لە هزری کلاوسڤیتزە دەست پێی دەکەم ئەکەم، بەمجۆرە سیاسەت بریتییە لە زیرەکییەکی ڕێنیشاندەر، جەنگیش تەنیا میکانیزمێکی نێو ئەو سیاسەتە نەوەک بە پێچەوانەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوشتن و بڕین مەترسییەکی سەرنجڕاکێشە و پێویست دەکا ئەم بابەتە بە ڕاستینەی وەرگرین، بەڵام نەبێتە هۆی ئەوەی بەهانەیەک بدات بە دەستمانەوە تا هێواش هێواش شمشێرەکانمانی دەستمان لەژێر ناوی مرۆڤایەتییدا کول بکات.
لای کلاوسڤیتز پێناسەی جەنگ کراوە بەمجۆرە ” کردەیەکە تیایدا بە زەبری هێز دوژمنەکەمان ناچار دەکەین بە گوێرەی ویستی ئێمە کار بکات و بجووڵێتەوە”
کلاوسڤیتز پێی وایە کە جەنگ هەرگیز کردەیەکی پەراوێزخراو نییە، جەنگ لەخۆیەوە ڕوو نادا، ئەگەڕ بە هەڵگیرسانەکەی لە سەرەتاوە سەرسام بووین، ئەوا دەریدەخات کە ئێمە بە گوێرەی پێشبینییەکانی خۆمان توانای دوژمنەکەمان بینیوە نەوەک لە واقیعدا. یەکێک لە قسە سەرەکییەکانی کلاوسڤیتز ئەوەیە کە لە جەنگدا دەرئەنجام هەرگیز بە مانای ئەوە نایەت شتەکانی کۆتاییان پێ هاتووە: بەڵکو هەروەک بەردەوامیی شەڕ بەردەوامیی بەردەوامبوونێکی سیاسەتێکە، هەربۆیە کۆتایی ئەو جەنگە بەتایبەتی بۆ لایەتیی بەزیو، هەرگیز کۆتایی کارەکە نییە. جەنگ بە سادەیی دەکرێ ( شەیتانێکی ڕاگوزەر) بێ لەسەر ئەو ڕێگایەی کە کەسەکان هەوڵ بۆ ئەو شتانە دەدات کە دەیەوێ بەدەستیان بێنێت.
جەنگ بەسادەیی کردەیەکی هەڕەمەکی نییە کە هەست و سۆزێک هۆکاری سەرهەڵدانی بێ. بەدیاریکراوی کاتی نەتەوە شارستانییەکان ڕوو لە جەنگ دەکەن، ئەوەش هەمیشە کردەیەک نییە پەیوەست بێ بە سیاسەتەکانەوە. لەمەش زیاتر جەنگ ( هەروەک لە دژی سەرهەڵدانی هەڕەمەکی توندوتیژییە)هەمیشە ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت و چاوەڕێی ئەوەیە ئاراستە بکرێت، بەلایەنی کەم گەر بۆ ماوەیەکیش بێ، ئەم ئاراستەکردنەش بەهۆی زیرەکی ئەو کەسانەوە دەبێ کە جەنگەکە بەرپا دەکەن. هەوڵی سەربازی پێویستە بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە لە سەرەتادا هۆکاری دەستپێشخەری ئەو هەوڵە سەربازییە بووە. کلاوسڤیتز دەنووسێ ” شتە سەربازییەکە خۆدی ئامانجەکەیە.. جەنگ ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە”
کلاوسڤیتز دەڵێ کە دیاردەی شەڕی گشتگیر، لە سێ ناواخن پێک هاتووە، ئەمانەش :
1. سیانەی ” توندوتیژیی بنەڕەتی، ڕق و دوژمنایەتی” کە ئەمانە جێگای بایەخی خەڵکن.
2. شیان ( ئیحتیمالیەت) و دەرفەت، ئەمە پەیوەستە بەو ژەنەڕاڵانەی پلانی جووڵەکان دەدانێن.
3. پرسی بەکارهێنانی ئەقڵ، ئەمەش وەک میکانێزمێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بۆتە هۆی باڵادەستبوونی سیاسەتمەدارەکان.
کلاوسڤیتز بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە لە جەنگدا بەرگری دەسەڵاتێکی زیاتری هەیە لە هێرشکردن، هەروەها ستراتیژییەتی ماندووکردنی دوژمن لە ڕێگەی دروستکردنی ملمڵانێ لەگەڵی، ئەوا تیچووی زۆر زیاترە لەوەی شیاوی بێت کە زۆر جار لە لایەن دەسەڵاتێکی بێهێز بەرامبەر لایەنێکی بەهێز بەکاردێت
لای کلاوسڤیتز جەنگ بابەتێکە پەیوەستە بە حساباتێکی ژیرانەوە، بەڵام لە کۆتایدا جەنگ وەک قومارێکە، چونکە هەر لە دەوروخولی لایەنی سایکۆلۆژی مرۆڤەکان دەخوڵێتەوە، کلاوسڤیتز دەڵێ شەڕ مامەڵە لەگەڵ هێزە زیندوو و ئاکارییەکان دەکات.[1]
کلاوسڤیتز باسی سروشتی دوانەی جەنگ و خەسڵەتی سیاسی جەنگ دەکات، بەمجۆرە ململانێیەکە دابەشی کردووە بۆ دوو جۆر کە دەڵیت دوو ئامانجیشی لەخۆ دەگرێت
1. هاڕینی دووژمن و لاوازکردنی لەڕووی سەربازییەوە، بەو جۆرە دەتوانێت ڕووبەڕووی بێتەوە ناچاری بکات پەیماننامەی ئاشتی مۆر بکات.
