“هیوگۆ”
جیاوازە لە هەر فیلمێکی دیکەی مارتن سکۆرسێزی کە تا ئێستا بەرهەمی هێنا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە خۆشەویسترین فیلم بێت لە دڵییدا؛ بودجەی گەورە و داستانێکی خێزانییە بە شێوەی سێ ڕەهەندیە و لە هەندێک ڕووەوە ڕەنگدانەوەیەکی ژیانی خۆیەتی. هەست دەکەین هونەرمەندێکی گەورە فەرمانی ئەو ئامڕاز و سەرچاوانەی پێدراوە کە پێویستیانە بۆ دروستکردنی فیلمێک دەربارەی — فیلمەکان. ئەوەی کە ئەویش دەیکاتە ئەفسانەیەک کە بۆ (هەندێک، نەک هەموو) منداڵان سەرنجڕاکێش دەبێت، هەروەها پێوەرێکیشە بۆ ئەو فیلمەی بە چ هەست و زۆزێکەوە بەرهەمی هێناوە. بە شێوەیەکی فراوان، چیرۆکی پاڵەوانەکەی، هیوگۆ کابرێت، چیرۆکی سکۆرسێزی خۆیەتی. سکۆرسێزی لە ساڵانی سییەکاندا لە پاریس، خۆی فێری میکانیزمەکانی هونەر دەکات، لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی هونەریدا پەروەردە بووە.
مامی “هیوگۆ” بەرپرسی کاتژمێرەکانە لە وێستگەیەکی گەورەی شەمەندەفەری پاریس. خەونی باوکی چاککردنەوەی ڕۆبۆتێکە کە لە مۆزەخانەدا دۆزیویەتیەوە، بەڵام پێش ئەوەی خەونەکەی بێتە دی دەمرێت. کوڕەکە لەبری ئەوەی وەک بێسەرپەرشتێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، خۆی لەناو پلیکانە پێچاو پێچەکان و تەنگەڕێڕە و ڕێڕەوەو ئامێری خودی کاتژمێرەکاندا دەشارێتەوە، بۆ ئەوەی کاتژمێرەکان بەردەوام کار بکات. ئەو بەو نان دەژی کە لە دوکانەکانی وێستگەکە دەیبات، بە دزییەوە دەچێتە هۆڵەکانی سینەماوە بۆ تەماشاکردنی فیلم. ژیانی لە وێستگەکەدا بەهۆی خاوەن فرۆشگایەک کە یاریی منداڵان دەرۆشێت بە ناوی جۆرج مێلیس ئاڵۆز دەبێت. بەڵێ، ئەم پیرە پیاوە مڕومۆچە کە بێن کینگسلی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، کەسێکی تر نییە جگە لە پێشەنگە نەمرەکەی فیلمی فەرەنسی، کە هەروەها داهێنەری ڕەسەنی ڕۆبۆتش بووە، هیوگۆ هیچ بیرۆکەیەکی لەم بارەیەوە نییە. مێلیسی ڕاستەقینە جادوگەرێک بوو کە یەکەم فیلمی خۆی بۆ فێڵکردن لە بینەرەکانی دروست کرد. جێی بهێڵە بۆ سکۆرسێزی کە یەکەم فیلمی سێ ڕەهەندی خۆی لەسەر ئەو پیاوە بەرهەم هێنا کە سپێسەڵ ئیفێکتی داهێناوە. لێکچوونێک لە نێوان ئەو و سکۆرسێزیدا هەیە کە تووشی تەنگەنەفەسی بووە و لە ئیتاڵیا بچووک دەژی بەڵام بە تەواوی سەر بەو ئیتاڵیا نییە، لە پەنجەرەی شوقەکەیەوە سەیری ژیان دەکات، لە تیڤی و شانۆ ناوخۆییەکانەوە فێری فیلمەکان دەبێت، وەک ڕێنیشاندەری خۆی سەیری دەرهێنەرە گەورەکان دەکات، یارمەتی زیندووکردنەوەی پیشەی دەرهێنەرانی وەک مایکل پاول دەدات دوای چەندین ساڵ لە پشتگوێخستن.
