ئێوارەیەکی ساڵی (1992) بەرپرسێکی باڵای فەرەنسی ئۆفیسەکەی لە پاریس بەجێهێشت بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی کۆکتێل (Cocktail Party) لە بارەگای یونسکۆ. لەوێ چاوی بە خانمێکی ئەمریکی کەوت و دواتر خانمە ئەمریکییەکە پێی ڕاگەیاند کە وەک بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە دامەزراوەیەکی تایبەت لە شاری داڵاس کار دەکات، وە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکەدا بەرپرسە فەرەنسییەکە هەموو شتێکی لەبارەی ئەو خانمەوە لەیاد کرد. بەهاری دواتر، لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ” ئیدوارد بالادور ” سەری سوڕما لەوەی کە بینی ناوبراو بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە دەکات و ئارەزوی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سیاسەتی فەرەنساوە نیشان دەدات، بەتایبەت کارەکانی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی فەرەنسا بەرابەر دانوستانەکان دەربارەی ڕێککەوتنی گومرگ و بازرگانی ناسراوە بە ” گات “(GATT).
ئەوەی خانمە ئەمریکییەکە درکی پێ نەکردبوو، ئەوەیە کە نزیکایەتی و حەز و ویستی بۆ بەرپرسە فەرەنسییەکە و گفتوگۆکانی نێوانیان هەمووی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی فەرەنساوە تۆمار کرابوون، لە ڕاستیدا ئەو خانمە نەک هەر بۆ دامەزراوەیەکی نەناسراو لە شاری داڵاس کار دەکات، بەڵکو ناوێکی زۆر ناسراوە لە شاری لانگلی لە ویلایەتی ڤێرجینیا، کە بارەگەی سەرەکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکایە و هاوکات ئەم خانمە یەکێکە لە تیمەکانی دەزگاکە کە پێکهاتووە لە پێنج سیخوڕ کە هەوڵی بەرتیلدان بە بەرپرسانی فەرەنسا دەدەن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرەوپێچوونی دانوستانەکانی “گات”. ئەمە هەوڵێکی سیخوڕی بوو کە بەرپرسە دیپلۆماسییە ئەمریکییەکانی تووڕە و نیگەران کرد بەهۆی درک نەکردنیان بەم کارە، واتە ئاگاداری ئەم کەینوبەینە سیخوڕییە نەبوون. کاتێک پەیوەندی کرا بە “پەمیلا هاغیمان” سەرۆکی نووسینگەی ئاژانس لە پاریس کە باڵیۆزێکی باوەڕپێنەکراو بوو بۆ ئۆپەراسیۆنەکە، ئەمەش ناوبراوی دڵتەنگ کرد و پەیوەندی کرد بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە واشنتن ” ئەنتۆنی لەیک ” و ناڕاستەوخۆ پێی ڕاگەیاند کە وەزارەتی بازرگانی دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت زانیاری کۆبکاتەوە لەوەی کە لە دانوستانەکانی ” گات “دا نووسراوە.
کتومت دۆخەکە بەو شێوەیە بوو کە لە ساڵی (1947)دا پاتە بووەوە، ڕێککەوتنەکە بەشێک بوو لە چارەسەرکردن یا بابڵێین یەکلاییکردنەوەی بابەتی بازرگانی بوو لە دوای جەنگ، بیرۆکەیەکی ئەمریکی بوو بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی ئابووری لە نێوان هەر وڵاتێکدا بە جیا واتە سەربەخۆ بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی دارایی جیهانی کە سییەکاندا ڕوویدا، لە هەمانکاتدا بەرەوپێشبردنی دۆزی ئاشتی لە جیهاندا. (23) وڵات یەکەمین ڕەشنووسیان واژۆ کرد کە ساڵانێک درێژەی کێشا و زنجیرەیەک دانوستانی سەختی بەدوای خۆیدا هێنا .
ئەم دانوستانانە لە ئۆرۆگوای لە ساڵی (1986) دەستپێکردەوە و بۆ ساڵانێک بەردەوام بوو لەبارەی سازشکردن لەمەڕ هەموو بەندەکانی ئەم دانوستانانە .. هەر لە قەرەبووکردنەوەی جوتیارانی ئەوروپییەوە تا پیشەسازی فڕۆکە.
