بۆدلێر: “بڕۆ لەشوێنێکی تر بەدوای بەهەشتی خۆتدا بگەڕێ، لە ڕۆحێکی ئاهـ و ناڵەدا دەژیم و لاپرەسەنم. بەزەییت پێمدا بێـتەوە، ئەگینا بەر نەفرەتت دەدەم!”
ئەمە بەشێکە لە نامەی بۆدلێر بۆ خوێنەرانی دیوانەکەی بەناوی “گوڵەکانی خراپە.” بەمشێوەیە پەسنی خۆی دەکات و دەپاڕێتەوە بەزەییان پێدا بێتەوە. گەر ئێمە درشتتر لە ژیانی بڕوانین، فرمێسک و ئازار و پاڕانەوە و تەوەزی و پیرۆزی نەمری دەبینینەوە، ئیتر چۆن بتوانین بەبەزەییەوە سەیری نەکەین. بۆدلێری بلیمەت و سەرلێشێواو و هەڵگەڕاوە و خودان خەسڵەتی تایبەت و ئەمەکداری، هەرشتێکی لە ژیانیدا بینیبێت، لە “گوڵەکانی خراپە” هێناویەتیە بەرباس. بۆدلێر لە ژیانیدا بە ناسەقامگیری ژیا و دوو جار تاڵی هەتیوی چەشت، جارێک کە تەمەنی شەش ساڵان بوو و باوکی کۆچی دوایی کرد، جارێکیش زەماوەندی دایکی لەگەڵ ژەنڕال ئۆپیکی فەڕەنسـی بوو کە بەشداربوو لە داگیرکردنی جەزائیر. بۆدلێر دایکی خۆشدەویست و دەیویست تەنیا بۆ ئەو هەبێت نهك کەسی تر، بەڵام دایکی لەم ویستەی تێنەگەشت هەر بۆیە تووشی شۆكێكی تووند بوو. بەهۆی هاوسەرگیری دایکییەوە لە شوێنێک نەدەگیرسایەوە و لەنێوان شارەکاندا گەشتی دەکرد. کاتێک ڕۆشتن بۆ پاریس، بەهۆی ئەوەی خوێندن لە پاریس خێراتر بوو، ساڵێک خوێندنی لە کیس چوو. ویستی تۆڵەکردنەوەی بەرانبەر مێردی دایکی لە ناخ هەڵگیرسا.
گەنجێتی بە هەژاری و لەزەت و شەراب و کێشانی حەشیش و تۆڵازی بەسەربرد، هەر ئەمانەش لە هونەر و داهێنان و فەلسەفەکەیدا ڕەنگی دابۆوە. زۆر ناچمە نێو سەرگوزشتەی بۆدلێر و هەرکەس بیەوێت دەتوانێت دەستی بکەوێـت. بەڵام گفتوگۆکردن دەربارەی کار و فەلەسەفەکەی بەلای منەوە گرنگە.
