە. بەڵام ئایدیالیسم ئەم بڕیارە قبووڵ ناکات. لە ڕاستیدا کاتێک بۆ یەکەم جار مرۆڤ بەر ڕوانگەی ئایدیالیسم دەکەوێت ڕەنگە هەر بە تەواوەتی بە تێگەیشتنێکی گەمژانەی لە قەڵەم بدات. چونکە لای خۆی دەڵێت ئەگەر تەنانەت ڕەگەزی مرۆڤ لەناو بچێت ئەوا هەر دەبێت بەرد و دار و درەختەکان بمێننەوە. کەواتە بە چ مانایەکە هەبوونی ئەوانە گرێدراوەتەوە بە زەینی مرۆڤەوە؟ ڕاستییەکەی ئەمەیە کە بابەتەکە بەم ئاسانییانەش نییە. بەهەر حال ئاڵۆزییەکەی بەڕادەیەکە کە لە سەردەمی ئێمەشدا هێشتا فیلسووفەکانیش لەبارەیەوە باسوخواسیانە.
مژاری دێرینی لێکدژیی ڕیالیسم و ئایدیالیسم سەر بە باڵێک لە فەلسەفەیە کە پێی دەڵێن مێتافیزیک و بەڕاستیش شتێکی مایەداری واش لەم مژاردەدا نییە کە هەڵیپێکێت بە زانستەوە. بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجی ئێمەیە مژارێکی تازەترە کە بەتایبەتی پەیوەستە بە زانستەوە و لە هەندێک ڕووەوە هەمان مژای کۆنیشە. بە کورتی باسێکی تازە لە نێوان دوو ئۆردووگادا هاتووەتە ئاراوە کە یەکیان ناوی نراوە ڕیالیسمی زانستی و ئەوەی دیکەشیان دژەڕیالیسم یان ((ئامێرخوازە)) کە دژی یەکەمیانە. هەر بۆیە لێرەدا وشەکانی ڕیالیسم و ڕیالیست بە ڕیز بەواتای ڕیالیسمی زانستی و ڕیالیستی زانستی بەکار دەهێنین.
“ڕیالیسمی زانستی و دژەڕیالیسم”
ڕیالیسمی زانستی، وەکوو زۆربەی ڕێبازە فەلسەفییەکان، شێوە و گێڕانەوەی جۆراوجۆری هەیە. هەر بۆیە ناکرێت بە هەموو وردبینییەکەوە پێناسە بکرێت. بەڵام ناواخنی ئەم ئەندێشەیە ڕوون و ڕاشکاوە. ڕیالیستەکان باوەڕیان وایە کە ئامانجی زانست خستنەڕووی ڕوونکردنەوەیەکی دروست و وردەکارانەیە لەبارەی جیهان. ئەمە بەڕواڵەت بیردۆزەیەکی بێ زەرەرە. چونکە بەدڵنیاییەوە کەسێک شک نابەین کە ئامانجی زانست بە خستنەڕووی ڕوونکردنەوەیەکی نادروست لەبارەی جیهان بزانێت. بەڵام ڕای دژەڕیالیستەکان شتێکی جیاوازە لەمە. بەپێچەوانەی ڕیالیستەکان ئەوان باوەڕیان وایە کە ئامانجی زانست خستنەڕووی ڕوونکردنەوەیەکی دروست لەبارەی بەشێکی تایبەت لە جیهان واتە بەشی “دیتەنی-بینراو”یەتی، بەڕای دژە ڕیالیستەکان لەو حاڵەتانەی کە بانگەشە زانستییەکان پەیوەندیدار دەبن بە نادیتەنی یان نەبینراوەکانی جیهانەوە ئەوا ئیدی ڕاست و ناڕاستبوونیان هیچ بایەخێکی نابێت.