2. داگیرکردنی هەندێک زەوییە سنوورییەکان و بیخەیتە سەر زەوی خۆت لە پێناو ئەوەدا چەندوچۆنی لەسەر بکەیت لە دانووستاندنەکانی ئاشتیدا.
کلاوسڤیتز سێ نموونەی کاریگەر و بەرچاو دەهێنێتەوە لەسەر ئامانجەکانی جەنگ کە ئەمانەن:
1. هێزە چەکدارەکەی دوژمن لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا تێکبشکێنێت.
2. پایتەختەکەی داگیربکەیت بەمە ورەی دەڕۆخی.
3. ( سەنتەری کێشکردن ) نابەرکەوتوو پشت گوێ نەخەیت، بەمەش (ڕای گشتی) ڕەنگە بتوانێت جەنگەکە ببەیتەوە، گەر توانیت کار لە ڕای گشتی بکەیت لە دەوڵەتی دوژمندا، ئەمە هاوشان لەگەڵ هەوڵدان بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانێتی دووژمن.[2]
کلاوڤیتز دەڵی ” ستراتیژی بێ جەنگ و جەنگکردن، واتای هیچ دەبەخشێت، چونکە جەنگ ئامڕازی کارئ ستراتیژە و هۆکارێکە سودی لێوەردەگیرێت” لای کلاوسڤیتز جەنگ تەنیا پێکدادانی چەکداری نێوان لایەنەکان نییە، بەڵکو ململانێ توندوتیژە لەنێوان ئابووری، سیاسەت و ئایدۆلۆژیی لایەنەکان، هەروەها بریتیە لە بەکارهێنانی زمانی چەک و توندوتیژی لەجیاتی زمانی ئەقڵ، دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و نائارامییەکان.[3]
بەرایی کلاوتڤیتز دەڵیت ” جەنگ ئەکتێکی کۆمەڵایەتییە، بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ، جەنگ دەرئەنجامی ناکۆکی و بەرژەوەندییە بنەرەتییەکانن، کە بە خوێنڕشتن یەکلایی ەکرێتەوە” کەواتە دەبێت جەنگ لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتییەوە شی بکرێتەوە.
ئەگەڕ بێینە سەر باسی جەنگ لە بیرکردنەوە و ئەقڵییەتی کوردا، ئەبێت بڵێێن کورد لە کۆی پرۆسەی جەنگکردن و کۆی پڕۆسەی شەڕکردن بە تیۆری و پراکتیکی نەگەیشتووتە قوناغێکی مۆدێرن و تازە، کورد بە گشتی جەنگی لە چوارچێوەی کاردانەوە بەرپا کردووە و لە بەرامبەردا هەر کارێکدا، نەک کورد جەنگی وەرگرتبێت وەک پرۆسەیەکی سیستماتیک کە کاری لەسەر کرابێت، بۆیە ئەبینین جەنگ کوردی نەکردووە بە نەتەوە و کورد نەیتوانیوە دەوڵەت سازبکات، جەنگ وەک کاردانەوە نەک وەک ئەکتێکی کۆمەڵایەتی وا دەکات جەنگ لە سیاسەت وستراتیژی بەتاڵ بێتەوە و بەمجۆرە کورد لە جەنگدا ئەکەوێتە حاڵەتی شکان.
کلاوسڤیتز ئەڵێت پێکهاتەی سەربازی ئەگەڕ لەگەڵ سەردەمەکان نەگۆڕا، ئەوا ئەم پێکهاتەیە ئەبێتە بنەڕەت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی ناوخۆی و بچووکەکان. ئێمە ئەبینین پێکهاتەی سەربازی کورد لە هەموو مێژوودا هەمووکات لە پاشتر بووە لە ئاستی جیهاندا ئەمەش وای کردووە پرۆسەی پاسیڤ بوون چالاک بێت و ململانێ ناوخۆییەکان بەهیزتربن.
کلاوسڤیتز دەڵی ” هەموو جەنگێ لاوازی مرۆڤ بە دڵنیایەوە داناوە و هەوڵی داوە سوود لەو لاوازییە وەرگرێت” کوردیش ئەبێت تێبگات هەموو لایەنەکان لاوازییەکانی کوردیان لەپێش چاوە لە ئاستی پێکهاتەی سەربازی و نەتەوەیبون.
بۆیەش بەردەوام ئەبینین لە سەدەی نوزدە تا سەدەی بیست و یەک ژمارەیەکی زۆری جەنگ ئەبینین کە کورد تێیدا تێکشکاوە، هۆکاری سەرەکی ئەم شکەستانەش لە کۆی پرۆسە جەنگییەکان دەگەرێتەوە بۆ ( نەتەوەیبوون) کە کورد وەک نەتەوە و جەنگ وەک ئەکتێکی کۆەمەڵایەتی و ستراتیژی و سیاسەت وەک بەشێک لە سیاسەتی دامەزراوەیی نەتەوەیی کاری نەکردووە.[4]
سەرچاوە:
[1] پوختەی ٥٠ کتێبی گرنگی سیاسی، تۆم بۆتڵەر ـ باودۆن، وەرگێڕانی ـ هاوکار عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣، ٢٠٧ـ٢٠٨.
[2] جیۆپۆلەتیک چەمک و پراکتیک، فواد حەمەخورشید، جەزا تۆفیق تالیب ـ ئەحمەد عەلی ئەحمەد، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢١، ٢٩ـ٣١.
[3] دەروازەیەک بۆ ناسینی جەنگی عێراق ـ کوەیت، هەڵگورد جەلال، چاپخانەی دلێر، ٢٠١٦، ١٦ـ١٨.
[4] پرسی کورد لە دیدگای لۆبۆنەوە، عبدالرزاق مهدی، ٢٠٢٣، ١٠٥ـ١١٠.