شێوازی مامەڵەکردنی فیلمی “هیوگۆ” لەگەڵ مێلیسدا سەرسوڕهێنەرە، بەڵام نیوەی یەکەمی فیلمەکە تەرخانکراوە بۆ هەڵهاتنەکانی پاڵەوانە گەنجەکەی. لە شێوازی بەکارهێنانی CGI و تەکنیکەکانی تری فیلمەکە بۆ دروستکردنی وێستگەی شەمەندەفەر و شارەکە، بە شێوەیەکی جیاواز فیلمەکە دڵڕفێنە. گرتەی دەسپێکی بەسەر دیمەنی شارە فراوانەکەی پاریسدا دەڕوات و بە کۆتایی هاتنی هیوگۆ (ئاسا باتەرفیڵد) لە کونێکی کاتژمێرەکەوە سەیری ناو وێستگەکە دەکات. ئێمە بەدوای سەرکێشیانەدا دەگەڕێین کە لە چیرۆکەکای چارلیز دیکنزدا هەن، کاتێک هیوگۆ هەمێشە هەنگاوێک لە پێش پشکنەری وێستگەی کۆلێری (ساشا بارۆن کۆهین) وەیە، لەکاتێکدا بەناو قەرەباڵغی گەشتیارەکاندا ڕادەکات. هیوگۆ هەمیشە دەتوانی هەڵبێت و بگەڕێتەوە بۆ پەناگەی خۆی لە پشت دیوارەکان و سەربانی وێستگەکە. باوکی “جود لۆ” کە لە فلاشباکەکاندا دەردەکەوێت، دەفتەرێکی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، لەنێویاندا پلانەکانی بۆ تەواوکردنی ڕۆبۆتەکە. “هیوگۆ” تا ڕادەیەک لێهاتوو دەردەکەوێت لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی وەکو برغو، ئیسپرینگ و نوێڵ، ڕۆبۆتەکە نمونەیەکی گەورەی هونەری ستێمپانکە* کە لە پۆڵا و مسی بریقەدار دروستکراوە. ڕۆژێک هیوگۆ نهێنی خۆی لەگەڵ کچێک بە ناوی ئیزابێل (کلۆی گرەیس مۆرێتز) باس بکات، کە ئەویش لە وێستگەکەدا دەژی، کە لەلایەن مێلیسی پیر و هاوسەرەکەیەوە پەروەردە کراوە. ئەو بە جیهانی نهێنی هیوگۆ ئاشنا دەبێت، ئەویش بە جیهانی ئیزابێل – ئەو کتێبانەی ناو کتێبخانەکە ئیزابێل سەردانیان دەکات. ئەم دوو مێرمنداڵە لێهاتووە زۆر دوورن لە ئەو کارەکتەرە گەمژە بچووکانەی کە لە زۆربەر فیلمە خێزانییەکاندا هەن. بۆ کەسێکی ئاشقی سینەما، باشترین دیمەنەکان لە بەشی دووەمی فیلمەکەدا دەردەکەوێن، چونکە فلاشباکەکان مێژوو و ژیانی پیشەیی جۆرج مێلیس لە خۆدەگرن. ڕەنگە بەناوبانگترین کورتە فیلمی “گەشتێک بۆ مانگ” (١٩٠٢)ت بینیبێت، کە تێیدا گەشتیارانی بۆشایی ئاسمان دەچنە ناو کەشتییەکەوە کە لە لولەی تۆپ هاوێژێکەوە بەرەو مانگ دەڕوات؛ موشەکەکە بەر چاوی مانگ دەکەوێت.
سکۆرسێزی فیلمی دیکۆمێنتاریی لەسەر فیلم و دەرهێنەری گەورە دروست کردووە، بەڵام لێرەدا ئەو لێهاتووییانەی چیرۆکگێڕانەوە بەکاردەهێنێتەوە. ئێمە دەبینین مێلیس (کە یەکەم ستۆدیۆی فیلمی دروستکرد) سێتی خەیاڵی، جلوبەرگی سەیر و سەمەرە بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی فیلم بە کاریگەری ئەفسوناوی – کە فرەیم بە فرەیمی بە دەست ڕەنگ کراون. لە کاتێکدا کە پڵۆتەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕووداوەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پیرەمێردەکە بۆی دەرکەوێت کە لەبیر نەکراوە، بەڵکو لە ڕاستیدا وەک کەسێکی ئەفسانە ڕێزی لێدەگیرێت. ماوەیەک لەمەو بەر، سەیری فیلمێکی سێ ڕەهەندی منداڵانم کرد دەربارەی پەنگوین(بەتریق). پێم وابوو بەکارهێنانێکی سادەی بۆ ئەو شێوازە. سکۆرسێزی لێرەدا سێ ڕەهەندی بەکاردەهێنێت وەک ئەوەی پێویستە بەکاربهێنرێت، نەک وەک فێڵێک بەڵکو بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەرییە گشتییەکە. بە تایبەتی سەرنج بدەنە دووبارە دروستکردنەوەی فیلمە بچووکە بەناوبانگەکەی “هاتنی شەمەندەفەرێک لە لا سیۆتا” (١٨٩٧)، لەلایەن برایانی لومێرەوە. ڕەنگە ئەو ئەفسانەیەت بیستبێت: کاتێک شەمەندەفەرێک بە خێرایی بەرەو کامێرا دەڕوات، بینەر تووشی شڵەژان دەبێت و دەیانەێت خۆیان لە بەردەم شەمەندەفەرەکە لا بدەن. ئەوە ئەو گرتەیەیە کە بەکارهێنانی دروستی سێ ڕەهەند نیشان دەدات، کە ڕەنگە برایانی لومێر بەکاری بهێنایە ئەگەر لەبەر دەستیاندا بووایە.