بەڵام کاتێک دژەڕیالیستەکان دەڵێن بەشی دیتەنیی جیهان، بەوردی مەبەستیان لەم دەربڕینە چییە؟ مەبەستیان هەر ئەم جیهانە ئاساییەی ژیانی ڕۆژانەیە کە تێیدا مێز و کورسی هەیە. درەخت و سەگ و پشیلە هەیە، لۆری تاقیگە و چرای بانسێن و تۆفان و هەورەتریشقە و بەفربارین و زۆر شتی دیکەش هەیە. ئەم شتانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بێ نێونجی لە لایەن مرۆڤەوە فام دەکرێت و هەر بەم هۆیەوە پێیان دەڵێن دیتەنی(observable). هەندێک لە باڵە زانستییەکان تەنها لەگەڵ شتومەک و بوونە دیتەنییەکاندا سەروکاریان هەیە. نموونەیەک لەم زانستانە کەونینەناسی (Archaeology) یە کە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەبارەی بەبەردبووەکان، بەبەردبووەکان بە ئاسانی دەبینرێن. هەر کەسێک هێزی بینینی ئاسایی هەبێت دەتوانێت لە ڕێگەی چاوەوە بەبەردبوو(فسیل)ەکان ببینێت. بەڵام هەندێک زانستی دیکە هەن لەبارەی بەشی نادیتەنی و نەبینراوەکانی واقیع ڕا دەردەبڕن. نموونەی دیاری ئەم جۆرە زانستانە زانستی فیزیایە. فیزیازانەکان لەبارەی ئەتۆم، ئەلەکترۆن، کوارک، لێپتۆن و وردیلە نەناسراوەکانی دیکە بیردۆز دەخەنە ڕوو، لە حاڵێکدا هیچ کام لەم وردیلانە بە مانای باوی وشە نابینرێن/ نەدیتەنین. بەڵێ، مرۆڤ توانای دیتنی ئەم شتانەی نییە.
ڕیالیستەکان و دژە ڕیالیستەکان لەسەر هەندێک زانستی وەکوو کەونینەناسی ناکۆکییان لە بیروڕادا نییە. لەبارەی بەبەردبووەکان کە دیتەنین ڕای ڕیالیستی لەگەڵ ڕای دژە ڕیالیستی بە تەواوەتی گونجاوە، چونکە بە گوێرەی ریالیسم ئامانجی زانست خستنەڕووی ڕوونکردنەوەیەکی دروست و وردەکارانەیە لەبارەی جیهان و بەهۆی ئەوەی کە دژە ڕیالیسمیش ئامانجی زانست بە خستنەڕووی ڕوونکردنەوەیەکی دروست و وردەکارانە لە بەشی دیتەنیی جیهان دەزانێت تا ئێرە و لە بابەتی تێگەیشتن و توێژینەوە لەسەر بەبەردبووەکان هیچ ناکۆکییەکیان لەنێواندا نیە. بەڵام کاتێک نۆرە دەگاتە زانستگەلێکی وەکوو فیزیا ناکۆکی لە بیروڕاشدا دەست پێ دەکات. ڕیالیستەکان باوەڕیان وایە کە فیزیازانەکان لە کاتی بیردۆزداڕێژیدا لەبارەی ئەلەکترۆن و کوارک مەبەستیانە ڕوونکردنەوەیەکی دروست و وردەکارانە لە جیهانی ژێرەئەتۆمی بخەنە ڕوو، ڕێک وەکوو کەونینەناسەکان کە مەبەستیانە ڕوونکردنەوەیەکی دروست و وردەکارانە لە جیهانی بەبەردبووەکان بخەنە ڕوو. بەڵام دژە ڕیالیستەکان لەگەڵ ئەم ڕایەدا دژن و باوەڕیان وایە کە لە نێوان بیردۆزەکانی پەیوەست بە فیزیای ژێرئەتۆمی و بیردۆزەکانی کەونینەناسی جیاوازییەکی بنەمایی هەیە.
هەر بۆیە لە ڕوانگەی کەسێکی دژەڕیالیستەوە، کاتێک فیزیازانێک لەبارەی شتە نەدیتەنییەکان بیروڕا دەردەبڕێت پرسیارە کە ڕێک خەریکە لەبارەی چ شتانێک بیروڕا دەردەبڕێت؟ بە گشتی دژە ڕیالیستەکان باوەڕیان وایە کە شتە نادیتەنییەکان تەنها ئەفسانەی بەسوودن، ئەو ئەفسانانەی کە بە یارمەتییان دەکرێت لەبارەی دیاردە دیتەنییەکان پێشبینی بکەین. بۆ ڕوونتربوونەوەی بابەتەکە، بیردۆزی جمشتی گازەکان بهێننە پێش چاوی خۆتان. بەپێی ئەم بیردۆزە لە هەر بارستاییەک لە گازدا کۆمەڵێک وردیلۆکە لە جموجوڵ و جمشت دان. ئەم وردیلۆکانە کە ناویان گەردیلەیە نادیتەنین. لە بیردۆز جمشتدا دەکرێت بگەین بە کۆمەڵێک ئەنجامی جۆراوجۆر لەبارەی جووڵەی دیتەنیی گازەکان، وەکوو ئەمەی کە تیندانی نموونەیەکی گاز لە گوشارێکی جێگیردا دەبێتە هۆی بڵاڤبوونەوەی، تاقیکردنەوەکانیش ئەم ئەنجامگیرییە پشتڕاست دەکەنەوە. بەڕای دژە ڕیالیستەکان؛ ئێمە بابەتە نادیتەنییەکان لە بیردۆز جمشتیدا تەنها بەم هۆیە بە گریمانە دەگرین کە لە ڕێگەیانەوە بگەین بە کۆمەڵێک ئەنجامگیریی لەم شێوەیە. و گرنگیش نییە کە ئایا گازەکان بەڕاستی هەڵگری گەردیلەن یان نا. گرنگیی بیردۆز جمشتی لەمەدا نییە کە ئەم بیردۆزەیە ڕاستییە نادیارەکان بە شێوەیەکی دروست و وردەکارانە باس دەکات، بەڵکوو گرنگیی لەوە دایە کە پێشبینیی دیتەنییەکان بۆ ئێمە ئاسان دەکاتەوە. ئێستاکە دەردەکەوێت کە بۆچی دژەڕیالیسم هەندێ جار بە “ئامێرخواز” ناو دەبەن، چونکە لەم تێگەیشتنەدا، بیردۆزە زانستییەکان ئەو ئامراز و ئامێرانەن کە یارمەتی ئێمە دەدەن لە پێشبینیکردنی بابەتە دیتەنییەکاندا، نەک ئەوەی کە ڕاستییە بنەماییەکانی جیهان بۆ ئێمە ئاشکرا و کەشف کەن.
بەهۆی ئەوەی کە باسی ڕیالیسم و دژەڕیالیسم پەیوەندیدارە لەگەڵ ئامانجی زانست، ڕەنگە ئەم وێنایە بێتە ئاراوە کە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕای زانستمەندان. چ کێشەیەک هەیە کە لە خودی زانستمەندان لەبارەی ئامانجەکانی چالاکییەکانیان ڕاپرسییەک بکەین؟ لە وەڵامدا دەبێت بگوترێت کەسێک کە بۆ چارەسەریی کێشەیەکی ئاوەها پێشنیارێک دەخاتە ڕوو، دیارە درکی بە کاکڵی بابەتەکە نەکردووە-واتە ئەو کەسە دەربڕینی “ئامانجی زانست”ی بە مانا ڕاستەقینەکەی وەرگرتووە. کاتێک ئێمە لەبارەی ئامانجی زانست پرسیار دەکەین، مەبەستمان ئامانجی دانە بە دانە و تاک بە تاکی زانستمەندەکان نییە. بەڵکوو پرسیارەکەمان ئەمەیە کە باشترین دەربڕین لە قسە و کردەی زانستمەندەکاندا کامەیە و چالاکیی زانستیی دەبێت چۆن ڕاڤە بکرێت. وەڵامی ڕیالیستەکان بەم پرسیارە ئەمەیە کە بیردۆزە زانستییەکان کۆمەڵێک هەوڵن بە ئاراستەی باسکردنی واقیعدا. لە حاڵێکدا بە ڕای دژەڕیالیستەکان ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ ئەو بیردۆزانەی کە مژارەکانیان شتەکان و پرۆسێسە نادیتەنییەکانن، ناگونجێن. بەدڵنیاییەوە ئەمە بابەتێکی سەرنجڕاکێشە کە ڕای زانستمەندەکانیش لەبارەی ڕیالیسم و دژەڕیالیسم بزانین. بەڵام نابێت ئەمەش لە بیر بکەین کە دواجار ئەم باسە باسێکی فەلسەفییە.
