لە ساڵی ١٩٩٩ لە یەکێک لە یەکەمین دانیشتنەکانی حیزبی کۆماریخوازدا، کە بۆ باس و گفت و گۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ڕێکخرابوو، بەڕێوەبەری دانیشتنەکە لە بەربژێرەکانی حیزب دەپرسێت:- “فەیلەسووفی سیاسیی دڵخوازی ئێوە کێیە؟” وەڵامی جۆرج دەبلیۆ بۆش بەم پرسیارە، بەربژێرەکانی دیکە و بەڕێوەبەری دانیشتنەکە و تەنانەت ئامادەبووانی دانیشتنەکەش تووشی حەپەسان و سەرسووڕمان دەکات. ئەو بە کورتی و لێبڕاوانە وتی:- “عیسای مەسیح، چونکە عیسا ژیانی منی لە بنەوە گۆڕی”. دەکرێت بڵێین جۆرج بووش بەم وەڵامەی تووشی کەتن و قسەیەکی قۆڕی فەلسەفی بووە، چونکە لەباتی ئەوەی ڕوونی بکاتەوە بۆچی فەیلەسووفی دڵخوازی ئەو عیسایە، و لەباتی ئەوەی بۆمان شی بکاتەوە کە “عیسای فەیلەسووف” لەبەر چ هۆکارێک لای ئەو سەرترە لە فەیلەسووفانی دیکە، هاتووە بەڵگەیەکی ئایینی و باوەڕدارانەی خستووەتە ڕوو.
ئەم شەکرشکاندنەی جۆرج بۆش پەرچەکرداری جیاوازی لە ناو ڕەوت و لایەنە جۆراوجۆرە سیاسییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێک بە دانپێدانانێک لە ڕووی ڕاستبێژی و خاکەڕاییەوە لێکیان دایەوە. هەندێکیش بەدەر لە ڕیاکاری یان ڕاستبێژیی شاراوە لە وەڵامەکەی بۆشدا باوەڕیان وابوو، ئاوەها وەڵامێک لە پێگە و ئاستی دانیشتنەکەدا نەبووە. بەڵام بەدەر لە هەموو ئەم باس و خواسانە وەڵامە کورت بەڵام باسهەڵگیرسێنەرەکەی بۆش پرسیارێکی قووڵتری بۆ ئێمە بەرجەستە کردووەتەوە؛ پرسیارێک کە تەقریبەن هیچ کام لە بڵاڤۆکە گشتییەکان نەپرژانە سەری. ئەویش ئەمە بوو: ئایا عیسا-سەرباری ئەو شتانەی کە هەبوو-هەر بەڕاست فەیلەسووف بوو؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنی بێت، ئەوا چەند جۆری دیکە پرسیاری باڵکێش دێتە ئاراوە؛ ئەمەی کە عیسا چ جۆرە فەیلەسووفێک بوو؟ بە چ شتانێک باوەڕمەند بوو و بۆچی؟ چ پەیوەندییەک لە نێوان فەلسەفەکەی ئەو و فەلسەفەکانی فەیلەسووفانی دیکەدا هەیە؟ ئایا هەوڵە فەلسەفییەکانی ئەو هیچ یارمەتییەک بە باسوخواسە فەلسەفییەکانی ئێستەی مرۆڤ دەدات؟ و لە کۆتاییشدا لە بنەمادا پێناسەی فەیلەسووف چییە؟
“عیسا و فەیلەسووفەکان”
عیسا هێشتاش لە ڕووی کاریگەری دانان لەسەر بیرکردنەوە سیاسی و ناسیاسییەکانەوە وەکوو ڕەمزێکی بەهێز ماوەتەوە. لەم سەردەمەدا هەندێک لە گەنجان جۆرە دەسبەندانێک دەکەنە دەست کە ئەم پیتانەیان لەسەر هەڵکۆڵراوە WWJD کە کورتکراوەی ئەم ڕستەیەیە What would Jesus do? واتە “ئەگەر عیسا بایا چی دەکرد؟”. ئەم بابەتە دەریدەخات ئەوان عیسا وەکوو نموونەیەکی بەرزی ئەخلاق دەبینن و بە کەسایەتییەکی دەزانن کە دەبێت تێڕوانین و ڕوانگەکەی پێڕەویی لێبکرێت. هاوتای ئەم ڕوانگەیە لە دەقێکی کلاسیکدا لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست لەبارەی ڕێز و حورمەتی ڕۆحانی بۆ عیسا لە ژێر ناوی “چاولێکردن لە مەسیح” بەرهەمی “تووماس ئاکێمپیس”دا هاتووە.