“خۆشەویستی لای بۆدلێر؟”
بۆدلێر لە یاداشتەکانیدا پرسیارێک دەوروژێنێت، دەڵێت: “خۆشەویستی چییە؟” خوودی خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: “ویستی جێهێشتنی خوودە” بۆدلێر بەمشێوە سۆفیگەرانە خۆشەویستی دەبینێـت. بە ڕوانگەی من ناکۆکییەکە تایبەتە بەو ساتەی ئەو دێڕانەی تیا نووسیوە، دەیویست لە ژنێکدا کە ئاشقیەتی و ئەویش بۆدلێری خۆشدەوێت فەننا ببێت. بەدوای ئەوەوە بوو لەسەر سنگی ژنێک کۆتایی بە هەموو ئازارەکانی بهێنێت، کە لە ڕۆحە ون و وێڵەکەی ئازادی بکات. هەربۆیە لێرەدا خۆشەویستی بەمجۆرە دەبینین کە نزیکە لە فەننا بوونی ڕۆح لە مەعشوقەکەیدا، لەوانەشە ڕاکردن بێت لە خوود کە زۆرجار ڕووبەڕووی دەبێتەوە و لە کۆتایدا لە ئەدەب و شیعر و نووسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
گەر لە دەروونی بۆدلێر مووقڵێش ببینەوە، ویستی لەناوبردنی خوودی بە شەراب و تلیاک و خەرجکردنی سامانەکەی لە هەموو ئەو لەزەتانەی کە تەنیا تیاچوونی بۆ دەهێنن و هیچی تر دەبینین. گەر ئەمەش ببەستینەوە بە منداڵی و برسی سۆز و بێبەشبوونی خۆشەویستی و زۆری پەیوەندییەکانی، مەیلێکی مازۆخی لەلای بۆدلێر دەبینین. ئەم شتەش لە قەسیدەکانی و بەتایبەت نامەکەیدا دیار بوو، قەسیدەیەکی نووسیبوو بۆ خاتوو ساباتییی و ناردبووی بۆ ڕۆژنامەی ڵۆمۆند بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناوی “بۆدلێر” بکات. کاتێک خاتوو ساباتیی زانی نووسەرەکەی شارڵ بۆدلێرە، خۆی خستە بەردەمی و تەنیا شەوێکی لەگەڵ بەسەر برد. دواتر نووسیبووی:- “پێش چەند ڕۆژێک بەلامەوە خودایەکی جوان بووی، ئەمما ئێستا تەنیا ئافرەتێکی و بەس.”
مەیلە شێواو و ناڕوون و ناجێگیرەکەشی لەگەڵ ژان دۆفێڵ بوەستێ کە باسێکی ترە. لە یاداشتەکانی بۆدلێردا شتێک دەخوێنینەوە:- “خۆشەویستی مەیلێکی سۆزانییە. هەرچەندە ژەهراوی بێت، چێژی نییە و ناتوانرێـت بگەڕێندرێـەوە بۆ سۆزانی.” جارێکی تر بۆدلێر دەربارەی خۆشەویستی دەنگ هەڵدێنێت و دەنووسێت:- “تەنانەت گەر دوو ئەویندار بۆیەک سووتابن و پڕ لە ویست ئاڵوگۆڕ بن، هەمیشە یەکێکیان لەسەرخۆیە لە ئەویتر و یەکێکیشیان دەبێتە میرغەزەب (جەلاد) یان دەبێتە دکتۆر. ئەمما ئەویتر دەبێتە بابەت یان قوربانی”. هەندێکجاریش سادیزمانە دەردەکەوێت و ئەمەش لە قەسیدەی “ماسۆشی” دیوانی ” گوڵەکانی خراپە” دیارە. پێویستییە گەورەکەی بە فەننا بوون، ڕێکخستنی دەروونە ئاڵۆزەکەی و هاوسۆزبوونی ژنان لەگەڵیدا ئیتر ژنێکی پیر یان ژنێکی ڕەنگ بزڕکاو بێت، هەموو ئەمانە بۆدلێریان کردبووە یەکێک لە شاعیرە دیار و هەڵگەڕاوەکانی فەڕەنسا ئیتر چ لە ئاستی ژیانی تایبەتی یان ئەدەبیدا بووبێت. پاش ماوەیەکی کەم کە دونیای جێهیشت و خەڵکی لە کتێب و بەرهەکانی تێگەشتن، بۆدلێر بوو بە هێمایەکی نوێگەری.
سەیریش نییە بڵێن لە گەڕانی بەردەوامی بەدوای خۆشەویستی و ئەنجامدانی سێکس، بۆ ساتێک هەستی سەقامگیری پێ بەخشیووە و ئیلهامی شیعر و داهێنانی پێ بەخشیووە تا ئەوەی دووبارە گەڕاوەتەوە سەر خاڵی شێواوییی، کە ئەم خاڵەش بۆ بۆدلێر پێویست بووە. دەبینین بۆدلێر ئەسیری ئارەزووەکانییەتی، چونکە لە ناخدا ناتوانێت لەبارەیانەوە بێدەنگ بێـت.