دژە ڕیالیسم زیاتر بەم هۆیەوە سەرنجڕاکێشە کە هەندێک کەس باوەڕیان وایە ئێمە ناتوانین لەبارەی بەشی نادیتەنیی جیهان دەستمان بگات بە زانستێکی ڕاستەقینە، چونکە ئەم بەشە لە جیهان لە دەرەوەی سنوورەکانی تێگەیشتنی ئێمەدایە. بەگوێرەی ئەم ڕایە، مەعریفە و ناسینی زانستیی ئێمە لە لایەن توانایی دیتەنیی ئێمەوە دیاری دەکرێت. هەر بۆیە ئێمە لە ڕێگەی زانستەوە، لەبارەی بەبەردبووەکان، درەختەکان دەتوانین بگەین بە مەعریفە و ناسین، بەڵام لەبارەی ئەتۆمەکان، ئەلەکترۆنەکان، و کوارکەکان ناتوانین، چونکە ئەمانەی دوایی دیتەنیی نین. ئەم ڕایەش زۆر دوور نییە لە ڕاستییەوە، چونکە هیچ کەس لەبارەی بوونی بەبەردبووەکان و درەختەکان گومانی ڕاستەقینە ناکات، بەڵام لەبارەی بوونی ئەتۆم و ئەلەکترۆن دەکرێت گومان بکەین. لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ زۆرێک لە زانستمەندە ناسراوەکان لەبارەی بوونی ئەتۆم گومانیان کرد. هەڵبەت هۆگرانی ئاوەها بیردۆزێک دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە ئەگەر ناسینی زانستی لە بازنەی بابەتە دیتەنییەکاندایە، کەواتە بۆچی زانستمەندەکان لەبارەی بابەتە نادیتەنییەکانیش بیردۆز دەخەنە ڕوو. دژەڕیالیستەکان وەڵام دەدەنەوە کە بیردۆزە پەیوەندیدارەکان بە بابەتە نادیتەنییەکان، ئەفسانەگەلی بەسوودن، و ئێمە دروستیان دەکەین تاکوو بە یارمەتییان بتوانین جۆری جووڵەی ئەو شتانەی کە لە بازنەی بەشی دیتەنیی جیهان دان، پێشبینیی بکەین.
ڕیالیستەکان ئەم بۆچوونە قبووڵ ناکەن کە ناسینی زانستیی ئێمە لە بازنەی توانایی دیتەنیی ئێمەدا بەرتەسک دەبێتەوە. بەپێچەوانەوە، ئەوان باوەڕیان وایە کە ئێمە ئێستاکەش لەبارەی ڕاستییە نادیتەنییەکان بەڕاستی مەعریفەمان هەیە. چونکە دنیایەک هۆکار هەیە کە ئێمە باوەڕ بکەین باڵاترین بیردۆزە زانستییەکانمان ڕاستن و باڵاترین بیردۆزە زانستییەکانی ئێمە ئەوانەن کە لەبارەی شتە نادیتەنییەکانەوە قسە دەکەن. بۆ نموونە، بەپێی بیردۆزی ئەتۆمیی مادە، مادە تەنها و تەنها لە ئەتۆم پێک هاتووە. لە ڕێگەی ئەم بیردۆزەوە دەکرێت کۆمەڵێک لە ڕاستییەکانی جیهان ڕوون بکرێنەوە. بە ڕای ڕیالیستەکان ئەمە خۆی هۆکارێکی پتەوە کە نیشان دەدات بیردۆزی ئەتۆمیی ڕاستە، واتە مادە بەڕاستی لە ئەتۆم پێک هاتووە و جۆری جووڵە و کردەی ئەتۆمیش لەگەڵ ئەو شتەی کە لە بیردۆزی ئەتۆمیدا باس دەکرێت، گونجاو و کۆکە. هەڵبەت گومانێک نییە کە بیردۆزی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک بەڵگەی پشتڕاستکەرەوەی هەیە، ڕەنگە نادروستیش بێت، بەڵام هەموو بیردۆزەکانی دیکەش هەر وان. پێویست ناکات تەنها بەهۆی نادیتەنیبوونی ئەتۆمەکان، بیردۆزی ئەتۆمیی بە هەوڵێک بە ئاراستەی باسکردنی واقیع نەزانین- هەوڵێک کە بە ئەگەری زۆریشەوە نزیکە لە ڕاستی و دروستی.