لە پایزی ساڵی (1993) دوای گفتوگۆیەکی سەخت و ماندووکەر، چارەسەر بۆ پرسەکانی کشتوکاڵ و بۆشایی ئاسمان گەیشتە خاڵێک کە ببوە لەمپەرێک کە نزیک بوو لەوەی کاری ساڵانێک بە هەدەر بدات، ئەویش هەوڵی ئەمریکا بوو بۆ ئەوەی پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆن بخرێتە نێو ڕێککەوتنەکەوە کە لەلایەن هەندێک لە وڵاتی ئەوروپییەوە بەتەواوەتی دژایەتی کرا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سرووشتی سینەما وەک کولتوورێک جیاوازە لە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەمریکا پێداگریی لەسەر مافی خۆی کرد لە پاراستنی پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆن لە ڕێگای بەردەوامێتی زنجیرەیەکی ئاڵۆزی پشک و پێدان و یارمەتی حکومەت، من وەک بەرهەمهێنەرێک کە چارە سەدەیەکە لە هەردوولای زەریای ئەتڵەسیدا کارم کردووە لەنێویاندا بەڕێوەبردنی یەکێک لە ستۆدیۆکانی هۆلیوود، لەبەرئەوە شتێکی ئاسایی بوو بۆ من دەست بەرم بۆ بابەتێکی لەم جۆرە. پەیوەندی دۆستانەم وای کردووە لە زۆر ڕەهەندەوە پەیوەندیم بەم شەڕەوە هەبێت، ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێچارەیەک بۆ ئەم قەیرانە، لە سێپتێمبەردا هەردوو دەرهێنەر “ستیڤن سپیڵبێرگ و مارتن سکۆرسێزی” ئاگادارینامەیەکیان لەبارەی کاریگەری سینەمای ئەوروپی بڵاوکردەوە و تێیدا هەڕەشەیان کردە سەر هاودەرهێنەرەکانیان لە دەرەوەی ئەمریکا و ڕایانگەیاند ” ئەگەر هونەرمەندان داوای ئازادی داهێنان دەکەن، ئەوا ئێمەش دەبێت داوای ئازادی گەشتکردن بکەیت بەبێ هیچ مەرج و سانسۆرێک، ئێمە نە سنوور و نە ئەقڵمان داناخەین”. من یەکێک بووم لەو کۆمەڵە دەرهێنەرە ئەوروپییەی کە هەر یەکە لە دەرهێنەری ئیسپانی “پیدرۆ ئەڵمۆدۆڤار” و دەرهێنەری ئیتاڵی “بێرناردۆ بێرتولوچی” و دەرهێنەری ئەڵمانی “ڤیم ڤیندەرز”ی تێدا بوو، کە بە پێویستمان زانی وەڵامی هێرشەکە بدەینەوە، لە نامەیەکی کراوەدا لە ڕۆژنامەیەکدا گوتمان “ئێمە بەرگری لە پەراوێزە تەسکەکەی ئازادی دەکەین کە بۆمان جێهێڵراوە، بۆیە هەوڵ دەدەین سینەمای ئەوروپی بپارێزین لە بەرابەر هەوڵدان بۆ لەناوبردنی تەواوەتی”.
لە ڕاستیدا لەوەتەی لە ساڵی (1988)وە ئیدارەی کۆڵۆمبیام جێهێشتووە، هەوڵی زۆرم داوە لە ڕێگای پتر لە کەناڵێکەوە بە دوای چارەسەرێکی سیاسیدا بۆ ئەم کێشەیەی کە ڕووبەڕووی پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆنی ئەوروپی دەبێتەوە لە بەرابەر زیادبوونی هەژموونی – کۆنتڕۆڵی – سینەمای ئەمریکی لە کیشوەرەکەدا بگەڕێم. لە ساڵی (1993) لەگەڵ پاشەکشێی پیشەسازی فیلمی ئەوروپی، ئەم کێشەیە بوو بە غەمی سەرەکی من، لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا بانگهێشت کرام بۆ قسەکردن لە کۆنفرانسێک کە کۆمسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بە سیاسەتەکانی داهاتووی کارمەندانی فیلمسازی ڕێکیخستبوو، تێیدا جەختم لەسەر توانای پیشەسازی بینراو کردەوە لە ڕەخساندنی سەدان هەزار هەلی کاری نوێ، وە لەگەڵ بەرهەمهێنەران لەسەرانسەری ئەوروپا فیلمێکمان نمایش کرد بە ناونیشانی ” ئەوە هەڵبژاردنی ئێمەیە ” کە تێیدا توانستەکانی ئەوروپامان دەربڕی سەبارەت بە عەقڵی داهێنەر و توانا داراییەکانی ئەوروپا بۆ بوون بە ناوەندێکی بەهێزی جیهانی لە بواری سەرگەرمی و خۆشبوێری (تەرفیهـ). چەند هەفتەیەک دواتر کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆمەڵێک بیرمەندی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لەو سیاسەتانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ یارمەتیدانی پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە هۆڵیوودەوە دێن. هەروەها ئەرکی ئێمە بوو لەسەر ئاستی بازرگانی و داهێناندا بە دوای کۆکردنەوەی قازانجدا بگەڕێین بەبێ پەنابردن بۆ سیاسەتی نەرێنی کە لە ڕابردوودا پەیڕەو کرابوو. ئێمە باوەڕمان وابوو کە کاتی ئەوە هاتووە لە پێگەی بەرگری کولتوورییەوه بگوازینەوە بۆ سەرکەوتنی بازرگانی. لەگەڵ دەستپێکی هەوڵەکەدا، دەنگدانەوەی دیالۆگەکانمان سەبارەت بە دانوستانەکانی “گات” تەقییەوە و تا کۆتایی پایز ئەم دیالۆگانە بەچڕی بەردەوام بوون. دواتر خۆمم بینییەوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلمساز و سیاسەتمەدار لە هەوڵێکی بێهودەدا کار دەکەم بۆ چارەسەرێک کە هەردوولا بتوانن ناکۆکییەکانیان بە شێوەیەکی بنیادنەر چارەسەر بکەن.
