دیۆتیما، ئەو ژنە فەیلەسوفەی گوزارشت لە تیۆری جوانی و ئەوین دەکات لە سیمپۆزیۆمی ئەفلاتووندا، سەری لە مێژوونووسان شێواندووە بێ گوێدانە ئەوەی ئاخۆ کەسایەتییەکی ڕاستی بووە یان نا. هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە دیۆتیمای مانتینێیا لە ڕاستیدا هەبووە بەو پێیەی زۆرێک لە کارەکتەرانی ناو دیالۆگەکانی ئەفلاتون کەسایەتیی مێژووییی ڕاستەقینە بوون. ئەم بۆچوونەش ئەگەری زۆرە ڕاست بێت، بە تایبەت لەبەر ئەوەی ئەفلاتون زۆر زانیاریی ژیاننامەییی وردی ئەو دەخاتە ڕوو لە سیمپۆزیۆمەکەیدا. ئەمەش بۆ کارەکتەرێکی خەیاڵی ناشێت.
ڕیشەناسیی ناوی دیۆتیما(Διοτίμα)، ئەوەی ڕێز لە زیوس دەنێت، (Δίαν-τιμών) ئاماژە بە ژنە قەشەیەک دەکات. لە سیمپۆزیۆمدا، سوکرات بانگی دۆستەکانی دەکات بۆ ئەوەی پێیان بڵێت کە ژنە قەشە ژیرەکە، دیۆتیمای مانتینێیا چیی فێرکردووە سەبارەت بە سروشتی ڕاستەقینەی خۆشەویستی. بەم جۆرە دیۆتیما لە سیمپۆزیۆمی ئەفلاتوندا وەک ژنە قەشەیەکی ژیر پیشان دەدرێت کە فەیلەسوفە مەزنەکە فێری وانەی خۆشەویستی دەکات. ژنێک کە خزمەتکاری زیوسە و لە ناو کۆڕی پیاواندا ڕۆڵی مامۆستایەک دەگرێتە ئەستۆ کەسایەتییەکی خۆشڕواڵەت و جێیباوەڕە بۆ ئەو گوێگرانە.
“دیۆتیما، ژنە فەیلەسوفی یۆنانی لە سیمپۆزیۆمی ئەفلاتوندا”
بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکەی ئەفلاتون لە مانای “ئیرۆس” (ئارەزووی خۆشەویستی و سێکسی) دەکۆڵنەوە، کە لە فەلسەفەی یۆنانی دێرین بە مانای خۆشەویستیی هەستوسۆز و شەهوەت دێت، ئەو چەمکەیە زاراوەی “ئیرۆتیک”ی لێوە وەرگیراوە. جگە لە پێکبەندییەکەی بە ئارەزووی خۆشەویستییەوە، ئیرۆس لە فەلسەفە و دەروونناسیدا بە مانایەکی قووڵتر لێکدراوەتەوە؛ زۆر جار گوزارشت لە “وزەی ژیان” یان هێزی بەتینی زیندوویەتی دەکات.
“سوکرات دەڵێت دیۆتیما فێری فەلسەفەی خۆشەویستی کردووە”
دیۆتیما، ژنە فەیلەسوفی یۆنانی دێرین، ڕازی بوو فێری بکات و سرووشتی خۆشەویستیی بۆ ڕوون کردەوە، کە جیاوازە لەو شتەی زۆربەی خەڵک بڕوایان پێیەتی. گوتی جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئیرۆس و خۆشەویستی، شتێکە خەڵک هەندێکجار لێکیان جیا ناکەنەوە. ئەو ئیرۆسی بەوە پێناسە کرد گوایە پەیژەیەک هەیە لە ئیرۆسەوە بۆ گەیشتن بە خۆشەویستی و ئیرۆسیش ڕۆحێکە کە بە سەرکەوتن بەسەر پەیژەی خۆشەویستیدا دەگاتە بەرزایی.
سوکرات: “بەڵام ئاخۆ ئیرۆس چییە؟ ئایا شتێکی فانییە؟”
دیۆتیما: “بە هیچ شێوەیەک. “
بە گوێرەی دیۆتیما، ئیرۆس خوداوەندێکە نیوەی بوونەوەرێکی سەروسروشتییە و نیوەی مرۆڤە؛ خوداوەندێکە بە سرووشتێکی دژیەکەوە—بەو پێیەی لە Penia (هەژاری) و Peros (سامان)ەوە لە دایک ببوو. پێش هەموو شت، ئیرۆس هەمیشە هەژارە و زۆر دوورە لە نەرمونیانی و جوانی، وەک زۆربەی خەڵک دەیبینن. بە پێچەوانەوە، ئیرۆس تووند و پیس و پێپەتی و بێلانەیە. “سرووشتی ئیرۆس چۆتەوە سەر دایکی و هەمیشە بێبەشی بە هاوڕێی خۆی دادەنێت. دیسانەوە، بە پێی سرووشتی باوکی، ئەو شتی جوان و چاک دادەڕێژێت، بوێر و هەڵەشەیە و مەترسی دەگرێتە بەر، ڕاوچییەکی سامناکە، بەردەوام فێڵ و تەڵەکە دادەڕێژێت، بەڵام لە هەمان کاتدا وابەستەیە بە ئارەزووی زانینی ڕاستی و داهێنانەوە.”