بەڕاستی دەبێت لێرەدا لە نێوان دوو جۆرە دژە ڕیالیسم جیاوازیی دابنرێت. لە جۆری یەکەمیاندا، دەربڕین و وتەکان لەبارەی شتە نادیتەنییەکان نابێت بە هیچ شێوەیەک بە مانای ڕاستەقینە و وشە بە وشەیان وەربگیرێن. هەر بۆیە کاتێک زانستمەندێک بیردۆزێک لەبارەی ئەلەکترۆن دەخاتە ڕوو نابێت وای وێنا بکەین کە ڕای ڕاستەقینەی ئەو ئەمەیە کە ئەلەکترۆن بوونێکی ڕاستەقینەی هەیە، بەڵکوو شێوەی دەربڕینی ئەو لە بارەی ئەلەکترۆن دەبێت بە دەربڕینێکی خوازەیی و میتافۆڕیک بزانین. ئەم جۆرە لە دژەڕیالیسم لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم باو بوو، بەڵام هەنووکە کەمتر کەسێک پەیدا دەبێت باوەڕی پێی هەبێت. ئەم ڕایە لە بیردۆزێک لە فەلسەفەی زمانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەپێی ئەم بیردۆزە لەبارەی ئەو بابەتانەی کە لە بنەمادا نادیتەنین بە هیچ شێوەیەک ناکرێت قسەیەکی مانادار بکرێت. هەنووکە کەمتر فەیلەسووفێک دەبینینەوە کە ئەم بیردۆزەی قبووڵ بێت. لە بەرامبەردا، باوەڕمەندان بە دژەڕیالیسمی جۆری دووهەم ئەمە قبووڵ دەکەن کە قسە و وتەکان لەبارەی شتە نادیتەنییەکان دەبێت بە ڕواڵەتی و ڕووکەشیانە بخوێنرێنەوە. بەم پێیە ئەگەر ئەنجامگیرییەکانی بیردۆزێک بە گریمانە ئەمە بێت کە ئەلەکترۆن باری نەرێنیی هەیە، ئەوکات ئەم بیردۆزە بە مەرجێک ڕاست دەبێت کە یەکەم: ئەلەکترۆن بەڕاستیی هەبێت و دووهەمیش: دەبێت بارەکەی نەرێنی بێت. بە پێچەوانەی ئەمەشەوە بیردۆزی ناوبراو درۆزنانەیە. هەر بۆیە، کاکڵی هەڵوێستی دروست لە بەرامبەر ئەوەی زانستمەندەکان سەبارەت بە بابەتە نادیتەنییەکان دەیڵێن ئاگنۆستیک بوونێکی تەواوە. وتەکانی زانستمەندەکان لەم بارەیەوە یان ڕاستن یان درۆن، بەڵام ئێمە ناتوانین تێبگەین کامیان ڕاستە و کامیان درۆیە. دژەڕیالیسمی نوێ زیاتر لەم جۆرەیانە.
سەرچاوە: فلسفەی علم. سمیر اکاشا. ترجمە هومن پناهندە. فرهنگ معاصر. تهران ١٣٨٧
نووسین: سەمیر عوکاشە
وەرگێڕان: عادڵ قادری