“دەکرێت یەکتر رەتکردنەوە و رق و قینە پەیوەندییان بە سزادانی سەردەمی منداڵییەوە هەبێت”
“٩٠٪ منداڵان تووشی لێدان و توندوتیژی دەبنەوە”
سزادان و تووندوتیژی دژی مندالان هەر جۆرە ئازاردانێکی جەستەییە کە وەکو پەرچەکردار باوانی، یان خوشک و براکانیان بەرامبەریان ئەنجام دەدەن، تا دەگاتە ئەندامەکانی دیکەی خێزان. بە پێی توێژینەوەکان ئەشکەنجەدانی جەستەیی بەرامبەر یان لە کاردانەوەی لاساریی یان ناگوێڕایەڵی بێت دەچیتە قاڵبی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی خێزانیی و کاریگەری جەستەیی و دەروونی زۆر خراپی لەسەر مندالەکان تا کاتی پیربوونیش دەبێت.
“٩٠٪ منداڵان بە جۆرێک لە جۆرەکان تووندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت” رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزترین ئاستی سزای جەستەیی منداڵانی لە جیهاندا هەیە. ڕاپرسییەکان دەریانخستووە کە زیاتر لە ٩٠%ی منداڵان بەلایەنی کەمەوە مانگانە جارێک لە وڵاتانی بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی سزای جەستەیی دەبن، لەکاتێکدا کەمترین ڕێژەی – لەسەدا ٥٠ – لە قەتەر بووە. “لە جیهانی عەرەبی کێشەی نەبوونی یاسا یان ناکارای لایەنی جێبەجێکار تێبینی دەکرێت”، “زۆر بە دەگمەن سکاڵا لە خیزانەکان لەسەر تووندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ تۆمار دەکرێن” لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە تایبەت جیهانی عەرەبی، پارێزبەندییەکی یاسایی وەها بۆ مندالان نیە، چالاکوانانی مافەکانی منداڵ و ئافرەتان پێیان وایە زۆر بە کەمی سکاڵا تۆمار دەکرێن. دەشڵێن، ئەوانەشی دووچاری تووندوتیژی و ئەشکەنجەدان دەبنەوە، دەکرێت رێژەکە زۆر زیاتر بێت لەوەی تۆمار کراوە و رێکخراوی وەکو چآودێری مافەکانی منداڵ خستوویەتیە روو. رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ شیکاری بۆ دۆخی ١٩ وڵات کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە زۆربەیان ئەو یاسایانەیان نییە کە پێویستن بۆ جڵەوکردنی توندوتیژیی خێزانیی.
بە پێی دیڤچونەکانی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لێدان و تووندوتیژی و سزادانی منداڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەکو رێگەی پەروەردەکردن و جلەوکردن بەکاردەهێندرێت بەرامبەر بە قوربانیەک کە منداڵە. بە پێویستیشی دەزانێت سزای قورس هەبن و رێگریی بکەن لە ئازاردانی منداڵان. ئازاردان و توندوتیژی دژی منداڵان وادەکەن وەکو کەسانی گرینۆک و بێمتمانە لە داهاتوو دەربکەون” ئازاردانی منداڵ ویڕای کاریگەری خراپ لەسەر جەستەی، کاریگەرییە دەروونییەکان زۆر کاریگەرتر دەردەکەون و وادەکەن منداڵەکان وەکو کەسانی گرینۆک و بێمتمانە دەربکەون. توێژینەوەکانیش دەری دەخەن کە منداڵە تووندوتیژیی بەرامبەر کراوەکان کەسایەتی لاسار و ناپەبەند و رقئەستوور و کاردانەوەکیی دروست دەکەن و چارەسەر نەکرێت، کێشەی گەورەتری دەروونیی لێدەکەوێتەوە، کە دەرکێت پەرجە کردارەکان وێرانکار بن.” ئازاردان و توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵ پەیوەندی راستەوخۆی بە کەسایەتی دهاتووی منداڵەکە هەیە” وێڕای ئەوەش، رێکخراوە پەیوەستەکان جەخت لە مەترسی ئەشکەنجەدانی منداڵ دەکەنەوە و دەیبەستنەوە بە داهاتووی نەوەی ئێستا، کە داهاتووی وڵاتەکان دەگرنە ئەستۆ. لە بری ئەوەی کەسانی بە متمانە و بەهێز بن، ئەوانەی تووندوتیژیان دەکرێتە سەر، کەسانێک دەبن ناتوانن جڵەولەدەست و خاوەن کەسایەتی سەربەخۆ و کاریگەری خۆیان بن. “هیومان رایتس وۆچ” لای خۆی بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان دەری دەخات، ئەشکەنجەدانی منداڵ گەشەکردنی منداڵان و سەرکەوتنی پەروەردەیی و تەندروستی دەروونیان دەوەستێنێت یاخود شلۆق و لەرزۆکی دەکات.
“بەشێکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جڵەوکردن و نەهێشتنی ئازار و سزادانی منداڵیان پشتگوێ خستووە”
هەنگاوێکی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەدانی جەستەیی بریتییە لە داڕشتنی یاساکان و جێبەجێکردنیان بە ئامانجی جڵەوکردنی توندوتیژیی. لە جیهان، ٦٢ وڵات سزاو ئەشکەنجەدانی جەستەیییان لە هەموو دۆخێکدا قەدەغە کردووە و ٢٧ وڵاتی دیکەش بەڵێنیان داوە ئەو کارە بکەن و بەشێکیشیان هەر ئەو بابەتە بە کێشە نازانن، کە زۆرینەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و بەشێکیشیان بە مەبەستی دادکاریی و پاساوی راستکردنەوە و پەروەردە ئەو کارە خراپە درێژەپێدەدەن. “توێژینەوەکان زیادبوونی بیرکردنەوەی خۆکوژیی بە تووندوتیژیی و ئەشکەنجەدانی جەستەیی دەبەستنەوە”. چەندین دەیەی توێژینەوەکان دیسیپلینی توندوتیژیان بەستووەتەوە بە زیادبوونی بیرکردنەوەی خۆکوژی، دڵەڕاوکێ، توندوتیژی خێزانی، تاوانکاری و وازهێنان لە قوتابخانە. دیسپلینی توندوتیژی لەلایەن دایک و باوک و چاودێران و مامۆستایانەوە بە ئاسانی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و ساڵانە لێدان هەزاران منداڵ دەکوژێت.
“تووندوتیژیی، ئەشکەنجەدان و سزادانی منداڵ پەروەردەیەیەکی خراپ و نەرێنییە”
دوور لە باشترکردنی ڕەفتاری منداڵان، سزای جەستەیی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دەرئەنجامی پەروەردەیی، تەنانەت بۆ ئەو منداڵانەی کە لە قوتابخانە دەمێننەوە، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی شەڕانگێزی و توندوتیژی. تەنها چوار وڵاتی ناوچەکە (میسر، ئیسرائیل، دەوڵەتی فەلەستین و تونس) یاسایەکیان پەسەند کردووە کە بەتەواوی بەکارهێنانی سزای جەستەیی دژی منداڵان لە ماڵەوە قەدەغە دەکات، واتە لە کۆی ١٧٢ ملیۆن منداڵ و هەرزەکاری خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە ناوچەکە، نزیکەی ١٢٧ ملیۆن کەس بەبێ پاراستنی یاسایین. کاتێک تەماشای رۆژهەڵاتی انوەراستیش دەکەیت، وەکو هەرێمێکی ئاوێتەی شەڕ و گرژیی و زەقبوونەوەی جیاوازییەکان، دەبێت بیرت بۆ ئەوەش بچێت، کە هاووڵاتیان بە گشتی دووچاری زۆرترین تووندوتیژیی و ئەشکەنجە و ئازاری خێزانیی و سیاسیی و جیاکاریی ئایینیش بوونەتەوە، کە هەمووی بەسەر یەکەوە، هانی رق ئەستووریی و دژایەتی و بێباکیی لە ئازاردانی بەرامبەر دەدات؛ دەرئەنجامێک زۆر نزیک لەو ناسازان و دژایەتی و قینەی لە نێوان خەڵک هەیە، بە جۆرێک بۆتە یەکتر رەتکردنەوە و خۆسەپاندن و هەوڵی لەناوبردن، کە ناکریت بەشێکی بەرچاوی هۆکارەکان پەیوەندیان بە پەروەردەی خراپ و لە ةیوانیشیان سزا و ئەشکەنجەی سەردەمی منداڵیی نەبێت، کە رەفتاو ئاکارییانی بە شێوەیەکی خراپ داتاشیووە.
“بە پێی توێژینەوەکان”
تووندوتیژی دژی منداڵان هەموو جۆرە تووندوتیژییەک دەگرێتەوە بەرامبەر کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ، ئینجا لەلایەن دایک و باوک، هاوتەمەن یان کەسانی دیکە ئەنجام بدرێت. لە ئاستی جیهانیدا، مەزەندە دەکرێت کە تا یەک ملیار منداڵی تەمەن ٢-١٧ ساڵ، ساڵانە تووشی توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، یان سۆزداری یان پشتگوێخستن دەبنەوە. چەشتن و بە قوربانیی بوونی توندوتیژی لە تەمەنی منداڵیدا کاریگەری لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی تەواوی ژیان هەیە، وەکو لەم خاڵانەی خوارەوە روون کراونەتەوە.
- تێکدانی گەشەی مێشک و کۆئەندامی دەمار.
- بەرکەوتنی تووندوتیژی لە تەمەنێکی بچووکدا دەبێتە هۆی تێکدانی گەشەی مێشک و زیانگەیاندن بە بەشەکانی تری کۆئەندامی دەمار و هەروەها سیستەمی ناوپۆشی خوێن، سووڕی خوێن، ماسولکە و ئێسک و پروسکی، زاوزێ، هەناسەدان و بەرگری لەش، لەگەڵ لێکەوتەکانی تەواوی تەمەن.
- توندوتیژی دژی منداڵان دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی هەستی و نەستی هەبێت و لە ئەنجامدا لاوازیی پەروەردەیی و پیشەیی لێدەکەوێتەوە.
- منداڵانی بەرکەوتەی تووندوتیژی و ناخۆشیەکانی دیکە ئەگەری جگەرەکێشان و خراپ بەکارهێنانی مەی و ماددە هۆشبەرەکان و بەشداریکردن لە ڕەفتارە سێکسییە مەترسیدارەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە.
- هەروەها ڕێژەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و کێشەی تری تەندروستی دەروونی و خۆکوشتنیان زیاترە.
بە کورتی، گرنگە لە هەو و بانگەشەی تەلەفزیۆنی، لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن ئاگایی و هۆشیاریی لەسەر تووندوتیژی و ئازار و ئەشکەنجەدانی منداڵان بڵاو بکرێتەوە و هۆکارەکانی روون بکرێنەوە. دواجار ئازاردانی نەوەی داهاتوو، ئازاردانی دهاتووی وڵاتەکانە و نەوەیەکی لەرزۆک و دەروون-نادروست بەرهەم دەهێنێت کە خۆی پێویستی بە چاودێریی و چارەسەری دەروونیی و لە هەندێک باریش پێویستیان بە چارەسەری جەستەییش هەیە و وێڕای ئەوەی هەزاران اوربانی تونوتیژی هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی خۆیان و دەوروبەریش و کێشەیەکی قوڵی دەروونیی و گرێیەکی دەروونی مەزنیان هەیە و بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەرکی هۆشیارکردنەوە و ئاگایی گشتی دەکرێت لە رێگەی مامۆستایان و کەسایەتیە ئایینییەکان و توێژەران و جالاکوانان ئەنجام بدرێت، جۆرە کۆدەنگیی و هاوهەڵویستیەکی گشتی لەسەر بئافرێندرێت، کە چەندە قێزەون و ناشرینە منداڵ ئازار، ئەشکەنجە و سزا بدرێت.