“كاریگەری جەنگ لەسەر ژیانی تاكی كورد و پارت و ڕەوتە كوردییەكان”
بەگەڕانەوە بۆ دۆخی هەردوو وڵاتی (ئێراق-ئێران)و سەردەمەكە، بۆمان دەرئەكەوێت، كە جەنگەكە هەر لە سەرەتای هەڵگیرساندنی، تا بە ساڵانی كۆتایی ئەگات، كاریگەری خراپی لەسەر كۆی هاووڵاتیانی هەردوو وڵات بە گشتی و پارت و ڕەوتە كوردییەكان بەتایبەتی دروستكرد. لەم بوارەدا كاریگەری جەنگەكە لە ساڵی یەكەمی كەمتر بوو، تا ساڵی دووەمی و ئا بەو شێوەیە، تا دوا ساڵەكانی جەنگەكە. هۆكارەكانیش زۆر بوون. لەوانە ماندووبوونی هەردوو دەوڵەت بە جەنگەكە و دابینكردنی پێداویستی جەنگی و ئازووقە و چەك و تەقەمەنی پێویست بۆ بەرەكانی شەڕ، تا پەیداكردنی دۆست و هاوپەیمان و دارایی پێویست ئەگات بۆ بەردەوامی و تیچووەكەی. هەروەها گەیشتن بوو بە پلان و پیلانی نۆێ بۆ سەركەوتن و بەردەوامیدان پێ. بۆ ئەو مەبەستەش ئاسایی بوو هەر جۆرە سیاسەت و پلان و پیلانێك لەپێناو سەركەوتن لەو جەنگە بگیرێتە بەر. هەروەك (سەدام حوسێن) سەرۆكی ئێراق، لە سەرەتای جەنگەوە دروشمی: (كل شێ من أجل النصر-هەموو شتێك لەپێناوی سەركەوتن) بەرز كردەوە. (ئایەتوڵڵا خومەینی) ڕابەڕی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دروشمی (جنگ، جنگ، تا پیرزی-جەنگ، جەنگ، تا سەركەوتن)ی بەرز كردەوە. ئەم كارەش لەلایەن كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكان، بۆ سەرخستنی خۆیان كاری لەسەر كرا.
لەنێو ئەو دۆخەدا، دۆخێكی مەترسیدارتر، ژیانی تاكی كورد و پارت و ڕەوتە كوردییەكانی گرتەوە. سەبارەت بە ژیانی خەڵك، (سێ) مەترسی دەركەوتن. یەكەمیان:- نائارامی ناوچەكانیان، هەر بە گوند و شارەدێ و شارۆچكە و شارەكانیانەوە. دووەمیان:- مەترسی بوو بۆ سەر لاوەكان، بەتایبەت ڕەگەزی نێرینە، بەوەی دەبوا بۆ بەرەكانی جەنگ ڕاپێچ بكرێن. سێیەمیان:- مەترسی بوو لەسەر داهاتوویان و ژیانیان، تا بە دابینكردنی پێداویستییەكانیان دەگات، ئەگەرچی لە بواری مووچەی مانگانە و ئازوخە و پێداویستی ژیان، مەترسییەكان كەمتر بوون. هەرچی پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆیی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی شاخ، چەند لایەنە بوو. لە سەروویانەوە شەڕی نێوانیان درێژەی هەبوو. شەرێك ڕیشەكەی بۆ ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیستەم گەڕابوویەوەو لە دوای رێكەوتنامەی (ئازاری1975ز) گەیشتە لوتكە، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەكە، دۆخەكە خراپتر بوو.
گەیشتە ئاستێك، بە ناڕاحەتی ئازوخە و پێداویستی پزیشكی و پەیداكردنی چەك و تەقەمەنی، بگاتە بارەگای پارت و ڕەوتە كوردییەكان و پێشمەرگەكانیان. ئەوەش بەهۆی جەنگی (دوو) دەوڵەت لەسەر سنوورەكان و چاودێری توندی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەكانی هەردوو وڵات لەسەریان، تا بە چاودێری توندی خۆیان دەگات لەسەر یەكتر. هەموو ئەوانەش، ئاستەنگی بۆ گەیاندنی ئەو پێداویستیانە دروستكرد. بەتایبەت هۆكاری گواستنەوەی هەموو ئەو پێداویستیانەش ڕەشەوڵاخەكانی وەك (ئەسپ، ماین، ئێستر، گوێدرێژ) بوو، نەوەك ئۆتۆمبێل. لەپاڵ ئەو دۆخەشدا، خراپی دۆخی دارایی و ئەمنی پارت و ڕەوتە كوردییەكانی شاخ، كەمی پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی هاتەسەر. بە ئاستێك تا كۆمەڵێك چەك و بڕێك تەقەمەنی و ئازوخە و سووتەمەنی پێویست، دەگەیشتە، بارەگا یان شەڕگەی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە، كات و ماندووبوونێكی زۆری دەویست و لێپرسینەوەی زۆری لەگەڵ دەكرا.