لای خۆیەوە “جاک ڤالینتی” سەرۆکی فیدراسیۆنی پیشەسازی فیلمی ئەمریکی کە نیوەی تەمەنی لەپێناو خەباتکردن بۆ پیشەسازی فیلم لە وڵاتەکەیدا بەسەر بردووە ڕایگەیاند “پیشەسازی بینەرا و بیستراو لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی گەمارۆ بووەتەوە، و سەرکەوتنە جیهانییەکەی لەنێو بینەرانی هەموو ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و کولتوورەکان، هێرشی پێچەوانەی حکومەتی بیانی لێکەوتووەتەوە” ئاماژەی بەوەش کرد کە (40%) داهاتی پیشەسازی لە دەرەوەی وڵات، نیوەی لە ئەوروپاوە دێت، بەجۆرێک پیشەسازی سەرگەرمی و خوشبوێری بووەتە دووەم کاڵای هەناردەکردن لە دوای پیشەسازی فڕۆکە و ساڵانە (3.5) ملیار پاوەن بەدەست دەهێنێت و هاوکات زیادەی بازرگانی لە باڵانسی پارەدا بەدەستدەهێنێت و لەپشت ئەم سیاسەتەوە کەسێکی وەک کلینتۆن وەستاوە، کلینتۆن درکی بە گرنگی ئەو پرسە کرد و بە شەخشی پەیوەندی بە “هیڵموڵت کوڵ” ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و “ئیدوارد بالادور” سەرۆکوەزیرانی فەرەنساوە کرد و جەختی لەسەر سوربوونی خۆی بۆ پاڵپشتی کردنی پیشەسازییەکە – فیلمسازیی – کردووە، بابەتەکە بەڕاستی جێی سەرنجی کلینتۆن بوو. سەرەتای مانگی کانونی دووەم چەند ڕۆژێک پێش دانوستانەکانی ئەم دواییانەی “گات” کلینتۆن ئامادەی ئێوارە خوانێک بوو کە ئەستێرەکانی هۆڵیوود بەشدارییان تێدا کرد و دوو ملیۆن دۆلاریان بە پارتی دیموکرات -ی ئەمریکی – بەخشی.
لایەنی فەرەنسی ” بەرگری ” بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەرهەمە ڕۆحییەکان کاڵا نین، هەروەها جەوهەری کولتوور تەنها بازرگانی نییە، بەم شێوەیە سەرۆکی فەرەنسا “فرانسوا میتران” ڕایگەیاند کە “شوناسی کولتووری گەلەکەمان لە مەترسیدایە، ئێمە داوای ئازادی دەکەین لە دەستنیشان کردنی وێنەیەک بۆ خۆمان، کۆمەڵگایەک کە دەستبەرداری ئەمە بێت، کۆمەڵگایەکی کۆیلەکراوە”. لە وەڵامەکەیدا بۆ لایەنی بەرابەر ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هۆڵیوود (80%)ی داهاتی بلیتەکانی – بلیتی نمایشی فیلم – لە ئەوروپاوە بەدەست دەهێنێت، لە کاتێکدا ئەوروپا تەنها (1%) لە داهاتی بلیتەکان بەدەست دەهێنێت. ئەم نادادپەروەرییە بە شێوەیەکی بەرچاو لە نمایشکردنی فیلمی باخی دایناسۆرەکان (Jurassci Park)ی دەرهێنەری ئەمریکی “ستیڤن سپیڵبێرگ” و فیلمی ژێرمینال (Germinal)ی دەرهێنەری فەرەنسی “کلود بیگی” دەستیپێکرد کە پڕتێچوییترین فیلم بوو لە مێژووی سینەمای فەرەنسیدا، لە کاتێکدا فیلمی (Jurassci Park) کاریگەرییەکی سەرسوڕهێنەر و ڕیتمی خێرای فیلمەکە بە پاڵپشتی بوجەیەکی گەورە بۆ بازاڕدۆزی(مارکێتینگ)، فیلمەکەی کردە فیلمێکی پڕ داهات و توانی بەرزترین داهات – تا ئەوکاتە – مێژووی کۆبکاتەوە. فیلمی فەرەنسی (Germinal) کە لە ڕۆمانێکی بەناوبانگی فەرەنسییەوە وەرگیراوە (بە هەمان ناونیشان لە ڕۆمانێکی ئێمیل زۆلاوە وەرگێراوە – وەرگێڕ)، فیلمێکی سێ کاتژمێرییە دەربارەی تێکۆشانی کۆمەڵێک کرێکاری کانگەر. لە تشرینی یەکەمی ساڵی (1993) پێش نمایش کردنی هەردوو فیلمەکە، گۆڤاری هەفتانەی “ئێکسپرێس” ئەمجارە لەژێر ناوی “هێرشی ئەمریکا بۆسەر کولتوور” دەرچوو.
لەم نێوەندەدا دانوستانەکانی “گات” بوو کە تێیدا ڕاگەیەنرا ئەگەر دانوستانەکان تا پازدەی کانونی یەکەم نەگەنە چارەسەر، ئەوا سەراپای بازرگانی جیهانی ڕووبەڕووی ئاژاوە و ئاڵۆزی دەبێتەوە. تا کاتژمێرەکانی سەرەتای چواردەی کانونی یەکەم کۆبوونەوەکە نەگەیشتبووە چارەسەر، کارەکان بە هەڵپەسێردراوی مابوونەوە بۆ گەڕان بە دوای یەکلاییکردنەوەی پرسی سینەما و تەلەفزیۆن. پێش کۆتایی هاتنی ئەو ڕۆژە، لە ژووری کۆبوونەوە لە نهۆمی هەژدەهەم لە باڵەخانەیەکی ناوەندی شار و لە لوتکەی جددیترین دانوستانەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، دوو لە گرنگترین سیاسەتمەداران: پارێزەر “ڤیکی کانتۆر” سەرۆکی دانوستانکاری و نوێنەری ئیدارەی ئەمریکا و “لیۆن بریتان” وەزیری پێشووی ناوخۆی بەریتانیا کە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپای دەکرد کۆبوونەوە بۆ چارەسەرێک، بەڵام بێ سوود بوو، لەنێو ئەم دانوستان و مانۆڕە توندانەدا پتر دڵنیا بوومەوە کە ئەم شەڕە بە هەموو پێوەرێک تەنها شەڕێکە کە بەقەد سینەما خۆی کۆنە. سەیر لەوەدایە کە هەڵوێستی هەردوولا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا زۆر نەگۆڕاوە، شەڕێک کە بڕیارە لە داهاتوودا لەگەڵ پەرەسەندنی خزمەتگوزاری و تەکنەلۆژیای مەڵتی میدیا تووندتر بێت. ڕوون بوو کە ناکۆکی لەسەر ڕێککەوتنی “گات” بەشێک بوو لە شەڕێکی درێژخایەنی پەرتبوون لەمەڕ چەمکی کولتوور، شەڕێک بوو لەسەر پێگەی کولتووری جەماوەری و توانای لەسەر داڕشتن و گۆڕینی ژیانی ڕۆژانەمان.
لەم هەلومەرجەوە بیرۆکەی نووسینی ئەم کتێبە دای لە مێشکم لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی ڕەگەکانی چیرۆکی شەڕێکی ڕانەگەیەنراو کە پتر لە سەدەیەکە بەردەوامە و هێشتا دانەمرکاوە، بۆئەوەی لە توخمەکانی ئەم ململانێیە تێبگەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، بۆ مێژووی سەرهەڵدانی سینەما.
نووسینی: دەیڤد پوتنام، نیڵ واتسن
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شڤان نەوزاد، پێشکەشە بە هاوڕێی سینەمادۆستم “ئاکۆ فەریق”.