“دیۆتیما دەڵێت، ئیرۆس ڕاڕایە”
دیۆتیما لە سیمپۆزیۆمی ئەفلاتوندا دەربارەی ئیرۆس دەشڵێت: “هەندێک جار لە هەمان ڕۆژدا نەشونما دەکا و دەژی، کاتێک ئامانجەکەی دەدۆزێتەوە، هەندێک جار دەمرێت، بەڵام دووبارە لە سایەی سرووشتی باوکییەوە دێتەوە ژیان. ئەوەی هەر جارێک بە دەستی دەخات هێواش هێواش هەڵدێت و ون دەبێت. بۆیە خۆشەویستی هەرگیز تەواو زەنگین یان هەژار نییە. لە نێوان ژیری و گەوجێتیشدا، دیسانەوە لە ناوەڕاستدایە.” “بۆیە شتەکان ئاوان؛ هیچ خودایەک داناییی خۆش ناوێت، ئارەزووی ژیربوونیشی نییە، چونکە خۆی ژیرە. هیچ کەسێکی تریش حەز بە دانایی ناکات ئەگەر خۆی دانا بێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، تەنانەت ئەوانەشی گەمژەن ئارەزووی ژیربوونیان نییە. چونکە لە گەوجێتیدا ڕێک ئەمە بەشە دژوارەکەیە؛ کەسێک بەبێ ئەوەی جوان و ڕێزدار و تێگەیشتوو و زانا بێت، لە خۆی ڕازییە.”
سوکرات: “کەواتە، دیۆتیما، ئەی ئەوانەی دەفەلسەفێنن کێن، ئەگەر نە ژیر بن نە گەمژە؟”
دیۆتیما گوتی: “ئێستا ئەوە بۆ منداڵێکیش ڕوون بۆتەوە؛ ئەوانەی لە ناوەڕاستن، یەکێکیان ئیرۆسە، چونکە دانایی یەکێکە لە جوانترین شتەکان و ئیرۆسیش خۆشەویستییە بۆ شتە جوانەکان. بۆیە، بێ ئەملاوئەولا ئیرۆس فەیلەسوفە، وەک فەیلەسوفێکیش شتێکە لە نێوان گەمژە و مرۆڤی ژیر. هۆکاری ئەمەش بنەچەکەیەتی. باوکی ژیر و داهێنەر بوو، بەڵام دایکی نە ژیر نە داهێنەر بوو.”
“ئیرۆس دەبێتە خۆشەویستی”
وەک چۆن جەستە منداڵی دەبێت، ڕۆحیش هەروەها، ئەم دووگیانییەش لە هەمووان گرنگترە. پاڵنەری هەردووکیان خۆشەویستییە، کە هەوەسبازی و خۆشەویستی لە هەموو شتێکی جواندا بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە. کەواتە ژن بە باشترین شێوە دەتوانێ هەردوو لایەنی جەستەیێتی و ڕۆحانی دەرببڕێت. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێت ئەفلاتون لە سیمپۆزیۆمەکەیدا ژنێکی هەڵبژاردووە تاکوو وانەی خۆشەویستی بڵێتەوە. لە دیدی دیۆتیماوە، خۆشەویستی وا لە کەسێک دەکات بە دوای جوانییەوە وێڵ بێت. سەرەتا، جوانییەکی دنیایی و ماددییە. پاشان لەگەڵ گەشەکردنی ئاشق لە داناییدا، ئەو جوانییەی بە دوایدا وێڵ بوو دەبێتە ڕۆحی و مانایی. بە لای دیۆتیماوە، دروستترین بەکارهێنانی خۆشەویستیی مرۆڤانی تر ئاراستەکردنی مێشکە بۆ خۆشەویستیی دانایی، یان فەلسەفە.
“خۆشەویستیی ئەفلاتونی، بە لای دیۆتیماوە لە سیمپۆزیۆمی ئەفلاتوندا”
لە ئەنجامدا، لە وتووێژەکەی سوکراتەوە ئەوە دەردەکەوێ دیۆتیما ئەو بە خۆشەویستیی ئەفلاتونی دەناسێنێت، ئەو خۆشەویستییە هزرییە بێگەردەی لەسەر بنەمای خۆشەویستیی ڕاستەقینە دامەزراوە، بە پێچەوانەی خۆشەویستی و چێژی زایەندی کە هەر لە دوای ئەنجامدانی قێزی لێ دەکرێتەوە. لە ڕوانگەی دیۆتیماوە، خۆشەویستی بە سێ قۆناخی یەک لە دوای یەکدا تێدەپەڕێ: جەستە، ڕۆح، و زانایش. ڕێگاکە لە ماددەوە بۆ ڕۆح و لە جەستەوە بۆ ئاوەز دەڕوات. باسەکە خۆشەویستیی ڕۆحییە. خۆشەویستی لای ئەفلاتون بیرۆکەیەکە، و ئامانجەکەشی ئاراستەکردنی تاکە بۆ سە ڕێگایەکی ڕوولەسەرێ تا دوایین پلیکانەی عیرفانی ئیرۆتیک. ئەفلاتون ویستی لە سیمپۆزیۆمەکەیدا بیرۆکەکانی دەربارەی خۆشەویستی لە ڕێگەی سوکرات و دیۆتیماوە بگەیەنێت، و وەک ئەو دەفرانە بەکاریان بهێنێت کە تێیاندا بتوانێت بیرۆکەکانی بهێنێتە ژیان بۆ گوێگران.
سەرچاوە: https://greekreporter.com/2024/11/30/diotima-ancient-greek-female-philosopher-love/
نووسین: فیلیپ کریسۆپۆلۆس
وەرگێڕان: دانا حەکیم