بە گەڕانەوەشمان بۆ دۆخی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئێراق، هەر زۆر خراپ بوو. خراپتر لەو دۆخەی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، تێپەڕ دەبوو. بەو دۆخەشەوە دەبوا ناوبەناو كۆی پارت و ڕەوتە كوردییەكان، شوێنی بارەگاكانیان لە ترسی بۆمباران و هەڕەشە و شاڵاوی یەكەكانی سوپای ئێراق و دامەزراوە ئەمنییەكانیان، بگۆڕن. ئاسایی ئەو مەترسیانەش پێویستیان بە تێچووی زۆرتر و هێزی پێشمەرگەی زیاتر و ئازوخەی باشتر هەبوو. ئەوەش بارێكی سەختی تری خستبووەسەر ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە.
كێشەیەكی تر، كە ژیان و ئەركی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانەی شاخی سەختتر كرد بوو، پەیوەندیكردنی لاوەكانی كورد بوو بە هێزەكانی (بەرگری نیشتمانی-فەوجی خەفیفە). ئەوەش لەپێناو ڕزگاربوون لە خزمەتی سەربازی و مانەوە لە نزیك ماڵ و منداڵیان. هەروەها زامنكردنی ژیانیان بە مووچەیەكی مانگانە، كە بڕەكەی (80) دینار بوو. لەكاتێكدا پەیوەندیكردنیان بە هێزی پێشمەرگەی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە، نەك هەر مووچەی مانگانەی نەبوو، بەڵكو بە ئاستەنگ، پێداویستی ڕۆژانەیان پێدەگەیشت و ژیانێكی زۆر سەختیان هەبوو. ئەمەو جگە لەوەی پەیوەندیكردن بە یەكێك لەو پارت و ڕەوتە كوردییانە، مەترسی بۆ سەریان هەبوو، بەوەی دڵنیا نەبوون، كە ئەوانەی هاتوونەتە شاخ، بۆ خزمەتی پێشمەرگایەتی هاتوون، یان لەلایەن دامەزراوەیەكی سوپایی یان ئەمنی حكومەتی ئێراقەوە نێرداون؟
جیاواز لەوانەش، سەرباری بەرتەسكی سنوری جوگرافی كۆی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە و خراپی دۆخی داراییان و مەترسییە بەردەوامەكان بۆ سەریان، دووری ئەوان بوو لە زێدی خۆیان و خێزان و بنەماڵە و خزم و دۆستەكانیان لەناو شار و شارۆچكە و شارەدێكان. ئەوەش وایكردبوو، نەك هەر دەیانتوانی بە ئاستەنگیش یەكتر ببینن، بەڵكو هاوكاری ئەوانیشیان وەك پێویست پێ بگات. ئەو بێئاگایەش لەیەكتر، دۆخێكی دەروونی خراپی بۆ هەردوولا لە شاخ و شارەكان دروست كرد بوو. دیارە ئەگەرچی ڕادیۆی ئەو پارت و ڕەوتە كوردییانە لە شاخ و ڕۆژانە و بۆ ماوەی یەك كاتژمێر، هەواڵ و هەندێك چالاكی خۆیانیان، دەگەیاندە، خێزان و بنەماڵە و خەڵكی خۆیان، لەناو شار و شارۆچكە و شارەدێكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئێراق، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نەبوو، هەردوولا ئاگاداری یەكتر بن و لە ژیان و دۆخی یەكتر ئاگادار بن. ئەو بێئاگاییەش، زۆر لە خراپی دۆخی دارایی و پێ ڕانەگەیشتن بە ئەركەكانیان، قورستر بوو.