“جوانی لای بۆدلێر”
سەرەتا وەکوو چۆن ناتوانین خۆشەویستی و سێکس لای بۆدلێر جیا بکەینەوە، بەمشێوەیەش ناتوانین جوانی و خۆشەویستییەکەشی لا جیا بکەینەوە، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی تریشەوە ناتوانین جوانی لە ناشرینی و شەیتانیش جیا بکەینەوە. تاکە ئافرەت کە بەڕاستی خۆشیدەویست و تەنانەت دوای پەیوەندییە سێکسییەکانیشـی دەگەڕایەوە لای، “ژان دۆڤاڵ” بوو، کە ئاسوودەی دەکرد لەو نیگەرانییانەی لێی نەدەبوونەوە. لە دیوانی “گوڵەکانی خراپە.” زۆر بە وردی و چڕی پەسنی دەکات و دەڵێت: “برینەکانی ئەقڵم تیمار دەکات.” کاتێک ئاشنای “ژان دۆڤاڵ” بوو، کە لەسەر تەختەی شانۆ ڕۆڵی دەگێڕا. هەر لەیەکەم ساتەوە کە بینی، دڵی داخورپا. خانوویەکی بۆ بەکرێ گرت و بۆ ماوەیەکی درێژ پەیوەندییەکەیان بەردەوامبوو. بەڵام ناپاکییەکانی دۆڤاڵ بەردەوامبوو بەتایبەت دوای ئەوەی کە بۆدلێر وەکوو پێشووتر پێداویستییە ماددییەکانی بۆ دابین نەدەکرد. بەڵام نەیدەتوانی دەستبەرداری ببێت و ئازار لەسەر ئازار لەسەر خۆی کەڵەکەی دەکرد. دۆڤاڵ لەگەڵ پێوەرەکانی جوانی ئەو سەردەمە نەبوو، کچێکی ئەسمەر بوو کە ئەمەش هەمووان دەزانن جێگەی گاڵتەپێکردنە، بەڵام وەکوو ئەوەی پێشتر وتمان لەبەرئەوەی بۆدلێر ڕۆحێکی هەڵگەڕاوەی هەیە، گوێی نەدا بەم شتانە و بەردەوامبوو لە خۆشویستنی ژان دۆڤاڵ.
“پێناسەیەکی جوانی (جوانی)م دۆزیوەتەوە؛ خەم و سووتانە”
ئەم بیرۆکەی لەسەر ڕووخساری ژنان جێبەجێ دەبێت و دەڵێت: “وامان لێدەکات هەم هەست بە شەهوەت بکەین، هەم خەم. لە هەمان کاتدا هەم فیکری سۆز و تیاچوون و تەنانەت بەس بوونیشـی لە خۆ گرتووە، هەم فیکری دژیش، مەبەستم ویستی ژیان و سووتانە، لەگەل تاڵی حەسرەت وەکوو ئەوەی لە بێبەشبوون و خەمەوە هاتبێت. تەمومژاویی و پەشیمانیش لە خەسڵەتەکانی جوانین.” لەوەیە هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش بێت کە بۆدلێر ژان دۆڤاڵی بەو ڕادەیە خۆشویستووە و جوانی پێویست نەبووە تا هەست بە ئاسوودەیی و بەختەوەری بکات، لەوەیە جوانی تەنیا بۆ خوودی جوانی بێت. لە یاداشتەکانیدا دەڵێت:- “پێموابێـت بەختەوەری جوانییەکی بازاڕییە، لەکاتێکدا خەم جوانی ڕەهایە”
“نامەیەک بۆدایکی”
٦ی مەی١٨٦١؛ دایەی ئەزیزم گەر بەڕاستی هەستی دایکایەتیت تێدایە و ماندوو نەبوویت، تکایە بۆ بینینم وەرە بۆ پاریس و بەدوامدا بگەڕێ. لەبەر هەزار هۆکاری قۆڕ ناتوانم بڕۆم بۆ ئۆنفلۆر. کاتێک لە کۆتایی مارسدا بۆم نووسیبوویت: “جارێکی تر یەکتری نابینینەوە.” لە زەبرێکی وەها خراپدا بووم کە لە واقیعی ئێستاماندا تیایدا دەژین. بەڵام ئێستا، تەواوی کێشکی خۆم دەدەم تا چەند ڕۆژێک هەشت ڕۆژ، یان سێ ڕۆژ یان تەنانەت چەند کاتژمێرێک لەگەڵتدا بەسەر بەرم، چونکە تاکە کەس مابێـتەوە و ژیانم پێیەوە موتوربە بێـت؛ تۆیت.
هەر جارێک پەڕەکەم[1] دەگرم بەدەستەوە تا لەبارەی خۆمەوە نامەت بۆ بنووسم، دەترسم! دەترسم بتکوژم، دەترسم جەستەت لەناو ببەم. ئەی من! من! خۆت باش دەزانی هەمیشە لە لێواری خۆکوشتندام. کەسایەتییەکەی بەهێزت هەیە، واشی بۆ دەچم بە تین و ڕۆحێکی کوێرانەوە منت خۆشدەوێت. وە من، منیش بە منداڵی هەر بەم چەشنە تینە خۆشمویستی. بەڵام دواتر، بەهۆی ستەمەکانی تۆوە ڕێزم بۆت نەما، بەڵام زۆرجاریش کشاومەتەوە لەو هەستەم. چیتر ئەو منداڵە تووند و تیژە نەماوم. کەسایەتی تۆ و ئومێدی درێژم بە چارەنووسم، وایلێکردم لە بەخشندەیی تۆ و هەڵەکانی خۆم تێبگەم. بەهۆی خەمساردییەکانی تۆ و هەڵەکانی خۆمەوە، ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا.
لە چارەنووسماندا نووسراوە یەکتریمان خۆشبوێـت و بۆ یەکتری بژین. هەتا بتوانین بە ڕاستگۆیی و نەرمونیانییەوە بژین. لەم دۆخە سامناکەدا، گەشتووم بەو دەرەنجامەی یەکێکمان ئەویتر دەکوژێت و لە کۆتایدا یەکتری دەکوژین. تۆش دوای مردنی من ناتوانی بژیت، من خاترجەمم لەمە. تاکە شتم تۆی بە زیندووێتی هێشتووەتەوە. ئەو مەرگەی خۆت کە هەمیشە باسی لێوە دەکەیت، هیچ لە دۆخی من باشتر ناکات، دوای مردنی تۆ بێشک منیش خۆم دەکوژم. ئەنجوومەنی دادوەری کۆدەبنەوە و هیچ شتێکم پێ نادەن (میراتی) دەرئەنجام منیش لەگەڵ ئازار و تەنیاییە ڕەهاکەمدا دەمێنمەوە.
ماندووم و ماڵئاوا. سەبارەت بە تەندروستیشم سێ ڕۆژە نە نانم خواردووە نەخەویشم لێکەوتووە، دەشبێـت کار بکەم. هەست بە تووندی سنگم دەکەم!
نا، نا، دەمەوێـت بتبینم، بۆیە ناڵێم ماڵئاوا.
لە دڵەوە بمخوێنەوە و هەوڵبدە لێم تێبگەی!
دەزانم کەوا ئەم نامەیە ئازارت پێ دەگەیەنێت، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە گوێت لە: میهری، سۆز و تەنانەت ئومێدیش دەبێت، گوێت لە شتانێک دەبێـت کە بە دەگمەن بەرگوێت کەوتوون!
خۆشمدەوێیت
ش. ب
سهرچاوه؛
[1] مەبەستی ئەو پەڕەیە کە کۆن وەکوو پێنووس بەکاریان هێناوە بۆ نامە نووسین.
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد