تۆم ئەندرسۆن، لە وتارە گرنگەکەیدا سەبارەت بە کارەکانی چەپ لە هۆڵیوود دەپرسێت کە ئایا هیچ شتێکی سیاسی یان ئیستاتیکی تایبەت بە کاری سیناریستان و دەرهێنەرانی سەر بە حیزبی شیوعی لە سییەکان و چلەکاندا هەیە و، وەڵامی بەشێکی پرسیارەکە دەداتەوە بە پێشنیارکردنی بیرۆکەی فیلمی خۆڵەمێشی وەک فۆڕمێکی تێکەڵاوی – دوو توخم – فیلمی نوار و وەک داهێنانێکی جیاوازی فیلمسازانی چەپ لە ساڵانی (1947) تا (1951). کاریگەرییەکانی ڕاوەدوونانی دڕندانەیی شیوعییەکان – هەڵمەتی دژە کۆمۆنیست – لە کۆتایی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا زۆر گەورە بوون، چونکێ دەرهێنەر و سیناریست و ئەکتەرە ڕۆچوو و مژۆڵەکانی کایەی سیاسەت لەسەر تارمایی چەپی سیاسی بۆیان دەرکەوت کە “دەرفەتی چالاکی سیاسی لە سەردەمی نێودا بوونیان نەما نەما و کۆتایی پێهات”. ڕێکخراوە چەپگەرانی هۆڵیوود وەک کۆمیسۆنی سەربەخۆی هاوڵانیشتیمانیان بۆ هونەر و زانست و پیشە (Independent Citizens Committee of the Arts, Sciences, and Professions)، لقە ناوخۆییەکانی حیزبی شیوعی ئەمریکی هەڵوەشانەوە و زۆرێک لە چەپەکان زیندانی کران یان ناچار کران لە تاراوگەنشین بن یان لەژێر چاودێری وردی دەزگای (FBI) بێدەنگ و گوێلەمست بژین.
تەنها ژمارەیەکی کەم لە دە کەسەکە (جگە لە لیستەر کوڵ) بە ئاشکرا پابەندبوون بە کۆمۆنیزمەوە، لە کاتێکدا ئەو چەند کەسەی دیکە کە هەڵوێستی سیاسی ڕوون و ڕاشکاویان لەسەر هەر پرسێک هەبوو، تا ڕادەیەک بە نهێنی و دوور لە چاو ئەو کارەیان دەکرد-ئەو هەڵوێستەیان وەردەگرت-(بۆ نموونە ڕینگ لاردنەر جۆنیۆر و هێربەرت بیبەرمان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد بۆ پشگیریکردنی هەریەکە لە ژۆلیۆس و ئیتڵ ڕۆزنبێرگ، کە بە توانای سیخوڕی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا). ناوبەناو دەنگۆی ئەوە بڵاودەبووەوە کە حکومەتی ئەمریکا توانای هاندانی هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی شیوعییەکانی هەیە هاوشێوەی هەڵمەتی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ژاپۆنییە ئەمریکییەکان لە جەنگی دووەمی جیهانی، ئەم ئەتمۆسفیری ترسە ڕێگری لە زیندووکردنەوەی چالاکییە ڕێکخراوەییەکانی چەپگەراکانی هۆڵیوود کرد، ئەم کەشومودە پڕ لە ترسە تا ساڵی شەستەکان بەردەوام بوو، ئەمە سەرەڕای ئەو گرژی ئالۆزییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە گەورەیەی کە بەرۆکی هۆڵیوود و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرت بە گشتی. لە سەرەتای ئەو دەیەدا و لەگەڵ وردە وردە کاڵبوونەوەی هێڵە جیۆپۆلیتکییە سەختەکانی جەنگی سارد لە سەردەمی خرۆشۆڤ و جۆن کەنەدییدا، دەستێوەردانەکانی دەرهێنەرانی بوێرانی فیلم لەوانە ئۆتۆ پرێمینگەر (Otto Preminger) و نۆرمان جۆیسۆن (Morman Jewison) و کیرک دۆگلاس (Kirk Douglas) کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر کۆتاییهێنان بە لیستی ڕەش وەک ئامڕازێکی سەرکوتکردنی سیاسی، هەرچەندە تەنها (10%) ئەوانەی لە لیستی ڕەشدا بوون گەڕانەوە بۆ پیشەی فیلمسازی.
ڕێوشوێنی یاسایی بەرگریکارانی لیستی ڕەش تا ساڵی (1966) هێشتا لە دادگاکاندا شەڕیان دەکرد و لە کۆتاییدا لە ساڵی (1967) ” سوێندی دڵسۆزی و لایەنگری “بۆ سەندیکای ئەکتەرانی شاشەی دژە شیوعی ساڵی (1953) کرایە ئیختیاری – ئارەزوومەندانە – و لیژنەی چالاکییە نائەمریکییەکانی ئەنجومەنی نێوێنەران (UHAC) بە هۆی فشارە سیاسی پێشکەوتنخوازەکانەوە ناچار بە هەڵوەشاندنەوە کرا و ناوەکەی لە ساڵی (1969) گۆڕا بۆ لیژنەی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و دوای شەش ساڵ هەڵوەشایەوە. لە شەستەکاندا، ئەوەی پێی دەگوترێت چەپی نوێ وردە وردە لە ژینگەیەکی ئایدیۆلۆژی جیاوازدا دوای سەردەمی مەکارتی، دەستی بە دەرکەوتن کرد. چالاکییە ساسییە پێشکەوتنخوازەکان، لەلایەن بزوتنەوەکانی مافە مەدەنییەکان، بزوتنەوەکانی داوای ئاشتی و داماڵینی چەکی ئەتۆمی، یەکسانی ڕەگەزی و بزوتنەوەی خوێندکاران باڵادەست بوون و هەژموونێکی بەرچاویان هەبوو.
لە کۆتایی شەستەکاندا، جەنگی ڤێتنام بوو بە بزوێنەری سەرەکی چەپی نوێ و دژایەتی ڕاستەوخۆی بەو مانایە بوو کە پێگەی چەپی نوێ لە ژیانی سیاسی نەتەوەییدا تەواو جیاواز بوو لە پێگەی چەپی کۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا. بۆ چەپی نوێ جەنگی ڤێتنام بوو بە پرسێکی سەرەکی خێراکردنی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک ئەژێندای ڕادیکاڵی ئاڵۆز لەبارەی ڕەگەز، چین، جێندەر، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە چەپەکان، لە چالاکی ئەفریقییەکان لە (SNCC – کۆمیتەی هەماهەنگی ناتوندوتیژی خوێندکاران)، حیزبی پڵنگی ڕەش تا سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی حیزبی کرێکارانی پێشکەوتنخواز، بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ، ڕێکخراوی ویتەرمین Weathermen)، بەرەی ڕزگاریخوازی جیهانی سێیەم و سەرهەڵدانی فێمینیزمی ڕادیکاڵی گروپەکانی ڕێدستۆکینگز Redstockings دەرکەوتن. بە پێچەوانەوە زۆرێک لە ڕێکخراوە کۆمۆنیست و سۆسیالیستییەکانی سالانی سییەکان و چلەکان و گرووپەکانی چەپێ نوێ، ئەندامێکی کەمیان لە کۆمەڵگەی فیلمسازی هۆڵیووددا هەبوو، لە کاتێکدا نامۆبوون لە سیاسەت و کولتووری ئەمریکی بە بەهێزی لەلایەن فیلمسازانی نەوەی نوێوە گوزارشتی لێ کرا، لەوانە ئەکتەر و دەهێنەری ئەمریکی دێنیز هۆپەر (Dennis Hopper) لە فیلمی (Easy Rider) ساڵی (1969) و دەهێنەر و فۆتۆگرافەر و کۆمپۆزەری ئەمریکی گۆردن پارکس (Gordon Parks) لە فیلمی (Shaft) ساڵی (1971). فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە ئیلهامیان لە بەهرەکانی پێشووی لیستی ڕەش وەرگرتووە: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی لەمەڕ هەژاری لە شاری نیویۆڕک وەک فیلمی (Midnight Cowboy) ساڵی (1969) لە نووسینی هەریەکە لە واڵدۆ ساڵت و جەیمس لیۆ هێرلی و کۆمیدیای ڕەشی دژە جەنگ وەک فیلمی (M*A*S*H) ساڵی (1970) لە نووسینی ڕینگ لاردنەر جۆنیۆر، و ڕۆژئاوایی (وێسترن) وەک فیلمی (Tell Them Willie Boy Is Here) ساڵی (1969) لە نووسین و دەرهێنانی ئەبراهام پۆڵۆنسکی.
بۆچوونە ڕەخنەییەکان لەبارەی قوربانیانی -دە هۆڵیوودییەکە- هەڵمەتی دژە شیوعی بە هێزەوە سەریان هەڵدایەوە لە زەمەنێکدا کە دژایەتیکردنی سیاسەتی سەرلەنوێ دەرکەوتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە هەڵاوێردێکی کەم، بە گشتی نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی چەپی نوێ لە گۆڕەپانەکە دیار نەبوو و گومناو بوو، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەکانیان لە بۆکس ئۆفیسدا ئاستێکی خراپیان پێشکەش کرد لەوانە فیلمی (Zabriskie Point) ساڵی (1970) لە دەرهێنانی میکلانجیلۆ ئەنتۆنیۆنی و فیلمی (Getting Straight) ساڵی (1970) لە دەرهێنانی ڕێچارد ڕەش. بە سیاسیکردنی سینەمای هۆڵیوود کە ئەم فیلمانە نوێنەرایەتییان دەکرد، ڕەوتێکی کەمینە بەڵام بەرچاو بوو کە لەگەڵ گێژاوی کۆمەڵایەتی و سیاسی ساڵی (1968) سەریهەڵدا و دوای چوار ساڵ گەیشتە لوتکە کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە پێشکەوتنخوازەکانی هۆڵیوود کۆبوونەوە بۆ پشتیوانیکردنی جۆج مەکگۆڤەرن (George McGovern) کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی.
مەکگۆڤەرن بەرمەبنای چەند بەڵێنێک خۆی کاندید کرد کە ئامانج لێی ڕاستەوخۆ بانگەواز بوو بۆ توخمەکانی چەپی نوێ لەسەر حسابی بازنەکانی هەڵبژاردنی تەقلیدی وەک دیموکراتەکانی باشوور و سەندیکای کرێکاران و کرێکارانی یەخە شین، هەروەها نەیارێکی سەرسەختی جەنگی ڤێتنام و ڕەخنەگری حکومەتی باشووری ڤێتنام بوو، مەکگۆڤەرن بانگەوازی بۆ ئەم بابەتانەکرد: بڕینی تەواوی بودجەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لێبووردنی گشتی بۆ سەربازانی هەڵاتوو و خۆپیشاندرانی-گیراوان-دژە جەنگ، باخ خستەسەر دەوڵەمەندەکان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری لە شارەکان، پشتیوانیکردن لە مافی هەڵبژاردنی ژنان، کۆنتڕۆڵکردنی چەک، کاری ئەرێنی، هاندان دژی جیاکاری ڕەگەزی لە قوتابخانەکاندا.
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە هێمن عوسمان
نووسینی: فەرەح شەرەف
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد