دۆستۆیێڤسکی ناچار بوو بە دوو مانگ پەرتووکی “قومارچی” بنووسێت. هیچ بژاردەیەکی نەبوو. بڕی ۳،۰۰۰ ڕوبڵی وەرگرت لە دەزگایەکی چاپکار و بڵاوکەرەوەیەک بە ناوی ستێلۆڤسکی تاکوو خۆی لە مەترسیی قەرزدەرەکانی بپارێزێت. ئەگەر شکستی هێنابا لەوەی تا یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ۱٨٦٦ زیاتر لە دە لاپەڕەی چاپ بنێرێت (۱٦۰ لاپەڕە) ئەوا ستێلۆڤسکی دەبووە خاوەن تەواوی ماف و داهاتەکانی پێشوو و داهاتووی دۆستۆیێڤسکی بۆ ماوەی نۆ ساڵ. دۆستۆیێڤسکی لە نووسینی “تاوان و سزا” وەستا تاکوو ئەرکێکی بە ڕواڵەت چارەسەرنەکراوی وەک تەواوکردنی ڕۆمانێک لە کاتێکی وەها کورتدا بگرێتە ئەستۆ. سوودی لە ئەزموونی ئەو کاتەی خۆی بینی کاتێک ئاڵوودەی قومارکردن ببوو. کەڵکەڵەی قومارکردن بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱٨٦۳ دەستی بە سەریدا گرت، لە کاتی گەشتێکیدا بۆ ئەوروپا؛ لەو شوێنەی خولیای بۆ ڕۆڵێت گەشەی سەند. دۆستۆیێڤسکی بە زوویی کەوتە ناو پاتەی ڕاوەدوونانی شکستەکانی، بە خۆیی دەگوت بەختی دەگۆڕێت و خۆیی دەکڕێتەوە:-
“بە یەک خولانەوەی چەرخەکە، هەموو شتێک دەگۆڕێت، هەر خودی ئەو ئەخڵاقگەرایانە یەکەمین کەس دەبن (دڵنیام لەوە) بێنە لامەوە و بە شۆخییەکی دۆستانەوە پیرۆزباییم لێ بکەن. ئەوکات هەموویان وەک ئێستا ڕووم لێ وەرناگێڕن. بەڵام، جا با هەموویان لەناو بچن، من ئێستا چیم؟ هیچ. ئە دی دەشێ سبەینێ ببمە چی؟ سبەینێ دێمەوە گۆڕەپان و دیسانەوە دەست دەکەمەوە بە ژیان! هێشتا دەتوانم پیاوەتیم بگەڕێنمەوە.”
“ئیگۆیزمی بێسنوور”
لە ڕۆمانی “تاوان و سزا”دا، خوێندکارێکی هەژار بە ناوی ڕۆدیۆن ڕاسکۆڵنیکۆڤ پیرەژنێکی سووخۆر بە تەور دەکوژێت. خوێنەر بە شوێن گفتوگۆکانییەوە دەڕوات کە لە گەڵ خۆی دەیانکات تاوەکوو دان بە تاوانەکەیدا دەنێت و داوای سزا دەکات بۆ کردارەکانی. لە ڕۆمانی “قومارچی”دا، تەنیا ڕێڕەوێکی سەربەرەوژێری پێچاوپێچ هەیە بەبێ خاڵی کۆتایی، ئەلێکسی ئیڤانۆڤیچ مامۆستایەکی تایبەتە و بۆ خێزانێک کار دەکات، هیی ژەنەڕاڵێکە کە پێشتر ساماندار بووە. لە سەرەتادا هیچ خولیا و ئارەزوویەکی بۆ قومارکردن پیشان نادات بەڵام لە کۆتاییەکەیدا، بە تەواوی ئاڵوودە و وابەستەی قوماری ڕۆڵێت دەبێت. کەسایەتییەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت؛ لەو کەسەوەی دۆستۆیێڤسکی پێی دەڵێت ئەشرافزادەیەک کە هیچ مەیلی بۆ بردنەوە (یان دۆڕان) نییە، ئەلێکسی دەبێتە مرۆیەکی ڕەشۆک کە ئامادەیە دوا فلسیشی بدۆڕێنێت.
جۆری “ئەشرافزادەکان” تەنیا لە پێناو چێژ یاری دەکەن. خەڵکی “ڕەشوڕووت” خۆی دەخاتە ژێر مەترسیی قومارەوە بەو هیوایەی ژیانی بگۆڕێت—ئەگەر بتوانێت ڕێژەیەکی زۆر بباتەوە. ڕۆمانەکە بیری خوێنەر دەخاتەوە هەستێکی چۆنە بکەویتە ناو کولتوورێکی قومارکردنەوە کە تێیدا یەکەمین بردنەوە لە سەر مێزی ڕۆڵێت (یان هەر جۆرێکی دیکەی قومارکردن) بۆ هەمیشە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە، قومارچییە بێئیرادەکە دەست بەو بیرۆکەیەوە دەگرێت کە قومارکردنی بەردەوام، بە چاکترکردنی لێهاتووییەکانی، دەیگەیەنێت بە قازانجی زیاتر بە ڕێژەیەکی یەکسان. بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوودەدات ئەو باوەڕە چەوتەیە گوایە دەکرێ سیستەمێکی قوماری بێهەڵە داڕێژن، کە بە سانایی تەنیا لە ڕێگەی ئەقڵ و بیرکردنەوەوە بەڕێوە ببرێت و ڕێگەیان پێ بدات زاڵ بن بەسەر چەرخە بەردەوام سوڕاوەکەی ڕۆڵێت. خەسڵەتێکی ئاشکرای دیکەی ڕۆمانی قومارچی “ئیگۆیزمی بێسنوور”ە—ئەمە خوێندنەوەی سیگمۆند فرۆید بوو بۆ دۆستۆیێڤسکی. هەر کە قومارچی تووشی ئاڵوودەبوون دەبێت، هەموو هەستێکی پاڵنەری کۆمەڵایەتی لە دەست دەدات، وەک هاوسۆزی بۆ ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانی.
بە ڕای ئەلێکسی، هەستنەکردن بە سۆزداری باڵادەستە:- “بە دڵنیاییەوە من لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژیم. بە کەمترین بڕە پارەوە گرەو دەکەم، بەردەوام چاوەڕێی شتێکم، حیساب دەکەم، ڕۆژێکی تەواو لە سەر مێزی قومار دەوەستم و چاو دەدەمە یاری؛ خەونیش هەر بە یارییەوە دەبینم—بەڵام وا هەست دەکەم لە ناو هەموو ئەوانەدا، دەتگوت بووم بە دارێکی ڕەق و وشک، نقوم بوومەتە ناو زەلکاوێکی قووڕاوی.” ئەمە وەسفێکە لە ناخی دڵەوە گوزارشت لە ئەزموونی زاتیی ترس و هیوا و شکست و تێوەگلانی دەکات. ئەلێکسی بیر لەوە دەکاتەوە لە کوێی ژیاندایە: هیوا و خەونەکانی، تەواوی “ئەو ڕۆژانە”ی لە یەک شوێندا گیری خواردووە و “سەیری یاری دەکات”. هەموو ئارەزوویەکی بۆ پۆلینا لە دەست دەدات، ئەو تاسە ئەویندارانەیەی لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا هەیبوو. بووە بە “دارێکی ڕەق و وشک” و “گیر بووە”، سەرەڕای ئەو خۆشەویستی و تەناهی و پەیوەندییەی لە خانمەکەوە دەستی دەکەوت.
“ئاڵوودەبوون و ئاشکرابوون”
مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتی ئاڵوودەبوون بە قومار بابەتێک نییە لە ڕۆمانی “قومارچی”دا—تەنیا کەوتنی تراژێدیانەی ئەلێکسییە لە شکۆ و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی. بەڵام بەبێ زانیاریی دەروونناسی، یان ڕەنگە سەرەڕای هۆشیاریی کەسیی خۆی دەربارەی ئەو شتەی لەو کاتەدا باسی دەکرد، دۆستۆیێڤسکی توانی قووڵ ببێتەوە لە ناو ئەزموونێکی خاو و سەرەتاییی قومارکردن و گرفتی چۆنیەتی تێگەیشتن لە ئاڵوودەبوون بە قومار. تێگەیشتنمان لە ئاڵوودەبوون بە قومار هێشتا لە گەشەسەندندایە. چارەسەرەکان لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت و پەرەیان پێ دەدرێت. لە ساڵی ۱۹٨۰وە، کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمریکی لە ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئامارییدا بۆ شێواویی دەروونی، قومارکردنی خۆنەویستانەی وەک جۆرێک لە گرفتی ناڕێکیی هەوەسی لە قەڵەم داوە، لە پاڵ کلێپتۆمانیا (دزیکردنی نەخوازراو) و پایرۆمانیا (ئاگرتێبەردانی نەخوازراو). لە ساڵی ۲۰۱۳، قومار وەک نەخۆشیی قومارکردن پۆلێن کرایەوە لە چوارچێوەی پۆلێنکاریی پەیوەندیدار بە ماددە و نەخۆشییە خوو پێگرەکان. ئەمەش لە ناو شتگەلێکی دیکەدا، وەرچەرخانێک بوو بەرەو لێکۆڵینەوە و بەکارهێنانی چارەسەرە دەرمانییەکان، وەک دۆپامین، بۆ جڵەوکردنی هەوەسی قومارکردن. شایەنی ئاماژەپێدانە، قومارکردنی ئۆنڵاین و یاریی ئەلیکترۆنی لەم بوارەدا پۆلێن نەکراون.
کەواتە چۆن دەتوانین بەسەر ئەم بەربەستانەدا زاڵ بین، لە کاتێکدا زانست هەرچەندە ئێستا لە قۆناخی سەرەتاییدا نییە، هێشتا بەردەوامە لە فراوانبوون؟ دۆستۆیێڤسکی وێنەیەکی بەنرخ پیشان دەدات لەسەر ئەوەی چۆن ساتێک یان ڕووداوێکی هەڕەمەکی دەتوانێ هەموو شتێک بگۆڕێت، ڕەنگه کارێکی ئاقڵانە نەبێت چاوەڕوانی ڕووداوێکی وەها بکەیت لە جیهانێکی مۆدێرنی وەک ئەوەی خۆمان، کە تێیدا هەمیشە دەستت دەگات بە ئەنتەرنێت ڕاوێژی پیشەگەران، بەڵام ئەوانەی لە ئاڵوودەبوون بە قومار چاکبوونەتەوە زۆربەی جار جەختیان لەسەر ڕۆڵی بەخت و ئاشکراکردنی لەناکاو کردۆتەوە لە چاکبوونەوەیاندا. دوای هەشت ڕۆژ لە تەواوکردنی ڕۆمانی “قومارچی”، دۆستۆیێڤسکی داوای هاوسەرگریی لە خێرانووسەکەی کرد؛ ئانا گریگۆریڤنا ستینکین. ئەویش ڕازی بوو و دوای ئەوە هەر زوو چوونە دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی چەندین ساڵ. لەو ماوەیەدا، دۆستۆیێڤسکی قوماری زۆری دەکرد، زۆربەی جاران کەلوپەلەکانی خۆیانی بە بارمتە دەفرۆشت تاکوو زیاتر قومار بکات. دەچووە شارۆچکەیهک یان شوێنێکی گەشتیاری کە مێزی قوماری تێدا بووایە، دواتر نامەی بۆ ئانا دەنووسی و تێیدا سەرزەنشتی خۆیی دەکرد بەوەی هەموو پارەکانیانی دۆڕاندووە.
ئانا بڕوای وا بوو دۆستۆیێڤسکی پێویستی بە قومارکردن بووە وەک جۆرێک لە دەربازبوونی دەروونی و جەستەیی لە ناڕەحەتییەکانی ڕۆژانەی، پێی وا بوو ئەمە مێشکی خاڵی دەکاتەوە تاکوو زیاتر لەسەر نووسین چڕ ببێتەوە. بەپێی هەموو گێڕانەوەکان، ئەو سەرکەوتوو نەبوو لە گۆڕینی مەیلی دۆستۆیێڤسکی بۆ قومارکردن. وەک زۆربەی ئاڵوودەبووانی قومار، دۆستۆیێڤسکی دەهات و دەچوو لە نێوان دانپێدانانەکانی بۆ هاوسەرەکەی، هیوای لێخۆشبوون، هەروەها بەڵێنی ئەوەی چیتر دووبارە نابێتەوە—ئەو بەڵێنانەی دواتر دەیشکاندن، بەڵام دواتر لە نامەیەکیدا بۆ ئانا، لە ساڵی ۱٨۷۱، ڕۆشنایی دەخاتە سەر گۆڕانێکی گەورەی ژیانی؛ “تا کاتژمێر نۆ و نیو هەموو شتێکم دۆڕاند و وەک شێتێک هەڵهاتم. ئەوەندە هەستم بە چارەڕەشی دەکرد بە پەلە ڕۆیشتمە بینینی قەشە (ناڕەحەت مەبە، نەمبینی، نا، نەمبینی، بە نیازیش نیم!) […] بەڵام لەم شارۆچکەیە ڕێگام ون کرد و کاتێک گەیشتمە کڵێسایەک، کە وام زانی کڵێسایەکی ڕووسییە، بەڵام لە فرۆشگەیەک پێیان وتم ڕووسی نییە و کەنیسەیەکی جووەکانە. وەک ئەوە وا بوو کەسێک ئاوی سارد بە سەرمدا بڕێژێت. بە پەلە گەڕامەوە ماڵەوە. ئێستاش وا نیوەشەوە، دانیشتووم و نامەت بۆ دەنووسم.”
“شتێکی گەورەم بەسەر هاتووە. خۆم لەو وەهمە قێرەونە نەجات دا کە نزیکەی دە ساڵە ئەشکەنجەم دەدات. دە ساڵ (یان ئەگەر وردتر بم، لەو کاتەوەی براکەم مرد و لە پڕێکدا کەوتمە ژێر باری قەرزەوە) خەونم بە بردنەوەوە دەبینی. شێلگیرانە خەونم پێوە دەبینی، بەو پەڕی گڕ و تینەوە. بەڵام ئێستا هەمووی تەواو بووە! ئەوە دوایین جار بوو.”
بەم شێوەیە بوو. دۆستۆیێڤسکی هەموو خولیایەکی بۆ قومارکردن بە تەواوی لە دەست دا. چیتر خەونی بە بردنەوەوە نەدەبینی. ئەو وەهمەی کە پێی وا بوو ڕەنگە بڕێکی وا بباتەوە و ژیانی بگۆڕێت وەک چۆن هاتبووە مێشکییەوە ئاواش ڕۆیشت. گۆڕانی کەسایەتییەکەی هەمیشەیی بوو. ساتی سەرەکی، لەگەڵ کۆمەڵێک زایەڵەی ڕۆحیی ئەوە بوو: “وەک ئەوە وا بوو کەسێک ئاوی سارد بە سەرمدا بڕێژێت”. شایەنی باسیشە، نەیتوانی دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئاخۆ پەنای بۆ کەنیسەیەکی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی بردووە. لە بری ئەوە، بە سەرلێشێواوی دەگاتە کەنیسەی جووەکان.
دەتوانین بڵێین، نامۆییەکەی ببووە هۆی ئەوەی لاواز و نائارام بێت بۆ ئەزموونێک، ڕۆحی بێت یان هەر چییەک، کە کاریگەرییەکی بەردەوامی خستبووە سەر تێڕوانینی بۆ قومار و دەرەنجامە کەسییەکانی، باسێکی دیکە هەیە کە بە تەواوی لەگەڵ کاتی چارەسەرەکانی یەک ناگرێتەوە—باسێکی زۆر شاراوە نییە بەڵام هێشتا جێی سەرنجە. قومارکردن بۆ دۆستۆیێڤسکی “جۆرێک لە خولیا” بووە، ئەزموونێک بووە کە پێناسە دەکرێت بە جۆشوخرۆشی ئەوەی “نیوەهەڵواسراو بیت بەسەر هەڵدرێرێکەوە، تاکوو لە قووڵاییەکەی بڕوانیت و—لە هەندێک حاڵەت، نەک پەیتاپەیتا—سەرەوخوار خۆت فڕێبدەیتە ناوی.” ساڵی ۱٨۷۱، دۆستۆیێڤسکی بۆ چارەسەر چووە دەرەوەی وڵات بۆ لای ڕووباری ئێمس. حاڵەتێکی نەخۆشیی سیییەکانی هەبوو، کە یەکەم نیشانەکانی لە ساڵی ۱٨٦٨ەوە دەرکەوتبوون. دەکرێ وازهێنانی لە قومار پەیوەست بووبێ بەوەی نەیتوانیوە بەرگەی جۆشوخرۆشی قومارکردن بگرێت؟ تەندروستیی بە ڕادەیەک خراپ ببوو کە هێزی پێویستی جەستەیی نەمابوو؛ لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە زۆر دژوار بوو بۆی. ڕەنگە پەککەوتەییی جەستەیی دەستی هەبووبێ لە چارەسەربوونی.
سەرچاوە:
https://theconversation.com/how-dostoevsky-overcame-his-gambling-addiction-220655
نووسین: ستیڤن دۆبسۆن
وەرگێڕان: دانا حەکیم