هەنووکە هەندێ کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕۆح و کرۆکی فەلسەفەی عیسایان ناسیوە و بۆ ئاراستەکردنی ڕای گشتی کەڵکی لێوەردەگرن. بۆ نموونە ڕیکخراوی پشتیوانیی لە هەڵسکەوتی هاوسان لەگەڵ ئاژەڵان لە ساڵی ٢٠٠٠دا چالاکییەکی ڕێکخست و بانگەشەی ئەوەی کرد کە عیسا ڕووەکخۆر بووە. لە یەکێک لە تابلۆکانی بانگەشەکانی ئەم گرووپەدا لەباتی خەرمانی نووری دەوری سەری عیسا وێنەی قاژێک لە پرتەقاڵێک دانرابوو و لە خوارەوەش ئەم دروشمە نووسرابوو:- “میهرەبان بن و ببن بە ڕووەکخۆر”. هەڵبەت بانگەشەی ڕووەکخۆربوونی جوولەکەیەک کە عەیدی فەسحی بەرز ڕاگرتووە خۆی لە خۆیدا قسەیەکی بێ بنەمایە. بەڵام بەهەر حاڵ ڕیکخستنی ئاوەها چالاکییەک دەلالەتە لەسەر بایەخ و گرینگیی جۆری بیرکردنەوەی عیسا مەسیح لای خەڵک. هیچ مرۆڤێکی ئاقڵ ناتوانێت نکووڵی لە کاریگەرییە جیهانی، مێژوویی و ئەبەدییەکانی عیسای ناسیری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بکات. میژووزانی ناودار، یارسۆلاڤ پێلیکان، لەبەرهەمێکدا کە بە دیاریکراوی لەسەر کاریگەریی عیسا لەسەر کلتووری ڕٶژئاوایە ئاوەها قسەیەکی هەیە:-
عیسای ناسری، بەدەر لە بیرکردنەوە و باوەڕە تاکەکەسییەکان لەبارەیەوە، ئێستاکە بیست سەدەیە وەکوو کەسایەتییەکی دیار و زاڵ لە مێژووی کولتووری ڕۆژئاوادا دێتە هەژمار. ئەگەر دەمانتوانی بە هێزێکی موگناتیسیی باڵا هەر لەتە ئاسنێک کە لانیکەم کاریگەرییەکی بچووکی عیسای لەسەرە لە دڵی مێژوودا بکێشینە دەرەوە، ئەوکات چ دەمایەوە؟ لە چەند دەیەی ڕابردوودا زیاترین و بۆمب ئاساترین گەشەی مەسیحییەت لە دنیادا لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا بووە نەک لە ڕۆژئاوا. سەرباری ئەمەش کاریگەریی عیسا هیچ کات سنووردار نەبووە لە جیهانی ڕۆژئاوادا و بە دەربڕینی هیگل عیسا کەسایەتییەکی “جیهان مێژووییەـ کە ژیان و بەسەرهاتی هێشتا لە هەموو گۆی زەویدا دەنگدانەوەی هەیە و دەدرەوشێتەوە. بەڵام ئەمانە هیچ کامەیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی بەردەممان نین کە ئایا عیسا فەیلەسووف بوو؟ پێشتر کتێبە ژێدەرەکانی فەلسەفە بە جۆرێک ڕێکەوتبوون و عیسایان بە فەیلەسووف هەژمار نەدەکرد، چونکە هیچ ئاماژەیەکیان بە ناوی ئەو نەکردووە. بۆ نموونە ئینسۆکلۆپێدیای فەلسەفە(١٩٦٧) کە ماوەیەکی زۆر لە ژێدەرە پێوەر و پشتپێبەستراوەکان لە بواری فەلسەفەدا بوو سەردێڕ یان سەروشە (مدخل)یەکی لە ژێر ناوی عیسا یان مەسیح نییە. بەرهەمی بەبایەخ و نوێتری ئینسۆکلۆپێدیا فەلسەفەی ڕاتلێج(١٩٩٨)یش هیچ سەروشەیەکی بە ناوی عیسا یان مەسیح نییە، بەڵام بۆ بوودا سەروشەیەکی هەیە. ئەو هەوڵانەش کە لەم دواییانەدا بە شایەتی و بە گوێرەی ڕووبەر و کارتێکەریی ئەنجوومەنی فەیلەسووفانی مەسیحی بۆ بووژانەوەی فەلسەفەی مەسیحی ئەنجام دراون، وەکوو دیارە کاریگەرییەکی لەسەر ئەم جۆرە پشتگوێکەوتنانە زەقە نەبووە. هەڵبەت کارل یاسپێرس لە بەرگی یەکەم و هەڵبەت بچووکی بەرهەمە چەند بەرگییەکەیدا “فەیلەسووفە مەزنەکان(١٩٥٧)” ناوی عیسای لە پاڵ ناوی سوقرات، بوودا و کۆنفۆسیۆس هێناوە. بەڵام ئەم حاڵەتانە گشتی نین و دەگمەنن، هەر وەکوو لە درێژەشدا دەبینین یاسپێرس عیسا بە مانا کلاسیکییەکەی بە فەیلەسووف نازانێت.
بەدڵنیاییەوە، عیسا لەسەر فەیلەسووفان و بیرمەندانی جۆراوجۆر لەوانە ئاگۆستینووس، ئانسێلم، ئاکڤیناس، پاسکال، کییەر کیگارد و هاوشێوەکانیان کاریگەریی هەبووە و بیرمەندانێکی زۆر لەبارەی ئەوەوە(و ڕوونکردنەوە و لێدوان لەسەر خودابوون و مرۆڤبوونی هاوکاتییەوە) فەلسەفەیان هۆنیوەتەوە، بەڵام ئەمانە خۆی لە خۆیدا عیسا نابەنە ڕیزی فەیلەسووفانەوە. ئاگوستینووس، فەیلەسووفی ناوداریش زۆر لە ژێر کاریگەریی دایکی ئیماندار و خواپەرستی خۆی واتە مۆنیکا بووە بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە ئەو خاتوونە بە فەیلەسووف بزانین. گرێدراوێتییە ئایینییەکان و باوەڕدارێتییەکان بەشێوەی پێشوەخت وەڵامدەرەوەی ئەم پرسیارە نابن. ڕەنگە کەسێک عیسا وەکوو خودای بەجەستەکراو(متجسد) و بەرهەست پەرستش بکات بەڵام لە بانگەشەی فەیلەسووفبوونی عیسا بحەپەسێت یان تەنانەت زویر بێت و یان ڕەنگە بەپێی خوێندنەوەیەکی تایبەت لە بابی دووەمی کولۆسیان(ئایەتی هەشت) لە باسی خۆبواردن و پارێزکردن لە (فەلسەفەی باتڵ)، بە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەوە بێتە گۆ کە “ئایا مەگەر فەلسەفە هەر ئەوە نییە کە پاڤڵی ڕەسووڵ ئێمەی لێ لۆمە و مەنع کردووە؟”
بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەش کە ترسێکیان لە خودی فەلسەفە نیە ڕەنگە لەگەڵ بە فەیلەسووف ناوزەدکردنی عیسا ئارخەیان نەبن و ڕەخنەگرانە بێنە قسە. گۆردۆن کلارک، فەیلەسووفی پرۆتستانی، بەپێچەوانەی هەموو نووسەرانی مێژووی فەلسەفە لەم سەردەمانەی دواییدا، چەند لاپەڕەیەک لە کتێبی مێژووی فەلسەفەکەی خۆی، واتە لە تالیسەوە تا دیڤێی(١٩٥٧)، کە سەردەمێک بە یەکێک لە بەرهەمە پڕ هۆگرەکانی ئەم بەشە هەژمار دەکرا، تایبەت داوە بە ئەندێشەکانی عیسا مەسیح. لەم کتێبەدا کلارک سەرەڕای ڕەتکردنەوەی بانگەشەی ئەو کەسانەی کە عیسایان بە مامۆستایەکی سادە و بێ زمانی ئەخلاق بە دەربڕینێکی سادەیان زانیوە، بە خاوەنی سیستەمێکی کەلامیی یەکتاپەرستانەی بەرزەڕۆ و گەشەکردوو دەزانێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمەش ڕوون دەکاتەوە کە گرینگیی عیسا بۆ کردەوەکانی-بەتایبەتی مەرگی- و بانگەشەی ئولوهیتەکەیەتی نەک ئامۆژگاری و فێرکارییەکانی. لای کلارک عیسای مامۆستا(یان فەیلەسووف) بە بەراورد لەگەڵ عیسای ڕزگارکەری لەخاچ کێشراو و لە گۆڕ گەڕاوە لە پلەی دووهەمی گرینگی دایە. وا دەردەکەوێت کلارک ترسی ئەوەی هەیە کە پێداگریی لەسەر ئامۆژگارییەکانی عیسا وابکات عیسا بهێنێتە پلەی ئەخلاقخوازێکی ڕووت و قووت و دایبەزێنێتە ئاوەها ئاستێک و بەم شێوەیە پێگە و پلە باڵا و بانسرووشتییەکانی پووچەڵ کاتەوە. لە بەرامبەردا، دالاس ڤیلارد؛ فەیلەسووفی هاوچەرخی مەسیحی، پێداگریی لەسەر ئەمە دەکات کە عیسا زیرەکترین مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بووە. ئەو گلەیی لەمە دەکات کە ژمارەیەکی زۆر چاویان بەسەر ئەم بابەتەدا نوقاندووە و لەباتی ئەوە عیسا وەکوو “بت یان بەرخێکی قوربانی یان ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتیی دابڕاو لە خەڵک دەبینن و بەس”.
لە ڕوانگەی ڤیلاردەوە هەر جۆرە هۆگری و حەزێکی ئایینی بۆ عیسا پێویستە لەگەڵ هەبوونی ڕوانگەیەکی تایبەت بۆ تواناییە هزرییەکانی عیسادا هاوتەریب بێت: “ڕستەی “عیسا خودایە” لە کرداردا بۆ کەسێک کە لە دەربڕینی ڕستەی “عیسا زیرەکە” گومانئاژنگ دەبێت مانایەکی ئەوتۆی نییە. عیسا تەنها کەسێکی نازار نییە بەڵکوو هزرێکی درەوشاوەشی هەیە”. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڤیلارد باکی بەوەش نییە کە عیسا وەکوو فەیلەسووف هەژمار بکات. هەر بۆیە وا دێتە پێش چاو کە هەبوون یان نەبوونی باوەڕە مەسیحییەکان خۆی لە خۆیدا نەگاتە هەواری وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کە ئایا عیسا فەیلەسووف بوو یان نا و بۆ هەڵکۆڵین و بەدواداچوونی زیاتری ئەم بابەتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ وتەکانی خودی عیسا لە ناو ئینجیلەکاندا.
سەرچاوە: فلسفەی عیسی، داگلاس گروتوس، ترجمر احمد رضا تقاء، فرهنگ نشر نو، با همکاری نشر آسیم، تهران ١٣٩٨.
نووسینی: داگلاس گرەوتێس
وەرگێڕان: سپێدە سالحی