“هیوگۆ” ئاهەنگی لەدایک بوونی سینەما دەگێڕێت و بەدواداچوون بۆ دۆزی دڵخوازی خودی سکۆرسێزی دەکات، کە ئەوەش پاراستنی فیلمە کۆنەکان. لە یەکێک لە دیمەنە دڵتەزێنەکاندا، بۆمان دەردەکەوێت کە مێلیس باوەڕیی بەوە هێناوە کە سەردەمی خۆی تێپەڕیوە و کارەکانی لەبیرکراون، فیلمی بێشوماری تواندووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت سێلولۆیدەکەیان (ئەوماددەیە کە شریتی فیلم لێدرووستکراوە لە سەردەمی سەرەتای سینەما) بۆ دروستکردنی پاژنەی پێڵاوی ئافرەتان بەکاربهێنرێت. بەڵام هەموویان نەتوانەوە و لە کۆتایی فیلمی “هیوگۆ”دا دەبینین، کە بەهۆی ئەم کوڕەوە هەرگیز ناتوێنەوە. فیلمی “هیوگۆ” جگە لە گێڕانەوەی دەوڵەمەند و وێنە سەرسوڕهێنەرەکانی، وەک بیرهێنانەوەیەکی تاڵ لە گرنگی چیرۆکگێڕان لە پاراستنی مێژوو و کولتووردا کاردەکات. سکۆرسێزی بە لێزانی چیرۆکی هیوگۆ کابرێت لەگەڵ چیرۆکی جۆرج مێلیسدا دەبەستێتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن هەردوو کارەکتەرەکە بەهۆی ڕابردوو و ئاواتەکانیانەوە لە قاڵب دراون. گەڕانی فیلمەکە بۆ لەدەستدان و ڕزگاربوون بە قووڵی دەنگ دەداتەوە، بەتایبەتی کە گەشتەکەی مێلیس لە سینەماکارێکی بەناوبانگەوە بۆ هونەرمەندێکی لەبیرکراو پیشان دەدات، تەنها بۆ ئەوەی لە چاوی نەوەیەکی نوێدا دووبارە بدۆزرێتەوە.
نمایشەکان ناوازەن، ئاسا باتەرفیڵد هەستێکی سەرسوڕمان و ئیرادە دەهێنێتە ڕۆڵی هیوگۆ، لە کاتێکدا وێناکردنی مێلیس لەلایەن بن کینگسلیەوە ئاڵۆزی و لاوازی کارەکتەرەکە دەگرێتەوە. سینەماکاری گەشاوەی فیلمەکە و گرنگیدانی ورد بە وردەکارییەکان ئەزموونێکی نوقمکەر دروست دەکات کە بینەران دەگوازێتەوە بۆ سەردەمێکی ڕابردوو، وا دەکات جادووی سینەمای سەرەتایی هەست بە زیندوو و پەیوەندیدار بکات. لە کۆتاییدا هوگۆ تەنیا فیلمێکی منداڵان نییە؛ ڕێزلێنانێکی دڵسۆزانە بۆ خودی هونەری فیلمسازی. هانی بینەران دەدات کە قەدری ئەو چیرۆکانە بزانن کە ژیانمان لە قاڵب دەدەن و ئەوەمان بیردەخاتەوە کە تەنانەت لە کاتی نائومێدیشدا، هیوا و داهێنان دەتوانێت ببێتە هۆی دۆزینەوەی خولیا و خەونەکانمان. ئێستا کۆتایییەکی بە چێژ بۆ ئێوە.
ستێمپانک: ژانرێکی زانستی خەیاڵییە کە توخمە مێژووییەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیای تێکەڵ دەکات کە لە زانستی خەیاڵی وەرگیراوە.
سەرچاوە: https://www.rogerebert.com/reviews/hugo-2011
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا